خانەقین پێویستی بە پرۆژەی ئاوی خواردنەوەیە
May 29, 2013
راپۆرتەکان
هاووڵاتیان چاوەڕوانی ئاوڕلێدانەوەی حكومەتی هەرێمن
لەچەند گەڕەكێكی خانەقین چاومان بەچەند هاووڵاتییەك كەوت و ئاماژەیان بەگرفتی سەرەكی شارەكەیان كرد بەتایبەت گرفتی ئاوی خواردنەوەو خزمەتگوزارییەكانی تری شارەوانی، هاووڵاتی ئەیاد حوسێن كە شوفێری تەنكەری ئاوی خواردنەوەیە وتی: ئاوی خواردنەوەی خانەقین گرفتی هەیەو رۆژانە بەتانكەر ئاو بەسەر زۆر گەڕەكەكاندا دابەش دەكەین، ئاوی بیرو پرۆژەكانیش پیسەو مەرجی تەندروستی تێدا نییە. لە گەڕەكی تۆلە فرۆشانیش هاووڵاتی محەمەد قاسم پێیوابوو خەڵكی ئەم شارە مافی خۆیانە حكومەتی كوردستان ئاوڕێكیان لێبداتەوە چونكە كوردو كوردستانین، ئەم هاووڵاتییە سەبارەت بەگرفتی خزمەتگوزاری لەشارەكەیان وتی: گەڕەكەكەمان پێویستی بە كارو پڕۆژەی خزمەتگوزاری هەیە، ئەمساڵ بارودۆخەكە بەمجۆرە بڕوات دابینكردنی ئاوی خواردنەوە دەبێتە كێشەیەكی ئاڵۆز. وەنەبێت گرفتی خەڵكی لەم شارەدا تەنیا دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بێت، هەروەكو هاووڵاتی جەمال مستەفا لە ناو سەنتەری بازاڕ بەڕاشكاوانە بۆمانی روونكردەوە كە خانەقین لە هەموو بوارەكانی خزمەتگوزاری شارێكی پشتگوێخراوەو كەموكوڕی هەیە بەتایبەتی لە رووی كەمی ئاوی خواردنەوەو نەبوونی ئاوەڕۆو شەقام و شۆستەو گرنگیدان بەلایەنی جوانكاری. لەلایەكی دیكە كێشەی تاپۆو موڵكداری و گرێبەستی زەوی كشتوكاڵی زۆرە، سەبارەت بەم كێشەیە هاووڵاتی هادی عوسمان كە لەساڵی 1975 بۆ شارەكانی ناوەڕاستی عێراق راگوازرابوو ماوەیەكە بۆ خانەقین گەڕاوەتەوە وتی: لە گوندەكان كێشەی موڵكەكانمان چارەسەر نەكراوەو گرێبەستە كشتوكاڵییەكانمان هەر بەناوی عەرەبەكانەوەیە. سەبارەت بە نەبوونی نەخۆشخانەیەكی لەدایكبوون و منداڵان و خراپی ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستیەكانیش هاووڵاتی سالار سمكۆ داوای لەحكومەتی هەرێم كرد مشورێكی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی لەدایكبوون و منداڵانیان بۆ بخوات، چونكە بەوتەی ئەم هاووڵاتییە بۆ نەشتەرگەری و منداڵبوونێك هاووڵاتیان پێویستە سەردانی كەلار و شارەكانی تری كوردستان بكەن. هەر لەهەمان گەڕەك عەباس محەمەد پێیوابوو هۆكاری سەرەكی بۆنی ناخۆش و مێش و مەگەز و بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی بۆ ئەو هەموو زبڵ و خاشاكە دەگەڕێتەوە كە لەگەڕەك و كۆڵانەكان هەیە. هەروەها خراپی ڕێگاوبانەكان بەیەكێك لەو گرفتانە دادەنرێت كە زۆرجار بووەتە هۆی كەوتنەوەی رووداوی هاتوچۆ بەتایبەتی لە هەردوو رێگای ( كەلار- خانەقین و دەربەندیخان- كەلار) كە یەك سایدە، هاووڵاتی شەهاب نادر لەمبارەیەوە وتی: كاتی ئەوە هاتووە حكومەتی هەرێم رێگاكانی گەرمیان بە جووت ساید بكات چونكە زۆر رووداوی هاتوچۆی لێ دەكەوێتەوە. هەروەها لەرووی كەرتی پەروەردەشەوە خانەقین پێویستی بەئاوڕلێدانەوە هەیە لەلایەك بینایەی قوتابخانەكانی سەنتەری شارەكە پێویستی بەنۆژەنكردنەوە هەیەو گەڕەكە تازەكان و ئەوانەی بەرفراوان بوون قوتابخانەیان پێویستە. لەلایەكی ترەوە قوتابیانی خوێندنی كوردی كێشەی ئەوەیان هەیە كە لە خوێندنی كوردی تەواو دەبن لەپاشان لە زانكۆكانی كوردستان وەرناگیرێن.
سەبارەت بە وشككردنی ئاوی ئەڵوەندیش كە زیانێكی گەورەی بەخەڵكی شارەكەو باخەكان گەیاند لەكاتێكدا 1300 دۆنم باخ سوود لەئاوی ئەڵوەند وەردەگرێت و مەترسی نەمان و وشكبوونیان لەسەرە، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی گیرانەوەی ئەو ئاوە خەڵكی گوندەكانی وەكو عەلیاوەو دەوروبەری زیانێكی كشتوكاڵی و دارایی زۆریان بەركەوتووە، هەربۆیە هاووڵاتیان داوای دروستكردنی كەناڵێكی ئاودێرییان كرد بەوەی ئاو لەزێی سیروانەوە ببرێت بۆ ئەڵوەند، لەلایەكی تر چەندین خانوو هەیە لە گەڕەكە كۆنەكانی خانەقین خەڵكەكەی چۆڵی كردووەو دارودیوارەكانی خانووەكانی بەرەو داڕمان دەچن و لایەنی پەیوەنداری شوێنەوار نایەت ئەو خانوو و مێژوو كلتورە بپارێزن. هەروەها هاووڵاتییان داوایان لەحكومەتی هەرێم كرد كە ئاوڕێك لە دەركراو و ئاوارەكانی ئەم سنوورە بداتەوە كە لەترسی تیرۆریستان و شۆڤێنیەكان ماڵ و موڵكی خۆیان بەجێ دەهێڵن.
قایمقامی قەزای خانەقین بۆ (گوڵان):
لە 200 ملیۆن دۆلار كە بۆ گەرمیان تەرخانكرا، تەنیا 10 ملیۆن دۆلار درایە خانەقین
رەخنەو داواكاری هاووڵاتیان سەبارەت بە كەموكوڕی خزمەتگوزارییەكان و لەپاڵ ئەو كار و پڕۆژانەی كە خەڵكەكە بە ئەولەویەتی دەزانن بۆیان جێبەجێ بكرێت، ئاراستەی (محەمەد مەلا حەسەن) قایمقامی قەزای خانەقینمان كرد، كە پوختەی وەڵامەكانی لێرەدا بڵاودەكەینەوە.
سەرەتا قایمقامی خانەقین باسی لەو ناوچە كوردییانەی وەكو سەعدییەو جەلەولاو قۆرەتوو كرد كە تێیدا سوپا دەسەڵاتدارە و كۆچی ماڵە كوردەكان تێیدا بەردەوامە، تەنانەت لەهەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەدا كوردەكانی خانەقین كە لەشارەكانی تری كوردستان نیشتەجێن نەگەڕانەوە بۆ بەشداریكردن لە دەنگدان، بگرە 20 هەزار كوردی دەرەوەی وڵاتیش بێبەش كران لەدەنگدان و 22 هەزار كەسیش كە مافی دەنگدانیان هەبوو ناویان لەهەڵبژاردنەكان نەگەڕابۆوە، خەڵكێكی زۆریش لەبەر كەمی خزمەتگوزارییەكان بەشداریان لە هەڵبژاردنەكان نەكرد. ئەمانە هەمووی هۆكار بوون بەوەی ژمارەی كورسیەكانمان لە 6ـەوە بۆ 3 كورسی كەم بێتەوە لەكاتێكدا ژمارەی كورسیەكانی شیعەكان لە 4ـەوە بۆ 12 كورسی زیادیكرد، سەبارەت بەپێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانیش قایمقامی خانەقین وتی: ئێمە لە رێگای پارێزگای دیالەوە داوای پڕۆژە دەكەین و بودجەكەش ئەوەندە كەمە كەمترین پڕۆژەی پێ جێبەجێ ناكرێت، چونكە لەدیاریكردنی بەشە بودجە پشت بەپسولەی خۆراك دەبەسترێت لەكاتێكدا ئاوارەو ژمارەی دانیشتوانی خانەقین زۆر لەو ژمارەیە زیاترە. دواكەوتنی بودجەكەش گرفتێكی ترە ئەوەتا لەكۆتاییەكانی مانگی 5 داین كەچی یەك دینار بۆ ئەو پڕۆژانەی پێویستن و پێشكەشمان كردووە خەرج نەكراوە. هەربۆیە ئێمە نەك بودجەی پرۆژەكان بەڵكو بودجەی خەرجی رۆژانەشمان لەبەردەست نییە، حكومەتی عێراق هیچ پرۆژەیەك بۆ خانەقین ناكات و ڕێگاش نادات پێداویستیەكان بۆ هاووڵاتیان دابینبكرێت، هەربۆیە لەپرۆسەی ئازادی وەكو یەكەی ئیداری توانیمان بەلامەركەزی 16 تا 18 هەزار پارچە زەوی بەسەر توێژە جیاجیاكان دابەش بكەین. لێرەدا قایمقامی خانەقین داواكارە حكومەتی كوردستان چارەسەری كێشەكانیان بكات و بودجەیەك بۆ خانەقین تەرخان بكرێت، چونكە بەوتەی قایمقام «ئیدارە بەمجۆرەی ئێستا بەڕێوە ناچێت و لە داهاتی خاڵە سنوورییەكانیش بێبەش كراون، لەكاتێكدا ئەم شارە پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی نییە و شەقام و كۆڵانەكانی بەتەواوی بەكەڵكی هاتوچۆ نایەن و دارودرەخت و پارك و باخچەكانی لەبەر بێ ئاوی هەر هەمووی وشكی كردووە و سووتاوە»، ئەوەتا بۆ چارەسەری كێشەی ئاوی خواردنەوە بڕیاربوو حكومەتی ناوەندی پڕۆژەیەك لەسەر ئەو بەنداوە دروست بكات، بەڵام ئەم بڕیارو پرۆژەیە تا ئێستا هیچی دیار نییە، هەربۆیە بۆ چارەسەری ئەو گرفتە ئیدارەی خانەقین پەنای بۆ حكومەتی هەرێم بردووە، راستە حكومەتی هەرێم هەندێك پرۆژەو كاری ئەنجامداوە بەڵام بەپێی پێویستی شار و سنوورەكە نییە. سەبارەت بەكەمی بودجەی تەرخانكراو قایمقامی خانەقین وتی: لەو بودجەی بۆ گەرمیان لەلایەن رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەرخان كرا كە 200ملیۆن دۆلار بوو تەنیا 10ملیۆن دۆلاریان بۆ خانەقین تەرخانكرا كە دەكاتە لە 5%، ئەمەش زۆر كەمە و نابێت خانەقین بەمجۆرە سەیر بكرێت، لەكاتێكدا لەناو شارو گەڕەكەكان شەقام و كۆڵانێك نییە بەكەڵكی هاتوچۆ بێت ئەگەر ناچاری نەبێت و لەناو شارو گەڕەكەكانی خانەقین یەك شەقامی رێكوپێك نییە كە خەڵكەكە دڵیان پێی خۆش بێت، بەتەنیا 2 شۆفڵ و 2 گەڵابە چۆن زبڵ و خاشاكی ئەم شارە كۆدەبێتەوە؟
سەبارەت بە خزمەتگوزاری تەندروستی قایمقامی خانەقین داوای لەوەزارەتی تەندروستی هەرێم كرد نەخۆشخانەیەكی قەرەوێڵەیی هاوچەرخیان بۆ دروست بكات و پزیشكی پسپۆرو شارەزای نەشتەرگەری و منداڵبوون دابین بكات، بەهاوشێوەی وەزارەتی كارەبا ئاوڕێكیان لێبدرێتەوە. هەروەها قایمقامی خانەقین سەبارەت بەكەرتی كشتوكاڵ گلەیی و رەخنەی لەوەزارەتی كشتوكاڵی و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم هەبوو پێی وابوو ئەو وەزارەتە خانەقینی پشتگوێخستووە، چونكە یەك پرۆژەی ئاودێری و بەنداوی دروست نەكردووەو ئامێرو پێداویستی كشتوكاڵی بەسەر جووتیاران دابەش نەكردووە.