بنەما سەرەکییەکانی کێشەی ئێزیدییان لە کوردستان و عێڕاق کارەساتی شەنگال وەک نموونە
February 21, 2015
راپۆرتەکان
لێکۆڵینەوەی ئەنستیتیۆی توێژینەوە و گەشەپێدان. ک2/ 2015
مه‌به‌ست:
ئه‌و سه‌میناره لێكۆڵینه‌وه‌یە، له مێژووی كارگێڕیی ناوچه‌ی ئێزیدییه‌كان، به تایبه‌تیش شاری شه‌نگال. هه‌روه‌ها بیركردنه‌وەیە، له‌سه‌ر ئه‌و كه‌موكوڕیانه‌ی، له په‌یوه‌ندی نێوان پێكهاته‌ی ئێزیدی وه‌ك كورد، له‌گه‌ڵ بەشەکەی دیکەی دانیشتوانی كوردستانی بەتایبەتی كوردی موسوڵمان، هه‌یانه. ئەم توێژینەوەیە له‌سه‌ر ئه‌و كه‌م و كوڕیانه‌ی كه كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمانی كوردستان، له وه‌رگرتن و مامەڵەکردن لەگەڵ ئێزیدییه كوردەکان، به درێژایی مێژوو هه‌یانبووه، چ كاردانه‌وه‌یه‌كی، له‌سه‌ر كاره‌ساته‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ناوچه‌ی شه‌نگالدا(پەلاماری داعش ئاب/٢٠١٤) هه‌بووه.
لایەنی دەروونی:
به‌شی دووه‌می سه‌میناره‌كه، باس له ڕێوشوێنی به هاناوه‌چوونی قوربانییه‌كانی ئێزیدی ده‌كرێ، چ ئه‌وانه‌ی له ناوچه‌كه ماونه‌ته‌وه و یان ئه‌وانه‌ی ئاواره‌ن. هه‌روه‌ها باس له‌وه كرا، چ میكانیزمێك بگیردرێته‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی ئافره‌تانی قوربانیی، منداڵانی كه‌وتووی ده‌ستی داعش، کە په‌لاماری جه‌سته‌یی و ده‌روونی دراون، چۆن وه‌ربگیرێنه‌وه و تیماربكرێن، بخرێنه‌وه سه‌ر کار و ژیانی ئاسایی خۆیان.
سیستمی کارگێڕیی داهاتوو:
به‌شی سێیه‌میان باس له بیرۆكه‌ی دروستبوونی سیسته‌می ئیداری له ناوچه‌ی شه‌نگال و ناوچه‌ی ئێزیدیان به گشتی ده‌كرێ. هه‌وڵی دۆزینەوەی پیشنیارێك دراوە، بۆ سه‌رله‌نوێ رێكخستنه‌وه‌ی سیسته‌می كارگێڕی، له ناوچه‌ی ئێزیدیان به گشتی و شه‌نگال به تایبه‌تی. بۆ ئه‌وه‌ی ببێته هانده‌ر تا ئه‌و ناوچه‌یه به خێرایی ئاوه‌دان بكرێته‌وه و بكرێت به ناوچه‌یه‌كی پێشکەوتوو به سیسته‌می نوێ كه بگونجێ له‌گه‌ڵ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێزیدییه‌كان. هه‌روه‌ها زه‌مینه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئاواره‌كان و قوربانییه‌كان، خستنه‌وه سه‌ركاریان دابین بكات.
لایەنی دەستووریی:
به‌شی چواره‌م، باس له لایه‌نی ده‌ستووری، واته باسی ده‌ستوری عێراق ده‌كات كه چۆن بڕیاری له‌سه‌ر سیسته‌می ئیداری عێڕاق داوه. ئه‌گه‌ر گۆڕانكاری له ناوچه‌ی شه‌نگال یان ناوچه‌كانی دیكه بكرێ، ئه‌وا چ ده‌رهاویشته‌یه‌كی ده‌ستوری ده‌بێت و چ ئاسته‌نگێكی له پێشه.
مادەی ١٤٠:
به‌شی پێنجه‌م و دوا ته‌وه‌ری سه‌میناره‌كه، په‌یوه‌ندی به ده‌رهاویشته سیاسییه‌كان و هه‌ر ده‌سكاری كردنێكی ئیداری و سیاسی هه‌یه، له ناوچه‌ی شه‌نگال. ئه‌م ناوچه‌یه، ده‌كه‌وێته سنووری ماده‌ی 140ی ده‌ستوری عێڕاق، ناوچه‌یەکی كێشه‌له‌سه‌رە. حكوومه‌تی عێراق، پارێزگای نه‌ینه‌وا وه‌ك پارێزگای سوننه‌کانی عەرەب، هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستان، کێشه‌یان له چاره‌نووسی شه‌نگال هه‌یه. ئه‌گه‌ر شه‌نگال بكرێ به پارێزگا یان هه‌ر ده‌سكاری كردنێكی ئیداری، چ ده‌رهاویشته‌یه‌كی سیاسی تێدا ده‌بێت.
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م:
لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای ئیزیدی و ئاسته‌نگه‌كانی تێكه‌ڵاوبوونیان له‌گه‌ڵ
كۆمه‌ڵگای موسڵمانی كوردستانی.
كۆمه‌ڵگه‌ی خۆجێیی ئێزیدی، به زمان و نه‌ته‌وه كوردن به‌ڵام خاوه‌نی دینی تایبه‌تی خۆیانن. ئه‌م دینه به هیچ شێوه‌یه‌ك لقێك نییه له دینی ئیسلام، هیچ تێكه‌ڵاویه‌كی له‌گه‌ڵ دینی ئیسلام نیە. دینی ئێزیدی وایكردووه، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی بۆخۆی كۆمه‌ڵگایه‌كی داخراوبێت، به تایبه‌تی به‌رانبه‌ر به ژنان. هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌كی داخراوه، به‌رانبه‌ر به غه‌یره ئێزیدییه‌كان. یه‌كێك له‌و دینانه‌یه كه به ئێزیدی بوونی پەێڕەوانی دینه‌كانی تر قه‌بوڵ ناكات.
كۆمه‌ڵگای ئێزیدی، مێژووی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. ئه‌م مێژووه، ده‌بێته به‌شێك له مێژووی كۆمه‌ڵگای كوردستان، به‌ڵام ئه‌و ئازارانه‌ی كه‌وا كۆمه‌ڵگای خۆجێیی ئێزیدی، به درێژایی مێژوو بینیویه‌تی، ئازارێكی تایبه‌تییه و په‌یوه‌ندی به دینی ئه‌وانه‌وه هه‌یه. ئێزیدییه‌كان به درێژایی مێژوو، كه‌وتوونه‌ته به‌ر په‌لاماری موسڵمانانی ده‌ورووبه‌ری خۆیان. به گوێره‌ی ئه‌و مێژووه‌ی، له ده‌قه پیرۆزه‌كانی دینی ئێزیدی ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، ته‌نیا ئه‌و فه‌رمانه‌ی دوایی كه داعش كردوویه‌تی به ده‌ستی كورد نه‌بووه، ئەگینا هه‌موو فه‌رمانه‌كانی پێشوو كه له مێژوودا به‌سه‌ر ئێزیدیان هاتووه و تێیدا كۆمه‌ڵكوژ كراون، له ناوچه‌كانی خۆیان ڕاگوێزراون، ژن و منداڵیان به دیل بردراوه، هه‌مووی به ده‌ستی خێڵ و میره كورده‌كانی موسڵمان بووه. كه‌واته كێشه‌یه‌كی دینی، بووه به كێشه‌یه‌كی مه‌عریفی، واته ڕوانگه و تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆجێیی ئێزیدی، به‌رانبه‌ر به كۆمه‌ڵگای گشتی كوردستان دروست ده‌كات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه هه‌میشه كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمانی به هه‌ڕه‌شه زانیوه بۆ سه‌ر خۆی. له پێناوی خۆپاراستندا له ناوچه‌كانی خۆیان، خۆیان حه‌شارداوه، ئه‌وەندەی لوابێت، په‌ڕه‌وییان له شێوازی "ته‌قییه"كردن كردووه. واته خۆ دوور گرتن و شاردنه‌وه‌ی بیروڕاكانیان، له ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی ئێزیدیاتی، ئه‌وه‌نده‌ی كرابێ خۆنیشاندانیان وه‌ك موسڵمانێك، په‌یڕه‌و كردووه.
ئێزیدییه‌كان له‌ناخه‌وه واده‌زانن، كوردی موسڵمان له ڕووی دینییه‌وه، بڕوای به كوشتنی ئه‌وان هه‌یه. ئه‌وان واده‌زانن مردن و ئازاردانی ئێزیدییه‌كان، له‌ناوباوەڕی كوردی موسڵمانی هاونه‌ته‌وه‌ی خۆیدا، به غه‌زا داده‌ندرێ و هیچ به‌زه‌ییه‌كی له ڕووی دینییه‌وه، پیشان نادات. هه‌ر بۆیه له قوڵایی شه‌خسیه‌تی مه‌عنه‌وی ئیزیدیدا، ترسێكی قووڵ به‌رانبه‌ر به هاووڵاتیانی، هاونه‌ته‌وه‌ی كوردیی خۆیان هه‌یه. ئه‌و كوشتارانه‌ی به درێژایی مێژوو، به‌سه‌ر ئێزیدییه‌كاندا هاتووه، هه‌موویان له ده‌قه پیرۆزه‌كانی ئه‌واندا به دیقه‌ت ده‌گێڕدرێنه‌وه و نه‌وه‌ی نوێی ئیزیدی پێی په‌روه‌رده ده‌كرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م دینه دینێكی باتینییه، ده‌قه‌كانی خۆی ئاشكرا ناكات و ناینووسێته‌وه. بۆیه ته‌نیا ئێزیدییه به ته‌مه‌نه‌كان ده‌زانن، ده‌قه‌كان چ شتێك ده‌گوازنه‌وه و چ دڕدۆنگییه‌ك و بێ متمانه‌ییەک له به‌رانبه‌ر كوردی موسڵمان دروست ده‌کات.
ئه‌م كوشتاره‌ی دوایی كه به ده‌ستی داعش، به‌سه‌ر ناوچه‌ی شه‌نگالدا هاتووه، ئه‌و مێژووه گوماناوییه‌ی كه كۆمه‌ڵگای ئێزیدی، به‌رانبه‌ر به كوردی موسڵمان هه‌یه‌یتی، نەک هەر نه‌یسڕیوه‌ته‌وه، به پێچه‌وانه‌وه بریندارتری كردووه. ئه‌و برینه‌ش له‌وه دێت كه ئێزیدییه‌كانی ناوچه‌ی شه‌نگال، پێیانوایه ئه‌و پێشمه‌رگه و ده‌سته‌ی چه‌كدار و دام و ده‌زگا حیزبی و سیاسییه‌ی، له ناوچه‌ی شه‌نگال هه‌بووه، هه‌موویان له كوردی موسڵمان بوونه. ئه‌و ڕوانگەیەیان، له‌سه‌ر ئه‌وه درووست بووە، ئەو دام و دەزگایانە، متمانه‌یان به كوردی ئێزیدی نه‌بووه، له به‌ڕێوه‌بردنی ئیداری و سه‌ربازی ناچه‌كه، به‌شداریان پێ نه‌كردوون. بۆیه ئێزیدییه‌كان و دانیشتوانی شەنگال بەتایبەتی، هیچ ئیراده‌یه‌كیان وه‌رنه‌گیراوه، له‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی كه‌وا به‌سه‌ریاندا هاتووه، پرس و ڕایان وەرنەگیراوە. له‌و كاتەی داعش په‌لاماری ناوچه‌كه‌یان دەدا، پێیانوایه باوەڕی دینی هێزی چه‌كداری كوردی موسڵمان، وای لێكردوون به خێرایی ناوچه‌كه چۆڵ بكه‌ن و له به‌رده‌می هه‌ڕه‌شه‌ی داعش جێیان بێڵن. بۆیه تا ئێستاش كه بیر له كاره‌ساتی ناوچه‌ی شه‌نگال، له به‌رانبه‌ر ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ریان هاتووه، به شێوه‌یه‌كی به‌رابه‌ر، كورد و عه‌ره‌بی داعش، به به‌رپرس ده‌زانن.
ئێزیدییه‌كان بۆ ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌ی خۆیان، به‌ڵگه‌یان زۆره. كرده‌وه، قسه و هه‌ڵسوكه‌وتی فه‌رمانده عه‌سكه‌رییه‌كان، ئه‌و هێزه چه‌كداره پێشمه‌رگه‌یەی به درێژایی ئه‌و دوانزده ساڵه‌ی دوایی، له ناوچه‌كه‌بوون، هه‌مووی لای ئه‌وان تۆماركراوه. له بیریانه و ده‌زانن، له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك، ئاوها به خێرایی، ناوچه‌ی شه‌نگال چۆڵ كرا. جیا له‌وه، گۆڕانێكی نوێ، به‌سه‌ر لایه‌نی ده‌روونی، كۆمه‌ڵگه‌ی ئیزیدیدا هاتووه. ئەویش په‌یوه‌ندی به شه‌ڕی داعش، لەدژی ئێزیدییه‌كانه‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌ر له مێژووی ئێزیدییه‌كاندا، هیچ فه‌رمان و كۆكوژیه‌ك، به ده‌ستی عه‌ره‌ب نه‌كرابوو، ئه‌وه وای لێده‌كردن، خۆیان له كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌ب و خێڵه عه‌ره‌به‌كان، بۆ خۆشاردنه‌وه و پاراستنی دینه‌كه‌یان نزیك بكه‌نه‌وه. ئه‌و مه‌یله یان ئه‌و لایه‌نه، له‌ناویاندا خه‌ریك بوو زاڵ ده‌بوو، گوایە لە ڕووی نه‌ته‌وه‌یی، خۆیان به عه‌ره‌ب بزانن و له كورد دووربكه‌ونه‌وه. گرایشی بەعەرەب بوون، لەوەوە سەرچاوە هەڵدەگرێت.
ئێستا دوای ئەو كوشتار و وێرانییه‌ی، داعش كردی، خۆپاراستنی ئێزیدییه‌كان له ده‌ست عه‌ره‌بی موسڵمان، ڕووی لە زۆری کردووه. ئێزیدیه‌كان پێیان وایه، ده‌بێ خۆیان له عه‌ره‌ب به‌دوور بگرن، له هه‌مان كاتدا هیچ متمانه‌شیان به كوردی موسڵمان نییه. بۆیه پێویستە، كار له‌سه‌ر شه‌خسیه‌تی سه‌ربه‌خۆی، كۆمه‌ڵگه‌ی ئیزیدی بكرێت. له‌و بارەدایە، ڕەوتێک درووست بووە ده‌ڵێ: ئێمه میلله‌تی ئێزیدین، دینی سه‌ربه‌خۆمان هه‌یه، داب و نه‌ریتی سه‌ربه‌خۆمان هه‌یه. زمانمان له‌گه‌ڵ كورد هاوبه‌شه، به‌ڵام ئێمه كورد نین. ئه‌مه‌یان ئه‌و لاباڵه لاوازه‌یه كه له دوای ته‌عریب، ئه‌و پاساوه‌یان گرتووه و مێژوویه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. له ئه‌رمینیا سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئێزیدییه‌كان، خۆیان به كورد ده‌زانن، به‌ڵام له‌وێش بوونەتە دوو به‌ره. به‌ره‌یه‌كیان پێی وایە ئێزیدین و زمانیان كوردییە. به‌ره‌كه‌ی تریان، پێیان وایە ئه‌وان كوردی ئێزیدین. هه‌ربۆیه حكوومه‌تی ئه‌رمینیا، ئه‌و ڕەوته‌ی پشتیوانی كرد كه پێیوایه ئێزیدی و كۆمه‌ڵگای ئیزیدی، شه‌خسیه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان هه‌یه. بۆیه له ناسنامه‌ی ئێزیدییه‌كانی ئه‌رمینیا، نوسراوه ئێزیدی نه‌ك كورد. كه‌واته ئه‌م كێشه‌یه، له مێژووی ئێزیدییه‌كاندا، ره‌گ و ریشه‌یه‌كی قووڵی هه‌یه. ئیستاش ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ریان هاتووه، رێگه ده‌داتە هه‌موو كه‌س، له‌سه‌ر ئه‌و مێژووه قسه بكات.
لایه‌نی دووه‌م، ئه‌وانه‌ن كه پێیان وایه، كوردستان خاكی خۆیانه و ئه‌وان كوردن. ئه‌وه‌ی به‌سه‌ریان هاتووه، سه‌رباری ئه‌و مێژووه خویناویه‌ی كه به ده‌ستی كوردی موسڵمان بووه، ته‌نیا په‌نایان وڵاتی خۆیانه. ئەو بەرە کوردستانییەی ئێزیدییەکان، ده‌یانەوێ كاربكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌ك سه‌رنجی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بۆخۆیان ڕابكێشتن تا له نێو كوردستاندا، هه‌میشه پشتیوان و چاودێرییان بێت. هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ن فشارێك بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمانی كورد بێت، بۆ ئه‌وه‌ی چاكسازی له بیروباوه‌ڕی خۆیدا، به‌رانبه‌ر به ئێزیدییه‌كان بكات. ئه‌م بیروباوه‌ڕه به یاسا و چاكسازی دینی و كۆمه‌ڵایه‌تی بێ، به حه‌ره‌كه‌یه‌كی چاكسازی ئه‌وتۆبێ كه ئێزیدییه‌كان، متمانه په‌یدا بكه‌ن كه كوردی موسڵمان، نه‌مان و ئاواره‌بوونی ئه‌وان، به غه‌زا نەزانێ. ئه‌وه‌ش به كارێكی قورس ده‌زانن، پێیان وایه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دام و ده‌زگه‌ی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان، ده‌بێ پێش هه‌موو شتێك، ڕوانگه‌ی خۆی به‌رانبه‌ر به ئێزیدییه‌كان بگۆڕێ.
ئیزیدییه كوردستانیه‌كان كه زۆربه‌یان پێیان وایه، هه‌موو حیزبه‌كان و به تایبه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، شایانی ڕەخنە لێ گرتنن بە رامبەر بە پێکهاتەکەیان. له‌نێوان ئه‌و دوو حیزبه‌شدا زیاتر له‌سه‌ر پارتی دیمه‌كراتی كوردستان ده‌وه‌ستن، چونكه ئێزیدییه‌كان چ وه‌ك ناوچه‌یه‌كی كرمانج، چ وه‌ك ناوچه‌یه‌كی نزیك له پارێزگای دهۆك، چ وه‌ك مێژووی نزیك بوونیان له بارزان ، به‌شداری راسته‌وخۆیان له بزوتنه‌وه‌ی ئه‌یلولدا كردووه، مسته‌فا بارزانی گرنگیه‌كی تایبه‌تی پێداون. بۆیه گله‌ییه‌كانیان له‌سه‌ر پارتی چڕ ده‌كه‌نه‌وه.
ئێزیدییه سیاسی و ڕۆشنبیر و دینییه‌كانیان، پێیان وایه پارتی، سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌میشه هه‌وڵی داوە، پشگیری كوردبوونی ئێزیدییه‌كان بكات به‌ڵام هیچ كاری بۆ جموجۆڵ پێكردن و گه‌ش و چالاك راگرتنی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی نه‌كردووه. به‌ڵكو هه‌میشه هه‌وڵی داوه، ئه‌م ناوچه‌یه وه‌ك خاك بلكێنێ به كوردستانه‌وه، وه‌كو ده‌نگیش بكه‌ونه سه‌ر ده‌نگی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان. هه‌میشه پارتی هه‌وڵی داوه، لێپرسراوانی سیاسی و ئیداری و عه‌سكه‌ری خۆی، بنێرێ بۆ ناوچه‌كەیان، ئەو لێپرسراوانە هه‌موویان موسڵمانن و به ڕوانگه‌ی دینی، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی كردووه. ئێزیدییه‌كان باشتر له كۆمه‌ڵگه و سه‌ركرده سیاسییه‌كانی موسڵمان ده‌زانن. ڕاستییەکە لای ئەوانە و دەزانن لێپرسراوانی پارتی و یه‌كێتی، چۆن ڕەفتاریان له‌گه‌ڵ ئێزیدییه‌كان كردووه. ئه‌وان ده‌زانن كاتێك سه‌ركرده سیاسییه حیزبیه‌كان، وه‌ك به‌رپرسانی لق و مه‌ڵبه‌ند، كاتێك هاتوون بۆ ناوچه‌كه‌یان، ته‌نیا له‌كاتی میتینگ و وتارداندا، باسی به‌رابه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدیان كردووه. کەچی له كرده‌وه‌دا، ئاماده نه‌بوونه له ماڵی ئێزیدیه‌ك نان بخۆن. ئاماده نه‌بوونه له‌گه‌ڵ ئێزیدییه‌كان سه‌فه‌ر و سه‌یرانێك بكه‌ن. ئاماده نه‌بوون به چاوێكی قووڵ و پیرۆز و ڕێزه‌وه ته‌ماشای دام و ده‌زگای دینی ئێزیدییه‌كان بكه‌ن. هه‌میشه خواردنی ده‌ستی ئێزیدییه‌كانیان به پیس و گڵاو زانیوه. ئێزیدییه‌كانیان له‌ناو ماڵ و كاری خزمه‌تگوزاریدا به‌كارهێناوه. ئه‌و سه‌رمایه‌ی كه بۆ ناوچه‌ی ئێزیدییه‌كان ته‌رخان كرابێت، چ له حكوومه‌ت و چ له حیزب‌دا، لێپرسراوانی عه‌سكه‌ری و ئیداری موسڵمانی كوردی ئه‌م ناوچه‌یه، خۆیان ئه‌م سه‌رمایه‌یان به‌كار هێناوه، به‌شێكی زۆر كه‌میان له ناوچه‌کە سه‌رف كردووه. ئه‌وه‌ی دیكه‌شیان له نێوان خۆیاندا، به شێوه‌یه‌كی گه‌نده‌ڵی خواردووه. له هه‌مان كاتدا هه‌ڵسوكه‌وتی سیاسیی و عه‌سكه‌رییه‌كانی كوردی موسڵمان، به هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه و دڵسۆزانه‌ی له‌گەڵیان دروست نه‌کردووه. هه‌میشه كاربه‌ده‌ستی كوردی موسڵمان، به چاوێكی كه‌م و به دینێكی نزیك له گڵاو، ته‌ماشای ئێزیدییه‌كانی كردووه. ئێزیدییه‌كان ده‌زانن، ئه‌و كرده‌وانه چ كاردانه‌وه‌یه‌كی ده‌روونی، به‌سه‌رتاکی ئێزیدییەوه هه‌بووه.
هه‌ر ئه‌وباڵە کوردستانییە، به‌ڵگه‌ی زۆری به‌ده‌سته‌وه‌یه، كاتێك لێپرسراوانی سیاسی، له ناوچه‌كه هه‌وڵیانداوه، كه‌سانی ئێزیدی له‌گه‌ڵ خۆیان، بخه‌نه ناو سیسته‌می ئیداری و سیاسی، هه‌میشه گه‌ڕاون بۆ که‌سانی ده‌سته‌مۆ كه ئاماده‌ن ببنه ده‌رگاو و ئاسانكار، بۆ هه‌ڵسوكه‌وتی ئاماژه پێكراوی، ئه‌و لێپرسراوانه له ناوچه‌كه‌دا. ئه‌و دام و ده‌زگا سیاسییانه هه‌وڵیانداوه، به‌رده‌وام ئه‌و جۆره كه‌سایه‌تیانه‌یان پاڵ پێوه‌ناوه و به‌رژه‌وه‌ندیان له ناوچه‌كه لێ خستونه‌ته خه‌ته‌ر، ئه‌وه‌ش وایكردووه ورده ورده كه‌سایه‌تی به‌هێز له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدیدا دروست نه‌بێت. مەبەست لە شه‌خسیه‌تی سه‌ربه‌خۆی ئێزیدی، ئەو تیپەیە كه پارێزگاری له ناوچه‌كه، له سه‌ربه‌خۆیی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی، به مانای خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندیی و دینی خۆیه‌تی، ده‌بێ به سیسته‌مێكی ئیداری و سیاسیی، ڕوانگه‌یه‌كی دیاریكراو ببوژێته‌وه. سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌وان پارتین یان یه‌كێتین.
له نه‌بوونی كه‌سایه‌تی كاریگه‌ردا، ئێزیدییه‌كان، پارتی دیموكراتی كوردستان به كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانن. گله‌یی ئێزیدییه‌كان له پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك حزبێكه كه چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆریان لێی هه‌یه. ئەوان به چاوی رێزه‌وه ته‌ماشای مه‌سعوود بارزانی و مسته‌فا بارزانی و مێژووی بارزان ده‌كه‌ن، له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئێزیدییه‌كان. بۆیه پێیان وایه، پارتی ده‌بێ هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه چاكسازییه بێت، كه متمانه و ئاسایش و ئه‌مان بۆ ئێزیدییه‌كان دروست بكات. له هه‌مانكاتدا میكانیزمێك بسه‌پێنێ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه و سیسته‌می ئیداریدا تا ئێزیدییه‌كان له به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌ی خۆیان و كۆمه‌ڵگاكه‌یاندا، به شێوه‌یه‌كی به‌رابه‌ر به‌شدار بکات.
كاتێك ده‌چینه ناو ئێش و ئازاری ئێزیدییه‌كان، به‌شه‌كه‌ی تری كوردی موسڵمان، بە هۆکار دەزانن. له كۆمه‌ڵگه زۆرەملێکانی ناوچه‌ی شه‌نگالدا، ته‌نیا ئێزیدییه‌كان، خان‌و و موڵك و ماڵی خۆیان به‌ناوی خۆیان نییه. وه‌ك (بدون)ەکانی خه‌لیج و ئه‌و كوردانه‌ی له سوریا به‌بێ ناسنامه‌بوون. ئێزیدییه‌كانیش له رووی موڵكداریه‌تییه‌وه له‌م جۆرانه‌ن. ئه‌م بێبەش کردنە، به هه‌ڵویستی دین له به‌رانبه‌ر دین لێكده‌ده‌نه‌وه و به زوڵمێكی زۆر له‌سه‌ر خۆیانی داده‌نێن. پێیان وایه هه‌ر ئه‌و روانگایه وایكردووه، ئێزیدییه‌كان له جموجۆڵی بازرگانیدا، نه‌توانن شوێنی تایبه‌تی خۆیان بگرن. بۆیه له كوردستاندا ده‌ست وبەشداری سه‌رمایه‌دارانی ئێزیدی، كاربه‌ده‌ست و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانیان، زۆر لاواز و كه‌مه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی(مجمع) كه ته‌نیا ئێزیدییه‌كان خاوه‌نی موڵك و ماڵی خۆیان نین، ئێستا برینێكی گه‌وره‌ی، له‌ناویاندا ژیاوه‌ته‌وه كه له زه‌مانی به‌عسیشدا په‌یڕه‌و كراوه. له‌و سه‌رده‌مدا، ناوچه‌ی شه‌نگال و ئێزیدییه‌كان مه‌یلی خۆ به عه‌ره‌بزانین، له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ته‌عریبی حكوومه‌تی عێراق، تێكه‌ڵ ببوو به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ش هه‌ستیان به فه‌رق و جیاوازی عه‌ره‌بی موسڵمان، واته به‌عسیه‌كان ده‌كرد، به‌رانبه‌ر به ئێزیدی به‌عسی. بۆ نموونە، كاتێك كه موڵك و ماڵ پێشكه‌شی به‌عسیه‌كانی ناوچه‌كه كراوه، له‌ناویاندا ئێزیدی هه‌بوونه، ته‌نیا ئێزیدییه‌كه موڵك و ماڵه‌كه‌ی پێ نه‌دراوه. له ته‌نیشت ئه‌و، كوردی موسڵمانی به‌عسی و عه‌ره‌بی به‌عسی، ئه‌و پاداشتانه‌یان وه‌رگرتووه. ئه‌وه وایكردووه له مێژووی، ئێزیدییه‌كاندا، برینێكی قووڵی بێ متمانه‌یی، هەست کردن بە بێبه‌شیی هه‌بێت. له ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا، قەرەبوویەکی شایانی باسییان بۆ نەکراوەتەوە.
ئێستا خه‌ڵكی ئاواره‌ی ئێزیدی، ئێزیدییه‌كانی ناوچه‌ی شه‌نگال و ناوچه‌ی شێخان، به چاوی رێزه‌وه ته‌ماشای هه‌ڵوێستی ئه‌م دواییه‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌كه‌ن. به‌تایبه‌تی له زاخۆ و له دهۆك، له پێشوازی كردنیان رازین. هەڵبەت ئه‌وه‌ش له بێ متمانه‌ییانی كه‌م نه‌كردوونه‌ته‌وه. بۆ نمونه: یه‌كێك له هۆكاره‌كانی، به خێرایی رۆیشتنی ئێزیدییه‌كان به‌ره‌و په‌كه‌كه و متمانه کردن بەو حزبە، بۆ هەڵوێستی ئەو حزبە لە دین دەگەرێتەوە. ئێزیدییەکان، له‌ناو خۆیاندا خه‌یاڵی بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن كه له‌وانه‌یه، په‌كه‌كه له داهاتودا خزمه‌تیان بكات. چونکە په‌كه‌كه حزبێكی چه‌پی عه‌لمانی دژ به دینه، هیچ بایه‌خێك به دین نادات، ئه‌وه‌ش له‌ناو ئیزیدییه‌كان بووه به مایه‌ی په‌سه‌ندكردنێكی فراوان. پێیان وایه حیزبێكی غه‌یره دینی، ده‌ستێوەردان له كاروباری دینی ئه‌وان ناكات و سه‌رنجام ئازاریان نادات. ئه‌و شه‌عبیه‌ته‌ی په‌كه‌كه له‌ناو ئێزیدییه‌كان هه‌یه‌یتی، ته‌نیا بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، گه‌ر نا له هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی دیكه‌ی حیزبه‌كه رازی نینه.
یه‌كێكی تر له روانگه‌ی ئێستای ئێزیدییه‌كان، له كوردستاندا ده‌ڵێن، متمانه ته‌نیا به قسه‌ی سیاسی و بڕیاری سیاسی دروست نابێ. بۆ نموونه تا ئێستا دەزگای دینی، له‌ناو به‌شی موسڵمانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا، به ڕەسمی ئیدانه‌ی كوشتوبڕی ئێزیدییه‌كان به ده‌ستی داعش نه‌كردووه. هیچ بڕیارێكی سه‌رتاسه‌ری ئه‌وتۆ نییه، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی پێ ئاماده‌كرابێ تا كوشتنی ئێزیدی حه‌رام بكرێ. هه‌ڵسوكه‌وتی داعش به هه‌ڵسوكه‌وتی غه‌یره ئیسلامی دابندرێ. ئه‌وان ده‌ڵێن گوتاری سیاسی، جێگه‌ی په‌روه‌رده‌ی دینی و كۆمه‌ڵایه‌تی ناگرێته‌وه. نموونه زۆره، كاتێك داعش په‌لاماری ناوچه‌ی ئێزیدییانی داوە، فه‌رمانده‌كان و چه‌كداره‌كانی پێشمه‌رگ، له‌و ناوچه‌یه‌دا به ته‌له‌فۆن و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌س و كاری خۆیاندا بوونه، داوایان له پیاوانی دینی كردووه، ئایا بمێننه‌وه و به‌رگری بكه‌ن یان نا؟ ئایا ئه‌گه‌ر بكوژرێن ئیمانیان ده‌مێنێ یان نا؟ ئه‌وان ده‌ڵێن پیاوانی دینی و كه‌س و كاری پێشمه‌رگه‌كانی كوردی موسوڵمان، له ناوچه‌ی شه‌نگال فه‌رمانیان پیكردن كه ناوچه‌كه چۆڵ بكه‌ن. ئه‌و فه‌رمانه‌ش تابعێكی دینی هه‌بووه.
کۆمەڵگەی ئێزیدیی داخراوە.ئەو کۆمەڵگا دینییە خۆجێییە میر و ئه‌نجومه‌نی رۆحانی. هه‌موو ئێزیدییه‌كان، هه‌ست به لاوازی هه‌ڵویستی میری ئیزیدییان ده‌كه‌ن. پێیان وایه سه‌ركرده و میرێكی دینی ئەوتۆ نییه كه بتوانێ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی بپارێزی. هه‌روه‌ها ئەنجوومەنی رۆحانیش، مه‌جلیسێكی پیری نه‌خوێنده‌واری په‌ككه‌وته‌نه، به دوای به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌وه‌ن.ئەو ئەنجوومەنە، زیاد له پێویست ڕه‌ق و چه‌ق به‌ستون و ئاماده‌یی هیچ گۆڕانكاریه‌كیان تێدا نییه. ئه‌وه بووەتە هۆی قوڵتربوونەوەی كاره‌ساتەکانیان. كۆمه‌ڵگای داخراوی ئێزیدی، ئامادەیی كه‌می تێدایه بۆ وەرگرتنەوەی قوربانییه‌كان. ڕێگا لەپێش رێوشوێنی مه‌ده‌نیانه بۆ تێكه‌ڵبوونه‌وه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگایان، ئاڵۆز دەکات. هه‌ڵبه‌ت فتوایه‌ك له لایه‌ن بابه شێخه‌وه هه‌یه كه پێشوازی له ژنه ڕفێندراوه‌كانی ئێزیدی بكرێت و وه‌ریان بگرنه‌وه. ڕۆشنبیرەکانی ناو خودی کۆمەڵگای ئێزیدی، پێیان وایه فتوایه‌کە زۆر لاوازه و له پلەکانی خواره‌وه ئیشی بۆ ناكرێ. بۆیه قبوڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی له لای داعش دێنه‌وه، كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدییه.
تا ئێستا زیاتر له 300 ژنی رفێندرا‌و گه‌ڕاونه‌ته‌و، ئەوانە بە ڕواڵەت قه‌بوڵ كراونەوە. هەڵبەت قه‌بوڵكران به مانای نه‌كوژران و له‌ناو كه‌س و كاری خۆیانن. پرسیارە لەوەدایە: چۆن بڕیاری دینی- كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر چاره‌نوسیان ده‌درێ؟ ئه‌وانه وه‌ك قوربانی قه‌بوڵ ده‌كرێن یان به پیس و گڵاو ته‌ماشا ده‌كرێن؟ ئایا سه‌ره‌نجام به دزیه‌و، له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی ده‌ریان ناكه‌ن و ده‌رفه‌تی ژیانیان لێ ناگرن؟ هه‌ڵویستی ئەنجوومەنی رۆحانی، به‌رانبه‌ر ئەو منداڵانه‌ی رفێندراون چی ده‌بێ؟ هه‌ڵبه‌ت به‌رانبه‌ر به‌و پیاوانه‌ی كه رفێندراون و دێنه‌وه، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی هه‌ڵوێستێكی باشی هه‌یه، پیاوان به ئاسانی وه‌رده‌گرنه‌وه.
ئه‌و ژنانه‌ی رفێندراون و دووگیانن، چاره‌نوسیان چی ده‌بێ؟ بڕیاری حكوومه‌ت هه‌یه بۆ له‌بار چواندنیان. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی به له‌بارچواندن رانه‌گه‌یشتن و منداڵیان بوو؟ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی چ بڕیارێك ده‌دات بۆئه‌وه‌ی ئه‌وانه وه‌ربگرێنه‌وه؟ ئایا ئه‌وانه جێگایان ده‌بێته‌وه؟، دینی ئێزیدی، له‌گه‌ڵ ئه‌م رووداوانه مامه‌ڵه‌یه‌كی واقیعیانه دەكات؟ له‌م روانگایه‌وه، و نوخبه‌ی سیاسی و رۆشنبیریی ئێزیدی، پێیانوایه ده‌بێ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدیش ئامۆژگاری بكرێ، بخرێته ناو گفتوگۆ و فشارێكی ناوخۆیی تا به‌هانای قوربانیه‌كانه‌وه بچێت.
ئێزیدییه‌كان داوا دەکەن، له‌ناو هه‌رێمی كوردستاندا بزووتنه‌وه‌یه‌كی دۆستایه‌تی كردن و له‌باوه‌شگرتنی ئێزیدییه‌كان دروست ببێ، فتوای دینی و بڕیاری سیاسی و به كرده‌وه‌ی له‌پشت بێت. چاویان له سه‌رۆكی كوردستان مه‌سعوود بارزانییه تا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به قووڵی وەربگرێت.
ئایا ئه‌و ئاوارانه‌ی ناوچه‌ی شه‌نگالیان به‌جێ هێشتووه، ئه‌وانه‌ی له‌ناو هه‌رێمی كوردستان یان لە رۆژئاوا ئاواره‌بوونه، هەروەها ئه‌وانه‌ی رۆیشتوون بۆ ئه‌ورووپا، نیازی گه‌ڕانه‌وه بۆ ناوچه‌كانی خۆیان هه‌یه ؟ به پێی ئه‌و بۆچوونانه‌ی له ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئیزیدیدا ده‌ست ده‌كه‌ون، پێیانوایه زۆربەی ئاواره‌كان، بیر له نه‌گه‌ڕانه‌وه و كۆچی یه‌كجاری ده‌كه‌ن. ئه‌وان پێیان وایه له هه‌نده‌ران، ده‌توانن خۆیان و دینەکەیان بپاریزن، چونکە له‌ناو نیشتماندا، هیچ زه‌مان و ئه‌مانێك بۆ پاراستنی نییه. ئه‌وانه‌ی له كه‌مپه‌كانی دهۆك، زاخۆ گیرساونەوە، نیگه‌رانن و دابه‌شبوونه له‌نێوان رۆیشتن بۆ هه‌نده‌ران یان متمانه كردن به‌و چاكسازیه‌ی، ئه‌وان داوای ده‌كه‌ن له‌ناو هه‌رێمی كوردستان. ئێستا كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی له‌و نه‌هامه‌تیه‌دا ده‌ژیه‌ت. میری ئێزیدیان و به‌شێك له ئەنجوومەنی رۆحانی، كوردستانیان به‌جێ هێشتووه، له ئه‌ورووپا ده‌ژین. ئه‌وه بۆ کۆچ کردن، هانی ئێزیدییه‌كان ده‌دات. وه‌ك بڵێی کۆبڕیارێكی ڕانه‌گه‌یه‌ندراوی شاراوه هه‌یه ئێزیدی ده‌بێ كوردستان به‌جی بهێڵێ. ئه‌وه یه‌كێك له‌و هه‌ڕه‌شانه‌یه، له‌سه‌ر مانه‌وه و نه‌مانه‌وه‌ی، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی له‌ناو هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ی.
یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی ئێزیدی، پێیوایه، جیا له دین، به خێرایی چاكسازی سیاسی و کارگێڕیی بكرێت. ئه‌مه‌ش دوای لیكۆڵینه‌وه‌یه‌كی قووڵ و تێگه‌یشتن له رووداوه‌كان بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بڕوا به كۆمه‌ڵگه‌ی خۆجێیی ئێزیدی له خۆبه‌ڕێوه‌بردن و به‌شداری كردن له هه‌رێمی كوردستان و عێراقیشدا بێنن. هه‌روه‌ها ده‌رگایه‌كی ته‌واوی به‌رابه‌ریان بۆ بكرێته‌وه تا به‌شداربن، له جموجۆڵی ئابووری، ئازاد بن له ئه‌نجامدانی رێوڕه‌سمی دینی خۆیان، به‌بێ هه‌ستکردن به هیچ كێشه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ یان هیچ نیازێكی به‌لاوه‌نان و بێبه‌شكردن هه‌بێ، له كاری سیاسی و ئیداریدا. ئه‌وان پێیان وایه، هێزی پیشمه‌رگه له ناوچه‌كه‌دا، به‌تایبه‌تی له ناوچه‌ی شه‌نگال، له ئیزیدییه‌كان دروست بكرێ. سه‌رباری ئه‌وه‌ی ده‌كرێ هێزی پێشمه‌رگه دیكه‌ی غه‌یری ئیزیدیش له‌و ناوچه‌یه هه‌بێ، به‌ڵام ئه‌وه ئیزیدییه‌كانن ده‌بێ فه‌رمانده‌یی ناوچه‌كه‌یان به‌ده‌سته‌وه بێت. له رووی به‌ڕیوه‌بردنی ئیداریشه‌وه، پێیان وایه ده‌بێ به‌ڕیوه‌به‌ره ئیداریه‌كانیان، له‌ناو خۆیان و له كه‌سانی شیاو هه‌ڵببژێردرێ.
به‌شیك له ئێزیدییه‌كان،لەو باوەڕەدان، لێپرسراوانی لق و ناوچه‌كان، له دڵه‌وه بڕوایان به به‌شداری پێكردنی هێزی چه‌كداری ئیزیدییه‌كان نییه. ئه‌وه‌ش وا ده‌كات ئه‌وان به ئاسانی متمانه‌یان بۆ دروست نه‌بێتەوە و به‌سه‌ر ئه‌م مێژووه دوور و درێژ و خوێناویه‌ی، ئه‌وان به مێژووی فه‌رمان كردنی، یه‌ك له دوای یه‌كی خۆیانی ناوده‌به‌ن، هه‌ڵویسته بكه‌ن و ترسیان زیاتر بێت. به كورتی ؛ ئێزیدییه‌كان گه‌ر بیانه‌وی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناوچه‌كه‌ی خۆیان، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن، دوو هۆكار هه‌یه كه په‌لكێشیان ده‌كات، ئه‌وانیش بریتین لە:
یه‌كێکیان هۆكاری نیشتمان و خاكه. دووه‌میان هۆكاری چه‌كه. پێیان وایه، خاكەکەیان پیرۆزه و سه‌رزه‌مینی خۆیانه. به درێژایی مێژوو تێیدابوونه به‌ڵام ئێستا هیچ ئه‌مانێكی تێدا نه‌ماوە و كه‌سیش نییه بیانپارێزێ. بۆیه هۆكاری خاك كه‌متر رایانده‌گرێ. خه‌ریكه له‌ناخه‌وه ده‌له‌قن تا خاك به‌جێ بهێڵن بۆ ئه‌وه‌ی دینه‌كه بپارێزن.
هۆكاری دووه‌م چه‌كه. ئه‌وان پێیان وایه، به چه‌ك ده‌توانن خۆیان بپارێزن. ته‌جره‌به‌ی دوور و درێژی به‌رگری لەخۆكردنیان له چیای شه‌نگال و پیرۆزی چیای شه‌نگال، بۆ هۆكاری چه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌وان پێیانوایه به كه‌مترین چه‌ك و هاوكاری نێوان خۆیان، خۆیان لە چیای شه‌نگال پاراستوە. ئه‌گه‌ر چه‌كدار بكرێن و متمانه‌یان پێ بدرێ، خاك و چه‌ك به ده‌ستی خودی ئێزیدییه‌كان بێت، ده‌بێته هۆكارێكی كاریگه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی ئاواره‌كانی ناوخۆی هه‌رێم بگه‌ڕێنه‌وه و كاریش له‌سه‌ر ئاواره‌كانی ده‌ره‌وه بكرێ، له داهاتوودا بگه‌ڕینه‌وه ناوچه‌كانی خۆیان.
ده‌بێ ئێزیدییه‌كان كاریان پێ بدرێ و متمانه‌یان پێ بكرێ. ئه‌وه‌ش پێویستە له پلانی به كرده‌وه‌ی، ئیداری و سیاسی و عه‌سكه‌ری و دینی كوردستاندا، ره‌نگ بداته‌وه، تا ئیزیدییه‌كان وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن بڕوا بكه‌ن؛ كوردی موسڵمان به‌رانبه‌ر یان "نییه‌ت سافن". ئه‌مه قسه‌ی ئه‌وانه.
ته‌وه‌ری دووه‌م:
به‌هاناوه‌چونی مرۆیی و پزیشكی، سه‌رله‌نوێ وه‌رگرتنه‌وه و راهێنانی قوربانیه‌كانه بۆ ناو كۆمه‌ڵگه و پاشان بۆ سه‌ركار.
ئه‌م بواره زیاتر بوارێكی پسپۆرییه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌شی ته‌ندروستی كۆمه‌ڵایه‌تی. له‌به‌ر ئه‌وه، ده‌بێ حكوومه‌ت، میكانیزمی تایبه‌تی ئیدار بۆ دروست بكات و كه‌ڵك له پسپۆرانی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه وه‌ربگرێت. هه‌روه‌ها ته‌جره‌به‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ش دیراسه بكات كه كاره‌ساتی هاوشێوه‌ی شه‌نگال، به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌یاندا هاتوو. هه‌ڵبه‌ت لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئەو کۆکوژییەی به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئه‌نفالكراودا هات، له‌به‌ر بێ ته‌جره‌به‌یی و ده‌ست كورتی حكوومه‌تی هه‌ریمی كوردستان، كه‌متر كاری به‌هاناوه‌چوون و سه‌ردان و راهێنانیان بۆ ئه‌نجامدرا.
سه‌ره‌تا ده‌بێ داموده‌زگای ته‌ندروستی، ته‌ندروستی كۆمه‌ڵایه‌تی، بایه‌خ به ته‌ندروستی گشتی خه‌ڵكه‌كه بده‌ن. به‌هۆی ئاواره‌یی و وێرانكاری ناوچه‌كه‌یان، كوشت و كوشتار و رفاندن، ته‌ندروستی دەروونی خه‌ڵك، به شێوه‌یه‌كی قووڵ ده‌كه‌وێته به‌ر هه‌ڕه‌شه. نه‌خۆشی به شێوه‌ی جیا جیا روو له‌ناوچه‌كه ده‌كات. خه‌ڵكی شه‌نگال، به‌فراوانی كه‌وتنه به‌ر كاره‌ساتی كوشتن، وێرانكردن، بێڕێزی پێكردن و وێرانكردنی شوینه پیرۆزه‌كانیان. ئەو پێشێلکارییانە، له لای كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی زۆر كاریگه‌ره. ژنان و منداڵان به‌تایبه‌تی كه‌وتنه به‌ر په‌لامارەکە. ئه‌مه‌ش وایكردووه كه ئێستا كۆمه‌ڵگه‌ی خۆجێیی ئێزیدی، له ناوچه‌ی شه‌نگال، وه‌ك كۆمه‌ڵگایه‌كی غه‌در لێكراو، شێوێندراو، بریندار و نه‌خۆش دابندرێ.
باری دەروونی:
هەر مرۆڤێک، كاتێك شوێنی ژیانی ده‌گۆڕدرێ، هه‌موو ئاوات و مێژووی لێ سه‌رنگون ده‌كرێ. شه‌خسیه‌تی ده‌روونی ئه‌و كه‌سه ده‌كه‌وێته به‌ر په‌لاماردان، ئه‌وانه‌ی قوربانین، ئه‌وانه‌شی ده‌مێننه‌وه له بارێكی ده‌روونی شێواودا ده‌ژین. له‌وه‌وه‌یه كه فشاری ده‌روونی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتووری، جۆره‌كانی دیكه‌ی فشار، له‌سه‌ر تاكی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه دروست ده‌بێت. ئه‌مه‌ش ده‌رهاویشته‌ی دیكه‌ی، بۆ سه‌ر یه‌ك به یه‌كی خێزان و كه‌سه‌كان ده‌بێت. ئەوه‌ش پێویستە، له لێكۆڵیینه‌وه‌ی تایبه‌تیدا ده‌ستنیشان بكرێت. هه‌ڵبه‌ت كۆچ كردن، ئاواره‌بوون، كۆچ پێكران كاریگه‌ری خۆی به‌سه‌ر دانیشتواندا هه‌یه. گوشاری ده‌روونی له‌هه‌ر وڵاتێک‌دا، به شێوه‌ی تایبه‌تی خۆی ره‌نگ ده‌داته‌وە. پێویستە پشت بە دراسه‌ی مه‌یدانی ببەسترێ تا شێوه‌كانی ده‌ستنیشان بكرێن. نه‌خۆشی خه‌مۆكی به شێوه‌یه‌كی فراوان باڵ به‌سه‌ر كه‌سه‌كان و خێزانه‌كاندا ده‌كێشێ. هه‌روه‌ها گرفتی گه‌نجان بۆ نه‌گونجان، ترازان و له‌ده‌ست چوونی هه‌موو ئاواته‌كانیان، ده‌ست پێده‌كات. كاتێك كۆمه‌ڵگه‌ی خۆجێیی ده‌گوازرێنه‌و بۆ كه‌مپه‌كان، له‌وێ شار و گوندی لێكدی جیاواز، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناوچه‌كه، تووشی جیاوازیی و به‌ریه‌ككه‌وتنی كولتووری و فه‌رهه‌نگی ده‌بنه‌وه. ئه‌و حاڵەته‌ش وا ده‌كات، روانگه‌ی فه‌رهه‌نگی جیاواز، بۆ ژیان، دین، ژیانی تاك و خێزانی له نێو دانیشتوانی كه‌مپه‌كاندا سه‌رهه‌ڵبدات. سه‌ره‌نجام ئه‌و جیاوازییه، ده‌بێته كێشه له‌ناو كه‌مپه‌كاندا. كێشه‌ش فشاری سه‌ر كه‌سه‌كان زیاتر ده‌كات. كه‌سانی ژێر فشار، به شێوه‌ی سه‌ره‌كی، تووشی خه‌مۆكی ده‌بن، خه‌و زڕان و كابوس ده‌بێته به‌شێك له شه‌وانیان. هه‌ر بۆیه، به رۆژ كاتێك دێنه ناو ژیانی كه‌مپه‌كان، ده‌بێ حیساب بۆ ئه‌وه بكرێ، ئه‌و كه‌سان، له باریكی مه‌عنه‌وی و ناته‌ندروستی لێكترازاو و پڕ له كیشه‌دا ده‌ژیه‌ن.
ئاوارەیی، بێ ئومێدیی خه‌ڵكه‌ك، به‌رانبه‌ر به چاره‌نووسیان زیاتر ده‌بێت. بێ ئومێدی وا ده‌كات، هیچ كه‌س نه‌زانێ، چ به‌رنامه‌یه‌كی ده‌بێت، پلانه‌كانی لێ تێكدەچن. کەس ده‌ستی له‌و گۆڕانكارییه ترسناكه‌ی، به‌سه‌ر خۆی و ناوچه‌كه‌دا هاتووه نه‌بووه، بۆیه ئیستا كه‌سێكی دابڕاوه، كه‌سێكه جیاكراوه‌ته‌وه له هه‌موو مێژوو و روانگاو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و ئه‌و وابه‌سته‌ییه ده‌روونیه‌ی كه هه‌یبووه. كه‌سێكه هه‌موو پیرۆزییه‌كانی پیشێل كراوه، كه‌سه نزیكه‌كانی بردراون و ئه‌نفال كراون یان له‌به‌رچاوی كوژراون. بۆیه نیگه‌رانیه‌كی تازه دروست ده‌بێت، پێی ده‌گوترێ "نیگه‌رانی ئاینده". نیگەرانە؛ ئایا ده‌گه‌ڕێته‌وه ناوچه‌كه‌ی خۆی و ئه‌و مێژووه‌ی بۆ دروست ده‌بێته‌وه؟ ده‌رفه‌تی ژیانی بۆ ده‌بێ؟ ده‌توانێ قوربانیه‌كان و خۆشه‌ویسته‌كانی خۆی له‌بیر بكات؟ كه‌س هاوكاری ده‌كات، بۆئه‌وه‌ی ئه‌م ئاواتانه‌ی هه‌یبووه، سه‌رله‌نوێ بۆ دروست ببنه‌وه؟ حكوومه‌تێك یان هێزێك هه‌یه، هاوكاری بكات و بیپاریزێ، ناوچه‌كه‌ی بۆ ئاوه‌دان بكاته‌وه و بایه‌خ به ته‌ندروستی بدات و پاشان ده‌ستی بگرێ، رای بێنی تا سه‌ر له‌نوێ بژیه‌ته‌وه؟
مرۆڤی ئاواره و فشار له‌سه‌ر، هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نییه، بۆیه ده‌بێ پێیڕابگه‌ن. جیا له پێویستیان بۆ جێی حەوانه‌وه و خۆراک هه‌یه، پیویستیان به ئاسایش و دڵدانه‌وه‌ش هه‌یه. جا كاتێك كه باسی گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌كرێ، ئه‌و شتانه‌یان هه‌موو پێویسته.
- ئەوەی کە دەبێ بکرێ:
بۆ ئێزیدییه‌كان، به تایبه‌تی ئاسایش زۆر جێی بایه‌خه. وه‌ك ئاماژه‌مان پێكرد، له مێژووی ئه‌واندا، مه‌سه‌له‌ی ئاسایش شتێكی جدییه. هه‌ستێکیان هەیە، پییاندەڵێ؛ دینی ئێزیدیی بۆ ئه‌وان، بریتییه له هه‌ڕه‌شه بۆسه‌ر ژیانیان. له ناوچه‌ی شه‌نگال و ناوچه‌ی ئێزیدیاتی به گشتی، ده‌بێ دامه‌زراوه‌ی تایبه‌تی هه‌بن، له ناو كه‌مپه‌كان، گرنگی به منداڵان بده‌ن. له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌شیاندا، بۆ ئاوڕدانه‌وه و چاره‌سه‌ركردنی ده‌روونییان، رێكاری تایبه‌تی خۆیان هه‌بێت. چ ته‌جره‌به‌ی جیهانی، چ لێكۆڵیینه‌وه‌ی ناوخۆیی، چ ئاماده‌گی خودی كولتوور و ناوچه‌ك، رێگا نیشان ده‌دات، چۆن ده‌كرێ، منداڵان سه‌رقاڵ بكرێن به كاری هو‌نه‌ری، میوزیك، خوێندن، وه‌رزش، شێوازه‌كانی دیكه‌ی له‌م سه‌رده‌مه‌دا زۆرن. له‌وه‌دا ده‌كرێ ئێمه سودێكی باش له ته‌جره‌به‌ی كۆسۆڤۆ ببینین. كۆسۆڤۆ به‌شێكه له ئه‌وروپا، كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمانی كۆسۆڤۆ، ئاماده‌یی به‌هاناوه‌چوون و چاكسازی، له ناوچه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی، موسڵمانی شه‌رقی زیاتر بوو. له كۆسۆڤۆ هه‌موو رێكاره‌كانی به‌هاناوه‌چوونی قوربانیه‌كانیان قه‌بووڵ كرد. هه‌روه‌ها به ئاسانی كۆمه‌ڵگه‌ی دینی و سیاسی خۆیان له‌گه‌ڵدا گونجاند. پیاوانی ئایینی موسڵمان له كۆسۆڤۆ، به خێرایی پێشوازیان له ئافره‌ته قوربانییه‌كان كرد، وه‌ك ئافره‌تانی ئێزیدی رفێندرابوون و ده‌ستدرێژیان كرابووه سه‌ر. ئه‌وان بڕیاریكی دینیان دەرکرد؛ ده‌بێ كۆمه‌ڵگه‌ی خۆجێیی و خێزانه‌كان، وه‌ك قاره‌مان پێشوازی له ئافره‌ت و منداڵه قوربانیه‌كان بكه‌ن. هه‌ر کارەساتێكی به‌سه‌ریان هاتووه، ده‌بێ به به‌شێك له‌و قاره‌مانییه دابندرێت. ده‌بێ خێزان و كۆمه‌ڵگا، به گشتی باوه‌شیان بۆ بكه‌نه‌وه و جارێكی تر بیانخه‌نه‌وه سه‌ركار و هاوكاریان بكه‌ن. ئه‌وانه وه‌ك قاره‌مان، ئه‌و ئازاره‌ی كه چه‌شتوویانه ئازاری هه‌مووانه كه كه‌وتووه‌ته ناو ژیانی تاكی ئه‌وان، هه‌روه‌ها هه‌موو رێكاره‌كانی چاره‌سه‌ری ده‌روونیان قه‌بووڵ كرد.
له ڕووی به‌هاناوه‌چوونی ده‌روونی و ته‌ندروستی، ئه‌و بێ متمانه‌ییه‌ی، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی به‌رانبه‌ر به كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمانی كورد و غه‌یره كورد هه‌یه‌تی، گرفتێكی گه‌وره‌یه. ده‌بێ دراسه‌یه‌كی زۆر جدی و مه‌یدانی بكرێ، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر رێگایه‌ك یان هه‌رسیسته‌مێك یا میكانیزمێك، بۆ به‌هاناوه‌چوون ده‌ستنیشان ده‌كرێ، خۆی نه‌بێته فشارێكی نوێ له‌سه‌ر كه‌س و خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی. ده‌بێ هه‌وڵ بدرێ به قووڵی و به قورسی متمانه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ئازار دیتووی شه‌نگال بگه‌ڕێته‌وه.
- متمانه‌ی قووڵ یان قورس مانای چییه؟
مانای قووڵ و قورس ئه‌وه‌یه، هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی كه بوونه‌ته هه‌ره‌شه بۆسه‌ر ئازاردانی ئه‌وان له‌ناوببرێن. له هه‌مانكاتدا هێزێكی گه‌وره‌ی ماددی و سیاسی و په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی، پشتیوانیان بێت، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر كۆمه‌ڵگه‌ی خۆجێیی ئێزیدییان، ژیان به‌وپه‌ڕی ئازادی ده‌ست پێبكه‌نه‌وه. ئه‌م پێشنیارانە ده‌بێ به جدی له‌به‌رچاو بگیرێن. ئه‌گینا كۆمه‌ڵگه‌ی خۆجییی ئێزیدی، ئه‌و ره‌شكردنه‌وه و له‌ناوبردنه‌ی له‌به‌رچاو لاناچێ كه به درێژایی مێژوو بیستوویه‌تی و له ده‌قی پیرۆزی دینیدا گوێی بۆ گرتووه، له ژیانی ئێستای خۆیدا بینیویه‌تی. پێویسته کار بکرێت تا كۆمه‌ڵگه‌ی ئیزیدی حه‌ست بكات له‌گه‌ڵ هاووڵاتی موسڵمانی دیكه‌ی كورد، به‌رابه‌ره و ئه‌و به‌رابه‌ریه‌ش بنه‌مای خۆی هه‌یه. ئەو هەستە هه‌روا به ئاسانی و به قسه دروست ناكرێ.
ده‌بێ ئه‌و ترسه‌ی له‌لای ئیزیدییان هەیە، بڕه‌وێندرێته‌وه کە له ئیسلام وه‌كو دین و لە موسڵمان وه‌كو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا هه‌یه‌تی. ئه‌وان پێیان وایه، دینی ئیسلام بڕیار له‌سه‌ر نه‌هێشتنی دینی ئیزیدی ده‌دات، تاكی موسڵمانی كورد یان عه‌ره‌ب، كوشتن و له‌ناوبردنی په‌یڕه‌وانی دینی ئێزیدی، به غه‌زا ده‌زانێ، ئه‌وان پییان وایه ده‌بی ئه‌و قه‌ناعه‌ته له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی ده‌ستكاری بكرێ، هاووڵاتی كوردی موسڵمان وا نه‌زانێ له‌ناوبردنی كوردی ئێزیدی بۆ ئه‌و به‌هه‌شت دابین ده‌كات، ئه‌مه‌ش كارێكه به ئاسانی له جیهانی مه‌عنه‌وی ئیزیدیدا گۆڕانی به‌سه‌ردا نایه‌ت.
به‌شێكی تری به‌هاناوه‌چوونی ده‌روونی و سه‌رله‌نوێ راهێنانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئیزیدی، كاركردنه له‌سه‌ر نه‌فسیه‌تی كه‌مینه‌یی كۆمه‌ڵگه‌ی ئیزیدی. به‌رده‌وام هه‌موو كه‌مینه‌كان، ئه‌و باره ده‌روونییه‌یان بۆ دروست ده‌بێت. واتە هەست دەکەن ئه‌وان كه‌مینه‌یه‌كی بچووكن. باوه‌ڕی خۆیان و ژیانیان، له زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگاكه جیاوازه، كۆمه‌ڵگه قه‌بوڵیان ناكات، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌ناو كۆمه‌ڵگادا له‌به‌رچاو ناگیرێ. به‌ڵكو به‌رژه‌وه‌ندی خودی كۆمه‌ڵگه‌ی باڵاده‌ست، به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئه‌وان، سیاسەتی پاڵپێوه‌نان و کەمکردنەوەی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان دروست ده‌بێ. هه‌ربۆیه كۆمه‌ڵگه‌ی خۆجییی، زۆر به فراوانی هه‌ست به په‌راوێزخستن و زوڵمی به‌رده‌وام، به پله دوو و سێ له هاووڵاتی بوون ده‌كه‌ن. ئه‌م هەستە له‌ناو ئێزیدییاندا هه‌یه. ده‌بێ له‌گه‌ڵ كاری راهێنانی ده‌روونی، له‌سه‌ر ئه‌م بواره‌ش، كاریان له‌گه‌ڵ بكرێت.
ته‌وه‌ری سییه‌م:
رێكخستنه‌وه‌ی سیسته‌می كارگێڕی ناوچه‌ی شه‌نگال به تایبه‌تی، ئێزیدیاتی به گشتی.
له‌م دواییه‌دا، باسی به پارێزگا كردن، به كانتۆن كردن، به ئیداره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ كردنی ناوچه‌ی شه‌نگال، كه‌وته سه‌ر زاری ناوه‌نده سیاسی و میدیاییه‌كانی كوردستان. باس و خواسێكی زۆری له‌سه‌ر دروست بوو. به بی دیراسه کردن و وردبوونه‌وه، ناوه‌ند سیاسییه‌كان فیربوون بۆ دەسکەوتیی سیاسی یان بۆ به‌هاناوه‌چوونی ناوچه‌یه‌ك، زۆر به ئاسانی به‌ڵینی گۆڕانكاری ئیداری، له ناوچه‌كه ده‌دەن. له 20 ساڵی رابردوودا، زۆر به‌ڵێن به قه‌زاكان دراوه، گوایه ده‌یانكه‌ن به پارێزگا. سیاسییەکان پێیان وایه ئه‌و ئیمتیازه‌ی بۆ پارێزگایه‌ك ده‌چێت، زۆر به ئاسانی به بڕیاری سیاسی، ده‌كرێ بۆ قه‌زاكانیش دابین بكرێت.
كوردستان به درێژایی مێژوو وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ نه‌بووه. كاتێك وڵات سه‌به‌خۆ نه‌بوو، ده‌ڵه‌تێكی نابێ، تاكو پلانی دابه‌شكردنی كارگێڕی بۆ دابڕێژێت. دابه‌شكردنی كارگێڕی له ده‌وڵه‌تاندا، پلانێكه په‌یوه‌ندی به به‌ڕێوه‌بردن و باش به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌وه هه‌یه. وه‌ك زانستێك ته‌ماشا ده‌كرێ، خاوه‌نی ته‌جره‌به و چه‌مكی دیاریكراوی خۆیه‌تی. ئه‌و هۆكارانه‌ی له وڵاتێكی دیاریكراودا دەبنه ده‌سكه‌لا بۆ دابه‌شكردنی كارگێڕی ده‌كرێن، روانگا و پلانی دابه‌شكردنی ئیداری وڵاتێكی دیاریكراو دروست ده‌كات.
پلانی دابه‌شكردنی ئیداری، به پله‌ی یه‌كه‌م به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانه‌كه‌ی له‌به‌رچاوه. دوایی به‌رژه‌وه‌ندی پێشكه‌وتنی ناوچه‌كه، لەبەرچاو دەگیرێت. هیچ ناوچه‌یه‌ك ناتوانێت پێشبكه‌وێت، ئه‌گه‌ر وڵاته‌كه له‌سه‌ر سیسته‌مێكی كراوه‌ی پیشكه‌وتوو به‌ڕێوه نه‌چێت. هیچ ناوچه‌یه‌ك ناتوانێ پێشبكه‌وێ، ئه‌گه