UN بودجەی نییە و عێراقیش وەكو وڵاتێكی دراوسێ مامەڵە لەگەڵ ملیۆن و نیوێك ئاوارەلە هەرێمی كوردستان دەكات
December 11, 2014
راپۆرتەکان
ئاوارەكانی کەمپەكان لەكەمبوونەوەی یارمەتیەكانی un و عێراق نیگەرانن
لە میانەی سەردانی تیمی گۆڤاری گوڵان بۆ كەمپەكانی (بەحركە و دارەشەكران و هەر شەم یەك و دۆمێز) كە ئاوارەكانی كوردانی رۆژئاواو كۆبانێ و ئێزیدی و شەبەكمان بەسەر كردەوە؛ لەنزیكەوە لەسەر زاری ئاوارەكان گوێبیستی خراپی بارودۆخەكە و نیگەرانی هەواڵەكەی un بوون، كە لەئاكامی هاتنی وەرزی زستان و كەمبوونەوەی هاوكاری و كۆمەكەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بارودۆخی ژیانیان لەژێر چادرەكان دژوارتر بووە. ئاوارەكان گلەیی و رەخنەیان لە پەراوێزخستنیان لەلایەن حكومەتی مەركەزی عێراق و ئاژانسە مرۆییە نێودەوڵەتیەكان هەبوو لەكاتێكدا لەم وەرزەی سەرماو سۆڵ و بارانەدا ژیان لەناو چادر زۆر زەحمەتە. لە كەمپی دارەشەكران ئاوارەكان كە لەكوردانی رۆژئاوا پێكهاتوون گلەیی و رەخنەی زۆریان لە خراپی چادرەكان و كەمی خزمەتگوزارییەكانی ئاو و كارەباو ئاوەڕۆ و نەبوونی شوێنی خۆشوشتن و كەمی wc و چەندین پێداویستی دیكە هەبوو بەتایبەتی ئەو ئاوارانەی كۆبانێ كە دوای ماندووبوون و لەبارودۆخێكی دژواردا لەم ماوەیەدا گەیشتبوونە كەمپەكە. نەبوون و كەمی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان وێڕای ئەوەی ژیانی ئاوارەكانی سەختتر كردووە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتای ترسناكیش. ئیبراهیم محەمەد كە خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە بۆ گۆڤاری گوڵان هاتە ئاخافتن و باسی لە قوڕ و لیتەی ناو كەمپەكە و خراپی خزمەتگوزارییەكان و ئەگەری راگرتنی هاوكاری و كۆمەكەكانی unكرد وتی:(بڵاوبوونەوەی هەواڵی قەیرانی دارایی رێكخراوی UN نیگەرانی كردوین ناكرێت مرۆڤایەتی لەبەرامبەر گەورەترین كارەساتی مرۆیی دا دەستەوەستان بوەستێت بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و قوڕ و لیتەی ناو كەمپەكان كە ئەوەندەی تری ژیانمانی سەخت و دژوار كردووە)، ئەم كوردەی رۆژئاوا داوای لە خێرخوازان كرد جلوبەرگ و شیرو دایبی منداڵ و بەتانی و كومباریان بۆ بهێنن، چونكە لەسەرەتای ئاوارەبوونی كوردانی رۆژئاوادا بەهاناچوونی خەڵكی كوردستان و حكومەتی هەرێم بەرادەیەكی باش فریای لێقەوماوەكان هات. لەهەمان كەمپی دارەشەكران ئاوارەیەكی تر بەناوی فەرحان یونس داوای لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە بەشێوەیەكی باشتر ئەو رەوشە خراپەی پەنابەران بۆ رێكخراوی UN و كۆمەلگەی نێودەوڵەتی بگوازێتەوە تاوەكو لەرێگای دامودەزگاكانیەوە یارمەتی و كۆمەكی زیاتریان بكرێت بەتایبەتی لەدابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی حەمام و تەوالێت بۆ سەرجەم چادرەكان كە ئێستا ئەوان بەناچاری حەمام و توالێتی چادرەكانی دیكە بەكار دەهێنن. محەمەد خالید كە خەڵكی كۆبانێ بوو وتی:(لەم وەرزەدا زۆر پێویستیمان بە شوێنی نیشتەجێبوونی باش و سوتەمەنی بۆ خۆگەرمكردنەوە هەیە، ئێمە سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە بۆ هەر خێزانێك بڕی 60 لیتر نەوت دابەش دەكەن بەڵام لە نەبوونی كارەبای پێویست بۆ خۆگەرمكردنەوە ئەم بڕە نەوتە زۆر كەمە بەتایبەتی كە شوێنی كەمپەكەمان زۆر ساردو نسرمە) ئەم كوردەی رۆژئاوا باسی لەبڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەناو منداڵانی كەمپەكە كردوو پێی وابوو خراپی رەوشی ژیان و كەمی خزمەتگوزارییەكان و سەرماو سۆڵەی زستان بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی درم و ترسناك لەوانە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بێست و حەساسیەت و سكچوون و رژانەوە كە ئەركی ئاژانسە پەیوەنـدارەكانی UNیە بەهانای منداڵەكانیانەوە بچن و رێگا نەدەن نەخۆشی و پەتای مەترسیدار بڵاوبێتەوە ژمارەیەكی دیكەی ئاوارە هەر لەهەمان كەمپی دارەشەكران داوای باشكردنی بنكە تەندروستیەكەیان و دابینكردنی پزیشكی ئافرەتانیان كرد. ژمارەیەكیش لەقوتابیەكان داوای دابینكردنی كتێب كرد كە لەم رووەوە كەموكورتیەكی بەرچاو هەبوو. هەر لە كەمپی دارەشەكران حەسەن یوسف كە ئەویش كوردی كۆبانێ بوو خۆی و خێزانەكەی لەچەند رۆژی رابردوو لەتوركیاوە هاتوونەتە ئەم كەمپە وتی:(لەكاتی بارانباریندا ئاو دێتە ژێر چادرەكان و پێخەف و شوێنی نیشتەجێبوونمان دەكەوێتە ژێر ئاو؛ داواكارین لە UN و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هاوكاری و یارمەتیمان بۆ بنێرن و لەمەترسیەكانی سەرماو سۆڵەی زستان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی رزگارمان بكەن).
بەهۆی قەیرانی دارایی ناو رێكخراوی unەوە ئاستی هاوكاری و یارمەتیەكانی ئاوارە روو لەكەمی دەكات
ئاوارەو پەنابەرەكان كە لەدەست داعش و لەگەرمای هاوین و بێئاوی و بێخواردن دەربازیان بوو، بەڵام ئێستاكە لەبەر مەترسی سەرماو سۆڵەی زستاندان؛ سەعد عەلی لەناو كەمپی بەحركە باسی لەكەمكردنەوەی هاوكاری و یارمەتیەكانی UN و حكومەتی عێراق كردوو پێی وابوو رۆژ لەدوای رۆژ ئاستی هاوكاری و یارمەتیەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان روو لە كەمی دەكات لەكاتێكدا كە حكومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەك هاوكاری نەكردوون. بەمشێوەیە حكومەتی عێراق بەهیچ شێوەیەك هاوكاری و یارمەتی ئاوارەكان ناكات لەكاتێكدا زۆر لەو هاووڵاتیانەی لەم كەمپی هەرشەم یەك و بەحركەن لە كوردی شەبەك و عەرەبی سوننەن كە لە شاری موسڵ و دەشتی نەینەوا هەڵهاتوون كە لەدۆخێكی زۆر خراپدان و چاوەڕێی ئاوڕلێدانەوەی زیاترن هیچ نەبێت خزمەتگوزارییە سەرەكیەكانیان بۆ دابین بكرێت؛ لەمبارەیەوە هاووڵاتیەكی تری ئاوارە بەناوی عیسا عەبدولڕەحمان وتی:(حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەردەوام لەهەوڵی كەمكردنەوەی كەموكورتیەكانی ناو كەمپەكاندایە بەپێچەوانەی حكومەتی ناوەندی بەغداوە كە بەئاشكرا هاووڵاتیانی ناو كەمپەكانی كوردستان فەرامۆشكردووە، لەو هەواڵانەش نیگەرانین كە نەتەوەیەكگرتووەكان بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانێت كۆمەك و هاوكاریمان بكات)، هەروەها هاووڵاتیەكی تر بەناوی عەبدولڕەحمان محەمەد سەبارەت بەپەراوێزخستنیان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە وتی:(حكومەتی ناوەندی عێراق بەهیچ شێوەیەك هاوكاری و یارمەتی نەكردوین لەمەشدا مێژوو ئەو پەراوێزخستنەی بەغدا تۆمار دەكات كە حكومەتی عێراق نەك تەنیا گەمارۆی ئابووری بەسەر هەرێمی كوردستان سەپاندووە بەڵكو لەرووی مرۆڤایەتیشەوە هاووڵاتیانی خۆی لەناو كەمپەكانی هەرێمی كوردستان فەرامۆشكردووە). وتەكانی ئەم هاووڵاتیە لەلایەن ژمارەیەكی زۆری دیكەی ئاوارەكانەوە پشتڕاست كرایەوە ئەوانیش حكومەتەكەی عێراق و UN یان لەبەرامبەر پرسی ئاوارەكان بەكەمتەرخەم دانا.
لەمیانەی بەسەركردنەوەی كەمپەكان ئیسماعیل محەمەد یاریدەدەری بەرپرسی كەمپەكانی سنووری پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكی تایبەت بۆ گوڵان وتی:(تا دێت ژمارەی ئاوارەو پەناهەندەكان لەپارێزگای دهۆك روو لەزیادبوون دەكات بەرادەیەك ئێستاكە زیاتر لە 800 هەزار كەس لەكەمپەكانی ئەم پارێزگایە نیشتەجێكراون، ئەمەش ژمارەیەكی زۆرە گەر بەراورد بكرێت بە ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای دهۆك، ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارە بارگرانیەكی زۆری بۆ دامودەزگا خزمەتگوزارییەكانی پارێزگای دهۆك دروست كردووە، بۆ نموونە دابینكردنی كارەبا بۆ ئەم ژمارە زۆرەی پەناهەندە لەسنووری پارێزگای دهۆك پێویستی بە 113 مێگاوات كارەبایە كە لەماوەی تەنیا یەك ساڵدا زیاتر لە 200 ملیار دینار بۆ بەرهەمهێنانی ئەم بڕە پارەیە خەرج دەكرێت، هەروەها پێداویستی و خەرجیەكانی كەرتی تەندروستی لەسنووری پارێزگای دهۆك بە رێژەی لە 50% زیادیكردووە . لەرووی خزمەتگوزارییەكانی تری شارەوانی و ئاوو ئاوەڕۆ پەروەردەشەوە سەڕەرای ئەوەی زیانی گەورە بەر ئەم سێكتەرانە كەوتوون و زۆر لەو قوتابخانانەی ئاوارەكانمان تێدا نیشتەجێكردبوو زیانیان بەركەوتووە، بەرادەیەك سەدان قوتابخانە لەسنووری پارێزگای دهۆك پێویستی بەنۆژەنكردنەوە هەیە، هاوكات دابینكردنی مامۆستاو كتێب و پێداویستیەكانی خوێندنیش بۆ ئەو ژمارە زۆرەی قوتابی خەرجیەكی رادەبەدەری پێویستە.
سەبارەت بەكۆمەك و هاوكارییەكانی حكومەتی عێراق و نەتەوە یەكگرتووەكانیش یاریدەدەری بەرپرسی كەمپەكانی سنووری پارێزگای دهۆك وتی: ( لەسەرەتای هاتنی بەلێشاوی ئاوارەكان داوا لە UN و دامودەزگا پێوەندارەكانی عێراق كراوە كە تەواویی كەمپەكانی ئاوارە لەسنووری هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆك پێویستی بە یارمەتی و كۆمەك هەیە بەڵام عێراق كە گەمارۆی ئابووری لەسەر هەرێمی كوردستان داناوە بگرە ئامادەنەبوو یارمەتی و كۆمەكی ئەو خەڵكانەش بكات كە لەژێر دەسەڵاتی ناوچەكانی ئەودا دەربەدەر بوون، هاوكاری و كۆمەكەكانی عێراق تەنیا 102 ملیار دینار بووە كە بەراورد بە مەلەفی ئاوارە ئەو بڕە كۆمەكە زۆر كەمەو پێویستە زیاتر بێت. ئەوەی گرفتەكەی زیاتر ئاڵۆزكردووە كەوتنەوەی قەیرانی دارایی و نەمانی بودجەی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان UN ە كە ئەو وڵاتانەی هاوكاریی و كۆمەكی دارایی ئەم رێكخراوە دەكەن بەپێی پێویست بەئەركی سەرشانیان هەڵنەساون هەربۆیە دەنگۆی ئەو بڵاوبووەتەوە كە چیتر ئەو رێكخراوە لەتوانایدا نییە بەهانای ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە بچێت كە بەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق و توركیاو لوبنان دابەش بوون. رێكخراوە ناوخۆییەكانی كوردستانیش گەرچی بەردەوامن لەسەر هاوكاری و یارمەتیەكانیان بەتایبەتی هەردوو رێكخراوی (بارزانی و روانگە) بەڵام وەكو ئاماژەم پێدا زۆری ژمارەی ئاوارەو كەمپەكانیان و فراوانی پێداویستی و بەرزبووونەوەی خەرجیەكانیان بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و سەرماو باران بارگرانیەكی زۆری لەسەر هەرێمی كوردستان دروست كردووە تەنانەت زۆربەی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناچاربوون لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیەكانی پارێزگاكەوە فەرمانگەی تایبەت بۆ بەڕێوەچوونی كاری كەمپەكان دابنێن و تیم و كادیری خزمەتگوزاری و تەندروستی و پەروەردەییان بۆ كەمپەكان دابین كردووە .