شارەزوور بێ پەیمانگاو كارگەو پاركە
June 14, 2012
راپۆرتەکان
هەڵەبجەی تازە پێویستی بەبینایەی قوتابخانەیە
نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاویخواردنەوەی شارەزوور لەبەرنامەدایە
كەرتی كشتوكاڵ لەشارەزوور فەرامۆشكراوە
قەزای شارەزوور یەكێكە لەو 14 قەزایەی كە دەكەوێتە سنووری پارێزگاری سلێمانییەوەو لە ساڵی 1989بووە بە قەزا، حكومەتی هەرێم (هەڵەبجەی تازە)ی كردە سەنتەری قەزاكە، سەنتەری ئەم شارۆچكەیە 35 كیلۆمەتر لە پارێزگای سلێمانی دوورەو ناحیەی وارماوەو نزیكەی 35 گوند لەخۆدەگرێت و ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی 65 هەزار كەسە و ناوچەیەكی بەپیت و بەرەكەتی كشتوكاڵی و ئاژەڵدارییە . لەڕووی خزمەتگوزارییەوە خەڵكی قەزاكە گلەیی و داواكارییەكی زۆریان لە حكومەتی هەرێم هەیە ؛ وەكو تیمی (گۆڤاری گوڵان) سەردانی قەزای شارەزوورمان كرد، لە نزیكەوە لە گەڕەكەكانی(سورێن و ئازادی و ڕزگاری و مامۆستایان و سیروانیەكان و . . هتد) چەندین هاووڵاتیمان لەسەر پێداویستی و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دواند، لەپاشان داواكاری و گلەییەكانی هاووڵاتییان و چەند پرسیارێكی ترمان لە(سۆران عەلی مەحمود)قایمقامی قەزای شارەزوور كرد. لێرەدا لەم راپۆرتە داواكاری هاووڵاتیان و وەڵامی بەرپرسی یەكەی ئیداریی قەزاكە دەخەینەڕوو.
قایمقامی قەزای شارەزوور:
بۆ تاپۆكردنی خانووی هاووڵاتیان چاوەڕوانی بڕیار و ڕێنمایی وەزارەتی دارایی دەكەین
كێشەی تاپۆی خانووەكان
سەرەتا لە گەڕەكی سیروانیەكان هاووڵاتی ئەحمەد عەبدوڵڵا وتی: لە هەڵەبجەی تازە نەخۆشخانەو بنكەی تەندروستی هەیە، بەڵام كەموكوڕی زۆریان هەیە لەوانە پزیشك و كارمەندی تەندروستییان نییە بەتایبەتی پزیشكی ئافرەت بۆ لە دایكبوون و منداڵان و نەشتەرگەری هەروەها داودەرمانیان كەمە، ئەم هاووڵاتییە ئاماژەی بەگرفتێكی تریش كرد ئەویش مەسەلەی تاپۆكردنی بەشێك لە خانووەكانی قەزاكەیە هەربۆیە داواكاری لەحكومەت كرد كە بەزووترین كات مامەڵەی تاپۆكردنی خانووەكان جێبەجێ بكات. هەر سەبارەت بەگرفتی كەرتی تەندروستی هاووڵاتی ئارام كانەبی وتی: نەخۆشخانەو بنكەكانی تەندروستی قەزاكەمان پزیشكیان نییە و پشكنین و داودەرمانیشمان بەپێی پێویست نییە، بۆیە لە زۆربەی حاڵەتەكانی نەخۆشی بە تایبەتی نەخۆشی ئافرەتان و منداڵان و لە دایكبوون و نەشتەرگەریدا دەبێت سەردانی نەخۆشخانەكانی سلێمانی بكەین، ئەمەش بۆ خەڵكی ئێرە كەزۆربەی هەژارو كەمدەرامەت و كاسبكارە زۆر زەحمەتە و ڕێگای هاتوچۆیەكەش یەكجار خراپە. لێرەدا داواكارین لە حكومەت چەند پزیشكێكی شارەزاو پسپۆڕمان لە بواری جیا جیا بۆ دابمەزرێنێت و كەموكوڕی و كێشەی ئامێرەكانی پشكنین و داودەرمانیشمان بەپێی پێویستی قەزاكە بۆ دابین و چارەسەر بكەن.
هەروەها ئەمیرە سەعید سەبارەت بەگرفتی كارەبا وتی: كێشەو كەموكوڕی خزمەتگوزاریمان هەیە، بەڵام ئەوەی زیاتر لەم وەرزی هاوینە دیارە خراپی و كەمی ڤۆڵتیەی كارەبایە كە ناتوانین هەندێ لە ئامێرەكان دابگیرسێنین لەبەر ئەوەی كارەبا دەبڕێت یا ئامێرەكان دەسووتێنێت، چونكە گرفتی ڤۆڵتییەمان هەیە، بۆیە پێویستی بە چاككردن و بەرزكردنەوەی ڤۆلتییەكەیە، هەروەها چەند قوتابیەكمان دواند لەوانە یەكێك بە ناوی بەختیار نادر وتی: ئێمە لە پۆلی شەشی ئامادەین و ئەمساڵ مامۆستای وانەكانی عەرەبی و ئینگلیزیمان نەبووە و دەوامی قوتابخانەكانی قەزاكە هەر هەمووی دوو دەوامی و سێ دەوامیە و ناو پۆلەكانیش قەرەباڵغە هەموو ئەو هۆكارانە كاریگەری خراپی لەسەر فێربوون و نمرە و دواڕۆژمان هەیە. سەبارەت بەخراپی كۆڵان و نەبوونی شۆستە زیاد سابیر لە گەڕەكی ئازادی وتی: كەموكوڕی خزمەتگوزاریمان زۆرە لەوانە خراپی و قیڕتاو و كۆنكریت نەكردنی كۆڵان و شەقامەكان و نەبوونی شۆستە و كەمی ئاوی خواردنەوە، لەلایەكی تر هەماهەنگی لە ئەنجامدانی كارو پڕۆژەكان لە نێوان لایەنە پێوەندارەكان نییە، بۆیە هەندێ پڕۆژە هەیە لەكاتی ئەنجامدانی پڕۆژەیەكی تر تێكدەدرێت و لەو كاتەشدا كات و بودجەیەكی زۆر لە پڕۆژەكان بەفیڕۆدەچێت. سەبارەت بەو بێسەروبەرییەی كە لەڕیزكردنی بەرمیلە نەوتەكان بەسیمای قەزاكەوە دیارە هاووڵاتی ئەحمەد حەسەن لە گەڕەكی مامۆستایان وتی: ئەو ساڵ سەرەڕای كێشەو گرفتی خزمەتگوزارییەكان بەشە نەوتیشمان بە تەواوی و لە كاتی خۆی وەرنەگرتووە، ئەگەر سەیری هەر كوچەو كۆڵانێكی ئەو شارۆچكەیە بكەین ئەوە دەبینین بەرمیلی نەوت ڕیزكراوە و بێسەروبەرییەكیشی دروستكردووە كە دیمەنەكە جێگای سەرنجە، لەلایەكی تر ئەوە زیاتر لە 20ساڵە حوكمی خۆمان دەكەین نەتوانراوە كێشەی تاپۆی خانووەكانمان بۆ چارەسەر بكەن و ماوە ماوە دەڵێن زۆری نەماوە تاپۆ دەكرێت..شێرزاد حەمە عەلی لە گەڕەكی سورێن وتی: قەزای هەڵەبجەی تازە پێویستی بەبینایەی قوتابخانەیە بۆ ئەوەی لە دوو دەوامی و سێ دەوامی ڕزگارمان بێت و لە چەندین وانەدا كەموكوڕی لە میلاكاتی مامۆستادا هەیە، هەروەها ئەو قەزایە تا ئێستاكە باخچەی ساوایانی نییە و ئێستاكە بینایەك لەژێر جێبەجێكردنە بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام ئەو پڕۆژەیەش لە ماوەو كاتی خۆی دواكەوتووە و كارو پڕۆژەكانی ئەو قەزایە زۆر لەسەرەخۆ بەڕێوەدەچێت بۆیە پێویستە حكومەت بەدواداچوونی بەردەوامی پڕۆژەكانی هەبێت، هەروەها كاروئیشەكانی شارەوانی ساڵانی ڕابردوو زۆر بێسەروبەرو خراپ بوو، بەڵام ئێستاكە تا ڕادەیەك باشترە و لەلایەنی فڕێدانی زبڵوخاشاكیش هێشتا كاری باشترو جیدی ترمان پێویستە.
دەروازەی شارو فراوانكردنی قەزاكە
سەبارەت بە ماستەرپلان و گرنگی ئەو لایەنە بۆ بەرفرەوانكردنی شارۆچكەكە و كێشەی كوژاندنەوەی زەوی و تاپۆكردنی خانووەكانی قەزاكە قایمقامی قەزای شارەزوور وتی: ئێمە لەگەڵ حەوت ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان وەكو هابیتات و یونسكۆ و یونسیف و . . . تاد، دوو پڕۆژەی ماستەرپلانمان دانا، یەكێكیان بۆ سەیدسادق و ئەوەكەی تر بۆ قەزای شارەزوور بوو، تاوەكو لە ڕێگای ئەو پڕۆژەوە بتوانین دەروازەی شار بگۆڕین و هەموو ئەو پڕۆژانەی كە دەمانەوێت بۆ قەزاكە ئەنجامی بدەین بە بەرنامە وپلانی هاوچەرخ بێت. لەبارەی كوژاندنەوەی زەوی بۆ بەرفرەوانكردنی قەزاكە یا بۆ هەر پڕۆژەیەك كە لە بەرژەوەندی گشتی دابێت كاری خۆمان بەپێی یاسا و ڕێنمایەكان ئەنجام داوە و هیچ كێشەیەكیشمان لەگەڵ هاووڵاتیان و خاوەن زەویەكان نەهاتۆتە پێش و لەبارەی تاپۆكردنی ئەو خانووانەی كە تا ئێستاكە لەناو شارۆچكەكە تاپۆیان نییە ئەوە لە ڕێگای تێبینەرایەتی شارەزوورەوە كارو مامەڵەیان بۆ جێبەجێ دەكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕوانی بڕیارو ڕێنمایی وەزارەتی دارایی دەكەین.
جووت سایدی عەربەت – شارەزوور
سەبارەت بەو كارو پڕۆژانەی بۆ ئەم ساڵ كە زیاتر پێویستە ئەنجام بدرێت قایمقامی قەزای شارەزوور وتی: خەڵك لە كابینەی حكومەتی هەرێمدا چاوەڕوانی كارو پڕۆژەی باش دەكەن، چونكە لە كابینەكانی تریش كە ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد ڕۆڵی كاریگەرو ئەكتیڤی لەبەرەو پێشەوەبردن و ئاوەدانكردنەی هەرێم دیتووە، هەر بۆیە ئێستاش جێگای ئومێدی هەموو خەڵكە، ئێمە لەم قۆناغەی ئێستادا كارو پڕۆژەی ژێر زەویمان زۆر كەم ماوە، بۆیە دەمانەوێت ئەو كارو پڕۆژە خزمەتگوزاریانەی كە لەسەر زەوی خزمەت بە هاووڵاتیان دەكات جێبەجی بكەین، هەر بۆیە چەند پڕۆژەیەكمان لەڕیزبەندی كارو پڕۆژەكانی لەسەر بودجەی پەرەپێدان و وەزارەتەكان بۆ قەزای شارەزوور خستۆتە بەرنامەو پلان. لەو پڕۆژانەش وەكو ڕووناكی ناو شارو شەقامی سەرەكی و دەروازەی شارۆچكەكە و كۆنكرێت و قیرتاوكردنی كۆڵان و شەقام و شۆستەكانی شارۆچكەكەو ناو گەڕەكەكان و درووستكردنی تەڕمیناڵێك و باخچەی ساوایان و ڕاكێشانی تۆڕی كارەبا بۆ هەندێ شوێن تاوەكو كارەباكەیان باشتر بێت و ببێتە 24 كاتژمێر. هەروەها ئێستاكە پڕۆژەی جووت سایدی عەربەت– قەزای شارەزوور لەژێر جێبەجێكردنە، هەرچەندە دواكەوتووە كە ئەمەش بۆ بواری هونەری و ئەندازیاری و كەشوهەوا دەگەڕێتەوە، چونكە هەندێ كات لە هەرێمی كوردستان كاركردن لە پڕۆژەی ڕێگاوبان ڕادەوەستێت بە تایبەتی لە وەرزی زستان و باران باریندا و بڕیارە لەماوەی یەك ساڵدا ئەو ڕێگایەی كە پێ دەووترێت ڕێگای مەرگ كە زۆرترین ڕووداووی هاتوچۆی لێ ڕوودەدات بكرێتە جووت ساید .
پرۆژەكانی نیشتەجێبوون
سەبارەت بە بواری وەبەرهێنان و چارەسەركردنی گرفتی نیشتەجێبوون سۆران عەلی وتی: ئێستاكە چەندین كۆمپانیا لەبواری وەبەرهێنان بەتایبەتی لە پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە كێبڕكین و دەیانەوێت كارو پڕۆژە لە ناو شارۆچكەكەو سنوورەكە ئەنجام بدەن، هەر لەمبارەوە ئێستاكە كۆمپانیای ڕووناكی 623خانووی نیشتەجێبوونی بە ڕووبەری(150 و 160 و 200)مەتر چوارگۆشە بۆ ئەو كەسانەی هەژارو كرێچین درووست دەكات و نرخی ئەو خانووانەش زۆر كەمە. هەر لەم سنوورەی ئێمەدا وەبەرهێنەران دەتوانن لەبواری تریش وەكو گەشتیاری و كشتوكاڵی و باخداری و ئاژەڵداری بێنە مەیدان و كار بكەن و ئێمەش لە هەموو ڕووەكەو هاوكاری و هەماهەنگی و پشتگیریان دەكەین.
پڕۆژەی ئاویخواردنەوە
سەبارەت بە كێشەو كەمی ئاویخواردنەوە كە لە هەندێ لە گەڕەكەكان هاووڵاتیان لەمبارەوە گلەیان هەبووە، قایمقامی شارەزوور وتی: پێشتر كێشەی ئاویخواردنەوەمان هەبووە و ئێستاكەش لە هەندێ شوێن و گەڕەكی ناو قەزاكە ئەو كێشەیە هەر هەیە، بەڵام ئێستا بە بڕی سێ ملیار دینار پڕۆژەیەكی ئاویخواردنەوە لەژێر ئەنجامدانە و لەهەوڵی نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاویخواردنەوەی پڕۆژەی ئاوی شارەزوورین بۆ ئەوەی هۆكارەكانی كێشەو گرفتی كەمی و نەبوونی ئاویخواردنەوە لە قەزاكەدا چارەسەر بكەین و ئەو پڕۆژەیەش لە بەرنامەو ڕێزبەندی یەكەمی كارو پڕۆژەكانی ئەمساڵماندایە. لەلایەكی تر ئێستاكە ئاوێكی زۆر بەفیڕۆدەڕوات لەلایەن هاووڵاتیانەوە، بەڵام لەمەودوا بۆ هەر ماڵێك سستەمی بەلوعەو سەعاتی ئاو دادەنرێت .
شارەوانی و كەموكوڕی كەمی كارمەند
سەبارەت بە كارو ئیشە خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی و گرنگی ئەو لایەنە قایمقامی قەزای شارەزوور وتی: بەپێویستی دەزانم پێوەرێك بۆ هەموو كەس و فەرمانبەرو بەرپرسی یەكە ئیدارەییەكان هەبێت كە بەپێی ئەو پێوەرەش لێپێچینەوە و پاداشت هەبێت كە ئەمەش دەبێتە پشتگیری و هاندانێك بۆمان. شارەوانی یەكێكە لەو دەزگا خزمەتگوزارییە گرنگانەی كە كارو ئیشەكانی ڕۆژانەو بەردەوامە، چونكە ڕۆژانە كۆكردنەوەی زبڵوخاشاكی كۆڵان و گەڕەكەكان پێویستە و دەبێت لە هەندێ كارو پڕۆژەی تر وەكو قیڕتاو و كۆنكرێتكردنی كۆڵان و شەقامەكان لەهەوڵی بەردەوام دابێت تاوەكو دەتوانێت هەموو كوچەو كۆڵان و شەقام و شۆستەكانی شارۆچكەكە قیرتاو و كۆنكرێت دەكات و هەموو كاتێك دەبێت شارەوانی گویێ لە داواكاری و خواستەكانی خەڵك بگرێت و هەوڵی جێبەجێكردنی بدات و ئێستاكە كارو ئیشەكانی شارەوانی بەباشی بەڕێوەدەچێت و پێشتریش كاركراوە، بەڵام لەڕووی كارمەندو كرێكار شارەوانی كەموكوڕی زۆری هەیە و پێویستە حكومەتی هەرێم و لایەنی پیوەنداری تر بۆ هەندێ دامودەزگا وەكو شارەوانی كرێكارو كارمەند لە هەندێ فەرمانگەی تر وەكو پۆستەو گەیاندن زیاتر دابمەزرێنن تاوەكو كارو ئیشەكان زۆرترو باشتر ئەنجام بدەن و پێویستمان بە چەند بینایەكیش هەیە بۆ فەرمانگەكان و ئەو بینایانەشمان داواكردووە كە بۆمان درووستی بكەن هەروەكو بینایەی قایمقامیەت و ڕەگەزنامەی شارەزوورو ئاگر كوژێنەوەو تاپۆو فەرمانگەی پۆلیس هاتوچۆ، چونكە ئێستاكە لە بینایەكی كۆن قایمقامیەت و چەندین فەرمانگەی تر بەیەكەوە دەوام دەكەین.
قیرتاوكردنی شەقام و كۆڵانەكان
سەبارەت بە كارو بەرنامەیان بۆ قیڕو كۆنكرێت كردنی كۆڵان و شەقامەو شۆستەكانی ناو گەڕەكەكان كە هاووڵاتیان گلەیەكی زۆریان لەمبارەوە هەیە قایمقامی قەزای شارەزوور وتی: بەرنامەی ئێمە بۆ پڕۆژەكانی قیڕتاو و كۆنكرێت و شۆستە بەو شێوەیە دامانناوە لە كاتێكدا لە هەر گەڕەك و كۆڵانێكدا پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی ژێر زەویان وەكو ئاو ئاوەڕۆ و كارەبا تەواوكرابێت ئەوە پڕۆژەكانی سەر زەویش وەكو قیڕتاو و كۆنكریتكردنی شەقام و كۆڵان و شۆستەكان دەخەینە بەرنامەی كارەوە.
گرفتی كەرتی تەندروستی پێویستی بەچارەسەركردنی بەپەلە هەیە
سەبارەت بە كەرتی تەندروستی و ئەو كێشەو كەموكوڕیانەی لەمبارەوە هەیە قایمقامی قەزای شارەزوور وتی: قەزاكە دوو بنكەی تەندرووستی و نەخۆشخانەیەكی گشتی 50قەرەوێڵەیی هەیە، بەڵام نەخۆشخانەو بنكەكانی تەندروستی لە ڕووی پزیشك و كارمەند و ئامێرەكانی تەندرووستی و پشكنین و ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن و داودەرمانەوە كێشەو گرفتیان هەیە، هەر بۆیە لەدوای هاتنی وەزیری تەندرووستی بۆ قەزاكە ئەو كێشەو كەموكوڕیانەمان خستەڕوو و داوامان لە وەزیر كرد ئەو گرفتانە پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە، لەبەر ئەوەی بواری تەندرووستی پێوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ژیانی خەڵكەكەیە، ئەویش بەلێنیدا كە هەموو كێشەو كەموكوڕیەكانی ئەو نەخۆشخانەو بنكەكانمان بۆ چارەسەر بكات، ئێستاكە زۆر پێویستمان بە پزیشكی پسپۆڕو شارەزایە لە بوارەكانی ئافرەتان و لەدایكبوون و منداڵان و نەشتەرگەری و لێرەدا داواكارم لە وەزارەتی تەندرووستی كە فەرمانگەی دادی پزیشكی بكەنەوە لەبەر ئەوەی سنوورەكە بەرفرەوانە و هاتوچۆی زۆر لەسەرەو لەكاتی ڕووداوی هاتوچۆدا خەڵكەكە زۆر پێویستی بەو فەرمانگەیە هەیە.
كشتوكاڵ لەشارەزوور
سەبارەت بەكەرتی كشتوكاڵی قایمقامی قەزای شارەزوور وتی: بەداخەوە لە بواری كشتوكاڵییەوە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردووە هیچ كارو پڕۆژەیەكیان بۆ برەدان بە كەرتی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری ئەنجام نەداوە، هەرچەندە لە هەموو لایەكمان ئاشكرایە كە سنوورەكە زەویەكی زۆر بەپیتوبەرەكەتی هەیە و ئاوی ژێرزەویشی لە ئاستێكی بەرزە هاوكات لەم سنوورەدا دەتوانرێت كارگەی لۆكە و ڕۆن و زەیت و شەكرو . . . تاد دابنرێت، گەرچی ئێستاكە هیچ جۆرێك لەم كارگانە لە قەزای شارەزوور نییە، لەلایەكی تر دانانی ئەو كارگانە لە سنوورەكە هۆكاریكی زۆر باشە بۆ هەڵی كار و لەم ڕێگایەوە دەتوانرێت هەموو گەنجەكان بخرێنە ئیشەوە و گەشەكردن و برەویش بە بەروبوومی ناوخۆ و سنوورەكە دەدرێت. تا ئێستاكە تاكە یەك كارو پڕۆژەی ئاودێریش لە سنووری قەزاكەدا ئەنجام نەدراوە، سەرەڕای هەموو ئەوانەش لەلایەنی پێوەندارەوە لە هەندێ لە گوندەكانی ناوچەكەدا ناهێڵن جوتیار بۆخۆی بیرلێ بدات و بە هەموو شێوەیەك بیرلێدان قەدەغەیە و پڕۆژەی ئاویشیان نەبێت ئەوە چۆن جوتیار دەتوانێت كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری بكات. لێرەدا داواكارم لە وەزارەتی پێوەندار بەم بڕیارە دابچێتەوە بۆ بەرژەوندی جوتیارەكان و ئاوەدانبوونەوە و پێشكەوتنی گوندەكان .
كەرتی گەشتیاری
سەبارەت بە پڕۆژەی گەشتیاری لە سنوورەكەدا قایمقامی قەزای شارەزوور وتی: لە سنووری شارەزوورە چەند شوێنێكی گونجاو و باشمان بۆ بواری گەشت و گوزاری هەیە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی پێوەندارەوە هیچ بایەخ و گرنگییەكیان پێنەدراوە، بۆیە بەپێویستی دەزانم وەزارەت خۆی كارو پڕۆژەی گەشتیاری لەو ناوچانە ئەنجام بدات، یا هاوكاری كەرتی تایبەت بكات بۆ ئەوەی بەشداربن لە پڕۆژە و برەودان و گەشەكردنی كەرتی گەشتیاری لە سنووری قەزاكەماندا.
بەشە نەوتی هاووڵاتیان
سەبارەت بە دابەش نەكردنی سووتەمەنی و هەبوونی ئەو هەموو بەرمیلە بەتاڵەی نەوت كە لە ناو گەڕەكەكان لەم وەرزی هاوینە ڕیزكراون، قایمقامی قەزای شارەزوور وتی: بەشە نەوتەكەی هاووڵاتیان دواكەوتووە، بەڵام ئێمە لە هەوڵی ئەوەین كە بەشە نەوتەكەیان هەر وەردەگرن و بە هاووڵاتیانمان ڕاگەیاندووە كە بەرمیلی نەوتەكەیان نەهێنە گۆڕەپان و ناو گەڕەكەكە، چونكە تانكەری نەوت خۆی دێتە بەردەرگای هەموو ماڵێك و بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن حكومەتەوە بۆ هەر بەرمیلێك نەوت كە لەبەر دەرگا پڕدەكرێت هەزار دینار بە خاوەن تانكەرەكە دەدات.
كەمی بینایەی قوتابخانەكان
سەبارەت بە كێشەو گرفتەكانی كەرتی پەروەردە لە سنووری شارەزوور قایمقامی قەزاكە وتی: ئێمە وەكو شارەزوور بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەمان هەیە و ساڵانە بە بەردەوامی لە هەوڵی چارەسەركردنی كەموكوڕییەكانن، هەرچەندە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو و ئێستاكەش چەند بینایەكی قوتابخانە لە قەزای شارەزوور درووستكراوە و بینایەی 18پۆلیشی تێدایە كە ئەمانەش بەمەبەستی كەمەكردنەوەی كێشەكانی سێ دەوامی و دوو دەوامییە. بەڵام بواری پەروەردە بەردەوام پێویستی بە كارو پڕۆژەو بینایە درووستكردنە، لەبەر ئەوەی ساڵ لەدوای ساڵ ژمارەی قوتابیان لە زیادبوونە، هەر بۆیەش تا ئێستاكە لە سەنتەری قەزاكەدا دوو دەوامی و سێ دەوامی ماوە و ژمارەی قوتابیانیش لە پۆلەكان زۆر و قەرەباڵغە و لە هیچ وڵاتێكی دنیا ئەوە نەماوە كە 43قوتابی لەیەك پۆلدابن، بۆیە داواكارم لە وەزارەتی پەروەردەو لایەنی تری بەرپرس بینایەی تری قوتابخانەی هاوچەرخ لە قەزاكەمان دروست بكەن كە بەم بینایانە دەتوانرێت كێشەی دەوام و قەرەباڵغی پۆلەكان چارەسەر بكرێت و ئاستی قوتابیانیش بەرزبكرێتەوە، هاوكات لە هەندێ وانەدا بەتایبەتی ئینگلیزی و وانە زانستییەكان مامۆستامان بۆ دابمەزرێنن، چونكە لەم ڕووەشەوە كێشەو كەموكوڕی لە زۆربەی قوتابخانەكاندا هەیە، لەلایەكی تر هەندێ جار كە قوتابیان دێنە سەر شەقام و هەندێ داواكاریان هەیە ئەوە مافی خۆیانە، لەبەر ئەوەی لەبواری پەروەردەدا بۆ ئەو سنوورە بەباشی و بەپێی پێویست كارمان نەكردووە.
دەسەڵاتی دارایمان نییە
سەبارەت بە دابەزاندنی دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی قایمقامی قەزای شارەزوور وتی: داواكارم لە سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم مادام قایمقام نوێنەری سەرۆكایەتی حكومەتە لەو ناوچەیە هەر بۆیە پێویستە هەیبەتێكی تایبەتی خۆی هەبێت، چونكە خەڵك لە كارو ئیشەكانی منەوە سەیری حكومەت دەكات و هەر لەمنیشەوە داواكاری پێشكەش بە حكومەت دەكات، بەڵام بەداخەوە ئەوەندەی قایمقام كێشەی لەسەرە ئەوەندە دەسەڵاتی نییە، من وەكو قایمقامی قەزای شارەزوور تەنیا سێ ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینارم لەبەردەستە ئەویش بۆ ڕاپەڕاندن و خەرجی ناو یەكە ئیدارییەكەیە و لە هەر خەرجكردنێكیش دەبێت وەسڵی لەگەڵ بێت، واتە ئەوە دەسەڵات نییە و لەكاتێك كە سەردانی قوتابخانە یا شوێنێك دەكەم كە من نەتوانم ملیۆنێك دینار بۆ ئەو قوتابخانەیە یا بۆ ئەو شوێنە خەرج بكەم، واتە من بۆ سەردانی ئەو شوێنە بكەم و سوودی چییە؟ هەروەها دەبینین قایمقام سەرۆكی لیژنەی پڕۆژەیەكە، گەرچی قایمقامەكە ئاگادار نییە تەندەری پڕۆژەكەی چۆن ئەنجامدراوە، بۆیە لێرەدا داواكارم ئەو دەسەڵاتەی كە بە ئێمە دەدرێت ئەوە بگونجێت لەگەڵ هەیبەت و كارو ئیشەكانی قایمقام نەك دەسەڵاتەكە وەكو ئێستاكە وابێت. هەروەها پێویستە قایمقام لە دەستبەسەرداگرتنی كەسێك دەسەڵاتی هەبێت وەكو ئەوەی كە پێشتر هەبووە و داواكارین لەوەزارەتی ناوخۆ ئەو دەسەڵاتەمان بۆ بگەڕێنێتەوە.
پاركی شار لەژێر جێبەجێكردنە
لە كۆتایدا قایمقامی قەزای شارەزوور وتی: لە قەزای شارەزوور لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە پاركێك بە ناوی پاركی شار لەژێر جێبەجێكردنە، بەڵام بەپێی پێویست كار لەم پڕۆژەیە ناكرێت بۆیە داواكارم بەدواداچوونی بەدوادابكرێت بۆ ئەوەی پرۆژەكە تەواو بێت، هەروەها لەلای خۆمانەوە لەو زەویانەی بە موساتەحە دەیفرۆشین ئەوە چەند باخچەو پاركێكی جوانمان درووستكردووە و خەڵكەكە سوودیان لێوەرگرتووە، هەروەها قەزاكەمان پێویستی بە پاركێكی منداڵان هەیە كە بەرفرەوان و هاوچەرخ بێت و یارەیە جۆراوجۆرەكانی منداڵانی تێدابێت، تاوەكو منداڵانی ئەو قەزایەش وەكو هەموو منداڵانی تر هەندێ لەكاتەكانیان لەم پاركە بە ئاسوودەی ببەنە سەر. هەروەها دواكارم لە سەرۆكایەتی حكومەت و لایەنی پێوەندار قەزای شارەزووریش وەكو هەر قەزایەكی تر بەلایەنی كەم لەسەرتادا پەیمانگا یا كۆلیژێكی لێ بكەنەوە.