كێشەی خوێندن و قوتابیان
October 30, 2013
راپۆرتەکان
قوتابیان كە گەنجانی ئەمڕۆ و چارەنووسی داهاتووی نەتەوەكەمانن گەربێتوو لەپرۆسەی ریفۆرم و پەرەپێدانی مرۆیی گرنگییان پێبدرێت و گوێ لەویست و داخوازییەكانیان بگیرێت، دەبنە ڤیزەی وەرچەرخان بۆ گەیشتن بەجیهانی پێشكەوتوو، بەڵام نەبوونی دامەزراوەی پێشكەوتوو كە تێیدا قوتابیان چەمكی نائومێدیان بگۆڕێت بەئومێد و لەگێژاوی گرفتە بەردەوامەكانی ساڵانی رابردوو دەربازیان بێت، ئەوكات هەستی دۆڕاندن و بێزار بوون دەگۆڕێت بە سەقامگیریی و تەمەنێك پڕ لەداهێنان. لەم راپۆرتەی تایبەت بەگوڵان چەند چالاكوانێكی رێكخراوەكانی خوێندكاران و قوتابیانمان دواند بەو ئومێدەی گوێبستی راوبۆچوون و خەمەكانی قوتابیان بین، بەو پێیەی حكومەتی كارا ئەو حكومەتەیە كە دەیەوێت گوێ لە رەخنەو گلەییەكان بگرێت و بڕوای بەئازادی را دەربڕین هەیە و دەیەوێت لە پرۆسەی پەرەپێدانی بەردەوام سەركەوتوو بێت.
قوتابیان نەوەی نوێ و پەڕینەوە بەرەو قۆناغێكی ئارام و خۆشگوزەران
قوتابیان ئەمڕۆ پێداویستیەكانیان زۆر جیاوازترە لەنەوەكانی پێش خۆیان، قوتابیانی ئەمڕۆ واتا نەوەیەكی هەستیار و پڕ لەتموح و ئومێدن، كە تەنیا لەناو دامەزراوەو رێكخراوی پێشكەوتووخوازەوە دەتوانرێت كۆببنەوەو تواناكانیان ئاراستە بكرێت بەرەو بەدیهێنانی خەونەكانیان؛ فاتح مەولەوی زادە سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان لەلێدوانێكی تایبەت بۆ (گوڵان) ئاماژەی بەوە كرد: ((قوتابیان هەستیارترین توێژی ناو كۆمەڵگان و داواكاریی و داخوازییەكانیان لەئاستێكی بەرزدایە، هەربۆیە پێویستە رێكخراوەكانی قوتابیان لەهەرێمی كوردستان لەئاست داواكاریی و داخوازییەكانی قوتابیاندا بێت و، رێگا نیشاندەرێكی باشیش بن بۆ ئەوەی ببێتە پردێكی پێوەندی لەنێوان توێژی قوتابیان و سەرجەم چین و توێژەكان و پارتە سیاسییەكان و دامودەزگاكانی دیكەی كۆمەڵگا. ئێمە وەكو رێكخراوی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بەدرێژایی شۆڕشەكانی گەلەكەمان خزمەتكاری ئەو توێژە گرنگە بووین و قوتابیان لەو قۆناغە سەخت و دژوارانەدا تێپەڕبوون و شەهیدو قوربانیەكی زۆریان داوە، ئەمڕۆش كە نەوەیەك پێگەیشتوون و وەكو مافێكی سروشتی خۆیانە ئومێدو خواستەكانیان بەرزتر بێتەوە، چونكە قوتابیان لەقۆناغێكی نوێ دا گەورەبوون و ژمارەیان زۆر زیادیكردووەو هەندێك جاریش دەكەونە ژێر فشارو هەوڵ دەدرێت بەئایدیۆلۆژیاو بۆچوونی دوور لەویست و داخوازی خۆیان ئاراستە بكرێن، هەربۆیە بیركردنەوەو بۆچوونی نەوەی نوێی قوتابیان جیاوازە و مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم نەوەیەش وا ئاسان نییە، لەكاتێكدا دەرگاكانی حكومەت واڵا نییە بۆ نیشتەجێبوون و دامەزراندن و دۆزینەوەی هەلی كارو فەراهەمكردنی دادپەروەریی، گرفتەكە لەوەدایە هەندێك لەپارتە سیاسییەكان و كەناڵەكانی راگەیاندن هزر و بۆچوونی گەنجان بەئاراستەیەكی جیاواز دەبەن و رووبەڕووی چەواشەكاریی دەبنەوەو دووریان دەخەنەوە لەبواری نیشتمانپەروەریی و نەتەوەیی)).
زانكۆ و پەیمانگاكان كادیری پێویستیان بۆ بازاڕی كار پێنەگەیاندووە
لایەنێكی دیكەی گرفتی قوتابیان ئەوەیە كاتێك خوێندن تەواو دەكەن هەردەبێت چاوەڕاوانی دامەزراندن بن لە كەرتی گشتی و هەتا ئێستا ئەم بەرهەمە گرنگە نەتوانراوە لایەنی كەرتی تایبەتی پێ دەوڵەمەند بكرێت، ئەمەش لەلایەكەوە رۆژ لەدوای رۆژ هەم ئەركی حكومەت قورستر دەكات و هەمیش قوتابیان سارد دەبنەوە، سەبارەت بەم گرفتە سەرتیپ عەلی سكرتێری كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان لەبارەی كێشەو گرفتی قوتابیان بە گوڵانی راگەیاند: ((ئێمە پێمانوایە وەزارەتی پەروەردە لە قەیرانێكی گەورەدایەو ناتوانێت رووبەڕووی ئەو هەموو كێشەو گرفتە بێتەوە، هەر لەنەبوونی بینایەی خوێندنگاو تاقیگەو شوێنی وەرزش و هونەریی و وێنەكێشان تا نەبوونی مامۆستایانی وانە زانستیەكان، ئەمە جگە لەوەی بوارەكانی ژینگەپارێزی و رۆشنبیری تەندروستی گرنگی پێنەدراوە، بوونی كێشەو گرفتیش لەنێوان مامۆستاو قوتابی هەر بۆ ئەو سیستەمە خراپەی خوێندن دەگەڕێتەوە، ئەمانە هەمووی وایكردووە وەزارەتی پەروەردە نەتوانێت خوێندكار بەشێوەیەكی تەندروست پێبگەیەنێت، گرانی نرخی قوتابخانە و زانكۆ ئەهلیەكان و بەرزبوونەوەی نرخی وانە وتنەوەی تایبەتی هەمووی كێشەن نەك تەنیا بەرۆكی خوێندكارانی گرتووە، بەڵكو زیانی بەلایەنی بژێوی ژیانی خێزانەكانیش گەیاندووە، لەلایەكی دیكەوە زانكۆ و پەیمانگاكان بەپێی پێویست كادیری لێهاتوویان بۆ كەرتی تایبەت و بازاڕی كار پێنەگەیاندووە ئەمەش خۆی لەخۆیدا كێشەیەكی گەورەیەو پێویستی بەهەڵوەستەی گەورە هەیە، هەروەها بەشە ناوخۆییەكانی خوێندكاران جگە لەوەی سەلامەی تەندروستییان نییە، هاوكات ژمارەشیان بەپێی زیادبوونی خوێندكارەكان و پێداویستیەكانیان نییە)).
هەروەها سەبارەت بە هۆكاری وەرنەگرتنی ژمارەیەك لەخوێندكاران لەزانكۆ و پەیمانگاكان، سكرتێری كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان وتی: ((نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هۆكاری سەرەكی مانەوەی گرفتی وەرنەگرتنی قوتابیانە لەزانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان)).
ئەگەری نەگەڕانەوەی ناوی ژمارەیەكی زۆری قوتابیان بۆ زانكۆ و پەیمانگاكان هەیە
سەبارەت بەبوونی كەموكوڕیی لە پێكهێنەرە سەرەكیەكانی پرۆسەی پەروەردەدا، ئەحمەد ئەسكەندەر سكرتێری گشتی رێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان وتی: ((هەرسێ پێكهاتەی سەرەكی (مامۆستا- قوتابیان – پرۆگرام) بەدەم كۆمەڵێك كەمتەرخەمیەوە گیریان خواردووە و بە بەردەوام لەقەیراندان، چونكە لەلایەك پرۆگرامەكان بێ پلانی ورد و زانستی لەماوەیەكی كەمدا دەگۆڕێت و كادیرو مامۆستاش ئامادەنەكراوە، لەلایەكی دیكەیشەوە بەردەوامی گرفتەكانی بەشە ناوخۆییەكان و كۆنی و نەبوونی بینایەی قوتابخانەكان و كەموكوڕیی لەدابینكردنی پێداویستیەكانی تاقیگەكان و كەمی مامۆستا ئەوەندەی دیكە كێشەی لەبەردەم پێگەیاندنی نەوەی داهاتوو هەبووەو خوێندن تەنیا بووەتە بەدەستهێنانی بڕوانامەو هەندێك بنەمای سەرەتایی فێر بووە. بگرە زۆر جار خراپی بەشە ناوخۆییەكان بووەتە هۆی كەوتنەوەی ئاگر و زیانی گەورەی لێكەوتۆتەوە، چونكە لایەنی تەندروستی و سەلامەتی تێدا رەچاونەكراوە. ئەمە جگە لەبەردەوامبوونی كێشە سەرەكیەكەی قوتابیان كە خۆی لەنەگەڕانەوەی ناو و وەرنەگرتنی قوتابیان و خوێندكاران دەبینێتەوە، بۆ ئەمساڵی خوێندنیش ئەگەری 15 هەزار قوتابی هەیە ناوەكانیان نەگەڕێتەوە)).
هەر لەم چوارچێوەیەدا و سەبارەت بە سیستمی پەروەردە، سكرتێری گشتی رێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ گوڵان ئاماژەی بەوەكرد: ((كاتێك سیستەمی خوێندن تواناو حەزی قوتابیان لەبەرچاونەگرێت ئاستی زانستیان دادەبەزێت و لەدواڕۆژدا سوودیان لێوەرناگیرێت و زیان بەهەیبەتی زانستی و رێزگرتنی زانستخوازانەیان دەگەیەنێت. پێویستە هەوڵ بدرێت زانكۆی نوێ و بەشی نوێ لەكۆلێژ و پەیمانگاكان بكرێتەوە و گرنگی زیاتر بەزانكۆ ئەهلیەكانیش بدرێت. بەمشێوەیە ئەگەر بڕوامان بەوە هەبێت گەنج سەرچاوەی بنەڕەتی چاكسازیی و گۆڕانكارین، پێویستە هەوڵ بدرێت گەنج لەنائومێدی و بێ هیوایی رزگاربكرێت و كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكرێت، بەتایبەتی كێشەی خوێندن و نیشتەجێبوون و دەربازبوونیان لە بێكاری و هەژاریی)).
نەبوونی پلان
كاریگەری لەسەر پێگەیاندنی قوتابیان هەیە
نەبوونی پلان بۆ خوێندنی باڵا و ئاستەكانی دیكەی خوێندن هەموو جۆرە لاسەنگیەكی دروستكردووە و ناتوانرێت بشارێتەوە، سەبارەت بەم لایەنە رێبوار ئەحمەد عەوێنەیی سكرتێری یەكێتی گشتی قوتابیانی كوردستانیش لەلێدوانێكی تایبەت بۆ گوڵان ئاماژەی بەوەدا و وتی: ((پێم سەیرە وەزارەتێك بەناوی وەزارەتی پلاندانان لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستان هەبێت كەچی بۆ پرۆسەی خوێندن پلانی نەبێت، چونكە دووبارەبوونەوەی كێشەكان بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگرە لەنەبوونی پلان و نەبوونی پێوەندی لەنێوان وەزارەتەكانی پلاندانان پەروەردەو خوێندنی باڵا، هەربۆیە ساڵانە كێشەكانی نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونی قوتابیان و كەموكورتی بەشە ناوخۆییەكان دووبارە دەبێتەوە، بۆ دەبێت بەكەلتووری كۆن مامەڵە لەگەڵ نەوەی نوێ بكرێت، ئەوەتا مووچەی مامۆستایەكی زانكۆ زیاتر لە 5 ئەوەندەی فەرمانبەرێكی مووچەخۆرە كەچی تا ئێستا قوتابیەكیان بەرەو داهێنان نەبردووە، ئەمەش گرفتكی گەورەیە و گرنگترین فاكتەری سەرەكی ئەم پرۆسەیە فەرامۆشكراوە كە توێژی قوتابیانە)).
كێشە بەشە ناوخۆییەكان
ئەمیر حەمەد مستەفا بەرپرسی ناوەندی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەولێری رێكخراوی قوتابیانی كوردستان هەمان بۆچوونی هەبوو بەوەی هەست دەكرێت پێوەندی نێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سست و لاوازە و گرفت و كێشەكان دووبارە دەبنەوە، لەم رووەوە وتی: قوتابیان لەزۆر لایەن هەست بەپشتگوێخستن و كەموكوڕی دەكەن، ئەوەتا بەشە ناوخۆییەكانیان و بوارەكانی دیكەی خزمەتگوزاریی بەپێی ژمارەو رێژەی قوتابیان نییە، پێش چەند ساڵێك لەژووری بەشە ناوخۆییەكان 2-4 قوتابی تێدابوو ئێستا بۆتە 5-6 قوتابی؛ ئەمە جگە لەخراپی كوالێتی بەشە ناوخۆییەكان و تەنانەت لەناو گەڕەكەكاندا بەشی ناوخۆیی كچان دانراون لەلایەكی دیكەوە هاتوچۆكردنی قوتابیان بۆ زانكۆ و پەیمانگاكانیان زۆر قورس و گران رادەوەستێت لەسەر توێژێك كە زۆربەیان توانای ماددییان نییە. ئێستاكە بەهۆی نەبوونی پێوەندی و پلانەوە لەنێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی زۆر بەدەگمەن داهێنان لەناو زانكۆكاندا دەبینرێت و ئاستی زانست و خوێندن تارادەیەكی زۆر چەقی بەستووە، ئەمەش بۆ نەرەخساندنی كەش و زەمینەیەكی لەبار دەگەڕێتەوە.
رێكخراوەكان و هەستكردنیان بە كێشەكانی قوتابیان
رێكخراوەكانی قوتابیان پێش دەستپێكی خوێندن هەستیان بەكەموكوڕی و كێشەكان كردووە، تەنانەت لەمانگی ئەیلوولی 2013 لەیاداشتنامەیەكی یەكێتی قوتابیانی كوردستان كە 8 خاڵی لەخۆگرتبوو ئاراستەی هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كردبوو، تێیدا سەرجەم گرفتەكانیان خستۆتەڕوو هەر لە(سیستەمی پەڕینەوە و دیاریكردنی تەمەنی قوتابیان بۆ خوێندنی ئێواران تا پەڕینەوەی قوتابیانی قۆناغی چوارەمی زانكۆكان و دیاریكردنی رێژەی كەمی وەرگرتنی قوتابیان لەزانكۆ ئەهلیەكان..) سەبارەت بەم گرفتانە فاتح مەولەوی زادە سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان وتی: ((رێكخراوی یەكێتی قوتابیانی كوردستان هەر لەدەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنەوە هەستی بەكەلێن و دژواریەكانی خوێندن كردوو كۆمەڵێك هەنگاوی لەمبارەیەوە ناوە، تەنانەت بەرزكردنەوەی رێژەی وەرگرتنی قوتابیان لەساڵی 2011 لەسەر داواكاری ئێمە بوو كەبووە هۆی وەرگرتنی 10 هەزار قوتابی لەزانكۆ و پەیمانگاكان ئەوانەی شانسیان پێنەدرابوو وەربگیرێن. بەشێوەیەكی گشتی هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی نەیانتوانیوە لەگەڵ ئەو زیادبوونەی رێژەی قوتابیان و بەرزبوونەوەی داخوازی و تموحاتەكانی قوتابیان پەرە بەبەرنامەو پرۆژەو كارەكانیان بدەن، لەكاتێكدا ئەركی سەرشانی حكومەت و وەزارەتە پێوەندارەكانێتی كەشوهەوایەكی خوێندن و نیشتەجێبوون و دابینكردنی پێداویستیەكانی دیكەی خوێندن دابین بكات. چونكە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی قوتابیان داواكارییەكانی قوتابیانیش زیاد دەكات و گۆڕانكاری جۆریی بەسەردا دێت، تەنانەت گرفتەكان زیاتر ئاڵۆز دەبن كاتێك گرفت و كێشەیەك روودەدات ئەو كات ئەم دوو وەزارەتە بیر لەچارەسەركردن دەكەنەوە واتا پلانی پێشوەختە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەرەكان نییە بۆ ئەوەی ساڵانە ئەم گرفتانە دووبارە نەبنەوە، بۆ نموونە كێشەی (عبور) لەزانكۆی كوردستان كێشەی عبوریان هەیە چونكە پابەند نین بە رێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی تەنانەت ئەمساڵ قوتابیان چەندین خۆپیشاندانیان كردووە بۆ ئەوەی عبور بكرێتە دوو وانە تەنانەت زۆربەی زانكۆكانی كوردستان خاوەنی كەمپی زانكۆیی نین ئەمە جگە لەوەی زیاتر گرفتمان لەسیستەمی خوێندنیش هەبووە و ساڵانە قوتابیانی پیشەیی و قۆناغی نۆیەم داواكارییان هەیە بەتایبەتی رێگا پێدانیان بۆ ئەوەی لەزانكۆكان درێژە بەخوێندنی خۆیان بدەن، پێویستە وەزارەتی پەروەردە پلانێكی باشتر بۆ خوێندنی پیشەییەكان دابنێت و لەخوێندنی زانكۆ و پەیمانگاكان قوتابیان بێبەشیان نەكات و پشتگوێیان نەخات. لەلایەكی دیكەوە زۆر لەبڕیارەكان لەساڵی رابردوو راناگەیەنرێت كە جێبەجێ دەكرێت، بەڵكو لەهەمان ساڵدا جێبەجێ دەكرێت و ناڕەزایەتی لەناو قوتابیانی لێدەكەوێتەوە.
بۆ ئەمساڵ پێشبینی ئەوە دەكەم ئەگەر بێتوو پرۆژەی نوێ بۆ بەشە ناوخۆییەكان دروست نەكرێت و لەبەرامبەردا ژمارەی قوتابیان روو لەزیادبوون بكات، ئەوكات گرفتەكە ئاڵۆزتر دەبێت، مەودای جێبەجێكردنی كەمپی زانكۆی سەلاحەدینیش زۆرەو چارەسەری خێرای كێشەكە ناكات گەربێتوو خێرایی لەجێبەجێكردنی پرۆژەی كەمپەكە نەكرێت)).
هەر لەم رووەوە و سەبارەت بە چالاكی رێكخراوەكانی قوتابیان و خوێندكاران سەرتیب عەلی سكرتێری كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان وتی: ((ئێمە پێمان باشە بەهیچ شێوەیەك بەربەست لەبەردەم نوێنەرانی رێكخراوەكانی قوتابیان و خوێندكاران دانەنرێت و دەرفەتیان بەیەكسانی پێبدرێت، پێشمان باشە لەمبارەیەوە رێنمایی هەبێت و كاری پێبكرێت، چونكە قوتابیان ئازادن و رێكخراوەكانیش مادام لەچوارچێوەی یاسادا كار دەكەن دەبێت ئەوانیش ئازاد بكرێن و پێوەندییەكانی نێوان قوتابیان و لایەنی پەروەردەو خوێندن بەهێزتر دەبێت)).
لەلایەكی دیكە و سەبارەت بەفیدراسیۆنی رێكخراوی قوتابیان و خوێندكارییەكانیش، تونی جونسن جێگری سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كلدو ئاشوور بەگوڵانی راگەیاند: ((لەلایەن راگرایەتی كۆلێژ و پەیمانگاو وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیەوە بەپێی پێویست هاوكاری نوێنەرانی قوتابیان كە رێكخراوەكانی قوتابیان و خوێندكارانە ناكرێن، كاتی ئەوەهاتووە هەموو رێكخراوەكانی قوتابیان و خوێندكاران لەپێناو چێبەجێكردنی خواست و ویستەكانی قوتابیان و خوێندكاران لەژێر چەتری فیدراسیۆنەكەیان دووبارە كۆببنەوەو چالاك بن، چونكە فیدراسیۆنەكە سست بووەو چالاكی كەمبۆتەوە ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەموو لایەنەكان لەماوەی رابردوو سەرقاڵی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بوون و ئێستاش سەرقاڵی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەبن، ئێمە ئومێدمان زۆرە فیدراسیۆن ببێتە پەرلەمانێكی بچووك بۆ قوتابیان و یەك دەنگیان، بەڵام بەداخەوە فیدراسیۆن ناوێكی گەورەو گوندێكی وێران بوو، پێویستە نوێنەرانی فیدراسیۆن لەهەموو كۆلێژ و پەیمانگاو قوتابخانەكان هەبن بۆ ئەوەی ببنە چەترێك بۆ سەرجەم قوتابیان و خوێندكاران بێ جیاوازی)).