هاووڵاتیانی سۆران داوای جێبەجێكردنی بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ دەكەن
March 7, 2013
راپۆرتەکان
تەنیا بەئیدارەی سەربەخۆ چارەسەری گرفتەكانمان دەبێت؛ ئەمە وتەی یەكێك لەو هاووڵاتیانەیە كە رەخنەو گلەیی لەحكومەتی هەرێم هەبوو بەوەی لەماوەی رابردوودا نەتوانراوە بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ بۆ سۆران جێبەجێ بكرێت، قایمقامی سۆرانیش ئاماژە بەوە دەكات ناتوانرێت چیتر سۆران وەكو قەزایەك سەیر بكرێت، لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتوانی بۆ 186هەزار كەس زیادیكردووە كە 126هەزار هاووڵاتی لە ناو شارەكە دەژی و لەساڵی 2030 پێشبینی دەكرێت ئەم ژمارەیە بۆ 230 هەزار كەس زیاد بكات. هەربۆیە قایمقامی سۆران ئاماژە بەوە دەكات: گەشەو بەرفراوانی سۆران بە ئەندازەیەكە بە خزمەتگوزارییەكانی راناگەن، بەمشێوەیە سۆران لەدەڤەرەكەدا بەگەورەترین گردبوونەوەی دانیشتوان دادەنرێت كە 3 ناحیەو 450 گوندی هەیە.
هاووڵاتیان لەچاوەڕوانی پرۆژەی نوێدا
گەورەبوونی سۆران حاڵەتێكی وای دروست كردووە بەردەوام هاووڵاتیانی ئەم دەڤەرە لەچاوەڕێی پرۆژەو كاری نوێ دان، تەنانەت زۆر لە گەڕەكەكان لەبواری خزمەتگوزاری بێبەشن و كەموكورتی بەرچاو دەكەوێت، ئەمەش لەلایەن هاووڵاتیانەوە گلەیی و ناڕەزایەتی لێكەوتۆتەوە، لەبەسەركردنەوەیەكی گۆڤاری گوڵاندا، هاووڵاتیان پێیان وایە بەراورد بەساڵانی پێشوو حكومەت پرۆژەو كاری باشی ئەنجام داوە، بەڵام هێشتا كەموكورتی هەر ماوە، لەم رووەوە لە بابشتیان هاووڵاتیان پێیان وایە حكومەت پرۆژەو كاری باشی ئەنجام داوە، بەڵام كەموكوڕی هەر ماوەو كۆڵانەكان پێویستیان بەقیرتاوكردن هەیە. دانیشتوانی گەڕەكی جوندیان دووش ئاماژە بەوە دەكەن كەوا كۆڵان و شەقامەكانی گەڕەكەكەیان پێویستی بە ئاوەڕۆ و قیڕتاوكردن هەیە و رێگای دێلیزیانیش بەتەواوی تێكدراوەو چاك نەكراوەتەوە، لەناو شارەكەشدا هاتوچۆی ئۆتۆمبێل بێ سەروبەرە و قەرەباڵغەو بەپێی پێویست نییە بەتایبەتی لە چوار ڕیانەكاندا. دواكەوتنی ئەنجامدانی پرۆژەكان كاریگەری خراپی لەسەر خێرا گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان دروست كردووە لەمبارەیەوە لە گەڕەكی وەستا رەجەب هاووڵاتیەك بەناوی كازم قادر رەخنەی لەكەمی رێژەی جێبەجێكردنی پرۆژەكان هەبوو بەوەی بەبیانووی بارانبارینەوە كارەكان زۆر دواكەوتووە. گەورەبوونی سۆران وەكو ئاماژەمان پێدا بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەك لەگوندەكان بكەونە ناو سنووری شارەوانیەكەیەوە، ئەمەش پێویستی بەپرۆژەی خزمەتگوزاری هەیە لەمبارەیەوە هاووڵاتی محەمەد یوسف لە گوندی كەورێ داوای چاككردنی ڕێگاو شەقامەكانی ناو گوندەكە كرد. ئەمەو نەبوونی ئاوەڕۆش بەوتەی هاووڵاتیان هۆكاری سەرەكی نەخۆشی و پیسبوونی شارەكەیە. لەلایەكی ترەوە لەرووی تەندروستی و پەروەردەوە كە دوو كەرتی گرنگن چەندین داواكاری هەبوو لەوانە دابینكردنی پزیشكی پسپۆرو كارمەندی تەندروستی و دروستكردنی قوتابخانەی نوێ و باخچەی ساوایان، بۆ نموونە محەمەد عیسمەت لەقوتابخانەی هەڤاڵان باسی لەوە كرد كە 35 قوتابی لەپۆلێكدایەو قوتابخانەكەشیان دوو دەوامە. نەبوونی سەنتەرو یاریگای وەرزشی هاوچەرخ و دابونەریتی هەڵە ڕێگرە لەبەردەم پێشكەوتنی وەرزش بەتایبەتی لەناو ئافرەتان بگرە گەنجێك بەناوی ئازاد مەجید ئاماژەی بەتێكدانی یاریگای وەرزشی شارەكەیان كردوو داوای نۆژەنكردنەوەی ئەو یاریگایە دەكرد. سەبارەت بەگرفتی نیشتەجێبوون و گرانی نرخی كرێ كە پێویستی بەئەنجامدانی پرۆژەی خێرای نیشتەجێبوون هەیە، بەیەكێك لەداواكاری خەڵكی كرێچی لە سۆران دادەنرێت، لەمبارەیەوە هاووڵاتیان پێیان وایە گەر ئەو پێشینەیەی خانووبەرە نەبووایە گرفتی نیشتەجێبوون لەسۆران زۆر ئاڵۆز دەبوو. هەروەها هەندێ لەو خانووانەی هەیە زێدەڕۆن و بڕیار بوو تاپۆ بكرێن، زێدەڕۆیی خانووەكان بوو كە وایكرد لە زۆربەی گەڕەك و شوێنەكان نەتوانرێت شوێنی خزمەتگوزاری تێدا دیاری بكرێت و هەر لەسەرەتاوە ئەم شارە بەشێوەیەكی ناسروشتی دروست بووەو بەبێ رەچاوكردنی بنەماكانی شار خانوو دروستكرا. لەلایەكی ترەوە كێشەی مین و تەقەمەنی لەدەڤەرەكە بەو مەترسیانە دادەنرێت كە ساڵانە قوربانی لێدەكەوێتەوە و زۆر لەشارەزایانی ئەمبوارە پێیان وایە گەربێتوو كارەكان بەمشێوەیەی ئێستا بڕوات بەڕێوە تا 100 ساڵی دیكە ئەم كێشەیە كۆتایی نایەت و لەمەشدا ژمارەیەك لەهاووڵاتیان گلەیی و رەخنەیان لە بەڕێوەچوونی كارەكان هەیە، هەربۆیە پێویستە ئامێری پێشكەوتوو بهێنرێت و كاری زیاتر لەم رووەوە ئەنجام بدرێت .
لەخەلیفانیش كە ناحیەیەكی سەر بەسۆرانە ژمارەیەك هاووڵاتیان گلەییان لەپرۆژەكانی خزمەتگوزاریی شارەوانی هەبوو، بەتایبەت لەرووی دروستكردنی ئاوەڕۆوە، ئەمە جگە لەوەی ئاوەڕۆی خەلیفان تێكەڵ بەئاوی تاڤگەی گەلی عەلی بەگ بووە، لەلایەكی دیكەوە هاووڵاتیان داوای بینایەی نوێی قوتابخانەیان هەبوو، بەرادەیەك زۆر لەگوندەكان كێشەی نەبوونی بینایەی قوتابخانەیان هەبوو، ئەمە جگە لەداواكاری تاپۆكردنی ژمارەك لەخانووەكانی ئەم ناحیەیە. لەرووی كەرتی تەندروستیشەوە كێشەی میلاكات لەم ناحیەیە هێشتا چارەسەر نەكراوە. سەبارەت بە داواكاری و گلەییەكانی خەڵكی لە ناحیەی خەلیفان قایمقامی سۆران بەراشكاوانە پشتگیری داواكارییەكانی هاووڵاتیانی كردوو باسی لەوە كرد كەوا وەزیری تەندروستی بەڵێنی داوە نەخۆشخانەیەك لەسەنتەری ئەم ناحیەیە دروست بكات و گرفتی كەمی پزیشكی پسپۆرو میلاكاتیش چارەسەر بكرێت، بۆ چارەسەركردنی ئاوی ئاوەڕۆی قورسیش وتی : بۆ ئاوەڕۆی خەلیفان و سۆران كۆمپانیایەكی فەرەنسی لەسەر حیسابی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی فەرەنسا ماستەرپلانێكی دروست كردووەو بە جێبەجێ كردنی ئەم ماستەرپلانە كە پاڵاوگە و كارگەی ریسایكلین بۆ ئاوەڕۆ قوڕسەكانی خەلیفان و سۆران دادەنرێت و كێشەی پیسبوونی ئاوی رووبارو تاڤگەی عەلی بەگ نامێنێت، بەڵام دەبێت لەم رووەوە بودجە پەیدا بكرێت، تا ئەم پڕۆژەیەش دەكرێت پێویستە بە دانانی بۆری تیرە گەورە ئاوی ئاوەڕۆی خەلیفان لە تاڤگەكە دوور بخرێتەوە.
سۆران خزمەتگوزاری باشی بۆ كراوە، هەر ئەمەشە وایكردووە كەموكوڕییەكان كەم بێتەوە، بەرادەیەك ئاستی ژێرخانی خزمەتگوزارییەكانی گەیشتۆتە لە90%، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كەموكوڕیی نییە، چونكە فراوانبوونەكەی سۆران بێ ئەندازەیە. بۆ ئەمساڵیش بەپێی تواناو ئەو بودجەیەی بۆمان دیاریكراوە پرۆژەیەكی زۆری شارەوانی ئەنجام دەدەین بەتایبەت لە گەڕەكەكانی(بانە، كۆڕەك، گۆڕەز، ناوكۆك، زۆزگ، وەستا رەجەب، لەیز قەڵا..). لەگەڵ ئەم فراوانبوونەی سۆرانیش ژمارەی دانیشتوانەكەشی زیادیكردووە، هەربۆیە چیتر ناكرێت سۆران وەكو قەزایەك سەیر بكرێت، بەڵكو وەكو یەكەیەكی ئیداریی سەربەخۆو بۆ ئەمەش ماستەرپلان و بەرنامەی ستراتیژیمان داڕشتووە. بۆ نموونە بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەم ئاوی پرۆژەی ئاوی بێخاڵ و ئەمبارێكی دیكەی ئاو لەناو دیانە دروست دەكەین و چەندین پرۆژەی دیكە ئەنجام دراوە لەوانە (پڕۆژەی ئاوی بێخاڵ و دوو بۆڕی گەورەی دیكە هەر لە ناو بێخالەوە بۆ سۆران دێت و پڕۆژەی ئاوی كۆنی دیانا و پڕۆژەی ئاوی كاولۆكان نۆژەنی دەكەینەوە و پڕۆژەی كونەماسی كە لە بەرزێوەی دێتە سۆران)، ئەمە جگە لەوەی ئەمساڵ ئەو چەند گوندەی كە كارەبای نیشتمانیان نییە بۆ ئەوانیش كارەبای نیشتمانیان بۆ دەبەین، هەر لەبواری كارەبادا ئەمساڵ گرنگی بەرووناككردنەوەی شەقامەكان دەدەین. هەروەها لەبەرنامەدایە نەخۆشخانەی ئاشتی كە100قەرەوێڵەییە بكرێتەوەو نەخۆشخانەی كۆنی سۆرانیش دەكەینە نەخۆشخانەی فریاكەوتن. ئەمەو بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگای سۆران پارەیەكی باشی بۆ تەرخانكراوە. بۆ پارك و دروستكردنی باخچەو پانتایی سەوزایی لەناو شارەكەش دا 2 ملیار دینارمان بۆ ئەمساڵ داوا كردووە.
لە كەرتی پەروەردەش سۆران پێویستی بەقوتابخانەی نوێ هەیە و تا دێت ژمارەی قوتابیان زۆر بەخێرایی زیاد دەكات بۆنموونە بۆ ساڵی خوێندنی 2012 – 2013 لە سنووری قەزای سۆران 5هەزار قوتابی هاتوونەتە پۆلی یەكەمی بنەڕەتی ئەم ژمارەیەش زۆرەو پێویستی بە ئامادەكاریەكان هەیە. كێشەی سەرەكیی پەروەردەشمان میلاكاتی مامۆستایە بەتایبەتی بەو دامەزراندنەی ماوەی دوو سێ ساڵە پیادە دەكرێت كە لەگەڵ كەرتی پەروەردە ناگونجێت و سەركەوتوو نییە، چونكە دامەزراندن و دابەشكردنی مامۆستایەكان لەسەر ئاستی پارێزگایە و لە هەولێرەوە مامۆستام بۆ دەنێرن لەكاتێكدا 300مامۆستای دەرچووی كۆلیژمان هەیە تا ئێستا دانەمەزراون.
هەر لەرووی پرۆژەكانی شارەوانییەوە ئێستا پاككردنەوەی ناو شار دراوە بەكۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت، بەڵام كێشەمان لە فڕێدان و چارەسەركردنی زبڵوخاشاكەكە هەیەو پێویستە وەزارەتی شارەوانی مشوری كارگەیەكی ریسایكلین بخوات، لەرووی ڕێگاوبانیشەوە ئەمساڵ بەشێكی دیكەی ڕێگای نێوان حاجی ئۆمەران – سۆران چاك دەكەینەوە. لە90%ی ئەو پرۆژەو كارانەی جوانكاری كە لەسۆران دەكرێت لەسەر بودجەی پەرەپێدانە. ئەوەی زیاتر بۆ ئێمە كێشەیە دانەبەزینی دەسەڵاتەكانە بۆ خوارەوە كە ڕێگرە لەخێرا بەڕێوەچوونی كارەكان و چالاكیەكانمان. سەبارەت بە كارو پڕۆژە و ماستەرپلانی گەشتیاری بۆ دەڤەری سۆران قایمقامی سۆران وتی: ناوچە گەشتوگوزارییەكانی سنووری سۆران لە دەستی حكومەت نییە، هەر وەكو ئەوەی لە بێخاڵ و گەلی عەلی بەگ كراوەو بۆتە وێرانە، پێویستە بۆ گەشەكردنی گەشتوگوزار حكومەت وەزارەتێكی سەربەخۆ دابنێت و بودجەی پێویستی بۆ تەرخان بكات.
لەكۆتاییدا قایمقامی سۆران پێی وابوو گەورەبوون و فراوانبوونی سۆران لەوە دەرچووە وەكو قەزایەك مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت هەربۆیە پێویستە بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ جێبەجێ بكرێت.