هاونیشتمانییانی كۆبانێ لە كەمپی قوشتەپە:بڕیار و هەڵویستەكانی سەرۆك بارزانی جارێكی دیكە كوردستانی یەكخستەوە
December 4, 2014
راپۆرتەکان
شایەتحاڵەكانی كۆبانێ
بەڵگەی دڕندەیی و وەحشیگەریی داعشن
دیمەنی كوردانی كۆبانێ لەناو چادرەكانی كەمپی قوشتەپە كە نزیكەی 1200خێزان لەخۆ دەگرێت و خەڵكی عفرین، حەسەكە، قامیشلۆ و كۆبانێ لێی نیشتەجێ كراون، بەڵگەیەكی دیكەی حاشاهەڵنەگرە لە تاوانە قێزەوەنەكانی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش و تیرۆریستە توندڕەوە ئیسلامییەكان كە دەرهەق بە كوردو كوردستانیان ئەنجامداوە و بووەتە هۆی كوشتن و بەتاڵانبردنی ماڵ و رفاندنی ئافرەت و منداڵ و پیاوی بەتەمەن. كاتێك دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بە رووی ئەو هاونیشتمانییانەی كۆبانێ كرایەوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای لە خەڵكی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد بە هانای كارەساتی كۆبانێ بچن. ئەوەش سەرەتای ئەو وەرچەرخانە مێژووییە بوو كە ئەوەندەی دی كوردانی باشووری لە سەرجەم پارچەكانی دیكەی كوردستان نزیك كردەوە.
كوردانی كۆبانێ باسی غەدر و خیانەتی عەرەبەكانی دراوسێی كۆبانێ و دڕندەیی تیرۆریستانی داعش دەكەن و هاوكات بەهاناوەچوونی سەرۆكی هەرێم و خەڵكی كوردستان بەرز دەنرخێنن. بەتایبەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای دهۆك كە لە سەرەتادا باوەشی بۆ زیاتر لە 200 هەزار ئاوارەی كوردانی رۆژئاوا كردەوە و دواتر ژمارەیەكی زۆریشیان لە كەمپی (قوشتەپە)ی سەربە هەولێری پایتەخت نیشتەجێ كران كە پتر لە 1130 خێزانن. كوردانی ئاوارەكراوی رۆژئاوا و كۆبانێ بە چاوی رێزەوە دەڕواننە كوردانی باشوور و ئێستا پێشمەرگە و شەڕڤانان تاكە ئومێدی ئەوانن بۆ رزگاركردنی شارەكەیان و گەڕانەوەی ژیان تێیدا.
عەبدولمەجید حەسەن كە خەڵكی ناو شاری (كۆبانێ)یە و ئێستا لە كەمپی قوشتەپە نیشتەجێیە، بەمجۆرە باسی تاوانەكانی تیرۆریستانی داعش دەكات و دەڵێت: «داعشەكان جیاوازییان لە نێوان منداڵ و ئافرەت و پیاوی بەتەمەن نەكرد، ئەوان هاتن بۆ كوشتنی كوردان و زەوتكردنی خاك و ماڵمان، ئێمەش لەترسی دەستدرێژیكردنە سەر نامووس و رفاندنی منداڵ و ئافرەتەكانمان هەڵهاتین و زۆربەی گەنجەكانمان بۆ بەرگریكردن لەكۆبانێ مانەوە».
محەمەد جومعە كە بە پارچەی گوللە تۆپ بریندار بووە، باس لەو رۆژانە دەكات و دەڵێت: «بارودۆخی خەڵكی كۆبانێ لەكاتی شەڕەكە زۆر خراپ بوو، ئێستاكەش كارەبا و ئاو و هیچ خزمەتگوزارییەك لەو شارە نەماوە و ئەوە بەشەی لە كۆبانێ كەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی داعش وێران بووە و لە كوشتن و بڕین زیاتر هیچی تیا نەماوە، خۆیشم بە گوللەی تۆپ بریندار بووم و قاچێكم شكاوە».
ئەو هاونیشتمانییە زیاتر ئاماژەی بە وەحشیگەریی داعشەكان كرد و گوتی: «چەكدارانی داعش بێبەزەییانە خەڵكی سڤیلیان رفاندووە و بێسەروشوێنیان كردوون، لەمەشدا عەرەبەكانی گوندەكانی دەوروبەرمان هاوەڵیان بوون و هاوكارییان دەكردن».
عەبدولعەزیز ئەحمەد كە لە یەكێك لە گوندەكانی دەوروبەری كۆبانێ دیمەنی تۆپبارانكردن و گوللەڕێژگرتنی داعشەكانی بە چاوی خۆی بینیوە، دەڵێت: «هەرچی پیاوكوژ و تیرۆریستی حزبە ئیسلامییەكانی سووریا هەبوو لەگەڵ عەرەبە قەومییەكان دژ بە كوردان یەكیانگرت و پەلاماری ناوچەكانیان داین، ئەوان خانووەكانی چەندین گوندیان بە شۆڤڵ تێكداوە و خەڵك وا بە زوویی ناتوانن بۆ شوێنی خۆیان بگەڕێنەوە».
مەحموود خدر قسەكانی عەبدولعەزیزی پشتڕاست كردەوەو ئەویش گوتی: «بەشی زۆری خانووەكانی كۆبانێ تێكچوون و رووخاون، ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی داعش بەرامبەر بە كورد دەیكات، لە هیچ شوێنێكی دنیا نەكراوە، تەنانەت دیلەكانیش بە وەحشیانەترین شێوە ئەشكەنجە دەدەن و دەیانكوژن، هەر بۆیە هیچ كۆبانێیەك بەدیلی خۆی تەسلیمی ئەوان ناكات».
هەیفا ئافرەتێكی خەڵكی (كۆبانێ) یە و باسی لەوە كرد كە زۆر لە گەنجەكانیان لە كاتی سەردانیكردنی كۆبانێ نەیانتوانیوە بچنە ناو ئەو خانووانەی رزگار كراون، چونكە داعشەكان زۆربەیان مینڕێژ كردووە.
سەرۆكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە
بەرگری و پارێزگاری لە هەموو كوردستان دەكەن
سەوسەن عەلی كە ئافرەتێكی كوردی خەڵكی كۆبانێیە سەبارەت بە هەڵوێستی سەرۆك بارزانی بۆ بەهاناچوونی خەڵكی كۆبانێ و ناردنی هێزی پێشمەرگە و واڵاكردنی سنوورەكان لە بەردەمی ئاوارەكاندا، گوتی: «سەرۆك بارزانی و خەڵكی كوردستان بە برا و كەسی خۆمانیان دەزانین، هەر بۆیە لە توركیا نەماینەوەو هاتینە ئێرە، هەر واش دەرچوو، بەهاتنمان بەشێوەیەكی جوان و شایستە پێشوازیمان لێكرا و خەڵك و حكومەت و رێكخراوە خێرخوازەكان دەستی هاوكاری و یارمەتییان بۆمان درێژ كرد».
ئەو خانمە پشتگیریكردنی كوردانی رۆژئاوا و بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگە و چەك و تەقەمەنی بۆ كوردانی رۆژئاوای بە «بڕیاری مێژوویی» وەسف كرد و گوتیشی: «هەر ئەوە لە پێشمەرگە و سەرۆكی كوردان چاوەڕێ دەكرا كە بە هەموو توانایەكەوە بەهانامانەوە هات. بەڕاستی بڕیارەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی بە رەوانەكردنی پێشمەرگەو چەك و تەقەمەنی بۆ پشتگیریكردنی برایانی كوردمان لە رۆژئاوای كوردستان خەڵكی كوردستانی رۆژئاوا و كۆبانێ و هەموو كوردی دڵخۆش كرد، ئێمەش گەیشتنە ئەو بڕوایەی كە سەرۆك بارزانی بەدڵ و بەگیان لەگەڵ كوردی رۆژئاوایە و بە یەكپارچەیی خاكی كوردستان و نەتەوەی كورد دەپارێزێت».
هاونیشتمانییەكی دیكەی خەڵكی كۆبانێ لە كەمپی قوشتەپە، كە خۆی بە جگەرخوێن ناساند و خەڵكی (سەریكانی)یە و وەك باسیكرد، نزیكەی دوو ساڵە خۆی و خێزانەكەی لە كۆبانێ دەژین، سەبارەت بە هەمان پرس گوتی: «سەرۆك بارزانی و خەڵكی باشووری كوردستان بۆ جیهانیان سەلماند كە گەلی كورد یەكپارچەیە و پێشمەرگەش پارێزگاری لە بست بە بستی خاكی كوردستان دەكەن، ئێمەی خەڵكی كۆبانێیش گەیشتینە ئەو بڕوایەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ یەكگرتوویی و پاراستنی هەموو كوردستان دامەزراوە و دژی تیرۆرستان و دوژمنان دەجەنگێت».
مەشعان عەبدوڵڵا ئاوارەیەكی دیكەی دانیشتووی هەمان كەمپە و ئەویش باسی ئەوە دەكات كە «بە گەیشتنی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ بارودۆخەكە گۆڕاو چەكدارانی داعش چۆكیان دادا و لە ئاكامی هێز و زەبری پێشمەرگەوە لە زۆربەی ناوچەكانی كۆبانێ پاشاكشەیان كرد، گوتیشی: «ئێستا خەڵكی كۆبانێ چاوەڕێی رزگاركردنی تەواوی خاكی شارەكەیان دەكەن، لەمەشدا بۆمان دەركەوت سەرۆك بارزانی هەر لە یەكەم رۆژی هێرشەكانی داعش بۆ سەر كوردانی رۆژئاوا هیچ تەقسیری نەبووە و هەڵوێستیمان لەبەرچاوە».
حەسەن خەلیل پیاوێكی ئاوارەی خەڵكی كۆبانێیە و داوای لەسەرجەم كوردانی پارچەكانی دیكەی كوردستان كرد، «پاڵپشتی و پشتگیری سەرۆك بارزانی و هەڵوێستی جوامێرانەی بكەن»، گوتیشی: «سەرۆك بارزانی سیاسەتمەدارێكی حەكیمە و خەڵكی هەموو پارچەكانی كوردستان پێویستە گوێڕایەڵی بن، ئێمەش زۆر دڵخۆشین بە هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و خەڵكی باشووری كوردستان كە وەكو براگەورەیەك لەم بارودۆخە دژوار و قەیرانە داراییەدا هەزارەها خێزانی لێقەوماو و دەربەدەریان لەئامێزگرت، بەچوونی پێشمەرگەش بۆ كۆبانێ سەلماندیان كوردستان یەكپارچەیە و ئەو پلانە ئیقلیمییەش كە لەسەر دەستی داعش بەڕێوەدەبردرێت، شكستی گەورەی هێناوەو كوردانی زیاتر لێك نزیك كردووەتەوە».
خەڵكی كۆبانێ پێویستیان بە هاوكاری و خزمەتگوزاریی زیاترە
گەرچی كەمپی قوشتەپە لە رووی خزمەتگوزارییەوە زۆر لە كەمپەكانی دی باشترە، بەڵام دانیشتووانی ئەو كەمپەش خۆیان بە كەمپی دۆمێز بەراورد دەكەن كە ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەیی و شارەوانی و بینایە و شوێنی نیشتەجێبوونیان لەوێ باشترە. هەر لە چوارچێوەی ئەم راپۆرتەدا وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان چاومان بە ژمارەیەكی زۆری خەڵكی كۆبانێ كەوت، كە هەموویان وێڕای باسكردنی دڕندەیی تیرۆریستانی داعش و میهرەبانی كوردانی باشوور داوای هاوكاری و یارمەتی زیاتریان دەكرد كە دەكرێت لەم چەند خاڵەدا كورتی بكەینەوە:
1. بەو پێیەی كەمپەكە 5400 كەس لەخۆ دەگرێت، داواكارن بە بلۆك ژووریان بۆ دروست بكرێت .
2. كەمی و نەبوونی wc و حەمام و مەتبەخی تایبەت گرفتێكی دیكەی ئافرەتەكان بوو، كە بەم سەرما و سۆڵەی زستان زیانی گەورە بەر تەندروستی منداڵەكانیان كەوتووە.
3. چەوڕێژگرتنی شەقام و كۆڵانەكانی ناو كەمپەكە كە لە رۆژی باران قوڕ و لیتەیەكی زۆر دروست دەبێت.
4. لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و زستان ئاوارەكان پێویستیان بە كەلوپەل و پێداویستی زستانەیە بەتایبەتی دابەشكردنی سووتەمەنی.
5. فراوانكردنی بنكە تەندروستییەكەیان .
6. دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجەكان و ئەوانەی دەیانەوێت كار بكەن، چونكە رەنگە بارودۆخەكەیان لە كەمپ درێژە بكێشێت و خەرجی و پێداویستییەكانیان زیادی كردووە.
حكومەتی عێراق هاوكاری و كۆمەكی ئاوارەكانی نەكردووە
بۆ بەدواداچوونی داواكارییەكانی ئاوارەكان لە كەمپی قوشتەپە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی كەمپەكەمان كردو سیروان رەحمان بەڕێوەبەری كەمپەكە سەبارەت بە بارودۆخی ناو كەمپەكە بۆ گوڵان گوتی: «سەرەتا وا بڕیار بوو ئەم كەمپە وەكو ترانزێتێك وابێت و خێزانەكان وەربگرێت و لەماوەیەكی كەمدا ببرێنە كەمپی دارشەكران، بەڵام خێزانەكان رازی نەبوون، ئێمەش وەكو رێزگرتنێك لە كوردانی رۆژئاوا رازی بووین و لە كەمپەكە مانەوە، بەگشتی 1200 خێزانن كە دەگاتە 5400 كەس لەم كەمپە نیشتەجێن، لەوانەش 700 خێزانی كۆبانێ هاتوون، گرفتەكە لەوەدایە ژمارەی ئاوارەكان روو لە زیادبوونە و ئێمەش توانای وەرگرتنی خەڵكی زیاترمان نییە، حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوە خێرخوازیەكان بەتایبەتی هەردوو رێكخراوی بارزانی و روانگە بەردەوام هاوكاری و كۆمەكمان دەكات، بەپێچەوانەی حكومەتی عێراقەوە كە زۆر بێ بەرپرسیارانە تەنیا یەكجار نەبێت هیچ كۆمەك و هاوكارییەكی نەكردووین . لەبەرنامەدایە هەموو ئاستی خزمەتگوزارییەكان فراوانتر بكرێت و هەموو شوێنی خێزانەكان بكرێتە قاعیدە و wc و حەمامیان بۆ دروست بكەین، گەرچی قەیرانی دارایی و كەمی هاتنی بودجە گرفتی جێبەجێكردنی پلانەكە بووە، بۆیە تا ئێستاش كێشەمان لە بەڕێوەبردنی زۆر لەكارە خزمەتگوزارییەكان هەیە».