هەستەوەری بەهار..هۆكار و چارەسەر

 هەستەوەری بەهار..هۆكار و چارەسەر
بەشێكی زۆری خەڵك گۆرانی بە باڵای بەهاردا دەڵێن و خۆشحاڵن بە هاتنی، بەڵام بۆ ئەوانەی تووشی هەستەوەری بەهارە دەبن، بەهار لە سەختترین وەرزەكانە و خوازیارن زوو بڕوات و بەجێیان بهێڵێ.

نیشانەكانی

هەستەوەری بەهارە بەهۆی ئەوە روودەدات، كە كۆئەندامی بەرگری بەشێوەیەكی توند و نائاسایی كاردانەوە دەنوێنێ بۆ دەنكەهەڵاڵەی گوڵ و گیاكان. لە ئەنجامی ئەو كاردانەوەیەی كۆئەندامی بەرگری، لووت ئاو دەكات، پژمینی زۆر و دووبارە روودەدەن، چاو سووردەبێتەوە و دەخورێ و هەڵدەئاوسێ.

نیشانەكانی ئەو هەستەوەرییە، كەسەكە تەواو بێزاردەكەن و ئەنجامدانی رۆتینەكانی ژیانی رۆژانەی ئەستەم دەكەن، تەنانەت خەوی هەندێك لە تووشبووان تێكدەدەن. باشترە بە رێنمایی پزیشك ئەم نیشانانە كۆنترۆڵ بكرێن، نەوەك زیاتر تەشەنە بكات و بگاتە كەناڵە جیاوازەكانی هەناسە و بەهۆی نۆرەی رەبۆوە مەترسی بۆسەر ژیانی كەسەكە درووست ببن.

جۆرەكانی

لە وڵاتێكی وەك ئەڵمانیا 15%ی خەڵكی هەستەوەری بەهارەیان بە توندیی جیاواز هەیە و لە بڵاوترین جۆرەكانی هەستەوەرییه‌ لەنێو خەڵكیدا. بەشێك لە تووشبووان تەنیا بە گیا و گوڵە بەهارییەكان هەستەوەرن كە تەمەنێكی كورتیان هەیە، كەچی هەندێكی دیكە بە درەختی ئەوتۆ هەستەوەرن كە لە مانگی دوو تاكو مانگی 10 گەڵا و دەنكەهەڵاڵەی هەیە و بەوپێیە هەشت مانگی ساڵ لە نەهامەتییەكانی هەستەوەریدا دەژین.

هۆكارەكان

هۆكارەكان بە وردی نەزانراون، بەڵام پاڵنەری بۆماوەیی رۆڵی هەیە. جگە لەوە، ئێستا تێبینیدەكرێت لەنێو دانیشتووانی شارەكاندا ئەمجۆرە هەستەوەرییە بڵاوترە تاكو گوندییەكان، وا بڕوادەكرێ دانیشتووانی گوند بەهۆی بەركەوتنی بەردەوامیان بە گژوگیا و ئاژەڵەكان، كۆئەندامی بەرگرییان لەگەڵ ماددە هەستەوەری دروستكەرەكان ئاشنایی پەیدا دەكات و چیدیكە كاردانەوەی توندو دوژمنكارانە نانوێنێ كاتێك ئەوانە بەر جەستە دەكەون.

چارەسەر

*رێوشوێنگرتنەبەر لەدژی كۆئەندامی بەرگری:
لەمبارەدا پزیشك ئەو هۆكارە دەدۆزێتەوە كە هەستەوەرییەكە درووستدەكات، دواتر بە چەند دانیشتنێك بە بڕی كەم كەم ئەو ماددەیە لە جەستەی كەسەكە دەدات تاكو كۆئەندامی بەرگری پێی ئاشنادەبێت و چیتر كاردانەوەی توند لە بەرامبەریان نانوێنێ كاتێك دەچنە نێو جەستە. بەڵام ئەم رێگەیە بۆ هەمووان سوودی نییە و دەبێت پزیشكی پسپۆڕی هەستەوەری و بەرگریزانی بڕیاری لێبدات.

*دژەهستامینەكان:
وەكو لۆرتین و هاوپۆلە دژه‌هیستامینه‌كانیان كە هەندێكیان بەشێوەی حەب هەن و هەندێكی دیكە بەشێوەی قەترەی لووت و چاو. ئەمانە دژی دەردانی ماددەی هیستامینن لە خانەكانی بەرگرییەوە، بەوجۆرە نیشانەكانی هەستەوەری سەركەوت دەكەن. هەندێك لەم دەرمانانە، كاریگەری نەخوازراویان هەیە، وەكوو: گێژبوون و خەواڵوویی و كەمبوونەوەی توانای سەرنجدان و دەرككردن.

*ستیرۆید:
ستیرۆید دەبێ بە رێنمایی دیاریكراو و بۆ ماوەی دیاریكراو بدرێن بە ئاگاداری پزیشك، چونكە كاریگەری نەخوازراویان زیاترە، بەتایبەت كاتێك بەشێوەی حەب و دەرزی بدرێن.
Top