زانكۆی سەڵاحەددین دەبێتە ئەندامی فەخریی یەكیەتیی زانكۆكانی ڤیزیگراد

زانكۆی سەڵاحەددین دەبێتە ئەندامی فەخریی یەكیەتیی زانكۆكانی ڤیزیگراد
22 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)- سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەددین، ڕایدەگەیەنێت كە ڕێككەوتننامەی نێوان زانكۆكەی و زانكۆی نیترای كشتوكاڵیی سلۆڤاكی بۆ ماوەی پێنج ساڵ درێژ كردووەتەوە. بەپێی ڕێككەوتننامەكە لەمەولا دەتوانن قوتابیانی دكتۆرا بەپێی سیستەمی سپلیت سایت هەروەها مامۆستایانی زانكۆكەیان بۆ مەشق بۆ زانكۆی نیترای كشتوكاڵیی سلۆڤاكی بنێرن.

سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەددین پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر (ئەحمەد دزەیی) لە لێدوانێكیدا بۆ \" هەولێر\"" ڕایگەیاند كە لە میانی دیدارێكیدا لەگەڵ سەرۆكی زانكۆی نیترای كشتوكاڵیی سلۆڤاكی پڕۆفیسۆر (پیتەر بیلك) ڕێككەوتننامەی نێوان زانكۆی سەڵاحەددین و زانكۆی نیترای سلۆڤاكییان بۆ پێنج ساڵی دیكە نوێ كردووەتەوە. ڕوونیشی كردەوە كە نوێكردنەوەی ڕێككەوتننامەكە لە پێناو ئەوەدا بووە كە قوتابیانی زانكۆی سەڵاحەددین بەپێی سیستەمی (سپلیت سایت) بۆ خوێندنی دكتۆرا و هەروەها مامۆستایانی زانكۆی سەڵاحەددین بۆ مەشقكردن بنێرنە زانكۆی نیترای سلۆڤاكیا.

لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا، سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەددین ڕایگەیاند كە بەشداریی لە كۆبوونەوەیەكی یەكێتیی زانكۆكانی ڤیزیگراد كردووە كە كۆمەڵێك زانكۆی ئەورووپی لە بواری پسپۆڕی كشتوكاڵی و ئابووری لە خۆ دەگرێت. گوتیشی: \""لە كۆبوونەوەكەدا زانكۆی سەڵاحەددین بە ئەندامی فەخریی یەكێتییەكە وەرگیراوە، لەمەولا دەتوانێت سوود لە توانا زانستییەكانی یەكێتیی زانكۆكانی ڤیزیگراد وەربگرێت.\""

ڕوونیشی كردەوە كە لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بە ئامادەبوونی سەرۆككۆمار و گەورەبەرپرسانی سلۆڤاكیا، بەشداریی لە ئاهەنگی 60 ساڵەی دامەزراندنی زانكۆی نیترای سلۆڤاكی كردووە و لە میانەی ئاهەنگەكەدا چاوی بە ژمارەیەك بەرپرسی زانكۆكانی (سلۆڤاكیا، ئۆكرانیا، چیك، پۆڵەندا، هەنگاریا و ڕووسیا، ڕۆمانیا، ئیتاڵیا و فنلەندا) كەوتووە و سیمینارێكیشی لە بارەی ڕەوشی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان و بە تایبەت زانكۆی سەڵاحەددین پێشكەش كردووە.

جێگەی باسە، چاوەڕوان دەكرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا زانكۆی سەڵاحەددین ژمارەیەك چالاكیی زانستی و ئەكادیمی لەگەڵ زانكۆكانی سلۆڤاكیا ئەنجام بدات و بڕیاریشە سەرۆكی زانكۆ سەردانی هەردوو زانكۆی تەكنەلۆجی لە شاری (زڤۆلن) و (زانكۆی چیكیی زانستە بایەلۆجییەكان) بكات."
Top