دەشتی هەولێر.. پێویستی بە جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی ئیفراز 4 هەیە

دەشتی هەولێر.. پێویستی بە جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی ئیفراز 4 هەیە
دەشتی هەولێر كە شارۆچكەی بنەسڵاوە ناوەندی ئیدارەكەیەتی و ناحیەكانی ( كەسنەزان و دارەتوو قوشتەپە) و چەند كۆمەڵگەیەك و 110 گوند لەخۆدەگرێت و زیاتر لە 300 هەزار كەسی تێیدا نیشتەجێیە. بەمەش دەشتی هەولێر بە گەورەترین قەزای سنووری پارێزگای هەولێر دادەنرێت، گردبوونەوەی ئەم ژمارە زۆرەی دانیشتوان وایكردووە خەڵكی پێویستیان بە كارو پرۆژەی خزمەتگوزاریی زیاتر بێت، چونكە قەبارەی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و پێداویستی ناوچەكە یەك ناگرێتەوە، بەتایبەتی لەقەزایەكدا كە دوای پرۆسەی تەرحیل و راگواستنی خەڵكی كەركوك بەشێوەیەكی بێسەروبەرو بێ خزمەتگوزاریی فراوان بووە. هاووڵاتیانی دەشتی هەولێر داوای بودجەیەكی تایبەت دەكەن بۆ ئەنجامدانی كارە خزمەتگوزارییەكان و خێرا جێبەحێكردنی پرۆژەكان. بەتایبەتی لەبوارەكانی ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ و قیڕتاو كردنی كۆڵان و شەقامەكان و پەرەپێدانی كەرتی پەروەردەو تەندروستی. لەدوو توێی ئەم راپۆرتەی گۆڤارەكەماندا داواكاری و رەخنەی هاووڵاتیان بڵاودەكەینەوە، دواتر حوسێن كەلاری قایمقامی دەشتی هەولێر بەراشكاوانە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوەو جگە لەوەی ئاماژەی بەو پرۆژانەدا كە حكومەتی هەرێم بەتایبەتی لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر جێبەجێی دەكات هاوكات باسی لەو پێداویستیانەش كرد كە ناوچەكە پێویستێتی.

هاووڵاتیان:
بودجەیەكی تایبەتمان بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكان پێویستە

بنەسڵاوە كە سەنتەری قەزای دەشتی هەولێرەو پێشتر حكومەتی بەعس لەدوای پرۆسەی تەرحیل و راگواستنی هاووڵاتیانی كەركوك بەشێوەیەكی بێبەرنامەو بێسەروبەر لەشێوەی كۆمەڵگەیەكی زۆرە ملێی دروستی كردووە، ئێستا رێژەی لە 12%ی دانیشتوانی پارێزگای هەولێر لەسنووری ئەم قەزایە نیشتەجێیە، هەربۆیە ناكرێت لەپرۆژە خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بێبەش بن. بۆ زیاتر خستنەڕووی داواكاری و گلەیی هاووڵاتیان وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان سەردانی قەزای دەشتی هەولێرمان كردوو لە نزیكەوە لە ناو سەنتەری قەزاو گەڕەك و سنوورەكەدا چەند هاووڵاتییەكمان دواند. سەرەتا لەگەڕەكی 4ی هەزاریی ئافرەتێك بەناوی بەیان مەجید ئاماژەی بە پێداویستی قەزاكەیان لە پرۆژەكانی شارەوانی بەتایبەتی لەبواری شەقام و رێكخستنی كۆڵانەكان كرد، هاوكات ئەوەشی راگەیاند كە ئاوی خواردنەوەیان خراپەو بەناچاری بەسۆندە لەشوێنێكی ترەوە ئاویان راكێشاوە. هاووڵاتی موحسین مەحمود خراپی ئاوی خواردنەوەیانی بۆ خراپی تۆڕی ئاوی خواردنەوەو نایەكسانی دابەشكردنی گەڕاندەوە، ئەم هاووڵاتییە داوای لەحكومەتی هەرێم كرد بودجەیەكی تایبەت بۆ قەزای دەشتی هەولێر دابین بكرێت تاوەكو هەڵمەتێكی فراوانی قیرتاوكردن و رێكخستنی شۆستەو پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی تر جێبەجێ بكرێت. بەمشێوەیە هەروەكو هاووڵاتی سەروەر نوری لەبلۆكی 15 ئاماژەی پێدا بەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەكی زۆر كارو پرۆژە خزمەتگوزاریی بۆ قەزاكەیان ئەنجامداوە، بەڵام هێشتا كەموكوڕیی و كێشەی دیكەی خزمەتگوزاریی هەیە وەكو كەمی ئاوی خواردنەوەو نەبوونی شۆستەو دوورگەكانی ناوەراستی زۆربەی شەقامە سەرەكییەكان و نەبوونی دارودرەخت و باخچەو پارك و نەبوونی نەخۆشخانەیەكی قەرەوێڵەیی هاوچەرخ و كەمی پزیشكی پسپۆڕو شارەزا. لەلایەكی ترەوە لەنزیك ئەم گەڕەكە شوێنێكی بەخێوكردنی مەڕوماڵاتی لێیە كە بەقسەی دانیشتووانی گەڕەكەكە بەهیچ شێوەیەك گونجاو نییەو لە بۆن و پیسی بێزاربوون، باخچەو پارك و شوێنی یاری منداڵان لەناو گەڕەكەكاندا بە یەكێك لە پێداویستەكانیان دادەنرێت، لەم رووەوە هاووڵاتی عاسی عومەر وتی: بنەسڵاوەو ناحیەكانی قەزای دەشتی هەولێریش پێویستی بەباخچەو پارك و شوێنی حەوانەوەو یاریكردنی منداڵان هەیە، تەنانەت لەناوەراستی دوو سایدەكەشدا پێویستی بەدرەخت و سەوزایی هەیە. لە گەڕەكی قەڵاتیش كە زیاتر لە 2000ماڵ دەبن هاووڵاتیی محەمەد عەبدوڵڵا باسی لە تاپۆكردنی خانووەكانیان كردوو وتی: داواكارین حكومەتی هەرێمی كوردستان خانووەكانمان بۆ تاپۆ بكەن. هەر سەبارەت بەپرۆژە خزمەتگوزاریەكان هاووڵاتی سەبری تەها وتی: ماوەیەكە زیاتر بە ڕۆژ كارەباكەمان دەبڕێت و ئاومان رۆژێك نا رۆژێك بۆ دێت كە پێشتر بەم شێوەیە نەبوو، ئۆتۆمبێلەكەی هەڵگرتنەوەی زبڵو خاشاكیش سێ رۆژ جارێك دێت، بەمەش زبڵو خاشاكێكی زۆر لەسەر یەكتر كەڵەكە دەبێت. لەدووتوێی راپۆرتەكەماندا چاومان بەژمارەیەكی زیاتری هاووڵاتیان كەوت كە پوختەی داواكارییەكانیان تایبەت بوو بە دابینكردنی ئاوی خواردنەوەو نۆژەنكردنەوەی بینایەی قوتابخانەكان و قیرتاوكردن و چاككردنی شەقام و كۆڵانەكان و دروستكردنی باخچەو یاریگاو جوانكردنی بازاڕەكەیان، داوایان لەیەكەی ئیدارەی قەزاكەشیان كرد مشوری لێپرسینەوەی ئەو كۆمپانیانە بخوات كە پرۆژەی سەقەتی نیشتەجێبوون لەسنوورەكەیان جێبەجێ دەكەن یا كەمتەرخەمن لەجێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان.



داواكاریی هاووڵاتیانی قەزای دەشتی هەولێر ئاراستەی حوسێن كەلاری قایمقامی دەشتی هەولێرمان كرد. لێرەدا پـــــوختەی وەڵامــەكانی بڵاودەكەینەوە..
سەرەتا قایمقامی دەشتی هەولێر پێی وابوو بەپێی ئەو ماستەرپلانەی بۆ شاری هەولێر جێبەجێكراوە قەزای دەشتی هەولێر دەبێتە بەشێك لە شاری هەولێر، هەربۆیە قەزاكەیان لەداهاتوویەكی نزیكدا لە رووی كارو خزمەتگوزارییەكانەوە سەر بە شارەوانییەكانی شاری هەولێر دەبێت، تەنانەت بەپێی ئەو ماستەرپلانەی هەیە حیساب و توێژینەوەو بۆ هەموو كارو پرۆژە خزمەتگوزارییەكان كراوە، بەڵام بە تەئكید هەموو ئەو گەڕەك و كۆمەڵگا تازانەی نیشتەجێبوون كە لە سنووری نێوان دارەتوو و بنەسڵاوە و لە نێوان كەسنەزان و شاویس و مەلا ئۆمەر دروستكراون لەگەڵ ئەو بەرفرەوانییە خیراییەی لە خودی سنووری قەزاو ناحیەكانی سنوورەكە هەیە هەر هەموویان لەسەر زەوی كشتوكاڵی دروستكراون، ئەمەش پێویستی بە كوژاندنەوەو كاری زۆر هەیە چونكە پارچە زەوییەكان بە شێوەی كارت بەسەر هاووڵاتیان دابەشكراوە و ئەمەش پێویستی بە تاپۆ كردن هەیە، هۆكاری دواكەوتن و تەواو نەبوونی ئەو مامەڵانەشی بۆ زۆر ژمارەی كارتەكان و قورسی مامەڵەو پرۆسەكە گەڕاندەوە.
سەبارەت بە دروستكردنی كۆمەڵگاكانی تازەی نیشتەجێبوون كە لە سنوورەكە كراون قایمقامی قەزای دەشتی هەولێر وتی: ئەو كۆمەڵگا تازانەی كە پێشتر دروستكراون هیچ هەمەهەنگیەك و پرسێكیان لەگەڵ ئێمە نەبووە، هەر نەبوونی ئەو هەماهەنگییەیە بۆتە كێشەو گرفتێكی گەورە لەنێوان ئیدارەی ناوچەكە لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان، بۆ نموونە یەكێك لە كێشەكان ئەو كۆمەڵگایانە هەر هەموویان گرفتی كەم ئاویان هەیە و لەكاتێكدا بەدواداچوون بۆ بیری ئاوەكانیان دەكەین ئەوە دەبینین بەپێی ستانداردی جیهانی و خۆمان ئەنجام نەدراوە و وەبەرهێنەران و بەڵێندەرەكان بەشێوەیەكی ئاسایی دوور لە رێنماییەكان بیرەكانیان هەڵكەندووە و دەستەی وەبەرهێنانیش بەدواداچوونی لەسەریان نەبووە، بۆیە بەداخەوە یەكێك لە كێشەكانی هەمانە لەگەڵ خودی دەستەی وەبەرهێنانە، چونكە لەبری ئەوەی دەستەی وەبەرهێنان ببێتە لایەنی داكۆكیكارو بەرگریكاری هاووڵاتیان بۆ دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان لە كۆمەڵگاكاندا ئەو بۆتە بریكارو پارێزەری وەبەرهێنەرو بەڵێندەرەكان.
سەبارەت بە كێشەی ئاو لە سنووری قەزای دەشتی هەولێر قایمقامی قەزای دەشتی هەولێر وتی: وەكو ئاماژەم پێدا چەند ژمارەی دانیشتوان زیاتر بێت ئەوەندە كارو پرۆژەو بودجەی زیاتری پێویستە، هەر بۆ نموونە سێ ساڵ پێش ئێستا لە هەر شوێنێكی ئەم سنوورە بیرێك لێ بدرابووایە تەنیا 120مەتر هەڵدەكەندرا، بەڵام ئێستا زیاتر لە 300مەتر بیر هەڵدەكەندرێت دەبینین تەنیا 20خولەك ئاوی هەیە ئەمەش بۆ دابەزینی ئاوی ژێر زەوی دەگەڕێتەوە. ئێستا كێشەی كەمی ئاوی خواردنەوە لە سنوورەكە هەیە، بۆیە پێویستیمان بە ئەنجامدانی پرۆژەیەكی ستراتیژی گەورەی وەكو پرۆژەی ئاوی ئیفراز 4 هەیە، هیوادارین بە هیمەتی وەزارەتی شارەوانی و پارێزگاری هەولێر پەلە لەجێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە بكەن.
لە ساڵی 2012 وەزیری شارەوانی و نوێنەری وەزارەتی كشتوكاڵ و پارێزگاری هەولێر بۆ ئاگادار بوون لە نزیكەوە لە كەمی ئاوی خواردنەوە سەردانی قەزای دەشتی هەولێریان كرد بەتایبەتی ئەو كۆمەڵگا تازانەی كە لە سنوورەكە هەیە و خۆیان دیتیان كە كێشەكە چەند گەورەیە و بڕیاریش درا كە چارەسەر بكرێت، بەشێوەیەكی گشتی ئەو كارو پرۆژە خزمەتگوزاریانەی بۆ خزمەتی هاووڵاتیانی سنوورەكە كراوە لە90%ی لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێرە، هەر بۆ نموونە لەساڵی 2012بەبڕی 44ملیار دینار كارو پرۆژەمان لە سنووری قەزای دەشتی هەولێر هەبووە و ئەمساڵ 2013تا ئێستا رەزامەندی 35ملیار دینار لە بودجەی پەرەپێدان بۆ پڕۆژە جۆراوجۆرەكان لەسەر پەرەپێدان وەرگیراوە، هەر بۆیە ئێمە بەردەوام داوامان لە وەزارەتەكان كردووە كە كارو پڕۆژە لە سێكتەرە خزمەتگوزارییەكان بكەن، بەڵام ئەوان هیچ وەڵامێكیان نییە. ئەو كارو پرۆژانەی وەكو لێدانی بیری ئاوی خواردنەوەو و تۆڕی دابەشكردنی ئاو و ئاوەڕۆ و دروستكردنی شۆستە و چاككردن و قیڕتاو كردنی شەقام و كۆڵانە ناوخۆییەكان هەر هەمووی لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاوە جێبەجێ دەكرێن، هەر بۆ نموونە تەنیا ئەمساڵ لەناو گەڕەكەكانی ناحیەی كەسنەزان نزیكەی 300هەزار مەتر كۆڵان و شەقام قیڕتاو كراوە و لەناو بنەسڵاوە سەنتەری قەزاوە 40هەزار مەتر و لە دارەتوو و قوشتەپەش چەند هەزار مەتر كۆڵان و شەقام قیڕتاو كراون، ئەم كارو پرۆژانەش بەردەوامە تا هەموو گەڕەك و كۆڵانێك لە سەنتەری قەزاو ناحیە و كۆمەڵگاكان قیڕتاو دەكرێن و هەر ئێستا 120هەزار مەتر شەقام و كۆڵان لە ناو بنەسلاوە و 50هەزار مەتر لە كەسنەزان و چەند هەزار مەتریش لە ناحیە و شوێنەكانی تر ئامادەن بۆ قیڕتاو كردن، هەروەها لەم رۆژانەدا تیمی قیڕتاو كردن دەچنە شاویس كە زیاتر لە 170هەزار مەتر چوار گۆشە ئامادەییە قیڕتاوی دەكەن ئەم كارو پرۆژانە هەمووی لەسەر بودجەی پەرەپێدانە. لەرووی باخچەو پاركیشەوە پاركێكی هاوچەرخ و بەرفرەوان لەژێر ئەنجام دانە و بۆ ناو گەڕەك و شوێنەكانی تری قەزاو ناحیەو كۆمەڵگاو گەڕەكەكانیش بەرنامەو پلان بۆ دروستكردنی چەندین پارك و باخچەو یاریگای منداڵان هەیە. ئەوەی دەمێنێتەوە كێشەی تاپۆكردنی ئەو زەویانەیە كە لەدوای 1991وە دابەش كراون كە ژمارەیەكی زۆرن ئەوە ژووری عەمەلیاتیان لەلایەنی پەیوەندارەكانەوە بۆ دانراوە و پڕۆژەی تاپۆ كردنەكە دەستی پێكردووە.
سەبارەت بە كەموكوری و كێشەكانی هەردوو كەرتی پەروەردە و تەندروستی قایمقامی قەزای دەشتی هەولێر وتی: كێشەمان لە بینایەی قوتابخانەو میلاكات هەیە، چونكە ساڵ لەدوای ساڵ رێژەو ژمارەی قوتابیان لە زیادبوونە. لەرووی كەرتی تەندروستیشەوە داوامانكردووە نەخۆشخانەو بنكەی تەندروستی تر لە سەنتەری قەزاو ناحیەو سنوورەكە دروست بكرێت و بۆ نەخۆشخانە زەویشمان بۆیان دابین كردووە، بەڵام تا ئێستاكە نەخۆشخانەیەك لە ئاستی پێویستی خەڵكی ناوچەكە دروست نەكراوە. هەروەها لەرووی كەرتی كشتوكاڵەوەیشەوە پێویستمان بەوەیە پرۆژەی ئاودیری بۆ جوتیاران ناوچەكە دروستبكرێت. ئەمە لەگەڵ ئەوەی ئێستا دوو بەنداو یەكێك لە چەمی چەمرگە و ئەوی تریش لە خوار قوشتەپەیە لە ژێر ئەنجامدانە و پڕۆژەی بەنداوێكی تریش لە ناوچەی قەشقە و خوڕخوڕ لە قۆناغی دیزاین و نەخشەسازی دایە كە بۆ گلدانەوەی ئاوی بارانە تا بەفیڕۆنەچێت.


پاركێكی هاوچەرخ و بەرفرەوان لەژێر ئەنجام دانە و بۆ ناو گەڕەك و شوێنەكانی تری قەزاو ناحیەو كۆمەڵگاو گەڕەكەكانیش بەرنامەو پلان بۆ دروستكردنی چەندین پارك و باخچەو یاریگای منداڵان هەیە، هەروەها بەمەبەستی گلدانەوەی ئاو دوو بەنداو لە چەمی چەمرگە و لە خوار قوشتەپە لە ژێر ئەنجامدانە. بەشێوەیەكی گشتی لەساڵی 2012بەبڕی 44ملیار دینار كارو پرۆژە لە سنووری قەزای دەشتی هەولێر هەبووە و ئەمساڵ 2013تا ئێستا رەزامەندی 35ملیار دینار لە بودجەی پەرەپێدان بۆ پڕۆژە جۆراوجۆرەكان لەسەر پەرەپێدان وەرگیراوە.





Top