بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی بۆ (گوڵان):رێزدار نێچیرڤان بارزانی بایەخ بەهەموو پارێزگاكان دەدات بەتایبەتیش سلێمانی

بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی بۆ (گوڵان):رێزدار نێچیرڤان بارزانی بایەخ بەهەموو پارێزگاكان دەدات بەتایبەتیش سلێمانی
بەهرۆز محەمەد ساڵح لەم دیمانەیەی گوڵان دا باسی ئەو پڕۆژانەی كرد كە ئەمساڵ چوونەتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە؛ لەوانە درووستكردنی نزیكەی 600 یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كەم دەرامەت و درووستكردنی پڕۆژەكانی رێگەی دوكان - چوارقوڕنە، سلێمانی - دەربەندیخان، كەلار - دەربەندیخان، عەربەت – پێنجوین. پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەهۆكاری دواكەوتنی جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیش كردو رایگەیاند: كە ئەوان لیستی رەشیان بۆ ئەو كۆمپانیانە هەیە كە كارەكانیان وەك پێویست نییەو غەرامەی ئەوانەش دەكەن كە پڕۆژەكانیان بەهۆی كەمتەرخەمییەوە دوا كەوتووە. سەبارەت بە كەم ئاویش ئاماژەی بە بوونی ئەو كێشەیە كرد. سەرۆكی یەكەی ئیداریی سلێمانی ڕاشكاوانە وەڵامی چەندین پرسیاری دیكەی داینەوە، كە تایبەت بوو بە پڕۆژەكانی شارەوانی و بەرنامەو كاری داهاتوویان. لێرەدا پوختەی وەڵامەكان بڵاو دەكەینەوە.

* گرنگترین ئەو پڕۆژانەی لە ساڵی 2013 لەپلانی پارێزگا بوو جێبەجێ بكرێت چییە ؛ هەروەها تاچ رادەیەك لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی پارێزگا سەركەوتوو بوون ؟ ئایا میكانیزمێك هەیە كە ریزبەندی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان دابنێت ؟
-لە سلێمانی پڕۆژەكانی پارێزگا ساڵانە بەپێی پلانێك جێبەجێ دەكەین؛ تەنانەت پێم وایە سلێمانی تاكە پارێزگایە بەپێی پلانێكی رێكوپێك پڕۆژەكانی جێبەجێ دەكات، بۆ ئەمساڵ چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی لە قۆناغی جێبەجێكردندایە لەوانە شەقامی 100 مەتری و پاككردنەوەو دووبارە بەكارهێنانی ئاوی قورس و ریسایكلینی سلێمانی و پڕۆژەكانی شاری رۆشنبیریی و شاری پیشەسازیی عەربەت و ماستەرپلانی هاتوچۆ، كە هەموویان لێكۆڵینەوەو كاركردن لەسەریان بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتووش بەردەوام دەبێت.
پێشتر بەهۆی نەبوونی پلانەوە پڕۆژەكان جێگەی خۆیان بەباشی نەدەگرت، بەڵام ئێستا پڕۆژەكان بەپێی ئەولەویەت و جێبەجێ دەكرێن. میكانیزمەكەش ئەوەیە ئێمە داوا لە ئیدارەی ناحیە و قەزاكان دەكەین پڕۆژە و پلانی ساڵانەی خۆیانمان بۆ ئامادە بكەن پاشان لەرێگەی لیژنەیەكی پارێزگاوە و بە هاوكاری رێكخراوی UNDP سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان ریزبەندی بۆ پڕۆژەكان دەكەین و گرنگەكانیان لەلای خەڵكەوە لە پێشەوەی ریزبەندییەكە دادەنێن بۆ جێبەجێكردن و ئەوانەی زۆر گرنگ نین رایدەگرین بۆ ساڵانی داهاتوو، بۆ ئەمساڵ دەستمان بە كاركردووە و لیژنەیەك بە هاوكاری UNDP پێكهاتووە بۆ دانانی پلانی پڕۆژەكانی 2014.
* ماوەیەك لەمەوبەر شاندێكی باڵای حكومەت بەسەرۆكایەتی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی گەیشتنە شاری سلێمانی و چەندین كۆبوونەوە و بەردی بناغەی پڕۆژەی گرنگ دانرا ؛ ئایا دەرئەنجامی ئەو سەردانەو دواتر سەردانی وەزیرەكانی حكومەتی هەرێم چی لێكەوتەوە؟
- سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، نیشانەی گرنگیدانی كابینەی حەوتی حكومەتی هەرێمە بە ئاوەدانی زیاتری ناوچەكانی كوردستان بەتایبەت سلێمانی، ئێمە سوپاسی سەرۆكی حكومەت دەكەین و خۆشحاڵین كە بەشێوەیەكی مەیدانی ناوچە جیاجیاكانی هەرێم بەسەر دەكاتەوە لەنزیكەوە لە كەموكوڕی كێشەكانیان دەپرسێتەوە، سەرۆكی حكومەت لەسەردانەكەیدا چەندین كۆبوونەوەی ئەنجامدا لەگەڵ فەرمانگەكانی سلێمانی و خەڵكانی دەرەوەی حكومەت، كە بێگومانم كاریگەریی لەسەر دیدی حكومەت بۆ كێشەكان هەبووە، هەروەها فەرمانی كرد كە وەزیرەكان سەردانی پارێزگای سلێمانی بكەن و لەنزیكەوە لەگەڵ ئیدارەی سلێمانی و فەرمانگەكانیان لە سلێمانی دابنیشن و كێشەكان بە وردی تاوتوێ بكەن، خۆشبەختانە ژمارەیەك لە وەزیرەكان سەردانی سلێمانیان كرد، ئەو سەردانانەش كاریگەری باشیان لەسەر چارەسەركردنی بەشێك لە كێشەكان هەبوو بەتایبەت راستكردنەوەی ئەو هەڵە تێگەیشتنانەی لەبارەی رێنماییە ئیداریی و داراییەكانەوە درووست بوو بوون. سەرجەم كۆبوونەوەكانیش لەرێگەی كۆنووسێكەوە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كراون بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی لە دەسەڵاتی وەزیرەكاندا نییە لە ڕێگەی ئەنجومەنەوە چارەسەر بكرێن.
*ئایا وەكو پارێزگا هیچ كێشەو گرفت لەگەڵ هیچ وەزارەتێكدا هەیە بەتایبەت لە بەڕێوەچوونی پڕۆژەكان ؟
- كێشەمان لەگەڵ وەزارەتەكاندا تەنیا لە زۆری رۆتیندایە، كێشەكەش دەگەڕێتەوە بۆ نەگونجاوی رێنمایی و یاساكان لەگەڵ قەبارەی پڕۆژەو ئیشەكانی ئێستا و ئەو پێشكەوتنانەی هەیە، چونكە زۆرێك لە یاساو رێنماییەكان بۆ سەردەمێك نووسراون جیاوازە لەسەردەمی ئێستا، بەتایبەت رێنماییە داراییەكان كە كێشەی زۆر بۆ پڕۆژەكان درووست دەكات و بەڵێندەرو خاوەنكار زۆر ماندوو دەكات جگە لەوە زۆر تەفسیری جۆراوجۆری بۆ ئەو رێنماییانە دەكرێت و ئەوەندەی تر كێشە درووست دەكات، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئێستا وەزارەتی دارایی سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بە سەرجەم رێنماییەكاندا كە پێموایە ئەوە كاریگەریی باشی لەسەر خێراتركردنی كارەكان دەبێت.
*ئەو پڕۆژانەی لە چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون بۆ دانیشتووانی سلێمانی ئەنجامدراون، كڕین و فرۆشتنەوەی پێوەكراوە، تەنانەت زۆربەی پڕۆژەكان دەستی دووەم و سێیەمی كردووەو نرخەكانیشی بەرزبۆتەوە، ئایا بەرنامەتان بۆ درووستكردنی خانوو و یەكەی نیشتەجێبوون بۆ هەژارو كەمدەرامەت و كرێچییانی شاری سلێمانی هەیە؟
-بەڵێ؛ ئەوە راستە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لەجیاتی ئەوەی چارەسەری كێشەی نیشتەجێبوون بكەن وەك بابەتێكی بازرگانی مامەڵەی پێوەكراوە، هۆكاری ئەمەش ئەوەبوو ئێمە لە سەرەتای كاری وەبەرهێنان لە كوردستاندا خوازیار بووین هەر جۆرێك بووە خەڵك دەست بكەن بە كاری وەبەرهێنان و سەرمایەی خۆماڵی بەگەڕ بخەن، بەڵام ئێستا دوای تێپەڕبوونی ئەو قۆناغەو بە سوود وەرگرتن لەو ئەزموونە حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە بە تەواوەتی بە سیاسەتی نیشتەجێبووندا بچێتەوە، حكومەت دەستەیەكی تایبەت بە نیشتەجێبوون دادەمەزرێنێت و ئەو دەستەیە سەرپەرشتی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون دەكات لە هەرێم لە جیاتی ئەوەی چەند لایەنێك بیكەن، ئەمە هەنگاوێكی نەوعی گرنگە بۆ چارەسەری كێشەی نیشتەجێبوون. وێڕای ئەوە ئێمە لەساڵی 2011دا ئەزموونێكی ترمان لە بواری درووستكردنی یەكەدا تاقیكردەوە، كە ئەویش درووستكردنی نزیكەی 600 یەكەیە بۆ خەڵكی كەم دەرامەت، ئەو یەكانە ئێستا تەواوبوون و لەرێگەی فۆرمەوە دابەشیان دەكەین كە دابەشكردنەكەش ئەزمونێكی تری تازەیەو چاوەڕێ دەكەین زۆرترین دادپەروەری تێدا بەرجەستە ببێت، ئەو یەكانە بەبێ پێشەكی و بە قیستی مانگانەی كەم دەدرێت بە هاووڵاتی كەمدەرامەت، كارەكەش ئەوەیە ئێمە بە نرخێكی زۆر كەمتر لە پڕۆژە نیشتەجێكردنەكانی تر ئەو یەكانەمان دروستكردووەو بەهەمان كوالێتی و خۆشمان سەرپەرشتیمان كردوون.
ئەوە سەرەتای كارەكەبوو، ئێستا خەریكی پەرەپێدانی ئەو ئەزموونەین، بەرێگەی جۆراو جۆر لەوانە لەرێگەی وەبەرهێنانەوە، بەم رێگەیە ئێستا نزیكەی 3 هەزار یەكە كاری لەسەر كراوەو كۆمپانیاكان نرخەكانیان پێشكەش كردووە، سیستمەكەش ئەوەیە ئەو یەكانەی درووست دەكرێت لەڕووی كوالێتیەوە ئێمە بڕیاری لەسەر دەدەین و هەر خۆشمان لەرێگەی سیستمی كۆمپیوتەرییەوە دابەشی دەكەین، كێبڕكێی كۆمپانیاكانیش بۆ درووستكردنی ئەو یەكانە لەسەر نرخی یەكەكان و ماوەی قستەكان دەبێت. من تەئكید دەكەمەوە هەنگاوەكان بۆ چارەسەری كێشەی نیشتەجێبوون هەنگاوی جددین و وەك حكومەت بە پەرۆشین بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانە.
* پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونی وەبەرهێنان كەموكوڕی تێدایە، هەروەها خەڵكی گلەیی لە بەرزبوونەوەی نرخەكانیش دەكەن، بەتایبەتی ئەوانەی خەڵكی سلێمانین و كەمدەرامەت و كرێچین؟ بەڕێزت وەكو پارێزگار چ بەرنامەیەكت بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە لەبەردەستدایە؟
-بەشێك لە وەڵامی ئەم پرسیارە لە وەڵامی پێشتردا ئاماژەم پێكرد، بەڵێ وەك وتم بەهۆی كامڵ نەبوونی ئەزموونی ئێمە لە بواری وەبەرهێنان لە كەرتی نیشتەجێكردندا ئیدارەدانی ئەو كەرتە لە كێشە بەدەر نییە، هاووڵاتیان گلەییان لە خاوەن پڕۆژەكان هەیەو هەقی خۆیانە، ئێمە هەمیشە دووپاتمان كردووەتەوە كە دەبێت بەرژەوەندی هاووڵاتیان لەسەرو هەموو شتێكەوە بێت. من بۆ خۆم زۆرێك لە پڕۆژەكانی نیشتەجێ بوونم بەسەركردوەتەوەو لە نزیكەوە لە كەموكوڕییەكانیان ئاگادار بووم، وەك حكومەتیش چیمان پێ كرابێت بۆ چارەسەری كێشەكانیان بەتایبەت نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەكانی وەك نەخۆشخانەو خوێندنگاو باخچە كردوومانە، بڕیاریشمانداوە لەمەودوا چاودێری جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە بكەین، چونكە راستە ئەوانە لەلایەن كەرتی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام سەرەنجام هاووڵاتی تێدا نیشتەجێ دەبێت و دەبێتە بەشێك لە شارو پێویستە حكومەت خزمەتگوزارییان بۆ دابین بكات.
*هەندێك جار هەندێ گەڕەكی هەژارنشین گلەیی و گازاندە لە كەمی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەكەن، چی پڕۆژەیەكتان بۆ ئەم گەڕەكانە لەبەردەستدایە؟
- ئێمە جیاوازی ناكەین لەنێوان گەڕەكی هەژارو گەڕەكی دەوڵەمەند، لە بنەڕەتیشەوە حەز بەوە ناكەین گەڕەكی هەژارو گەڕەكی دەوڵەمەند لە شارەكانماندا هەبێت، ئەگەر مەبەستەكەش هەندێك گەڕەكی قەراغ شار بێت، ئەوا دواكەوتنی پڕۆژە خزمەتگوارییەكانی ئەو گەڕەكانە پەیوەندی بەوەوە نییە ئەوانە هەژارن حكومەت ئاوڕیان لێ ناداتەوە، بەپێچەوانەوە ئێمە خزمەتكاری وەك دەڵێن خانووە قوڕەكانین، بەڵكو كێشەكە ئەوەیە زۆرێك لەو گەڕەكانە بەشێوەی تەجاوز و زیادەڕۆیی دروستكراون و تەملیك نەكراون و نەخشەی نییە، شارەوانیش بێ نەخشتە ناتوانێت خزمەتگوزاریی پێشكەش بەو شوێنانە بكات. بۆیە ئێمە لە ئێستادا بۆ سەرجەم ئەو گوند و گەڕەكانەی كە كەوتوونەتە ناو ماستەرپلانی سلێمانی تیمی تایبەتمان درووستكردووە بۆ دانانی نەخشەی رێكوپێك و تیمەكان كاری باشیان كردووە، چاوەڕوانیش دەكەین لەرێگەی وەزارەتی شارەوانی و پەرلەمانەوە یاسایەك بۆ چارەسەری زیادەڕەویی ئەو شوێنانە دابنرێت. هەرچۆنێك بێت ئێمە بەردەوامین لە چارەسەكردنی ئەو كێشەیەو لە چارەسەری یەكجاری نزیك بووینەتەوە.
*ئێستا خەڵكێكی زۆر لە وڵاتی ئێران و شارەكانی عێراقەوە بەتایبەتی عەرەبەكان ڕوویان لە سلێمانی كردووە و خانوو یەكەی نیشتەجێبوون دەكڕن و لەسەریان تەملیك دەكرێت و هەر ئەمانەش كاریگەرییان لەسەر گرانی خانوو و زەوی و كرێی خانوو هەیە، گەرچی دەزانین كێشەی كرێچی خەڵكی سلێمانی بە تەواوی چارەسەر نەكراوە؟
-ئێمە ناتوانین رێگری بكەین خەڵكی ناوچەكانی تری عیراق خانوو یان ماڵ لە هەرێم نەكڕن، چونكە لە دەستووردا ئەو مافە دراوە، وەك چۆن ئەگەر ئێستا بارودۆخی بەغدا وا نەبوایە خەڵكی ئێمە دەیتوانی لەوێ ماڵ و موڵك بكڕێت. راستە هاتنی ئەو خەڵكانە كاریگەریی سلبی خۆی هەیە، بەڵام ئێمە لەسەردەمی جیهانگیریدا دەژین و داخستنی دەرگاكانمان بە ڕووی هاتنی خەڵكانی تردا كارێكی نەكردەیە، هاتنی ئەو خەڵكانە ئاماژەیە بۆ بوژانەوەی ئابووری هەرێم و زۆرێك لەوانەی دێنە هەرێمیش لەو كەرتانەدا كار دەكەن كە خەڵكی ئێمە كاری تێدا ناكات یان پسپۆڕی پێویستمان بۆ ئەو كارانە نییە. ئەو خەڵكانە رۆڵی باشیان هەبووە لەبونیادنانی وڵاتەكەدا، بەڵام رێكخستنیان ئەركی حكومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانە بۆ ئەوەی نەبنە بارگرانی بۆ دەستی كاری هەرێم. سەبارەت بە درووستبوونی كێشەی نیشەجێبوون بەهۆی ئەو كەسانەوە، ئەوە راستی تێدا هەیە، بەڵام ئەركی حكومەتە چارەسەری كێشەی نیشەجێبوون بكات بێ ئەوەی ناچار بێت رێگری لە هاتنی دەستی كارو مێشكەكانی دەرەوە بكات بۆ هەرێم.
*شەقام و ڕێگاوبانەكانی پارێزگای سلێمانی بەو پێیەی لەناوچەیەكی شاخاویدایە ئایا لەمبارەیەوە چ پڕۆژەیەك هەیە كەموكوڕی لە پڕۆژەكانی رێگاوبان هەیە داواكاری چییە بۆ ئەوەی پڕۆژەیەك ئەنجام بدرێت یان خێرایی لە بەڕێوەچوونی كارەكانی هەبێت ؟
- پڕۆژەی زۆر لەبواری رێگەوباندا لە جێبەجێ كردندان، گرنگترنیان دووسایدكردنی رێگەكانی نێوان شاروشارۆچكەكانە كە لە ئێستادا دەتوانم بڵێم قۆناغی یەكەمی زۆربەی ئەو پڕۆژانە دەستی پێكردووە، لەوانە رێگەی دوكان - چوارقورنە، سلێمانی - دەربەندیخان، كەلار - دەربەندیخان، عەربەت -پێنجوین، چەندین پڕۆژەی تریش، هاوكات لە سلێمانی پڕۆژەیەكی گەورەی رێگەمان بەدەستەوەیە كە دروستكردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانییەو دیزاین پڕۆژەكە تەواو بووەو بەم نزیكانە قۆناغی یەكەمی درووستكردنی دەست پێدەكات.
بۆ ناوچە شاخاویی و گوندەكانیش ئێمە رێگەسازی گوندەكانمان بە ئەولەویەتی خۆمان دەزانین و هەر گوندێك رێگەی خراپ بێت وەك وتم بێ چاوەڕوانی بۆی چاك دەكەین بەشێوەی رێگە تێكەڵە رێژ، بەڵام زۆربەی گوندەكان داوای قیركردنی رێگەكانیان دەكەن، كە هەقی خۆیانە، بەڵام قیڕكردن بودجەی زۆری دەوێت، بۆیە بەپێی پلان ساڵانە چەندین رێگەی گوندەكان قیڕ دەكەین و زۆر پڕۆژەی لەو جۆرە بۆ گوندەكان جێبەجێ كراوە. ناڵێین كەموكوڕی لە پڕۆژەكانی رێگەوباندا نییە، بەڵام لەچاو رابردوودا زۆر باشترە، ئێمە گرفتێكی زانستیمان هەیە ئەویش زوو تێكچوونی جادەكان و قیڕەكەیەتی، ئەمەش زۆر باسكراوەو پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زانستی هەیە تا بزانین هۆكارەكە چییە؟ ئاخۆ كوالێتی قیڕەكەیە؟ یان نەگونجاویەتی لەگەڵ كەشوهەوای هەرێم؟ یاخود زیاد لەپێویست قورسایی خستنەسەر رێگەكانە بەتایبەت كە ئێمە تەنیا رێگەی گواستنەوەمان رێگەی ئۆتۆمبێلە، پیشم وابێت وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە لەم گرفتە، ئەوەش زیاد بكەم ئێستا خۆشبەختانە بارودۆخی كارەبای هەرێم باش بووەو بەو هۆیەشەوە رووناكی سەرشەقامەكان زیادی كردووەو هاوكات بەشێویەكی ستاندارد خەریكی هێڵكارین بۆ ئەو شەقامانەی هێڵكاریان نییە، شەقامەكانی كوردستان بەگشتی بەو شێوەیە خراپ نین كە باس دەكرێت، بەڵام هێشتا وەك پێویستیش نین، دڵنیام چەند ساڵی ئایندە ئەو گرفتانە تەواو چارەسەر دەبن و تۆڕێكی باشی رێگەوبانمان دەبێت، هیواداریشم شوفێران زیاتر پابەندی رێنماییەكانی هاتوچۆ بن و لەو شەقامانەی كە كاری تێدا دەكرێت یان وەك پێویست نین زیاتر رەچاوی یاساكان بكەن.
*هەندێ پڕۆژە هەیە لەوادەی كۆتایی هاتنی دوادەكەوێت، بە ڕاوبۆچوونی ئەندازیارانیش قەت ئەو پڕۆژانە لە كاتی خۆی تەواو نابێت، ڕابۆچوونی تۆ لەمبارەوە چییە؟
-راستە خەریكە دواكەوتنی هەندێك پڕۆژە دەبێت بەدیاردە كە ئەمە ناكرێت بەو جۆرە بێت، گرفتەكەش هەمە لایەنەیە هەندێك پەیوەندی بە حكومەتەوە هەیە هەندێكی پەیوەندی بە بازاڕەوە هەیە، هەندێكیشی پەیوەندی بە بەڵێندەرەوە هەیە. خۆت دەزانی پڕۆژەكان لێرە لەرێگەی كەرتی تایبەت و بەڵێندەرەوە جێبەجێ دەكرێن، كە راستە ئەوان وەك بزنسێك ئەو كارانە دەكەن، بەڵام دیسان جێگەی ئەوەیە دەستخۆشیان لێ بكرێت و بەشێك لە شانازی ئاوەدانكردنەوەی كوردستانیان پێ ببڕێت، بەڵام هۆكاری دواكەوتنی پڕۆژەكان جگە لە ناجێگری بازاڕ كە كاریگەری زۆری هەیە، بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ بەڵێندەرەكان، چونكە زۆر جار هەیە كۆمپانیاكان پڕۆژە وەردەگرن ئامێری پێویستیان بۆ پڕۆژەكە نییە، یان لە یەك كاتدا سەرقاڵی چەندین پڕۆژەن، زۆر گرفتی تری لەو بابەتانە، كە ئێمە بۆ چارەسەری ئەو كێشانە هەندێك پێداچوونەوەمان بە مەرج و گرێبەستەكاندا كردووە، هاوكات لیستی رەشمان هەیە بۆ ئەو كۆمپانیایانەی كە كارەكانیان وەك پێویست نییەو هەوڵدەدەین پڕۆژەیان پێ نەدەین، غەرامەی ئەوانەش دەكەین كە پڕۆژەكانیان بەهۆی كەمتەرخەمییەوە دواكەوتووەو هۆیەكی مەعقولی نییە، بەگشتی ئێمە درك بەو گرفتە دەكەین و لە هەوڵداین كەمی بكەینەوە یاخود هەر نەیهێڵین، خۆشبەختانە بەهۆی ئیجرائاتەكانەوەو بەهۆی هەماهەنگی نێوان فەرمانگەكان ئەو دیاردەیە كەمبووتەوە، بەڵام بنەبڕ نەبووە.
*هەندێ وەزارەت لەماوەی ساڵانی رابردوو كارو پڕۆژەیان لە پارێزگای سلێمانی و قەزاو ناحیەكان كەمە تا چ رادەیەك پێیان راگەیەنراوەو هاوكار بوون لەنەهێشتنی ئەو سستی و كەموكوڕییانە؟
-نەخێر وەزارەتەكان پڕۆژەیان لەپارێزگای سلێمانی و قەزاو ناحیەكانی كەمی نەكردووە، پڕۆژەكان بەپێی پلان جێبەجێ دەكرێن و لەسەرجەم بوارەكاندا پڕۆژە جێبەجێ كراوەو دەكرێت، بەڵام بەپێی ئەولەویەت.
* بە بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران هەڵەبجە كرا بە ئیدارەیەكی سەربەخۆ لەم رووەوە چی كراوە تاوەكو دەسەڵاتەكان دابەزێنرێنە خوارەوە؟
- لەراستیدا ئیدارەی سەربەخۆی هەڵەبجە هێشتا دەست بەكارنەبووە، ئێستا مەسەلەی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە لە ئارادایەو حكومەت زیاتر كار لەسەر ئەم بابەتە دەكات؛ بەڵام ئێمە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی ئەنجومەنی وەزیران پێی داوین هەموو دەسەڵاتەكانمان بۆ خوار خۆمان دابەزاندووەو ئەوەی لە سنووری دەسەڵاتی ئێمەدا بووبێت كردوومانە، هەندێك شتیش كە نەكرابێت هۆكەی ئەوە نییە ئێمە خواستمان نییە بیكەین، بەڵكو رێگرییە یاساییەكانە.
*بۆچی ماوەیەكە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و باش زبڵوخاشاك لە گەڕەك و ناو سەنتەری شاری سلێمانی بەتایبەتی لە هەندێ گەڕەكدا كۆناكرێتەوە؟
-هەرچەندە ئەو پرسیارە زیاتر پەیوەندی بە شارەوانی سلێمانییەوە هەیە، بەڵام بەپێچەوانەوە بەشێوەیەكی رێكوپێك زبڵ و خۆڵ و خاشاكی سلێمانی كۆدەكرێتەوە، كۆكردنەوەكەش چەند كۆمپانیایەك ئەنجامی دەدەن و بەگشتی ئەركەكانیان باش بەڕێوەدەبەن و شارەوانیش چاودێریان دەكات و هەر كەمتەرخەمییەك هەبێت ئاگاداریان دەكاتەوە. ئێمە بۆ خۆڵ و خاشاك پڕۆژەی ریسایكلیمان هەیەو پڕۆژەیەكی ستراتیژی گرنگە بۆ ژینگەی كوردستان و لەئێستادا نزیك بووینەتەوە لە ئیمزاكردنی گرێبەست لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكومەتیش دوای گەیشتنە رێكەوتن لەگەڵ كۆمپانیایەك بۆ ریسایكلینی سلێمانی بەهەمان پاكێچ بۆ هەولێرو دهۆكیش رێكەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكان دەكەین.
*ماوەیەكە هەست دەكرێت لە بواری وەرزشدا كارو پڕۆژە كەمتر ئەنجام دەدرێت و تەنیا ئەو گۆڕەپانە دەبینین كە پێشتر هەبووە لەمبوارەیەوە چی كراوە؟
-وەكو پێشتر ئاماژەم پێدا پڕۆژەكانی ئێمە بەپێی پلانە، بەپێی پێویستییە، پڕۆژەكانی بواری وەرزشیش گرنگی زۆریان پێ دراوە و بەهیچ جۆرێك پشتگوێ نەخراون، خۆ ئەگەر سەیری ژمارەی پڕۆژە وەرزشیەكان و ژێرخانی وەرزشی بكەیت بەدڵنیاییەوە سلێمانی لە ریزی پێشەوەیە و ژێرخانێكی باشی وەرزشی هەیە، بەڵام هێشتا پڕۆژەی تر پێویستەو خواستی خەڵكیش زیاتر بووە لەو رووەوە، ئێمەش بەپێی پلان بەردەوام دەبین لەسەر درووستكردنی پڕۆژەی وەرزشی نەك تەنیا لە شارەكاندا بەڵكو لە گوندەكانیشدا و ئێستا زۆر گوندی قەرەباڵغ یان بەچەند گوندێك یاریگای مۆدێرنیان بۆ درووستكراوە.
* زۆر لەقایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان گلەییان لەدانەبەزینی دەسەڵاتەكان هەیە تۆش پێت وانییە ئەم دەسەڵاتانەیان بۆ دانەبەزێنراوەتە خوارەوە؟
پێم خۆشە ئەو پرسیارە لە قائیمقام و بەرێوەبەری ناحیەكان بكەی بزانە ئەوەی لە سنووری دەسەڵاتی ئێمەدا بێت دەسەڵاتیان بۆ دابەزێنراوە یاخود نا؟ بەپێچەوانەوە سەرجەم دەسەڵاتەكانیان بۆ دابەزیووەو من بۆ خۆم سورم لەسەر دابەزاندنی دەسەڵاتەكان و دەزانم دابەزاندنی دەسەڵاتەكان كاریگەرییەكی پۆزەتیڤی زۆر زۆری هەیە بۆ رایكردنی كاروباری هاووڵاتیان و دەزگا حكومیەكان و كەمكردنەوەی رۆتین، من لەناو پارێزگاش زۆربەی دەسەڵاتەكانم داوە بە بەرێوەبەرەكانی خوارەوە، بۆ نموونە گرێبەستەكانە، پرۆسەی تەندەرین كە یەكێكە لە دەسەلاتەكانی پارێزگار ئێستا من كەمترین ئاگاداریم لێی هەیە مەگەر گرفتێك هەبێت، دەسەڵاتەكانم لەو رووەوە داوە بە خوار خۆم و بەپێی سیستمێكی رێكوپێكی شەفاف كارەكان بەرێوەدەچێت و پێویستی بەوە نەماوە من دەستی تێوەردەم. ئێمە ئەگەر سیستمێكی رێكوپێك و شەفافمان هەبێت، پێویست ناكات هەموو دەسەڵاتەكان لە سەرەوە بن، ئەگەر سیستم هەبێت هەموو شتەكان ئۆتۆماتیكی خۆیان رای دەبن و كێشەشیان كەمتر دەبێت، بەڵام رەنگە گلەیی قائیمقام و بەرێوەبەری ناحیەكان لە نەبوونی هەندێك دەسەڵات بێت لەوانە دەستبەسەرداگرتن یان لادانی زیادەڕەوی یان فەرمانی گرتنی كەسانی یاسا شكێن، كە ئەم دەسەڵاتانەش بەپێی یاسایەك پەرلەمان لێ وەرگرتوونەتەوە و لەدەسەڵاتی ئێمەدا نییە ئەو دەسەڵاتەیان بدەینێ، من لەگەڵ پێدانەوەی ئەو دەسەڵاتانەم بە قائیمقام و بەرێوەبەری ناحیەكان، چونكە زۆربەی گرفتەكانی زیادەڕەوی و یاسا شكێنی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە لایەنی ئیداری ناوچەكان ناتوانن ئیجرائاتی بە پەلە و پێویست لەگەڵ كەسانی یاسا شكێن بكەن و هاوكات واشی كردووە هەیبەتی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان نەمێنێت و یاساشكێنەكان سڵیان لێ نەكەنەوە.
*قەزاو ناحیەكان بەگشتی سنووری پارێزگاكە پێویستی بە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی نوێ هەیە؛ ئایا لەمبارەیەوە داواكاریتان چییە؟
-ئێمە دووپاتی دەكەینەوە، هەر شوێنێك پێویستی بە پڕۆژەی ئاو و كارەبا و رێگەوبان هەبێت، بەتایبەت گوندەكان بێ هیچ چاوەڕوانییەك بۆیان جێبەجێ دەكەین، راستە بەهۆی زۆربوونی دانیشتوان و كەمی باران و وشكبوونی سەرچاوەكانی ئاو كێشەی كەم ئاوی لە هەندێك ناوچە هەیە، بەڵام ئێمە بەردەوامین لە سەر پڕۆژەكانی راكێشانی تۆڕی ئاو بۆ گوندەكان و تازەكردنەوەی تۆڕەكان لە شارەكاندا و لێدانی بیری قوڵ بۆ گوندەكان و ئەو شوێنانەی سەرچاوەی ئاوی سەر زەوییان نییە، خەڵكی گوندەكان شاهیدن كە چووبینە هەر گوندێك ئەگەر كێشەی ئاویان هەبووبێت بە پەلە فەرمانی چارەسەركردنی ئەو كێشانەمان داوەو چاوەڕوانی پلان و بودجەی ساڵانە نەبووین و لەسەر بودجەی فریاگوزاری پڕۆژەكانمان بۆ جێبەجێ كردوون، ئەوە جگە لەوەی هەندێك گەڕەك لە شارەكاندا كە تۆڕی ئاو یان تەواو نەبووە یان پەیوەست نەكراوە بە سەرچاوەی ئاوەوە، بەبەردەوامی بە تەنكەر ئاویان بۆ دابین دەكرێت.
ئەگەر ئێوە بیرتان بێت چەند ساڵ لەمەوبەر ئێمە شارۆچكەی سی هەزار كەسیمان بەدەست كەم ئاوییەوە دەیناڵاند و شارە گەورەكانمان ئاوی نەبوو، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا بارودۆخەكە زۆر باشەو دەتوانم بڵێم هەرچەندە كەم ئاوی لەهەندێك شوێن ماوە، بەڵام نەبووە بە گرفتی گەورە بۆ هاووڵاتیان و چارەسەری كێشەی كەم ئاوی كراوە ئەوە ماوە گەشەپێدانیەتی بۆ ئاستی شارە پێشكەوتووەكان. بۆ ئەم مەبەستەش لە سلێمانی و شارۆچكەكانی چەندین پڕۆژەی گەورەی ئاو هەیە كە لەچەند ساڵی ئایندەدا بەتەواوتی بارودۆخی ئاو باش دەكات، لەوانە پڕۆژەی دابینكردنی ئاو لە سیروانەوە بۆ شارۆچكەكانی هەڵەبجەی تازە و عەربەت و سەید سادق كە لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە دەستپێكردنی پڕۆژەكە راگەیەندرا، هەروەها سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ هێڵێكی تری ئاو بۆ شاری سلێمانی كە بەتەواوبوونی 24 كاتژمێر ئاو بۆ سلێمانی دابین دەكات.
*ئایا ئامادەكاریی دەكرێت بۆ ئەوەی لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان ئەمن و ئارامی شار بپارێزرێت؛ پێت وایە لایەنە سیاسییەكان پابەندی ئەو یاساو رێنماییانەتان دەبن؟
-پێشتر چەند هەڵبژاردن بەرێوەچووە، هەندێك گرفتی كەم نەبێت كێشەی زۆر گەورە رووی نەداوە، دەزگا ئەمنیەكانی سلێمانیش بێگومان بەردەوام دەبن لەسەر پاراستنی بارودۆخی ئەمنی سلێمانی و رووبەرووبوونەوەی هەر كەسێك بیەوێت ئارامی شار تێكبدات، بەڵام ئاساییە لە كاتی هەڵبژاردنەكان كەشێكی گەرموگوڕتر لەرۆژانی ئاسایی درووست دەكات و ئەمەش تا ئەو ئاستەی نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئارامی و گیانی هاووڵاتیان بە شتێكی ئاسایی دەزانین و هێزە ئەمنیەكانی سلێمانیش لەو ماوەیەدا بێگومان چاوكراوەتر دەبن.
داواكاریشین لە لایەنە سیاسیەكانی سلێمانی ئارامی شار لەبەرچاو بگرن و لایەنگرانیان هان بدەن لە چوارچێوەی یاساكاندا هەڵمەتی هەڵبژاردن بەرێوەبەرن و خەڵك هەراسان نەكەن .
*كێشەی كەمی سیولەی نەختینەیی لەبانكەكان بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- هەرچەندە ئەو پرسیارە پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە هەیە، بەڵام ئەوەندەی ئێمە ئاگادار بین كێشە بنەڕەتییەكە ئەوە نەبووە كە بانكەكان نەختینەیان كەمبووە، بەڵكو كێشەكە ئەوەبووە كە ژمارەی حسابی وەزارەتی دارایی لە بانكەكاندا رەسیدی كەمیكردووە، هۆكەشی ئەوەبوو ئەو ماوەیە بڕی نەختینەی هاتوو لە بەغداوە كەمتر بوو لە رێژەی ئاسایی پێشتر.
Top