دوو باڵوێزی دیکه‌ی سوریا له حکومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د جیابوونه‌وه
به پێی راپۆرتی ئاژانسی فه‌ره‌نسا، تێکه‌ڵبوونی دیپلۆماتکاره پله‌به‌رزه‌کانی سوریا له گه‌ڵ دهژبهراندا، پێشانده‌ری ئه‌وه‌یه که که‌سایه‌تییه حکومه‌تیه‌کان به هۆی کرده‌وه ناشازهکانی به‌شار ئه‌سه‌د دژبه هاووڵاتیان، بازنه‌ی ده‌وری ئه‌سه‌د جێ دێڵن. ئه‌وه‌ش پێشانده‌ری ئه‌وه‌یه که دوا ساتی رووخانی ده‌سته‌ڵاتی ئه‌سه‌د نزیک ده‌بێته‌وه.
لامیه حه‌ریری، باڵوێزی سوریا له قبرێس و هاوسه‌ره‌که‌ی به‌ناوی عه‌بدولـله‌تیف ده‌باغ، باڵوێزی سوریا له ئیماراتی یه‌کگرتووی عه‌ره‌بی، دوو دیپلۆماتکاری پلهبهرزن که به راکردن بۆ قه‌ته‌ر دژایه‌تیی خۆیان له به‌رانبه‌ر سه‌رکوتی خوێناوی به‌ده‌ستی به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه پێشان داوه.
چه‌ند هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر، نه‌واف فارس، باڵوێزی سوریا له عێراقیش رۆیشته قه‌ته‌ر و پشتی له حکومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د کرد.
له دوایین راپۆرته‌کاندا له سوریاوه، راگه‌یه‌ندراوه:، له شاری حه‌ڵه‌ب شه‌ڕ و پێکدادانی قورس له نێوان دژبه‌ران و هێزه‌کانی حکومه‌تدا به‌رده‌وامه.
له کاتێکدا سکرتێری گشتیی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان هوشداری داوه‌ته ئه‌ندامانی ئه‌م ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تیه که بۆ راگرتنی کوشتاری دانیشتووانی سوریا هه‌نگاو بنێت، به‌ڵام ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌گرتووه‌کان هه‌روا له‌باره‌ی چۆنیه‌تی هه‌ڵسوکه‌وت له گه‌ڵ قه‌یرانی سوریادا ناکۆکن.
سوپای سوریا، تانک و که‌رسته‌ی قورسی سه‌ربازی به‌ره‌و حه‌ڵه‌ب کۆکردووه‌ته‌وه و ده‌یهه‌وێت به‌ر په پشێڕهویی دژبه‌ران بگرێت.
به پێی هه‌واڵی په‌یامنێری بی.بی.سی، شه‌ڕ و پێکدادانی قورس له‌ناو شاری حه‌ڵه‌ب به‌رده‌وامه و هیچکام له‌م دوولایه‌نه نایانهه‌وێت کۆنتڕۆڵی شاره‌که له ده‌ست بده‌ن.
هاوکات وه‌فدێکی 15 که‌سیی وه‌زیران و به‌رپرسانی پله‌به‌رزی سوریا به سه‌رۆکایه‌تیی جێگری سه‌رۆک وه‌زیران، بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ سه‌ردانی ئیرانی کردووه و هه‌ر ئێستا دیدار و چاوپێکه‌وتنی ئه‌م وه‌فده له گه‌ڵ به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران به‌رده‌وامه.
ئێوارهری دوێنێ چوارشه‌ممه، عه‌لی ئه‌کبه‌ر ساڵحی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له دیدار له‌گه‌ڵ ئه‌م وفدهی سوریادا گوتی: سوریا ئه‌م قه‌یرانه تێده‌په‌ڕێنێت.
ئاژانسی هه‌واڵی فارسیش رایگه‌یاند: له کایتكدا هه‌ندێک له وڵاتانی رۆژئاوا و عه‌ره‌بی گه‌مارۆی ئابووریان خستووه‌ته سه‌ر خه‌ڵکی سوریا، له‌م سه‌ردانه‌ی وه‌فدی سوریایی بۆ ئێران، چه‌ند گرێبه‌ستێکی ئابووری له نێوان دوولایه‌ندا واژۆ ده‌کرێن.