پەنابەرەكانی كەمپی كەورگۆسك بۆ گوڵان:لەلایەن حكومەتی كوردستان و هاووڵاتیان و خێرخوازان بەتایبەتی خەڵكی هەولێر هاوكاری و كۆمەكی باش و پێویست كراوین
August 28, 2013
راپۆرتەکان
لە ئاكامی بەردەوامبوونی بارگرژییەكانی سوریاو قەتڵوعامكردنی كوردانی رۆژئاوا لەلایەن ئیسلامییە توندڕەوەكانی قاعیدەو گروپەكانیەوە؛ كۆڕەوی كوردانی رۆژئاوا بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە. هەندێك سەرچاوە باس لە بوونی 200 هەزار هاونیشتمانانی كوردانی رۆژئاوا دەكەن لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی دوای ئەوەی كەمپی دۆمێز كە زیاتر لە 60 هەزار پەنابەری لەخۆگرتبوو توانای وەرگرتنی ژمارەی زیاتری نەما، ئەمە لەكاتێكدا تەنیا لە پارێزگای دهۆك 113 هەزار پەنابەری تێدایە. ئێستا زیاتر لە 40 هەزار پەنابەری دیكەی كوردانی رۆژئاوا روویان لە پارێزگای هەولێر كردوەو راستەوخۆ لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڕیاری دروستكردنی چەند كەمپێك درا و پارەیەكی زۆریش بۆ ئەم مەبەستە تەرخانكراو خەڵكی كوردستانیش سەلماندیان كە تاچ رادەیەك بەدەنگ هاونیشتمانانی خۆیانەوەن و لەسەرجەم شار و قەزاو ناحیەكان كۆمەك و هاوكارییەكی زۆری كوردانی رۆژئاوا كرا. لەم رووەوە لە كەمپی كەورگۆسك مستەفا جاسم یەكێك لە هاووڵاتییە پەنابەرەكانی كوردی رۆژئاوا كە خەڵكی قامشلۆیە پێیوابوو خۆشبەختانە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەیەكی كەمدا توانی كارەباو ئاو و خزمەتگوزارییەكانی دیكەیان لە كەمپەكەدا بۆیان دابین بكات. لەلایەكی دیكەوە ژمارەیەكی دیكەی پەنابەر لەناو كەمپەكە بە گۆڤاری گوڵانیان راگەیاند گەرچی حكومەتی هەرێم توانیوێتی خزمەتگوزارییەكی باش دابین بكات و گرنگی بە بواری پاكوخاوێنی ناو كەمپەكەو دابینكردنی WC و ئاوی خواردنەوەو گرنگیدان بەلایەنی تەندروستی بدات، بەڵام لەگەڵ بەردەوامبوونی هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر گرفتمان بۆ دروست دەبێت. لەلایەكی دیكەوە دابینكردنی شوێنی شیاو و گونجاو بۆ خێزانەكان زۆر گرنكە لە كاتێكدا لەناو كەمپەكە ژمارەیەك لە خێزانەكان چادریان نییە. لەم رووەوە فازڵ خالید داوای لە رێكخراوی UNHCR دەكرد كەوا چادریان بۆ دابین بكرێت و شوێنی خۆشتن و پێویستی دیكەیان بۆ دروست بكەن. هاووڵاتییەكی دیكە هەر لە پەنابەرەكانی كەمپی كەورگۆسك بەناوی ئەحمە ماجید بۆی روونكردینەوە كە لەلایەن حكومەتی كوردستان و هاووڵاتیان و خێرخوازان بەتایبەتی خەڵكی هەولێر هاوكاری و كۆمەكی باش و پێویست كراون و ئەو كۆمەك و هاوكاریانەش بەردەوامە، هەروەها وتی: بەڵام ئەوەی ئێمە زیاتر دەمانەوێت بۆمان بكرێت پێدانی ئیقامەیە بۆ ئەوەی بتوانین بچینە دەرەوەی كەمپەكەو بۆخۆمان كار بكەین، چونكە زۆربەی پیاوانی وەكو من لەناو كەمپەكە توانای كارمان هەیە و بۆ باشتر ژیان و خۆشگوزەرانی پێویستە كار بكەین نەك هەر چاومان لە كۆمەك و خەوتن بێت. هاوكات هاووڵاتیەكی دیكە بەناوی دەلال قادر وتی: ئێمە منداڵمان زۆرە كە هەر هەموویان لە قوتابخانە بوون بۆیە داواكارین لە حكومەتی كوردستان قوتابخانەمان بۆ دروست بكەن. وەلید قاسم كە پەنابەرێكی خەڵكی قەمشلۆیە ئاماژەی بەوەدا ئێمە لەدەست شەڕ و مردن لە رۆژئاوای كوردستان هەڵاتووین و لەوێ نە كارەبا نە ئاو و كار و كاسبی نەماوە و بەناچاری لەسەر ماڵ و حاڵی خۆمان رامانكردووە و هاتووینەتە ئەم بەشەی دیكەی نیشتمانەكەمان كە كوردستانە و لێرە لە راستیدا زۆر خزمەتكراوین و ئەوەی دیتمان قەت واچاوەڕوانمان نەدەكرد كە حكومەتی كوردستان و خەڵكی باشووری كوردستان ئەوەندە رەوشت بەرز و بەئەمەك بن بەرامبەر بە خاك و میللەتەكەیان كە كوردە.
سەبارەت بەئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و كۆمەك و هاوكارییەكان، رزگار مستەفا سەرپەرشتیاری كەمپی دارەشەكران و كەورگۆسك و قایمقامی قەزای خەبات وتی: كۆچی كوردانی رۆژئاوای كوردستان بۆ هەرێمی كوردستان بەتایبەتی پارێزگای هەولێر بەردەوامە؛ ئەمەش دوای ئەوەی كەمپی دۆمێز توانای نیشتەجێكردنی زیاتری پەنابەرانی نەماوە، هەربۆیە لە 15/ئاب/2013 تا 22/ئاب/2013 زیاتر لە 40 هەزار پەنابەری دیكەی كوردانی رۆژئاوای كوردستان هاتنە باشووری كوردستان، كە لەم ژمارەیەشدا 4 هەزاریان بۆ سنووری سلێمانی چوون و ژمارەیەكیش لە دهۆك مانەوە و زیاتر لە 36 هەزار كەسیش هاتنە سنووری هەولێر، بۆیە لەلایەن حكومەتی كوردستان بڕیاردرا كەمپێكی پەنابەری هاوچەرخ بۆ 10 هەزار كەس وەكو قۆناغی یەكەم لە سنووری ناحیەی دارەشەكران دروست بكرێت، بەڵام پێش ئەوەی ئەم كەمپە تەواو بێت پایتەختی هەرێمی كوردستان بۆ حەوانەوەو بەدەنگەوە هاتنی ئەو براو خێزانانەمان لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە داواكرا كە بەزووترین كات لە سنووری ناحیەی كەورگۆسك كەمپێك بكرێتەوە كە ئێستا لەو كەمپەدا زیاتر لە 15هەزار پەنابەری تێدا نیشتەجێبووە و 5هەزار كەسیش لە كەمپی كاوە لە سنووری ناحیەی قوشتەپە دانراون و ژمارەكەی دیكە لەو پەنابەرانە لە باسرمەو ناو هەریر و لە سنووری سۆران شوێنیان بۆ دابینكراوە. هەربۆیە لەماوەی سێ كاتژمێردا هەر هەموو ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی وەكو كارەباو ئاو و تەندروستی و ئاودێریی و ئاوی دەوروبەر كە سەر بە پارێزگای هەولێرن لە كارو ئیش و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ پەنابەرەكانی ئەو كەمپە دەست بەكاربوون و هێزەكانی زێرەڤانی هەر لە دانانی چادرو گواستنەوەی پەنابەرەكان بۆ ناو كەمپ و چادرەكان و پێدانی ئاو و خواردنی گەرم و ئامادەكراو گەورەترین كار و هاوكاری و خزمەتیان پێشكەش كرد و ئێستاكەش لە كارەكانیان لەگەڵمان بەردەوامن و رێكخراویUNHCR چادری بۆ پەنابەرەكانی كەمپەكە دابینكرد و هەر یەكە لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەیوەندار بە كارو پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی هەولێر زۆر بە خێرایی كارەكانیان دەست پێكرد و توانیمان خواردن و خواردنەوەو ئاو بەسەر پەنابەرەكان بەزووترین كات دابەش بكەین، چونكە لە سەرەتادا ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەرەكان زۆر ماندووبوون و لە حاڵەتی دەروونی و جەستەی زۆر ماندوو و خراپدا بوون و هاتنی پەنابەرەكان زۆر خێرا و زۆر بوو، بۆیە كارو خزمەتگوزارییە سەرەتایی و فریاگوزارییەكان زۆر قورس و زەحمەت بوو، بەڵام گیانی هاونیشتمانی و برایەتی و كوردایەتی و بەدەنگەوەهاتنی حكومەتی كوردستان و هاتنی جەنابی سەرۆكی هەرێم بۆ ناو پەنابەرەكانی كەمپەكە و هاوكاری و كۆمەكی هاووڵاتیان و خێرخوازانی شاری هەولێر و پارێزگای هەولێر بەگشتی ئەوە بەدەنگەوەهاتنێكی راستەوخۆ و پراكتیكی و كاریگەر بوو بۆ نیشتەجێبوون و دڵنەوایی پەنابەرەكان، لەلایەكی دیكە هێزەكانی لەشكری تایبەتی یەك و دوو لە هاوكاری و بەدەنگەوەهاتنی پەنابەرەكان خەمێكی دیكەی ئەوانی رەواندەوە، كارو پرۆژەكان وەكو دانانی تۆڕی كارەبا كە چەند ملیۆن دۆلاری تێچووە و هەروەها لە رێگای 13تانكەر ئاوەوە كە لەلایەن فەرمانگەی ئاوی هەولێر و ئاوی دەوروبەری هەولێر تەرخانكراوە ئاو بەسەر خێزانەكان دابەش دەكەن، لەڕووی رێكخستنی كەمپەكەشەوە ئامێرەكانی زێرەڤانی بە هەماهەنگی و ئامێرەكانی پارێزگا هەستاون بە رێكخستنی شوێن و شەقامەكانی كەمپەكە. ئیدارەی قایمقامیەتی خەبات و ناحیەكانی سنووری كەمپەكان شەو و رۆژیان لەسەریەك داناوە بۆ بەهاناهاتنی پەنابەركان و حەوانەوەیان و لەلایەن خێرخواز و هەموو خەڵكی شارو سنووری پارێزگای هەولێر زۆر كۆمەك و هاوكاری كران. هاوكات رێكخراو و كۆمپانیاكانی مەدەنی و كەرتی تایبەت بەشێوەی جۆراوجۆر كۆمەك و هاوكاریان پێشكەش كردووە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر و بنكەی تەندروستی گەڕۆكی زێرەڤانی دوو بنكەی تەندروستی گەڕۆك بۆ كەمپی پەنابەرانی كەورگۆسك دانراوە، لەلایەكی دیكە بنكەی تەندروستی ناحیەی كەورگۆسك لەبەر بەدەنگەوەهاتنی پەنابەرانی ئەو كەمپە ماوەی كاركردنی كراوەتە 24كاتژمێر و پزیشكی شارەزاو پسپۆڕی نەخۆشیە جۆراوجۆرەكان كاری تێدا دەكەن. هەروەها هاتنی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كەمپی پەنابەرانی كوردی رۆژئاوی كوردستان لە كەورگۆسك لەلایەك پاڵپشتی و توانیەكی زۆر و بەردەوامی بە ئێمەو ئیدارەی كەمپەكەدا، لەلایەكی دیكە هێز و دڵنەوایی و هاوكاری و پاڵپشتیەكی گەورەبوو بۆ پەنابەرەكان، بەپێی ئەو زانیاریانەی هەیە كەمپەكە دەمێنێتەوە ئەمەش لەبەر بەردەوام هاتنی پەنابەرانە، لەلایەكی دیكە ئەگەر هاتنی پەنابەران هەر بەردەوام بێت نەك تەنیا ئەو ژمارە كەمپەی ئێستامان دەبێت، بەڵكو چەند كەمپی دیكە پێویست بێت لەلایەن حكومەتی كوردستان بۆیان دروست دەكرێت، بەڵام ئەگەر ژمارەكە لەو رێژەو ئاستەدا راوەستێت ئەوە هەموو پەنابەرەكان لە چەند كەمپێك بە باشترین شێوەو زۆرترین خزمەتگوزاریی كۆدەكرێنەوە. بۆ زیاتر ئاگاداربوون لەنزیكەوە لە رەوشی پەنابەرەكانی كوردی رۆژئاوای كوردستان باڵیۆز و قونسڵی چەندین وڵات وەكو بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیا و ئەمریكا و...تاد سەردانی كەمپی پەنابەرانی كوردی رۆژئاوای كوردستانیان لە كەمپی كەورگۆسك كردووەو كار و خزمەتگوزاری و بەدەنگەوە هاتنی حكومەتی كوردستان و سەردانی جەنابی سەرۆكی هەرێم و هاوكاری و كۆمەكی خێرخواز و خەڵكی كوردستانیان بەرز نرخاندووە.
كەمپی كەورگۆسك:
- ئامێرەكانی زێرەڤانی بە هەماهەنگی و ئامێرەكانی پارێزگا هەستاون بە رێكخستنی شوێن و شەقامەكانی كەمپەكە
- لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر و بنكەی تەندروستی گەڕۆكی زێرەڤانی دوو بنكەی تەندروستی گەڕۆك دانراوە
- هێزەكانی لەشكری تایبەتی یەك و دوو لە هاوكاری و بەدەنگەوەهاتنی پەنابەرەكانن
- لەماوەیەكی كەمدا تۆڕی دابەشكردنی كارەبا دانرا
- بنكەی تەندروستی ناحیەی كەورگۆسك ماوەی كاركردنی كردۆتە 24كاتژمێر