ناكرێـت سـۆران.. وەكـو قەزایــەك مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت

ناكرێـت سـۆران.. وەكـو قەزایــەك مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت
گەورەترین گردبوونەوەی دانیشتوان لەپارێزگای هەولێرە
هەربۆیە پرۆژەو كاری خزمەتگوزاریی زیاتری پێویستە

جێبەجێكردنی بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ یا بەپارێزگاكردنی سۆران چارەسەری تەواوی گرفتەكانی ئەم دەڤەرە دەكات؛ چونكە فراوانبوونی سەنتەری سۆران و ئەو زیادبوونەی كە بەسەر ژمارەی دانیشتوانەكەیدا هاتووە واقیعێكی وای خوڵقاندووە یەكە ئیدارییەكانی بەكارە خزمەتگوزارییەكانی رانەگەن، هەربۆیە سۆران بەردەوام پێویستی بە پرۆژەو كاری خزمەتگوزاریی زیاتر هەیە، لەمەش دا هاووڵاتیان گلەیی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بەوەی لەماوەی رابردوودا نەتوانراوە بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ بۆ سۆران جێبەجێ بكرێت، قایمقامی سۆرانیش لەم راپۆرتەی گوڵاندا ئاماژە بەوە دەكات گەرچی حكومەت پرۆژەو كاری باشی لەسۆران ئەنجام داوە، بەڵام هێشتا كەموكورتی هەر ماوە، هاوكات زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان بەڕادەیەكە سنوورەكە بەردەوام پێویستیی بە پرۆژەو خزمەتگوزاریی زیاتر دەبێت، سەبارەت بەسستی و خراپیی لەجێبەجێكردنی هەندێك پرۆژەو كار قایمقامی سۆران بەراشكاوانە رەخنەی لەئەدای زۆربەی بەڵێندەركانیش گرت و پێی وابوو سستی و لاوازی لە ئەدایاندا هەیە. بەمشێوەیە سەنتەری سۆران لەدەڤەرەكەدا بەگەورەترین گردبوونەوەی دانیشتوان دادەنرێت كە 3 ناحیەو 400 گوند لەخۆدەگرێت و 188 هەزار كەسی لێی نیشتەجێیە، هەر لەم روانگەیەوە هاووڵاتیانی سۆران داوای كارو پرۆژەی زیاتر دەكەن و پێیان وایە گەر سۆران نەكرێتە پارێزگا ئەوا كێشەو كەموكوڕییەكانی شارەكەیان بەتەواوەتی بنبڕ ناكرێت و یەكە ئیدارییەكانیش ناتوانن كۆنترۆڵی ئەو فراوانبوون و گەورەبوونەی سۆران بكەن.

سۆران كە ناحیەكانی (خەلیفان و سیدەكان و دیانا و زیاتر لە400 گوند) لەخۆدەگرێت؛ بەناوەندێكی بازرگانی و گەشتیاری و كشتوكاڵی گرنگ دادەنرێت و گەورەترین گرتبوونەوەی دانیشتوانی لە پارێزگای هەولێر لێنیشتەجێیە، بەو پێیەی ژمارەی دانیشتوانەكەی 188 هەزار كەسەو 130 هەزار كەسی لەناو سەنتەری شارەكەدا دەژی و پێشبینی ئەوەش دەكرێت لەساڵی 2030 ئەم ژمارەیە بۆ 230 هەزار كەس زیاد بكات. ئەو گەورەبوون و فراوانەشی كە بەخۆیەوە دەبینێ واقیعێكی وای دروست كردووە چی تر سۆران وەكو قەزایەك مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت، بەڵكو وەكو پارێزگایەك، تەنانەت تەرخانكردنی بڕی 27 ملیار دینار كە بۆ كارو پرۆژەكانی ئەمساڵ دانراوە بەشی هەموو پێداویستی و چارەسەركردنی كەموكورییەكان ناكات.

هاووڵاتیان لەسۆران داوای بەپارێزگابوونی شارەكەیان دەكەن



گەورەبوونی سۆران حاڵەتێكی وای دروست كردووە بەردەوام هاووڵاتیانی ئەم دەڤەرە لەچاوەڕێی پرۆژەو كاری نوێ دان، تەنانەت لەناو سەنتەری سۆران زۆر لە گەڕەكەكان لەبواری هەندێ خزمەتگوزاری بێبەشن و كەموكورتی بەرچاو دەكەوێت، دواكەوتنی جێبەجێكردنی هەندێك پڕۆژەش گلەیی و ناڕەزایەتی هاووڵاتیانی لێكەوتۆتەوە، لەبەسەركردنەوەیەكی گۆڤاری (گوڵان)دا هاووڵاتیان پێیان وایە حكومەت پرۆژەو كاری باشی ئەنجام داوە، بەڵام هێشتا كەموكورتی هەر ماوە، لەم رووەوە هاووڵاتی زوهری نەبی لەگەڕەكی بەختیاری ئاماژەی بە خراپی و بێسەروبەری شەقام و كۆڵانەكانیان كردوو پێی وابوو چاككردنی كۆڵانەكەیان پێویستی بەهەڵمەتێكی شارەوانی هەیە، چونكە نەبوونی قیرتاوو شۆستەو ئاوەڕۆو خراپی تۆڕی ناوخۆی ئاویخواردنەوە بێزاری كردوون و چیتر لەتوانایاندا نییە چاوەڕوانی جێبەجێكردنی ئەو پرۆژە پێویست و سەرەتاییانە بكەن. هەر سەبارەت بەهەمان گرفت شەهاب بیلال داوای لەیەكەی ئیدارەی شارەكەیان كرد مشوری چاككردن و رێكخستنی شەقام و كۆڵانەكانیان بخوات، چونكە بەوتەی ئەم هاووڵاتییە خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی لەریزبەندی پێشەوەی داواكارییەكانی خەڵكی دێت و پێویستە لایەنە پەیوەندارەكان خێرایی لەجێبەجێكردنی ئەو پێداویستییانە بكەن، بەپێچەوانەوە سستی لە جێبەجێ كردنی ئەم خزمەتگوزارییە وایكردووە زبڵ و خاشاكیش وەكو پێویست لەو كۆڵانانەی خراپن كۆنەكرێنەوە، ئەمەش دیمەنی شارەكەی ناشرین كردووە. نەبوونی ئاوەڕۆش بە وتەی هاووڵاتیان هۆكاری سەرەكیی نەخۆشی و پیسبوونی شارەكەیە، لەلایەكی دیكە كۆنی هەندێك گەڕەك و دروستكردنی خانوو بە بێسەروبەری و بەشێوەیەكی زێدەڕۆیی وایكردووە كۆڵانەكان تەسك بن و لەهەندێك كۆڵاندا نەتوانرێت خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی بەپێی پێویست جێبەجێ بكرێت ؛ لەمبارەیەوە لە دیانای كۆن عایشە عەزیز وتی: كۆڵانەكانمان تەسكن و شۆستەیان نییە و هاتوچۆكردن تێیدا ناخۆشە چاككردنیشی پێویستی بەقەرەبووكردنەوەو فراوانكردنی ئەو كۆڵان و شەقامانە هەیە. هەر لە گەڕەكی بەختیاری هاووڵاتی سەدیق ئەحمەد باسی لەنەبوونی ئاوەڕۆ كرد بەتایبەت ئەو كەندەی بەناو كۆڵانەكەیاندا دەڕوات و ئاوی پیس و ئاوەڕۆی نەخۆشخانەی دەڕژێتە ناویی و بۆنی ناخۆش و قێزەوەنی لێ بڵاودەبێتەوە، بەمەش ئەم هاووڵاتییە پێی وایە ژینگەی گەڕەكەكەیان پیسبووە، هەربۆیە داوا لەقایمقامیەتی شارەكەیان دەكات چاككردنی ئەو كەندە بخەنە ناو بەرنامەو كارەكانیانەوە. بەمشێوەیە گەرچی جێبەجێكردنی پرۆژەكان لەناوچەیەكدا كە بەشێوەیەكی خێرا فراوان دەبێت لەریزبەندی پێشەوەی كارەكانی حكومەت دێت، بەڵام بەدواداچوون و لێپرسینەوەش كارێكی پێویستە، ئەوەتا هاووڵاتیان گلەیی دەكەن لەدواكەوتن و خراپی و سستی بەڕێوەچوونی پرۆژەكان، بۆ نموونە شەقامی ڕێگای دەڤەری سیدەكان كە هاتوچۆیەكی زۆری لەسەرە ماوەی سێ ساڵە تێكدراوە و كاری لەسەر دەكرێت و هەر تەواویان نەكردووە، ئەمەش بووەتە هۆی گلەیی و رەخنەی كاسبكارانی ناو بازاڕو ئەو دوكانانەی دەكەونە سەر هەردوو دیوی شەقامە سەرەكییە و كێشەو زەحمەتی زۆریان بۆ دروستبووە. هەر لە گەڕەكی ئازادی رەشید سەعید ئاماژەی بەوەدا كە ماوەی یەك ساڵ زیاتر كار لەسەر چاككردنی كۆڵانەكانی ئەو گەڕەكە دەكرێت، كەچی تا ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێك لە پرۆژەكە بەدی ناكرێت و زۆر بەسستی كارەكان بەڕێوە دەچن، سەبارەت بەگرفتی نیشتەجێبوون و تاپۆنەكردنی خانووەكان كە بەیەكێك لەداواكاری ئەو خەڵكانە دادەنرێت كە لەچاوەڕوانی تاپۆكردنی خانووەكانیاندان لەمبارەیەوە هاووڵاتییەك بەناوی نامیق رەسول وتی: لە چەندین گەڕەك و شوێن لە ناو سۆران كێشەی تاپۆمان هەیە، هەر لەبەر ئەمەشە لە وەرگرتنی پێشینەی خانوو سوودمەند نەبووین.
وەكو ئاماژەمان پێكرد گەورەبوون و گەشەی دانیشتوان لە سۆران بەرادەیەكە سەنتەری سۆران و ناحیەكان و گوندەكانی بەردەوام پێویستی بەخزمەتگوزاری زیاتر هەیە، كەرتی پەروەردەو تەندروستیش بەیەكێك لەو سێكتەرە گرنكانە دادەنرێت كە راستەوخۆ پێوەندی بەژیانی هاووڵاتییانەوە هەیەو لەسۆرانیش بێ كەموكوڕی نییە ؛ لەم رووەوە چەندین داواكاری خەڵكی هەیە لەوانە دروستكردنی بینایەی قوتابخانەو باخچەی ساوایانی نوێ و دابینكردنی مامۆستای پسپۆر، كە ئەمانەش هاوكاتە لەگەڵ قەرەباڵغی پۆلەكانی هەندێك قوتابخانەو دووری قوتابخانەكان لە گەڕەكەكان كە وایكردووە قوتابیان ڕێگایەكی دوورودرێژ ببڕن تا دەگەنە قوتابخانەكانیان. سەبارەت بەخزمەتگوزارییەكانی تەندروستیش نەبوونی پزیشكی ئافرەتان و پسپۆر بۆ نەخۆشخانەكان بەتایبەت نەخۆشخانەی ئاشتی و دابین نەكردنی هەندێك ئامێری پزیشكی پێشكەوتوو بەیەكێك لەگرفتەكانی كەرتی تەندروستی دادەنرێت ؛ ئەوەتا خاتوو عایشە لەدیانەی كۆن لەهەردوو بنكەی تەندروستی زۆزگ و دیانای كۆن ئاماژەی بەنەبوونی پزیشكی تایبەت بەئافرەتان كرد.
سەبارەت بەگرفتی ئاوی خواردنەوەش كە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین گرفتەكە زیاتر سەریهەڵداوەتەوەو زۆر لەگەڕەكەكانی ناو سەنتەری سۆرانیش دووچاری هەمان كێشە بوونەتەوە، بەرادەیەك پێدانی ئاوی خواردنەوە بەشێوەیەك كەمی كردووە ژمارەیەك لەماڵەكانی گەڕەكی ئازادی لە ڕێگای تەنكەرەوە بەنا بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە دەبەن، لەمبارەیەوە هاوڵاتی تاڵیب عەزیز باسی لەوە كرد ئەوان پێشتر بەتانكەر ئاویان پێدەدرا، بەڵام ئێستا گەرچی باس لە چارەسەركردنی كێشەكەیان دەكرێت بەڵام لەهەفتەیەكدا دووجار ئاوی خواردنەوەیان دێتەوە. سەبارەت بەگرفتی گوندەكانی دەڤەرەكەش لەسەردانی چەند گوندێكدا خەڵكی باسیان لە كێشەی مین و ئەو هەموو كێڵگە مینە دەكرد كە لەناوچەكەدا هەیەو كارەكانی هەڵگرتنەوەی مین و پاككردنەوەی كێڵگەكانیش زۆر بەسستی بەڕێوەدەچێت و ناوبەناو منداڵ و شوانەكان دووچاری مەرگ و برینداربوون دەبن، هاوكات كەمی پاڵپشتی بەرووبوومی جووتیاران لەوەرزی بەهارو هاوین بەیەكێك لەكێشەكانی جووتیارانی دەڤەرەكە دادەنرێت، لەلایەكی ترەوە گوندنشینەكان باسیان لەخراپی و كۆنی ڕێگاوبانەكانی ژمارەیەك لەگوندەكانیش كردوو ژمارەیەكیش لەگوندەكان بینایەی قوتابخانەیان نییە.
لە سەنتەری قەزای سۆران چارەسەری كێشەو كەموكوڕی خزمەتگوزارییەكان ماوەی چەند ساڵێكە بەشێوەیەكی فراوان دەستی پێكردووە، بەڵام كارو پرۆژەكان بە سستی و باشی بەڕێوە ناچن، هەر بۆیە لە زۆر گەڕەك و شوێنی قەزاكە كێشەو كەموكورتی ماوەو خەڵكیش بەبەردەوامی گلەیی و داواكارییان لە حكومەت و لایەنی پەیوەندارەكان هەیە. بەمەبەستی وەڵامدانەوەی هاووڵاتیان و گەیاندنی گلەیی و داواكارییەكانی خەڵكی لەدەڤەری سۆران سەردانی قایمقامیەتی سۆرانمان كردو چەند پرسیارێكمان ئاراستەی (كرمانج عزەت) قایمقامی سۆران كرد، پوختەی وەڵامەكان دەخەینەڕوو.

قایمقامی سۆران لە وەڵامی رەخنەو داواكارییەكانی خەڵكی دا بۆ (گوڵان):
گرفتی ئاوی خواردنەوەمان هەیەو كێشەی خانووە بێ تاپۆكانیش چارەسەر دەكەین




لەئەدای زۆربەی بەڵێندەرانی ناو سۆرانیش رازی نین
گەورە بوون و بەرفراوانی سۆران بەشێوەیەكە ناكرێت چی تر وەكو قەزایەك مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بەڵكو وەكو پارێزگایەكی بۆ سنوورەكە لێهاتووەو بووەتە ناوەندێكی بازرگانی و ئیداریی گرنگ و بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ قەزاكانی رواندزو مێرگەسورو چۆمان تێكەڵ بووە، لەبەرنامەشدایە هێڵی سنووری نێوانمان لەگەڵ هەكاری بۆ توركیاو ڕێگای سیدەكان – كێلەشین- شنۆیی بكرێتەوە، بەمەش جموجوڵی بازرگانی لەنێوان سۆران و كۆماری ئیسلامی ئێران و توركیا زیاد دەكات و سوودی بۆ دانیشتوانی ناوچەكەو هەرێمی كوردستانیش دەبێت، تەنانەت یەكێك لە ئامانجەكانی كردنەوەی ڕێگای ( سیدەكان- شنۆیێ) ئاوەدانكردنەوەی گوندەكانی ناوچەكەیە و شوێنی گەشتیاری جوانی لێیە. لە لایەكی ترەوە دوای تەواوبوونی پرۆژەی تونێلەكانی (كۆڕەك و هەریر) ماوەی نێوان (هەولێرو سۆران) بۆ نزیكەی 35 خولەك كەم دەبێتەوەو كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران و جموجوڵی بازرگانی لەناوچەیەكدا كە بەهێمنی و ئاسایش ناسراوە. سەبارەت بەپرۆژە خزمەتگوزارییەكانیش دەتوانم ئاماژە بەدەیان پرۆژەو كاری خزمەتگوزاری بكەم كە حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2010ەوە بەشێوەیەكی باش لەم دەڤەرە ئەنجامی داون، بۆ نموونە لەسەرجەم سۆران و هەرچوار قەزاكەی تەنیا 23 بینایەی قوتابخانەمان هەبوو ئێستا 450 قوتابخانە هەیە و پێویستیمان بەبینایەی دیكەیش هەیە، لەم رووەوە 4 بینایەی قوتابخانەی هاوچەرخ لەژێر جێبەجێكردندایەو چەندین بینایەی تریش دروست دەكرێت، بەڵام بەرفراوانبوونی سەنتەری شارو زۆربوونی خەڵكەكە وایكردووە پێداویستی و خواستەكانیش زیاد بكات، ئێستا 2 نەخۆشخانەی گەورەی هاوچەرخمان هەیە پێشتر بنكەیەكی تەندروستیمان هەبووە، گەشەكردنەكە لەسۆران بەرادەیەكە هەلی كاری تێدا زۆربووەوە تەنانەت لەكەرتی كاردا نزیكەی 2000 كرێكاری بیانی یا خەڵكی ناوچەكانی دەرەوەی سۆران روویان لەسۆران كردووە، بۆ ئەمساڵیش لەبودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بڕی 27 ملیار دینار بۆ كارو پرۆژە خزمەتگوزارییەكان تەرخانكراوە، كە گەڕەكەكانی دیانای كۆن و نەهری و بانەو كۆڕەك و كانی و ئیسقەڵا دەكرێتەوە، كە جگە لەقیرتاوكردنی شەقامەكان و پرۆژەی رووناككردنەوەی شەقام و ناو گەلی عەلی بەگ و تەرقیمی ماڵەكان لەبەرنامەدایە، كە تەنیا بۆ پرۆژەكانی گەشتیاری بڕی 500 ملیۆن دینار تەرخانكراوە، كە پرۆژەی دروستكردنی تاڤگەش لەناو گەلی عەلی بەگ لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لەنۆژەنكردنەوەی ڕێگای سەرەكیی خەلیفان و بالیسان و خەلیفان سپیلك و چۆمان- سۆران و ڕێگای سیدەكان. لەبواری پەرەپێدانی مرۆیش پرۆژەو كاری باشمان هەیە بۆ نموونە زانكۆی سۆران بەئەلەكترۆنی دەكرێت، ئەمەش پرۆژەیەكە بۆ یەكەمین جار لەهەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت، لەلایەكی ترەوە نەخۆشخانەی ئاشتی وەكو تێست دەستی پێكردووەو بڕیارە لەسەردانێكی سەرۆكی حكومەت ئەم نەخۆشخانەیە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان بكرێتەوە، كە لەگەڵ نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵان تارادەیەكی باش خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی بەرەو پێشەوە دەچێت، بەڵام كێشەمان لەبواری پزیشك و میلاكی كارمەندانی تەندروستی هەر دەمێنێت. لەرووی راهێنانی پیشەییشەوە ئەمساڵ بڕیارە بە بڕی زیاتر لە 2 ملیار دینار كەلوپەل و پێداویستی بۆ بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی كۆمەڵایەتی و سەنتەری راهێنانی پیشەیی بكڕدرێت، بەڵام خۆزگە وەزارەتی رۆشنبیری بەكارو چالاكیی سەنتەرەكانیان دەچووەوە.
سەبارەت بەرەخنەو داواكاریی هاووڵاتیانیش من ناڵێم كەموكوڕی نییە؛ بەڵام كارو پرۆژەی بەردەوامیشمان هەیە بۆ نموونە لە پرۆژەكانی دابینكردنی ئاوی خواردنەوەدا كێشەو كەموكوریمان هەیە، لەم رووەوە كاری باش كراوەو لەبەرنامەشدایە كاری باشتر بكەین، ئەوەتا لەدۆڵی ئالانە پرۆژەی ئاوی خواردنەوە بۆ ژمارەیەك گوند جێبەجێ دەكەین، پرۆژەی ئاوی بەرزێوەش لەنۆژەنكردنەوەدایەو لەساڵی داهاتووش پرۆژەی ئاوی كۆنی كاولۆكانیش نۆژەن دەكەینەوەو گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوەی گەڕەكی ئازادیش بەتەواوەتی چارەسەر دەكەین. بۆ تاپۆكردنی خانووەكانیش لیژنەیەك بەسەرپەرشتی ئەنجومەنی وەزیران لەسۆران هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو خانوو و زەوییانەی تاپۆنەكراون، لەمبارەیەوە تائێستا نزیكەی 3000 خانوو تاپۆكراون و 2000 خانووی تریش مامەڵەكانیان ئامادەكراوەو هەر خانوویەك كێشەی تاپۆی هەبێت بۆیان چارەسەر دەكەین، هەر گەڕەك و كۆڵانێكیش لەگەڵ ماستەرپلانی شارەكە پەسەند بكرێت راستەوخۆ مامەڵەی زەوی و خانووەكانیان بۆ ئەنجام دەدرێت. بەشێوەیەكی گشتی لەئەدای زۆربەی بەڵێندەرانی ناو سۆران رازی نین و لەساڵی رابردوو 4 پرۆژەمان لەبەڵێندەرەكان وەرگرتۆتەوەو ئەمساڵیش لێپێچینەوەو لێپرسینەوە لەگەڵ ژمارەیەك بەڵێندەری دیكە دەكەین، نەبوونی ئامێرو كەمی تواناو پرس نەكردنی وەزارەتەكان بەپێدانی پرۆژەكان بە بەڵێندەرەكان لەگرنگترین هۆكارەكانی لاوازی و سستی جێبەجێكردنی پرۆژەكانە. بۆ نموونە لەرووی خۆ ڕزگاركردن لەزبڵ و خاشاك بڕیار بوو 2 ساڵ پێش ئێستا كارگەی ریسایكلین دابمەزرێت، بەڵام لەلایەن كۆمپانیاكەوە جێبەجێ نەكرا. لەرووی كەرتی كشتوكاڵیشەوە كە لەناوچەكەمان چەندین پرۆژەی ئاودێریی ئەنجام دراوەو كێشە لەسەر ئاو لەگوندەكان نەماوە، بەڵام لەرووی پاڵپشتیكردن بۆ بەرووبوومی جووتیاران پێویستیمان بە چەند كۆگایەكی ساردكەرەوە هەیە بۆ هەڵگرتنی بەرووبوومەكانیان، بۆ دامەزراندنی ئەمجۆرە كۆگایانە پشتگیری كەرتی تایبەت دەكەین و تەواویی ئاسانكارییان پێشكەش دەكەین گەربێتوو ئارەزوویان هەبێت ئەمجۆرە پرۆژانە لەناوچەكەماندا جێبەجێ بكەن. لەرووی كەرتی گەشتوگوزاریشەوە پێویستە ئاماژە بەو راستییە بكەین كە سۆران جگە لەوەی گەورەترین گردبوونەوەی دانیشتوانە لەپارێزگای هەولێر، هاوكات گرنگترین شوێنی گەشتوگوزاریشە نەك تەنیا لەسەر ئاستی كوردستان، بەڵكو لەسەر ئاستی عێراقدا، بەڵام بەپێی پێویست شوێنە گەشتیارییەكان گرنگییان پێ نەدراوە، ئەمە جگە لەوەی ناوچەكەمان خاوەنی چەندین شوێنی جوانە كە تا ئێستا كاری لەسەر نەكراوە بۆ نموونە لە سیدەكان و چیای هەڵگوردو باڵەكایەتی و بناری چیای كاروخ چەندین ناوچەی گەشتیاری هەیە، كە لەدوای تەواوبوونی ماستەرپلانەكە و گرنگیدان بەم ناوچانە سۆران رۆڵی دەبێت لەبەروپێشەوەچوونی باروبژێوی خەڵكەكەی.
لەتەوەرێكی قسەكانی قایمقامی سۆران ئاماژەی بە كێشەی مین كردوو لەم رووەوە وتی: ژمارەیەكی زۆری كێڵگەو مین لەسنووری سۆران هەیەو هەڕەشەیە بۆ سەر گیانی خەڵكی، راستە پرۆسەی هەڵگرتنەوەی مین لەسەر خۆیەو بەسستی بەڕێوەدەچێت كە ئەمەش سروشتی هەڵگرتنەوەی مین و قورسی كارەكەیە، بەڵام پێویستیمان بەئامێری پێشكەوتوو میكانیزمی باشتر هەیە تاوەكو خێرا بكرێت لەنەهێشتنی مەرگی شاراوە كە هەڕەشەیە بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان.
Top