پەنجا ساڵە قەزایە و دەیەوێت ببێتە ئیدارەی سەربەخۆ:زاخۆ فراوانبوونێكی گەورە وزیادبوونێكی خێرای ژمارەی دانیشتوان

پەنجا ساڵە قەزایە و دەیەوێت ببێتە ئیدارەی سەربەخۆ:زاخۆ فراوانبوونێكی گەورە وزیادبوونێكی خێرای ژمارەی دانیشتوان
گرنگیی زاخۆ تەنیا لەوەدا نییە كە بەیەكێك لەقەرەباڵغترین قەزاكان دادەنرێت و ژمارەی دانیشتووانەكەی زیاتر لە 270 هەزار كەسە و چەندین ئاینزاو نەتەوەی تێدا دەژی، بەڵكو بۆ ئەو گرنگییە جوگرافیایەش دەگەڕێتەوە كە كەوتۆتە سەر سنووری توركیاو سوریا، هەر ئەمەش بوو وایكرد لەساڵی 1964 زاخۆ ببێتە قەزا، ئەمڕۆ زاخۆ كە ناحیەكانی (رزگاری و دەركارێ و باتیڤیا و 184 گوند) لەخۆدەگرێت گۆڕانكاریی باشی لەبواری بینایەو پاكوخاوێنی شارەكە ئاوەدانكردنەوەی 70 گوند بەخۆوە بینیوە، ئەو گوندانەی ئاوەدان نەكراونەتەوە بۆ بارودۆخی سەرسنوورەكان و بوونی مین و راهاتنی گوند نشینەكان لەسەر ژیانی خۆشگوزەرانی شار، جێی دڵخۆشیش بوو كاتێك بینیمان لەسەر ڕێگای گەلی زاخۆ پرۆژەی دروستكردنی دوو تونێل لەگەلی زاخۆ بە جووت سایدی جێبەجێ دەكرێت، لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی پردی دەلال و قیرتاوكردنی شەقامەكان و دروستكردنی پارك، جوانترو قەشەنگتر دەبێـت. لەگەڵ ئەم گرنگیدانەو جێبەجێكردنی پرۆژانەشدا هاووڵاتیانی زاخۆ داواكاریی جۆراوجۆریان سەبارەت بەجێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجان و چاككردنی رێگای گوندەكان و پاراستنی ئاوی خابوور لەپیسبوونی ئاوەڕۆكان هەبوو. لەلایەكی ترەوە بەهۆی خراپبوونی بارودۆخی سوریا ژمارەیەكی زۆری خێزانی كوردانی رۆژئاوا روویان لەقەزاكە كردووە، هەروەها پێشتر 15 هەزار ئاوارەی دیكە كە زۆرەبەیان برا كریستیانەكانن و لەبەر ناسەقامگیری ناوچەكانی دیكەی عیراق بەگشتی و پاریزگای نەینەوا لە تایبەتی روویان لەزاخۆ كردووە. بۆیە هاوڵاتیان جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە، زاخۆ فراوان و گەورە بووە و كاتی ئەوەیە فەرمانی ئیداری سەربەخۆ بۆ شارەكەیان جێبەجێ بكرێت.
تیمی گۆڤاری گوڵان سەردانی قەزای زاخۆی كرد بۆ ئەوەی لەنزیكەوە ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بزانین، هاووڵاتیان پێیان وابوو زۆربوونی خێرای ژمارەی دانیشتووان و فراوانبوونی شارەكە واقیعێكی وای دروستكردووە كە قەزاكەیان پێویستی بەبودجەو خزمەتگوزاریی زیاتر هەیە، ئەم داواكاری و خواستەی هاووڵاتیانمان لەگەل قائیمقامی قەزای زاخۆ باسكرد و بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.

بڕیارداروە 42 فەرمانگەی شارەكە بكرێنە بەڕێوەبەرایەتی
سەبارەت بە ئیدارەی سەربەخۆ كە گرنگترین داواكارییەكانی هاووڵاتیانی زاخۆی بوو، خەلیل مەحمود قایمقامی زاخۆ سەبارەت بەم پرسە ئاماژەی بەوەكرد حكومەتی هەرێم ساڵانە كارو پرۆژەی باشی لەم دەڤەرە ئەنجامداوە، بەڵام فراوانبوونی خێرای رێژەی دانیشتوان و هاتنی بەلێشاوی برا كوردەكانی رۆژئاوا لە سوریاوە و هەروەها هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی دیكە بەهۆی نائارامی بارودۆخی موسڵ و شارەكانی دیكەی عێراقەوە، بارگرانیەكی زۆری لەسەر شارەكە دروستكردووە. هەربۆیە هەستكردن بەم واقیعەی زاخۆ و بڕیاردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی زاخۆ بكرێتە ئیدارەی سەربەخۆ، ئەم بڕیارەی سەرۆكی حكومەت لە، 25/9/2012 دا بوو كاتێك بەڕێزیان سەردانی زاخۆی كردوو بڕی 200 ملیۆن دۆلاری بۆ شارەكە تەرخانكردوو هاووڵاتیانیش ئەم داوایەیان لەبەڕێزیان دووپات كردەوە، لەم رووەوەش چەندین دانیشتن و گفتوگۆ ئەنجامدراوە و ئێستا 42 فەرمانگەی جۆراوجۆرمان بۆ ئیدارەی شارەكە هەیە كە لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە بڕیاردراوە بكرێنە بەڕێوەبەرایەتی و پارێزگای دهۆكیش زۆر هاوكاریی كردوین، من پێم وایە زاخۆ نەك تەنیا بنەماكانی بوون بەئیدارەی سەربەخۆی تێدایە بەڵكو بنەماكانی پارێزگاشی تێدایە، فراوانبوونی قەزاكەو زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و مێژوو كلتوورو جوگرافیای شارەكەو تەواوبوونی ماستەرپلانی شارەكەو جۆراوجۆریی پێكهاتەی نەتەوەیی و ئاینی هەمووی بنەماو دەستكەوتی گرنگن .
2 ملیار دینارمان
بۆ دروستكردنی كۆڕنیش تەرخانكردووە
سەبارەت بەخزمەتگوزارییەكان و داواكاریی هاووڵاتیانیش قایمقامی زاخۆ وتی: گەرچی بەپێی توانا لەساڵانی رابردوو بودجەو پرۆژە بۆ زاخۆ تەرخانكراوە، بەڵام كارو پرۆژەی زیاتریشمان دەوێت و پێویستی بەكاری جدی و پلان هەیە، چونكە ئاستی بژێوی ژیان باشتر بووەو قەزاكەشمان فراوانتر بووە و گەورەبوونەكەش بەهەر چوار لاوەیە، هەروەها ژمارەیەكی زۆری خانووش هەیە كە پێشتر بەزێدەڕۆیی دروستكراون ئێستا سەرقاڵی تاپۆكردنیانین، رێژەی جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ 90% بەرز بووەتەوە، لەم رووەوە لەساڵی رابردوو 150 پرۆژەی خزمەتگوزاریی لەسێكتەرە جیاجیاكان خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە و لەسەرجەم بوارە خزمەتگوزارییەكان زۆر بەرەو پێشەوە چووین بۆ نموونە زاخۆ لەبواری ئاوی خواردنەوەو قیرتاوكردنی كۆڵان و شەقامەكان گۆڕانكاریی باشی بەسەردا هاتووە، تەنانەت پاركێكی گەورەمان هەیەو ئەمساڵ فراوانی دەكەین، لەرووی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی و كارەبا بۆ گوندەكان چەندین پرۆژە ئەنجامدراوە و 2 ملیار دیناریشمان بۆ دروستكردنی كۆڕنیش (دروستكردنی ناوچەی گەشتیاری لە قەراخی ئاوی زاخۆ) تەرخانكردووە، لەمساڵیشدا 60 پرۆژە بەبودجەی 44 ملیار دینار پاش پەسەندكردنی بودجە دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە. هەروەها بۆ كەمكردنەوەی كارەساتی هاتوچۆو باشكردنی ژێرخانی رێگاوبانەكانمان ئێستا پرۆژەیەكی دروستكردنی دوو تونێل دروست دەكرێت، بەتەواوبوونی ئەم تونێل و رێگا جووت سایتە گرفتی هاتوچۆو كەوتنەوەی رووداوەكان زۆر كەم دەبێت بەتایبەتی لە گەلی زاخۆ. هەروەها ئەم رێگایە بۆ هاتوچۆو بوژانەوەی كەرتی بازرگانی لەنێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیاو جیهانی پێشكەوتوو زۆر گرنگە بەرادەیەك لەدوارۆژدا رۆڵی دەبێت لەجێبەجێكردنی ناوچەی بازرگانی ئازاد كە ئێستا بەردی بناغەی بۆ دانراوە.
لە 90%ی تۆڕی نێوخۆی ئاوی خواردنەوە چارەسەر كراوە
گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ گەڕەكە نوێیەكان و گوندەكان بەیەكێك لەو داواكارییانە دادەنرێت كە هاووڵاتییان زۆر جەختیان لەسەر كردەوە، پێشتر پرۆژەیەكی ستراتیژیی ئاوی خواردنەوە لە زاخۆ جێبەجێكرا، بەڵام پێویستی بەتۆڕی ناوخۆی ئاوی خواردنەوە هەیە، لەم رووەوە قایمقامی زاخۆ وتی: پێشتر كێشەی ئەوەمان هەبوو كە تۆڕی دابەشكردنی ئاو كۆن بوون، بەلام هەولدراوە ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت و تۆرەكانی بۆری ئاوی خواردنەوە نۆژەن بكرێنەوە، ئەمەش بەریژەی لە 90% تەواو بووە، ئێستا لەهەوڵی ئەوەداین ئەو گەڕەك و شوێنانەی تۆڕەكانیان كۆنن لە رێگای چەند پرۆژەیەكەوە چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزینەوە، تەنیا هەندێك گوندو كۆمەڵگاو ناحیە دەمێنێـت كە لەو شوێنانە كەموكوڕی و گرفت لە ئاوی خواردنەوە هەیە ئەمەش لە رێگای سوود وەرگرتن لەئاوی خابوور چارەسەر دەكرێت . لەلایەكی ترەوە دوای دەست بەكاربوونی كارگەی ریسایكلینی كاشێ، پلان و بەرنامەمان هەیە سەرجەم زبڵ و خاشاكەكانی ناوچەكە كەپس بكرێن و بۆ ئەو كارگەیە بگوازرێتەوە، ئێمە شانازیی بەپاكوخاوێنی قەزاكەمانەوە دەكەین و لەمەشدا هاووڵاتیان هاوكارمانن و پاكوخاوێنی و پاراستنی ژینگە بووەتە كلتوور لەناوچەكەماندا.



تەندروستی و پەروەردە قورساییەكی
زۆریان دەكەوێتە سەر شان
زیادبوونی خێرای ژمارەی دانیشتوانی زاخۆ، بەپلەی یەكەم بە هۆكاری هاتنی ئاوارەیە لە دوولاوە بۆ ئەم شارە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی لەم شارە هەم ئارامی سەقامگیری دابین كراوە،هەم خەڵكی زاخۆ لیبوردەو میوان دۆستن، بەلام هەندیك بواری خزمەتگوزاریش هەیە كە لەتوانای خەڵكە زیاترە و پێویستە حكومەت ئاوری زیاتری لێبداتەوە، بە تایبەتیش هەردوو كەرتی پەروەردەو تەندروستی سەبارەت بەم لایەنە قائیمقامی زاخۆ ئاماژەی بەوەكرد، ئەم لایەنە بایەخێكی گرنگی پێدراوە و ئێستا لە قۆناخی بونیادنانی ژێرخانێكی پتەوین بۆ ئەم دوو كەرتە، لەبەر ئەوەی ئێستا لە زاخۆ 18 بنكەی تەندروستی و 3 نەخۆشخانەی هاوچەرخ، هەروەها ئێستاش 2نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵان و فریاكەوتن لە جێبەجێ كردندان، بۆیە گرفت و كێشەمان لەسەر كەمی پزیشكی پسپۆرو كارمەندی تەندروستی هەیە، بڕیاریشە وەزارەتی تەندروستی ئەم كێشەمان بۆ چارەسەر بكات و ژمارەیەك لە پزیشكی پسپۆر لەدەرەوەی وڵات بهێنن و لەناوخۆی هەرێمیشدا ژمارەیەك لە پزیشك و ستافی تەندروستیمان بۆ دامەزرێت. لە رووی پەروەردەشەوە كە لەسنوورەكەمان زیاتر لە 85 هەزار قوتابی و 186 بینایەی قوتابخانە هەیە تەنانەت لەسەرجەم گوندەكان ئەگەر بچووكیش بێت قوتابخانەیان هەیە، هەربۆیە كێشەمان لەكەرتی پەروەردە نییە تەنیا گرفتی بینایەی قوتابخانەو كەمیی مامۆستاو ستافی پەرەوەردەیی هەیە، ئێستا چوار دەوامی قوتابخانەكان نەماوە بەڵام سێ دەوامی و دوو دەوامی هەر دەمێنێت تا ئەو قوتابخانە 18 پۆلی و 27 پۆلیانە تەواو دەبێت، لەدوا سەردانی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ زاخۆ بڕیاریدا 4 بینایەی قوتابخانەی 18 پۆلی لەسەنتەری قەزاو ناحیەی باتیڤان و داركێ دروست بكرێت.
بەپێی پێویست و جیدی لە بواری كشتوكاڵی كار و پڕۆژە بۆ سنوورەكە نەكراوە
سەبارەت بە وەزارەتی كشتوكاڵ و كارو پڕۆژەكانی لە سنوورەكەدا قایمقامی زاخۆ وتی: خەڵكی ئەو سنوورە بۆ ژیان و داهاتیان بەتایبەتی پێشتر پشتیان بە كاری كشتوكاڵی و چاندن و باخداریی بەستووە، ئێستا خەڵكێكی زۆر بەتایبەتی لە گوندەكاندا كاری كشتوكاڵی دەكەن، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە ساڵانی رابردوو و ئێستاكەش پەینی كیمیاویی گەنم و ئامێر و پێداویستی دیكەی بە جووتیارانی سنوورەكە داوە و ساڵانە بەنرخێكی زۆر باش گەنم و دانەوێڵەی لە جووتیاران وەرگرتۆتەوە و بۆ هەموو گوندەكانی ئاوەدانن جۆگەلەی ئاودێریی دروستكردووە، هەر بۆیە لە كاتی وشكەساڵیشدا جووتیاران دەستەو ئەژنۆ دانانیشن و كاری چاندنی خۆیان دەكەن، حكومەت كۆگایەكی ساردكەرەوەی لە سنووری باتیڤا بۆ هەڵگرتنی میوەو سەوزە دروست كردووە، لەلایەكی دیكەوە هەرچەندە سایلۆیەكمان هەیە و بڕیاردراوە سایلۆیەكی دیكەشمان بۆ دروست بكەن، هەروەها لە سنووری سندیا لە ناوچەی بەرزیری دیزاینی بەنداوێك كراوە و زۆری نەماوە بچێتە قۆناغی جێبەجێكردن و لە دەڤەری گولی بەنداوێك لە قۆناغی كۆتاییدایە كە سوودێكی زۆری بۆ سنوورەكە هەیە و پێشنیارێكیش بۆ بەنداوێكی گەورە لەسەر ئاوی خابوور لەنزیك زاخۆ هەیە كە بۆ ئەو بەنداوەش رەزامەندی دیزاینەكە وەرگیراوە و بڕی یەك ملیار دیناریش بۆ دیزاینەكە تەرخانكراوە كە ئەم بەنداوە بۆ هەموو سنووری قەزای زاخۆ یەكجار بەسوودە، سەرەڕای هەموو ئەمانە هێشتا لە چاو بەپیت و بەرەكەتی و بەرفراوانی زەوی سنوورەكە بەپێی پێویست و جیدی لە بواری كشتوكاڵی كار و پڕۆژە بۆ سنوورەكە نەكراوە.
یاریگای وەرزشی زاخۆ كە 20 هەزار كەس لەخۆدەگرێت
لە75% كارەكانی تەواو بووە
لەرووی وەرزشییەوە كە لەم چەند ساڵەی دوایی دا زاخۆ ناوبانگێكی باشی بەدەستهێناوە قایمقامی زاخۆ وتی: یاریگای وەرزشی زاخۆ كە 20 هەزار كەس لەخۆدەگرێت و لە75% كارەكانی تەواو بووە و بڕیاریشە یاریگاكە بەرفراوان بكرێت و شەقامەكانی دەوروبەریشی بۆ دروست بكرێت، ئەمەو لەهەموو ناحیەو كۆمەڵگای ناوچەكە یاریگای فریزی بچوك دروست كراوە. زاخۆ لەبواری وەرزش زۆر بەرەو پێشەوە چووە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق ناوبانگی باشی بەدەستهێناوە، هەربۆیە داواكارم زیاتر گرنگی پێ بدرێت.
Top