ژمارەی پەنابەرانی كوردانی رۆژئاوا لەهەرێمی كوردستان گەیشتۆتە زیاتر لە 160 هەزار كەس؛ لەو ژمارەیە 113هەزار كەسی لە پارێزگای دهۆك نیشتەجێیە

ژمارەی پەنابەرانی كوردانی رۆژئاوا لەهەرێمی كوردستان گەیشتۆتە زیاتر لە 160 هەزار كەس؛ لەو ژمارەیە 113هەزار كەسی لە پارێزگای دهۆك نیشتەجێیە
كوردەكانی رۆژئاوای كوردستان لەكەمپی دۆمیز:

لەلایەن حكومەتی كوردستانەوە هاوكاری كراوین، بەڵام لەگەڵ هاتنی ژمارەیەكی زۆری پەنابەر كەمپەكەمان قەرەباڵغ بووەو پێویستمان بەخزمەتگوزاریی زیاترە

بەردەوامی شەڕوپێكدادانەكانی ناوخۆی سوریاو خراپی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان هۆكارێكن بۆ زیادبوونی پەنابەری سوریا لە وڵاتانی دەوروبەر، بەشێكی زۆری پەنابەرەكانیش كوردی رۆژئاوان و هاونیشتمانانی هەرێمی كوردستانن روویان لەهەردوو پارێزگای دهۆك و هەولێر كردووەو بەشێكیشیان لەپارێزگای سلێمانی لەكەمپی عەربەت نیشتەجێن كە ژمارەیان زیاتر لە 160 هەزار پەناهەندە دەبێت، زیادبوونی ئەم ژمارەیە و بەردەوامی هاتنی پەنابەرەكان بەڕادەیەكە بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی پارێزگای دهۆك ژمارەیان لەو پارێزگایە بە (113 هەزارو 500 ) كەسی دادەنێت لەم ژمارەیەش 60 هەزار كەسی لەكەمپی دۆمیز نیشتەجێیە. بەمشێوەیە كەمپی دۆمیز بە كەمپێكی زۆر بەرفراوان و گەورە دادەنرێت، لەو روانگەیەوە هەر لەدەستپێكی هاتنی پەنابەرەكان رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم 10 ملیۆن دۆلاری بۆ خزمەتگوزارییەكان تەرخانكرد، بەرپرسانی كەمپەكەش لە لێدوانێكی تایبەت بەگوڵان رایانگەیاند ئەوان چی تر توانای وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرەیان نییە كە رۆژانە روو لەكەمپەكە دەكەن، تەنیا لەكۆتایی هەفتەی رابردوو زیاتر لە 5000 پەناهەندە لەخاڵی بیشابوور روویان لە هەرێمی كوردستان كردو و بڕیارە لەكەمپی دارەشەكران لە پارێزگای هەولێر نیشتەجێ بكرێن، ئەمەش دوای ئەوەی حكومەتی هــەرێــمی كــوردســتان بڕیاری درووسـتكـردنی ئەو كەمپەی دا و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكردو بەدەم داواكاریی پەنابەرەكانەوە هات، تاوەكو لەقۆناغی یەكەم دا 2 هەزار خـێزان لەكەمپەكە نیشتەجێ بكرێن و فریای ئەو كوردانە رۆژئاوا بكەون كە لەشاری هەولێر لەبارودۆخێكی خراپدان و شوێن و ڕێگایان نییەو لەكۆچەو كۆڵانەكان نیشتەجێن . هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر لەماوەیەكی كەم دا بارقورسییەكی زۆرە لەسەر هەرێمی كوردستان تەنانەت وڵاتێكی وەكو ئوردن یا توركیا گەرچی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بەراورد بەهەرێمی كوردستان هاوكاری و یارمەتی زیاتریان دەكات كەچی رایانگەیاندووە كە ئەوان چی تر توانای ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەرە سورییەكانیان نییە . لەگەڵ ئەمەش دا لەهەرێمی كوردستان پێشوازی باشی لەپەناهەندەكان كردووە بەتایبەتی دوای بەسەركردنەوەی كەمپەكە لەلایەن سەرۆك بارزانی یەوە دەستی هاوكاری و كۆمەك و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری ئاراستەی پەنابەری كوردانی رۆژئاوا كرا، ئێستا رێكخراوی WFP بەهاوكاری دەزگای خێرخوازی بارزانی مانگانە بۆ هەر پەنابەرێك لەكەمپی دۆمیز بڕی 31 دۆلار بۆ ئازووقە خەرج دەكات و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە رێگای وەزارەتە پێوەندارەكان و پارێزگای دهۆكەوە بڕی 5 ملیۆن دۆلاریان بۆ كەمپەكە خەرج كردووەو خزمەتگوزارییەكانی ئاوو كارەباو شارەوانی دابینكردووەو بنكەی تەندروستی و قوتابخانە لەناو كەمپەكەدا دامەزراوەو ژمارەیەك پرۆژەی تریش لەم نزیكانە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
گۆڤاری گوڵان كوردە پەنابەرەكانی سوریای دانیشتووی كەمپی دۆمیزی لەپارێزگای دهۆك و پرۆژەی دروستكردنی كەمپی دارەشەكرانی لە پارێزگای هەولێر بەسەركردەوە، كوردانی رۆژئاوا لەكەمپی دۆمیز وێڕای پێزانین و دەستخۆشیان بۆ هاووڵاتیانی كوردستان و سەركردایەتی سیاسی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام داواكاری و گلەییشیان هەبوو كە لەدووتوێی ئەم راپۆرتەدا بڵاوی دەكەینەوە.

پەنابەرە كوردەكانی رۆژئاوا:
لەڕووی خزمەتگوزارییەوە كارمان بۆ كراوە،
بەڵام داواكارین پێش هاتنی وەرزی زستان كۆڵان و شەقامەكانی ناو كەمپەكە قیرتاو بكرێن
ژیانی ناو چەترو خێوەتگەو كەمپی پەنابەری بێ كەموكورتی نییە بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەرە لەو ماوە كەمە دا بۆ كەمپی دۆمیز لە پارێزگای دهۆك، ئێستا كەمپەكە قەرەباڵغەو توانای وەرگرتنی پەنابەری تری نییە و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش بەپێی پێویست ناتوانن دەستی هاوكاری بۆ ئەو ژمارە زۆرو بەردەوامەی پەنابەرەكان پێشكەش بكەن، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە لەبەردەڕەش و دارەشەكران كەمپی دیكە دروست بكرێت. لەسەردانێكماندا بۆ كەمپی دۆمیز كوردانی رۆژئاوا باسی ئەو گرنگی و رێزگرتنەی سەركردایەتی سیاسی كوردستان و حكومەتی هەرێمیان بۆ كردین، بەتایبەتی دوای سەردانی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە دابینكردنی ئازووقە باشتر بووەو زیاتر كاری خزمەتگوزاریی بۆ كەمپەكە كراوە. لەم رووەوە هێڤین رەمەزان پێی وایە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هاوكاری كراون و كارەباو ئاوو ئازوقەو بنكەی تەندروستی و قوتابخانەمان بۆ دابینكراوە، بەڵام ژیانی پەناهەندەیی و بوونی ئەو ژمارە زۆرەی پەناهەندەو قەرەباڵغییە لەناو كەمپەكە وایكردووە بەبەردەوام پێویستمان بەخزمەتگوزاریی زیاتر بێت. نەرمین محەمەد كە خەڵكی قامیشلۆیە وتی :( لەدوای سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بارودۆخی رۆژانەی گوزەرانمان باش بوو، بنكەی تەندروستی و قوتابخانەو پرۆژەكانی ئاوو كارەباو رووناكی شەقامەكان جێبەجێ كرا..) ئەم پەناهەندەیە چەند داواكارییەكیشی لە پارێزگاری دهۆك هەبوو لەوانە باشكردنی پێدانی ئاوی خواردنەوەو هەڵگرتنی زبڵ و خاشاكی ناو كەمپەكە بەرادەیەك مانەوەی زبڵ و خاشاك بۆنی ناخۆشی لێدەكەوێتەوە. هەر لەم رووەوە سەبری حوسێن پێی وابوو خزمەتگوزارییەكان تا ئاستێكی باش دابین كراوە، بەڵام شەقام و كۆڵانەكانی ناو كەمپەكە قیرتاو نەكراوەو لەوەرزی زستاندا دووچاری كێشەو گرفت دەبین، هەروەها ماوە ماوە تووشی بێئاوی دەبین. سەبارەت بەگرفتی كەمی ئاوی خواردنەوە دالیا فوئاد وتی: زۆربەی خزمەتگوزارییەكان باشن تەنیا ئاوی خواردنەوە نەبێت داواكارین ئەم گرفتەشمان بۆ چارەسەر بكرێت.
لەسەردانێكماندا بۆ بنكەی تەندروستی كەمپەكە كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆكەوە سەرپەرشتی دەكرێت و چەند پسپۆرایەتیەكی پزیشك و بەش و هۆبە لەخۆدەگرێت لەوانە هەناوو ددان و پزیشكی ئافرەتان و منداڵان و بەشی تاقیگە فەرمانبەرانی بنكەكە پێیان راگەیاندین كەوا رۆژانە لەنێوان 300 بۆ 350 كەس بەمەبەستی چارەسەركردن سەردانی بنكەی تەندروستیەكەیان دەكەن، هەر نەخۆشێكیش پێویست بكات و چارەسەری لێرە نەبێت رەوانەی نەخۆشخانەكانی دهۆك دەكرێت. دكتۆر محەمەد ئەمین كە خەڵكی رۆژئاوای كوردستانەو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆكەوە لەبنكە تەندروستیەكەی دۆمیز دامەزراوە وتی: ئامێرو پێداویستی بەشەكانمان وەكو هەموو بنكە تەندروستیەكانی پارێزگای دهۆكە و دەستخۆشی لەرێكخراوە مرۆییەكان و پارێزگای دهۆك و بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دەكەم بەوەی وایانكردووە جیاوازی نەكەم لەنێوان خۆم و هاووڵاتیەكی تری ئەم شارە. ئەم پزیشكە وێڕای دەستخۆشی و پێزانینی بۆ خزمەتگوزارییە تەندروستیەكان بەڵام هۆشداری ئەوەی دا ژمارەی پەنابەرەكان رووی لەزیادبوونەو پێداویستییە تەندروستیەكانیشیان زیاد دەبێت و پێویستە لە ئێستا پلان و بەرنامەی بۆ دارێژرێت. هەر لەم رووەوە محەمەد خەلەف وتی: بنكەی تەندروستی و چارەسەرییە تەندروستیەكان تۆڕی بۆ كەمپەكە دابینكراوە، بەڵام بارودۆخی هاتنی بەردەوامی پەنابەران بەمشێوەیە بێت كەمپەكە زۆر قەرەباڵغ دەبێت و خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی بەش ناكات و كەمپەكە پێویستی بەنەخۆشخانەیەكی فراوانتر دەبێت، لەكاتێكدا ئەو كەمپە ژمارەیەكی زۆری پەنابەری لێ نیشتەجێیەو پێویستی بەنەخۆشخانەو پزیشكی شارەزاو كارمەندی تەندروستی پسپۆڕ هەیە.
لەلایەكی ترەوە ژمارەیەك لەو پەنابەرانەی تازە هاتوون كەمترین پێداویستی كەلوپەلیان بۆ دابینكراوە هەربۆیە داوا لەئیدارەی كەمپەكە دەكەن پەلە بكەن لەدابینكردنی چادرو پێداویستیەكانیان. لەم رووەوە سالم سەعید بەرپرسی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی كەمپەكە وتی: گرنگی زۆر بەكوردانی رۆژئاوا دراوە نەك وەكو پەناهەندەیەك بەڵكو وەكو هاونیشتمانی خۆمان، هەربۆیە رۆژ لەدوای رۆژ كەمپەكە رووی لەفراوانبوون كردووەو ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بەرز بۆتەوە، ئەمە لەكاتێكدا تادێت ژمارەی پەناهەندەكان زیاد دەكات بەرادەیەك ئێستا ژمارەی ئەوانەی ناویان لەكەمپەكە تۆماركردووە گەیشتۆتە 113 هەزارو 500 كەس و لەو ژمارەیەش 60 هەزار كەس بەبەردەوام نیشتەجێی كەمپەكەیە، هەربۆیە بەبەردەوام پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئاوو كارەباو دابەشكردنی تۆڕی ئاویخواردنەوەو پاككردنەوەی كەمپەكەو گرنگیدان بەهەردوو كەرتی تەندروستی و پەروەردە لەگۆڕانكاری بەردەوامدان بەرادەیەك ئێستا 3 قوتابخانە لەناو كەمپەكە دروست كراوە. تەنانەت لەكەمپەكە رەچاوی ئەوەش كراوە پەنابەرەكان بەئازادانە دەتوانن بۆ هەر شوێنێكی هەرێمی كوردستان سەفەر بكەن و بمێننەوە، هەروەها بەمەبەستی دۆزینەوەی هەلی كار هەر كارو پرۆژەیەك لەناو كەمپەكە ئەنجام بدرێت بەكرێكارو خەڵكی ناو كەمپەكە جێبەجێ دەكرێت . ئێستا 1200 خێزان پێویستیان بەچادر هەیەو لەگەڵ خێزانی تر دەژین ئەمە جگە لەوەی 3000 خێزانی تر لە ژێر نایلۆن دەژین .



ئیدریس نەبی ساڵح بەڕێوەبەری كەمپی دۆمیز بۆ (گوڵان):
لەبەرنامەدایە پرۆژەیەكی ستراتیژی ئاوی خواردنەوەی بۆ كەمپی دۆمیز جێبەجێ بكەین
ئیدریس نەبی ساڵح بەڕێوەبەری كەمپی دۆمیز لە وەڵامی چەند پرسیارێك لەسەر هاتنی ئاوارەكانی كوردی رۆژئاوا بۆ سنووری پارێزگای دهۆك و چۆنیەنی پێشوازیكردن و نیشتەجێكردنی ئاوارەكان و پێشكەشكردنی هاوكاری و كارە خزمەتگوزارییەكان لە كەمپی دۆمیز وتی: (كەمپی دۆمیز زۆر بەرفراوان و گەورە بووەو ژمارەی پەنابەرەكانی زۆر زیادیكردووە بەرادەیەك ئێستا لەرووی ژمارەی دانیشتوانەوە كەمپی دۆمیز لەدوای شاری دهۆك و زاخۆ دێت، رۆژانەش ژمارەی پەنابەرەكان زیاد دەكات، لەكاتێكدا ئەم كەمپە بەهاوشێوەی كەمپەكانی توركیاو ئوردن لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانەوە گرنگی پێ نەدراوە، هەربۆیە بەبەردەوام حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای دهۆك و رێكخراوە مرۆییەكان ئەركی سەرشانیان قورستر دەبێت و پرۆژەو كاری نوێ و خزمەتگوزاریی زیاتر پێشكەش بەكەمپەكەو پەنابەرەكان دەكەن. لەم رووەوە توانراوە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە چەندین پرۆژەو خزمەتگوزاریی سەرەكی و پێویست بۆ خەڵكی لەم كەمپەدا دابین بكرێت هەر لە هەڵكەندنی بیری ئاوی خواردنەوەوە تا راكێشانی كارەباو دروستكردنی 3 قوتابخانەو بنكەیەكی تەندروستی، تەنانەت رۆژانە زبڵوخاشاكی ناو كەمپەكە هەڵدەگیرێتەوە، لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانیشەوە بنكەیەكی كلتووری كراوەتەوەو لەم رۆژانەدا تەسلیمی ئەو ستافەی دەكەین كە كاری تێدا دەكەن . بەهەماهەنگیش لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی و رێكخراوی WFP مانگانە بڕی 31 دۆلار بۆ دابینكردنی ئازوقەو خواردن بەهەموو پەنابەرەكان دەدەین، لەدەستپێكی هاتنی پەنابەرەكانیش سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان 10 ملیۆن دۆلاری لەكەمپەكە بۆ خزمەتگوزارییەكان تەرخان كردوو دواتر لەلایەن پارێزگای دهۆك و وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمەوە 5 ملیۆن دۆلاری تریان خەرج كرد. ئەوەی زۆر كاریگەری لەسەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانیش هەبوو هاتنی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو كە وایكرد كوردانی رۆژئاوا وەكو هاونیشتمانیان رێزیان لێبگیرێت و خزمەتگوزاریی و كۆمەكیان پێشكەش بكرێت، هەربۆیە ئێستا بەئازادانە هەموو پەنابەرێك دەتوانێ ئیقامەی 6 مانگ وەربگرێت و لەشارەكانی كوردستان نیشتەجێ بێت و لەنەتەوەكەمان دانەبڕێت ئەمەش لەهیچ كەمپێكی دنیادا نییە كە بەو شێوە ئازادانەیە هەڵسوكەوت لەگەڵ پەنابەر بكرێت. لەلایەكی ترەوە پارێزگاری دهۆك بڕیاری داوە كەمپێكی تر لەناوچەی بەردەڕەش دروست بكرێت و لە هەولێریش كەمپێك لەناوچەی دارەشەكران لە ژێر جێبەجێكردندایە.بۆ چارەسەری گرفتی كەم ئاویش لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان لەبەرنامەدایە پرۆژەیەكی ستراتیژی ئاوی خواردنەوە بۆ كەمپی دۆمیز ئەنجام بدرێت، چونكە ئێستا ناچارین رۆژانە 20 تانكەر ئاو بۆ ئەو بلۆك و چادرانە بهێنین كە تۆڕی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوەیان نییە. ئەمڕۆ كارو پرۆژەو خزمەتگوزاریی لە كەمپی دۆمیز وەكو هەر قەزاو ناحیەكی تری كوردستان بەردەوامە، بەڵام لەمە زیاتر لەتواناماندا نییە كەمپەكە فراوانتر بكەین و پەنابەرەكانیش هەست بەو قەرەباڵغییە دەكەن.



سەرپەرشتیاری كەمپی دارەشەكران بۆ (گوڵان):
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان 10 ملیۆن دۆلاری بۆ دروستكردنی كەمپی دارەشەكران تەرخانكردووە
سەبارەت بەكەمپی دارەشەكران رزگار مستەفا قایمقامی قەزای خەبات و سەرپەرشتیاری كەمپی دارەشەكران وتی: دوابەدوای زیادبوونی ژمارەی پەنابەرەكانی سوریا لەكەمپی دۆمیز ژمارەیەكیان روویان لەشاری هەولێر كردووە، ئێستا زیاتر لە 40 هەزار پەنابەری كوردی رۆژئاوای كوردستان روویان لە شاری هەولێر كردووەو لەبارودۆخێكی باش دا نیشتەجێ نین، هەربۆیە بەڕێزان وەزیری ناوخۆو پارێزگاری هەولێر پێشنیارێكیان پێشكەش بە رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوو هەر خێرا بەدەنگ پێشنیارەكەوە هات و بەڕێزی بڕیاری دا دوو كەمپی پەنابەر دروست بكرێت كە یەكێكیان دەكەوێتە دارەشەكران لەهەولێرەو ئەوی تریان لە سلێمانی دروست دەكرێت، هەر بۆ ئەم مەبەستە رووبەری 250 دۆنم زەویمان لەسنووری ناحیەی دارەشەكران دەستنیشانكردووەو گرێبەستمان لەگەڵ خاوەن زەوییەكان كردووە، بۆ ئەمساڵیش قەرەبووی نرخی چاندن و بەرهەمی جوتیارەكانمان كردەوە، بودجەی دروستكردنی كەمپی دارەشەكران لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە تەرخانكراوەو لەرێگای پارێزگای هەولێرەوە خەرج دەكرێت و رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان 10 ملیۆن دۆلاری بۆ دروستكردنی كەمپەكە تەرخانكردووەو قۆناغی باشی بڕیوەو لەماوەی 10 رۆژی داهاتوو وەجبەی یەكەمی پەنابەرەكانی تێدا نیشتەجێ دەكرێت، دواتریش بەهاوكاری و هەماهەنگی نێوان حكومەتی هەرێم و رێكخراوی un و یونسیف و یونسكۆو UNHCR و WFP لەكارو پرۆژەكان بەشدار دەبن. هاوكات ژمارەیەك لەبەڕێوەبەرایەتیەكانی كارەباو شارەوانی و فەرمانگەی ئاوو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و ئاوەڕۆ هەروەها بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری بە ئامێرو كەرەستەی پێویست دەست بەكارو پرۆژەكانیان دەكەن و ئێستا كەمپەكە لە ژێر جێبەجێكردنە، سەرەتاش لە قۆناغی یەكەمدا كەمپەكە 2 هەزار خێزان كە دەگاتە 10 هەزار كەس لەخۆدەگرێت، دەتوانین بڵێین بەپێی ئەو دیزاین و كەرەستەو خەرجییانەی بۆ كەمپی دارەشەكران تەرخانكراوە كەمپەكە دەبێتە باشترین كەمپەكانی دنیا كە سەرجەم پێداویستی تەندروستی و پەروەردەیی و رۆشنبیریی و خزمەتگوزاریی ئاوو كارەبا و رووناكی و ئاوەڕۆو تەنانەت ئازادی لەهاتنە دەرەوەو دۆزینەوەی هەلی كاری تێدا مسۆگەر دەكرێت، بۆ قوتابخانەو بنكە تەندروستیەكان و كاركردن لە پرۆژەكانیشدا سوود لە كوردانی رۆژئاوای ناو كەمپەكە وەردەگرین . هەر كەسێكیش بەڵێنی دا كە لەكۆڵان و سەر شەقام نەژی و توانای نیشتەجێبوونی لەشار هەبێت ئازادە لەناو كەمپەكە نیشتەجێ نەبێت و بگرە هاوكاری گواستنەوەشیان بۆ دەكەین. لەبەرنامەو پلانیشدایە لەقۆناغی دووەمدا جێگای 2 هەزار خێزانی تر لەهەمان كەمپ دروست بكەین.
Top