کۆماری چیک: کوردستان بە پێکهاتەکانییەوە جوانە و نرخی هەیە

کۆماری چیک: کوردستان بە پێکهاتەکانییەوە جوانە و نرخی هەیە
کاتێک ژمارەیەک ھاوڕێ و ھاوکار باسی خاتوونێکی چیکی-یان بۆ کردم کە ئەوە نێزیکەی دوو ساڵە، خەریکی ھاموشۆی کوردستانە و ھەر جارێک دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، بە دەستی بەتاڵ ناگەڕێتەوە و ھەر چۆنێک بێت، لە ڕێی ڕێکخراوەکەیەوە، بڕێک ھاوکاری دەگەیەنێتە ئاوارەکانی شنگال، زۆر بەپەرۆش بووم و بڕیارم دا، دەبێت بیبینم. دیسان کە باسی ئەوەیان کرد کە بە زمانی کوردی (شێوەزاری شنگالی) زۆر بەجوانی و ڕەوانی قسان دەکات، پەرۆشییەکەم زیادی کرد.



ئاقیبەت، لە ھەولێری پایتەختە خۆشەویستەکەی کوردستان یەکترمان بینی. ھەر لە یەکەمین چاکوچۆنی و چرکرکانی یەکەمەوە بۆ دەرکەوت، ھەرچیم بیستووە لەبارەی کوردییە شیرینەکەیەوە، خۆشەویستیی بۆ کوردستان و شنگال و ئێزدییان، زۆر کەمە لەچاو ئەوەی من دەیبینم و دەیبیستم.



خاتوو، شەرکا پترۆڤا، خاتوونێکی چیکییە، سەرۆکی ڕێکخراوی (ڕۆژا سۆر) خێرخوازییە. تا ئاستی عەشق، کورد و کوردستان و شنگال و ئێزدییانی خۆش دەوێت، ھەرچی پێ دەڵێیت، ئەو دەڵێت، شنگال، کوردستان. یەکەمین بڕیاریشی ئەوەیە، لە کوردستان بژی و مەگەر بۆ کاری خێرخوازی و پێداویستیی کارەکانی ڕێکخراوەکەی دەنا نەگەڕێتەوە ئەوروپا.

بە درێژایی دانیشتنەکەمان، جەختی دەکردەوە، کوردستان وڵاتێکی زۆر جوانە، خەڵکەکەی زۆر میواندۆستن، کوردستان ماڵی دووەممە.



لێم پرسی، چۆن بوو بیرت لە کوردستان کردەوە؟ گوتی: دەمەوێ ھاوکاریی شنگال و ئێزدییان بکەم. ئێزدییانیش کورد و کوردستانین، ئێرە ئەو وڵاتەیە کە ئێزدییەکان تێیدا ھەست بە ئەمان و ئاسوودەیی دەکەن.









باسنیوز

شەرکا ھەروەھا گوتی: دەزانیت چەند گرینگ و جێی سەرنج و ڕێزێکی زۆری ئەورووپاییەکانە، کاتێک دەبینن، لەم وڵاتە، لە کوردستان، ھەموو ئایینەکان پێکەوە دەژین. ئەورووپاییەکان بە گشتی و چیکییەکان بە تایبەتی کوردستانیان زۆر خۆش دەوێت، پێشمەرگەیان زۆر لا بەڕێزە، چونکە وڵاتی خۆیان خۆش دەوێت داکۆکیی لێ دەکەن، باوەش بۆ ڕۆڵەکانی ھەموو ئایینەکان دەکەنەوە بێ جیاوازی. شەرکا، ھێندە سەرسام بوو بەو پێکەوەژیانە، زوو زوو تکای لێ کردم: نەکەن ئەو گیانە مرۆڤایەتییە بەرزە تێک بدەن، نەکەن ئەو سامانە مەعنەوییە مەزنە لەدەست خۆتان بدەن.



دیسان لە خاتوو شەرکا-م پرسی: دیارە دەمێکە ھاتوچۆی کوردستان دەکەیت و چوویتە شنگال، باری شنگال و ئێزدییان چۆن دەبینیت؟ گوتی: ڕاستتان دەوێت، باری ئێزدییان و شنگال زۆر خراپە، بەداخەوە لەم یەک دوو ساڵەی دواییشدا، وەزعی دارایی کوردستانیش زۆر خراپ بوو، بۆیە دەبێت، ئێزدییان و خەڵکی کوردستانیش خۆیان ڕاگرن، دان بەخۆدا بگرن.



بەڵام دەبینی ھەندێک خەڵک کوردستان جێ دێڵن، ئێزدییان بە تایبەتی بە لێشاو دەڕۆن، تۆ وەک دۆستێک چۆنی تێدەگەیت؟ لێم پرسی.



وەڵامی دایەوە: دەرکی سەختیی ژیانی خەڵک دەکەم، سەفەریش بە مافێکی ڕەوا دەبینم، دەشزانم باری ئێزدییان زۆر گرانە، وەلێ وڵاتجێھێشتن زۆر خراپە. نابێت کوردان و ئێزدییان کوۆردستان جێبێڵن، وەک گوتم دەبێت خۆڕاگر بن. ئێزدییان ئەمە وڵاتی خۆیانە و قەدەریان لێرە لە ھەموو جێیەک زۆرترە، پیرۆزییەکانیان، یادگاری و یادەوەرییان، ژیانیان لێرەیە، نابێت شنگال و کوردستان جێ بێڵن، بەڵام ھاوکات دەبێت، کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ھەموومان ھاوکاریی شنگالییان بکەین، تا بژین و بمێننەوە و وڵاتی خۆیان ئاوەدان بکەنەوە.



لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: دەبێت چ کوردستان و چ کوردانی ئێزدی، ڕاستییەک بزانن، ئەم وڵاتە، بە پێکھاتەکانییەوە جوانە و قیمەتی ھەیە و ئەورووپاش بەتایبەتی ڕێزێکی زۆر لەوە دەگرن، ھەر ئەمەش ھۆکاری یەکەمی پشتیوانیانە بۆ کوردستان، بۆیە، حکوومەتی کوردستان دەبێت ژیانێکی لانی کەمی باش بۆ ئێزدییان و کەمینە ئایینییەکان گرەنتی بکات، کەمینەکانیش خۆیان بە خاوەنی ئەم کوردستان بزانن و بە ھاوکاریی ھەردوولایان، کوردستان بە مۆزاییکە جوانەکە و پێکھاتەکانییەوە بمێنێتەوە. دەزانی، ئەورووپا تەقدیری چی کوردستان دەگرێت؟ شەرکە لە منی پرسی و ھەر خۆشی وەڵامی دایەوە: کوردستان لەم ناوچەیەدا، نموونەی پێکەوەژیانە. کوردستان نە تورکیایە و نە عێراق و نە سووریا و نە ئێرانە. ئێرە جیاوازە، بۆیە ھەموو دنیا پشتیوانتانە.



پرسیارم لە شەرکا کرد: ئەدی وەک دۆستێک، ئەڵبەت کەم تا زۆرێک ئاگات لە وەزعی سیاسی ھەیە، چۆنی دەبینیت؟ ڕاستت دەوێت، من سیاسی نیم و دەخاڵەتی سیاسەتیش ناکەم، بەڵام بە وردیش ئاگاداری وەزعی سیاسیم. زۆر بە سەڕاحەت دەڵێم، شەخسییەن، وەک دۆستێکی کورد و کوردستان و ئێزدییان، زۆر سەرسامم بە سیاسەتەکانی سەرۆک بارزانی و دەشزانم چەند کار دەکالت و چەند خەمی کوردستان و ئێزدییەکانیشێتی، بۆیە زۆریشم خۆش دەوێت.



شەرکا گوتی: داوا لە خەڵکی خۆشەویستی کوردستان دەکەم، یەکگرتوو بن، ھاوکاری یەکدی بن و ھەموو ھەوڵێک بدەن سەربەخۆ بن، تەنیا بە سەربەخۆیی لەم ھەموو کێشە و کارەساتانەی لەم ناوچەیەدا ھەیە ڕزگاریان دەبێت. ھەر لێرەشەوە، جارێکی دیکە باسی مانەوەی ئێزدییەکان و کەمینەکانی دیکە دەکەمەوە، بە ڕاستی، دنیا کاتێک پشتیوانی سەربەخۆیی کوردستان دەکات کە ھەموو پێکھاتەکان وەک ئێستێ پێکەوە بژین، بۆیە مانەوەی ئەوان لە کوردستاندا پشتیوانییەکی مەزنە بۆ وڵاتەکەیان، وڵاتەکەشیان تاکە شوێنی دنیایە کە لە ھەموو شوێنێکی دیکە زیاتر لەخۆیان دەگرێت و دەیپارێزێت.



لە کۆتاییدا لە شەرکا پترۆڤا-م پرسی: لە ھاتنەوەی ئەمجارەتاندا بۆ کوردستان بە نیازی چین؟ گوتی: حکوومەتی چیک، یارمەتییەکی مادیی دابین کردووە، بە نیازین نەخۆشخانەیەکی لە شنگال پێ ئاوا بکەینەوە.
Top