كچانی ئێزیدی و زامهكانی دوای به كۆیلهكردن

كچانی ئێزیدی و زامهكانی دوای به كۆیلهكردن
گۆڤاری گوڵان لە درێژەی بەدواداچوونەكانیدا بۆ دۆخی ئاوارەكان بەگشتی و ئافرەتانی رفێندراوی ئێزیدی بە تایبەتی، ئەمجارە ژمارەیەك شایەتحاڵی تاوانەكانی داعش دەدوێنێت كە داستانێكی پڕ لە نەهامەتی و مەرگەسات و ئازار و ئەشكەنجەدان دەخەنەڕوو، ئەوان بە جۆرێك دیمەنی راستەقینەی وەحشیگەرییەكانی چەكدارانی داعش وێنا دەكەن، كە ویژدانی مرۆڤایەتی دەهەژێنن.


رفاندن و فرۆشتنی كچ و ژنی كوردانی ئێزیدی لە شنگال، نوێكردنەوەی زامەكانی قڕكردن و بێسەروشوێنكردنی 180 هەزار كورد و 12 هەزار كوردی فەیلی و 8000 بارزانی و راپێچكردنی دەیان هەزار كوردە بۆ بیابانەكانی عەرعەر و ئۆردوگا زۆرەملێیەكان. ئەمجارە ئەنفالچییەكان بە جلكی رەش و بە درۆشمی پیرۆزی ئیسلامی و بە ناوی (داعش)ـەوە دەستیان دایە بینەقاقای كورد و بە بەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دوای كوشتنی كوڕ و مێردو باوكی ئافرەتانی ئێزیدی، دەستی رەش و چەپەڵیان بۆ كچە پاكیزەكانی پێكهاتەیەكی گرنگی كورد درێژ كرد، هەرچەندە تا ئێستا هیچ ئامارێكی فەرمی نییە لەسەر ژمارەی ئەو ئافرەتە ئێزیدییانەی كە رفێندراون، بەڵام شایەتحاڵەكان باس لە رفاندن و كۆیلەكردنی زیاتر لە 400 كچ و ژن لە خەڵكی شنگال دەكەن، كە چەكدارانی داعش وەكو دەستكەوتی شەڕ (غنیمە) دەستبەسەریان كردووە و جگە لە جیهادی نیكاح، لە موسڵ و و رەقە مامەڵەیان پێوە دەكەن و دەیانفرۆشن. گۆڤاری گوڵان لە درێژەی بەدواداچوونەكانیدا بۆ دۆخی ئاوارەكان بەگشتی و ئافرەتانی رفێندراوی ئێزیدی بە تایبەتی، ئەمجارە ژمارەیەك شایەتحاڵی تاوانەكانی داعش دەدوێنێت و ئەوان لە ناو ئاپۆرای فرمێسكدا باسی ئەو تاوانە وەحشیگەرییە دەكەن كە چەكدارانی داعش دەرهەق بە كوردی ئێزیدی كردوویانە.
بەهار عەلۆ، ئافرەتێكی ئاوارەی خەڵكی (شێخان)ـە و لە بارەی بێسەروشوێنكردنی كچان و ژنانی شنگال بۆ گوڵان دەڵێت: «ئەو خەڵكەی نەیانتوانی بگەنە چیای شنگال، داعشەكان كوشتیانن و ژنەكانیشیان بەناوی غەنیمەی شەڕەوە رفاند، بەتایبەتی كچە گەنج و تازە پێگەیشتووەكانیان وەكو كۆیلە لە موسڵ و رەقە فرۆشتووە، بەڕادەیەك هەر كچێكیان بە 350 هەزار دینار فرۆشتووە، ژمارەیەكیشیان لەبەر ئەوەی دەستدرێژی كراوەتە سەر شەرەفیان خۆیان كوشتووە».
ئەو ئافرەتە لە ناو هەنیسكی گریاندا دەستە لەرزۆكەكانی بۆ ئاسمان بەرز دەكاتەوە و دەڵێت: «خوایە ئەو تاوانە قبووڵ نەكەی و چی داعشە تەفروتوونایان بكەی».
سەنەم بەلۆ، ئافرەتێكی بەساڵاچووی ئاوارەیە و ئەویش بە نیگەرانییەكی زۆرەوە دەڵێت: «ئێزیدی هیچ كاتێك دەستدرێژی نەكردۆتە سەر كەس و ئەم كارە لەلای قێزەوەن بووە، كەچی بە تۆمەتی كوردبوون و بە بیانووی جیاوازیی ئایینەكەمانەوە چەكدارانی داعش كچەكانمانیان رفاند و ئێستا مامەڵەیان پێوە دەكەن و دەیانفرۆشن، من ناسیاوێكم بەناوی (ب.م) دوو خوشكی رفێندراون، سەرۆك هۆزێكی سوننەی عەرەب بەمەبەستی رزگاركردنیان بە پارە كڕیییانی و دواتر دەربازی كردن، بەڵام بەداعشەكانی گوتووە: هەڵهاتوون».
زۆربەی خێزانە ئێزیدییەكان بە هۆی كەلتوور و نەریتی خۆیان ئامادە نین باس لە نامووسی خۆیان بكەن، بۆیە دوای سۆراخێكی زۆر گەیشتینە ئەو خێزانە كە دوو كچیان شایەتحاڵی تاوانەكانی داعش بوون، بەڵام براكەیان رێگەی نەدا باسی كارەساتەكە بكەن و تەنیا گوتی: «خوشكەكانم باری دەروونییان تێكچووەو ئامادە نین لەمیدیاكان زیاتر لەوە باسیان بكەن، چونكە بە ورووژاندنی ئەو مەسەلەیە باری دەروونی خوشكەكانم زیاتر تێكدەچێت و لەوانەیە خۆیان بكوژن»، دوو خوشكەشی لە دوورەوە و بە بێدەنگی سەیریان دەكردین و هیچ قسەیەكیان نەكرد.
ئاوارەكانی ئێزیدی بێزاری و خەمۆكییەكی زۆریان پێوەدیار بوو، بە دەگمەن ئامادەبوون چیرۆكی رفاندن و بێسەروشوێنكردنی ئافرەتە ئێزیدییەكان بخەنەڕوو. خانمێك كە خۆی بە «نورخان» ناساند، یەكێك بوو لەوانەی ئامادە بوو قسە لە سەر ئەو تاوانكارییانەی چەكدارانی داعش بكات و هەر لەو بارەیەەوە گوتی: «داعشەكان گەنج و لاوەكانمانیان بە بێ پرسیار كوشت و لە ماڵ و زێدی خۆمان دەربەدەریان كردین، لەمەش قێزەوەنتر رفاندن و فرۆشتنی كچەكانمانە، بەتایبەتی لە گوندەكانی تەلعەزێم و كۆچۆ، ئەو كچانەش لەدەستی داعش رزگاریان بووە، قسەو كردەوەی زۆر ناشیرین لەبارەی رەفتار و رەوشتی نزمی داعشەكان دەگێڕنەوە، ئەوان بەچاوی خۆیان بینیویانە كچیان لە تەمەنی 13ساڵی بە 1000 دۆلار فرۆشتووە و چەندین كچی جوانی كوردیش جیهادی نیكاحیان پێوە كردوون»، گوتیشی: «كچە دیلەكان لە دۆخێكی زۆر خراپدان، لەلایەك بۆ باوك و برا و پیاوەكانیان دەگرین، كە داعشە خوێنمژەكان كوشتوویانن، لەلایەكی دیكەوەوە خەمی نامووسیان تەنگی پێهەڵچنیون».
سەبارەت بەشوێنی كچەكانی دیل و مامەڵەی وەحشیگەرییانەی داعشەكان لەگەڵیاندا ئافرەتێكی كوردی ئێزیدی كە ئاوارەیە و لەهۆڵی بۆنە ئایینیەكانی شێخان خۆی و خێزانەكەی نیشتەجێیە، باسی ئەوەی كرد كە چاوی بە یەك دوو ئافرەتی دیل كەوتووە كە رزگاریان بووە، ئەوەشی خستەڕوو كە خزمەكانی ئەو كچانە پێیانوایە داعشەكان بە ئەنقەست ئەو كچانەیان بەرداوە، تاوەكو چیرۆكی وەحشیگەری و دڕندەیی ئەوان بگێڕنەوەو ئەوەندەی دی ترس و تۆقێن لەناو ئێزیدییەكان و كەمە نەتەوە و ئایینزاكانی دیكە بڵاو بكەنەوە، بۆ ئەوەی كۆچ بۆ دەرەوەی كوردستان بكەن، گوتیشی: «یەكێك لە كچە دیلەكان دوای رزگاربوونی باسی ئەوەی بۆ كردم كە بە لێدان و چاوسووركردنەوە و هەڕەشەی كوشتنی منداڵە ساواكان ناچاریان كردوون بچنە ناو لۆری و هەمەڕەكان و دواتر لە خانوویەكدا كە وەكو شوێنی بەرپرسەكەیان وابوو، داعشەكان پرچیان بڕیون و بەلێدان شێوە و روخساری ئافرەتانەیان شێواندوون و ئازاری زۆریان داون، تەنانەت وەكو مەڕوماڵات كچە جوانەكانیان جیاكردەوە و كڕین و فرۆشتنیان پێوەكردن، كچە مێرمنداڵەكانیان لەلایەن ئەمیر و كەسە دەستڕۆیشتووەكانی داعشەوە مارەكران، لە پەرستگەی لالش ژمارەیەكی زۆری خێزانە ئاوارەكانی ئێزیدی نیشتەجێ كراون و زۆربەی ئافرەتە ئێزیدییەكان لە رێگەی گۆڤارەكەمانەوە داوایان دەكرد، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر گرنگییان پێبدات و سۆراخی كچە پاكیزەكانیان بۆ بكەن و لە دەست ئەو زاڵم و خوێنڕێژانە رزگاریان بكەن، تاوەكو چیتر ئافرەتی كورد وەكو كۆیلە مامەڵەی پێوە نەكرێ، خەمی گەورەی ئەوان گەڕانەوەی ئەو ئافرەتانە بوو كە دەوڵەتی ئیسلامی داعش رفاندوویانن. پیاوەكانیشیان جەختیان لە دەستێكەڵكردنی زۆربەی خەڵكی عەرەبی هۆزەكانی ناوچەكە لەگەڵ داعش دەكرد، ئافرەتێكی بەساڵاچووی ئێزیدی لەو بارەیەوە گوتی: «دەبێت هۆزە عەرەبە سوننەكانی ناوچەكە وەڵامی خەڵكی كوردستان و سەرۆكەكەی بدەنەوە، چونكە خیانەتی ئەوان نەبووایە، هەرگیز ئەو رەشەكوژی و قڕكردن و دەستدرێژیكردنە سەر ناموسی كورد بۆ داعشەكان نەدەچووەسەر كە لەگوندەكان و بە رێنمایی ئەوان هێرشیان دەكردە سەرمان، دەیان كچ و ئافرەتی ئێزیدیش پەنایان بۆ ئەو گوندانە بردووە، كەچی ئێستا هیچیان دیار نین و بێسەروشوێن كراون».
زۆربەی ئەو ئافرەتانەی چاومان پێیان كەوت، بێئومێد بوون لە بەرامبەر كۆمەك و هاوكارییەكانی حكومەتی عێراقی و رێكخراوە بیانییەكان، هاتنی وەرزی زستان و سەرما و بارانیش ئەوەندەی دی باری سەرشانیانی قورس كردبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان هیوایان بە پێشمەرگە بوو بەوەی مژدەی رزگاركردنی شنگالیان پێ بدەن، هاوكات داوایان لە خێرخوازان دەكرد بەشیری منداڵ و حەفازە و خۆراك و جلوبەرگی منداڵان هاوكارییان بكەن. خێزانە ئێزیدییەكان ژمارەیەكی زۆری منداڵیان هەیە و لەم وەرزەی زستانەدا مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و خراپبوونی باری تەندروستییان لێدەكرێت، لەم رووەوە ئافرەتێكی ئێزیدی بە ناوی خەرمانە گوتی: «ماوەیەكە هاوكارییەكانی خێرخوازان نەماوە و منداڵەكانمان بەم وەرزە زۆر پێویستیان بە جلوبەرگ و شیر و حەفازەی منداڵان هەیە، ئێمەی ئافرەتی ئێزیدی قوربانییەكی زۆرمان داوە و سەرەڕای خەمی گەورەی قوربانییەكانمان و بارگرانی سەرشانی خێزانەكانمان، لە بەردەم سەرماو سۆڵەی زستان و بارانبارین لەناو چادرین»، گوتیشی: «هیچ هیوایەكمان بە حكومەتی عێراقی نییە و تەنیا بە حكومەتی هەرێم ئومێدەوارین و داواكارین تا شنگال رزگار دەكرێت و دەگەڕێینەوە بۆ ناو ماڵ و حاڵی خۆمان، ئاوڕێكی زیاترمان لێ بداتەوە».
Top