دەزگای خێرخوازیی بارزانی فریادڕەسی هاوكاری مرۆیی لە نێو كارەسات و ڕووداوەكاندا
August 7, 2014
راپۆرتەکان
لەسەرەتای دامەزراندنیەوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاری بە میتۆدی فریادڕەس بۆ ئەو كەسانەی پێویستیان بە هاوكاری مرۆیی هەیە كاری كردووە و لەم بوارەشدا بێ لەبەر چاوگرتنی نەتەوەو ئایین خزمەتی هەموو لایەكی كردووە لە هەرشوێنێك لێقەوماوان پێویستیان بەهاوكاری بووبێت، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەوێ ئامادەبووە. ئەم دەزگا خێرخوازییە توانیوویەتی هاوكاری سەدان خێزانی لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەی شاری (وان) و 750خێزانی زەرەرمەندی لافاوەكەی خوارووی عێراق بكات و فریای سەدان هەزار كوردی كارەساتباری ڕۆژئاوای كوردستان لەناوخۆی هەرێم و لەسوریا بكەوێت و، یارمەتی خێزانە ئاوارەكانی مەسیحی و یەزیدییەكانی پارێزگای موسڵ بدات و 10 هەزار منداڵی دوور لەنازی باوك لەپارێزگاكانی كوردستان سوودمەند بن لەپرۆژەی ئازیزان و خێوەت و ئازوقەو كەلوپەل و دەرمان بۆ دەیان كەمپی پەنابەران دابین بكات، ئەمە جگە لە دەیان پرۆژەی تەندروستی و ڕۆشنبیریی و پەروەردە و بەهاناچوونی سەدان خێزانی هەژارو كەمدەرامەتی كوردستان. كاتێك وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان سەردانی هەردوو كەمپی (خازر و كەورگۆسك)مان كرد، دیمەنی سەدان خێوەت هاتە پێش چاومان كە خەڵكی لێقەوماوی پارێزگاكانی تری عێراق و كوردانی ڕۆژئاوا لە سوریا تێیدا نیشتەجێیە و لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە كۆمەك و هاوكاری دەكرێن، لە دەروازەی كەمپەكەش دروشمێكی دەزگاكە دێتە پێش چاوت كە وتەیەكی بارزانییە كە فەرموویەتی:(شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت)، ئەمەش هەمان دووبارە بوونەوەی ئەو دیمەنەیە لەو ناوچە ئازادانەی كە لەژێر سایەی بارزانی بووە وەكو چەترێك بووە بۆ خەڵكی كوردستان و بگرە ئەوانەی ڕووشیان لەكوردستان كردووە. ئەوەتا لەكەمپی خازر كە700خێوەت بەسەر نزیكەی 5000 كەس دابەشكراوە ئاوارەكانی نیشتەجێبووی ئەو كەمپە باس لەمرۆڤدۆستی ڕێكخراوی خێرخوازیی بارزانی و بەخێرا بەهاناچوونی ئاوارەكانەوە دەكەن كە سەڕەرای سەپاندنی گەمارۆی بودجەو مووچە بەسەر هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە، بەڵام سەرۆكی كوردستان فەرمانی هاوكاریكردن و پاڵپشتیكردنی هەموو ئەو ئاوارەو دەركراوانەی دا كە ڕوویان لەهەرێمی كوردستان كردووە، ئاوارەكانی ئەو كەمپە نموونەی هەریەك لە وەلید یاسرو قەحتان محەمەدو خاتوو عاسیە محەمەد و محەمەد فەتحی وێڕای سوپاس و پێزانینیان بۆ بەڕێز سەرۆك بارزانی، لەهەمانكاتدا هاوكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە پێیانوابوو لەیەكەم ڕۆژی هاتنیان ئەو دەزگایە لەگەڵیاندایەو ڕۆژانە ئازووقەو كۆمەك و یارمەتیەكان ڕاستەوخۆ لە ڕێگای خۆیەوە یا بەهاوكاری ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان دابین دەكات؛ هاوكات داوایانكرد حكومەتی هەرێمی كوردستان یارمەتی و كۆمەكی ئەو دەزگایە بكات تاوەكو كەموكورتیەكانی دیكەی كەمپەكەیان بۆ چارەسەر بكات بەتایبەتی لەرووی دابینكردنی بنكەی پزیشكی پسپۆرو بنكەی تەندروستی و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانی كارەباو ئاوەوە، هەروەها عەبدولعەزیز بن قەحتان كە سەرپەرشتیاری ڕێكخراوێكی خێرخوازیی كەنداو بوو دەستخۆشی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی كردوو پێیوابوو بەپێی توانا لەو بارودۆخە خراپەو قورسەدا كارەكانی ئەو دەزگایە جێگای دڵخۆشی و ڕێزە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە دەزگایەكی ناحكومی خێرخوازیی كۆمەڵایەتی و تەندروستی و ڕۆشنبیری و مرۆیییە، بەبێ جیاكاری بیروباوەڕو ئایین و ڕەگەز و ئینتمای ئیتنی كارە مرۆییەكانی پێشكەش بەخەڵكی كوردستان دەكات، ئەوەتا لەسەرجەم كەمپەكان دەستی هاوكاری و یارمەتی گەیاندۆتە ئاوارەو دەربەدەرەكان بەرادەیەك نەك تەنیا كوردەكان ڕێز لەو دەزگایە دەگرن، بەڵكو لەلایەن عەرەب و توركمان و مەسیحیەكانیشەوە ڕێزی لێدەگیرێت. لەم ڕووەوە موسا ئەحمەد جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە لێدوانێكی تایبەت بۆ گوڵان وتی: (لەچەند ساڵی ڕابردوودا بۆ هاووڵاتیانی كوردستان و ناوچەكەو جیهانمان سەلماند كە هاوكاری و یارمەتیەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بێ ڕەچاوی هیچ جۆرە جیاكاریەك لەرووی نەتەوەو ئایین و بیروباوەڕی سیاسی لەعێراق بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی بەشێوەیەكی ڕێكخراو و شەفاف بەسەر هەژارو كەم دەرامەت و لێقەوماوەكان دابەش كردووە، بەمەش تارادەیەك توانیومانە ئێش و ئازاری منداڵ و خەڵكی هەژارو كەم دەرامەت كەمبكەینەوە، لەگەڵ هاتنی بەلێشاوی ئاوارەكان و زۆربوونی ژمارەی كەمپەكان دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەرجەم كەمپەكانی وەكو ((كاوە و خازر و كەوركۆسك و دۆمێز و شێخان و چەندین كەمپی تر..)) ئازوقەو یارمەتی دابەشكردووە، هەروەها ئاوارەكانی بناری قەندیل و قەراج و چەمچەماڵ و بالیسان و بەحركەو ڕزگاری لە گەرمیان و خێزانە ئاوارەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات لەهەریەك لە جەژنیكان و بەحركەو سێبەردانی بەسەركردۆتەوە، هەروەها خێزانە كەم دەرامەتەكانی كەركوك لەگەڕەكەكانی شۆڕش و ڕاپەرین و تەجنیدی كۆن و دەڤەری پشدەرو بتوێن و دارەتوو).
سەڕەرای گەمارۆكانی حكومەتی مەركەزی
ئاوارەكانی نەینەوا بەبێ جیاكاری هاوكاری كران
سەبارەت بەپارێزگای موسڵیش كە لەئاكامی ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆری خەڵكەوە ئەو پارێزگایە ڕووبەڕووی قەیرانێكی مرۆیی گەورە بووەوە بەتایبەتی دوای دەركردنی پێكهاتەیەكی گرنگی وەكو مەسیحی لەپارێزگاكە، ئەوەبوو دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەكەمپەكان ئامادەبوو هەروەكو چۆن پێشتر خێزانە هەژارەكانی تلكێف و ئەلقوش و باتنیاو سكێ و تلسقوف و بەعشیقەو بەرتیلەی بەسەركردۆتەوە، هەروا هاوكاری و یارمەتیەكانی ئازووقەی پێشكەش بەو ژمارە زۆرەی ئاوارە كرد. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وتی:(ئەوەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەدەزگا خێرخوازیییە جیهانییەكان جیادەكاتەوە، خێرا بەهاناچوونی لێقەوماوان و ئاوارەكانە بەرادەیەك سوپاسنامەی فاتیكان و وەقفەكانی باشوری عێراق و چڤاتی بڵندی ئێزیدیان و دەزگا خێرخوازیییە نێودەوڵەتیەكان باشترین بەڵگەن بۆ كاروچالاكی ئەو دەزگایە. لەدوای پەیامەكەی جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشەوە ئێمە یەكەمین دەزگای خێرخوازیی بووین كە بەپاڵپشتی خەڵكی دڵكراوەی كوردستان زوو فریای لێقەوماوەكانی موسڵ كەوتین و بەبێ جیاوازی نێوان عەرەبی سوننەو عەرەبی شیعەو مەسیحی و توركمان و ئاینزاكانی تر هاوكاری و یارمەتیمان گەیاندە دانیشتوانی كەمپەكانی خازرو ئەلقۆش، هەروەها بەهۆی ئەو پێوەندییەی كە جەنابی مسرور بارزانی لەگەڵ كەسایەتی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان هەیەتی توانیومانە ژمارەیەكی بەرچاو لەو ڕێكخراوانە ڕاكێشینە كوردستان و پرۆژەی باشی كۆمەك و یارمەتی بۆ دانیشتوانی كەمپەكان پێشكەش بكەن. ئەمڕۆ لەسایەی مرۆڤدۆستی خەڵكی كوردستان و سەركردایەتی سیاسی كورد كوردستان بووەتە مەنزڵگەیەكی ئارام بۆ لێقەوماوان و هەموو نەتەوەكانی عەرەب و تورك و مەسیحی و ئایین و ئایینزاكانی نەك تەنیا عێراق، بەڵكو ناوچەكە بەگشتی. ئێمەش وەكو دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەر ئەو فەلسەفەیە كار دەكەین كە بارزانی نەمر پێڕەوی كردووەو شانازی بەخزمەتكردنی میللەتی خۆیەوە كردووە، لەم قۆناغەشدا زیاتر پێویستیمان بەو فەلسەفەیە هەیە كەوایكردبوو نزیكبوونەوەیەكی باش لەنێوان نەتەوەو ئایینزاكانی ئەو ناوچانە هەبێت كە بارزانی سەركردایەتی دەكرد كە ئەمڕۆ كورد شانازی بەو پێكەوەژیان و گیانی لێبووردەییە دەكات).
لەناوخۆی كوردستان و لە ڕۆژئاوای كوردستان
هاوكاری گەیەنراوەتە ئاوارەو لێقەوماوەكان
یەكێك لەو كارە گەورانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ كوردانی ڕۆژئاوا ئەنجامی دا، گەیاندنی ئازووقەو یارمەتیەكان بوو بۆ ئەو ژمارە زۆرەی كوردانی ئەو پارچەیەی كوردستان كە لەدەست شەڕو پێكدادانەكانی نێوان ڕژێم و پارتە توندڕەوە ئیسلامیەكان هەڵهاتبوون و ژمارەیان بۆ نزیكەی 250 هەزار كەس تێپەڕی كردووە، لەم ڕووەوە دەزگاكە دانیشتووانی كەمپەكانی موقبلین لەسنووری سمێڵ و دۆمێزو كەوركۆسكی بەسەركردۆتەوە. وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان سەردانی یەكێك لەو كەمپانەمان لەناحیەی خەبات كرد، ئەویش كەمپی كەوركۆسگ بوو كە زیاتر لە 120 هەزار كەسەو بەسەر (2200) خێزاندا دابەشبوون و قوتابخانەو بنكەی تەندروستی و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی تێدا دامەزاروەو ژمارەیەك لەپەنابەرانمان لەناو كەمپەكە دواند كە پێیان وابوو دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەریزی پێشەوەی ئەو دەزگا نێودەوڵەتیانە دێت كە هاوكاری و یارمەتی پەنابەرەكانی ڕۆژئاوای كوردستانی كردووە. لەمەشدا سوپاسی سەرۆكی كوردستانیان كرد، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێی ڕاگەیاندین لەسەرەتای كارەساتەكەو هاتنی بەلێشاوی ئاوارەكانەوە ئێمە گەورەترین هەڵمەتی كۆكردنەوەی كۆمەك و پێشكەشكردنی یارمەتیمان بۆ ئاوارەكان لەناوخۆی كوردستان و لەرۆژئاوای كوردستان دابین كرد، تەنانەت جگە لە دابینكردنی خێوەت بەهاوكاری ڕێكخراوی WFPمانگانە ئازووقە بەسەر كەمپی دۆمێز دابەش دەكەین و تیمی پزیشكی لەوڵاتانی بەریتانیاو ئەڵمانیاو سویدەوە هێناوەتە كوردستان و پشكنینیان بۆ 850پەنابەرانی كەمپی دۆمێز لەدهۆك كردووە و 13 ئۆتۆمبێلی ئەمبۆڵانسیش نێردراوەتە ڕۆژئاوای كوردستان. ئەمە جگە لەدروستكردنی قوتابخانەو دابینكردنی بنكەی تەندروستی و دامەزراندنی دەیان سەنتەری ڕۆشنبیری و هونەری و مەشق و ڕاهێنان.) لەناو دەزگاكەوە پێیان ڕاگەیاندین كە ئێستا 500 خانوو بۆ پەنابەرەكان دروستكراوەو بەم نزیكانە ئەو خێزانانە دەگوازرێنەوە ئەو شوێنەو باروگوزەرانیان باشتر دەبێت.
پەروەردەو تەندروستی
هاوشانی جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزاریەكانی تر دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەچەندین بواری وەكو پەروەردەو تەندروستی و مەشق و ڕاهێنان و هەڵمەتی خوێن بەخشین بۆ تووشبووانی تالاسیما كاری كردووە، بەرادەیەك بەسەدان قوتابی گوندە دوورە دەستەكان و قوتابیانی قەزاكانی دەشتی نەینەواو پارێزگای كەركوك و كەمپەكانی ئاوارە سوودمەند بوون لە هاوكارییەكانی دەزگاكە، تەنانەت لەشارەدێی شیڵادزێ كارگەیەكی مافووری دەستكرد دامەزراو چەندین خولی فێربوونی مافوورچنین بۆ ئارەزوومەندانی ناوچەكە كرایەوە و خۆراك بەسەر چەندین خێزانی كەم دەرامەت دابەشكراوە و چەندین هاووڵاتی نەخۆشیش كە چارەسەریان لەكوردستان نەبووە، ڕەوانەی دەرەوەی وڵات كراوە.
خەڵكی هەژارو كەمدەرامەت و منداڵانی ئازیزان
لە ڕیزبەندی پێشەوەی كارەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دێت
كۆمەك و یارمەتیەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەكو دەزگایەكی خێرخوازیی كە هیچ بودجەیەكی لەسەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و پارتێكی سیاسی وەرناگرێت، وەنەبێت تەنیا بۆ ئاوارەكان بێت بەڵكو كۆمەك و یارمەتیدانی خەڵكی لێقەوماوو هەژارو كەمدەرامەتی كوردستان لەریزبەندی پێشەوەی كارەكانیدایە و یارمەتیەكانی گەیشتۆتە دوورترین گوندو ماڵ لە كوردستاندا. هەر لەسەعدییەو خانەقینەوە تاوەكو شنگار. جێگری سەرۆكی دەزگاكە پێیوایە شەفافییەت و ڕاستگۆیی لەكارو چالاكیەكانی ئەم دەزگایە وایكردووە چەندین كەسایەتی و بیزنسكارو كۆمپانیا لەرێگای ئەوانەوە هاوكاری پێشكەش بە لێقەوماوان و ئاوارەكان بكەن، ئەمڕۆ تا دێت لەئاكامی ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی كە لەكوردستاندا هەیە ژمارەی ئاوارەو كەمپەكان ڕوو لەزیادبوون دەكات و دۆخەكەش ڕەنگە درێژە بكێشێت، هەربۆیە پێویستە پرۆسەی خێرخوازیی لەكوردستان بەیاساو ڕێنمایی ڕێك بخرێت و ڕێگانەدرێت كەسانێك لێرەو لەوێ زیان بەپرۆسەكە بگەیەنن، هەروەها پێویستە بەیاسایەك كۆمپانیاكانی كوردستان هانبدرێن بەشداری كۆمەك و كاری مرۆیی لەكوردستان بكەن و لەرووی باج و كارئاسانییەوە جیاوازی لەنێوان كۆمپانیایەك بكەن كە هاوكاری و پرۆژەی خێرخوازیی لەكوردستان هەیە لەگەڵ كۆمپانیایەكی تر كە لەوبوارەدا هیچ پێشكەش بەبواری مرۆیی و كوردستانی ناكات.