موسا ئەحمەد بۆ گوڵان:دەزگای خێرخوازی بارزانی یەكەمین رێكخراو بوو هاوكاری گەیاندە شاری كۆبانی
October 16, 2014
راپۆرتەکان
جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازی بارزانی (موسا ئەحمەد) لە لێدوانێكیدا تایبەت بۆ گوڵان گوتی: «وەكو ئەركی مرۆیی و هەمیشەییمان بۆ بەهاناچوونی خەڵكی لێقەوماو، دەزگای خێرخوازی بارزانی بێ جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی كۆمەك و هاوكارییەكانی گەیاندۆتە ئەو مرۆڤانەی كە پێویستییان بە هاوكاری و كۆمەك هەیە، لە سەرەتای هێرشەكانی داعش بۆ سەر خەڵكی سڤیلی كۆبانێ، وەكو ئەركێكی مرۆیی و نیشتمانی یەكەمین رێكخراو بووین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی كۆمەك و هاوكاریمان گەیاندە خەڵكی كۆبانی، كە 12 تڕێلە بوو و 126 تۆن خۆراك و چەندین جۆری كەرەستە و كەلوپەلی پێویستی لەخۆ گرتبوو».
موسا ئەحمەد جەختی لەوەش كردەوە كە دوای ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە فەرمانێك دەرگای برایم خەلیلی لە رووی خەڵكی لێقەوماوی كۆبانێ واڵاكرد، زیاتر لە 350 خێزان روویان لەهەرێمی كوردستان كردو لە كەمپی گەویلان نیشتەجێكران، هەر لەو بارەیەوە گوتی: «راستەوخۆ تیمەكانمان گەیشتنە كەمپەكە و پێداویستییە سەرەكییەكانی رۆژانەیان بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەشكردو خێزانەكانیش سوپاسگوزاری خۆیان بۆ هاوكارییەكانی دەزگاكەمان پیشان دا، لە بەرنامەشماندایە لە كۆمەك و هاوكارییەكانمان بۆ كوردانی رۆژئاوا بەردەوام بین، هەروەكو چۆن بەشداریی گەورەترین هەڵمەتی كۆمەك و هاوكاری بووین بۆ كوردانی رۆژئاوای كوردستان و لەسەرجەم كەمپەكانی تایبەت بە كوردانی رۆژئاوا كۆمەك و هاوكاریی پێویستمان گەیاندووە». گوتیشی: «هاوكاری و هەوڵەكانمان بۆ گەیاندنی هاوكاری بە لێقەوماوان لەو باوەڕەوە هاتووە كە سوودمان لە ئەزموونی مرۆڤدۆستانەی ژەنەراڵ بارزانی وەرگرتووە كە وتوویەتی:(شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت)».