ئەنان لە هەوڵی پێكهێنانی حكوومەتێكی هاوبەشدایە لە سووریا و ڕووسیایش ڕازییە

ئەنان لە هەوڵی پێكهێنانی حكوومەتێكی هاوبەشدایە لە سووریا و ڕووسیایش ڕازییە
دیپلۆماتكاران دەڵێن، ڕووسیا و هێزە گەورەكانی دی، نێوانگیرە نێودەوڵەتییەكە، كۆفی ئەنانیان ئاگادار كردووەتەوە و پشتیوانیی لە پێشنیازەكەی دەكەن كە پێكهێنانی حكوومەتێكی یەكیەتیی نیشتیمانییە و لە ئەندامانی حكوومەت و بەرهەڵستكارانی سووریا پێك دێت.
دوێنێ چوارشەممە، چەند دیپلۆماتكارێک بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان گوتووە، پێشنیازەكەی ئەنان بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێ و توندوتیژیی 16 مانگی سووریایە و یەكێك لە بابەتە سەرەكییەكانی گفتوگۆی شەممەی داهاتووی نێوان ڕووسیا و چوار ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجوومەنی ئاساییش و كارەكتەرە سەرەكییەكانی دیكەیە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەبێت.

دیپلۆماتیێكیش دەڵێت پێشنیازەكەی ئەنان ناتوانێت كۆتایی بەو ململانێیەی سووریا بهێنێت مەگەر هەموو لایەك وەك ڕێگەیەكی ئاشتیانە بۆ داهاتوویەكی هاوبەش نەیبینن.

ئەو دەڵێت، ئەو حكوومەتەی ئەنان لە هەوڵی پێكهێنانی دایە، بەرپرسانی ئێستای حكوومەت و ئۆپۆزسیۆن لەخۆ دەگرێت، بەڵام ئەوانە دوور دەخاتەوە كە ئاشتەوایی و سەقامگیری زیانبار دەكەن.

دیپلۆماتكارەكە زیاتر ڕوونی كردەوە كە ئەوانەی دوور دەخرێنەوە ڕەنگە سەرۆكی سووریا بەشار ئەسەد، لە نێویاندا بێت؛ ئەمە هەرچەندە پیشنیازەكەی كۆفی ئەنان ڕاشكاوانە ئەو بابەتەی ڕوون نەكردووەتەوە و ناڵێت نابێت ئەسەد لە حكوومەتە یەكیەتییە نیشتیمانییەكەدا بەشدار بێت. هەر ئەمەیش كە وەهای لە ڕووسیا كردووە دەست بە هێشتنەوەی ئەسەد لە دەستەڵاتدا بگرن.

هەر بەپێی زانیارییەكان كە دیپلۆماتكاران داویانە، هەر پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجوومەنی ئاساییش بە پلانەكەی ئەنان ڕازین.

بەڵام دیپلۆماسییەكی دیكە دەڵێت، ڕازیبوونی ڕووسیا بەو پێشنیازە بەو واتایە نییە كە مۆسكۆ دەستبەرداری ئەسەد بووبێت.
Top