هـاووڵاتیانی عەربەت.. لە سنوورەكەدا بەگشتی كێشەی ئاویخواردنەوەمان هەیە

هـاووڵاتیانی عەربەت.. لە سنوورەكەدا بەگشتی كێشەی ئاویخواردنەوەمان هەیە
عەربەت كەناسراوە بە ناحیەی تانجەرۆ لەساڵی 1919 بووە بە ناحیەو 76 گوند لەخۆ دەگرێت، لەم چەند ساڵەی دواییدا گەشەسەندنێكی فراوانی بەخۆوە بینیوە، ئەمەش بۆ نزیكایی لەسەنتەری شاری سلێمانی دەگەڕێتەوە كە تەنیا 14 كیلۆمەتر لێوەی دوورە، ژمارەی دانیشتوانی سەرجەم ناحیەكە نزیكەی 47 هەزار كەسی لێ نیشتەجێیە، عەربەت پێشتر بەناوچەیەكی كشتوكاڵی ناسرابوو بەڵام ئێستا بەرەو ناوچەیەكی پیشەسازی دەچێت، چونكە زۆربەی زەوییەكانی لەسەر ماستەرپلانی سلێمانی رووەو پڕۆژەكانی پیشەسازی دەچێت. وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان لەسەردانێكماندا بۆ ناحیەی تانجەرۆ چەند هاووڵاتیەكمان دواندو ئەو رەخنەو داواكارییەی هاووڵاتیان و چەند پرسیارێكی ترمان رووبەڕووی (هۆشیار مستەفا) بەڕێوەبەری ناحیەی تانجەرۆ كردەوە.

هاووڵاتیان چاوەڕوانی پرۆژەكانی خزمەتگوزارین
نەبوونی خزمەتگوزارییە پێویستەكان بەیەكێك لەو كێشەو گرفتە سەرەكییانە دادەنرێت كە هاووڵاتیانی ئەم ناحیەیە لەچاوەڕوانی چارەسەركردنین بەتایبەتی لەگەڕەكەكانی عەربەتی كۆن، لەمبارەیەوە لە گەڕەكی ئاشتی هاووڵاتی نەبەز قادر وتی:( كەموكوڕی خزمەتگوزاری لەهەموو شارۆچكەكە هەیە بە تایبەتی لەو گەڕەكانەی تازە بنیادنراون لەگەڵ گەڕەكەكانی عەربەتی كۆن، لە گەڕەكەكەی ئێمە ئاویخواردنەوەمان بەپێی پێویست بۆ دابین نەكراوەو شۆستەو شەقام و كۆڵانەكان چاك نەكراون و زۆر بێسەروبەرن. چەندین ساڵیشە داوا دەكەین قیرتاو و كۆنكرێت كردنی ئەو شەقام و كۆڵانانە بخرێتە بەرنامەو پلانی حكومەتەوە. هاوكات ئەم هاووڵاتییە باسی لەگرفتی كۆكردنەوەو گواستنەوەی زبڵوخاشاك كرد كە بەپێی پێویست شارەوانی بەئەركی خۆیان هەڵناسن هۆكارەكەشی بۆ كەمی كرێكار و ئامێری زبڵ كۆكردنەوە گەڕاندەوە. هەروەها باسی لە نەبوونی سەنتەرەكانی لاوان و رۆشنبیری كرد كە وایكردووە لەهاوینان قوتابیان و لاوانی ئەم شارۆچكەیە نەتوانن مومارەسەی حەزو خولیاكانیان بكەن. هەر سەبارەت بەكێشەی خزمەتگوزاری هاووڵاتی هێمن فایەق وتی: كێشەی خزمەتگوزاری لەناحیەكەمان زۆرە، هاوكات هەندێك كێشەش هەیە كە تایبەتە بەگەڕەكێكەوە وەك ئەو كێشەیەی ماوەیەكە 23 ماڵ بەدەستیەوە دەناڵێنین و خەریكە لەسەری كۆڵانەكە پارچە زەوییەك بكرێتە خانوو كە سەر ڕێگای ئەو ماڵانەیە بەمەش سەری كۆڵانەكە دەگیرێت و ناتوانین هاتوچۆی تێدابكەین، هەربۆیە داواكارین حكومەتی هەرێم مشوری چارەسەركردنی ئەم كێشەیەمان بۆ بخوات. لە گەڕەكی قەڵاتیش هاووڵاتی محەمەد عەلی وتی: ئێمە كێشەی دووری قوتابخانەمان هەیە و لەكاتی هاتوچۆی منداڵەكانمان بەتایبەتی لە وەرزی باران و زستان تووشی زەحمەتی و ماندووبوونێكی زۆر دەبن، بەتایبەتی لەناحیەیەكدا كە هەموو شەقام و كۆڵانەكان قیڕتاو و كۆنكرێت نەكراون، لێرەدا داواكارین لە حكومەت و شارەوانی لەڕیزبەندی پڕۆژەكاندا قیڕتاو و كۆنكرێتكردنی كۆڵان و شەقامەكانی گەڕەكەكەمان بۆ بخەنە ڕیزبەندی بەرنامە و كارەكانیان. یەكێك لەو گەڕەكانەی زۆر فەرامۆشكراوە گەڕەكی عەربەتی كۆنە هەربۆیە لەسەردانێكماندا بۆ ئەو گەڕەكە هاووڵاتی سیروان كانەبی وتی: عەربەتی كۆن لە هەموو بوارەكانی خزمەتگوزاری فەرامۆشكراوە و خەڵكەشی زۆر هەژارو كەمدەرامەتن یەكێك لەو لایەنانەی زۆر بێزاری كردووین كۆنەكردنەوەی زبڵوخاشاكی گەڕەكەكەیە بەپێی پێویست و خراپی و بێسەروبەری كۆڵانەكانەو نەبوونی شۆستەو باخچەو پانتایی سەوزایی لە گەڕەكەكەدا، هەرچەندە هەموو عەربەت ئێستاكە بەناوبانگە بەوەی كە دارودرەختی زۆر كەمەو باخچەیەكی گەورەی نییە، لەلایەكی تر سووتاندنی زبڵوخاشاك لە دەوروبەری ناحیەكە سەرتاپای ئاسمانی عەربەت دەكاتە دوكەڵ و ژینگەكەی پیسكردووە، ئەمەش پێویستی بەچارەسەركردن هەیە بەتایبەتی دوورخستەوەی زبڵەكە، ئێستا دەتوانم بڵێم سەنتەری ناحیەكە بە وەرزی هاوین وەكو نیمچە بیابانێك وایەو خەڵكی كەدێتە ناو گەڕەكەكان دڵتەنگ دەبێت. هەر لە عەربەتی كۆن سەبارەت بەگرفتی ئاویخواردنەوەو خراپی كۆڵان و شەقامەكان هاووڵاتی فەهیم محەمەد وتی: هەندێ ڕۆژ ئاومان بۆ نایەت و كۆڵانەكەمان زۆر خراپە و پێویستی بەچاككردن و قیرتاوكردن هەیە و شارەوانیش هەموو ڕۆژێك زبڵوخاشاكی ماڵەكان كۆناكاتەوە، بەم هاوینەش ئەگەر زبڵ بمێنێتەوە بۆگەن دەكات و خەڵكەكە هەراسان دەبێت لەبەر بۆن و مێش و مەگەز. هاووڵاتی نادر ڕەسولیش سەبارەت بە تاپۆنەكردنی خانووەكانیان وتی: ناحیەكەمان بەپێی پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوەو كەموكوڕی خزمەتگوزاری زۆرە، تا ئێستاش بەشێكی زۆر لە خانووەكانمان تاپۆیان نییەو قوتابخانەكانمان دوو، سێ دەوامین و پێویستمان بە بینایەی تری قوتابخانە و نەخۆشخانە هەیە، چونكە ئێستا لەو 2 بنكە تەندروستییەی كە هەیە پزیشكی پسپۆڕو نەشتەرگەری ئافرەتانی نییەو داودەرمانی كەمەو پشكنینەكانی بۆ نەخۆش پێویستن لە نەخۆشخانەی عەربەت نییەو دەبێت بۆ زۆربەی حاڵەتەكانی نەخۆشی و پشكنین بچینە سلێمانی، لەلایەكی ترەوە عەربەت پێویستی بە باخچەی ساوایان و باخچەو پاركە لەم لایەنانە بەتەواوی فەرامۆشكراوین. هەر سەبارەت بەكەموكورتی كەرتی تەندروستی و پەروەردە هاووڵاتی ڕەمەزان مەجید هەمان قسەی كرد بەوەی پێویستە چەند پزیشكێكی پسپۆڕ و شارەزا بۆ بنكەی تەندروستی عەربەت دابین بكرێت و ژمارەیەكیش لە پرۆژەی بینایەی قوتابخانە جێبەجێ بكرێن، سەبارەت بەجوانكردنی ناحیەكەش ئەم هاووڵاتییە داوای لەشارەوانی كرد لەوەرزی دارودرەخت چاندن هەڵمەتێكی فراوان بۆ چاندنی نەمام و درەخت بكرێت و ناوچەی سەوزایی و دروستكردنی باخچە ئەنجام بدەن، هەروەها داواشی كرد ناوچەی پیشەسازی لەدەروازەی شار دووربخرێتەوەو بۆ جوانكاری و كەمكردنەوەی قەرەباڵغی و پاراستنی ژینگەی شوێنێكی شیاو بۆ ناوچەی پیشەسازی دابین بكەن و ئەو كارگەو پیشەوەرانەش بگوازنەوە.
بۆ بەدواداچوون لەسەر گلەیی و داواكاریی خەڵكی سنوورەكە بەتایبەتی سەنتەری ناحیەكە چەندین پرسیارمان لەسەر كێشەو كەموكوڕی خزمەتگوزارییەكان ڕووبەڕووی هۆشیار مستەفا بەڕێوەبەری ناحیەی تانجەڕۆ كردەوە كە پوختەی وەڵامەكانی لێرەدا بڵاودەكەینەوە.


بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت(تانجەرۆ):گرفتی كەمی بینایەی قوتابخانەو نەبوونی نەخۆشخانەمان هەیە






فراوانبوونی عەربەت و
نەبوونی پرۆژەی گەورەی ئاویخواردنەوە
سەبارەت بەبوونی كێشەو گرفتەكان بەڕێوەبەری ناحیەی تانجەرۆ پاڵپشتی قسەكانی هاووڵاتیانی كردوو لەمبارەیەوە وتی: هەر لەسەرەتاوە لەناوچەی عەربەت كێشەو گرفتی زۆر بوونیان هەبووە، هەر لەنەبوونی پرۆژەی گەورەی ئاویخواردنەوەو قیرو كۆنكرێتكردنی شەقام و كۆڵانەكان تا مەسەلەی تاپۆكردنی خانوو، ئەمە جگە لەگرفتی كەمی بینایەی قوتابخانە، ئێستاكە هەوڵەكانمان بەردەوامە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم ئەو گرفتانە. هەروەها نەخشەی بنەڕەتیمان هەیە، بەڵام ناحیەكە ماستەرپلانی نییە لەگەڵ فراوانبوونی سەنتەری ناحیەكەش لەڕێگای شارەوانییەوە كار كراوە، بۆ ئەم مەبەستەش دەستكراوە بە كوژانەوەی سەدان دۆنم زەویی كشتوكاڵی و خاوەنی زەوییە كشتوكاڵییەكانیش بەپێی یاساو ڕێنماییەكان قەرەبوو كرانەوە، لەبواری زێدەڕۆیش ئێستا كۆنترۆڵی ئەو دیاردەیە لە عەربەت كراوە یەكێك لەو شوێنانەی زێدەڕۆیی تێدا كراوە عەربەتی كۆنە، بەڵام ئەو زێدەڕۆیانەش گەربێتوو لەگەڵ نەخشەی بنەڕەتی شارەوانی نەگونجێت كاری یاساییان بۆ ناكرێت، چونكە هەر زێدەڕۆییەك لەناحیەكە كرابێت پێویستە لەگەڵ نەخشەی بنەڕەتی بگونجێت و كاریگەری لەسەر كۆڵان و دیزاینی گەڕەكەكەو شوێنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان نەبێت، ئەو كات دەتوانرێت بەپێی ڕێنمایی و یاساوە بەسەر خاوەنەكانیان تاپۆ بكرێت، بۆ ئەو خانووانەش كە تاپۆیان نییە، هەوڵ و گفتوگۆ لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران دراوە كە بۆیان تاپۆ بكرێت.
گرفتی كەمی بینایەی قوتابخانە
سەبارەت بەكێشەكانی كەرتی پەروەردە بەڕێوەبەری ناحیە وتی: لەبواری خوێندن عەربەت كێشەو كەموكوڕی زۆری هەیە، گرفتی كەمی قوتابخانەكانمان هەیە، بەڕادەیەك دوو دەوام و سێ دەوامی لەقوتابخانەكانی عەربەت بوونی ماوە، بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتەو وەك هەنگاوێكی كاتی كابینەمان بۆ هەردوو ئامادەییەكە دابینكردووەو لەمانگی 9ی ئەمساڵیشدا قوتابخانەیەكی 18 پۆلی تەواو دەبێت، هەروەها قوتابخانەیەكی تری 18 پۆلی لە عەربەتی خوارەوە دەست بەدروستكردنی دەكرێت، بەڵام بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن سوودی لێوەرناگرین بەڵكو بۆ خوێندنی 2013- 2014 سوودی لێوەردەگرین، ئەمانەش چارەسەری تەواوی كێشەی كەمی بینایەكانی قوتابخانەكان ناكات، بەڵكو پێویستە هەر لە ئێستاوە لەم ساڵەدا هەنگاوی خێراو فراوان و جیدی بنرێت تاوەكو لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی قوتابی بینایەی قوتابخانە دروست بكرێت بەتایبەتی قوتابخانەیەكی 18پۆڵی بۆ عەربەتی خواروو دروست بكات. هاوكات لەهەندێ گوندی سنوورەكەش كێشەی بینایەی قوتابخانەمان هەیە كە زۆر پێویستە چارەسەر بكرێت، هەروەها وەكو هەموو شوێنكی تری ئەو هەرێمە كێشەی میلاكاتی مامۆستامان هەیە كە لەگەڵ ئەو قوتابخانە 18پۆلییەی لە عەربەت دروستكراوە كە دەبێتە قوتابخانەیەكی ئامادەیی بەشی وێژەیی و زانستی كە هەموو پێداویستییەكی خوێندنی تێدا فەراهم كراوەو دەمێنێتەوە سەر ئەوەی كە پەروەردەی سلێمانی لە چوارچێوەی دامەزراندنی ئەمساڵدا مامۆستاو میلاكاتی بەپێی پێویست بۆ دابمەزرێنێت.
گرفتی كەرتی تەندروستی
سەبارەت بە كێشەو كەموكوڕیەكانی كەرتی تەندروستی بەڕێوەبەری ناحیەی تانجەڕۆ وتی: لە ناو سەنتەری شارۆچكەی عەربەت دوو بنكەی تەندروستی هەیە كە یەكێكیان گەورەیە، سەرەڕای ئەوەی ئەو بنكانە 4پزیشكی لێیە، بەڵام هێشتا لە ڕووی پزیشكی پسپۆڕ و نەشتەرگەری و ئافرەتان و هەندێ پشكنین و داودەرمان كەموكوڕی هەیە و لەلایەكی تر پێویستمان بە نەخۆشخانەیەكی قەرەوێڵەیی هەیە بۆ ئەو مەبەستەش داوامان بۆ لایەنی پێوەندار بەرزكردۆتەوە كە نەخۆشخانەیەكی 40 قەرەوێڵەیی لە عەربەت دروست بكەن و لەڕووی تەندروستیەوە بۆ گوندەكان بەپێی سیستەمی كۆن و ئەوەی لەلایەنی بەرپرس هەیە كە بەهەر چەند گوندێك پێویستە بنكەیەكیان بۆ بكرێتەوە بەمەرجێك دووری گوندەكان لە بنكەكە 5تا 8كیلۆمەتر زیاتر نەبێت، هەروەها لەسەر بودجەی پەرەپێدانە داوامانكردووە كە بنكەیەكی تەندروستی لە گوندی قسر كە كۆمەڵە گوندێكی لێ نزیكە دروست بكرێت.
كێشەی كەم ئاوی
سەبارەت بە كێشەی كەمئاوی و چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەو لایەنە گرنگەی كە پێوەندی گرنگ و ڕاستەوخۆی بە خەڵكەكەوە هەیە بەڕێوەبەری ناحیەی تانجەڕۆ وتی: لەبواری ئاویخواردنەوەدا عەربەت و سنوورەكە بەگشتی كێشەی ئاومان هەیە، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سنوورەكە وشكە و ئاوی ژێر زەوی ئاستی زۆر نزمە و شارۆچكەی عەربەت بۆ ئاویخواردنەوە پشتی بە ئاوی بۆسانسور بەستووە و هەر كاتێك ئاوی بۆسانسور وشك بكات هەر وەكو ساڵانی وشكە ساڵی ئەوە عەربەتیش بێ ئاو دەبێت و زەڕاین و هەڵەبجەی تازەش لەسەر ئاوی بۆسانسۆرە، بەڵام لەكاتێكدا ئاو بۆ زەڕاین و هەڵەبجەی تازە لە دەریاچەی دەربەندیخانەوە بێنن ئەوە ئێمە كێشەی ئاویخواردنەوەمان نامێنێت تەنیا لە كاتی وشكەساڵی و وشك كردنی ئاوی بۆسانسۆر نەبێت. هەروەها ئێمە ناتوانین پشت بە بیر ببەستین، چونكە بیرمان لێداوە ئاوەكەی سوێرو تاڵە. لە هەندێ گوندیش كە كێشەی نەبوون و كەمی ئاویان هەیە بەتانكەر ئاویان بەسەر دابەش دەكرێت. بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەم ئاوی ئەو گوندانە ڕەزامەندی پارێزگارو لایەنی بەرپرس وەرگیراوە كە بیریان بۆ لێبدرێت و بودجەش بەپێی پێویست بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە تەرخانكراوە.
50%ی كێشەی ئاوەڕۆ چارەسەر دەكەین
هاوكات لەبواری ئاوەڕۆوە كێشە لە عەربەت هەیە، بۆیە ئێستاكە دوو پڕۆژەی گەورەی ئاوەڕۆ لەژێر ئەنجامدانە كە لەسەر بودجەی نەوتی ساڵی ڕابردووە كە بەشێكی ئەو پڕۆژانە كەوتۆتە گەڕەكی فەرمانبەران و سەروەران و بەشێكیشی لە گەڕەكی ئاشتییە كە ئێستا كاری تێدا دەكرێت و بەپێی بەرنامەكە ئەو پڕۆژەیە پێش هاتنی وەرزی زستان دەبێت تەواو بێت و بەتەواوبوونی ئەو دوو پڕۆژەیە لە50%ی كێشەی ئاوەڕۆی ناحیەكە چارەسەر دەبێت. هەروەها ئەمساڵ بەبڕی بودجەی 4ملیار و نیو دینار پڕۆژەمان داواو پێشكەش بە حكومەت و لایەنی پێوەنداری كردووە، لەلایەكی تر ئێمە تا كێشەی پڕۆژەكانی ژێر زەوی وەكو ئاو و ئاوەڕۆ تەواو چارەسەر نەكەین دەست بە پڕۆژەكانی سەر زەوی وەكو شۆستەو قیڕتاو و كۆنكرێت ناكەین و لەهەر شوێن و گەڕەك و كۆلانێك پڕۆژەكانی ژێر زەوی جێبەجێكرا ئەوە ڕاستەوخۆ دەست بە كارو پڕۆژەی شۆستەو قیڕتاو و كۆنكرێتی شەقام و كۆڵانەكان دەكەین .
بەشێوەیەكی ناتەندروست زبڵ و خاشاك فڕێ دەدرێت
سەبارەت بە كۆكردنەوەو خۆڕزگاركردن لەزبڵوخاشاك لە ناو سەنتەری شارۆچكەكەدا بەڕێوەبەری ناحیەی تانجەڕۆ وتی: لە شارەوانی ژمارەیەك كرێكارمان بە گرێبەست دامەزراندووەو هەرچەندە ژمارەی كرێكارەكان كەمە، بەڵام ئەو كرێكارانە بەچەند تیمێك ڕۆژانە هەڵدەستن بە كۆكردنەوەی زبڵوخاشاكی ناو سەنتەری ناحیەو گەڕەكەكان و لەپاشان دەیگوازنەوە بۆ دەرەوەی شارۆچكەكە و بە شێوەیەكی ناتەندروست خۆ لە زبڵوخاشاكەكە رزگار دەكەین و زیاتر كارەكە بە سووتاندنی زبڵەكەیە كەئەمەش دوكەڵێكی زۆر بڵاودەكاتەوەو هۆكاری سەرەكی پیسبوونی ژینگەی سنوورەكەیە و ئەو سیستەمەی تا ئێستا لەلایەن شارەوانییەوە بۆ كۆكردنەوەو خۆڕزگاركردنی زبڵوخاشاك بەكاردێت كۆن و تەقلیدیە كە ئەمەش كێشەی بەشی زۆری هەرێمی كوردستانە لەمبارەوە بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەو لایەنە خزمەتگوزارییە گرنگە بە كەرتی تایبەت و كۆمپانیای شارەزاو خاوەن ئەزموون بدرێت و كارگەیەكی ڕیسایكلینیش لە سنوورەكە یا لەنزیك سنوورەكە دابمەزرێنین، سەبارەت بەو كرێكارانەی كە گرێبەستن لەماوەی ڕابردوو كە جێگری سەرۆكی حكومەت سەردانی كردین داوامان لێی كرد كە ئەو كرێكارانەمان بۆ دابمەزرێنێت بە شێوەی هەمیشەی كە سوودی بۆ ئێمەو شارەكەو كرێكارەكانیش هەیەو لەمبارەشەوە ڕەزامەندی دەربڕی. لەلایەكی تر عەربەتی كۆن كە ناوەندی ئەو شارۆچكەیە بووە هیچ كارو پڕۆژەیەكی بۆ نەكراوە بۆیە لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا یەك ملیار دیناری بۆ كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی تەرخانكراوەو ماوەتەوە سەر شارەوانی كە دەرخستەو رووپێوی بۆ ئەنجام بدات لەپاشان كارو پڕۆژەكانی عەربەت دەست پێ دەكات.
نەبوونی دەسەڵاتی دارایی كاروبارەكانمانی پەكخستووە
سەبارەت بە دابەزاندنی دەسەڵات بەتایبەتی دەسەڵاتی كارگێڕی ودارایی بەڕێوەبەری ناحیەی تانجەڕۆ وتی: من لەگەڵ ئەوەدام كە دەسەڵاتەكان لامەركەزی بێت و لەسەرەوە بۆ خوارەوە دابەزێت، چونكە بەدابەزاندنی دەسەڵات ئیش و كارەكان خیراترو باشتر بەڕێوەدەچێت و ڕۆتینیش لەبەر دەمی كارو پڕۆژەو هاووڵاتیان كەم دەبێتەوە و لەكاتی كە وەزارەت و لایەنە پێوەندارەكان داوای پڕۆژەكان دەكەن ئێمە بەپێی پێویستی ناحیەو سنوورەكە ڕیزبەندی پڕۆژەكان دیاری دەكەین و بۆیان دەنێرین، ئەوانیش كاری خۆیانی لەسەر دەكەن و بودجەكەی دیاری دەكەن، بەڵام پەسندكردنی بودجە كە دوادەكەوێت هەر وەكو ئەمساڵ وا دەكات كارو پڕۆژەكان دوا بكەوێت یا ئەمساڵ لەلایەن وەزارەتەكانەوە هیچ پڕۆژەیەك ئەنجام نەدرێت، گەرچی كارو پڕۆژەكانی پەرەپێدانی پارێزگاكان لەكات و ساتی خۆی كاری لەسەر دەكرێت و جێبەجێ دەبێت، هەروەها نەبوونی ئەندازیار لە یەكە ئیداریەكان كاریگەری خراپی لەسەر كارو ئیشەكان هەیە. لەلایەكی تر لە هەموو كارو پڕۆژەیەك بۆ ناحیەكە و سنوورەكە لەسەرەتای پڕۆژەكەو لەكاتی ئەنجامدانی پڕۆژەكەو لە تەواو بوون و وەرگرتنی پڕۆژەكەش پرس بە ئێمە وەكو بەرپرسی یەكەی ئیداری دەكەن و ماف و هەقیش بە ئێمە دەدەن كە بەدواداچوون لەسەر پڕۆژەكانیش بكەین. هەروەها نەبوونی دەسەڵاتی دارایی و نەبوونی بودجەیەك بۆ هەندێ كارو پڕۆژەی بەتایبەتی بۆ گۆڕینی بۆڕیەكی ئاو یا كڕینی پێداویستیەك بۆ قوتابخانە یا بۆ مزگەوتێك پێویستە چارەسەر بكرێت، بەڵام ئێستاكە تەنیا دوو ملیۆن دینار دەرماڵەی خەرجی ناو یەكە ئیدارییەكەمان هەیە كەئەمەش بەشی هیچ ناكات.
Top