رووسیا هەوڵ دەدا لە بواری پێكهاتەكانى نەوت و دراو یارمەتیى سووریا بدا

رووسیا هەوڵ دەدا لە بواری پێكهاتەكانى نەوت و دراو یارمەتیى سووریا بدا
قەدری جەمیل جێگری سەرۆك وەزیرانى سووریا بۆ كاروباری ئابووری راى گەیاند، مۆسكۆ و دیمەشق رێك كەوتن لەبارەى پێدانى بڕێكى دیاریكراو لە پێكهاتەكانى نەوت لەلایەن رووسیاوە بۆ سووریا.

قەدری جەمیل لە میانى كۆتاهاتنى گەشتەكەى بۆ رووسیا لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانیدا لە مۆسكۆ گوتى، رووسیا و سووریا لە بواری وزە رێككەوتنێكى لێك تێگەیشتنیان ئیمزا كرد بۆ پێدانى پێكهاتەكانى نەوت بۆ سووریا، بە مەبەستى پڕكردنەوەى پێویستییەكانى وزە لەو وڵاتە.

لەلایەكى تر سەعدى هنێدى وەزیرى نەوتى سووریا كە یاوەری شاندەكە بوو راى گەیاند، قەبارەى بەرهەمهێنانی نەوتى سووریا بۆ 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كەم بووەتەوە، لە كاتێكدا ئەم بڕە لەم چەند ساڵەى دوایی بۆ 380 هەزار بەرمیل بەرز كرابووەوە.

ئاماژەى بەوەش كرد، لەگەڵ لایەنە پێوەندارەكانى رووسیا گفتوگۆمان لەبارەى چۆنیەتى پێشخستنى پێوەندییەكانمان كرد لە هەردوو بواری وزە و سووتەمەنى، ئاژانسى هەواڵى \"نۆڤۆست\""ی رووسیایی بڵاوى كردەوە.

هەروەها محەمەد جەلیلاتى وەزیرى داراییی سووریا ئەندام لەو شاندە گوتى، وڵاتەكەى داواى قەرزى لە رووسیا كردووە، بەرپرسانى رووسیاش بەڵێنی تاوتوێكردنى داواكەیان كردووە، بێ ئەوەى هەردوولا ئاماژە بە بڕى قەرزەكە بكەن."
Top