پەیامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: گۆڤاری (گوڵان) بە گیانی دیالۆگ و رەخنەگرانەوە خزمەتی كێشەی رەوای گەلەكەمان و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی كردووە

پەیامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: گۆڤاری (گوڵان) بە گیانی دیالۆگ و رەخنەگرانەوە خزمەتی كێشەی رەوای گەلەكەمان و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی كردووە
بەڕێز مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی تێپەڕبوونی 25 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەكەمین ژمارەی گۆڤاری گوڵان، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و ستافی گۆڤارەكە كردووە، ئەمەش دەقەكەیەتی:

هەڤاڵانی بەڕێز/ سەرنووسەر و تێكڕای ئەندامانی ستافی نووسین و هونەریی لە گۆڤاری (گوڵان)
لە بیرەوەری(25)ەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری (گوڵان) وێڕای هیواخوازیی بەردەوامیی و پێشوەچوونی زیاتر، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و نووسەران و خوێنەرانی گۆڤارە ئازیزەكەتان دەكەین، ئومێدەوارین وەك هەمیشە زیاتر برەو بە پلان و كارەكانتان بدەن، دڵنیاشین لەوەی هەردەم مایەی ئەو شانازیی و ئەو ئەركە پیرۆزە دەبن.
رێچكەی نەگۆڕ و باوەڕپێكراوی گۆڤاری(گوڵان) مایەی متمانەی خوێنەرانیەتی، كە بەپێی ئەو سیستەم و پڕۆگرامە رێكوپێك و تایبەتەی شوناسی خۆی دیاریكردووە و ئیتیك و بنەما و رەگەزەكانی رۆژنامەگەریی سەردەمییانەی پەیڕەو كردووە. لەو سونگەیەوە خزمەتێكی زۆری كایەكانی رۆژنامەگەری و رۆشنبیری و كولتوری كردووە، كە ئەمەش دەستكەوتێكی دیكەیە بۆ كاروانی رۆژنامەگەریی كوردیمان.
لە نێو توێژی رۆشنبیر و ئەكادیمیستاندا رۆڵی گۆڤاری (گوڵان) روون و بەرچاوە و نكوڵی لێ ناكرێ، پێگەی شایستەی خۆی چەسپاندووە، ئەمەش لایەنێكی دیكەی ئەو خزمەت و بەخششەیە، كە پێشكەشی كردووە و ئەو بوارەشی دەوڵەمەندتر كردووە.
گۆڤاری (گوڵان) ژمارەیەكی بەرچاوی توێژەر و سیاسەتمەدار و ئەكادیمی ناسراوی عەرەبی و بیانی و جیهانی بەیەكەوە كۆكردۆتەوە، بۆیە لەو رووەوەش تایبەتمەندیی و دانسقەیی خۆی سەلماندووە، هەروەها لە رووی ئیتیكی پیشەوەرانەوە گۆڤاری (گوڵان) پەیڕەوی رەوتێكی راست و دروستی كردووە و بە گیانی دیالۆگ و رەخنەگرانەوە خزمەتی كێشەی رەوای گەلەكەمان و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی كردووە.
جارێكی دیكە بە بۆنەی یۆبیلی زیوینیەوە، پیرۆزبایی و پشتیوانیی خۆمان بۆ سەرخستن و بەردەوامیی و زیاتر پێشخستنی گۆڤاری (گوڵان) دووپات دەكەینەوە. هەر سەركەوتوو بن..
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
21/4/2019
Top