ڕۆژنامەی 'بەهار' ڕاگیرا

ڕۆژنامەی 'بەهار' ڕاگیرا
ڕۆژنامەی ''بەهار''، کە ڕۆژنامەیەکی سەر بە باڵی ڕیفۆڕمخوازی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە، بە دەستووری کاربەدەستانی دەسەڵاتی دادوەریی ڕێژیم ڕاگیرا.
هەواڵدەریی میزان، کە سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانە، ڕۆژی شەممە، ٢ی نۆڤەمبەری ٢٠١٦، لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند، رۆژنامەی ''بەهار'' لە ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی نۆڤەمبەری ٢٠١٦ـەوە مافی بڵاوبوونەوەی نییە و، دۆزەکەی لە دادگای فەرهەنگ و ڕاگەیاندن دەخرێتە ژێر لێکۆڵینەوەوە.

هەواڵدەریی میزان ڕایگەیاند، سەرچاوەیەکی ئاگاداری دادوەری لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا بە هەواڵنێری یاسایی هەواڵنێریی میزانی گوت: رۆژنامەی ''بەهار'' بە تاوانی ''بانگەشە دژی ڕێژیم'' و ''بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانەی کە خەسار لە بنەماکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدەن''، مافی بڵاوبوونەوەی لێ زەوت کراوە. رۆژنامەی ''بەهار'' بەمجارەوە، ٥ جار مافی بڵاوبوونەوەی لێ زەوت کراوە.

لاپەڕەی یەکەمی دواین ژمارەی ئەم ڕۆژنامەیە مانشێتێکی تێدا هاتووە، کە ناوی محەمەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشووی ڕێژیمی تێدایە. بە گوتەی کاربەدەستانی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، وێنە و ناوی محەمەد خاتەمی لە ڕۆژنامەکاندا قەدەغە کراوە.

هەرچەند دیار نییە، کە ئاخۆ ڕاگیرانی ئەمجارەی ڕۆژنامەکە پێوندیی بە ناوەکەی خاتەمییەوە هەیە یان نا.
Top