هـاووڵاتـیانی بەحــركــەو دارەشــەكــران چــــاوەڕوانی ئاوڕلێدانەوەی حكومەتی هەرێمن

هـاووڵاتـیانی بەحــركــەو دارەشــەكــران چــــاوەڕوانی ئاوڕلێدانەوەی حكومەتی هەرێمن
سنووری بەحركەو دارەشەكران كە دەكەونە باكوری شاری هەولێرەوەو چەندین گوند لەخۆدەگرێت، بەمەش جگە لەوەی ئەم ناوچەیە سنوورێكی بەرفراوانی هەیە، هاوكات ژمارەی دانیشتووانەكانیشی رووی لەزیادبوون كردووە، لەسەردانێكی تیمی گۆڤاری گوڵان بۆ هەردوو ناحیەكە لەنزیكەوە هاووڵاتیانی بەحركەو دارەشەكرانمان دواند كە گلەیی و رەخنەو داواكارییان لەكەمی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان هەبوو، بەرپرسانی یەكە ئیدارییەكانیش قسەكانی هاووڵاتیانیان پشت راست كردەوەو داوایان لەوەزارەت و لایەنە پێوەندارەكان كرد ئاوڕێكی جیدیانەو خێرا لەناوچەكانیان بدەنەوە، كە لێرەدا رەخنەو داواكارییەكانی هاووڵاتیان و قسەكانی بەرپرسانی یەكە ئیدارییەكان لەدوو توێی ئەم راپۆرتەدا دەیخەینەڕوو.



خراپی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان
بەحركە لەساڵی 2002 بوو بەناحیە كە پێشتر كۆمەڵگایەك بوو سەر بەناحیەی عەنكاوە، نزیكەی 30 گوندو كۆمەڵگای پیرزین و شاخۆڵان لەسنووری ناحیەكەدا هەیە، ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی 50 هەزار كەس دەبێت و بەناوچەیەكی كشتوكاڵی دادەنرێت، لەبەرهەمی گەنم و چۆدا لەناوچە هەرە دەوڵەمەندەكانی كوردستان دادەنرێت. لێرەو لەوێ هاووڵاتیانی سەنتەری ناحیەو سنوورەكە گلەیی و داواكارییان لەسەر كارو پرۆژە خزمەتگوزارییەكان هەیە، وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان سەردانی سەنتەری ناحیەكەمان كردوو لەنزیكەوە چەندین هاووڵاتیانمان دواند، داواكاری هاووڵاتییان و چەندین پرسیاری ترمان ئاراستەی نەبەز عەبدولحەمید بەڕێوەبەری ناحیەی بەحركە كرد.



نەبوونی خزمەتگوزاری
سەرەتا لەگەڕەكی ئاشتی لەناحیەی بەحركە هاووڵاتییەك بەناوی سەركەوت عوسمان وتی: شارەوانی بەحركە لە ئاست كارو پڕۆژەكاندا بە تایبەتی لەكۆكردنەوەو فڕێدانی زبڵوخاشاك كەمتەرخەمە، هەر بۆیە ئەگەر سەیری زۆربەی كۆڵان و گەڕەكەكان بكەین دەبینین پیسی و زبڵوخاشاكیان تێدا پەرشوبڵاو بۆتەوە، هەر لەمبارەیەوە هاووڵاتیانیش و هەر كەسە بە شێوەیەك و بە ئارەزووی خۆی زبڵەكانیان فڕێدەدەن و هاوكاری شارەوانی ناكەن. هەروەها لە چەند كۆڵانێكی تر لەگەڕەكی ئاشتی هاووڵاتی ئەنوەر عەلی وتی: لەم بەشەی گەڕەكەكەمان كەموكوڕی زۆرە لەوانە بیری ئاویخواردنەوەی گەڕەكەكەمان وشكی كردووە و پڕۆژەی تۆڕی ئاویخواردنەوەشمان لەژێر نۆژەنكردنەوەدایە، بۆیە كێشەی نەبوونی ئاویخواردنەوەمان هەیە و لەلایەن حكومەتەوە بە تانكەر ئاومان بۆ دێنن، لەلایەكی ترەوە ماوەیەكە كارەبای نیشتمانی دەبڕێت و لەو كاتانەدا موەلیدەی ئەهلی كارەبامان پێ نادات و تیمەكانی كۆكردنەوەی زبڵوخاشاكیش كەمتەرخەمن و بەباشی كۆڵانەكان پاك ناكەنەوە. سەلیم حوسێن وتی: هەندێ لە كۆڵان و ماڵەكان تۆڕی كارەبای بۆ نەهاتووەو لە دوور كارەبامان ڕاكێشاوە یا هەندێ ماڵ كارەبامان نییە و كۆڵان و شەقامەكانی گەڕەكەشمان قیرتاو كۆنكرێت نەكراوە، ئەمەش تووشی زەحمەتی و ناخۆشیمان دەكات چ لەوەرزی زستان چ لە هاوین دا. هەروەها فەتحی شێروانی وتی: شەقامی سەرەكی ناو بەحركە پێویستی بە پردی پەڕینەوە هەیە و ڕووداوی بەركەوتنی هاووڵاتیانی لێ دەكەوێتەوە، چونكە ئەو ڕێگا سەرەكییە ئاموشۆی زۆر لەسەرەو قەرەباڵغە، هەروەها بنكەی تەندروستی شارۆچكەكە زۆر بچووكەو كەموكوڕی لەبواری پزیشكی دا هەیە، قوتابخانەكانیش زۆربەیان دوو دەوامین و كێشەی بینایەو میلاكاتی مامۆستاشمان هەیە. محەمەد عوسمان لەگەڕەكی پەككەوتەكانەوە وتی: شەقام و كۆڵانەكان قیڕتاوو كۆنكرێت نەكراون و قوتابخانەش لێرەوە دوورە ڕۆژانە قوتابیان بۆ ماوەیەك بەپێیان هاتوچۆ دەكەن و داواكارین قوتابخانەیەكمان بۆ دروست بكرێت، هەروەها زۆربەی خانووەكانی ناو سەنتەری ناحیەكەش تاپۆیان نییە. هاووڵاتی عەزیز هەمزە لە گەڕەكی نەورۆز وتی: ماوەی ساڵێك دەبێت لەو گەڕەك و كۆڵانانە خەریكی پڕۆژەیەكی ئاوەڕۆن كەچی تا ئێستا تەواو نەبووەو دەڵێن هۆكارەكەش بۆ سستی كۆمپانیاو بەڵێندەرەكە دەگەڕێتەوە و دیارە حكومەتیش بەدواداچوونی بەدواوە ناكات، لەلایەكی ترەوە هەموو كۆڵان و شەقامەكانمان بێسەروبەرەو هەر لە گوندێكی گەورە دەچێت و تا ئێستاكە پڕۆژەی قیڕتاو یا كۆنكریت كردنی بۆ دەرنەچووە. هەروەها ژمارەیەكی تر لە هاووڵاتیان لە گەڕەكی بەهارو قەڵات وتیان لە زۆربەی خزمەتگوزارییەكان كێشە و كەموڕیمان هەیە و دواكارین ئەو ساڵ لەم حكومەتە تازەیەدا پڕۆژە سەرەتایی و سەرەكییەكانی ژیانمان وەكو ئاو و ئاوەڕۆ و قیڕتاو و قوتابخانە بۆ جێبەجێ بكەن. ساڵ لە دوای ساڵ شارۆچكەكە بەرفراوان و قەرەباڵغتر دەبێت كە ئەو كات داخوازی خەڵك زیاتر دەبێت و كێشە خزمەتگوزارییەكان زیاد دەبێت و لایەنی پێوەندار ناتوانێت بەسەر كەموكوڕی كێشەكاندا زاڵ بێت.
ئەو كات كێشەی تاپۆی خانووەكان
بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ڕەخنەو داواكاری هاووڵاتیان چەند پرسیارێكمان ئاراستەی نەبەز عەبدولحەمید بەڕێوەبەری ناحیەی بەحركە كرد، سەرەتا سەبارەت بەفراوانبوونی سنووری شارەوانی ناحیەكەو ئەنجامدانی ماستەرپلان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی كارو پرۆژەكان وتی: لەگەڵ دانانی ماستەرپلان بۆ شاری هەولێر كە پرۆژەكە بۆ زیاتر لە 25 ساڵ دانراوە بەشێكی سەنتەری ناحیەكەمان دەكەوێتە ناو ئەو ماستەرپلانە بەتایبەتی لەناو پشتێنەی سەوزی هەولێرەوە، ناحیەكەی ئێمەش نەخشەی بنەڕەتی خۆی هەیە، هەرچەندە لەماوەی ساڵانی رابردوو ناحیەكەمان گۆڕانكاری زۆری بەسەردا هاتووە، بەڵام بەو پێیەی بەشێكی زۆری ناحیەكەمان دەكەوێتە ناو ئەو ماستەرپلانەی هەولێر هەربۆیە پێویستە زیاتر پرۆژەو كاری جوانكاری بۆ بكرێت. ناحیەی بەحركە بەشێكی زۆر كەمی خانووەكانی تاپۆیان هەیە، ئەمە كێشەیەكەو خەڵكی زۆر داواكارییان لەم رووەوە هەیە، ئومێدەوارین كێشەی تاپۆی خانووەكانی بەحركە چارەسەر بكرێت كە ئێستا لیژنەی تایبەت لەئەنجومەنی وەزیران دامەزراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە. لەلایەكی ترەوە كێشەی زێدەڕۆیی بەیەكێك لەو كێشانە دادەنرێت كە رووبەرووی ئیدارە دەبێتەوە، وەكو یەكەی ئیدارە توانیومانە ئەم دیاردەیە كۆنترۆڵ بكەین .
كەموكوڕی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون
سەبارەت بەپرۆژەكانی وەبەرهێنان بەتایبەتی لەرووی نێشتەجێبوونەوە كە ژمارەیەكی زۆر لەو یەكەی نیشتەجێبووانە لەسنوورەكە ئەنجامدراوە بەڕێوەبەری ناحیەی بەحركە وتی: ئامانجی حكومەت لە پرۆژەكانی نیشتەجێبوون ئەوەیە خەڵكی سوود لەو پرۆژانە وەربگرێت بەتایبەتی هەژارو كرێچی، بەڵام بەداخەوە كەمترین كەس لەو جۆرە خەڵكە هەژارو كەمدەرامەتانە سوودیان لێوەرگرتووە و كەموكوڕیەكی زۆریشی تێكەوت، لەلایەكی ترەوە خەڵكانێك هەڵساون لەسەر خانوو و یەكەی نیشتەجێبووەكان كڕین و فرۆشتنی لەسەر دەكەن و نرخەكانی زۆر بەرزبوونەتەوە، هەروەها لەئەنجامدانی ئەو پرۆژانەی نیشتەجێبووندا كە لەسنوورەكە ئەنجامدراوە هیچ پرس بەئێمە نەكراوە.
گرفتی ئاویخواردنەوە
بەڕێوەبەری ناحیەی بەحركە سەبارەت بەكێشەی ئاویخواردنەوە وتی: لەسنووری بەحركە بەتایبەتی لەسەنتەری شارۆچكەكەدا كێشەی ئاویخواردنەوە هەیە، چونكە لەچەند ساڵی رابردوو وشكەساڵی بووە ئاوی ژێر زەوی دابەزیوەو ئەمساڵیش ئاستی ئاوی ژێر زەوی زیاتر دابەزیوە، هەر بۆیە چەندین بیری ئاویخواردنەوە وشكی كردووە. ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە، چونكە ئێمە لەرووی دابینكردنی ئاویخواردنەوەوە بۆ سەنتەری ناحیەو سنوورەكە پشت بەبیر دەبەستین، لەلایەكی تر لەگەڕەكە تازە و ئەوانەی كۆنیش كە تۆڕی ئاویخواردنەوەیان نییە یا پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە لەكاتی نەبوون یا كەمی ئاویخواردنەوە بەتانكەر ئاویان بۆ دابین دەكەین، سەرەڕای ئەمەش لەو گەڕەكانە ئێستاكە پڕۆژەی تۆڕی ئاویخواردنەوەیان لەژێر جێبەجێكردندایە، هاوكات هەر گوندێكی سنوورەكە پێویستی بە ئاوبێت بە تانكەر ئاویان بەسەر دابەش دەكەین، لەلایەكی تر لە هەر شوێن و گەڕەكێك بیرە ئاوەكانی وشكی كردبێت بیری بەدیلیان بۆ لێدەدرێت. لێرەدا داواكارین بۆ سنوورەكەمان بۆ دابینكردن و چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی كە لە گوندی گەزنەو سەنتەری ناحیەكە تا ڕادەیەك هەیە بودجەی زیاتر تەرخان بكرێت.
كەمی بینایەی قوتابخانە
سەبارەت بە پەروەردەو كێشەو كەموڕییەكانی ئەم كەرتە بەڕێوەبەری ناحیەی بەحركە وتی: ئێمەش لە قوتابخانەكان كێشەی قەرەباڵغیمان لە ناو پۆلەكاندا هەیە و زانستی و پەروەردەیی نییە ئەگەر هەر پۆلێك 70قوتابی لێبێت كە ئەمە یەكێكە لەو كێشانەی لە بەحركە هەیە و قوتابخانەكانیش زیاتر دوو دەوامین بۆیە پێویستمان بە چەند بینایەی تری قوتابحانە هەیە و لەبواری میلاكاتیش پێویستمان بە مامۆستای ئینگلیزی و وانە زانستییەكان هەیە.
كەموكوڕی بواری تەندروستی
سەبارەت بە كەموكوڕی و كێشەكانی تەندروستی بەڕێوەبەری شارۆچكەی بەحركە وتی: سیستەمی تەندرووستی لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا هەر كۆنە و لەگەڵ ئەو سەردەمە گونجاو نییە، چونكە لە ناو سەنتەری ناحیەكەدا بنكەی تەندرووستی هەیە، گەرچی پێویستە بنكەی تەندرووستی تەنیا لە گوندەكان هەبێت و لە ناو ناحیەكەدا بنكەی پێشكەوتوو و بەرفرەوان یا نەخۆشخانەی چەند قەرەوێلەی هەبێت. بەڵام لەبەرئەوەی سیستمەكە كۆنە تا ئێستا بیر لەو كارانە نەكراوەتەوە لەبواری تەندروستی كە ئاماژەم پێدا. بەشێوەیەكی كشتی كەموكوڕی لە بواری تەندروستی هەیەو پێویستی بەچارەسەركردن هەیە بەتایبەتی لە دابینكردنی ئامێرو داودەرمانی باش و پێویست و پزیشكی شارەزاو پسپۆر لەبوارەكانی نەشتەرگەری و ئافرەتان .
زبڵوخاشاك
سەبارەت بەكۆكردنەوەو خۆ ڕزگاركردن لە زبڵوخاشاك لەسەنتەری ناحیەی بەحركە نەبەز عەبدولحەمید وتی: زبڵ و خاشاك كێشەیەكی گەورەی ئێمەیە بەتایبەتی لەساڵانی رابردوو، بەڵام ئێستاكە ئەو كۆمپانیانەی ناو شاری هەولێر پاك دەكەنەوە ناحیەی بەحركەش خراوەتە ئەستۆیان، بەڵام تا ئێستا ئیششوكارەكانیان بەباشی بەڕێوەنەبردووەو گلەیی و رەخنەیەكی زۆرمان لەسەریان هەیە. لەلایەكی ترەوە لەبواری ئاوەڕۆشەوە كەموكوڕی و كێشەمان هەیە، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی رابردوو تا ئێستا بەبڕی 2 ملیار دینار پرۆژەی ئاوەڕۆ لەناحیەكە جێبەجێ كراوە بەڵام پێویستیمان بەپرۆژەی فراوانترو زیاتر هەیە.
كشتوكاڵ رووی لەكەمبوونەوە كردووە
سەبارەت بەكەرتی كشتوكاڵ بەڕێوەبەری ناحیەی بەحركە وتی: جگە لەوەی وەزارەتی كشتوكاڵ ستراتیژییەتی نەبووە بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ هاوكات زەوی كشتوكاڵیشمان بەهۆی یەكەكانی نیشتەجێبوونەوە كەم بووەتەوە.
لەكۆتایی دا بەڕێوەبەری ناحیەی بەحركە وتی: لەناو سەنتەری ناحیە بەتایبەتی لەگەڕەكە تازەكان پێویستمان بەكارو پرۆژەو هەڵمەتی قیرتاوكردن هەیە، ئەمساڵیش چەند گەڕەك و شوێنێك هەڵمەتی قیرتاوكردنی بۆ ئەنجام دەدەین، داواكاریشین لەحكومەتی هەرێمی كوردستان چاوخشاندنەوەیەك بەدابەزاندنی دەسەڵاتەكان بكات.
دارەشەكران كێشەو كەموكوڕی زۆری هەیە
دارەشەكران لەساڵی 2004 بوو بە ناحیەو 26 گوند لەسنوورەكەیدا هەیە، ژمارەی دانیشتوانی 9000 كەسە، سنوورێكی بەرفراوانی هەیەو بەناوچەیەكی كشتوكاڵی دادەنرێت، دوای ئەوەی كرا بەناحیە هەندێك پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام لێرەو لەوێ هاووڵاتیانی سەنتەری ناحیەكەو سنوورەكە رەخنەو گلەییان لەبوارە خزمەتگوزارییەكان هەیە، ئێمەش وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان لەنزیكەوە گوێبستی ژمارەیەك لەهاووڵاتیان بووین، داواكاری و گلەیی و گازندەكانی ئەو ناحیەیەو چەند پرسیارێكی ترمان ئاراستەی كەریم محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی دارەشەكران كرد.
سەرەتا هاووڵاتی سالار مەجید كە خەڵكی یەكێك لە گوندەكانی سنوورەكە بوو وتی: سنوورەكەمان بەرفراوانە و زەوییەكی زۆر و بەپیت و بەرەكەتی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری هەیە، بەڵام لەلایەن حكومەت و وەزارەتی پێوەندار هیچی بۆ نەكراوە تەنیا قەرزی كشتوكاڵی نەبێت و چەندین ساڵ وشكەساڵی بوو هەربۆیە ئاوی ژێر زەوی دابەزی و هیچ بەدیلێكیشمان نییە و تاكە یەك جۆگەلەی ئاودێریش بۆ ئەو سنوورە نەكراوە، ئەگەر جوتیار خۆی بەتایبەتی ئەوانەی نزیك ئاوەكە و ئیفراز كارێكیان بۆ خۆیان كردبێت، دەنا حكومەت پڕۆژەی نییە و لە بواری كەرتی تەندروستی بە تایبەتی لەڕووی پزیشك و پشكنین و داودەرمانە كەموكوڕی زۆرو بەرچاو هەیە . ئەمەو هاووڵاتیەكی تر بەناوی مەجید ئەنوەر سەبارەت بەكەرتی پەروەردە وتی: پێویستمان بە بینایەی قوتابخانەو نۆژەنكردنەوەو مامۆستای زمانی ئینگلیزی و وانە زانستییەكان هەیە. هاووڵاتی هەردی جەمالیش سەبارەت بەكەمی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان وتی: ماوەی چەند ساڵە دارەشەكران بۆتە ناحیە كەچی لە گوندێكی وێران دەچێت و لە هەموو بوارە خزمەتگوزارییەكان پێویستی بە كارو پڕۆژەی بەپەلە هەیە، تۆڕی ئاویخواردنەوەی بە سۆندە ڕاكێشراوەو ڕێگاو كۆڵانەكانی ناو دارەشەكران زۆر خراپ و بێسەروبەرە پێویستە هەر ئەو ساڵ پڕۆژەی ئاوەڕۆی بۆ ئەنجام بدەن پێشتر ئاوەڕۆیەكی بۆ كراوە، بەڵام هەر لەسەرەتاوە تەواو نەبوو ئاوی پێدا تێپەڕنابێت و بۆتە هۆكارێكی پیسی و بۆنی ناخۆش لە ناو ناحیەكەدا و تا ئێستا مامەڵەی تاپۆی خانووەكانمان بۆ نەكراوە و یەكێك بیەوێت بۆ خۆی خانوو دروست بكات لەلایەن یەكەی ئیداری و لایەنی بەرپرسی دیكە ڕێگای پێنادەن، لەلایەكی تر باخچەیەك دروستكراوە تاكە یەك شەتڵی نەمام و گوڵ و دارو درەختی لێ نەڕواندراوە و ستوونی كارەبا لە هەندێ شوێن لەناو حەوشی ماڵانە و قوتابخانەیە و هەندێ ماڵیش تۆڕی دابەشكردنی كارەبایان بۆ نەچووە و بەسەر خانووی ماڵاندا كارەبایان بۆ خۆیان ڕاكێشاوە، لەلایەكی تر زەوی بەسەر خەڵكەكە دابەش ناكرێت بۆ ئەوەی خانووی نیشتەجێبوونی لەسەر درووست بكەین و ڕێگا سەرەكییەكەی بە ناحیەكەمان تێپەڕ دەبێت هەر یەك سایدە، لەلایەنی تەندرووستییەوە كەموكوڕییەكی زۆرمان هەیە و بنكەی تەندروستی ناو ناحیەكە بچوكەو پشكنین و پزیشكی پسپۆڕو ئافرەتان لە بنكەكانی سنوورەكەمان نییە و داودەرمانیان زۆر كەمە.
فراوانبوونی دارەشەكران
سەبارەت بەماستەرپلان كە لایەنێكی زۆر گرنگە بۆ فراوانبوونی هەموو شارو شارۆچكەیەكە بەڕێوەبەری ناحیەی دارەشكران وتی: دارەشەكران گوندێكی سنوورەكە بوو لەگەڵ بوونی بەناحیە بۆ بەرفراوانبوون و گەشەپێدانی نەخشەیەكی بنەڕەتی ئەندازەیی بۆ دانراو بەپێی ئەو نەخشەیە دەستكراوە بەبەرفراوانكردن و ئەنجامدانی كارو پرۆژەكان، لەهەر كاتێكدا كە پێویستمان بەكوژانەوەی زەوی بووبێت بەپێی یاساو رێنماییەكان بەهاوكاری هاووڵاتیانی سنوورەكەو خاوەن زەوییەكە توانیومانە كوژانەوەی زەوی ئەنجام بدەین و قەرەبووی خاوەنەكانیشیان بكەینەوە، لەم رووەشەوە سەرەتا بەسنووری گوندە كۆنەكەوە نزیكەی 140 دۆنم زەویمان كوژانەوە، بەڵام وەكو ماستەرپلان ناحیەكە ماستەرپلانی بۆ نەكراوە ئەمەش پرۆژەیەكی گرنگە لەداهاتوودا بەیەكێك لەكارەكانمان دادەنرێت، یەكێك لەو كێشانەی لەم ناحیە هەیە نەبوونی تاپۆی خانووەكانە ئەم گرفتەش لەزۆربەی قەزاو ناحیەكان هەیەو پێویستە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. بەڵام سەڕەرای ئەوەی خانووەكان تاپۆیان نییە، بەڵام پێشینەی خانووبەرە هاووڵاتیان دەگرێتەوەو لێی سودمەند دەبن.
فەرامۆشكردنی كەرتی كشتوكاڵ
سەبارەت بەفەرامۆشكردنی كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری لە سنووری ناحیەی دارەشەكران بەڕێوەبەری ناحیە وتی: وەزارەتی كشتوكاڵ لەم سنوورە بەپێی خواست و داواكاری خەڵكەكە كارو پرۆژەیەكی وای نەكردووە كە شایەنی باسكردن بێت، هەر بۆیە خەڵكەكە بەتایبەتی جوتیاران رەخنەیەكی زۆریان لە وەزارەتی كشتوكاڵ هەیە، لەكاتێكدا دەكرێت چەندین پرۆژەی ئاودێری دروست بكرێت بۆ نموونە لەسەر زێی گەورە دەكرێت پرۆژەیەكی ئاودێری دروستبكرێت و زۆربەی زۆری ئەو زەوییانەی كە دەكەونە ئەم دیوو ئەودیوی پرۆژەكە سوودی لێوەردەگیرێت، لەلایەكی ترەوە دەكرێت لەخانووی بلاستیكی و دابینكردنی پەین و تۆو ئامێری كشتوكاڵی هاوكاری زۆری جوتیاران بكەن، هاوكات من نازانم بۆچی لەم ناوچەیە هیچ پرۆژەیەكی كارگەی شیرەمەنی و ئاژەڵداری نەبێت، نەبوونی پلان و بەدواداچوون بۆ كارو پرۆژە كشتوكاڵیەكان كەرتی كشتوكاڵی لەسنوورەكەمان لەناوبرد .
گرفتی ئاویخواردنەوە
سەبارەت بەكارو پرۆژەی ئاویخواردنەوەو ئاوەڕۆكان و كەموكوڕیەكانی بەڕێوەبەری ناحیەی دارەشەكران وتی: لەساڵی 2011 پرۆژەیەك بۆ گۆڕینی تۆڕی ئاویخواردنەوەی ناوخۆی دارەشەكران دەرچوو، ئەمەش لەگەڵ دروستكردنی كۆڵانەكانی ناو گەڕەكەكانی سەنتەری ناحیەكە لەگەڵ دروستكردنی ئاوەڕۆكانی كە ئێستا ئەم پرۆژەیە لەژێر جێبەجێكردندایە، بۆیە تا تەواو دەبێت هەندێك ماڵ و شوێن بەسۆندە ئاویان راكێشاوە، ئەو ئاوەڕۆ كۆنەی كە باس دەكرێت لادەبرێت و سەرلەنوێ ئاوەڕۆیەكی نوێ ئەنجام دەدرێت . پرۆژە كۆنەكەی ئاوەڕۆ تەواو نەكراوەو بەپێی دیزاین و نەخشەی ناحیەكە نەبووەو پێشتر جێبەجێكراوە .
لەلایەكی ترەوە پرۆژەیەكمان بۆ كردنەوەی شەقام و كۆڵانەكانی ناو سەنتەری ناحیەكە لەقۆناغی جێبەجێكردندایە، كە دەبووایە پێش سێ چوار ساڵ لەمەوبەر ئەم پرۆژەیەو پرۆژەی بەجووت سایدی ناو سەنتەری ناحیەكە ئەنجام بدرایە.
نەبوونی نەخۆشخانە
سەبارەت بەكەرتی تەندروستی و نەبوونی نەخۆشخانەیەك لەم سنوورە بەڕێوەبەری ناحیە وتی : لەكۆی 26 گوند 7 بنكەی تەندروستیمان هەیە بەڵام ئەم بنكانە زیادە، ئەمڕۆ پێویستمان بەچاوخشاندنەوەیەك هەیە بۆ بنكە تەندروستیەكان، چونكە هاووڵاتی تەنیا پێویستی بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكی تەندروستی كەم نییە، ناكرێت بنكەیەكی تەندروستی كە دكتۆری تێدا نییە بۆ هاووڵاتی سودێكی وا زۆری هەبێت پێویستە ئەو بنكە تەندروستیانە پەرەپێبدرێت و فراوان بكرێت، دەكرێت چەند بنكەیەكی تەندروستی بكرێت بەیەك و پێشخرێت و پزیشكی پسپۆری تێدا دامەزرێت . بۆ پەرەپێدانی كەرتی تەندروستی لەناحیەی دارەشەكران پێویستیمان بەوە هەیە ئەو بنكە تەندروستیەی كە هەیە بكرێتە نەخۆشخانەیەكی 10- 20 قەرەوێڵەیی، ناكرێت حساب بۆ 9000 كەس و ناوچەیەكی وا فراوان نەكرێت و بێ نەخۆشخانە بمێنینەوە.
دەسەڵاتی كارگێڕی
سەبارەت بەدابەزینی دەسەڵات بۆ یەكە ئیدارییەكان و كاریگەری لەسەر خێراكردنی كارو ئەنجامدانی پرۆژەكان بەڕێوەبەری ناحیەی دارەشەكران وتی: ئێمە یاسایەكمان هەیە كە یاسای پارێزگاكانە ژمارە 159 لەساڵی 1969 دەرچووە كە تێیدا دەسەڵاتی بەرپرسی یەكە ئیدارییەكانی دیاری كردووە، لەپاڵ ئەم یاسایە یاسایەكی تریش هەیە كە دەسەڵاتی بەرپەسی یەكە ئیدارییەكان بەتایبەتی لە كارگێڕی دا زیاتر دەكات، بۆ ئەوەی بتوانین وەكو پێویست كارەكانی خۆی جێبەجێ بكات، لەچەندین یاسای تردا بڕگە هەیە دەسەڵاتی یەكە ئیدارییەكانی پێوەبەندە، بەداخەوە تا ئێستا لەكوردستان ئەو یاسایانە بەهیچ شێوەیەك جێبەجێ نەكراوە.
لەكۆتایی دا بەڕێوەبەری ناحیەی دارەشەكران وتی: ناوچەكەمان زۆر پێویستیان بەدروستكردنی بەنداوێكە لەمەنداوە، ئەمەش پڕۆژەیەكی ستراتیژی دەبێت بۆ هاووڵاتیانی ناوچەكە، هاوكات پێویستمان بەوە هەیە لەگوندەكانی زەرگە زەوی و چڕە و باوەخەلان كە ژمارەی دانیشتوانیان زۆرە كۆڵانەكانیان قیرتاوبكرێت و پرۆژەی خزمەتگوزاری تریشییان بۆ ئەنجام بدرێت . هەروەها داواكارین یاریگای 6 یاریزانی لەناحیەكەو ئەو گوندە گەورانە دروست بكرێت، بەپێویستیشی دەزانین چەند بینایەیەكی قوتابخانەیەكی 12 و 18 پۆلی لەسنوورەكە دروست بكەن. ڕێگای نێوان كاوانی زراری كە 4 كیلۆمەتر درێژە پرۆژەیەكیان لەساڵی رابردوو بۆ جێبەجێ كرا، بەڵێندەرەكە دەستی بەكار كردو پرۆژەكە تەواو بوو تەسلیمیش كرا پرس بەمن نەكرا، تەنانەت من نازانم بەڵێندەر كێیەو ماوەی جێبەجێكردنی پرۆژەكەش چەندە، هاوكات پێویستمان بەدابەشكردنی زەوی هەیە بەسەر هاووڵاتیاندا، چونكە خەڵكی داواكاری هەیە و پێویستیان بەیەكەی نیشتەجێبوون هەیە.
Top