نیشانەکانی دروستبوونی بەردی زراو

نیشانەکانی دروستبوونی بەردی زراو
بەردی زراو نیشتووی ڕەقی شلەی هەرسن کە لە زراودا درووست دەبێت، زراو ئەندامێکی بچووکی شێوە هەرمێییە لە بەشی ڕاستی ناوسکدا لەژێر جگەردایە.

زراو شلەیەکی هەرس لەخۆ دەگرێت پێی دەڵێن (زەرداو)واتە ئەو شلە زەردە تاڵەی جگەر دەری دەدات، کە دەکرێتە ناو ڕیخۆڵە بچووکەوە.

بەردی زراو لە قەبارەدا جیاوازن، هەندێکیان قەبارەیان وەک دەنکە لمێک دەبێت هەندێکیشیان هێندەی تۆپێکی گۆڵف دەبن، لە هەندێک کەسدا تەنها یەک بەردی زراو درووستدەبێت، بەڵام لە هەندێک کەسی تردا ژمارەیەکی زۆر بەردی زراو دروست دەبێت لە یەک کاتدا.

بەپێی بڵاوکراوەیەکی ماڵپەری (مایۆکلینیک) ئەو کەسانەی کە بەردی زراویان هەیە، زیاتر پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە بۆ لابردنی زراو، بەڵام ئەگەر بەردی زراو تووشی هیچ نیشانەیەکی نەکردیت ئەوا پێویست بە نەشتەرگەری ناکات.

نیشانەکان بوونی بەردی زراو:

ڕەنگە بەردی زراو هیچ نیشانەیەکی نەبێت بەڵام ئەگەر لە جۆگەیەکدا نیشت کە شلەی پێدا دەڕوات، بووە هۆی گیرانی جۆگەکە ئەوا نیشانەکانی دەردەکەون.

1-ئازارێکی لە ناکاو و خێراو بەتین لە بەشی سەرەوەی لای ڕاستی ناوسک.

2-ئازارێکی لەناکاو و خێرا و بەتین لە ناوەڕاستی ناوسکدا، لەخوار ئێسکی سنگدا.

3-ئازاری پشت لەنێوان پانایی شانەکاندا.

4-ئازار لە شانی ڕاستدا.

ئازاری بەردی زراو ڕەنگە چەند خولەکێک بۆ چەند کاتژمێرێک بخایەنێت.

هۆکارەکانی دروستبوونی بەردی زراو:

1-ئەو زەرداوە تاڵەی جگەر دەری دەدات کۆلسترۆڵی زۆری تێدایە.

بە شێوەیەکی ئاسایی ئەو زەرداوە تاڵەی جگەر دەریدەدات بڕێک لە ماددە کیمیاییەکانی تێدایە، بۆ توانەوەی ئەو کۆلسترۆڵەی جگەر دەری دەدات، بەڵام ئەگەر جگەر کۆلسترۆڵی زیاتری دەردا لەوەی کە زەرداوەکە بتوانێت بیتوێنێتەوە، ئەوا ڕەنگە کۆلسترۆڵەکە ببێتە کریستاڵ و دواتر ببێت بە بەرد.

2-زەرداوی جگەر بیلیروبینی زۆری تێدایە

بیلیروبین ئەو ماددە کیمیاییەیە کە کاتێک خرۆكە سوورەکانی خوێن تێک دەشکێن درووست دەبێت، کاتێک بیلیروبین زۆر دەبێت، دەبێتە هۆی درووستبوونی بەردی زراو.

3-زراو بە تەواوەتی بەتاڵ نابێتەوە

ئەگەر زراو بە تەواوەتی بەتاڵ نەبۆوە، ئەوا زەرداوی جگەر خەست دەبێتەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی بەردی زراو.
Top