كامیل شێخ عەلی وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی بۆ ( گوڵان):هەر مامۆستایەكی ئاینی مینبەری مزگەوت بۆ بۆچوونێكی دیاری كراو بچووك بكاتەوەسەرپێچییەو لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت

كامیل شێخ عەلی وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی بۆ ( گوڵان):هەر مامۆستایەكی ئاینی مینبەری مزگەوت بۆ بۆچوونێكی دیاری كراو بچووك بكاتەوەسەرپێچییەو لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی پێوەندی بەبیرو بڕواو بابەتە ئاینییەكانی هاونیشتمانی ئەم هەرێمەوە هەیە و، چەندین بابەتی تایبەت بە بواری كۆمەڵایەتی و بەڕێوەبردنی ژیانی مرۆڤەكان بەستراوەتەوە بەچۆنیەتی بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی ئاینەوە، هەربۆیە ئەم وەزارەتە هەستیاریی و گرنگی تایبەتی خۆی هەیە. بۆ ناساندنی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كاروبارەكانی وەزارەت و ئەو خەسڵەت و شێوازەی كاركردن و چۆنیەتی رووبەرووبوونەوەی ئەو گرفتانەی كە رووبەڕوویان دەبێتەوە، بەپێویستمان زانی مامۆستا كامیل حاجی عەلی وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی بەسەر بكەینەوەو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.

* ژمارەیەكی زۆری مزگەوت و دێرو كەنیسەو پەرستگای سەر بەئاین و ئاینزاكانی تر لەهەرێمی كوردستان بوونیان هەیە، ئایا تاچ رادەیەك توانیوتانە هەنگاو بەرەو پێكەوەژیان لەنێوان هەموو ئاینزاكان بنێن؟ ئایا پێوەندیتان لەگەڵ ئایینەكانی تردا چۆنە؟
- كاتێك وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئیسلامی كرا بە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی واتا ئاینەكانی دیكەش، تەنانەت لەدیوانی وەزارەت دوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی كراوەتەوە بەناوی ( بەڕێوەبەرایەتی گشتی مەسیحیەكان- بەڕێوەبەرایەتی گشتی یەزیدییەكان). وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لەماوەی كابینەی شەش و حەوت دا بەپێی یاسای ژمارە (11)ی ساڵی (2007) كە دەرچووە مامەڵەی لەگەڵیان كردووە ( وشهد شاهد من اهلها) واتە ئەوانەی لەدەرەوەی كوردستان هاتوون ئەم شاهیدەیان داوە. هەربۆیە سەرجەم ئاین و ئاینزاكان لەكوردستاندا گلەییان نەبووەو سرووت و مەراسیمەكانیان وەكو خۆیان ئەنجام داوە بێ جیاوازیكردن لەنێوان ئەوەی خەڵكی كوردستانە یا لەدەرەوە هاتووە، تەنانەت زۆر لەو ئاینزایانە كوردن و بیروباوەڕیان جیایە. لە ئیسلامدا نییە بیروباوەڕ بەزۆر بچەسپێندرێت مەگەر بەقەناعەتەوە نەبێت، هەربۆیە لەكوردستاندا لەسەر جیاوازی بوونی دین ئازاری كەس نەدراوە رێز لەهەموو ئاین و ئاینزاكان گیراوە. ئەوەی ئەمڕۆ لەكوردستاندا لەبواری پێكەوەژیان و رێزگرتن لە ئاین و ئاینزاكان هەیە لە كەم شوێن هەیە، ئەوەتا لەناوچەكانی تری عێراقەوە زۆر لەئاینزاكان هەڵهاتوون و لەكوردستان جێگاو ڕێگایان بۆ كراوەتەوەو رازین لەخەڵكی كوردستان و سیاسەتی حكومەتی هەرێم كە بریتییە لە پیادەكردنی سیاسەتی پێكەوەژیان لەهەرێمەكەدا.
* مینبەری مزگەوتەكان موڵكی هیچ كەس و لایەنێك و بۆچوونێكی دیاریكراو نییە، ئایا تا چ رادەیەك كار بۆ ئەم پرەنسیپە كراوە و پێشبینی ناكەیت لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان بۆ پەرلەمانی كوردستان لەم بوارەوە پێشێلكاری و سەرپێچی بكرێت ؟
- مزگەوت موڵكی هەموو موسڵمانێكەو جێگاو شوێنی خواناسین و خواپەرستییە، ئەم ئیسلامەش كە پەیامەكەی ( رحمە للعالمین)ە و بۆ ( كافە الناس) هاتووە، بۆ ئەوانەی كە دەیانەوێت گوێ فەرمانی بەفەرمانەكانی خوداو فەرمودەكانی پەیامبەری ئیسلام بگرن، هەربۆیە مامۆستای مزگەوت بۆ هەمووانە واتە دەبێتە جێگای رێبازی پەیامبەر( محمد صلی االله علیه وسلم)، گەر وا نەبێت دەبێت بەخۆیدا بچێتەوە و هەڵەكانی چاك بكاتەوە، چونكە ئیسلام بەرنامەی ژیانەو بۆ هەمووانە، بەپێچەوانەشەوە كاتێك منبەری مزگەوت بچووك كرایەوە لەبۆچوونێكی دیاری كراو لەگەڵ قورئانی پیرۆزو فەرموودەكانی پێغەمبەر یەكی نەگرتەوە ئەوا ئەو بۆچوونە سەرناگرێت. سەبارەت بەبانگەشەی هەڵبژاردنەكانیش كە رێنمایی هەریەك لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەیە و هەركەسێك سەرپێچی بكات و منبەری مزگەوت بۆ كارو بۆچوونی لایەنێك بەكاربهێنێت لێپرسینەوەو لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت، تەنانەت خەڵكی كوردستانیش هۆشیارەو رێگا بەكاری وانادات.
* خوێندنی وتاری هەینی و ئاینی مامۆستایان چۆن رێك دەخرێت؛ تاوەكو نەبێتە هۆكارێك بۆ توندوتیژیی و بۆ بەمەستی سیاسی بەكارنەهێنرێت؟
- سوپاس بۆ خوداو دوای فەزلی خودا هیمەتی هەموو لایەكی تێدایە بەتایبەتی مامۆستایانی ئاینی كە توانیویانە ئەو ئارامی و سەقامگیریی و ئاشتەواییەی ئێستا بەردەوامی پێ بدەن. وتارەكانی رۆژی هەینی نابێت لەچوارچێوەی شەریعەتی ئیسلامی تێپەڕ بكات گەر تەجاوزی كرد سنووری شكاندووە، وەزارەتی ئەوقاف رێنمایی دەركردووە تاوەكو وتارخوێنەكان لەوتارەكانی رۆژی هەینی لەچوارچێوەی شەریعەتی ئیسلامی تێپەڕ نەكەن، چونكە ئاینی پیرۆزی ئیسلام دوور و نزیك لەتوندوتیژی دوورە پەرێزەو ئاشتی و ئاشتەوایی ویستووە( اسلام –سەلام –سلم)ەو سێ وشەی قورئانین، هەر وتارێك خەڵك هانبدات بۆ توندوتیژی كەوابێ خەڵك تاودەنێت بۆ دەرەوەی مزگەوت، هەربۆیە هەر وتارخوێنێك لەشەریعەتی ئیسلام تێپەڕی كردوو خەڵكی هاندا بۆ توندوتیژی ئەوا خەڵكی ئامادەنابن گوێبستی وتارەكەی بن چونكە وتاری ئاینی پێویستە لەگەڵ قورئانی پیرۆزو سوننەت یەكبگرێتەوە ئەمڕۆ خەڵكی ئاسایش و سەقامگیری و هێمنیان دەوێت ڕێگا نادەن وتارخوێن خەڵكی هانبدات بۆ توندوتیژی.
* بوونی ئینتیمای حزبی لە لایەن پیاوانی ئاینییەوە تا چەند ڕێگە پێدراوەو لەسەر چ بنەماو ڕێنمایی و یاسایەك ڕێگری لەتێكەڵبوون و دەستێوەردانی حزبی دەكرێت ؟
- لەئیسلامدا دەستەواژەی پیاوانی ئایینی نییە بەڵكو مامۆستاو زانایانی ئیسلامی هەیە، كە بەڕێوەبەرو سەرپەرشتی مزگەوتەكانن و ناكرێت تەنیا نوێنەری دەستەو لایەنێك بن، بەپێچەوانەوە گەر ئاینی ئیسلام بەكارهێنرا بۆ دەستەو لایەنێك ئەوا ئاینەكەی بچووك كردەوە، مزگەوت و ئاین و مامۆستاو زانایانی ئیسلام موڵكی هەمووانەو خوداو پەیامبەرەكەی چییان فەرمووە دەبێت ئەوە پەیامی بێت، لەسەری نییە خەڵكی بەزۆر بكاتە ئیسلام یا خەڵكی بەدەمییەوە دێت یاخود نا، هەرمامۆستاو زانایەك یا وتارخوێنێك بانگەواز و بانگەشەی بۆ تەنها گروپێكی كرد كە ئەو خۆشی دەوێت ئەوا دەبێت توڕەیی و پەیامبەرمان رەتیكردۆتەوە: ( لیس منا من مات علی عصبیە، ولیس منا من دعا الی عصبیە، ولیس منا من قاتل علی عصبیە)، لەفەرموودەیەكی تردا هاتووە هەر كەسێك بەو كارە هەڵسێت ( بۆگەناویە)، پشتگیری و پشتیوانی جەماوەری موسڵمان و وشیاركردنەوەی كۆمەڵگاو خواناسان ئەركی مامۆستایانی ئاینییە، ئەوە ئەركی مامۆستای ئاینییە موسڵمانان شارەزا بكەن لەواتای قورئان و ژیانی پەیامبەرەكەیان، موسڵمانان هانبدەن تاوەكو پابەندبن بەقورئان و سوونەتەوە و نەتەوەو خاك و نیشتمانەكەیان خۆش بووێت.
* پێوەندی وەزارەتەكەتان لەگەڵ یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان و لیژنەی باڵای فتوا چۆنە ؟ ئایا چۆن فتوا رێكخراوە؟
- فەتوا لەوەزارەتی ئەوقاف نادرێت بەڵكو لەلای ئەهلی فەتوا دەدرێت، وەكو وەزارەتیش دوو ساڵ زیاترە پرۆژەیەكمان بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردووەو كۆبوونەوەی لەسەر كراوە تاوەكو لەپەرلەمانی كوردستان پەسەند بكرێت، وەكو وەزارەتیش بەردەوام دەبین لەبەدواداچوونی پرۆژەكەو پەسەندكردنی لەپەرلەمانی كوردستان. سەبارەت بەو لیژنەیەی فەتواش من پێم وایە ئەو لیژنە فەتوایەی كە ئێستا هەیە ئیشوكارەكانیان بەباشی ئەنجامداوە.
* ئایا دەكرێت بووترێت شوێنە ئاینیەكانمان و دامودەزگاكانی وەزارەتی ئەوقاف هەنگاویان بەرەو بە دامەزراوەیی مەدەنی ناوە ؟
- گەر پەیڕەوی ئیسلام بكەین واتە پەیڕەوی مەدەنییەت و شارستانییەت دەكەین، ناكرێت لەوەزارەتێكی وا هەستیاردا كار بۆ ئەوە نەكرێت ئیشوكارەكان بەدامەزراوەیی نەكەین، لەم رووەوە بەپێی یاسای ژمارە (11)ی دەرچووی ساڵی (2007) ئیشوكارەكانمان جێبەجێ كردووەو لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەكانی ترو رێكخراوە مەدەنییەكان هەماهەنگی و هاوكاری هەیە، هەنگاویش بەرەو كەمكردنەوەی رۆتینمان ناوە بەبەردەوامیش لەپێناو زیاتر ئەكتیڤكردنی سیستەم پیاداچوونەوە بەسیستەمی ئیداریی دەكەین.
* ئایا هەست بەوە ناكرێت پێداویستیەكانیان زیاد بووە و پێویستی بە خزمەتگوزاری زیاتر هەیە، بەتایبەتی لە زۆری مزگەوت و شوێنی ئایینی پێشكەشكردنی كاری خزمەتگوزاری كەم بۆتەوە؟
- پێداویستیەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی زیادیكردووەو پێویستیمان بەخزمەتگوزاریی زیاتر هەیە كە بەبودجەی زیاتر دەكرێت، تەنانەت لەبەر كەمی بودجە وەزارەت ناتوانرێت نەسرییە بۆ مزگەوتەكان دابین بكات. لێرەدا سوپاسی خێرخوازانی كوردستان دەكەین كە لەمزگەوت دروستكردن و قوتابخانە خزمەتگوزارییەكانی ئەوقاف درێخیان نەكردووەو ئەوەی لەتوانایاندا هەبووە خزمەتیان كردووە.
* بەڵام بۆچی ڕێگا نادەن بەوەی مامۆستای ئاینی پارەو هاوكاری بۆ مزگەوت كۆبكاتەوە، تاوەكو شوێنی ئاینیەكەی نۆژەن بكاتەوەو پێداویستیەكانی دابین بكەن ؟
- ڕێگا نەدراوە لەمزگەوتەكان بانگەواز بكرێت بۆ پارەكۆكردنەوە بۆ دروستكردن یا نۆژەنكردنەوەی مزگەوتەكان، گەرچی خێرخوازان بەشێوازی نوێ لەنۆژەنكردنەوەو دروستكردنی مزگەوت بەردەوامن، ئەمەش بەپێی رێنمایی وەزارەتمان بەتایبەتی لەناوەندی پارێزگاكان و قەزاو ناحیەكاندا.
* مەسەلەی خوێندنی ئیسلامی وەزارەتی ئەوقاف بەكوێ گەیشتووە، گرنگترین كێشەكانی پرۆگرام و نەبوونی مامۆستاو دامەزراندنی دەرچووانی ئەو خوێندنگایانە چارەسەر كرا؟
- پرۆگرامەكانی خوێندنی ئیسلامی لە ناوەندی و دواناوەندی بەسێ قۆناغ بەئامادەبوونی وەزارەتی خوێندنی باڵاو پرۆگرامی خوێندن گۆڕدراو چارەسەر كرا، لەبواری پەیمانگاكانیش لەكۆنفرانسێكدا تەعدیلی تێدا كراوە. وەزارەتە پەیوەندارەكان لەدانانی راسپاردەكانی خوێندنی ئیسلامی و پرۆگرامی خوێندنی پەیمانگەكان رۆڵیان هەبووە. مامۆستایانی پەیمانگاكان زۆریان خاوەنی بڕوانامەی دكتۆراو ماستەریان هەیە، تەنیا مامۆستایانی زمانی ئینگلیزی یا كۆمپیوتەر بڕوانامەی بكالۆریۆسیان هەیە كە چارەسەری ئەمەش دەكەین، بەڵام ئێمە پێویستیمان بەبەڕێوەبەری گشتی خوێندنی ئیسلامی هەیە و چەند جاریش بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران نووسراومان بەرزكردۆتەوە، هەروەها دەرچووی پەیمانگا زانستییەكانمان هەیە دانەمەزراون، كە مزگەوتی نوێیەكان دروست دەكرێت پێویستیمان بەپێش نوێژ هەیە، لەم رووەوە بەشی دامەزراندن لە حكومەتی هەرێم رێژەیەكی كەم بەوەزارەتمان دەدات بۆیە مزگەوتمان هەیە بێ ( امام) ماونەتەوەو دەرچووانیش هەیە كە شارەزان كەچی دانەمەزراون.
* سەفەركردنی حەج و رێكخستنی ئەو پرۆسەیە بۆ ئەمساڵ چۆن بوو؛ ئایا لەوەزارەت كێشەیەكتان هەیە بەناوی كەموكورتی یا پێشێلكردنی رێنماییەكان لەمەسەلەی حەج یا كۆمپانیاكانی ئەمبوارە كەمتەرخەم نەبوون؟
- تاكو ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە بەپێی رێنماییەكان كارەكان بۆ سەفەری حەج رادەپەرێنێت و لەسەر گشت كۆنووسەكانی تایبەت بەمبوارەش وەكو وەزیر واژووم لەسەر كردووە، هەركەسێكیش سكاڵاو شتێكی نایاسایی هەیە دەتوانێت پێمان رابگەیەنێت تاوەكو ئیشی لەسەر بكەم. بەڵام تەنیا كێشەی ئەمساڵمان كەمكردنەوەی ژمارەی حاجیانی بوو بەرێژەی لە 20%، لەو كەمكردنەوەیەشدا هەندێ كۆمپانیا یا ئۆرگانەكانی تر كە بەشدارنەبوون بۆ سەفەری حەجی ئەمساڵ رەنگە دڵگران ببن، بەڵام دەسەڵات نەبووەو ئەو كەمكردنەوەیە بۆ هەمووان بووەو وردەكاری باش كراوە كە دادپەروەری پیادە بكرێت.
* ئایا تاچەند توانیوتانە لە داهاتی وەزارەتی ئەوقاف سوودمەند بن كە ساڵانە زیاتر لە 2 ملیار دینارە؟
- لەداهاتی وەزارەتی ئەوقاف توانیومانە خانووی پێ بكڕین و بەناوی وەزارەتەوە تۆمار دەكرێت و هەرگیز نابێت بە موڵكی شەخسی، زەوییەك یا خانوویەك هەر مەتروكەیەكی تر هەبێت كە لەنزیك مزگەوتێك هەبێت بۆ فراوانكردنی مزگەوتێك ئەمجۆرە ماڵانەمان ئەنجام داوە، بەمەرجێك لەرووی هونەرییەوە رێگاو جێگای بۆ كرابێتەوە بۆ ئاگاداری هەر تەسروفاتێك بەداهاتی وەقف بكەین بەبێ رەزامەندی و پرسیاركردنی لیژنەی فەتوا نابێت، بەشێوازی موساتەحە مامەڵەمان كردووەو لەبوار یوەبەرهێنان لیژنەمان هەیە.
* ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی لەبەركردنی قورئانی پیرۆز لە كوردستان كراوەتەوە ئایا لە یاسای وەزارەت و رێنماییەكانی وەزارەت ئەو بەڕێوەبەرایەتیانە بوونیان هەیە؟
- ئێمە ژمارەیەك بەڕێوەبەرایەتیمان نییە بەڵكو لەدیوانی وەزارەت یەك بەڕێوەبەرایەتیمان هەیە، لە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافیش هۆبەیەك هەیە كە تایبەتە بەئیشوكارەكانی و بەپێی یاسای ژمارە ( 11) ی ساڵی (2007) لەدەسەڵاتی وەزارەتی ئەوقافدایە گەر قورئان خوێندن و لەبەركردنی قورئانی پیرۆز لەناو وەزارەتی ئەوقافدا یاسایی نەبێت ئەی چی یاسایی یە كە لەگەڵ وەزارەتی ئەوقافدا بگونجێت؟
* مەسەلەی زەكات و سەرفیترە ئایا لەلایەن وەزارەتەوە چۆن رێكخراوە؟ پێت وا نییە رێكخستنی ئەمبوارە پێویستی بەفتواو یاساو بڕیار هەیە؟
- دوو ساڵ زیاترە پرۆژەی زەكاتمان پێشكەش بەئەنجومەنی وەزیران كردووەو ئامادەكراوە تاوەكو لەپەرلەمانی كوردستان پەسەند بكرێت، ئەمەش كارێكی زۆر باشە بۆ رێكخستنەوەی زەكات و هاوكاری هەژاران و بەكارخستنی ژمارەیەكی باش لە بێكاران لەناو دامەزراوەیەكدا كە پشكی زەكات چەند بێت لەلایەن لیژنەی فەتواوە دیاری دەكرێت، بەتایبەتی دیاریكردنی زەكاتی سەرفیترە چونكە بەپێی ساڵ نرخی خواردن دەگۆڕێت، ئەوەی تر بڕاوەتەوە لە (19) مسقاڵ ئاڵتون زیاتر بێت ساڵێكی بەسەردا بچێت زەكاتی دەكەوێت ئێستا گۆڕدراوە بە پارە بەرێژەی لە 2.5%، وەزارەتی ئەوقاف لەبواری زەكات هیچ پەیوەندی لەدابەشكردنی زەكات نییەو نەبووە تاكو ئەو پرۆژەیە پەسەند نەكرێت خەڵك خۆی زەكات بەكێی داوە ئازادبووە حكومەت هێشتا ئەو یاسایەی رێكنەخستووە كە خۆی پێی هەڵسێ.
Top