لە رێكخراوەكانی خۆبەخشی لاوانەوەهەستی مرۆڤایەتی و ئینتیمای نیشتمانی بەرز دەبێتەوە

لە رێكخراوەكانی خۆبەخشی لاوانەوەهەستی مرۆڤایەتی و ئینتیمای نیشتمانی بەرز دەبێتەوە
رێكخراوی خۆبەخشانە (Voluntary organizations) لەگەڵ ئەوەی هاوشێوەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە كۆمەڵێك تاكی چالاك پێكدێن و لە پێناوی بەدیهێنانی ئامانجێكدا پێكەوە كار دەكەن، بەڵام لەڕووی شێوازی كاركردنیانەوە لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی (civil society organizations) جیاوازن، جیاوازی نێوان رێكخراوە خۆبەخشەكان لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەو خاڵەدا چڕدەبێتەوە، بەوەی زۆر جار رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی وەك گرووپی فشار بۆ دروستكردنی كاریگەری لەسەر سیاسەت و رای گشتی كاردەكەن، بەڵام رێكخراوە خۆبەخشەكان زیاتر وەك هەستێكی مرۆڤدۆستی و بە هاناوە چوون، یان بەشداری كردن لە رووداو یان بۆنەیەكی تایبەتی نیشتمانی بەبێ ئەوەی كەس داوای لێكردبن، ئاسانكاری پێشكەشی ئەو تاك و گرووپانە دەكەن كە ئەوان هەست دەكەن پێویستیان بە هاوكاری ئەوانە، رێكخراوە خۆبەخشەكان لەگەڵ ئەوەی لەسەرەتاوە لەسەر ئاستی نیشتمانی دروست بوون و تەنیا لە چوارچێوەی سنوری نیشتمانی یەك دەوڵەتدا خزمەتیان پێشكەشی هاووڵاتیانی خۆیان كردووە، بەڵام دواتر ئەم رێكخراوە خۆبەخشانە سنوری نیشتمانی دەوڵەتەكانیان تێپەڕاندووە و بوونە رێكخراوی خۆبەخش لەسەر ئاستی جیهان، زۆر جار دەبنە دەستی فریاد رەسی بێ بەرامبەر بۆ ئەو ناوچانەی رووبەڕووی كارەساتی شەڕ یان كارەساتی سروشتی دەبنەوە، بۆیە فراوانبوونی كاری خۆبەخشی زۆر لە بوارەكانی ژیانی مرۆڤی گرتۆتەوە و تەنانەت لە بواری كاری رۆژنامەگەریشدا زۆر جار تاك یان گرووپ دەبنە رۆژنامەنووسی خۆبەخش بۆ ئەوەی رای گشتی لە رووداوێك یان پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ لە شوێنە جیاجیاكانی جیهان ئاگادار بكەنەوە، دروستبوونی دیاردەی كاری خۆبەخشی یان دروستكردنی یەكێتی یان رێكخراوی خۆبەخشی ئەوجا چ لەسەر ئاستی نیشتمانی یان سەرووی نەتەوەیی بێت، هۆكارێكە بۆ بەرزكردنەوەی ئینتیمای نیشتمانی و هەروەها هۆكارێكە بۆ بەرز راگرتنی مافەكانی مرۆڤ لەسەرانسەری جیهاندا.
ئەوەی لێرەدا جێگەی هەڵوەستە لەسەر كردنە ئەوەیە ئەو تاكانەی دەبنە چالاكوان لە رێكخراوە خۆبەخشەكاندا، بەشی زۆری ئەو كوڕ و كچە لاوانەن كە ئامادەن كاری خۆبەخشی پێشكەشی هاووڵاتیان بكەن، لەوانە هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی هەژاری و زەمینە رەخساندن بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بۆ بێكاران، پارێزگاریكردن لەژینگە، دروستكردنی هەرەوەزی بۆ سەوزكردنی وڵات و چاندنی نەمام، لەكاتی روودانی كارەساتی سروشتی وەك لافاو و زەمینە لەرزە، یان لەكاتی كەوتنەوەی ئاگر، راستەوخۆ بە فریای ئەو كەسانە دەكەون كە زەرەرمەندبوون. یان بوونی ئامادەباشی بۆ فریاكەوتنی ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە خوێن یان گورچیلە هەیە بۆ ئەوەی لەمردن رزگاریان بكەن، بێ بەرامبەر.
بێگومان بۆ ئێمە وەك كوردستانی لەبەر ئەوەی ئامادەباشی بۆ خەبات و قوربانیدان خۆی لە خۆیدا كارێكی خۆبەخشانە بووە، ئەوا لەسەردەمی شۆڕش و مقاوەمەتدا جیا لەوەی خەباتی پێشمەرگانە خۆی لەخۆیدا كارێكی خۆبەخشانە و بەرزترین بەهای مرۆڤ كە رۆحیەتی پێشكەشی كوردستانی كردووە. بەڵام دیسان گیانی خۆبەخشی بۆ بونیادنانەوەی كۆمەڵگە و دابینكردنی ژیانیكی ئاسوودە لەناو توێژێكی زۆری كۆمەڵگەی كوردستاندا بوونی هەبووە، هەر بۆ نموونە لە قۆناخی خەبات و مقاوەمەتی شۆڕشەكانی كوردستاندا سەنگەرەكانی پێشمەرگایەتی تەنیا سەنگەری شەڕ نەبوون، بەڵكو سەنگەری پەروەردە و خوێندن و تەندروستی دوو كەرتی دیكەی گرنگ بوون كە مامۆستایانی كوردستان دەبوونە مامۆستای شۆڕش و خۆبەخشانە لە گوندەكانی كوردستان رۆڵەكانی كوردستانیان فێری خوێندن و نووسین دەكرد، هەروەها پزیشكەكان و كارمەندانی كەرتی تەندروستی خۆبەخشانە چاودێری تەندروستی خەڵكیان دەكرد و چارەسەری نەخۆشیەكانیان دەكردن، یان لەسەنگەرەكانی قوربانیدان هاوشانی پێشمەرگە بوون و بریندارەكانیان تیمار دەكرد.
نەبوونی ئامادەباشی بۆ كاری خۆبەخشی
لاوازی ئینتیمای نیشتمانییە
لە هەر وڵاتێكدا گروپ و رێكخراوی خۆبەخش بوونی هەبێت، هەموو كات ئەم گرووپانە دەبنە هۆكارێك بۆ ئەوەی تاكەكانی كۆمەڵگە لە كاتی لێقەوماندا هەست بە بوونی ئینتیمای نیشتمانی و مرۆڤ دۆستی زیاتر بكەن، هەر بۆ نموونە كاتێك ئاگرێك دەكەوێتەوە، ئەگەر پێش ئەوەی تیمەكانی ئاگركوژێنەوە بگەنە شوێنی رووداوەكە، كۆمەڵێك گەنجی خوێن گەرم لەسەر رووداوەكە ئامادەبن و بە فریای ئەو خەڵكە بكەون و لە ئاگرەكە رزگاریان بكەن، یان نەخۆشێك كە هیوای بە ژیان نەماوەو دەبینێت كۆمەڵێك ئامادەن هاوكاری بكەن و ژیانی رزگار بكەن، ئەوا لەم حاڵەتەدا ئینتیمای نیشتمانی نەك هەر دەگاتە ئاستێكی بەرز، بەڵكو ئینتیمای نیشتمانی دەبێتە رایەڵەی خۆشەویستی نێوان تاك و گرووپەكان، بۆیە لەم لایەنەوە بوونی رێكخراوی خۆبەخش یان هەوڵدان بۆ دروستكردنی ئەم رێكخراوە خۆبەخشانە، دەبێتە دەسپێكێكی باش بۆ نوێكردنەوەی بەردەوامی ئینتیمای نیشتمانی نێوان تاكەكان و گرووپەكان، ئەوكاتە لەبری ئەوەی ئەو پرسیارە لای لاوەكان دروست بێت بەوەی بپرسن: (ئێمە كێن؟) واتە بەدوای ناسنامەی نیشتمانی خۆیان بكەون، ئەوكات دەپرسن: كێ پێویستی بە ئێمەیە؟ ئەمەش مانای ئەوەیە رایەڵەیەكی نیشتمانی بوونی هەیە كە بەردەوام پێویستە پێكەوە گرێیان بداتەوە.
لەم لایەنەوە ئەگەر هەرێمی كوردستان بەنموونە وەربگرین، وێڕای ئەوەی بەدەیان و سەدان رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی بوونی هەیە، بەڵام بوونی رێكخراوی خۆبەخش وەك رێكخراو بوونی كەمە و زیاتر ئامادەباشی خۆبەخشی لەسەر ئاستی تاك زیاتر بوونی هەیە و هەوڵنەدراوە تاكە خۆبەخشەكان لە رێكخراوێكی تایبەت تواناكانیان یەك بخەن و باشتر كاریگەریان دەربكەوێت، سەبارەت بەم لایەنە شارەزایانی كۆمەڵناسی هۆكاری دوورەپەرێزی لاوان لەكاری خۆبەخشی بۆ ئەو فەرهەنگە دەگەڕێننەوە كە لەناو خێزان و قوتابخانە لەمنداڵیەوە گەنجی لەسەر رادەهێنرێت، بۆ نموونە كوڕ لەچاوەڕێی خوشكەكەیدایە ماڵەكە پاك بكاتەوەو لەقوتابخانەش كاری خۆبەخشی بۆ راگرتنی پاكوخاوێنی قوتابخانە بەبێ فەرمان مامۆستا یا بەڕێوەبەر ناكرێت، تەنانەت زۆر لەو گرووپ و كەسانەی خۆیان بەبێلایەن دادەنێن و لەپرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەكاندا كار دەكەن زیاتر دوورن لەكاری خۆبەخشی و بەڵكو تەنیا لەرێگای رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیەوە ئەركی وروژاندن و فشار جێبەجێ دەكەن و خانەی فیكریی بیروبۆچوونەكانیان دیارو روون نییە.



ئومێد خۆشناو سكرتێری یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بەمێژووی كاری خۆبەخشی لە كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەتی بۆ ئەم راپۆرتە بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو وتی: (لە كوردستاندا لاوان پێشەنگ بوون لەكاری خۆبەخشی، ئەمەش رەگ و ریشەیەكی كۆنی هەیە. بۆ نموونە لە پەنجاكانی سەدەی رابردوو جگە لە سێ ستوونەكەی رێكخراوە مەدەنیەكانی لاوان و قوتابیان و ئافرەتان چەندین گرووپ كەسایەتی خۆبەخش لەناو ریزەكانی شۆڕش دەركەوتن وەكو مامۆستایانی شۆڕش كە بێ بەرامبەر وانەیان دەوتەوەو رێگایان نەدا خوێندن لەناوچە ئازادكراوەكان بووەستێت، ئەمە جگە لەو لاوە دڵسۆزانەی ئەركی خوێنبەخشین و پاككردنەوەی شارو شارۆچگەكان و رێگەگرتن لە راوكردنی باڵندەو ئاژەڵی كێوی دروست بوو. واتا كاری خۆبەخشی بووەتە موئەسەساتێك بۆ كۆكردنەوەی بەهرەو تواناكان و ئاراستەكردنی لاوان بەرەو كاری خۆبەخشی، لەم رووەوە لاوان لەناو رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی زۆر كار دەكەن كە زۆربەی جار تەینا لەبەرامبەر خەرجیەكانیان هاوكاری و یارمەتی ماددی وەردەگرن، واتا كارێكی خۆبەخشە مادام مەبەست لەكارەكە قازانج نییە)).
سكرتێری یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بەچۆنیەتی رێكخستنی كاری خۆبەخشی لاوان لەهەرێمی كوردستان وتی: ((بە هاتنە پێشەوەی لاوان لەناو رێكخراوە خۆبەخشەكان بۆشاییەكی گەورە پڕ دەبێتەوە كە لەم قۆناغەی نەتەوەكەمان پێویستمانە، گرنگ نییە كارەكە بەتاك دەكرێت یا بەهاوبەشی یاخود بەشێوەی گرووپ، گرنگ ئەوەیە گەنجەكانمان لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەكاندا راوبۆچوونی نیشتمانپەروەریی خۆیان هەبێت بەتایبەتی لەمەسەلەی دەوڵەت و لایەنی نەتەوەیی و پارێزگاریكردن لەئاڵاو رێزگرتن لە شەهید و قوربانیدانی گەلەكەمان و گەڕانەوەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. لەو پرسانەدا راستە زۆرجار رێكخراوەكانی لاوان و قوتابیان و ئافرەتان پرسێك دەوروژێنن، بەڵام بەسەدان گەنجی دیكە خۆبەخشانە دێنە مەیدان و كار لەسەر ئەو پرسە دەكەن)).



هەر سەبارەت بەم پرسە ئەحمەد ئەسكەندەر سكرتێری رێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان لەلێدوانێكی تایبەت بۆ گوڵان پێیوایە ئایین و كلتوور و پەروەردە لاوی خۆبەخش دروست دەكات و دواتر پێویستە لەرێگای حكومەتەوە پاڵپشتیان بكرێت و رێگایان لێنەگیرێت بۆ فراوانكردنی كاری لاوە خۆبەخشەكان و لەم رووەوە وتی: هەرچی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنییە وابەستەن بە جۆرێك لە ئایدۆیۆلۆژیا و زۆربەی جار بێ بەرامبەر كار ناكەن و ئەركی سەرشانیشیان وروژاندن و دروستكردنی فشارە لەسەر دەوڵەت بەپێچەوانەی گرووپ و رێكخراوی گەنجانی خۆبەخشەوە كە بێ قازانج بۆ كۆمەڵێك بەهای گرنگی مرۆڤایەتی دروستبوونەو كار ئاسانی لەچارەسەركردنی كێشەو گرفتەكان پێشكەش دەكەن. بۆیە لەهەرێمی كوردستانیش كاتی ئەوە هاتووە بەهاوشێوەی كۆمەڵگا پێشكەوتووەكانی دونیا هەنگاو بەرەو كاری گەنجانەی خۆبەخش و خێرخوازی و بێ بەرامبەر بنێت، ئەو كۆمەڵگایانەی كە بۆ هەرچی كارێك بڕۆیت لە CVیەكەت پرسیاری ئەوەت لێدەكرێت پێشتر چ كارێكی خۆبەخشیت كردووە. بۆیە ئەركی سەرشانی هەموو لایەكمانە كار لەسەر دەوڵەمەندكردنی ئەم پرسە بكەین و هەموو لاوان هانبدرێن شانازی بەوەوە بكەن لە رێكخراو و گرووپ و دەستەجەمعیەك كاری خۆبەخشی بكەن، گرنگە بۆ خزمەتكردنی وڵات و خاك و كۆمەڵگە، چونكە گەنجەكانمان لەو ساتە وەختە ئاسوودە دەبن كە بێ بەرامبەر خزمەتی دەوروبەر و نیشتمانەكەیان دەكەن، هەروەكو چۆن لەهاوكاریكردن و كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ ئاوارەكانی هاونیشتمانیانی كوردستانی رۆژئاوا بینیمان)).



هاندانی لاوان بۆ كاری خۆبەخشی
ئەگەر پێشتر هاندەری لاوان بۆ خۆبەخشی چەوسانەوە و زوڵم و زۆری داگیركەرانی كوردستان بووبێت، ئەوا گرنگە بۆ ئەمڕۆ پەرۆشی بۆ سەركەوتنی پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە و بونیادنانی دەوڵەت هاندەرێكی باشتر بێت، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا حكومەتی هەرێمی كوردستان كە فەرمانگەیەكی بەناوی رێكخراوە ناحكومیەكان هەیە سەبارەت بەم لایەنە چ كاریگەریەكی هەبووە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە فازڵ عومەر سەرۆكی فەرمانگە ناحكومیەكان بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە: (حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت گرووپە خۆبەخشەكانی لاوان بكاتە شەریك لە پرۆژەو كارە خزمەتگوزارییەكان و بوارێكی فراوانتریان بۆ بدۆزێتەوە بۆ كاركردن و خستنەڕووی چالاكیەكانیان، ئەمەش لەرێگای پێشكەشكردنی هاوكاریی دارایی بۆ پرۆژەو كارە خۆبەخشەكانیان كە بەهیچ جۆرێك هاوكاریی دارایی لەماهیەتی كاری خۆبەخشی كەم ناكاتەوە مادام مرۆڤەكان كات و وزەی خۆیان بەمەبەستی گەیاندنی خزمەت و هۆشیاركردنی كۆمەڵگا تەرخان دەكەن و لەدەرەوەی سوودو قازانج ئەم كارە خۆبەخشییە دەكەن، ئەم حاڵەتە لەسەر ئاستی دونیاو نێودەوڵەتیش بەهەمانشێوەیە، هەربۆیە لەهەرێمی كوردستان سێ كەس دەتوانێت بێت و رێكخراوێكی مەدەنی یاخود خۆبەخش تۆمار بكات و لەچواردەوری پرسێك كۆببنەوە، ئەمڕۆ زیاتر لە 2000 رێكخراوی NGO لە كوردستان كار دەكەن و هیچیان تەمویل و سلفەی مانگانەیان نییە تەنیا فەرمانگە دەرگای واڵاكردووە بۆ هاوكاری پرۆژەكانیان و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە كۆمەڵایەتی و هۆشیاری و ژینگەیی و ئابووری كە هەیە، قوتابی هەیە لەزانكۆی دهۆك دوو ساڵە لەناو زانكۆ كاردەكەن ئەمڕۆ هاتوون دەیانەوێت بەشێوەیەكی ئیداریی كارەكەیان رێكبخەن و لە رێگای پاڵپشتی هاوكارییەكی قازانج نەویستەوە كارە خۆبەخشەكانیان فراوانتر بكەن، تەنانەت سێ چوار رێكخراوی لاوانمان هەیە لەسەر پرسی نەتەوە كار دەكەن و زۆر چالاكن، من پێموایە ئێستا ژمارەیەكی زۆر لە گرووپە گەنجەكانی خۆبەخش بەشێوەی رێكخراو و كۆمەڵەو گرووپی جۆراوجۆر هاتوونەتە پێشەوەو كاریشیان كردووە هەروەكو چۆن لەرۆژی جیهانی زەوی و ئاو و ژینگەپارێزی و خوێنبەخشین و تالاسیما چالاكی و كارەكانیان دەركەوت، لاوی وا بەهرەمەندمان هەیە كە جێگای دەستخۆشییە هاتوونەتە سەرشەقام و خۆبەخشانە چالاكی شانۆیی و هونەرییان پێشكەشكردووە، زۆر لە لاوەكانی كۆلێژەكانی پزیشكی و ئاداب و كۆلێژەكانی تر هاتوونەتە لامان و پرۆژەی كاروچالاكیان پێشكەشكردووە كە مەبەست لە چالاكییە خۆبەخشیەكانە، چونكە ئەوان داوای مووچەو پاداشتیان نەكردووە لە پرۆژەكانیان)).
Top