بەحركە..لەم ساڵدا چەندین پرۆژە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە

بەحركە..لەم ساڵدا چەندین پرۆژە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە
ئەمساڵ 9 قوتابخانەی (18) و (9) پۆلی لەسنووری ناحیەی بەحركە دروست دەكرێت
بەحركە 40 گوندو چەند كۆمەڵگایەك لەخۆدەگرێت؛ ئەم ناحیەیە دەكەوێتە باكوری شاری هەولێرەوەو سنوورێكی بەرفراوانی كشتوكاڵی هەیەو ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 50 هەزار كەسە و تادێت ئەم ژمارەیە روو لە زیادبوون دەكات، بەتایبەتی دوای نیشتەجێبوونی ( 5 ) هەزار خێزانی هاونیشتمانانی كوردانی رۆژئاوا لەكەمپی بەحركە، سەڕەرای جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەو كاری خزمەتگوزاریی؛ بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و فراوانبوونی یەكەكانی نیشتەجێبوون تادێت پێداویستی و داواكارییەكانیش روو لەزیادبوون دەكات؛ بەمەبەستی بەسەركردنەوەی سەنتەری ناحیەو كەمپی بەحركە لەنزیكەوە چەند هاووڵاتیەكمان دواند؛ دواتر داواكاری هاووڵاتیان و چەند پرسیارێكی ترمان ئاراستەی نەبەز عەبدولحەمید بەڕێوەبەری ناحیەی بەحركە كرد.
كە لەدوو توێی ئەم راپۆرتە دەیخەینەڕوو.
چارەسەركردنی كەمی ئاویخواردنەوە
لەریزبەندی پێشەوەی داواكارییەكانی هاووڵاتیان دێت
بەجێبەجێكردنی ماستەرپلانی شاری هەولێر بەشی زۆری سنووری ناحیەی بەحركە دەكەوێتە ناو ماستەرپلانەكەوە، ئەمەش وادەكات گرنگیەكی زیاتر بە جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی ناحیەكە بدرێت، لەم رووەوە هاووڵاتیان پێیان وایە نزیكی ناحیەكەیان لەسەنتەری شاری هەولێر وایكردووە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان لەسەنتەری بەحركە نیشتەجێ بن و لەگەڵ تەواوبوونی زۆربەی یەكەكانی نیشتەجێبوونیش ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی لەسنووری ناحیەكەدا دەژین زۆر زیاد دەكات، هەربۆیە هاووڵاتیان پێیان وایە كاتی ئەوەهاتووە ئاست و قەبارەی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ دوو هێندە زیاد بكرێت و رەچاوی فراوانبوون و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان بكرێت. سەبارەت بە لایەنی خزمەتگوزاریی سەرەتا هاووڵاتی جەودەت حوسێن پێی وابوو كەمی ئاوی خواردنەوە لەدیارترین ئەو گرفتانەیە كە پێویستی بەچارەسەركردنی خێراو بەپەلە هەیە چونكە ئێستا لە 24 كاتژمێردا تەنیا نیوكاتژمێر ئاوی خواردنەوەیان پێدەدرێت بگرە هەندێك لەگەڕەكەكان لە ڕێگای تەنكەرەوە ئاوی خواردنەوەیان بەسەردا دابەش دەكرێت، هەر لەم رووەوە لەگەڕەكی ئاشتی هاووڵاتی دیوالی محەمەد وتی: پرۆژەی بیری ئاوی خواردنەوەمان بۆ جێبەجێ كراوە كەچی ئاوەكەیان بەسەر ماڵاندا دابەش نەكردووە، لەلایەكی ترەوە گرفتی ئاوی خواردنەوە پێویستی بە جێبەجێكردنی پرۆژەی ستراتیژی و گەورە هەیە. ئەم هاوڵاتییە ئاماژەی بەنەبوونی پارك و پاخچەش كرد لە ناحیەكەیان . هەر سەبارەت بەخزمەتگوزارییەكانی شارەوانی هاووڵاتی ( یونس موحسین ) نەبوونی ئاوەڕۆی بەیەكێك لەگرفتەكانی سەنتەری ناحیەكەیان داناو لەم رووەوە وتی : چەند پرۆژەیەكی ئاوەڕۆ دروست كراوەو بەڵێنی جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی ئاوەڕۆی گەورەش دراوە، بەڵام داواكارین لەحكومەتی هەرێمی كوردستان پێش هاتنی وەرزی زستان پرۆژەی ئاوەڕۆكەمان بۆ جێبەجێ بكرێت، ئەم هاووڵاتییە لەچۆنیەتی جێبەجێكردنی پرۆژەكانیش رەخنەی هەبوو بەوەی كۆمپانیاو بەڵێندەرەكان سستی و كەموكورتیان لەكارەكانیاندا هەیە. لەرووی كەرتی تەندروستیشەوە پێداویستی زۆرە بەو پێیەی ئەو بنكە تەندروستیەی كە لەبەحركە هەیە لەگەڵ زیادبوونی دانیشتوانی ناحیەكەدا ناگونجێت. هەر سەبارەت بەكەرتی تەندروستی هاووڵاتی مام سلێمان وتی : گەرچی حكومەتی هەرێم توانیوێتی زۆر لە پێداویستیە پزیشكیەكانمان لەبنكە تەندروستیەكە بۆ دابین بكات بەڵام لەكاتی هەندێك نەخۆشی بەهۆی نەبوونی پزیشكی پسپۆر ناچار دەبین سەردانی نەخۆشخانەكانی هەولێر بكەین . سەبارەت بەبواری پەروەردەش هاووڵاتی ( رەوا ئەحمەد ) وتی: لەم چەند ساڵەی دوایدا ژمارەیەك بینایەی قوتابخانە دروست كرا بەڵام لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی قوتابیان نەتونرا بەتەواوەتی چارەسەری گرفتی كەمی بینایەی قوتابخانەو پاخچەی ساوایان بكات.
لەدرێژەی سەردانەكەماندا روابۆچوونی ژمارەیەكی تری هاووڵاتیانمان سەبارەت بەو پرۆژانەی كە ئێستا بەحركە پێویستێتی وەرگرت كە زیاتر خۆی لە پرۆژەكانی ئاوو ئاوەڕۆو قیرتاوكردنی شەقام و دروستكردنی پاركێكی هاوچەرخ دەبینێتەوە، ئەمە جگە لەوەی گلەیی و رەخنەیان لە پرۆژەكانی نیشتەجێبوون هەبوو كە كەرتی تایبەت جێبەجێیان دەكات و لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەتیان پێدرابوو بەوەی رووبەری زەوییەكی زۆری داگیركردووە لەناوچەیەكدا كە بەهەرە ناوچە دەوڵەمەندەكانی رواندنی گەنم و چۆ دادەنرێت. بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسانەو ئەو پرۆژەو كارانەی كە لەبەرنامەدایە بۆ خەڵكی بەحركە جێبەجێ بكرێت؛ نەبەز عەبدولحەمید بەڕێوەبەری ناحیەی بەحركەمان بەسەركردەوە لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی دەخەینەڕوو.

بەڕێوەبەری ناحیەی بەحركە بۆ (گوڵان):
ئاوەڕۆی بەحركە بەبڕی 1 ملیار و 200 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكەین
لەگەڵ دانانی ماستەرپلانی شاری هەولێر بەشێكی سەرەكی ناحیەكەمان دەكەوێتە ناو پشتێنەی سەوزی هەولێرەوە ئەو كات پرۆژەو كاری جوانكاری زیاترمان پێویست دەبێت، هاوكات لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی بەحركە پێویستمان بەپرۆژەو كاری خزمەتگوزاری زیاتر هەیە، گەرچی لەدوو ساڵی رابردوو چەندین پرۆژە لەسێكتەرە خزمەتگوزارییەكان لەناحیەكەمان جێبەجێ كراوە، بەڵام لەبەر نزیكی ناحیەكەمان لەسەنتەری شاری هەولێر بەتایبەتی دوای دروستكردنی ڕێگای نوێی بەحركە- هەولێر. ئێستا لەبەحركە چەندین خێزانی ئاكرێ و باڵەكایەتی و ناوچەكانی تری كوردستان و ناوەراست و خوارووی عێراق و 6 هەزار خێزانی كوردانی رۆژئاوا دەژین، لەم دوو هەفتەیەی رابردووشدا 700 خێزانی تری كوردانی رۆژئاوا لەكەمپی بەحركە نیشتەجێكران و ژمارەیان گەیشتۆتە 5 هەزار پەنابەر و لەلایەن دامودەزگاكانی حكومەت و رێكخراوی خێرخوازی بارزانی یەوە هاوكاری و كۆمەكی تەواو كران. حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێگای بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاو هەندێك وەزارەتەوە گرنگی بەبەحركە داوە ئەوەتا ئەمساڵ دەست بەجێبەجێكردنی سایدی دووەمی ڕێگای هەولێر – بەحركە دەكرێت و بەدەیان پرۆژەی نیشتەجێبوون و هۆتێل و میوانخانەو ریستۆرانتی پێشكەوتووی تر دەكرێتەوە، هەر لەرووی ڕێگاوبانەوە ئەو 40 گوندەی كە سەر بەناحیەكەمانە هەرهەموویان ڕێگایان بۆ چووەو تەنیا گوندی تەلموسەك نەبێت كە ئەویش ڕێگاكەی لە ژێر جێبەجێكردندایە. گوندەكانی ناحیەكەمان هەرهەموویان قوتابخانەو تۆڕی كارەباو ئاوی خواردنەوەیان هەیە تەنانەت دانیشتوانەكانی لە پێشینەی خانووبەرە سودمەند بوون .
سەبارەت بەلایەنی خزمەتگوزاریی لەناو سەنتەری بەحركە توانرا 100 هەزار مەتر دووجا شەقام و كۆڵانەكان قیرتاو بكرێت، بەمەش لە 80%ی كۆڵانەكان قیرتاوكراوەو تەنیا بەحركەی كۆن دەمێنێت كە پێشتر نەخشەی نەبووەو گوند بووە و لەبەرنامەدایە كۆڵانەكانیان بۆ چیمەنتۆ بكەین، لەم رۆژانەشدا گەڕەكی ژین كە بەگەڕەكی پەككەوتووان ناسراوە پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی دەست پێدەكات. بەشێوەیەكی گشتی ئەمساڵ پرۆژەیەكی زۆری خزمەتگوزاریی لەبەحركە جێبەجێ دەكرێت و بەشێوەیەكی بەرفراوان گرفت و كێشەی خزمەتگوزاریمان لەشارۆجگەكە نامێنێت، بەتایبەتی كێشەی ئاوی خواردنەوە كە سێ بیری ئاوی خواردنەوە لێدراوەو چووەتە قۆناغی بەستنەوەی بەتۆڕی سەرەكی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە. لەلایەكی ترەوە لە جیژنیكان وێستگەیەكی گواستنەوەی كارەبا لەژێر ئەنجامدانەو رۆڵی باشی لەسەر كەمكردنەوەی فشارو پاڵەپەستۆ لەسەر تۆڕەكانی كارەبا دەبێت، دەتوانین بڵێین جگە لەكارو پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی وەزارەتەكان لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا 10 ملیار دینار پرۆژەو كاری خزمەتگوزاریی بۆ بەحركە جێبەجێ كراوە. ئەم پرۆژانە زۆربەی لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە بۆمان جێبەجێ دەكرێت داوای لە وەزارەتە پەیوەندارەكانیش دەكەم كە هەنگاوی جیددی بنێن بۆ دابینكردنی هەندێك پێداویستی سەرەكی هاووڵاتیان بەو پێیەی ژمارەی دانیشتوانی ناحیەكەیان زۆر زیادیكردووە لەوانە ئەنجامدانی پرۆژەیەكی گەورەی ستراتیژیی ئاوی خواردنەوە بەتایبەتی دروستكردنی پرۆژەی 4ی ئیفراز كە بۆ هەولێرەو بەحركەش لێی سودمەند دەبێت و بەتەواوەتی گرفتی كەم ئاوی نامێنێت.
بۆ مەسەلەی تاپۆكردنی هەندێك لەو خانووانەی گرفتی تاپۆیان هەیە ئێستا لیژنەی تایبەت لەئەنجومەنی وەزیران دامەزراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی تاپۆكردنی خانووەكان ئومێدەوارم پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی كارەكانیان. لەرووی بینایەی قوتابخانەكانیشەوە ئەمساڵ 9 قوتابخانەی (18) و (9) پۆلی لەسنووری ناحیەی بەحركە دروست دەكرێت و لەساڵی داهاتووش كار بۆ دروستكردنی بینایەیەكی باخچەی ساوایان دەكەین. لەرووی كەرتی تەندروستیشەوە نەخۆشخانەیەكی قەرەوێڵەیمان بۆ دروست دەكەن و 11 هەزار مەتر دووجا زەویشمان بۆ تەرخانكردووە. لەرووی كەرتی نیشتەجێبوون و پرۆژەكانی وەبەرهێنانەوە كە ژمارەیەكی زۆری یەكەكانی نیشتەجێبوون لەسنوورەكە ئەنجامدراوە بەڕێوەبەری ناحیەی بەحركە وتی : گەرچی ئێستا پرۆژەكانی نیشتەجێبوون راگیراوە بەڵام ئەوەی ئێستا جێبەجێ دەكرێت مۆڵەتی پێشتری هەبووەو لەجێبەجێكردنی ئەمجۆرە پرۆژانە هیچ پرس بەئێمە نەكراوە، لەكاتێكدا زۆربەی خزمەتگوزارییەكان و دابینكردنی ئارامی و ئاسایش و دانانی موختارو چەندین پێداویستی تری خزمەتگوزاریی دەكەوێتە سەرشانی ئێمە.
كەمپی بەحركە:
لەگەڵ هاتنی 40 هەزار پەنابەری كوردانی رۆژئاوا بۆ پارێزگای هەولێر ؛ و 5 هەزاریان لە كەمپی بەحركە نیشتەجێكران، كۆمەك و هاوكاری هاونیشتمانانی كوردانی رۆژئاوای كەمپی بەحركە لەلایەن پارێزگاری هەولێرو دامودەزگاكانی شارەوانی و كارەبا و ئاوو تەندروستی و پەروەردە و هێزەكانی زێریڤانی و رێكخراوی UNHCR و دەزگای خێرخوازی بارزانی دەكرێن. هاوكات 3ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنی تەندروستیان و دوو خوێندنگەیان بۆ دابین كراوە.
Top