بەردەڕەش..110 ملیار دینار بۆ پرۆژە خزمەتگـوزارییەكان تەرخانكراوە

بەردەڕەش..110 ملیار دینار بۆ پرۆژە خزمەتگـوزارییەكان تەرخانكراوە
بەردەڕەش لەساڵی 2007 بووە بە قەزاو ناحیەكانی (كەڵەك و دارەتوو و رۆڤیا و 106 گوند) لەخۆدەگرێت، ژمارەی دانیشتوانی ئەم قەزایە زیاتر لە 130 هەزار كەسە؛ ئەمە لەكاتێكدا زیاتر لە 3150 خێزانی كورد لەبەر خراپی باری ئەمنی لە شاری موسڵەوە روویان لە قەزای بەردەڕەش كردووەو تادێت ئەم ژمارەیەش رووی لەزیادبوون دەكات، بەردەڕەش ڕووبەرێكی بەرفراوانی زەوی كشتوكاڵی هەیە، هەر بۆیە لە(80%)ی خەڵكی ناوچەكە بەكاری كشتوكاڵی و ئاژەڵدارییەوە خەریكن، ئەمە لەكاتێكدا وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەوتەی خەڵكەكە هیچ پرۆژەیەكی كشتوكاڵی و ئاودێریی لەناوچەكەیان ئەنجام نەداوە. ئەم قەزایە لەبەر ئەوەی ماوەیەكی زۆر لە رووی ئیدارییەوە سەر بە شاری موسڵ بووە و بەپێی پێویست گرنگی پێ نەدراوە، هەربۆیە لە چەندین بواردا پێویستی بە پرۆژەو ئاوڕلێدانەوە هەیە. بەتایبەتی دوای ئەوەی ژمارەی دانیشتوانەكەی زیادیكردووەو سنووری شارەوانی سەنتەری قەزاكە رووی لە فراوان بوون كردووە. دوای سەردانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەردەڕەش ژمارەیەك لە پرۆژەو كاری جۆراوجۆری خزمەتگوزاریی بۆ بەردەڕەش دەرچوو كە ژمارەیەكیان چووەتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، بەڵام هاووڵاتیان گلەییان هەیە لەبەرامبەر سستی بەڕێوەچوونی پرۆژەكاندا، قایمقامی بەردەڕەشیش وێڕای دەستخۆشی لە هەڵمەتی سەرۆكی حكومەت بۆ زیاتر ئاوەدانكردنەوەی قەزاكەیان، پێی وابوو: ئاوەدانكردنەوەی قەزایەك كە سەر بە شاری موسڵ بووەو لە هەموو خزمەتگوزارییەك بێبەش بووە كارێكی ئاسان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا توانیویانە بەبەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی قیڕتاوكردن لە ناو سەنتەری قەزاكەدا كە لە9% بوو بۆ لە 15% زیاد بكەن، هەروەها قایمقامی بەردەڕەش داوای لە وەزارەتە پێوەندارەكان كرد كە بەدواداچوونی جیدی بكەن بۆ ئەو پرۆژەو كارانەی كە سەرۆكی حكومەت بڕیاریدا كە لەبەردەڕەش و ناحیەكانی جێبەجێ بكرێت. وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان سەردانی قەزای بەردەڕەشمان كرد بۆ ئەوەی لە نزیكەوە گوێ لە داواكاری و خواستەكانی هاووڵاتیانی بەردەڕەش بگرین.

بەمەبەستی بەهاناچوونی داواكاری و گلەیی خەڵكی بەردەڕەش رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان(2)جار سەردانی سنووری بەردەڕەشی كردووە، بەردی بناغەی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی دانا كە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێكردندایە؛ هاوكات لەسەر بودجەی تایبەت بڕی 67 ملیار دیناری بۆ جێبەجێكردنی چەندین پرۆژەی سەرەكی و پێویست بۆ سەنتەری قەزاكەو ناحیەكانی سنوورەكەو گوندەكانیان تەرخانكردووە، تەنانەت لە دروستكردنی پرۆژەی ئاوی خواردنەوەكەدا 25گوندی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش دەگرێتەوە، پرۆژەكانی دروستكردنی سایلۆیەكی 40هەزار تەنی و قیرتاوكردنی كۆڵان و شەقامەكان لەخۆدەگرێت.

گەنجانی بەردەڕەش گلەییان لە نەبوونی پارك و باخچەو یاریگای وەرزشی هەیە
لەو سەردانەی تیمی گۆڤاری گوڵان بۆ بەردەڕەش لەناو سەنتەری قەزاكەو لە گەڕەكەكانی (وەلیداوەو پۆتیناوەو شۆڕش و ئازادی و كەم ئەندامان و شێوەڕەش..) چەند هاووڵاتییەكمان دواند؛ كە سەرەڕای بەرز هەڵسەنگاندنیان بۆ بەسەركردنەوەی بەردەڕەش لەلایەن سەرۆكی حكومەتی كوردستان و تەرخانكردنی بودجەیەكی تایبەت بۆ جێبەجێكردنی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری و دانانی بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەكی هاوچەرخ، هاوكات بەڕاشكاوانەش پەنجەیان لەسەر كێشەو كەموكوڕییە خزمەتگوزارییەكان دانا، كە سەرەڕای ئەوەی رەخنەیان لەسستی بەڕێوەچوونی پرۆژەكان هەبوو، هاوكات گلەیی زۆریشیان لەسەر گرفتە خزمەتگوزارییەكان دەربڕی؛ بەتایبەتی گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوەو نەبوونی ئاوەڕۆو قیڕتاونەكردنی شەقامەكان و كۆنی و كەمی بینایەی قوتابخانە و خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی. لێرەدا پوختەیەك لە داواكاری و رەخنەكانی هاووڵاتییەكان بۆ بەرچاوی لایەنە پێوەندارەكان دەخەینەڕوو. سەرەتا لە یەكێك لەو گەڕەكانەی كە بە وەلیداوە ناسراوە هاووڵاتی حیكمەت ئەحمەد باسی لە بێسەروبەریی كۆڵان و شەقامەكان و نەبوونی ئاوەڕۆ كردو لەمبارەیەوە وتی: لە نەبوونی خزمەتگوزارییەكان بەتایبەتی لە پشتگوێخستنی قیڕتاوكردنی شەقام و كۆڵانەكانمان بێزاربووین، گەڕەكەكەمان لەخزمەتگوزارییە سەرەكی و گرنگەكان زۆر فەرامۆشكراوە لەوانە كۆڵانەكانمان بێ سەروبەرن و تا ئێستا رێكنەخراون و پێویستە بخرێتە بەرنامەی كارو پرۆژەكانی حكومەت و شۆستەو قیرتاومان بۆ بكەن، تاوەكو لە وەرزی زستانی داهاتوو لەو هەموو زەحمەتی و ماندووبوونەی تووشمان دێت بەتایبەتی منداڵەكانمان لە هاتوچۆكردنیان بۆ قوتابخانە رزگارمان بێت، ئەم هاووڵاتییە گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوەشی ئاماژە پێدا بەوەی كە ڕۆژانە تەنیا 2 كاتژمێر ئاوی خواردنەوەی ماڵەكانیان دێتەوە، ئەمەش لەم وەرزی گەرماو هاوینەدا بەشیان ناكات. قیرتاونەكردنی شەقام و كۆڵانەكانی بەردەڕەش لە گرفتە سەرەكیەكانی هاووڵاتیانە، هەر لەمبارەوە لە گەڕەكی پۆتیناوە بەشار میرزا محەمەد وتی: ئەو گەڕەكەو چەندین گەڕەكی تر كە لە یەكتر نزیكن وەكو (ئازادی و كەمئەندامان و 730 و پۆتیناوە) هیچ كارو پڕۆژەی خزمەتگوزارییان بۆ نەكراوە بە تایبەتی قیڕتاوو كۆنكرێت كردنی كۆڵان و شەقامەكان و باخچەی ساوایانمان نییە تاوەكو منداڵەكانمان پێش چوونە قۆناغی بنەڕەتی فێربكرێن و لەلایەنی خزمەتگوزاریی تەندروستیدا كەموكوڕی و كێشەی زۆرمان هەیە بەتایبەتی لە نەبوونی هۆڵی نەشتەرگەری و پزیشكی ئافرەتان و لەدایكبوون و منداڵان، بۆ ئەو نەخۆشی و حاڵەتانەش دەبێت سەردانی نەخۆشخانەی ئاكرێ بكەین. لەلایەكی ترەوە ژمارەیەك لە هاووڵاتیانی ئەو گەڕەكە نەبوونی ئاوەڕۆیان بە یەكێك لە گەورەترین گرفتەكان دانا، چونكە نەبوونی ئەم خزمەتگوزارییە وایكردووە ببێتە هۆكاری بۆنی ناخۆش و پیسی و بڵاوبوونەوەی مێش و مەگەز، هەروەها لە گەڕەكی شێوەڕەش مامەند قادر سەبارەت بە نەبوونی ئاوەڕۆ و گرفتەكانی دیكە وتی: لەبەر نەبوونی ئاوەڕۆ ئەو گەڕەكە سەرتاپای لە وەرزی زستاندا دەبێتە قوڕو لیتەو بێسەروبەریی و ئێستاكەش تەپوتۆزی كۆڵان و شەقامەكان و بۆنی ناخۆشی ئاوی پیسی ئاوەڕۆ بەهەمان شێوە بێزاریكردووین، چونكە ئەو گەڕەكانە یەك مەتر پڕۆژەی ئاوەڕۆیان نییە، هەندێ كۆڵانیشی هەیە لەبەر تاسەو كەندو كۆسپ و چڵكاو ناتوانی لێی دەربچیت. هەروەها سیروان حەمەد هاووڵاتییەكی تری ئەو شارە لەسەر كەموكوڕییەكان هاتە دوان و وتی: لەلایەنی خزمەتگوزارییەكانەوە زۆر بێسەروبەرین و نازانین هانا بۆ كوێ ببەین، هەروەها وەكو گەنجێكیش گلەیی و گازندەمان زۆرە لەبەر ئەوەی لە كاتی پشوو و بۆ مومارەسەكردنی ژیان و ئاسوودەیی هیچ پارك و كافتریاو سەنتەرو شوێنێك شك نابەین ڕووی تێ بكەین، هەر چەندە ئێستا پاركێك دروستكراوە، بەڵام تا ئێستاكە نەكراوەتەوە تاوەكو خەڵك هاتوچۆی بكات و بۆ پشوو و كات بردنە سەر هاووڵاتیانی قەزاكە سوودی لێ وەربگرین، لە گەڕەكی كوردستان هاووڵاتی فارس یونس ئاماژەی بەوەدا كە قیڕتاوكردنی كۆڵانی گەڕەكەكەیان بۆ كراوە تەنیا چەند كۆڵانێك ماوە و بڕیاربوو هەر هەموو كۆڵانی گەڕەكەكان قیڕتاو بكەن و هۆكاری ئەوەش نازانن بۆچی پرۆژەكەیان كۆتایی پێهێناو ئەو چەند كۆڵانە بەو خراپی و بێسەروبەرییە ماوەتەوە، هاوكات نەبوونی ئاوەڕۆ لە كۆڵان و شەقامەكان یەكێكی دیكەیە لەو كێشانەی كە بەرچاوەو كاریگەری خراپی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە. بەسێ كەریم بێزاریی خۆی لەبەر كەمی ئاوی خواردنەوەو جۆگەلەی ئاوی پیسی ناو كۆڵان و گەڕەكەكانی قەزاكە دەربڕی و ئەوەشی بۆ روونكردینەوە كە بنكەی تەندروسی قەزاكە هەموو رۆژان پزیشكی ئافرەتی لێ دانانیشێت، هەربۆیە بۆ زۆربەی نەخۆشی و حاڵەتەكانی وەكو لەدایكبوون و منداڵان دەبێت سەردانی نەخۆشخانەی قەزای ئاكرێ بكەن.





سەردار یەحیا عەبدولعەزیز قایمقامی بەردەڕەش لە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵان بە راشكاوانە باسی لە پێداویستی قەزاكەیان كردوو، گرنگترین ئەو پرۆژانەشی كە ئەمساڵ لە قۆناغەكانی جێبەجێكردندان خستەڕوو، لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.
ئاوەدانكردنەوەی قەزایەك كە پێشتر سەر بەشاری موسڵ بووەو لە هەموو خزمەتگوزارییەك بێبەش بووە كارێكی ئاسان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی هەرێم لەماوەی(6)ساڵی رابردوو هەوڵی داوە بەپێی توانا لە ڕێگای دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان و جێبەجێكردنی پرۆژەكانەوە پێداویستییە سەرەكییەكانی هاووڵاتیان دابین بكات. بۆ نموونە لە 2012 و 2013 بڕی 188 ملیار دیناری وەكو پێشینەی خانووبەرە بە خەڵكی سنووری بەردەڕەش دراوەو سەرجەم ئەو خانووانەی دروستیش كراون خزمەتگوزاریی ئاوو كارەبایان بۆ دابین كراوە. قایمقامی بەردەڕەش ئەوەشی خستەڕوو كە پێشتر تەنیا پشتیان بە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا بەستبوو، خۆشبەختانە لەلایەن پارێزگای دهۆكەوە بڕە بودجەیەكی زیادەش بۆ قەزاكەیان دابین كراوە. سەبارەت بەپرۆژە خزمەتگوزارییەكانیش سەردار یەحیا قایمقامی بەردەڕەش وتی: بەبەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی قیرتاوكردن كە لە9% بوو بۆ لە 15% زیادیكردووە، گەرچی ئەم رێژەیە كەمەو بەپێی خواستی ئێمەو خەڵكەكە نییە، هەربۆیە ژمارەیەك لە پرۆژەی تر كەوتوونەتە ژێر جێبەجێكردنەوە، جێی دەستخۆشیشە لە ڕێگای پارێزگای دهۆك و گۆڤاری گوڵان و هەندێك لە میدیاكانی ترەوە داواكاریی خەڵكیمان گەیاندە رێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە دڵ فراوانی وەرگیراو لە 27/9/2012 رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەردەڕەشی كردوو بەدەم داواكاری و پێداویستیەكانی خەڵكی هات، رەزامەندی دەربڕی لەسەر جێبەجێكردنی چەندین پرۆژەی جۆراو جۆر لەسەرجەم سێكتەرەكان بۆ سەرجەم سنووری قەزای بەردەڕەش تەنانەت(25)گوندی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیشی گرتەوە. دواتر لە 11/6/2013 بۆ جاری دووەم بەڕێزیان سەردانی قەزای بەردەڕەشی كردوو بەردی بناغەی پرۆژەی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی هاوچەرخی دانا كە 43 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، بەتەواوبوونی ئەم نەخۆشخانەیە گرفتە تەندروستیەكانی قەزاكەو ناوچەكەش چارەسەر دەبێت، داواكارین لە وەزیری تەندروستی هەر وەكو چۆن لە قەزاو ناحیەكان بنكەی تەندروستی دامەزراندووە، هەرواش لە ئێستاوە مشوری دابینكردنی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی بۆ نەخۆشخانەكەمان بخوات. لە رووی دابینكردنی ئاوی خواردنەوەشەوە كە ئێستا لە سێ گەڕەكی ناو سەنتەری قەزاكە كێشەی ئاوی خواردنەوەمان هەیە و بە لێدانی بیری ئاوی خواردنەوە كێشەكەیان بۆ چارەسەر دەكەین، گەرچی ئەو كۆمپانیانەی بەم كارە هەڵدەستن كەمتەرخەمن و لە كات و بەرواری خۆیدا پرۆژەكان جێبەجێ ناكەن، هەربۆیە بەناچاری بە تەنكەر ئاوی خواردنەوە بەسەر ئەو گەڕەك و ماڵانە دابەش دەكەین، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا بڕی 500 ملیۆن دینار بۆ دیزاینی پرۆژەی ستراتیژی راكێشانی ئاوی خواردنەوە لەزێی گەورە بۆ سەنتەری قەزای بەردەڕەش و 22 گوند تەرخانكرا، كە بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا پرۆژەكە فراوان بكرێت و هەموو ناحیەو گوندەكانی ناوچەكە بگرێتەوە، بەمەش كێشەی ئاوی خواردنەوە بۆ چەندین ساڵ چارەسەر دەكات و زۆربەی بیرەكانی ئاوی خواردنەوە دادەخرێن، هەروەها هەر لەو سەردانەی سەرۆكی حكومەت بڕیاردرا بەبڕی 13.5 ملیار دینار كۆڵان و شەقامەكانی ناو سەنتەری قەزای بەردەڕەش قیرتاو بكرێت كە ئێستا لە قۆناغی تەندەردایە. لە رۆڤیاش بەبڕی زیاتر لە 16 ملیار دینار پرۆژەی جووت سایدی ناو سەنتەری ئەو ناحیەیە جێبەجێ بكرێت، ئەمە جگە لە قیڕتاوكردنی ڕێگاوبانەكانی چەندین گوند كە لە بودجەی پەرەپێدان پارەیان بۆ تەرخانكراوە، لەلایەكی ترەوە ئەمساڵ هەر لە بودجەی تایبەت ڕێگای نێوان ناحیەی دارەتوو و سەنتەری بەردەڕەش چاك دەكرێتەوە. لەلایەكی ترەوە بەڕێز سەرۆكی حكومەت بڕیاریداوە كە سایلۆیەك لە سنووری قەزاكەمان بەتوانای40 هەزار تەن دروست بكرێت و بودجەشی بۆ تەرخان كراوە كە ئومێدمان زۆرە لەمساڵدا تەواو بێت. بۆ خێرا جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانەش كە لە لایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڕیاریان لەسەر داوە، دەستمانكردووە بەدروستكردنی پرۆپۆزەڵی هەموو پرۆژەكان و رەوانەی پارێزگای دهۆك كراون و ئامادەن بۆ راگەیاندن كە بڕی بودجەكە بەدروستكردنی سایلۆكەشەوە (67) ملیار دینارە جگە لە (43)ملیار دینار كە بۆ نەخۆشخانەكە تەرخاكرا.
بەمشێوەیە جگە لەو(43)ملیار دینارەی كە بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەو دابینكردنی ئامێرو كەرەستەكانی تەرخانكراوە، بڕی(47)ملیار دیناری دیكەش لە بودجەی تایبەتی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پرۆژە جۆراو جۆرەكانی چاككردن و قیرتاوكردنی شەقام و كۆڵانەكان تەرخانكراوە. بەڵام لەڕووی كەرتی پەروەردەوە پێویستیمان بە بینایەی قوتابخانەی نوێ هەیە، گەرچی بۆ هەر یەك لە ناحیەكانی دارەتوو و رۆڤیاو سەنتەری قەزا بینایەكی قوتابخانەی 18 پۆلی لەژێر جێبەجێكردندایە، هەروەها لە هەوڵی دابینكردنی بینایەكی تایبەتیشداین بۆ باخچەی ساوایان، بەڵام لە ناحیەی كەڵەك قوتابخانەیەكی 18 پۆلی پێویستە، داواكاریشین كێشەی كەمی میلاكاتی مامۆستامان بۆ چارەسەر بكەن، داواكاریشین لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ ئەمساڵ كۆلێژی كشتوكاڵ و پەروەردەو پەیمانگای پێگەیاندنی كادیری پزیشكیمان بۆ بكرێتەوە كە ناوچەكەمان زۆر پێویستێتی.
سەبارەت بەكەرتی كشتوكاڵیش كە لەلایەن جوتیاران و خەڵكی ناوچەكەوە گلەیی و رەخنەی زۆر لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەگیرێت قایمقامی بەردەڕەش وتی: بۆ بوژاندنەوەی كشتوكاڵ پێویستیمان بەپرۆژەیەكی ئاودێریی هەیە كە تا بەنداوێك یا بەربەستێك لەسەر زێی گەورە دروست نەكرێت ئەوە ناتوانرێت ئەم پرۆژە گرنگ و ستراتیژییە بۆ ناوچەكەمان جێبەجێ بكرێت، ئومێدەوارم وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو مشوری ئەم پرۆژەیە بخۆن. هەروەها داواكارین هۆبەی ئاوی ژێر زەوی لە ناوچەكەماندا دابمەزرێت كە 400 بیری ئاوی خواردنەوەی هەیە، ئەمە جگە لەوەی پێویستە لە ناحیەكاندا بنكەی ڤێتیرنەری بكرێتەوە، چونكە لەناوچەكەماندا 200 هەزار ئاژەڵ هەیە. سەبارەت بە خزمەتگوزارییەكانی شارەوانیش قایمقامی بەردەڕەش وتی: دواكەوتن و كەمتەرخەمی لە جێبەجێ كردنی پرۆژەی ماستەرپلانی بەردەڕەش كە لەلایەن كۆمپانیایەكی لوبنانیەوە كاری لەسەر دەكرێت كاریگەری خراپی لەسەر گەشەكردنی بەردەرەش هەیە، چونكە زۆربەی پرۆژەكانی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاریی و گواستنەوەی ناوچەی پیشەسازی بەهۆی نەبوونی ماستەرپلانەوە دواخراوە.
Top