زاخـۆ.. لە چـاوەڕوانی بـــوونـی بەئیـدارەی سەربەخۆ
January 3, 2013
راپۆرتەکان
لە پاشان ئەو داواكاری و گلەیی هاووڵاتیان و چەندین پرسیاری دیكەمان ئاڕاستەی (خەلیل مەحمود) قایمقامی قەزای زاخۆ كرد. لە پوختەی داواكاری خەڵكەكە و وەڵامەكانی قایمقامدا ئەو راپۆرتە دەخەینەڕوو.
هاووڵاتیان: لە پەروەردەو تەندروستی و كۆڵان و شەقامەكاندا كەموكوڕیمان هەیە
لە سەرەتادا هاووڵاتیانی زاخۆ ئاماژەیان بە كێشەو گرفتە خزمەتگوزارییەكان بەگشتی كرد، لەمبارەیەوە سەڵاحەدین تۆفیق سەرپەرشتیاری پەروەردەی زمانی كوردی پێی وابوو: سەڕەرای ئەوەی پاش 21 ساڵ نەتوانرا ببینە خاوەنی شێوە زارو دیالێكتیكی یەكگرتووی زمان، كەچی لەبواری میلاكات و بینایەو مامۆستای وانەی كوردی و ئینگلیزی و وانە زانستیەكان و بیركاریش گرفتی یەكجار زۆرمان هەیە، بەرادەیەك لەگوندی قەرەوڵە قۆناغەكانی 7و8 مامۆستای كوردییان نییە، هەروەها ژمارەیەك لە قوتابیان باسیان لە دوو، سێ دەوامی دەكرد كە زۆربەی قوتابخانەكانی زاخۆ ئەو كێشەیەیان هەیە. سەبارەت بەپرۆژە خزمەتگوزارییەكانیش لەگەڕەكی عەباسیەو لە كەرتی مەهاباد هاووڵاتی بەرەڤان ئەحمەد گوتی: شەقامەكانی گەڕەكەكەمان قیڕتاو نەكراوە، لەلایەكی ترەوە بارودۆخی كەرتی تەندروستیش باش نییە كە بەرادەیەك بنكەكانی تەندروستی و نەخۆشخانەی زاخۆ كەموكوڕی زۆرە، هەر لە نەبوونی پزیشكی پسپۆڕو شارەزاو ئافرەتانەوە تا پێداویستیەكانی نەشتەرگەری. لە گەڕەكی هیزل هاووڵاتی سەلام مامەند سەبارەت بەهەمان گرفت گوتی: بنكەی تەندروستیمان نییە و نەخۆشخانەكەشمان لێ دوورە.
لەرووی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی شارەوانیشەوە هاووڵاتی شڤان ئیسماعیل لە گەڕەكی كۆنە سەربازگە لە كەرتی راستی پێی وابوو كەموكوڕی خزمەتگوزاری لە گەڕەكەكەیان زۆرە، ئەم هاووڵاتییە ئاماژەی بەداواكارییەكی سەرەكی هاووڵاتیانی گەڕەكەكەیان كرد ئەویش تاپۆكردنی خانووەكانیان بوو. هەروەها غازی حوسێن ئاماژەی بەوەدا كە كۆڵانەكانیان زۆر خراپە و لەم وەرزی زستانە سەرتاپای قوڕو لیتەیە و داواكار بوو شارەوانی پڕۆژەی قیڕتاو و شۆستەی ئەو گەڕەكە لە ریزبەندی كارو پلانەكانیان دابنێن، لە گەڕەكی تەلكەبەر نەوزاد میرزا هەمان گرفتی خراپی شەقام و كۆڵانەكانی هەبوو هاوكات داوای تاپۆكردنی خانووەكانیانی دەكرد. لەرووی پاكوخاوێنی ئاوی خواردنەوەشەوە مەردان حوسێن ئاماژەی بەوەدا تانكی و كۆگای ئاوی خواردنەوەی سەرەكی گەڕەكەكەیان ژەنگاوی بووەو پێویستە پەلە لە گۆڕین و تازەكردنەوەی تانكییەكان بكرێت. لە سەنتەری بازاڕی زاخۆ حیكمەت تاهیر ئاماژەی بەوەدا كە بەپێی ئەو گەورەبوونەی لە زاخۆ هەیە پێویستیان بە چەند باخچەو پاركی دیكە هەیە، ئەمە جگە لە داواكاری فراوانكردنی شەقامە ناوخۆییەكانی ناو سەنتەری زاخۆ كە قەرەباڵغیەكی زۆر بەخۆوە بینیوە.
ڕەخنەو داواكاری خەڵكی قەزای زاخۆمان بەرامبەر بە كەمی كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان ئاراستەی (خەلیل مەحمود) قایمقامی قەزای زاخۆ كردەوە و ئەویش زۆر بە راشكاوانە پەنجەی خستە سەر كەموكوڕییەكان و چۆنیەتی چارەسەركردنیان.
زێدەڕۆیی و تاپۆكردنی خانووەكان
سەرەتا قایمقامی زاخۆ سەبارەت بە ماستەرپلان و بەرفرەوانی شارۆچكەكە گوتی: ماستەرپلانی زاخۆ كە لە لایەن كۆمپانیای ڤۆیسینگی ئەلمانی ئەنجامدراوە تەنیا پەسندكردنی وەزارەتی شارەوانی ماوە، بەڵام كار و پڕۆژەكانی زاخۆ لەسەر نەخشەی بنەڕەتی جێبەجێ دەكرێت، لەكاتێكدا سەنتەری قەزاكە بەرفرەوانییەكی زۆری بەخۆوە بینیوە و دیاردەی زێدەڕۆیش لە رووی نیشتەجێبوونەوە بە تایبەتی لە كۆمەڵگاو شوێنە سەربازییەكان زۆرە وەكو (فرقەی كۆن)، بەڵام ماوەی دوو ساڵە بە شێوەیەكی زۆر باش رێگە لە دیاردەی زێدەڕۆی گیراوە و لە لایەن شارەوانی زاخۆوە دیزاینی گونجاو و جوان بۆ ئەو شوێنانە دروستكراوە تاوەكو بتوانری هاووڵاتیان دڵنیا بكەنەوە لە ئەنجامدانی پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری وەكو ئاو و ئاوەڕۆ و دروستكردنی شۆستەو قیڕتاوكردنی شەقام و كۆڵانەكانیان و تاپۆ كردنی خانووەكانیان.
زاخۆو ئیدارەیەكی سەربەخۆ
سەبارەت بەوەی كە خەڵكی زاخۆ داوایانكردبوو كە قەزاكەیان بكرێتە ئیدارەیەكی سەربەخۆ و ئەمە بەچی گەیشتووە؛ قایمقامی قەزای زاخۆ گوتی: زاخۆ بەرفرەوانی و گەشەكردنێكی گەورەو زۆری بەخۆوە بینووە و ئێستا وەكو شارێك وایە و خەڵكەكەشی مافی خۆیانە كە ئەو داوایە بخەنەڕوو، هەرچەندە حكومەتی هەرێم كارو پڕۆژەی باشی بۆ ئەنجام داوە، بەڵام بوون بە ئیدارەی سەربەخۆ وا دەكات بودجە و توانا و كارو پڕۆژەی باشتری بۆ ئەنجام بدرێت. لە ساڵی رابردوو لەلایەن جەنابی سەرۆكی هەرێم بڕیاردرا چەند شوێنێك بكرێتە ئیدارەی سەربەخۆ یەكێك لەمانە زاخۆ بوو، ئەم ساڵیش كە رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە 25/9/2012 كە سەردانی زاخۆی كرد ئەم پرسیارو داوایە لە بەرێزیان دووپات كرایەوە و ئەم داخوازییە زیاتر بۆ گرنگیدانی پترو باشترە بە قەزاو سنوورەكە، لەلایەكی دیكە لە لایەن سەرۆكی حكومەت بڕیاردرا فەرمانگەكانی زاخۆ بۆ ئەوەی توانا و دەسەڵاتیان زیاتر بێت بكرێنە بەڕێوەبەرایەتی و لەم لایەنەشەوە پارێزگای دهۆك زۆر هاوكاری و یارمەتی داوین، ئەمەش هەنگاوێكی باش بوو بۆ زیاتر گرنگیدان و گەشەكردنی شارەكە.
گرفتی ئاوی خواردنەوە
كێشەی ئاو و تازەكردنەوەی تۆڕی دابەشكردنی ئاو لە ناو هەندێ گەڕەك و شوێنی شارۆچكەی زاخۆ بوونی هەیە لەم رووەوە قایمقامی قەزای زاخۆ گوتی: زاخۆ پڕۆژەیەكی ئاوی خواردنەوەی هەیە كە سەرچاوەكەی ئاوی خاپورە و ئێستاكەش ئاو بۆ 90%ی سەنتەری قەزاكە دابین دەكات، بەڵام لە ناو هەندێ گەڕەك و شوێنی شارۆچكەكە كێشەی كۆنی تۆڕی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوەمان هەیە، هەر بۆیە لە 70%ی تۆڕەكانمان تازە كردۆتەوە، بەڵام هەر كێشەو كەموكوڕی ماوە و هەندێ لە گەڕەك و شوێنەكان گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوەیان هەیە و لە هەوڵی ئەو داین بە زووترین كات تۆڕی ئاوی ئەو گەڕەكانەش بگۆڕین، لە لایەكی دیكەوە لە هەندێ گوند و كۆمەڵگای سنوورەكەو ناحیەی باتیڤیا بەتایبەتی لە دەركارێ تا دەگاتە بێرسیڤێ كەموكوڕی و كێشە لە ئاوی خواردنەوە هەیە، هەر بۆیە پڕۆژەیەكی دیكەی ئاوی خواردنەوە بۆ سنوورەكە پێشنیار كراوە كە جێبەجێ بكرێت كە ئەم پڕۆژەیە بۆ ناحیەی باتیڤیا و كۆمەڵگای مانگێشكێیە و رەزامەندیشی لەسەر دراوە.
كێشەی میلاكات لە قوتابخانەكان
سەبارەت بەكەرتی پەروەردە قایمقامی زاخۆ گوتی: ژمارەی قوتابیان لەزاخۆ زۆر زیادی كردووە و ئێستاكە لە سنووری زاخۆ زیاتر لە85 هەزار قوتابی هەیە و ساڵ لە دوای ساڵیش زیاتر دەبێت، بۆیە سێ ساڵ پێش ئێستاكە زۆربەی قوتابخانەكان قەرەباڵغ و چوار دەوامی و سێ دەوامی بوون، بەڵام ماوەی دوو ساڵە بەتایبەتی لە كابینەی7ی حكومەتی هەرێم كەرتی پەروەردە گرنگیەكی زۆرو تایبەتی پێدراوە، ژمارەیەك بینایەی قوتابخانەی هاوچەرخ و باش لە سەنتەری شارۆچكەكە و سنوورەكە دروستكراوە، بەمەش توانراو چوار دەوامی نەمێنێت و سێ دەوامیش زۆر كەم بۆتەوە و قوتابخانەكان زیاتر دوو دەوامین و ئێستاكەش 10 بینایەی قوتابخانەی جۆراوجۆر كە هەندێكیان 18 پۆڵییە و یەكێكیان 27 پۆلییە لەژێر جێبەجێ كردن دانە و بەتەواوبوونی ئەم قوتابخانانە ئەوە رەوشی پەروەردە لە رووی قەرەباڵغی و دوو دەوامی زۆر كەم دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوانەش ساڵانە هەر پێویستمان بەبینایەی دیكە دەبێت، هەروەها لە سەردانەكەی ئەم دواییەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ زاخۆ بڕیاری دا كە چوار بینایەی قوتابخانەی 18پۆلی كە دووانی لە سەنتەری قەزا و یەكێك لە ناحیەی باتیڤیاو یەكێكیش لە داركارێ دروست بكرێت، هاوكات هەندێ قوتابخانەش هەیە كە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، لەلایەكی دیكەوە لە هەموو گوندەكانی ئاوەدانكراوەتەوە لە سنوورەكەدا ئەگەر ژمارەی قوتابیانیان 10قوتابیش بێت ئەوە قوتابخانەیان هەیە و لە رووی میلاكاتیشەوە كەموكوڕی و كێشەمان لە قوتابخانەكان هەیە بەتایبەتی لە كەمی و نەبوونی مامۆستای وانەی كوردی و ئینگلیزی و زانستەكاندا، هەر چەندە ساڵانە ژمارەیەكی باشیش مامۆستامان بۆ دادەمەزرێنن، بەڵام ئێستاش زۆر پێویستمان بەرێژەیەكی باشی مامۆستا هەیە و بڕیارە لە پڕۆسەی دامەزراندنی ئەمساڵدا ژمارەیەكی باش مامۆستامان بۆ دابمەزرێن.
كەرتی تەندروستی و گرفتی میلاكات
سەبارەت بەكەرتی تەندروستی و كێشە و كەموكوڕی و ئەو پرۆژەو كارانەی ئێستا بۆی دەكرێت قایمقامی قەزای زاخۆ ئاماژەی بەوەدا لە سنووری زاخۆ 17 بنكەی تەندروستی و نەخۆشخانە هەیە و دوو نەخۆشخانەش كە یەكێكیان بۆ منداڵان و لە دایكبوونە و ئەوەكەی تریش 200 قەرەوێڵەییە بەناوی نەخۆشخانەی بێدارێ تازە دروستكراون، كێشەی ئێمە لەڕووی تەندروستییەوە كەمی و نەبوونی ستافی نەخۆشخانە و تەندروستییە و لەدامەزراندنی ئەمساڵدا بڕیارە گرنگیەكی تایبەت بە زاخۆ و سنوورەكە بدەن و لە كەرتی تەندروستی ژمارەیەكی باشمان بۆ دابمەزرێنن.
پڕۆژەكانی شارەوانی
سەبارەت بە پڕۆژەكانی شارەوانی قایمقامی زاخۆ گوتی : ساڵانە بەبەردەوامی لە ناو كۆڵان و گەڕەكەكانی سەنتەری قەزاو ناحیەو كۆمەڵگاكان پڕۆژەمان هەیە، بەڵام زاخۆ جگە لەوەی سنوورەكی بەرفرەوانە و ساڵ لەدوای ساڵیش گەورەتر دەبێت، بۆیە بەردەوام پێویستی بە كارو پڕۆژەی خزمەتگوزارییە بە تایبەتی رێكخستن و دروستكردنی شۆستەو قیڕتاو كردن، گەرچی ئێستا لە ناو زاخۆ لە چەندین گەڕەكدا پڕۆژەی شۆستەو قیڕتاو كردن لەژێر ئەنجام دانەو لە بواری كارو پڕۆژەكانی شارەوانی و گەشتوگوزاردا ئێستا 43پڕۆژەی لە ژێر جێبەجێ كردن دایە و زۆربەشیان لە قۆناغی كۆتایدان كە بودجەی هەموو ئەو پڕۆژانە 70ملیار دینارە، سەرەڕای ئەوانەش زۆر گەڕەك و كۆڵان ماوە شۆستەو قیڕتاوی بۆ بكەین. ئەمەو سەبارەت بە كۆكردنەوەی زبڵوخاشاك قایمقامی زاخۆ گوتی: لە رووی پاكوخاوێنی تا رادەیەكی باش توانراوە پارێزگاری لە كۆڵان و گەڕەكەكانی ناو قەزاكە بكرێت، بەڵام كێشەی ئێمە لە سستەم و شێوازی خۆ رزگاركردن لە زبڵوخاشاكەكەیە، لەمبارەوە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایەی ناو شارەكە پاك دەكاتەوە رێككەوتووین كە چارەسەری زبڵوخاشاكەكەشمان بۆ بكەن، كۆمپانیاكەش هەندێك ئامێری هێناوە لە شوێنێكی دوورو گونجاوی سنوورەكەی داناوە و زبڵوخاشاكەكەی قەزای زاخۆ لەوێ كەپسی دەكەن و بۆ كارگەی ریسایكلینی كاشێ دەیگوازنەوە.
پردی دەلال
لەتەوەرێكی دیكەدا قایمقامی زاخۆ باسی لە پردی دەلال كردوو گوتی: ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەواری دهۆك و بەسەرپەرشتی و چاودێری یۆنسكۆ دەستیان بەكاركردن لەسەر نۆژەنكردنەوەی پردی دەلال كردووە، هاوكات بۆ هاتوچۆكردنی هاووڵاتیان و گەشتیاران لەسەر ئاوەكە پردێكی كۆنكرێتی بەرفرەوانی سەردەمیانە دروستكرا و لە 70%ی پڕۆژەكەش جێبەجێكراوە.
یاریگای وەرزشی نێودەوڵەتی زاخۆ
سەبارەت بەگرنگیدان بەبواری وەرزش و لاوان قایمقامی زاخۆ گوتی: زاخۆ لە بواری وەرزش لەسەر ئاستی كوردستان و عیراق لە ئاستێكی زۆر باش و بەرزە، لە لایەنی گۆڕەپان و یاریگای وەرزشی سێ یاریگای بچوك كراوەو دوو یاریگای گەورەی هەیە، هەروەها ئێستاكە گۆڕەپانێكی بەرفراوانی نێودەوڵەتی بە ناوی یاریگای وەرزشی زاخۆ دروست دەكرێت كە نزیكەی 20هەزار كەس تێیدا جێگای دەبێتەوە و لە 75%ی تەواو بووە و لەسەردانی ئەم دوایەی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كابینەی 7دا بڕیاریدا كە یاریگاكە بەرفراوان بكرێت و سەری یاریگاكەش بگیرێت و ببێتە یاریگایەكی داخراو و دەوروبەری یاریگاكەش شەقامی بۆ دروست بكرێ.
ناوچەی بازاڕی ئازاد
لەكۆتایی دا قایمقامی زاخۆ ئاماژەی بەناوچەی بازاڕی ئازاد كرد كە پڕۆژەیەكی گرنگەو بەردی بناغەی بۆ دانراوە، بەڵام هێشتا نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەلایەكی دیكەوە قایمقامی زاخۆ ئاماژەیان بەدابەزاندنی دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی كردوو ئەوەی روون كردەوە كە سەڕەرای بوونی دەسەڵات لەقایمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتییەكانیان، بەڵام داوایان كردووە دەسەڵاتەكانیان زیاتر بۆ بێتە خوارەوە.