سێ لە كاندیدەكانى سەرۆكایەتیى میسر دەدرێنە دادگە

سێ لە كاندیدەكانى سەرۆكایەتیى میسر دەدرێنە دادگە
لێژنەى هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەى میسر سێ كاندیدى هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەى دایە دادگە بە تۆمەتى پێشێلكردنى رێنوێنییەكانى پروپاگەندەى هەڵبژاردن.

بەپێى راپۆرتێكى كەناڵى ئاسمانیى (العربیە) هەریەك لە محەمەد مورسی كاندیدى حزبى ئازادى و دادى ئیخوان، عەمر مووسا ئەمیندارى پێشووى كۆوەندى وڵاتانى عەرەبی و عەبدولمونعیم ئەبولفتوح كاندیدى سەربەخۆ و ئەندامى پێشووى نووسینگەى ئیرشادى ئیخوان، كە پێشتر لەلایەن ئیخوانەوە دەكرا، تۆمەتى پێشێلكردنى رێنوێنییەكانى پروپاگەندەى هەڵبژاردنیان دراوەتە پاڵ.

بەگوێرەى راپۆرتى لێژنەكە ئەو كاندیدانە كۆبوونەوەیان لە هەریەك لە زانكۆى ئەزهەر لقى ئەسیوت و هەردوو زانكۆى ئەسیوت و مەنسوورە ساز كردووە.

هەروەها لێژنەكە بڕیاریدا هەردوو كاندیدى دوورخراوەى سەرۆكایەتیش، خەیرەت شاتیرى كاندیدى ئیخوان و حازم ئەبو ئیسماعیل سەلەفیش بداتە دادگە.

لێژنەى شاترى تۆمەتبار كرد بەوەى سووكایەتى بە لێژنەكە كردووە، ئەبو ئیسماعیلیشى تۆمەتبار كردووە بەوەى بەراییى ناڕاستى لە فایلى خۆكاندیدكردنەكەیدا پێشكێش كردووە.

هەڵبژاردنى سەرۆكایەتیى میسر لە 23 و 24ى ئەم مانگەدا بەڕێوە دەچێ و یەكەمین هەڵبژاردنى سەرۆكایەتییە دواى رووخانى رێژیمى موبارەك لە شوبات/فێبرایەرى ساڵى رابردوودا.
Top