عەنكاوە بۆتە نەوایەكی ئارام بۆ كریستیانەكانی عێراق و ناوچەكە
June 11, 2013
راپۆرتەکان
عەنكاوە تایبەتمەندیی خۆی هەیە؛ نەك تەنیا بەوەی رێژەیەكی زۆری كریستیانەكانی كوردستانی لێنشتەجێیە بەڵكو لەسەرجەم ناوچەكانی عێراق و تەنانەت وڵاتانی دەوروبەریشەوە ژمارەیەكی زۆری كریستیانەكان روویان لە عەنكاوە كردووەو بەشاری پێكەوەژیانیش ناسراوە، بەو پێیەی ئایین و ئایینزای كریستیان و موسڵمان و سابیەی مەندائی و ئەرمەنیشی تێدا نیشتەجێیە، ئەم تایبەتمەندییە و رێزگرتن لەئاینزاكان وایكردووە هەرێمەكە ببێتە پێگەیەك بۆ پێكەوەژیان و لێبووردەیی ئەوەتا قەشە رەیان بۆڵس لەنووسینگەی مەترانییە لەعەنكاوە لەم راپۆرتەدا بە گوڵانی راگەیاند:» فاتیكان بەچاوی رێزەوە دەڕوانێتە هەرێمی كوردستان و سەرۆكەكەی..»، زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی عەنكاوە بۆ زیاتر لە30 هەزار كەس و فراوانبوونی شارەوانی ناحیەكە واقیعێكی وای دروستكردووە ئەو پرۆژەو كارە خزمەتگوزارییانەی لەم چەند ساڵەی دوایی دا كە لەعەنكاوە ئەنجامدراوە بەپێی ئەو فراوانبوون و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان نەبێت، خەڵكی عەنكاوە داوای پرۆژەو كاری خزمەتگوزاری زیاتر دەكەن. لە بەسەركردنەوەیەكی گۆڤاری (گوڵان )دا گلەیی و گازندەی خەڵكەكەو چەند پرسیارێكمان ئاراستەی (جەلال حەبیب) بەڕێوەبەری ناحیەی عەنكاوە كرد، كە بەراشكاوی وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە. لە دووتوێی ئەم راپۆرتەدا بڵاوی دەكەینەوە..
هاووڵاتیان:
پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لەئاست فراوانبوونی ناحیەكەماندا نین
هاووڵاتیانی عەنكاوە پێیان وایە كە سەرەڕای ئەوەی لەماوەی ئەم دوو ساڵەی رابردوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان و چەند پرۆژەو كاری بۆ ئەنجامداون، بەڵام هێشتا بەپێی ئەو فراوانبوون و زیادبوونە خێراییەی ژمارەی دانیشتوانەكەی نییە، لەبوارەكانی پەروەردەو تەندروستی و دابینكردنی ئاوی خواردنەوەو دروستكردنی پارك گرفتیان هەیە؛ فاروق حەننا بەڕێوەبەری مۆزەخانەی كلتووری سریانی لەعەنكاوە پێی وابوو حكومەتی هەرێم مافی رۆشنبیری بەكریستیانەكان داوە لەسەر ئەو بنەمایەش خاوەنی چەندین دامەزراوەیی مەدەنین و ئازادانە كاری خۆیان دەكەن، ئەمڕۆ عەنكاوە بووەتە نموونەیەكی زیندووی پێكەوەژیان و لێبووردەیی، بۆیە لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و عێراق هاووڵاتیانی كریستیان روو لەعەنكاوە دەكەن. ئەمانە هەمووی هۆكارێكن بۆ زیادبوونی خێرای ژمارەی دانیشتوانی ناحیەكەمان بەرادەیەك گرفتی گرانی و نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونی لێكەوتۆتەوەو كرێی خانوو زۆر زیادیكردووە، هەر سەبارەت بەم گرفتە هاووڵاتییەكی عەرەب بەناوی محەمەد عەلی كە بۆ پاراستنی ژیانی خۆی و خێزانەكەی لەبەغداوە هاتۆتە عەنكاوە پێی وابوو پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و پاراستنی ئاسایش و ئارامی لەعەنكاوە جێی پێزانینە، كە وایكردووە عەنكاوە ببێتە ناوچەیەكی ئارام بۆ هەموو نەتەوەو ئایین و ئایینزاكان، بەڵام ئەمەش گرانی و قەیرانی نیشتەجێبوونی لێكەوتۆتەوە، هاوكات لەگەڕەكەكانی كەرتی 128و 189 كە چەند ساڵێكە زەوی تێدا دابەشكراوەو خانووی تێدا دروستكراوە پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی بەهێواشی تێدا جێبەجێ دەكرێن، هاووڵاتی میلاد عەبد مەسیح داوای لەوەزارەتی شارەوانی كرد لەپێناو كەمكردنەوەی گرفتی نیشتەجێبوون پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ گەڕەكە نوێیەكان جێبەجێ بكات. ئەم هاووڵاتییە سەبارەت بەهاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە وتی: بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەپاراستنی كریستیانەكانی ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و پێشكەشكردنی ئاسانكاری و خزمەتگوزاری بۆیان جێگای دەستخۆشی و بێزانینە، بەڵام پێویستە ئەو تایبەتمەندییە بپارێزرێت كە عەنكاوە راستەوخۆ سەر بەئەنجومەنی وەزیران بێت.
ناحیەی عەنكاوە بەشێوەیەكی سەرەكی بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە پشتی بەبیری ئیرتیوازی بەستووە كەسەرەڕای بوونی ژمارەیەكی زۆری بیری ئیرتیوازی بەڵام گرفتی ئاوی خواردنەوە هەرماوە، هاووڵاتی فەرید عەزیز سەبارەت بەم گرفتە ئاماژەی بەوەكرد بیرە ئیرتیوازییەكان لەتوانایاندا نابێت ئەم هاوینە ئاوی خواردنەوە بۆ هەموو ناحیەكە دابین بكەن، بەوتەی ئەم هاووڵاتییە هەتا لەپرۆژەی ئیفرازەوە ئاوی خواردنەوە بۆ ئەم ناحیەیە دابین نەكرێت زەحمەتە بتوانرێت چارەسەری گرفتی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بكرێت، سەبارەت بە پرۆژەكانی خزمەتگوزاریی شارەوانیش لەعەنكاوەی كۆن هاووڵاتی حەنا سلێوە وتی: عەنكاوەی كۆن پێویستی بەخزمەتگوزاری و فراوانكردنی شەقامەكانی هەیە، هەروەها هەڵگرتنەوەو فڕێدانی زبڵ و خاشاك كەمتەرخەمی تێدایە.
فراوانبوونی عەنكاوە دۆخێكی وای لێكەوتۆتەوە كە پێویستی بەقوتابخانەو بنكەی تەندروستی نوێ هەیە لەم بارەیەوە هاووڵاتی فائیز سەلیم وتی: گەڕەكە تازەكانی عەنكاوە پێویستیان بەقوتابخانەو بنكەی تەندروستی نوێ و نەخۆشخانەیەكی قەرەوێڵەیی هەیە.
(جەلال حەبیب) بەڕێوەبەری ناحیەی عەنكاوە كردو سەرەتا وتی:
دوای ئەوەی هاووڵاتیانی كریستیان لەعێراق دوچاری كوشتن و تیرۆر بوونەوەو روویان لەهەرێمی كوردستان كرد، لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە ئاوڕییان لێدرایەو نیشتەجێكران و لیژنەیەكی باڵا بۆ ئەم مەبەستەش دامەزرا، تەنانەت منداڵەكانیان بۆ بەردەوامبوونیان لە خوێندن لەقوتابخانەو زانكۆكانی كوردستان وەرگیران و زۆربەی فەرمانبەرەكانیشیان لەدامودەزگاكانی حكومەت تەنسیب كران، بەمشێوەیە سەرجەم وڵاتانی دنیاو فاتیكان ئاگاداری هەڵوێستی مرۆڤدۆستی و جوامێرانەی خەڵكی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستانن كە هەرێمەكە بۆتە پێگەیەك بۆ پێكەوەژیان و لێبوردەیی، ئێمەش وەكو یەكەی ئیدارەی عەنكاوە لەسەر رێنمایی و راسپاردەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیمان لەئاوارەكان كردو شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین كراو لەكارو مامەڵەكانیاندا هاوكاریی و ئاسانكارییان بۆ كرا.
سەبارەت بەكێشەی زەوی و نیشتەجێبوونیش بەڕێوەبەری ناحیەی عەنكاوە وتی: هاتنی ئاوارەكان بۆ عەنكاوە نەك تەنیا لەبواری نیشتەجێبوون بارقورسایی بۆ دروست كردووین بەڵكو لەسەرجەم بوارەكانی پەروەردەو تەندروستی و خزمەتگوزاری پێویستمان بەئاوڕلێدانەوە هەیە، لەم رووەوە لایەنە پەیوەندارەكان یارمەتییان داوین و تائێستا توانیومانە ژمارەیەكی زۆر لەزەویی نیشتەجێبوون دابین بكەین و بەسەر توێژو چینەكاندا دابەش كراوە، بەمنزیكانەش ئەوانەی بڕیاری پێدانی زەوییان هەیەو لەبەر نەبوونی زەوی نەتوانراوە جێبەجێ بكرێت كێشەكەیان بۆ چارەسەر دەكرێت، هەموو فراونبوونێكی خێراو گەشەكردنێك پێویستی بەپرۆژەو كاری نوێ هەیە هەر ئەمەشە وایكردووە لەهەندێك گەڕەك و شوێن گرفت هەبێت، بۆ ئەمەش تەندەرمان بۆ دروستكردنی شەقام و شۆستەكانی گەڕەكە نوێیەكان دابەشكردووە. هەروەها كاریش دەكەین بۆ قەرەبووكردنەوەی هەموو ئەو كەسانەی لەپرۆسەی كوژاندنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكانیاندا قەرەبوو نەكراونەتەوە. لە ڕێگای گۆڤارەكەشتانەوە داوا لەبەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆی هەولێر دەكەم پرۆژەی ئاوەڕۆی سندوقی هەردوو گەڕەكی كەرتی 108 و كارێزەمان بۆ بخەنە ناو ریزبەندی پێشەوەی كارەكانیان.
هەر سەبارەت بەپرۆژە خزمەتگوزارییەكان بەڕێوەبەری ناحیەی عەنكاوە ئاماژەی بەگرفتی كەمی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە كردوو وتی: لەناو سەنتەری ناحیەكەمان زیاتر لە 35 بیری ئاوی خواردنەوە هەیە، بەڵام كێشەی كەمیی ئاوی خواردنەوە بەتایبەت لەوەرزی هاوین چارەسەر ناكات، لە سێ پرۆژەی گەورەی ئاوی ئیفراز كە بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوەی هەولێر بە عەنكاوەدا تێپەڕ دەبێت ئێمە سوودمان لێوەرنەگرتووە، خۆشبەختانە بڕیارە لەدوای دروستكردنی پرۆژەی ئیفراز 4 عەنكاوەش لێی سوودمەند بێت . هەروەها لەبواری كەرتی تەندروستیشدا پێویستیمان بەنەخۆشخانەیەكی هاوچەرخ و بنكەیەكی فریاكەوتنە.
هەر لەدرێژەی سەردانەكەماندا بۆ عەنكاوە و سەبارەت بەپێكەوەژیان و لێبووردەیی نێوان نەتەوەو ئاینزاكان لەو ناحیەیەو دیاریكردنی مافەكانی كریستیانەكان لەدەستووری هەرێم ؛ چەند پرسیارێكمان ئاراستەی قەشە رەیان پۆڵس لەنووسینگەی مەترانییە لەعەنكاوە كرد؛ لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.
-پێكەوەژیان و لێبووردەیی لەنێوان ئاینزاو نەتەوەكان بۆ ئەو نزیكبوون و لێكتێگەیشتنە دەگەڕێتەوە كە لەنێوان سەرجەم ئاینزاكان لەهەرێمی كوردستان هەیە، لەمەشدا وەزارەتی ئەوقاف رۆڵی گرنگی هەیەو بەشداری ئەو كۆنگرەو مەراسیمانە دەكات كە لەپێناو نزیكبوونەوەی ئاینزاكان لەجیهاندا دەبەسترێت كە دوایەمینیان لەساڵی 2010 بوو لەبەرشەلۆنیای ئیسپانیا كە لەگەڵ وەزیری ئەوقاف بەشداریمان لەكۆنگرەی نوێژ بۆ ئاشتی) كردو وەزیری ئەوقافی كوردستان وتەیەكی بەزمانی كوردی پێشكەش كرد.لەم رووەوە هەرێمی كوردستان ناوبانگێكی باشی هەیە چونكە چەمكی پێكەوەژیان و لێبووردەیی نێوان ئاینزاكان لەهەرێمی كوردستان مێژوویەكی دوورو درێژی هەیە، كریستیانەكان لەخۆشی و ناخۆشیەكانی گەلانی كوردستان بەشداربوون و رۆڵی جوامێرانەیان لەبزووتنەوەی رزگاریخوازی و شۆرش لە پێناو ئازادی دا هەبووە، وەكو كەنیسەش پارێزگاری لەو رۆڵە دەكەین و بەو ئاراستەیە كار دەكەین، لێرەدا دەمەوێت تەئكید لەوە بكەمەوە كە پێكەوەژیان چەمكێكی دوولایەنەیە واتا دەبێت هەردوو لایەن كار بۆ چەسپاندن و پتەوكردنی بكەن، ئەوەتا بارودۆخەكەی عێراق دەبینین كەچۆن نەك تەنیا هاووڵاتیانی كریستیانەكان زیانیان پێگەیشت بگرە هەموو ئاینزاكان بەموسڵمانەكانیشەوە رووبەرووی تیرۆر و كوشتن و كۆچپێكردن بوونەوە، ئەمە بە پێچەوانەی هەرێمی كوردستانەوەیە كە تێیدا بارودۆخەكەی جیاوازەو ئازادی و دیموكراتیەتێكی باش هەیە، كە دەكرێت ببینە نموونەیەكی زۆر پێشكەوتووی پێكەوەژیانی نێوان ئاینزاكان، لەمەش دا ئەو پێشكەوتن و گۆڕانكارییەی كە بەسەر هەردوو لایەنی (ژێرخان و مرۆیی)دا هاتووە زیاتر چەمكی پێكەوەژیان لێبووردەیی لەنێوان ئاینزاكان قووڵتر كردۆتەوە و لەداهاتووشدا چاوەڕێی زیاتر دەكەین. ئەمڕۆ فاتیكان بەچاوی رێزەوە دەڕوانێتە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی؛ لەكاتی سەردانەكەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بۆ فاتیكان پەیامی رێزو خۆشەویستی خۆیان بۆ خەڵكی كوردستان دووپات كردەوەو رۆڵی هەرێمەكە لەپاراستن ژیانی ئاوارە كریستیانەكانی عێراق و هاوكاریكردنیان بەرز هەڵسەنگاند. وەكو كریستیانەكانی عەنكاوەش داواكارین سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی عەنكاوە بكەن و لەنزیكەوە گوێبستی داواكاری و بیروبۆچوونەكانیان خەڵكی خۆیان بن.
سەبارەت بەچەسپاندنی مافەكانی كریستیانەكان لەدەستووری هەرێمی كوردستان قەشە ریان پۆڵس لەنووسینگەی مەترانییە لەعەنكاوە وتی: كریستیانەكان جگە لەوەی لەهەرێمی كوردستان بەشدارن لەپێكهاتەی حكومەتی هەرێم و خاوەنی دامەزراوەو رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنین و نوێنەری پارتە سیاسییەكانمان لە پەرلەمان هەیە، هاوكات لەرووی یاسایی و دەستووریشەوە مافەكانمان لە پرۆژە دەستووری هەرێمی كوردستان دیاریكراوەو چەسپێنراوەو پەرلەمانتارمان بەنوێنەرایەتی ئەنجومەنی نەتەوەی ( كلدانی ئاشوری سریانی) هەیە كە دوو پەرلەمانتاریان لە بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشورین، ئێمە زۆر سوباسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە بۆ چەسپاندنی ماف و ئیمتیازاتی كریستیانەكانیش بەهاوشێوەی ئاینزاكانی تر لەدەستووری هەرێم كاریان كردووەو پارێزگارییان لێكردووە، بەبەردەوامیش داواكاری نوێمان دەبێت هەربۆیە داوامان ئەوەیە لە جێبەجێكردنی بڕیارو یاساكاندا بەدواداچوونی بەردەوام هەبێت. ئێمە وەكو سەرۆكایەتی كەنیسە لەپارێزگای هەولێر كە نوێنەرایەتی هاووڵاتیانی كریستیانەكان لەم پارێزگایە دەكەین كار بۆ ئەوە دەكەین هەموو پرۆژەو ئاراستەی ئاینیمان لەپێشەوە لەخزمەتی نیشتمانەكەماندا بێت هەر لەو روانگەیەشەوە داواكارین پرۆژەكانی پەرەپێدانی مرۆیی و خزمەتگوزارییەكان وەكو دروستكردنی نەخۆشخانەو قوتابخانەو باخچەی ساوایان و پرۆژەكانی ئاوو كارەبا لە عەنكاوەو سەرجەم ناوچەكانی تر كە كریستیانەكانی لێ نیشتەجێن، جێبەجێ بكرێت.