نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر بۆ ( گوڵان): هەولێر بە ئاستیك فراوان بووە قەزاو ناحیەكانی دەوروبەری دەبنە چەند گەڕەكێكی ئەم شارە

نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر بۆ ( گوڵان): هەولێر بە ئاستیك فراوان بووە قەزاو ناحیەكانی دەوروبەری دەبنە چەند گەڕەكێكی ئەم شارە
شاری هەولێر زۆر خێرا فراوان دەبێت بەرادەیەك فراوانبوونەكە لەبەرنامەی كارو پرۆژەكان خێراترە، لەلایەك گەڕەكە میللی و كۆنەكان پێویستیان بەخزمەتگوزاریی نوێ هەیە لەلایەكی دیكەوە پانتایی شوێنەكانی نیشتەجێبوون زیادیكردووەو سەنتەری هەولێریی گرێداوە بەقەزاو ناحیەكانی دەوروبەرەوە وەكو بنەسڵاوەو دارەتوو و كەسنەزان و شاوێس و بەحركە. ئەم فراوانبوونە هاوكاتە لەگەڵ دەركەوتنی هەولێر وەكو پێگەیەكی ئابووری و بازرگانی گرنگ لەناوچەكەدا، هەربۆیە شاری هەولێر شایستەی خزمەتگوزاری لەمەی ئێستا زیاترە، چونكە داواكاریی خەڵك گۆڕانكاریی گەورەی بەسەردا هاتووەو زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی هەولێرو پارێزگاكەش وادەخوازێت نەخۆشخانەی زیاترو پسپۆریی بۆ بكرێتەوە، پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی ئیفراز 3 كە واپێشبینی دەكرا تاكو 15 ساڵی دیكە پێداویستییەكانی ئاو بۆ شارەكەو دەوروبەری دابین بكات، كەچی ئێستا دەبێت پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی ئیفرازی چوار جێبەجێ بكرێت. لەبواری شەقام و ڕێگاوبانەكانیشدا قەرەباڵغییەكان ئەوە دەسەلمێنن كە هەولێر پێویستی بەڕێگاو شەقامی نوێ و پرد هەیە، ئەمە جگە لەوەی ئەم پایتەختەی كە بڕیارە لەساڵی 2014 خۆی بۆ پایتەختی گەشتیاری ئامادە بكات لە رۆژانی هەینیدا چێشتخانەو بازاڕەكانی دادەخرێن. پارێزگاریكردن لەخەڵاتی حوكمڕانی باش كە لەلایەن ئامۆژگای سەركردە جیهانییەكان لەساڵی 2010 لە ئەمەریكا بەپارێزگاری هەولێر درا كارێكی ئاسان نییەو پێویستی بەدابینكردنی پرۆژەی نوێ و هەڵگرتنی ئەو ئاستەنگ و بەربەستانە هەیە كە لەبەردەم جێبەجێكردنی پەرەپێدانی بەردەوامدایە، گۆڕانكاری لەسێكتەرەكان و بژێوی ژیانی خەڵكی لەم شارەدا پێداویستی دیكەو گۆڕانكاری نەوعی پێویستە، تاوەكو بتوانرێت ئاستی خزمەتگوزارییەكان لەم قۆناغە بچێتە قۆناغێكی دیكەی باشترو ژێرخان بەهەموو سێكتەرەكان بونیات بنرێتەوە.

سەبارەت بەفراوانبوونی خێرای هەولێرو پارێزگاكەو زاڵبوون بەسەر گرفت و ئاستەنگەكاندا نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری (گوڵان)ی دایەوە، هەروەها باسی لەبوارەكانی تەندروستی و نیشتەجێبوون و پاكوخاوێنكردنەوەو پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوەو رێگاوبانەكان و چەند تەوەرەیەكی دیكە كرد كە لەپوختەی ئەم راپۆرتەدا بڵاوی دەكەینەوە.

فراوانبوونەكەی هەولێر لەبەرنامەو پرۆژەكان خێراترە
سەبارەت بەو پرۆژەو كارانەی كە ئێستا لەهەولێرو پارێزگاكە لەبواری جێبەجێكردندان تا چەند دەتوانرێت لەئاست خواست و پێداویستیەكانی خەڵكدا بن، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر وتی: (( هەولێر قۆناغ بەقۆناغ لەسەرجەم سێكتەرەكان پێشكەوتنی باشی بەخۆوە بینیوە، تەنانەت وەكو پێگەیەكی بەهێز لەعێراق و ناوچەكەدا دەركەوتووەو بەسەدان كۆمپانیای جیهانی ئۆفیسیان لەم شارەدا هەیە، ئەمڕۆ كوردستان و هەولێر كەوتۆتە سەر نەخشەی جیهانی پێترۆڵ، ئەمانەش هەمووی هاوكاتن لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و بەرزبوونەوەی خواست و داواكارییەكان. كاتێك هەولێر بەشێوەیەك فراوان دەبێت و سنووری شارەوانییەكەی لەگەڵ قەزاو ناحیەكانی دەوروبەریدا دەبێتە یەك بەرادەیەك لەگەڵ تەواوبوونی تونێلی رێگای هەولێر – سەلاحەدین بۆی هەیە قەزای شەقڵاوە ببێتە گەڕەكێكی باكووری ئەم شارە بەهاوشێوەی گەڕەكەكانی باكووری تاران. ئەم واقیعە پرۆژەو كاری نوێی لێمان دەوێت لەسەرجەم سێكتەرەكان لەم رووەوە لە 9 ساڵی رابردوودا لەژێرخانی هەولێر زیاتر لە 7 ملیار دۆلار خەرج كراوە، كەرتەكانی بەرهەمهێنانی كارەباو پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە گۆڕانكاریی باشیان بەخۆوە بینیوە، بەڵام پێشكەوتن و فراوانبوونەكەی هەولێر خێراترە، بۆنموونە ئێستا خاوەنی وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەباین و وێستگەیەكی دیكەی 3000 مێگاواتیش لەخورمەڵە وا خەریكە تەواو دەبێت و بەمنزیكانە 600 مێگاوات كارەبای لێ بەرهەم دێت بەڵام لەبواری دابەشكردنی كارەباو دروستكردنی وێستگەكانی گۆڕین كاری زیاترمان دەوێت تاوەكو پاڵەپەستۆی سەر تۆڕەكانی كارەبا كەم بكەینەوە، منیش لەگەڵ ئێوەدا هاوڕام كە گۆڕانكاری نەوعی لەژیان و گوزەرانی خەڵكی و ئەو فراوانبوونە خێراییەی هەولێر كاری زیاترو پرۆژەی گەورەتری دەوێت لەمبارەیەشەوە هەنگاوی جدیی و گرنگ نراوەو پرۆژەیەكی یەكجار زۆرمان بۆ شاری هەولێرو پارێزگاكە لەپلاندایەو دەستمان پێكردووە. هەروەها لەپارێزگا لیژنەی فرە ئیداریمان پێك هێناوە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان و خێرا ئەنجامدانی پرۆژەكان.
2014 و هەنگاونان بەرەو پایتەختی گەشتیاری
سەبارەت بەوەی هەولێر لەساڵی 2014 خۆی بۆ پایتەختی گەشتیاریی ئامادە دەكات، ئەمە لەكاتێكدا رۆژانی هەینی زۆربەی بازاڕ و دوكان و سۆپەرماركێت و چێشتخانەكان دادەخرێن، ؛ پارێزگاری هەولێر ئەم دۆخەی بۆ كلتوورێكی كۆنی شارەكە گەڕاندەوە تەنانەت پێی وابوو پێشتر بازاڕی شەوانە نەبوو، هەروەها ئاماژەی بەوەدا ئەم بارودۆخە لەگۆڕانكاریی بەردەوامدایە ئەوەتا ئێستا تا درەنگانێكی شەو بازاڕ هەیەو بازاڕی ئیسكان و عەنكاوەو چێشتخانەو میوانخانەكانیش بەهەمان شێوە، هەولێر بەرەو ئەوە دەچێت 24 كاتژمێر جووڵەی بەردەوام بێت.
خزمەتگوزاری بۆ گەڕەكە میللی و كۆنەكان
تەرخانكردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوانە ؛ واتا ئەو گەڕەكە میللی و هەژارنشینانەی كە لەشاری هەولێر ژمارەی دانیشتوانیان زۆرە پێویستە كارو پرۆژەی زیاتریان بۆ دروست بكرێت؛ لەم رووەوە پارێزگاری هەولێر وتی:( تەركیزمان كردۆتە سەر گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بۆ گەڕەكە میللی و كۆنەكانی هەولێر، سەیداوەو تەیراوەو سێتاقان هەموو خزمەتگوزارییەكانمان بۆ نۆژەنكردوونەتەوە، بەبەردەوامیش ئاگاداری داواكاری و گرفتەكانیانم بەپێی تواناو بودجەی بەردەستم درێخی ناكەم لەخزمەتكردنی هاووڵاتیان لەم گەڕەكانە، بەڵام فراوانبوونەكە زۆر خێرایە؛ بۆ نموونە لەگوندی تووڕەق پێشتر 20 ماڵی لەخۆگرتبوو ئێستا 3000 خانووی تێدایە لەگەڵ ئەوەشدا خزمەتگوزاریی بۆ جێبەجێ كراوە)).
جێبەجێكردنی پرۆژەی ئیفراز 4
كاتێك پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی ئیفراز 3 جێبەجێ كرا پێشبینی ئەو فراوانبوونە خێراییەی نیشتەجێبوون لەهەولێر نەدەكرا، هەربۆیە بەوتەی پارێزگاری هەولێر هەنگاو بەرەو جێبەجێكردنی پرۆژەی ئیفراز 4 نرا كە تێچوونی 500 ملیۆن دۆلارەو لەكاتژمێرێكدا 25 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەكات. تەنانەت لەگەڵ تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە چاوەڕوان دەكرێت هەموو بیرەكانی ئاوی خواردنەوە لەناو شاری هەولێرو دەوروبەری دابخرێت، هەر سەبارەت بە گرفتی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە لەقەزاو ناحیەكان بەتایبەتی پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوە لەشەقڵاوەو سەڵاحەدین و سۆران و بارزان و مەخموور پارێزگاری هەولێر بەگوڵانی راگەیاند:(( لەنزیكەوە ئاگاداری گرفتی ئاوی خواردنەوەی قەزاو ناحیەكانم ئەوەتا پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی شەقڵاوەو سەڵاحەدین لەژێر ئەنجامدانن و تەنانەت ئێستا كار لەسەر نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ناوخۆی شەقڵاوەش دەكرێت، لەناحیەكانی هەریرو باسرمەو سۆران و رواندزیش پرۆژەی ئاوی خواردنەوەمان هەیە، بۆ سیدەكان و مێرگەسۆریش پرۆژەی ئاوی خواردنەوە كراوەو ئەمساڵیش لەدەڤەری بارزان پرۆژەیەك دەچێتە بواری جێبەحێكردنەوە، مشوری قەزای مەخموریش دەخۆین و لەوێ پرۆژەیەكی ئاوی خواردنەوەمان هەیە كە لەزێی گەورە ئاوی بۆ رادەكێشین)).
لە چوارڕیانی عەنكاوەو مەخموور
دوو پرد جێبەجێ دەكرێت
سەبارەت بە شەقامە ناوخۆییەكان و ڕێگاكانیش كە گرفت و كێشەی قەرەباڵغی ئۆتۆمبێلی زۆری لەسەرە گەرچی ژمارەیەك لەپردو شەقامی سەرەكیش دروستكران كەچی هێشتا گرفتی قەرەباڵغی هەر ماوە، ئەمە جگە لەوەی ماوەیەكە باس لەدروستكردنی شەقامی 120 مەتری لەشاری هەولێر دەكرێت، لەمبارەیەوە پارێزگاری هەولێر هەمان راوبۆچوونی هەبوو بەوەی ئەو ڕێگاوبانانەی كە هەن بۆ پێشتر باش بوونە بەڵام ئێستا مومكین نییە لەئاست قەبارەی ئاڵووێری بازرگانی و هاتوچۆكردندا بن لەم رووەوە وتی: (( ساڵانە جموجوڵی بازرگانی لەسەر رێگای هەولێر حاجی ئۆمەران گەیشتۆتە 1 ملیارو 740 ملیۆن دۆلار لەكاتێكدا پێش ساڵی 2003 تەنیا چەند ملیۆن دۆلارێك بوو، واتا ئاستی ئاڵووێری بازرگانی بەرێژەی 70% لەسەر ئەم رێگایە زیادیكردووە، بگرە ژمارەی ئەو كەسانەی لەسەر سنووری حاجی ئۆمەران لەساڵی 2011سەردانی ئێرانیان كردبوو 350 هەزار كەس بوو لە 2012 بۆ 740 هەزار كەس زیادیكرد، هەر ئەمەش بوو وایكرد قۆناغ بەقۆناغ كار بۆ دروستكردنی ڕێگای هەولێر- حاجی ئۆمەران بكرێت كە ماوەی نێوان هەولێرو ئەو خاڵە سنوورییەمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران كورت دەكاتەوە، ئێستا كار بۆ ڕێگای نێوان هەولێر- دهۆك و هەولێر- كۆیەو هەولێر – گوێڕیش دەكرێت. پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە پرۆژەی 120 مەتریش لەشاری هەولێر وتی : (( شەقامی 120 مەتری بۆ هەولێر بەپرۆژەیەكی گرنگ دادەنرێت و بەچەند قۆناغێك جێبەجێی دەكرێت و قۆناغی یەكەمی لەنێوان ڕێگای كەركوك تا موسڵ ساڵێكە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئەمساڵیش قۆناغی دووەمی لە ڕێگای موسڵ بۆ ڕێگای سەڵاحەدین چووە بواری جێبەجێكردنەوە. هەروەها لە ڕێگای 5 كارگەی قیڕی حكومی و 5 كارگەی قیڕی ئەهلییەوە ساڵانە 2تا3 ملیۆن مەتر لەناو شاری هەولێر قیرتاو دەكرێت، هەروەها چەند پردێكیش لەناوشار دروست دەكرێن لەوانە پردی چوارڕیانی عەنكاوەو مەخموور و هی دیكەش كە لەم ساڵدا دەست پێدەكرێن)).
كەرتی تەندروستی پێویستە
لەخزمەتی هاووڵاتیاندا بێت
ئاشكرایە كەوا زامنكردنی تەندروستییەكی باش بۆ خەڵكی، كۆمەڵگەیەكی خۆشگوزەران دروست دەكات، لەم روانگەیەوە ئەو پەرەپێدانەی كە حكومەتی هەرێم دەیەوێت هەنگاوی بۆ بنێت بێ گرنگیدان بەلایەنی مرۆیی و تەندروستی سەركەوتوو نابێت، بۆ ئەوەی لەسیمای كۆمەڵگایەكی جیهانی سێیەمەوە بەرەو كۆمەڵگایەكی جیهانی یەكەم هەنگاو بنێین زۆر گرنگە بەراشكاوانە پەنجە لەسەر كەموكورتییەكانی ئەم بوارە دابنێین و بوونی كەموكورتیش لەم بوارەدا نكۆڵی لێ ناكرێت و تەنانەت پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە دا كە مۆڵەت بەنەخۆشخانە ئەهلییەكان دەدرێت تاوەكو خزمەتی هاووڵاتیان بكەن و رێگاش لەقۆرخكاری لەبواری هێنانی دەرمان دەگیرێت و بگرە راشیگەیاند كەوا حكومەتی هەرێم لەسەر دۆسێی تەندروستی بەجدیی كار دەكات و لەگەڵ سەرپێجیكاران توند دەبێت. ئەمەو لەوەڵامی چەند پرسیارێكی گوڵاندا كە سەبارەت بەدروستكردنی نەخۆشخانەو كۆنترۆڵكردنی دەرمان كرا پارێزگاری هەولێر وتی: (( جگە لەنەخۆشخانە حكومییەكان 78 سەنتەرو نەخۆشخانەی تایبەت بوونیان هەیە و چەندین نەخۆشخانەی 100و 200 قەرەوێڵەیش لەژێر جێبەجێكردندان، لەپشت نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاواش دەستكراوە بەدروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 330 قەرەوێڵەیی پێشكەوتوو، لەباداوەش نەخۆشخانەی منداڵبوون و لەدایكبوون دروست دەكرێت، هاوكات نەخۆشخانەی رزگاری نۆژەن دەكرێتەوەو 3 نەخۆشخانەی تایبەتمەندیی ( شێرپەنجەو دەروونی و شەكرەو بنكەیەكی تەندروستی تالاسیما)ش دروست دەكرێت. لەبواری كۆنترۆڵكردنی دەرمان و بەدواداچوونی كەموكورتییەكانیش لە رێگای لێژنە تایبەتییەكانەوە لێپێچینەوە لەكەموكوڕییەكان دەكرێت و پێشبینی ئەوە دەكەین لەگەڵ زیادبوونی نەخۆشخانە ئەهلییەكان نرخ و كوالێتیەكان بچێتە قۆناغی كێبركێوەو ئەم دوو لایەنە لەكۆتاییدا لەخزمەتی نەخۆش تەواو بێت، بەڵام پێویستە هەردوو سەندیكای پزیشكان و دەرمانسازان بەدواداچوون و چاودێرێكی باشی كوالێتی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان بن. لەرووی سەنتەرەكانی ئۆتیزم و كەمئەندامانیشەوە پارێزگاری هەولێر پێی وابوو كەموكورتی لەمبوارەدا بۆ نەبوونی پسپۆرایەتی دەگەڕێتەوەو بەپێی خشتەیەكی زەمەنیش وەزارەتە پەیوەندارەكان هەنگاو بۆ چارەسەركردنی ئەو كەموكورتییە دەنێن)).
كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك و
دروستكردنی كارگەی ریسایكلین
لایەنێكی دیكە كە پەیوەندی بەتەندروستی و ژینگەوە هەیە دروستكردنی كارگەی ریسایكلین و چارەسەركردنی زبڵ و خاشاك و پاكوخاوێنكردنەوەی شارە؛ لەم رووەوە پارێزگاری هەولێر وتی:( شاری هەولێر كراوەتە 6 شارەوانی و پاككردنەوەی بەسەر 4 كۆمپانیا دابەش بووەو بەدواداچوون لەسەر كارەكانیان دەكرێت و لە ئێستادا لەكارەكانیان رازین. بۆ خۆ رزگاركردن لەزبڵ و خاشاكەكەش كە ئەو كارو گرێبەستانەی لەكاتی خۆیدا كرابوو بەبێ توێژینەوە بوو لەكارەكەش دواكەوتین، ئێستا بەهەماهەنگی لەگەڵ شارەوانی و خزمەتگوزاریی شارەوانی كار دەكەین و سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆپۆزەڵێكین بۆ ئەوەی گرێبەستێكی بەردەوام بكەین)).
نۆژەنكردنەوەی قەڵای دێرین
لەم رۆژانەدا دەرگای قەڵات تێكدراو باس لەوە دەكرێت بەپشت بەستن بە نەخشەو وێنە كۆنەكان و بەساڵاچووانی هەولێر بەدیزاینێكی نوێ دەرگاكە دروست دەكرێتەوە لەمبارەیەوە پارێزگاری هەولێر وتی: ((لەگەڵ یونسكۆ كار لەسەر قەڵات دەكەین و دەرگا سەرەكییەكەمان تێكدا و بەپشت بەستن بەچەند وێنەیەك و قسەی پیرەمێردەكانی هەولێر دەرگاكە بەدیزاینە كۆن و رەسەنەكەی خۆی دروست دەكرێتەوە. لەسەر بودجەی پەرەپێدانیش كاری جوانكاری لەسەر شێوازی كۆن بۆ دوكان و بازاڕەكەی دەوروبەری قەڵات دەكرێت و گەڕەكە كۆنەكانی تەعجیل و عەرەب و خانەقاش بەشوێنی نیشتەجێبوون مایەوەو لەسەر شێوەو دیزاینی كۆنی خۆی نۆژەن دەكرێنەوە)).
90 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون و
6 هەزار خانوو بەناوی كۆرییەكانەوە دروست دەكرێت
سەبارەت بەدروستكردنی شوقەو خانووی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كەم دەرامەت و هەژار كە بەیەكێك لەو گرفتانە دادەنرێت كە دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون لە ڕێگای وەبەرهێنانەوە چارەسەری گرفتەكەی نەكرد، چونكە گەرچی حكومەت هەموو ئاسانكاری و هاوكارییەكی وەبەرهێنەرەكانیشی كرد بەڵام جگە لەبواری بازرگانیكردن و بەرزكردنەوەی نرخەكەی كاریگەرییەكی ئەوتۆی بۆ ئەم دوو توێژە نەبوو ؛ لەمبارەیەوە پارێزگاری هەولێر پێی وابوو پرۆژەكانی نیشتەجێبوون رۆڵی لەكەمكردنەوەی گرفتی نیشتەجێبوون هەبوو نەك چارەسەركردنی یەكجارەكی بەڵام سوودی بۆ بەگەڕخستنی كاسبكاران و دۆزینەوەی هەلی كاری باشیش هەبوو هاوكات بەگۆڤاری گوڵانی راگەیاند ئێستا 90 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونی جیاجیا بۆ هەموو توێژەكان بە نرخی جیا، بەڵام 6 هەزار خانوو بەناوی كۆرییەكانەوە بۆ كرێچییان و كەم دەرامەت دروست دەكرێت و بەنرخێكی هەرزان لەڕێگای فۆرمەوە دابەش دەكرێت.
Top