بایز تاڵەبانی وەزیری دارایی و ئابووری بۆ (گوڵان):لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا مامەڵەی نوێی پێشینەی خانووبەرە لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت و خەرجییە زیادەكانی وەزارەتەكانیش كەم دەكرێتەوە

بایز تاڵەبانی وەزیری دارایی و ئابووری بۆ (گوڵان):لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا مامەڵەی نوێی پێشینەی خانووبەرە لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت و خەرجییە زیادەكانی وەزارەتەكانیش كەم دەكرێتەوە
بودجەی گشتی عێراقی فیدراڵ بە (157) ترلیۆن دینار خەمڵێنراوەو بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانیش لەو بودجەیە بەپێی لە 17%ی كە بۆی دانراوە 16 تریلیۆن دینارە، لەكاتێكدا بەپێی ئەو رێژەیە دەبووایە بودجەی هەرێم 26 تریلیۆن دینار بووایە، وەزارەتی دارایی و حكومەتی عێراقی فیدراڵ بەشێكی زۆری بودجەی هەرێمی كوردستانیان بەناوی خەرجیەكانی سیادیی و حاكیمەیان بڕیوە. كورتهێنانی بودجەی هەرێمیش بەهۆی سەرف نەكردنی بودجەی وەزارەتی پێشمەرگەوەیە.


بایز تاڵەبانی وەزیری دارایی و ئابووری لەم دیمانەیەی گۆڤاری گوڵاندا باسی لەبودجەی 2014ی عێراق و بەشە بودجەی هەرێم دەكات؛ ئاماژەی بەوەش كرد كە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ ئاگاداری چۆنیەتی دانانی بودجەی 2014ی عێراقی فیدراڵ نەبووە و ئەمساڵیش بەناوی خەرجی سیادیی و حاكیمە حكومەتی عێراق بەشێكی زۆری بودجەی هەرێمیان بڕیوە، هەربۆیە بۆ ساڵی نوێ خەرجییەكانی ئیفادو سەفەر و كڕینی كەمالییات و ئۆتۆمبێل كەم دەكرێتەوەو زیاتر روو دەكرێتە ئەو بوارانەی كە ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكان بۆ هاووڵاتیان بەرز دەكاتەوە. سەبارەت بە پێشینەكانیش وەزیری دارایی و ئابووری وتی: بەتەواوبوونی مامەڵە كۆنەكانی پێشینەكانی (خانووبەرەو كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار) مامەڵەی نوێ لەهاووڵاتیان وەردەگیرێت و لەسەر پێدانی پێشینەكان بەردەوام دەبین. سەبارەت بە پێدانی مۆڵەتی بێ مووچەش وەزیری دارایی و ئابووری وتی: هەركەسێك داوای مۆڵەتی بێ مووچە بكات مۆڵەتی پێدەدرێت و هیچ رێگرییەك لەبەردەمی دانانرێت.

گوڵان: پێشبینی دەكرێت ئەمساڵیش وەكو ساڵانی پێشوو لەعێراقدا بودجە بكەوێتە بەر ململانێی سیاسی و بەشە بودجەی هەرێم بەناوی سیادی و حاكیمە كەم بكرێتەوە؛ ئایا ئێوە وەكو وەزارەتی دارایی و ئابووری تا چ رادەیەك لە وردەكارییەكانی دانان و دیاریكردنی بەشە بودجەی هەرێم لەناو بودجەی عێراقدا ئاگادارن؟
بایز تاڵەبانی: وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك ئاگاداریی لە چۆنیەتی دانانی بودجەی عێراق نییە، تەنانەت بەشداریكردنیشمان لەدانانی بودجەی 2014 نەبووەو راوبۆچوونیشمان وەرنەگیراوە، بەرادەیەك نوێنەرانیشمان لەوەزارەتی دارایی و حكومەتی عێراقی فیدرال بەشداری نەكراون لەدانانی بودجەكە، بەمەش ساڵ لەدوای ساڵ هەڵسوكەوتی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدرال لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەمەسەلەی دانانی بودجە خراپتر دەبێت. بەشێوەیەكی گشتی ئەوەی لێی ئاگادارین ئەوەیە بودجەی گشتی عێراقی فیدراڵ بە (157) ترلیۆن دینار خەمڵێنراوەو بەشی لە 17%ی هەرێمی كوردستانیش لەو بودجەیە 16 تریلیۆن دینار دانراوە، لەكاتێكدا دەبووایە بەپێی ئەو رێژەیە بووایە بودجەكەی هەرێم 26 تریلیۆن دینار بووایە، بەمەش بۆ بودجەی ساڵی نوێ وەكو ساڵانی تر وەزارەتی دارایی و حكومەتی عێراقی فیدراڵ بەشێكی زۆری بودجەی هەرێمی كوردستانیان بەناوی خەرجیەكانی سیادیی و حاكیمەیان بڕیوە.
گوڵان: وەكو ئاشكرایە بودجە لە دوو بەش پێكدێت، بودجەیەكی بەگەڕخستن و بودجەیەكی وەبەرهێنان؛ بە بەردەوامیش بودجەی هەرێمی كوردستان كورتهێنانی تێدایە، ئایا لە بەرنامەو پلانی وەزارەتدا نییە ئەو كورتهێنانە چارەسەر بكات؟
بایز تاڵەبانی: راستە بە بەردەوام بودجەی هەرێم لەچەند ساڵی رابردوودا كورتهێنانی بەخۆوە بینیوە، پارساڵ توانیمان كورتهێنانەكە كەمتر بكەینەوە، بۆ ئەمساڵیش هەوڵ دەدەین كورتهێنانی بودجەی هەرێم كەمتر بێتەوە یاخود هەر نەمێنێت، كورتهێنانی بودجەش پێوەندی بەبودجەی وەزارەتی پێشمەرگەوە هەیە كە ساڵانە لەهەرێم بودجەی بۆ ئامادە دەكەین، هەموو ساڵێك لە2007ـەوە مافی خۆمانە بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەغدا لە چوارچێوەی بودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراق وەربگرین و سەرفیی بكەن، بەڵام نایدەن و هەموو ساڵێك بودجەكەمان عەجزی تێدەكەوێت.
گوڵان: واتە ئەمساڵ زوو دەست دەكرێت بە ئامادەكارییەكانی تایبەت بە رێكخستن و گفتوگۆكردن لەگەڵ وەزارەتەكانی هەرێم بۆ دیاریكردنی بودجەكانیان، لەم رووەوە چی هەنگاوێك نراوە؟
بایز تاڵەبانی: هەموو ساڵێك پاش ئەوەی بودجەكەمان بە ژمارەیەك لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ دیاری دەكرێت، راستەوخۆ لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەوینە خۆئامادەكردن، بۆ ئەم مەبەستەش بەنووسراو وەزارەتەكانی هەرێم بەهەرسێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران ئاگادار دەكەینەوە، بۆ ئەوەی لەلایەن خۆیانەوە لیژنە دروست بكەن و گفتوگۆ بكەن سەبارەت بە بودجەی خەمڵێنراوی خۆیان و لەماوەی 30 رۆژدا ئامادەی بكەن و بینێرنە وەزارەتی دارایی و رێكبخرێت و خشتەیەكیش دابڕێژرێت بۆ گفتوگۆكردن، بۆ ئەم مەبەستەش هەر رۆژەو وەزارەتێك بانگ دەكرێت بۆ دیاریكردنی بودجەكەیان، دوای ئەم قۆناغەش پرۆژەی بودجە بە راپۆرتێك رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت و كۆبوونەوەی لەسەر دەكرێت و سیاسەتی بودجەكە دیاری دەكرێت و پاشان رەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت بۆ گفتوگۆكردن و پەسەندكردنی.
گوڵان: بەنیاز نین داواكاریی كەمالیات و كڕینی ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و گۆڕینی دیكۆرات لە وەزارەت و فەرمانگەكان كەم بكەنەوە؟
بایز تاڵەبانی: بەڵێ بەنیازین خەرجیەكانی ئیفاد و سەفەر و كڕینی كەمالیاتی ئۆتۆمبێل كەم بكرێتەوە، هەنگاومان ناوە و رێنماییشمان دەركردووە، ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین خەرجییە زیادەكانی وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەت كەم بكرێتەوە، بەپێچەوانەوە رووبكەینە ئەو بوارانەی كە تێیدا ئاستی خزمەتگوزارییەكانی هاوڵاتییان بەرز دەكاتەوە تاوەكو لە رووی خزمەتگوزارییەوە هاووڵاتیان باشترین خزمەت بكرێن.
گوڵان: كێشەی نەبوونی سیولەی نەختینەیی بانكەكان بۆچی دەگەڕێتەوە؛ ئایا ئەم كێشەیە دووبارە ئەگەری هەیە ساڵی نوێ دووبارە سەرهەڵبداتەوە؟
بایز تاڵەبانی: مەسەلەی كەمی سیولەی نەختی لە بانكەكان كە لە دەوروبەری سەری ساڵ رووی دا، هۆكارەكەی ئەوە بوو كە بودجەی گشتی عێراق درەنگ پەسەند كرا و بودجەی حكومەتی هەرێمیش بە 1/12 یەك لە سەر دوانزە دەهات، ئەوەش بووە هۆكاری كەمكردنی بڕی (600)ملیار دینار كە بۆ بانكەكان دەهات پاش پەسەندكردنی بودجەی گشتی عێراق ئەو (600)ملیار دینارە دابەشی مانگەكانی داهاتوو كرا و دەینێرن هەروەك لە رێنماییەكانی جێبەجێكردنی بودجە هاتووە دەبێت هەوڵ بدەین خەرجییەكان كەمبكرێتەوە داهات زیاتر بكرێت، لە ئێستادا مەسەلەی سیولەی نەختی باشە و چارەسەر كراوە.
گوڵان: پێشینەكانی (خانووبەرەو كشتوكاڵ و پیشەسازیی و گەشتوگوزار) گرنگی و رۆڵی خۆی هەیە لە پێشخستنی ئەو بوارانە، ئایا پرۆژەتان بۆ بەردەوامی ئەو پێشینانە لەساڵی نوێدا هەیە؟
بایز تاڵەبانی: لەپێدانی پێشینەكانی(خانووبەرەو كشتوكاڵ و پیشەسازیی و گەشتوگوزار) بەردەوام دەبین، ئەمە دەستكەوتێكی حكومەتی هەرێمە بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان و پێشخستنی بوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیی و گەشتوگوزار. لە پێشینەكانیشدا پێشینەی خانووبەرە پشكی شێری بەركەوتووە كە 500 ملیار دینارە؛ وەكو قۆناغی یەكەمیش ئەو هاووڵاتیانەی قیستی یەكەمیان وەرگرتووە یاخود كەشفی خانووەكانیان بۆ كراوە پێشینەكانیان دەدرێتێ، بە تەواوبوونی مامەڵە كۆنەكان مامەڵەی نوێ لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت، هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە وەزارەتی داریی و ئابووری هەرێم پابەندە بە خەرجكردنی ئەو (600)ملیار دینارەی كە لە پەرلەمان پەسەند كراوە و لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا مامەڵەی نوێ لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت و پشكی شێری ئەو (600) ملیار دینارە بۆ پێشینەی خانووبەرەیە كە (500)ملیار دینارە و (50)ملیار دینار بۆ پێشینەی كشتوكاڵ و (30) ملیار دینارە بۆ پێشینەی پیشەسازی و (20) ملیار بۆ پێشینەی گەشت و گوزارە.
گوڵان: یەكێك لەهۆكارەكانی ناهاوسەنگی بودجەی هەرێم بۆ بەرزی رێژەی بودجەی بەگەڕخستن دەگەڕێتەوە، ئەمەش بۆ زۆری ژمارەی فەرمانبەران دەگەڕێتەوە كەبەشێكی زۆری بودجەكە دەبات، ئایا تا چ رادەیەك هانی فەرمانبەران و دەرچووان دەدرێت رووبكەنە كەرتی تایبەت؟
بایز تاڵەبانی: ئەركی ئێمەیە كار بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان بدۆزینەوە هاوكات چەندین رێوشوێن و رێنماییمان دەركردووە كە هانی كاركردن لەكەرتی تایبەت دەدات؛ سەبارەت بەپێدانی مۆڵەتی بێ مووچە رێنمایی تایبەتمان بۆ دەركردووە، هەركەسێك داوای مۆڵەتی بێ مووچە بكات مۆڵەتی پێدەدرێت هیچ رێگرێك لە بەردەمی نییە، تەنیا لەیەك حاڵەت دا نەبێت ئەگەر فەرمانگەكەی زۆر پێویستی بە پسپۆری ئەو كەسە هەبێت.
گوڵان: زۆرجار باس لەجیاوازیی رێكخستنی دارایی لە نێوان فەرمانگەكانی هەولێر و سلێمانی دەكرێت؛ ئایا بۆچی تا ئێستا ئەم مەسەلەیە یەكلانەكراوەتەوەو جیاوازی رێكخستنی مووچەی ژمارەیەك لەمووچەخۆران بێ چارەسەر ماوەتەوە؟
بایز تاڵەبانی: بابەتی جیاوازی و نەبوونی رێكخستنی دارایی لە نێوان فەرمانگەكانی هەولێر و سلێمانی زۆر بە جددیی چارەسەر كراوە، بەڵام بە داخەوە راگەیاندنەكان ئەم بابەتەیان لە قەوارەی خۆی زۆر گەورەتر كراوە، ئەگەر جیاوازی مامەڵەی رێكخستنی مووچەی چەند كەسێك مابێت دەبێت كێشەیەكی یاسایی هەبێت لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ دەدرێت ئەوانەش چارەسەر بكرێن بەپێی یاسا و رێنماییەكان، لێرەوەش داوا دەكەین هەركەسێك كێشەیەكی لەو بابەتە هەبێت دەتوانێت سەردانی میلاكاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە بكات بۆ ئەوەی كێشەكەی چارەسەر بكرێت.
گوڵان: لەپێناو كەمكردنەوەی رۆتین و خێرا بەڕێوەچوونی ئیشوكارەكان دابەزاندنی دەسەڵاتەكان زۆر پێویستە، تاچ رادەیەك وەكو وەزیری دارایی و ئابووری دەسەڵاتەكانتان دابەزاندۆتە خوارەوە؟
بایز تاڵەبانی: وەك وەزارەتی دارایی دەسەڵاتمان دابەزاندووە وەك ئەوەی لە ئەنجومەنی وەزیرانیش هاتووە ئەمەش بە تەواوی جێبەجێ دەكرێت، هەر وەزیرێكیش دەسەڵاتی خۆی دابەزێنێتە خوارەوە بەمەش ئیشوكارەكانی زیاتر ئاسان بەڕێوە دەچێت و رۆتین كەم دەبێتەوە ئێمە وەك وەزارەتی دارایی لای خۆمانەوە بە تەواوی جێبەجێدەكەین دەسەڵاتمان دابەزاندووە بۆ بەڕێوەبەرە گشتییەكان هیوادارین ئەوانیش لای خۆیانەوە دایبەزێنن. دابەزاندنی دەسەڵات بۆ كەمكردنەوەی رۆتین و پێشخستنی بەڕێوەبردنی كاروباری هاووڵاتیان زۆر گرنگە هاوكات زۆر پێویستە لەگەڵ دابەزینی دەسەڵاتیشدا لەهەندێك رێنمایی و راسپاردەی دارایی دەرنەچین.
Top