یادی حەسەن سیساوەیی كرایەوە

یادی حەسەن سیساوەیی كرایەوە
لە شارەدێی باسرمە سەر بە پارێزگای هەولێر، یادی هونەرمەند حەسەن سیساوەیی کرایەوە.

ئەم یادە بە ئامادەبوونی هەریەك ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و ئیداری و هۆگرانی ئەو هونەرمەندە، دوینێ یەکشەممە لە هۆڵی حەسەن سیساوەیی بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا فەرهەنگ غەفور بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، وتەیەکی پێشکەشکرد، تێیدا تیشكی خستە سەر رۆڵی ئەو هونەرمەندە لەخزمەتكردنی بۆ زیاتر نیو سەدە لە چڕینی حەیران و لاوك.

هەروەها رۆڵی نیچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرزنرخاند لە پاڵپشتیكردنی ئەو هونەرمەندە كاتێک لەژیاندا مابوو و رێزی لێناو و میدالیای ئاڵتونی لە رێگەی نوێنەرییەوە پێبەخشرا.

هەر لەم رۆژەدا پەردە لەسەر پەیکەری ئەو گۆرانیبێژە لە باسرمە لادرا.

مەراسیمەکە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەری شەقڵاوە سازكرا، تێیدا فیلمێكی وێنەیی لەلایەن موحسین قەسرۆكی نمایشکرا و لە كۆتایشدا بەسەردانیكردنی ئامادەبووانی مەراسیمەكە بۆسەر گڵكۆی سیساوەی كۆتایی بەمەراسیمەكە هات.

حەسەن سیساوەیی ناوی تەواوی حەسەن رەسوڵـە، ساڵی 1926 لە گوندی ئاری سیرەک لەدایکبووە، هەلی خوێندەواری بۆ هەڵنەکەوتووەو لە ژیانیدا چەندین کاری گرانی کردووە.

ئەگەرچی باوکی پێی خۆشنەبووە، بەڵام ئەم هەر لە منداڵییەوەو بە شێوەیەکی خۆڕسکانە ئارەزووی لە وتنی حەیران کردووە و بووە بە حەیرانبێژی دیوەخانی ئاغای سیساوەو نازناوی حەسەن سیساوەیی پێدراوە، ساڵی 1958 حەیرانەکانی (غەریبم، حەیران بەربووم لە بەندێ)ـی بۆ رادیۆی بەغدا تۆمارکردووە.

سیساوەیی، لە 10 یەنایەری 2015 بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە شارەدێی باسرمە کۆچی دوایی کرد.
Top