گەورەترین پرۆژەی ئاوی خواردنەوە بەبڕی 89 ملیار دینار لەئاكرێ جێبەجێ دەكرێت

گەورەترین پرۆژەی ئاوی خواردنەوە بەبڕی 89 ملیار دینار لەئاكرێ جێبەجێ دەكرێت
ئاكرێ كە بەشاری نێرگز ناسراوە؛ یەكێكە لە قەزا گەورەكانی پارێزگای دهۆك و ناحیەكانی (بجیل و دینارتەو گردەسێن و 162 گوند) لەخۆدەگرێت، ژمارەی دانیشتوانی ئەم قەزایە زیاتر لە 152 هەزار كەسە. خەڵكی ئەم ناوچەیە بەكاری كشتوكاڵی و باخ و بێستان و ئاژەڵدارییەوە خەریكن و لە 41%ی ئاژەڵی هەموو پارێزگای دهۆك لەم دەڤەرە بەخێودەگرێت، لەهەردوو شۆڕشی ئەیلول و گوڵان دا دانیشتوانی ئاكرێ بەشداری بەرچاویان لەبزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان هەبووەو لەو پێناوەدا چەندین رۆڵەیان شەهید بووە. لە چەند ساڵی رابردوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژەی جۆراو جۆریان لە ئاكرێ جێبەجێكردووەو زۆربەی گوندەكانی ئاوەدانكراونەتەوە، لەلایەكی ترەوە ئاكرێ بەرادەیەك ژمارەی دانیشتوانی روو لەزیادبوون كردووە كە بەبەردەوامی پێویستی بەپرۆژەی نوێ هەیە، هەربۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان هەروەكو چۆن لە لیستی 110ی بەرنامەی هەڵبژاردنەكەی دا هاتووە بایەخ و گرنگیەكی تایبەتی بەقەزاو ناحیەكان و گوندەكان داوەو لەم پێناوەدا لەسەرجەم بودجەكانی وەزارەتەكان و پارێزگاو پێترۆ دۆلار بەبەردەوام لەهەوڵی دابینكردنی بەشە بودجەو پارەدا بووە تاوەكو بتوانێت ئەو فەرامۆشكردن و وێرانیەی لەسەر دەستی رژێمەكانی تر پرۆژە خزمەتگوزاریەكانی ئەو ناوچانە رووبەرووی بوونەتەوە چارەسەری بكات.
وەكو تیمی گۆڤاری ( گوڵان ) لەم ژمارەیەدا شاری (ئاكرێ) مان هەڵبژاردوو و سنوورەكەمان بەسەركردەوەو چەند هاوڵاتیەكمان لەسەنتەری قەزاكە دواندوو كە سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد لەبەرامبەر گرنگیدان بەدەڤەرەكە و چەند داواكارییەكیشیان هەبوو، كە لەگەڵ فراوانبوونی قەزاكەیان پێویستیانە. دواتر داواكاریی خەڵكەكەو چەند پرسیارێكی ترمان ئاراستەی بەڕێز جەهوەر عەلی قایمقامی قەزای ئاكرێ كرد . لەدووتوێی ئەم راپۆرتە بڵاوی دەكەینەوە.

ئاكرێ ئاكرێی جاران نییەو بەرفراوانبووە
(لەدوو ساڵی رابردوودا كارو پرۆژەی باش كراوەو ئاكرێ ئاكرێی جاران نییە..) ئەمە وتەی نامیق محێدینە كە باسی پرۆژەكان و هاوكاریكردنی هاوڵاتیانی كرد لەوانە بڕیاری مینحەیەك بۆ نۆژەنكردنەوەی خانووە كۆنەكانی دوو گەڕەكی كۆنی شارەكە، ئەمە جگە لەنۆژەنكردنەوەی دوكانەكانی ئاكرێی كۆن. لەلایەكی ترەوە هەندێك گەڕەك گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوەیان هەیە لەم رووەوە جەبار عەبدوڵا پێی وابوو تا پرۆژەی ستراتیژیی ئاوی خواردنەوەی ئاكرێ جێبەجێ نەكرێت بەتەواوەتی ئەم كێشەیە بنبڕ ناكرێت كە بەسوپاسەوە سەرۆكی حكومەت تەئكیدی لەسەر جێبەجێكردنی كردۆتەوە. هەر سەبارەت بەكارو پرۆژەكان هاوڵاتی رەمەزان حوسێن وتی: دروستكردنی نەخۆشخانەو بینایەی قوتابخانەو یاریگاو قیرتاوكردنی زۆربەی شەقام و كۆڵانەكان و پاككردنەوەی زبڵ و خاشاك هەمووی پرۆژەی گرنگ و پێویستن بەڵام زۆربوونی دانیشتوان بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی ژمارەیەك پەنابەرانی كوردانی رۆژئاوا پێویست بەوەدەكات ئاستی خزمەتگوزاریەكان بەرز بكرێنەوە و كۆڵانی گەڕەكە نوێیەكان قیرتاو بكرێت. هەرسەبارەت بەقیرتاوكردنی كۆڵانەكان هاوڵاتی كامەران مەقسود وتی: پەلەكردن لەقیرتاوكردنی كۆڵانەكان پێش هاتنی وەرزی زستان زۆر گرنگە چونكە كەشوهەوای ئاكرێ ساردو باراناوییە. ئەم هاووڵاتییە داوای دروستكردنی سندوقی ئاوەڕۆی گەورە دەكرد. سەبارەت بەهاتنی پەنابەرانی كوردانی رۆژئاوا هاووڵاتی فەتحی جەبار پێی وابوو هاوڵاتیانی ئاكرێ و هێزەكانی پێشمەرگە سەلماندیان كە تاچ رادەیەك هەستی نیشتمانپەروەریی و مرۆڤ دۆستی تێدایە كاتێك بەهانای هاونیشتمانانی كوردانی رۆژئاوا هاتن.
لەدرێژەی سەردانەكەماندا چەندین پرۆژەی نوێی یاریگاو باڵەخانەو بینایەی نوێ و كاری جوانكاریمان لە ئاكرێ بەرچاو كەوت و دیمەنی گەورەبوون و فراوانبوونی سەنتەری ئاكرێش سەرنجی راكێشاین، كە بەبەردەوام پێویستی بەخزمەتگوزاریی و پرۆژەی نوێ هەیە هەروەكو چۆن بەوتەی خەڵكەكە ئاماژەیان پێدا بەتایبەتی چارەسەركردنی گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوەو تاپۆنەكردنی خانووەكان ؛ بۆ ئاگاداربوون لەو پرۆژانەی ئەمساڵ چونەتە بواری جێبەجێكردنەوەو وەڵامی داواكاریی و رەخنەی هاوڵاتیان سەردانی قایمقامیەتمان كردوو بەڕێز جەهوەر عەلی بەراشكاوانە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.

جەهوەر عەلی قایمقامی قەزای ئاكرێ بۆ ( گوڵان ):
لەماوەی 4 ساڵدا 33 پرۆژەی دروستكردنی قوتابخانە ئەنجامدراوە

لەسەردەمی بەعس ساڵانە ئەگەر یەك پرۆژە لەئاكرێ ئەنجام بدرایە دەبووە خۆشحاڵیەكی زۆر؛ ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگیەكی زۆری بەئاكرێ داوەو لەسەر داواكاری و خواستی خەڵك بەدەیان پرۆژە ئەنجام دراوە، هەر ئەمەشە وایكردووە سەنتەری قەزاكە گۆڕانكاری بەخۆوە ببینێت و زۆر فراوان بێت، تەنانەت دینارتەو بجیل و گردەسێن بوونەتە ناحیەو خزمەتگوزارییەكانی شارەوانیان بۆ ئەنجام دراوە. هەڵمەتی فراوانی پرۆژەكان لەكابینەی پێنجەمەوە ئەنجامدرا . هەروەها شارەوانی رۆڵی بەرچاوی هەبووە لەدروستكردنی پارك و باخچەو كاری جوانكاری و لابردنی زێدەڕۆیی و پاككردنەوەی زبڵ و خاشاك و گەیاندنی خزمەتگوزاریەكانی ئاوو قیرتاوكردنی شەقامی كۆڵانەكان بەرادەیەك ژمارەی پرۆژەكانی شارەوانی كە بەپێی ئەولەویاتی پێداویستی و خواستی خەڵك لەم ماوەیەدا جێبەجێ كرا گەیشتە 63 پرۆژە بەگوژمەی 41 ملیار دینار. لەبواری قیرتاوكردنی شەقامەكان 295 هەزار مەتر دووجا قیرتاوكراوەو 62 هەزار مەتری دیكە كۆنكرێت كراوەو 72 هەزار مەتریش كۆنكرێت و 34 كیلۆمەتریش شەقامەكان كریبستۆن كراوە، هەروەها لەبواری رێگاوبانیشدا 26 پرۆژە بەبڕی 60 ملیار دینار ئەنجامدراوە، كە ڕێگاكانی ئاكرێ – رۆڤیاو ئاكرێ قەندیل لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لەدروستكردنی پردی ستراتیژی قەندیل كە بۆ دانیشتوانی ناوچەكە زۆر گرنگەو لەلایەن رێگاوبانی هەولێرەوە بودجەی بۆ تەرخانكراوە . لەرووی كارەباشەوە لەم كابینەیەی حكومەتی هەرێم بەبڕی 34 ملیارو 38 ملیۆن دینار 11 پرۆژەی ئەنجامداوەو كارەبا بۆ 32 گوند راكێشراوەو هیچ گوندێك نەماوە كارەبای بۆ رانەكێشرێت و وێستگەی كارەبای ئاكرێ محاویلەی گەورەی بۆ دانراو وێستگەكە بەسترایەوە بەتۆڕی كارەبای هەولێرو دهۆك و سلێمانی یەوە و كێشەی پاڵەپەستۆی ڤۆڵتیەمان نەما. سەبارەت بەكەرتی كشتوكاڵ و ئاودێریش ئاكرێ پشكی گەورەی بەركەوتووە؛ بەرادەیەك 17 جۆگەلەو 45 ئەمباری ئاوو 3 بەنداوو 4 بەربەست لەخۆدەگرێت، 58 پرۆژەش بۆ ئاوو ئاوی ژێر زەوی جێبەجێ كراوە.
لەكەرتی پەروەردەشدا كە بەپێی بەرنامەو پلانێكی ستراتیژیی هەڵمەتێكی فراوان دەستی پێكردووە بەرادەیەك لەماوەی 4 ساڵدا بەتێچوونی 22 ملیار دینار 33 پرۆژەی دروستكردنی قوتابخانە ئەنجامدراوە كە 15 پرۆژەیان 6 پۆلین و ئەوانی تریان 12 و 18 پۆلین ئەمە جگە لەنۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان، لەپلان و بەرنامەی ساڵی 2013 لەسەر بودجەی تایبەتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك پرۆژەی تری دروستكردنی قوتابخانە لەدەڤەری ئاكرێ چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە. لەبواری خوێندنی باڵاشەوە بەتێچوونی 17 ملیار دینار 5 پرۆژە ئەنجامدراوە كە دروستكردنی بەشی ناوخۆو كۆلێژو پەرتوكخانەو هۆڵی خوێندن لەخۆگرتووە. لەرووی بینایەو باڵەخانەی یەكە كارگێڕییەكانیشەوە 24 پرۆژە ئەنجامدراوە و كە تەنیا ئەمساڵ 8 بینایەی فەرمانگەو دامودەزگای حكومی دروست كراوە . بێگومان پرۆژەكانی دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوونیش پشتگوێ نەخراوەو بەبڕی 2ملیار و 200 ملیۆن دینار لە هەرسی َناحیەكە پرۆژە ئەنجامدراوەو ئەمساڵیش بۆ كەمكردنەوەی گرفتی نیشتەجێبوون و كرێچیەكان چەند یەكەیەكی نیشتەجێبوون لەسەنتەری قەزاكە دروست دەكرێت. لەلایەكی تر بۆ ئەوقاف و كاروباری ئاینیش 18 پرۆژە ئەنجامدراوە كە نۆژەنكردنەوەی مزگەوت و دروستكردنی هۆڵی بۆنەكان و دابینكردنی پێداویستی مزگەوتەكان لەخۆ دەگرێت، لەرووی كەرتی وەرزش و لاوانەوە 11 پرۆژە كە یاریگای بچووك و 11 كەسی لەخۆدەگرێت ئەنجامدرا. بێگومان لەم كابینەیەدا گرنگیدان بەپاخچەو پاركەكان و جوانكردنی شەقامەكان پشتگوێنەخراوە كە بەتێچوونی زیاتر لە 7 ملیار دینار سێ پرۆژەی باخچەو پارك جێبەجێ كرا .
سەبارەت بەكەرتی تەندروستی كە پێوەندی راستەوخۆی بەخۆشگوزەرانی هاووڵاتیانەوە هەیە گرنگیەكی تایبەت بەقەزاكەمان دراوەو نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی بە بڕی 40 ملیار دینار دروستكراو نەخۆشخانەی فریاكەوتنیش نۆژەنكرایەوە و پرۆژەی دروستكردنی بنكەیەكی تەندروستیش لە بجێل جێبەجێ كراو ئامێری تیشكی بۆدابین كرا. سەبارەت بەبواری سودوەرگرتن لە پێشینەكانی قەرزی حانووبەرەو كشتوكاڵ و هاوسەرگیری بەمشێوەیە خەڵكی سودمەند بووە:( 5056 كەس بەبڕی 100 ملیار دینار لەپێشینەی خانووبەرە- بەبڕی 19 ملیار 785 ملیۆن دینار 3957 كەس لە پێشینەی هاوسەرگیری – لەچاودێری خێزان 2454 كەس و خاوەنی پێداویستی تایبەتیەكان 3731 كەس سودمەند بوون – بیمەی بێكاری 1028 كەس و قەرزی بچوكیش 120 كەس، هەروەها بۆ دابینكردنی پێداویستی كشتوكاڵی و قەرزی كشتوكاڵی 11 ملیارو 57 ملیۆن دینار دراوە بەجوتیارانی سنوورەكەمان . هەروەها حكومەتی هەرێم وەكو مینحە پارە بەو كەسانە دەدات كە خانووەكانیان لەگەڕەكە كۆن و دێرینەكانی ئاكرێ یە بۆ نۆژەنكردنەوەی بەدیزاینی كۆن و دێرینی خۆی ئەمەش بەمەبەستی پاراستنی شوێنەوارەكان ئەمەش وەكو مینحەیە نەك قەرز.
جگە لەم پرۆژانە چەند پرۆژەیەكی تری ستراتیژی لەدەڤەرەكەمان هەیە كە هێشتا تەواو نەبووە لەوانە پرۆژەی ئاوی ئاكرێ بەبڕی 89 ملیار دینار كە چارەسەری تەواوی گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوە لەناوچەكەمان دەكات، هەربۆیە لەم گۆڤارەی بەڕێزتانەوە داوای خێرا جێبەجێكردنی ئەم پرۆژە گەورەیە دەكەم .
لەكەمپی قەڵای ئاكرێ هاوڵاتیانی ئاكرێ و دەزگای خێرخوازی بارزانی و هێزی زێریڤانی
رۆڵی بەرچاویان لەخزمەتكردنی كوردانی رۆژئاوا هەبوو
سەبارەت بەكەمپی ئاكرێش كە لەم دواییەدا دامەزراو ئێستا 453 خێزان كە ژمارەیان 2515 كەسە لەكوردانی رۆژئاوا لەقەڵای كۆنی ئاكرێ دانراون قایمقامی ئاكرێ وتی : قەڵای ئاكرێ دەستنیشانكرا بۆ نیشتەجێكردنی پەناهەندەكانی هاونیشتمانانی كوردانی رۆژئاواو هەموو یەكە خزمەتگوزارییەكانی قەزاكە لەئامادەكردن و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان بەشدار بوون و كارەباو ئاوو خواردنەوەیان بۆ دابین كراوە، سوپاسی هاووڵاتیانی ئاكرێ و دەزگای خێرخوازی بارزانی و هێزی زێریڤانی دەكەم كە بەشێوەیەكی باش و خێرا ئەو هەموو پێداویستی و خزمەتگوزارییانەیان بۆ دابین كردن و لەكارەكانیش بەردەوامین .
Top