ئەتروش: كەرتی تەندروستی و پەروەردە پێویستی بە ئاوڕ لێدانەوەیە

ئەتروش: كەرتی تەندروستی و پەروەردە پێویستی بە ئاوڕ لێدانەوەیە
هاووڵاتیان لە دواكەوتنی پرۆژەكانی ئەتروشی نوێ گلەییان هەیە
ئەتروش كە لە ساڵی 1879 بۆتە ناحیە؛ پێش ئەوەی بەر شاڵاوی تێكدان و راگواستن بێتەوە 700 ماڵی لەخۆگرتبوو، ئەمڕۆ تەنیا 150 ماڵی تێدا نیشتەجێیە، خەڵكی سنووری ناحیەی ئەتروش كە زۆرینەی سەرقاڵی كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵدارین و گلەیی و رەخنەیان لە نۆژەن نەكردنەوەی خانووەكانیان و دواكەوتنی دروستكردنی ئەو 120 خانووە هەیە كە بڕیارە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە ئەتروشی نوێ دروست بكرێت، كە دەكەوێتە دیوی خوارەوەی سەنتەری ناحیەكە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ دابینكردنی850 پارچە زەوی كە بڕیارە وەكو قۆناغی یەكەم بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەتروشی نوێ ئامادە بكرێت. وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان ئەتروشمان بەسەركردەوەو ژمارەیەك لە هاووڵاتیانمان دواند و بە راشكاوانە پەنجەیان خستە سەر كێشەو گرفتەكانیان و بەتایبەتی لەبارەی خراپی رێگاوبانەكان و كێشەی كێڵگەكانی مین و نەبوونی پرۆژەیەكی گەورەی ئاوی خواردنەوەو خراپیی كەرتی تەندروستی، هەروەها لە بەسەركردنەوەیەكی خەنەس وەكو ناوچەیەكی گرنگی گەشتیاری و شوێنەواریی كە لایەنە پەیوەندارەكان شوێنەوارەكەیان پشتگوێخستووە. لەم راپۆرتەدا گلەیی و داواكارییەكانی هاووڵاتیان و چەند پرسیارێكی ترمان ئاراستەی سەرۆكی شارەوانی ئەتروش كرد، كە لەدووتوێی ئەم راپۆرتەدا بڵاوی دەكەینەوە.
پرۆژەیەكی گەورەی ئاوی خواردنەوە لە ریزبەندی پێشەوەی داواكارییەكانی هاووڵاتییان دێت
بەو پێیەی ئەتروش چەندین جار لەلایەن رژێمی بەعسەوە وێرانكراوە، هەر بۆیە ئاوەدانكردنەوەو پێشكەشكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لەئاست ئەو وێرانكارییەدا نییەو هاووڵاتیان گلەییان لە كەموكوڕی و دواكەوتنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان هەیە، بەتایبەتی دواكەوتنی دروستكردنی خانووەكان و لاوازی ئاستی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لە ئەتروشی نوێ دا كە هاووڵاتیانی دەڤەرەكە لە چاوەڕوانی جێبەجێكردنیدان، چونكە هەر وەكو هاووڵاتیان ئاماژەیان پێكرد خانووەكانیان كۆنن و بڕیارە لە ئەتروشی نوێ خانوویان بۆ دروست بكرێت. سەبارەت بە دواكەوتنی پرۆژەی بونیاتنانی ئەتروشی نوێ هاووڵاتی جاسم ئەحمەد وتی: كێشەو گرفتی خزمەتگوزاری زۆرە، بەڵام خانووە كۆنەكان كە لەساڵی1961ـەوە دروستكراون بەیەكێك لە گرفتە سەرەكییەكانی هاووڵاتیانی ئەم ناحیەیە دادەنرێت، چونكە پێشتر لەسەردەمی حكومەتی عێراق بەتەواوەتی ناحیەكەمان پشتگوێخرابوو، تەنانەت ئەو شوێنەی كە بۆ ئەتروشی نوێ لەخوارەوە دیاریكراوە جارێك بەهۆی بوونی كەمپی ئاوارەكانی كوردی باكوور و دواتر هاتنی خەڵكی گوندەكانی بەرواری كە لەترسی بۆردومان روویان لەكەمپەكە كرد پرۆژەكانی دواكەوت و نەتوانرا تەواوی پرۆژەكانی ئەتروشی نوێ جێبەجێ بكرێت. ئەمەو سەبارەت بەكەموكورتی كەرتی تەندروستی هاووڵاتی زوڵفی جیهانگیر جگە لەوەی تەئكیدی لەنەبوونی پزیشكی پسپۆر لە بنكە تەندروستییەكەیان كردەوە وتی: لە ئەتروش پزیشكی ئافرەتانمان بۆ دابین نەكراوەو بەشێوەیەكی گشتی پزیشكی پسپۆر نییە. ئەم هاووڵاتییە داوای لە حكومەتی كوردستان كرد لە ئێستاوە هەوڵی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی هاوچەرخ بدات لە كەمپی خوارەوە كە دەبێتە ئەتروشی نوێ. گرفتی ئاوی خواردنەوە بەتایبەتی لەوەرزی هاوین بەیەكێك لەو گرفتانە دادەنرێت كە سەرجەم هاووڵاتیان تەئكیدیان لەسەر دەكردەوەو داوای دروستكردنی پرۆژەیەكی ستراتیژی راكێشانی ئاوی خواردنەوەیان دەكرد، لەم رووەوە هاووڵاتی لوقمان قادر وتی: داوا دەكەین پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بەتایبەتی لە دروستكردنی پرۆژەیەكی ئاوای خواردنەوە لە ئەتروشی خوارەوە كە لەگەڵ زیادبوونی دانیشتوانەكەی زۆر پێویستە. ئەم هاووڵاتییە تیشكی خستە سەر گرفتێكی دیكە ئەویش ئاوەدان نەكردنەوەی ژمارەیەك گوندی ناوچەكەیە، كە پێویستە حكومەت لە رێگای جێبەجێكردنی پرۆژەكانی رێگاوبان و خزمەتگوزاری و پاڵپشتیكردنی جووتیاران و پاككردنەوەی كێڵگەكانی مین هاوكاری و پاڵپشتی جووتیاران بكات. هاووڵاتی عەدنان مەجید سەبارەت بە داواكاری گوندنشینەكانی ئەتروش وتی: كەمی هاوكاری جووتیاران و نەبوونی پرۆژەی كشتوكاڵی و ئاودێری پێویست لەناوچەكەدا زیانی گەیاندووە بە گوندنشینەكان و تەنانەت هۆكارێكیش بووە بۆ ئاوەدان نەكردنەوەی ژمارەیەك گوندی دیكە، ئەم هاووڵاتییە كە دانیشتووی یەكێك لە گوندەكانی ئەتروشە زیاتریش وتی: لەهەردوو بواری تەندروستی و پەروەردە گوندەكانی سنووری ئەتروش پێویستیان بە ئاوڕ لێدانەوەیە. نەبوونی پارك و چەند یاریگایەك لەم ناحیەیە گلەیی و رەخنەی گەنجێكی ئەتروش بوو بەناوی بڕیار جاسم كە پێی وابوو: نەك تەنیا گەنجەكان، بەڵكو سەرجەم هاووڵاتیان پێویستیان بە پارك و یاریگای وەرزشی و خولەكانی فێربوونی زمان و كۆمپیوتەر هەیە. لە ناوچەی خەنەسیش كە پرۆژەیەكی دروستكردنی بەنداو جێبەجێ دەكرێت بەوتەی كرێكارێكی پرۆژەكە نیوەی كاری ئەو بەنداوە كە بەرزاییەكەی 30 مەترە تەواو بووە. سەبارەت بەگرفتی كارەبا لە ئەتروش حەمید خاڵ محەمەد بەرپرسی كارەبای ناحیەكە ئاماژەی بەوەدا كە بۆ ئەتروشی خوارەوە هێڵی گواستنەوەی پاڵەپەستۆ نزم و تۆڕی دابەشكردنی كارەبا پێویستە، بەتایبەتی بۆ ئەو 120 خانووەی كە بڕیارە دروست بكرێن، بۆ چاككردنەوەو كارەكانی كارەباش پێویستییان بەئۆتۆمبێلی سەلەی تایبەت بەكارەبا هەیە.





بەمەبەستی بەدواداچوونی گرفتی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی هاووڵاتیان، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی سالم عوزێر سەرۆكی شارەوانی ئەتروش كرد.
دروستكردنی ئەتروشی نوێ پرۆژەو كارێكی گەورەیە كە حكومەت پێشكەشی ناوچەكەی دەكات و جێی دەستخۆشییە، بەڵام پێویستە لە ئێستاوە هەوڵی جێبەجێكردنی كۆمەڵێك پرۆژەو كاری خزمەتگوزاری بدرێت كە تەنیا بەئامادەكردنی بودجەیەكی تایبەت دەتوانرێت سەرجەم ئەو پرۆژەو كارانە جێبەجێ بكرێت، چونكە دروستكردنی ئەتروشی نوێ دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و خانووەكانی و بگرە فراوانبوونی ناحیەكەش، بەمەش پێویستیمان بە كۆمەڵێك پرۆژە دەبێت لەوانە پرۆژەیەكی ستراتیژیی ئاوی خواردنەوە، كە پێویستە لە ئێستاوە خەمی لێبخورێت، چونكە ئێستا پشتمان بەئاوی ژێر زەوی و ئەو كانی و كارێزانە بەستووە كە لەناوچەكەدا هەن، ئەمەش بەتەواوەتی چارەسەری گرفتی كەمیی ئاوی خواردنەوە لەناحیەكەماندا ناكات. لەلایەكی دیكەوە گەرچی لە ئەتروشی نوێ ژمارەیەك شەقام و كۆڵان دروستكراون و بڕیاری قیڕتاوكردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام پێویستی بە پرۆژەی ئاوەڕۆ هەیە، هەر بۆیە بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەكانی تۆڕی ئاوی خواردنەوەو كارەباو شەقام و رێگاوبان و چەندین كاری تر بەرنامەی ئەتروشی نوێمان بۆ لایەنی پەیوەندار بەرزكردۆتەوە كە چەندین پرۆژەی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لەوەی ئێستا پرۆژەی دروستكردنی بینایەی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەو فەرمانگەو دامودەزگاكانی قۆناغی باشیان بڕیوە تەنانەت پرۆژەكانی دروستكردنی شەقامە سەرەكییەكانی سەنتەری ناحیەی نوێ گەیشتۆتە قۆناغی قیڕتاوكردن و لەبودجەی پەرەپێدانی پارێزگا زیاتر لە 1 ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە. بۆ دروستكردنی خانوو و دابینكردنی 2000 پارچە زەوی بۆ هاووڵاتیان و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان ئێستا دەستكراوە بە كوژاندنەوەی زەوییەكانی كە لە قۆناغی یەكەمدا 825 پارچە زەوی ئامادە دەكرێت و بەم نزیكانە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت، ئەمە جگە لەوەی بڕیارە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە 120 خانوو بۆ هاووڵاتیان دروست بكرێت و ئێمەش سەرجەم پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئاو و شەقامی بۆ دروست دەكەین. هەروەها ئەو زەوییانەی كە بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەو بینایەی قوتابخانە لە ئەتروشی نوێ دیاریكراوە پێویستە سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی بۆ دابین بكرێت، لەم رووەوە ئێمە وەكو شارەوانی و فەرمانگەی كارەبای ئەتروش بەرنامەی رێكوپێكمان داڕشتووە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و راكێشانی تۆڕی كارەبای ناوخۆی ئەتروشی نوێ.
Top