سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بۆ (گوڵان): هەر وەبەرهێنەرێك سەرپێچی بكات
April 25, 2013
راپۆرتەکان
سەرەتا سەبارەت بەو ئاستەنگ و بەربەستانەی كە بوونەتە هۆی كەوتنەوەی كەموكوڕی لەهەندێك پرۆژەی وەبەرهێنان هێرش موحەرەم سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان وتی: كاتێك لەساڵی 2006 یاسای وەبەرهێنان لەپەرلەمان پەسەند كرا، ئەو دەمە پێویستمان بەوە هەبوو بەپێی ژینگەی ئابووریی هەرێمەكەو بارودۆخەكە مامەڵە لەگەڵ واقیعی ئەو سەردەمە بكەین، واقیعی ژینگەی وەبەرهێنانیش لەهەرێمی كوردستان خاڵی باش و سلبی تێدا بووە، هەربۆیە یاسای وەبەرهێنان بەراورد بەیاساكانی وڵاتانی دەوروبەرو بگرە جیهانیش ئاسانكاری و یارمەتی زۆری بۆ وەبەرهێنەرەكە تێدایە، لەژینگەیەكدا كە حكومەت و هاووڵاتیان پێشوازیكارن لەوەبەرهێنەران و وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕوایان بەهاوبەشی لەگەڵ كەرتی تایبەت هەیە و هەلەكانی بەدەستهێنانی كارو پرۆژەش زۆرە، ئەمە جگە لەوەی هێزی كاری هۆشیارو بەتوانامان هەیە. لەگەڵ ئەم خاڵە ئیجابیانە نكۆڵیمان لەوەش نەكردووە كە كێشەی خزمەتگوزاری و رۆتینمان هەبووە، ئەو كات تەنیا 2 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی هەبووە و سیستەمی پێشكەوتووی بانكی و كۆمپانیاكانی دڵنیایی و هۆتێلی 5 ئەستێرەیی نەبووە، تەنانەت قەیرانە ناسەقامگیرییەكەی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر رەنگدانەوەی خراپی لەسەر هەرێمی كوردستانیش هەبووە، هەرچۆنێك بێت بوار بەوەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆش درا و مۆڵەت بەكۆمەڵێك پرۆژەی وەبەرهێنان لە كوردستان درا كە خۆی لە 534 مۆڵەت دەبینییەوە، كە زیاتر بەرەو ئەو بوارانە چوون كە جوڵەی سەرمایە تێیدا خێرابوو وەكو بواری نیشتەجێبوون، لەكاتێكدا ئێمە زۆر پێویستیمان بەبوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ بوو ئەو كات لە 2006 كە دەستمان بە وەبەرهێنان كرد رۆژانە تەنیا 200 تەن چیمەنتۆ بەرهەم دەهات، لەكاتێكدا ئێستا رۆژانە 30 هەزار تەن چیمەنتۆ بەرهەم دەهێنرێت، ئەو كات بەرهەمی شیش نەبوو، بەڵام ئێستا رۆژانە 3000 تەن شیش بەرهەم دەهێنرێت. ئەوەبوو لەكۆتایی ساڵی 2009 و سەرەتای 2010 هەستمان بەوە كرد كە یاساكە بۆ سەردەمی پێشوو باش بوو، بەڵام ئێستا پێویستە یاساكەی وەبەرهێنان هەموار بكرێتەوە، چونكە بۆ قۆناغی پێشوو زۆر كاریگەر و باشبوو، گەرچی بۆ ئەم قۆناغەو لەگەڵ ئومێدەكانماندا ناگونجێت و كاتی ئەوەهاتووە پێوەرو پێوانەی باشتر بۆ هەڵسەنگاندنی پرۆژەكان دانرێت، بۆ نموونە زیاتر كاركردن بەشێوازی گروپ بێتە ناو ئەنجامدانی پرۆژەكان یا هەندێك بڕگەی بڕیاردان لەسەر پرۆسەی سەرپەرشتیكردنی پرۆژەكان لەدەستەی وەبەرهێنان بچێتە دەرەوە، چونكە نەكاری دەستەكەیەو نە لەتوانای ئێمەدایە و ئاست و فراوانی پرۆژەكان لەگەڵ ژمارەو توانای دەستەی وەبەرهێنان یەك ناگرێتەوە. بۆ هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنانیش هەوڵی ئەوەمان داوە راوبۆچوون و سەرنجی زۆرترین لایەن و شارەزایان وەربگرین، تا وەكو یاسایەك بێت لەماوەی چەند ساڵی داهاتوو بتوانێت خزمەت بەبواری وەبەرهێنان بكات، هەر ئەمەشە هۆكاری دواكەوتنی هەموار كردنەوەكە و پرۆسەكە بەهێواشی بەڕێوەدەچێت، بۆ هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنانیش جگە لەسوود وەرگرتن لەئەزموونی وڵاتان و راوبۆچوونی دەستەی راوێژكاری و سەرنجی مامۆستایانی زانكۆو كەرتی تایبەت و راپۆرت و ریپۆرتاژی میدیاكاران وەرگرتووە. هەمواركردنەوەكەش كۆمەڵێك قۆناغی هەیە، سەرەتا پرۆژە یاسایەكەمان هەمواركردووە پێشكەشمان كردووەو لەقۆناغی دووەم دەچێتە فەرمانگەی یاسایی لەئەنجومەنی وەزیران و دواتر دەچێتە ئەنجومەنی شوراو پاشان لە ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و دوای پەسەندكردنی رەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت.
لەلایەكی دیكەوە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان نزیكەی 45 پرۆژەی مۆڵەتدراوی هەڵوەشاندۆتەوە، بەڵام وەبەرهێنەرە سەرپێچیكارەكان سزا نەدراون، ئێستا لە هەمواركردنەوەی یاساكەدا بڕیاری ئەوە دراوە هەر وەبەرهێنەرێك سەرپێچی یا كەموكوڕی لە پرۆژەو كارەكانیدا هەبێت جگە لەوەی پرۆژەكەی لێهەڵدەوەشێتەوە هاوكات وەبەرهێنەرەكەش سزا دەدرێت، هەربۆیە لەمەودوا دەبێت وەبەرهێنەر پێش دەستكردن بە پرۆژەكە دەبێت خیتاب زەمانی هەبێت.
لەتەوەرێكی قسەكانیدا سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان سەبارەت بەوەی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون نرخیان زۆرەو لەرووی كوالێتی و گەیاندنی خزمەتگوزارییەوە كێشەو گرفتیان زۆرە ئەمە لەكاتێكدا دەستەكەو لایەنی پێوەندار چەندین ئاسانكاری و ئیمتیازاتیان پێشكەش بە وەبەرهێنەكە كردووە لەمبارەیەوە وتی : سەرنج و تێبینیمان لەسەر كەرتی تایبەت لەهەرێمی كوردستان زۆرە، بەڵام ئەزموون و پەیام و سیستەمی حكومەتیش بۆ كەرتی تایبەت تازەیە مێژوویەكی كۆن و پڕ لەئەزموونی نییە و كەرتی تایبەتیش تازە رووەو گەشە دەكات، لەگەڵ ئەوەش دا بەراورد بەساڵانی پێشوو كەرتی تایبەت گۆڕانكاری بەخۆوە بینیوە . منیش پێم وایە كەرتی تایبەت تا ئێستا خیتابێكی یەكگرتووی نییە و ستراتیژییەتی پێشكەش بەحكومەت نەكردووە، كە پشتیوانیكردن مانای چییە؟ ئایا پشتیوانیكردنی حكومەت تەنیا بەمانای دابینكردنی زەوی یا پێدانی سلفەو دەستكەوت دێت ؟ نابێت پشتیوانیكردن تەنیا ئەمە بێت، پێویستە حكومەتی هەرێم پشتیوانیكردنی كەرتی تایبەت پێناسە بكاتەوە. بۆ چارەسەركردنی ئەو كەموكوڕییانە پشتیوانیمان لەكەرتی تایبەت كردووەو ئێستا دامەزراوەیەك بەناوی (یەكێتی وەبەرهێنەران) هەیە، تاوەكو وەبەرهێنەران لەناو ئەم رێكخراوە كۆببنەوەو ئەرك و مافەكانی تێدا پێناسە بكرێتەوەو رێكخراوەكە بەشێك لە پرۆسەو بەشداری لە بڕیاردان بكات. ئێستا یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی باڵای ئابووری دەكەن، بەڵام دەبێت لەهەمان كات خۆشیان چاودێر بن بەسەر ئەدای وەبەرهێنەران و كار بۆ لێپێچینەوەو بەدواداچوونی پرۆژە و ئاستی وەبەرهێنەران بكەن، ئێمە كاتێك مۆڵەت بەوەبەرهێنەرێك دەدەین وێنەیەكی مۆڵەتەكە بەهەریەك لە یەكێتی بەڵێندەران و یەكێتی وەبەرهێنەران و ژووری بازرگانی و یەكێتی پیاوانی كارمان داوە بۆ ئەوەی ئاگاداری و شارەزاییان لەكارەكان و پرۆژەكان هەبێت و دەرگای هاوبەشیكردنیان بۆ بكەینەوە و گروپی كۆمپانیاكان دروست بكەین، بەڵام جێی داخە تا ئێستا یەك تێبینی و سەرنجمان بۆ نەهاتۆتەوە لەسەر ئەو هەموو پرۆژانەی كە مۆڵەتمان پێداون.
سەبارەت بە راوەستانی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون و گەیاندنی پرۆژە خزمەتگوزاریەكان لەلایەن وەزارەتە پێوەندارەكانەوە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان وتی : بەشێك لەهۆكاری راوەستانی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون بۆ كەموكوڕیی یا سەرپێچیكردنی وەبەرهێنەرەكە دەگەڕێتەوە، تەنانەت حاڵەتی گۆڕینی جۆری پرۆژەكە بێ رەزامەندی ئێمە زۆرە هەر لەم روانگەیەشەوە مۆڵەتی 45 پرۆژەمان هەڵوەشاندۆتەوە . لەلایەكی ترەوە فراوانبوونی پرۆژەكان و بەرزبوونەوەی قەبارەیان لەتواناو ئیمكاناتی دەستەی وەبەرهێنان زیاتر بووە، بەبەراوردكردنێك لەسەر ژمارەو داتاكان و قەبارەی ئەو پرۆژانەی وەبەرهێنان كە ئێمە لێی بەرپرسیارین ئەو راستیەمان بۆ دەردەكەوێت كە ئەو پرۆژانەی ئێمە لێی بەرپرسیارین دەگاتە كۆی هەموو ئەو پرۆژانەی كە وەزارەتەكانی هەرێمی كوردستان لێی بەرپرسیارن، هەربۆیە هەوڵی ئەوەمان داوە بڕیاردان و سەرپەرشتیكردن لەناو پرۆسەی وەبەرهێنان بگوازرێتەوە بۆ وەزارەتە پەیوەندارەكان كە ژمارەیەكی زۆری ئەندازیارو ئیمكانات و كارمەندیان هەیە.
یەكێك لەو رەخنەو گلەییانەی لەكەرتی وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان دەگیرێت ئەوەیە كە زۆربەی وەبەرهێنەران روویان لەكەرتی نیشتەجێبوون كردووە و لەهەردوو كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی دووركەوتوونەتەوە لەمبارەیەوە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان وتی: سەرمایە روو لەو كەرتە دەكات كە جووڵەی خێراترو بەدەستهێنانی قازانجی خێراترە، هەروەها بازاڕو خواستی زیاتری لەسەرە، ئەمە هاوكات بوو لەگەڵ ئەوەی ئەو فلتەرانەی كە پێویست بوو لەیاساكەدا هەبێت پێشتر لەبەر قۆناغەكە نەبوو، هەر بۆیە یاساكەمان راگرتووە تا هەموار دەكرێتەوە پرۆژەكانی نیشتەجێبوونیش رادەگیرێت تا ئەو كاتەی یاساكە هەموار دەكرێتەوە و رێنمایی نوێ دەردەچێت و مامەڵەمان لەگەڵ پرسی نیشتەجێبوون دەگۆڕین.
لەبارەی ئەو رەخنەیەشەوە كە لە پرۆژەكانی وەبەرهێنان دەگیرێت بەوەی لەناوچەو پارێزگاو قەزاو ناحیەكان بەشێوەیەكی هاوسەنگ وەبەرهێنان دابەش نەبووە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان وتی: زۆرجار بەهەڵە لەوەبەرهێنان تێگەیشتووین؛ وەبەرهێنان بودجە نییە تاوەكو بەیەكسانی و هاوسەنگی بەسەر هەموو ناوچەو شوێنەكان دابەش بكرێت، وەبەرهێنان بریتییە لە تێڕوانینی وەبەرهێنەر و بیرۆكەی خۆیەتی و هەر ئەو بڕیار دەدات كە لەكوێ وەبەرهێنان دەكات. ئێمە وەكو دەستەی وەبەهێنان بەرپرسیار نین لەوەی وەبەرهێنەر لەكوێ كار دەكات، قەزامان هەیە كاری زۆری تێدا كراوەو قەزاشمان هەیە هیچ كاری تێدا نەكراوە .بەڵام سەڕەرای ئەوەش هەوڵمانداوە رێنمایی و ئاراستەیان بكەین، بەڵام دوا بڕیاری كاركردن و وەبەرهێنان لەلای وەبەرهێنەرەكە خۆیەتی.
ئێستا لەگەڵ وەزارەتە پێوەندارەكان سەرقاڵی دانانی پلانێكین تا وەكو ئەو پرۆژەو كارانەی ئەوان ناتوانن جێبەجێی بكەن یا لەبودجەكەدا جێگای نەكراوەتەوە بیدەنە ئێمەو رێكلام و بانگەشەی بۆ وەبەرهێنەران بكەین.
سەبارەت بەوەی زۆرجار هاووڵاتیان گلەیی لەوە دەكەن كە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی وەكو ئاو و كارەبا و ئاوەڕۆ و شەقام بە پڕۆژەكانیان نەگەیشتووە و وەزارەتەكانیش قسەی ئەوەیان هەیە كە ناتوانن پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەو هەموو پڕۆژە نیشتەجێیانە جێبەجێ بكەن، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان وتی: ئەم كێشەیە گەورەو بەردەوامە، ئێمە مۆڵەت بە هیچ پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان بەتایبەتی نیشتەجێبوون نادەین ئەگەر وەزارەتە پێوەندارەكان رەزامەندیان لەسەر نەبێت، ئەگەر وەزارەتەكان پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان لەلا زۆرو قورسە ئەوە پێویستە لەسەرەتادا رەزامەندی نەدەن و بە تەئكید هەموو ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونانەی وەبەرهێنان لەسەر ئاستی وەزیری وەزارەتە پێوەندارەكانەوە رەزامەندی وەرگیراوە، بەڵام دیارە ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانە و بەرنامە و پلانی وەزارەتەكانیش بۆ كارو پڕۆژەكانی خۆیان هەر هەمووی بۆتە فشارێكی گەورە لەسەریان و نەیانتوانیوە بۆ پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان جێبەجێ بكەن، هەر بۆیە هەندێ لەپڕۆژەكانی نیشتەجێبوونی وەبەرهێنان پڕۆژە خزمەتگوزاریەكانیان دواكەوتووە یا هەر پێ نەگەیشتووە.
سەبارەت بە كارو بەرنامە بۆ كەرتی پیشەسازی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان وتی: ئێستاكە پرۆژەكانی پیشەسازیمان گەیاندۆتە قۆناغێكی دیكە و سەرقاڵی دروستكردنی ناوچەی پیشەسازین لە شاری هەولێرو سلێمانی و ئەمەش قۆناغێكی باشی بڕیووە لەوەداین كە لەگەڵ چەند كۆمپانیا بەجیدی كار و گفتوگۆ كراوە و ئەو كۆمپانیانە لەمبارەوە بەباشی هاوكاری و ئاسانكاری حكومەتیان بۆیان دەركەوتووە و لە هەوڵی ئەوەداین لەماوەیەكی زۆر نزیكدا ئەو دوو پرۆژەیە بۆ خەڵك رابگەیەنین، لەلایەكی دیكە بیروبۆچوونمان وایە كە پرۆژەكانی وەبەرهێنان و سیستەمی سەرمایەگوزاری لە كوردستان پێویستە بچێتە قۆناغێكی دیكە و لە دروستكردنی هەردوو پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازی هەولێرو سلێمانی ئەگەر سەركەوتن بەدەست بێنین ئەوە شێواز و ئامرازەكانی كاركردن لە سێكتەری پیشەسازی دەگۆڕێت بەرەو ئاڕاستەیەكی زۆر بەرفرەوان كە مامەڵە لەگەڵ ناوچەیەكی گەورە یا شارۆچكەیەكی پیشەسازی بكەین نەك لەگەڵ پرۆژەیەكی پیشەسازی ئاسایی.
لەكۆتایی قسەكانیدا سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەدوا رێنمایی و راسپاردەكانی دەستەی وەبەرهێنان كرد و لەمبارەیەوە وتی : زیاتر لە160هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دروستكراوە یا لەژێر جێبەجێ كردنن ئەم كارانە هەر هەموو دەستەی وەبەرهێنان بەتەنیا كردوویەتی و سەرپەرشتیكردنی ئەم هەموو كارە قورسە و فشاری زۆری لەسەر دروست كردووین بەمەش كوالێتی یەكەكان دابەزیووە، هەر بۆیە لە ساڵی 2010 پێشنیارمان كرد كە پرسی نیشتەجێبوون ئاڵۆزە و دەستەی وەبەرهێنان لەچارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون بەرپرس نییە، بەڵكو هاوكارە بۆ كەمكردنەوەی كێشەكە و لەناو پێشنیارەكە داوامانكرد بۆ ئەم پرسە گرنگە دەستەی نیشتەجێبوون دابمەزرێت و لەسەر بنەمای ئەندازیاریی و لێكۆڵینەوەو توێژینەوەی كۆمەڵایەتی و ئابووری خاوەنی بڕیاری بێت و بەرنامە و پلانی خۆی دابنێت بۆ نیشتەجێبوون لە هەرێمی كوردستاندا و لە خەڵكی هەژارو كەمدەرامەتەوە دەست پێ بكات تا دەگاتە ئاستەكانی دیكەی كۆمەڵگاو خەڵكەكە ئەو پێشنیارە ئەو كات نەكرا، بەڵام ئێستا دەستەیەك لە ئەنجومەنی ئابووری پێكهێنرا و كاری جیدی دەكەن بۆ ئەوەی لەماوەی مانگێكدا رەشنووسی یاسایەك بۆ دەستەكە ئامادە بكەن و پێشكەش بە پەرلەمانی بكەن بۆ دامەزراندنی دەستەی نیشتەجێبوون و لەگەڵ تەواو بوونی ئەم پڕۆژەیە پرسی نیشتەجێبوون بەتەواوی وەكو مەلەفێك بەو دەستەیە دەسپێردرێت و ئەوان كار لەسەر نیشتەجێبوون دەكەن. سەبارەت بەراگرتنی هەندێ پڕۆژەی نیشتەجێبوون بۆ ئەم هۆكارانە دەگەڕێتەوە، یەكەم: هەندێ لە وەبەرهێنەران بەئەركەكانی خۆیان پابەند نەبوون و لە ئەنجامدا پڕۆژەكان دواكەوتووە و ئێمە بەسەریان فەرز دەكەین كە مافی هاووڵاتیان لە هەر شوێنێكە قەرەبووی بكەنەوە دەنا ئێمە ئامۆژگاری هاووڵاتییانمان كردووە كە كەیسەكان بۆ دادگا بگوازینەوە. دووەم: هۆكارێكی ديكەی كاریگەریش لە دواكەوتنی پرۆژەكان بۆ خزمەتگوزارییەكان دەگەڕێتەوە كە لەلایەن وەزارەت پێوەندارەكانەوە نەكراوە و لەمبارەوە ئێمە نامانەوێت بەشێوازێك لە شێوازەكان وەزارەتەكان ئیحراج بكەین كە نەتوانن بەرنامەكانی خۆیان لە وەزارەتەكان تەواو بكەن هەموو میزانییەكانی هەیانە تەرخانی بكەن بۆ خزمەتگوزاری پرۆژەكانی نیشتەجێبوونی دەستەی وەبەرهێنان. سێیەم: پێویستمان بە زانیاری و داتا وردو هەستیار هەیە وەكو ئەوەی ئایا چەند یەكەی نیشتەجێبوون پێویستە و ئەو یەكانە لەكوێ و لەچ ئاستێك بن و رووبەری یەكەكان چەند بێت و بەبڕی چەند تەواو بكرێت. لەبەر نەبوونی هەموو ئەو زانیاری و داتاو كەموكوڕی و هۆكارانەی ئاماژەمان پێكرد پێشنیاری راگرتنی ئەو پڕۆژانەمان كرد و لەلایەكی دیكەوە پێشنیارمان كردووە چیتر پڕۆژەی نیشتەجێبوون وەكو سێكتەری سەرمایەگوزاریی سەیر نەكرێت.
گوێڕایەڵی هاووڵاتیان بۆ پابەندبوون بەڕێنمایەكانمان و ئاگاداركردنەوەمان پێش ئەوەی گرێبەست لەگەڵ وەبەرهێنەرەكان بكەن دەبێت بە شێوازێك بۆ پارێزگاری لە مافەكانیان و بە وەبەرهێنەرەكانیش دەڵێین مافەكانی هاووڵاتیانیان لەئەستۆی دایە و دەستەی وەبەرهێنان پشتیوانی لە هاووڵاتیان دەكات و لەهەر شوێنێك مافی هاووڵاتیان خورابێت ئەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەموو توانایی یاسایی خۆمان بەكار دەهێنین لە كاتێكدا پێمان چارەسەر نەكرا ئەوە ئێمە و هاووڵاتییەكان بەیەكەوە بۆ وەرگرتنەوەی مافی هاووڵاتییەكان دەچینە دادگا.
چەند زانیارییەكی پێویست:
قەبارەی وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان: 26 ملیارو 574 ملیۆن دۆلار.
ژمارەی ئەو مۆڵەتانەی كە دەستەی وەبەرهێنان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنانی شارەكان لە 1/8/2006 ەوە تا 2/4/2013 داویانە 534 مۆڵەتە، كە بەمشێوەیە دابەشبووە، لەپارێزگای هەولێر: 254 مۆڵەت – لە پارێزگای سلێمانی 147 مۆڵەت – لە پارێزگای دهۆك:133 مۆڵەت.
قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی 3.480.115.919 كە 13 وڵات لەخۆدەگرێت ( ئەڵمانیا – ئەمەریكا- ئێران- ئیمارات- بەریتانیا – توركیا- جۆرجیا- روسیا- سوید – فەرەنسا – لوبنان – میسر- نیوزلەندا).
قەبارەی وەبەرهێنانی خۆماڵی: 21.656.666.732
قەبارەی وەبەهێنانی هاوبەش: 1.436.943.256
وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان بەسەر ئەم سێكتەرانە دابەشبووە( سەرمایە بەملیۆن دۆلار):
بازرگانی: 78 پرۆژە بەسەرمایەی 2.543.32
بانكەكان 2 پرۆژە بەسەرمایەی 740.00
تەندروستی 28 پرۆژە بەسەرمایەی 378.54
پیشەسازی 113 پرۆژە بەسەرمایەی 5.367.68
خزمەتگوزاری 4 پرۆژە بەسەرمایەی 38.75
گەشتیاری 85 پرۆژە بەسەرمایەی 2.246.87
گواستنەوە 1 پرۆژە بەسەرمایەی 70.00
فێركردن 14 پرۆژە بەسەرمایەی 664.91
كشتوكاڵ 22 پرۆژە بەسەرمایەی 674.14
نیشتەجێبوون 165 پرۆژە بەسەرمایەی 13.536.91
هونەری 4 پرۆژە بەسەرمایەی 11.76
وەرزشی 13 پرۆژە بەسەرمایەی 79.98
كۆی گشتی هەموو سێكتەرەكان 534 بەسەرمایەی 26.573.73