هاووڵاتیانی لەیلان داوای پێشینەی خانووبەرەلەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن
February 7, 2013
راپۆرتەکان
لەیلان ئەو ناحیەی لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە و لەشاڵاوی تەرحیل و ئەنفالەكان سەرجەم گوندەكانی وێرانكراو بەشێكی زۆری دانیشتووانەكەشی دووچاری ئاوارەیی و دەربەدەری بوون و، كێڵگەكانی مین جێگای كێلگە كشتوكاڵی و بێستانەكانی گرتەوە، ئەمڕۆ خەڵكی بۆ زۆربەی گوندەكانیان گەڕاونەتەوەو ئاوەدانیان كردونەتەوە. لەیلان 14 هەزار كەسی تێدا نیشتەجێیە؛ لەكاتێكدا لەساڵی 1987 ئەم ژمارەیە زیاتر لە 96 هەزار كەس بووە. زۆر لەخەڵكی كەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی ناحیەكەیان بۆ خراپی ئاستی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەگەڕێنەوە بەتایبەتی لەگوندەكان، كە لەكۆی ئەو 46 گوندەی لەناوچەكە هەیە نزیكەی 10 گوندی ئاوەدان نەكراونەتەوە. لەم راپۆرتەدا زیاتر تیشك دەخەینە سەر پێداویستی خەڵكی لەیلان و لەنزیكەوە گوێبستی داواكارییەكانیان و رەخنەكانیان دەبین، هاوكات هەموو رەخنەو داواكارییەكانیان ئاڕاستەی لێپرسراوی یەكەی ئیداریی ناحیەكە دەكەین. لێرەدا پوختەی راوبۆچوون و لێدوانەكان بڵاودەكەینەوە.
هاووڵاتیان داوای پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەكەن
كەمی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و قەبارەی ئەو فەرامۆشكردنەی كە ناوچەكە لەچەند ساڵی رابردوو رووبەڕووی بۆتەوە، ئەوەمان پێ دەڵێت كە لەپێناوی مانەوەو راگرتنی كۆچكردن و گەڕانەوەی هاووڵاتیان بۆ گوندەكانیان ئەركی سەرشانی حكومەتی هەرێمە ئاوڕێك لەم ناوچە كوردستانییە بداتەوە، بەتایبەت لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و دامەزرانی گەنجەكانیان، چونكە حكومەتی عێراق بەوتەی خەڵك كەمترین كارو پڕۆژە لەم ناوچەیەدا جێبەجێ دەكات، لەم رووەوە هاووڵاتی شوان عەلی كە چەند ساڵێكە وەكو گرێبەست دامەزراوە پێی وایە: حكومەتی عێراقی كارو ئیش بۆ خەڵكی لەیلان ناكات و لەرووی دامەزراندنیشەوە بەتەواوەتی فەرامۆشی كردوون. هەروەها كێشەی زەویوزاریش بێ چارەسەركردن وەكو خۆی ماوەتەوە، لەمبارەیەوە هاووڵاتی حەسەن غازی وتی: مانەوەی كێشەی داگیركردنی زەوییە كشتوكاڵیەكان و نەگەڕانەوەی بۆ خاوەنەكانی پێویستی بەئاورلێدانەوەیەكی خێرا هەیە، چونكە ئەمە كێشەیەكی ئاڵۆزەو مەترسی كەوتنەوەی كێشەی كۆمەڵایەتی لێ دەكرێت. وەنەبێت گرفتەكانی خەڵكی لەیلان تەنیا مانەوەی شوێنەوارەكانی وێرانكردن و دەربەدەری بن كە لە دەرئەنجامی پڕۆسەی تەرحیل و تەعریب و ئەنفال دروست بووە، بەڵكو بوونی كەموكوڕی لەپڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و فەرامۆشكردنی ئەم ناوچەیە هەڕەشەیەكی نوێیە كە وایكردووە بەشێك لە دانیشتوانەكەی نەگەڕێنەوەو بگرە نزیكەی 10 گوندی كوردەكان ئاوەدان نەبوونەتەوە، ئەوەتا لەناو سەنتەری ناحیەكە ژمارەیەك لەهاووڵاتیان باسیان لەخراپی و بێسەروبەری شەقام و كۆڵانەكانیان دەكرد، دیمەنی چاڵ و خراپی شەقامەكانیش تەنیا واقیعێكی نیشان دەدات كە لەیلان پێویستی بە هەڵمەتێكی قیڕتاوكردن و دروستكردنی پرۆژەكانی ئاوەڕۆ هەیە، بەتایبەتی لەگەڕەكی حەكیماوە كە بەوتەی ژمارەیەك لەدانیشتاوانەكەی نەك تەنیا زۆربەی شەقامەكانی قیڕتاو نەكراوە، بەڵكو گرفتی ئاویخواردنەوەو نەبوونی باخچەو پاركی یاری منداڵانیشیان هەیە.
هەر لەدرێژەی سەردانەكەماندا بۆ ناحیەی لەیلان لەئاستی هەردوو كەرتی پەروەردەو تەندروستیمان پرسی، كە بارودۆخەكەیان لەبارودۆخی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی دیكە باشتر نییە، لەمبارەیەوە هاووڵاتی تاهیر جەرجیس ئاماژەی بە كۆنی بینایەی قوتابخانەكان و قەرەباڵغی پۆلەكانی خوێندنی كردوو و داوای لەلایەنی پێوەندار كرد چەند بینایەیەكی نوێی خوێندنیان بۆ دروست بكەن. ژمارەیەكیش لەقوتابیان قسەكانی ئەم هاووڵاتییەیان پشتڕاست كردەوەو ئەوانیش گلەیی و رەخنەیان هەبوو لەخراپی بینای قوتابخانەكان و قەرەباڵغی پۆلەكان، لەمبارەیەوە هەردوو قوتابی محەمەد شامیل و رووناك سەعید ئاماژەیان بەم كێشەیە كردوو پێیان وابوو گرفتەكە تەنیا لەبواری بینایەی قوتابخانەو كەمی میلاكاتی مامۆستا نییە، بەڵكو گرفتی خوێندنی كوردیش هەیە، بەوتەی ئەمان ئەو قوتابیانەی خوێندنی كوردی تەواو دەكەن لەهیچ زانكۆو پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان وەرناگیرێن، كاتێكیش لەزانكۆكانی عێراق وەردەگیرێن لەبەرئەوەی بەكوردی خوێندویانە زەحمەتە ئاستی خوێندنیان لە زانكۆكانی عێراق باش بێت، ئەم قوتابی یە داوای لەهەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كرد بۆ پاڵپشتیكردنی خوێندنی كوردی لەو ناوچانە گرنگە ئەو قوتابیانەی خوێندنی كوردیان تەواو كردووە لەزانكۆو پەیمانگاكانی كوردستان وەربگیرێن. سەبارەت بەكەرتی تەندروستیش هەروەكو خاتوو پەروین حوسێن كەموكوڕییەكانی ئەم كەرتەی لەناحیەكەیان شیكردەوەو وتی: بنكەیەكی تەندروستی بچووك لە لەیلان هەیە و كەموكوڕیی لەپزیشكی ئافرەتان و منداڵبوون و دەرمان و پشكنینەكان هەیە، هەربۆیە ناتوانرێت نەشتەرگەری لەم بنكەیەدا ئەنجام بدرێت. لەلایەكی ترەوە ژمارەیەك لە هاووڵاتیان رەخنەو گلەییان لەو دوكەڵ و پیسبوونی ژینگەیە هەبوو كە لەكاركردنی كارگەی چیمەنتۆی نزیك سنووری شارەوانی سەنتەری ناحیەی لەیلانەوە لەناوچەكە بڵاودەبێتەوە، هەر چەندە لەو كارگەیە خەڵكی ناحیەو سنوورەكەی لێ دادەمەزرێن، بەڵام تا ئێستاكە بۆ سنوورەكە هیچ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لەسەر ئەرك و داهاتەكانی ئەم كارگەیە ئەنجام نەدراوە.
لەدرێژەی سەردانەكەماندا بۆ لەیلان چەند پرسیارێكمان لەیەكەی ئیدارەی ناحیەكە كردوو لەوەڵامدا محەمەد وەیس عەلی بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان سەبارەت بەپڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و پێداویستیەكانی ناحیەكەیان پێی راگەیاندین: لەیلان رووی لەبەرفراوانی كردووەو بۆ ئەمەش پێویستمان بە كوژانەوەی زەوی دەبێت تاوەكو لایەنە خزمەتگوزارییەكان و پڕۆژەو قوتابخانەو بنكەی تەندروستی و باخچەو پاركی پێویستی بۆ جێبەجێ بكەین، بەڵام بۆ سوود وەرگرتنی دانیشتووانی لەیلان داواكارین لەحكومەتی هەرێم پێشینەی خانووبەرە وەكو هەموو كوردستان بۆ گوندنشینەكانی سنوورەكەشمان بدات، ئەمەش پاڵپشتی و هاندانێكی باشی ئاوەدانكردنەوەی گوندەكانە. لە وەڵامی پرسیارێكیشدا كە سەبارەت بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی لەبەڕێوەبەری ناحیەمان كرد ناوبراو وتی: رۆژانە لەلایەن شارەوانییەوە كاری پاككردنەوەو كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك بەڕێوەدەچێت، بەڵام لەم رووەوە كێشەمان لەكەمی كرێكارو كەمی مووچەی رۆژانەی كرێكارەكان هەیە، ساڵانەش بەپێی ئەو بودجەیەی بۆمان تەرخانكراوە پڕۆژەكانی ئاوەڕۆ ئەنجام دەدەین و لەڕێگای بیری ئیرتیوازیشەوە ئاوی خواردنەوەو بۆ ناحیەكەو هەموو گوندی سنوورەكە دابین كراوە، لەرووی قیرتاوو كۆنكرێتكردنی شەقام و شۆستەكانیشەوە هەر گەڕەك و كۆڵانێك پڕۆژەی بۆ نەكرابێت ساڵانە دەخرێتە بەرنامەو پلانەوە تاوەكو هەموو شەقامەكان قیڕتاو بكرێت. لەلایەكی تریشەوە تیمەكانی كارەبا سەرقاڵی راكێشانی كارەبان بۆ ئەو گوندانەی كە كارەبای نیشتمانییان نییە.
سەبارەت بەهەردوو كەرتی پەروەردە و تەندروستیش لەیلان پێویستی بەبینایەی قوتابخانەی نوێ هەیە بەتایبەتی لەهەندێك گوند كە بینایەی قوتابخانەی نییە، لەرووی میلاكاتی مامۆستاشەوە كەموكوڕی هەیە، بەڵام لەمانە گرنگتر گرنگیدانە بەخوێندنی كوردی لەرووی بینایەی قوتابخانەو مامۆستاو پێداویستییەكانیەوە.لەرووی تەندروستیشەوە راستە بەپێی پێویست گرنگیمان بەبنكە تەندروستیەكە داوە، بەڵام پێویستمان بەپزیشكی پسپۆرو شارەزایە لەبواری نەشتەرگەری و ئافرەتان و لەدایكبوون.
سەبارەت بەئاوەدان نەكردنەوەی زیاتر لە 10 گوندی ناحیەكە بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان وتی : مەسەلەی ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان بۆ چەند هۆیەك دەگەڕێتەوە؛ لەلایەك پرۆژەی خزمەتگوزاری وەكو ڕێگاوبانیان خراپە لەلایەكی تر گەرچی زۆر لەگوندەكان هەموو پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاریشیان بۆ كراوە، بەڵام خەڵكەكەی ناگەڕێنەوە، چونكە چەندین ساڵە لەشارەكان نیشتەجێبوون و فێری ژیانی شار بوون. ئێستا 10 گوندی سنوورەكەمان ئاوەدان نەبوونەتەوە گەر خەڵكی ئەو 10 گوندە بگەڕێنەوە ئەوا لەماوەیەكی كەمدا مشووری جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان دەخۆین. لەگەڵ ئەمەش دا ئێمە وەكو یەكەی ئیداری ناحیەكە سەردانی سلێمانی و هەولێرمان كردووەو داواشمان لە ئیدارەی كەركوك و رێكخراوەكان كردووە تاوەكو هەوڵی دروستكردن و چاككردنی ڕێگاوبانەكانی گوندەكان و پێداویستیەكانی تری خزمەتگوزاری بكەن. من پێم باشە بۆ زیاتر هاندانی ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان حكومەتی هەرێم پێشینەی خانووبەرە بداتە گوندنشینەكانی لەیلان، تاوەكو پاڵپشتی و هاندانێك بێت بۆ گەڕانەوەو ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان. چونكە ئێستا بەو پێیەی ئێمە لەدەرەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێمین هاووڵاتیان پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە نایانگرێتەوە.
مەسەلەی ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان تەنیا پێوەندی بە پڕۆژەی خزمەتگوزارییەوە نییە بەقەد ئەوەی پەیوەندی بەپڕۆژەكانی كشتوكاڵی و ئاودێری و زامنكردنی كارو كاسبی و داهاتیانەوە هەیە، ناكرێت لەسەرجەم سنوورەكەی لەیلان كە 70%ی زەوییەكانی دێمەكارەو وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق پڕۆژەی ئاودێری بۆ ئەنجام نەدابێ، كەچی بێین و باس لەئاوەدانكردنەوەی گوندەكان بكەین، هەربۆیە دروستكردنی پرۆژەی ئاودێری و دامەزرانی كارگەیەكی زەیت لەم ناوچەیە زۆر پێویستە، چونكە بەرهەمێكی زۆری گەنمەشامیمان هەیە، سەبارەت بەو كارگەی چیمەنتۆیەی كە لەسنوورەكەش هەیە نووسراوو داواكاریمان بۆ شارەوانی و پارێزگای كەركوك وەزارەتی پیشەسازی عێراق بەرزكردۆتەوە تاوەكو فیلتەر بۆ دوكەڵەكە دابنرێت و رەچاوی مەرج و رێنماییەكانی پاراستنی ژینگە بكرێت، ناكرێت لە لەیلان كارگەیەكی وا گەورە هەبێت كەچی پڕۆژەیەكی پارك و باخچەو پشتێنەی سەوزایی و بواری خزمەتگوزاری دیكە لەسەر داهاتی ئەو كارگەیە بۆ ناوچەكەمان جێبەجێ نەكرێت.