سیپەی بجیلی گەشتیاریی گرنگی پێ نەدراوەو پشتگوێخراوە:خەڵكی بجیل لەچاوەڕێی تاپۆكردنی خانووەكانیان و چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوەن

سیپەی بجیلی گەشتیاریی گرنگی پێ نەدراوەو پشتگوێخراوە:خەڵكی بجیل لەچاوەڕێی تاپۆكردنی خانووەكانیان و چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوەن
بجیل كە لەساڵی 1938ەوە بووە بەناحیەو 61 گوند لەخۆدەگرێت و ژمارەی دانیشتوانەكەی زیاتر لە 20 هەزار كەس دەبێت، سروشت و جوانیی ناوچەكە هاندەر بووە بۆ ئەوەی خەڵكی لەم ناوچەیەدا سەرقاڵی بەخێوكردنی مەڕوماڵات و كاری كشتوكاڵی بن. لەم چەند ساڵەی دواییدا حكومەتی هەرێم چەند پرۆژەیەكی لەبجیل بۆ خەڵكی ئەنجامداوە، بەڵام پرۆژەكان لەئاست پێداویستی و خواستی دانیشتوانەكەی نەبووە، بەتایبەت دوای ئەوەی ژمارەی ماڵەكانی سەنتەری ناحیەكە بۆ 1000 ماڵ زیادیكردووە گوندێكی وەكو كەلات زیاتر لە 2700 كەسی لێ نیشتەجێیە. وەكو تیمی گۆڤاری ( گوڵان ) سەردانی بجیلمان كردو لەنزیكەوە چەند هاووڵاتییەكمان دواند، بەگشتی لەسەر تاپۆنەكردنی خانووەكانیان و جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاوی خواردنەوە و بەپەراوێزكردنی كەرتی گەشتوگوزارو پەروەردە رەخنەو گلەییان هەبوو، لەبەرامبەردا بەڕێوەبەری ناحیەی بجیل ئاماژە بەكۆمەڵێك كێشەو گرفتی تایبەت بەزەوی و ئاوی خواردنەوەو كەمیی دەسەڵاتەكانی كرد، لێرەدا پوختەی ئەو داواكارییانەی هاووڵاتیان و وەڵامی بەڕێوەبەری ناحیەكە لەم راپۆرتەدا دەخەینەڕوو..

كەمیی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و فراوانبوونی سەنتەری ناحیەی بجیل

كاتێك دەگەیتە بجیل راستەوخۆ دیمەنی ناوچە شاخاویی و گەشتوگوزارییەكان بەرچاو دەكەوێت، بەتایبەت سیپەی بجیلی گەشتیاریی كە شوێنێكی جوان و تاڤگەیەكی قەشەنگی لێیە، بەڵام پشتگوێخستن و فەرامۆشكردنیش بەو شوێنەو ناوچە گەشتوگوزارییەكانی تری ناحیەكەوە دیارە، هەربۆیە داواكاریی هاووڵاتیان بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكان زۆر بوو، بەراشكاوانەش رەخنەو گلەییان لەحكومەتی هەرێم هەبوو. لەمبارەیەوە لە ناو سەنتەری بجیل و لەگەڕەكی سەرهەڵدان هاووڵاتییەك ئاماژەی بەكۆنی و خراپی شەقامەكان دا كە لەزۆر شوێندا تەسك و خراپ بوون و پێویستییان بەچاككردنەوە هەیە، بەرادەیەك لەناو هەموو شارۆچكەكە یەك مەتر ئاوەڕۆ و یەك ستوونی چرای رووناكیی نییە. هەر سەبارەت بەم كێشەیە هاووڵاتی عەبدوڵا عەبدولڕەحمان وتی: بجیل لەرووی خزمەتگوزارییەوە كارو پرۆژەی نوێی پێویستە، شەقام و شۆستەو ئاوەڕۆ و رووناككردنەوەی ناحیەكەو جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی راكێشانی ئاوی خواردنەوە؛ هەمووی كۆمەڵە داواكارییەكی خەڵكییە پێویستە لایەنە پێوەندارەكان مشوری جێبەجێكردنی بخۆن. ئەم هاووڵاتییە باسی لەكێشەیەكی سەرەكی كرد كە تا ئێستا بێ چارەسەر ماوەتەوە، ئەویش كێشەی تاپۆكردنی خانووەكانیانە لەمبارەیەوە وتی : كاتی ئەوە هاتووە هەنگاوی جیددی بنرێت بۆ تاپۆكردنی خانووەكان و چارەسەركردنی كێشەی زەویی كشتوكاڵی لەناوچەكەماندا، چونكە بەشێك لە خانووەكانی هاووڵاتیان تا ئێستا كارو مامەڵەی تاپۆیان بۆ نەكراوە و خەڵكەكە لە چاوەڕوانیدایە. هەر سەبارەت بەكێشەكانی خزمەتگوزاریی شارەوانی لەگەڕەكی گوڵان هاووڵاتی قادر رەسول تیشكی خستە سەر نەبوونی ئاوەڕۆو بێسەروبەریی و تەسكیی كۆڵانەكانی سەنتەری ناحیەكەیان. هاوكات باسیان لە پشتگوێخستن و فەرامۆشكردنی شوێنە گەشتیارییەكانیش كردو لەم رووەوە وتی: جگە لەوەی سیپەیەكی گەشتیاریی زۆر جوان و دڵڕفێن لەبجیل هەیە، لە سەنتەری شارۆچكەكەو چەند ناوچەیەكی تری سنوورەكەمان شوێنی گەشتیاریی زۆر هەیە، بەڵام هیچ گرنگییەك بەم بوارە نەدراوە و ئوتێل و مۆتێل و كابینەو خانووی گەشتوگوزاریی نییە، بەشێوەیەكی گشتی بجیل پێویستی بەپارك و پاخچە بۆ پشووی خێزانەكان هەیە، تەنانەت ئەو باخچە بچووكەی پێش چەند ساڵێك لەناو سەنتەری ناحیەكە دروستكرابوو سەركەوتنی بەدەست نەهێنا . سەبارەت بەكەموكوڕیی هەردوو بواری پەروەردەو تەندروستیش گلەیی و رەخنەیەكی زۆر هەبوو ؛ لەرووی كەرتی تەندروستی و چاودێریی كۆمەڵایەتییەوە هەریەك لە هاووڵاتی حەسەن یاسین و خورشید ئەحمەد پێیان وابوو بجیل وەكو زۆربەی ناحیەكانی تری كوردستان لەرووی خزمەتگوزاریی تەندروستیی و گرنگیدان بەمنداڵانی كەمئەندام پشتگوێخراوەو بنكە تەندروستیەكانیشیان بچووكەو بەپێی پێویست نییە، ناكرێت لەناحیەیەكدا پزیشكێكی پسپۆری تایبەت بەئافرەت نەبێت بۆ چارەسەری دایكانی دووگیان و منداڵبوون بەرادەیەك بۆ چارەسەركردنی نەخۆشیی ئافرەتان بەناچاری سەردانی شاری دهۆك بكەین، یا سۆنەرو تیشك و ئامێرەكانی تری تەندروستی بەو شێوەیە لەبنكە تەندروستیەكان كەم بێت. لەرووی پەروەردەشەوە بینایەی 2 قوتابخانە لەناو سەنتەری شارۆچكەكە كۆن بووەو بەكەڵكی خوێندن نەماون، هەروەها هاووڵاتیان داوای بینایەی باخچەی ساوایان و پارك و یاریگای منداڵان و یاریگای وەرزشی گەورەو سەنتەرەكانی رۆشنبیری و لاوان كرد، رەخنەشیان لەوەزارەتی رۆشنبیری و لاوان كرد بەوەی هیچ گرنگی بەبجیل و سەنتەری رۆشنبیریی و لاوانی شارۆچكەكەیان نەداوە. سەبارەت بەگرفتی ئاوی خواردنەوەش لە بجیل زۆربەی هاووڵاتییان پێیان وایە ئاوەكەیان پیسەو مەرجی تەندروستی تێدا ڕەچاو نەكراوە، چونكە ئاوەكەیان ناپاڵێورێت و كلۆر بكارناهێنێت . سەبارەت بەكەرتی كشتوكاڵیش هاووڵاتیەك بەناوی محەمەد عەبدوڵا داوای لەوەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كرد پرۆژەكانی ئاودێریی و راكێشانی جۆگەلە لەناوچەكەیاندا فراوان بكەن، چونكە ناوچەیەكی ناسراوە بەدارودرەخت و بەرووبوومی میوەجات و كشتوكاڵی، هەربۆیە نەبوونی پرۆژەكانی ئاودێریش وای لەجوتیاران كردووە بەنا بۆ راكێشانی ئاویخواردنەوە ببەن، بەمەش گرفتی كەمیی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو ماڵانە دروست دەبێت كە دەكەونە كۆڵانەكانی سەرەوەی بجیل.
سەبارەت بەمەسەلەی نیشتەجێبوون كە چارەسەركردنی كێشەی زەویی كشتوكاڵی نەكراوەو زۆر لەجووتیارانیش گرێبەستیان نییە، هەربۆیە لەكاتی قەرەبووكردنەوەدا زۆر لەمافەكانیان لەدەست دەدەن ؛ ئافرەتێك بەناوی بیرناد محەمەد كە خۆی كاری باخ بڕین و فرۆشتنی میوەو سەوزەكانی بۆ بژێوی ژیانی دەكرد وتی: بەهۆی ئەو شەقامە سەرەكییەی دروست دەكرێت ژمارەیەكی زۆر دارو درەختی بەبەریان لێ بڕینەوە،بڕیاربوو قەرەبوو بكرێینەوە تا ئێستا هیچمان وەرنەگرتووە كە ژیانی خۆمان و خێزانەكانیشمان لەسەر ئەو باخ و دارو درەختانە بووە. سەبارەت بەگوندی كەلاتیش كە ژمارەی دانیشتوانەكەی گەیشتۆتە 2700 كەس كەچی تا ئێستا بەوتەی خەڵكەكەی بێ شارەوانییە، ئەمەش گرفتی خزمەتگوزاری بەتایبەتی پاككردنەوەو جێبەجێكردنی پرۆژەی قیرتاوكردن و چاككردنەوەی ڕێگاو شەقامەكانی لێكەوتۆتەوە، هەربۆیە هاووڵاتیانی ئەم گوندە رەخنەو گلەییان هەبوو لەوەی گوندەكەیان گەورە بووەو حكومەت بنكەیەكی شارەوانی بۆ دانانێت و ئامێرو ئۆتۆمبێلی تایبەت بەشارەوانییان نییە.



بڕوا فاروق سەعید بەڕێوەبەری ناحیەی بجیل لەوەڵامی پرسیارەكانی گوڵاندا بەتایبەتی سەبارەت بەكارە خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی پێی وابوو : گەرچی لەساڵی 2010ەوە ماستەرپلانی بجیل پەسەند كراوە، بەڵام گرفتی كەمیی زەویی نیشتەجێبوونمان لەسەنتەری ناحیە هەیە، هەربۆیە هەڵكەوتەی شاخاویی سەنتەری ناحیەكە وایكردووە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان تووشی گرفت بین، ئەمە جگە لەوەی ئاستەنگێكی زۆر لەبەردەمماندایە بۆ ئامادەكردن و تەرخانكردنی زەویی نیشتەجێبوون، تەنانەت مامەڵەی تاپۆكردنی خانووەكانی ناحیەكە بەتەواویی جێبەجێ نەكراوە. لەلایەكی ترەوە مەسەلەی كوژاندنەوەی زەوی كشتوكاڵی كارێكی ئاسان نییە و گرفتمان لەگەڵ جووتیاران هەیە، لەمەشدا مافی خۆیانە جووتیاران ئەو پارچە زەوییەی كاری لەسەر دەكەن گەرچی زۆر جار گرێبەستیشیان نییە، بەڵام بەپێی یاساو رێنماییەكان پێویستە قەرەبووبكرێنەوە، كاتی خۆی لە بجیل یاسای چاكسازی لەزەوی كشتوكاڵی جێبەجێ نەكرا، هەربۆیە لێرە لە 85%ی زەوییە كشتوكاڵییەكان پشتاوپشت لەباوكەوە بۆ كوڕ لەلایەن جووتیارەكان كاری لەسەر كراوە بێ ئەوەی گرێبەست یا نووسراوی موڵكیان هەبێت، واتا لەبجیل جووتیاران لەسەر زەویی كشتوكاڵی گرێبەستیان نییە، بۆ ئەم حاڵەتەش چەندین جار داوامان كردووە تاوەكو زەوییە كشتوكاڵییەكان بەپێی یاساو رێنمایی گرێبەستیان لەگەڵ جووتیاران بۆ دروست بكەن. هەر لەبواری كێشەی زەوی پێشتر زێدەڕۆیی لەسەر زەویی حكومەت و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان كراوە، بەڵام ئێستا زێدەڕۆیی نەماوە. لەبەرنامەشدایە شەقام و كۆڵانەكان بەرفراوان بكرێت و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی ژێر زەوی وەكو ئاوو ئاوەڕۆو كارەبا جێبەجێ بكرێت، بەتایبەتی گۆڕینی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی ناوخۆ كە لەزۆربەی گەڕەكەكان كۆن بوون، ئەو شوێنانەی زەویی نیشتەجێبوونیشی لێ دابەشكراوە شەقام و كۆڵانەكانی قیرتاو دەكەین، لەرووی رووناكیشەوە رەزامەندی وەرگیراوە لەشەقامە سەرەكییەكان بۆ ناو سیپەو چەند شەقامێكی سەرەكیی بجیل پرۆژەی رووناككردنەوە جێبەجێ بكرێت. سەبارەت بە ڕێگای سەرەكیی قەندیل- بجیلیش كە ماوەی تەواوبوونی پرۆژەكە هێشتا ماوە و ئومێدەوارین ئەم ڕێگا ستراتیژییە لەكاتی خۆیدا تەواو بێت، بۆ ئەم كارانەش پێویستمان بەئۆتۆمبێل و ئامێری شارەوانی هەیە كە ئێستا بەپێی پێویست ئۆتۆمبێلمان نییە. لەرووی ئاوی خواردنەوە كە ناوچەكەمان سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی زۆرە بەڵام لەگەڵ بەرفراوانبوون و زیادبوونی ژمارەی ماڵ و هاووڵاتیان كێشەی كەمی ئاوی خواردنەوەمان بۆ دروست بووەو پێویستیمان بە پرۆژەی نوێ هەیە، پێویستیمان بەچارەسەركردنی كەمی ئەمباروو پاككردنەوەو تێكردنی كلۆرو كۆنی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی زۆر لەگەڕەكەكانمان هەیە، كە بڕیارە جگە لەگۆڕینی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی ناوخۆی بجیل مشوری ئەمبارێكی ئاوی خواردنەوەش بخۆین و ئاوەكە پاكوخاوێن بكەینەوە، ئەمە جگە لەوەی لەگەڵ جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی ئاكرێ بۆرییەك بۆ ناو سەنتەری ناحیەكە رابكێشین، لەرووی ئاوی خواردنەوەی گوندەكانیشەوە داواشمان كردووە 17 گوند كە كێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە سوود لەم پرۆژەیە وەربگرن، چونكە ئێستا لە ژمارەیەك گوند ئەم كێشەیە هەیەو لەڕێگای تەنكەرەوە ئاویان بۆ دابین دەكەین، تەنانەت گوندێكی وەكو كەلات كە ژمارەی دانیشتوانەكەی گەیشتۆتە 2700 كەس كەچی بێ شارەوانییە چونكە تا ژمارەی دانیشتوانی گوندێك نەبێتە 3000 كەس ناتوانرێت شارەوانی بۆ دانرێت، داواكارم لەوەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەرسێ گوندێك تراكتۆرو چەند كرێكارێكی لە دانیشتوانی ئەو گوندانە بۆ دابمەزرێنێت تاوەكو كێشەی خزمەتگوزاریی شارەوانی نەمێنێت.
بۆ پێشخستنی كەرتی تەندروستیش بنكەیەكی تەندروستی تایب (B) لەژێر ئەنجامداندایە، چونكە بنكە تەندروستییەكەی ئێستا كەموكوڕی زۆرەو لەئاست پێشكەوتنی خزمەتگوزارییەكاندا نییە، ئومێدەوارین وەزارەتی تەندروستی پێش تەواوبوونی پرۆژەكە مشوری پزیشكی پسپۆرو ئافرەتان و ئامێرەكانی سۆنەرو تیشكمان بۆ دابین بكات، بۆ گوندەكانیش كە ئێستا 5 بنكەی تەندروستیمان هەیەو پێویستمان بە2 بنكەی تەندروستیی دیكەیە، لێرەدا داواكارم لەوەزارەتی تەندروستی ئەو بنكە تەندروستییانەمان بۆ دروست بكات. لەرووی كەرتی پەروەردەشەوە بێ كەموكورتی نین، 2 بینایەی قوتابخانەی بنەڕەتیمان هەیە كە زۆر كۆن بوون و بەكەڵكی نۆژەنكردنەوە نەماون و پێویستە سەر لەنوێ دروست بكرێنەوە. وەزیری پەروەردە دوای ئەوەی سەردانی كردین بەڵێنی دا لە پلانی 2014 دا قوتابخانە بۆ بجیل دروست بكات، لەرووی میلاكیشەوە مامۆستامان پێویستە هەروەها باخچەیەكی ساوایانمان هەیە كە پاسێكمان بۆ دابین كردووە بەڵام لە بینایەی كرێدایەو داوامان كردووە باخچەیەكی ساوایانی هاوچەرخمان بۆ دروست بكەن. كێشەی نەبوونی بینایەی قوتابخانەمان لە ژمارەیەك لەگوندەكان هەیە كە ئێستا لە بینایەی كرێدان . لەرووی رۆشنبیریشەوە داواكارین وەزارەتی رۆشنبیری هاوكاری و پشتگیری ئەو سەنتەرە بكات كە لە2009 رەزامەندی پێدراوەو تا ئێستا هیچی بۆ نەكراوەو شوێنی شیاویشیان نییە.
لەرووی گەشتوگوزاریشەوە منیش لەگەڵ راوبۆچوونی هاووڵاتیاندام كە شوێنە گەشتیارییەكانی بجیل هەر لە (سیپەوە تا سەری سادا و بگرە شوێنەوارە ئاینیەكانیش لە گوندی كەلات و سوریان و پیرمیكائیل) بەپێی پێویست گرنگیان پێ نەدراوەو لەناو سەنتەری ناحیەكەش هۆتێل و موتێل و بازاڕی باشی نییە، بەڵام هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە زۆربەی شوێنە گەشتیارییەكانمان بەشێكی موڵكی حكومەتەو بەشەكەی تر موڵكی خەڵكە، ئەمەش كاریگەری لەسەر پێشخستنی ئەو شوێنە گەشتیارییانە هەیە، لەم رووەشەوە كار كراوە ئەوەتا ئەمساڵ شەقامێكی یەك كیلۆمەتری بۆ ناو سیپە دروست دەكرێت و لەبەرنامەشدایە چەند كابینەیەكی گەشتیاری دروست بكرێت. كاتی ئەوە هاتووە گەشتیاری لەبجیل بەبەرنامە بكرێت و باخچەو پاركی یاری منداڵان و وەرزشی دروست بكرێت.
سەبارەت بەكەمیی دەسەڵات و نەبوونی یەكەی ژمێریاریی بەڕێوەبەری ناحیەی بجیل وتی : ئێمە وەكو یەكەی ئیداریی تا دەسەڵاتەكانمان بۆ دانەبەزێنرێتە خوارەوە و یەكەی ژمێریاریمان بۆ دانەنرێت ناتوانین ئەركی سەرشانمان بەشێوەیەكی خێراو باش و دوور لەرۆتین جێبەجێ بكەین، بۆنموونە كێشەی ئاوی گوندێك كە بەچەند مەتر بۆرییەك چارەسەر دەكرێت لەتواناماندا نییە چارەسەری بكەین، هەندێك جار بەهۆی دانەبەزاندنی دەسەڵاتی ئیداریی و داراییەوە خۆمان لەسەردانی گوندەكان دەشارینەوە.
Top