پارێزگاری هەولێر بۆ (گوڵان): هەردوو پڕۆژەی ئاوی ئیفراز (4) و ئاوەڕۆی ئاوی قورس دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت

پارێزگاری هەولێر بۆ (گوڵان): هەردوو پڕۆژەی ئاوی ئیفراز (4) و ئاوەڕۆی ئاوی قورس دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت
-700 شوقە بۆ خەڵكی كەمدەرامەت لەجێبەجێكردندایە
-نەخۆشخانەیەكی گشتی 200 قەرەوێڵەیی دروست دەكرێت
-12 وێستگەی مۆبایلی كارەبا دادەنرێت
-بڕیارە یاریگایەكی نێودەوڵەتی 40 هەزار كەسی و شاری یاری دروست بكرێت



ئەو پڕۆژانەی هاووڵاتییان پێویستیانە
لەساڵی 2004 و 2009 پارێزگای هەولێر لەسەرجەم سێكتەرەكانی ژیان بەراورد بەپارێزگاكانی تری كوردستان و عێراق سەركەوتنی بێ وێنەی تۆماركردووە، تەنانەت پارێزگاری ئەم شارە وەكو كەسێكی ئیداریی و تەكنۆكرات لەپەیمانگای پێگەیاندنی سەركردە جیهانییەكان لە زانكۆی تەفت لە بۆستنی ئەمەریكا ڕێزی لێنرا، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەگرنگترین ئەو پرۆژانە كرد كە ئەمساڵ لەڕیزبەندی پێشەوەی بەرنامەو كارە خزمەتگوزارییەكانی دەبێت لەمبارەیەوە وتی: كابینەی حەوتی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لەسەر هەمان ئەو بەرنامەو كارانە دەڕوات كە لیستی كوردستانی لەهەڵبژاردنەكانی ڕابردوو ڕایگەیاندووە، ئەوەی پەیوەندی بەبواری خزمەتگوزاری هاووڵاتیانی هەولێرو ئەنجامدانی پڕۆژەی گرنگ و پێویستەوە هەبێت جێبەجێ كراوە، ئەمەش لەڕێگای شێوازێكی كاركردنی باشەوە كە بودجەی پەرەپێدانمان لەبەردەستدایەو لەڕێگای تیمێكی خزمەتگوزارییەوە كە هەموو بەڕێوەبەرایەتیەكانی شاری تێدایەو هاوكاری و یارمەتیدەریانین . بودجەی پەرەپێدان لەپارێزگا ساڵانە بەچەند قۆناغێك دێت و كاری جیدی لەسەر دەكەین، لەناو ئەم بودجەیەدا ئەو پرۆژە خزمەتگوزارییانەی كە خواستی هاووڵاتیانی لەسەرە لەڕیزبەندی پێشەوەی بەرنامەو كارەكان دێت، هەربۆیە زۆر جەخت لەسەر ئاوو ئاوەڕۆ و تۆڕی كارەبا و رووناككردنەوەو شەقام و كۆكردنەوەی زبڵوخاشاك و دروستكردنی بنكەكانی تەندروستی و نەخۆشخانەو قوتابخانە و باخچە و یاریگای وەرزشی و پاراستنی سەرووماڵی هاووڵاتیان دەكەینەوە. لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیش لە تەواوی پارێزگاكەدا پێوەرێكی ترمان هەیە، بۆ نموونە لە قەزاو ناحیەكان ژمارەی دانیشتووان پێوەرە، جگە لەمەش لەگەڵ سەرۆكی یەكەی ئیداریی قەزاكان دادەنیشین و ڕیزبەندی پرۆژەو كارەكانیان دیاری دەكەین تاوەكو بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. لەلایەكی ترەوە وەزارەتەكانیش پلان و بەرنامەیان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان هەیە، هەربۆیە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیەكانی شاری هەولێر دادەنیشین بۆ ئەوەی ئەوانیش لە ڕێگای وەزارەتەكانیانەوە ڕیزبەندی بەو پرۆژانە بدەن كە ڕاستەوخۆ هاووڵاتییان پێویستیانە، بۆ نموونە كاتێك لە وەزارەتی شارەوانی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی 4 لەڕیزبەندی پێشەوەی پڕۆژەكان دانراوە، لەو واقیعەوە هاتووە كە زۆربەی ناوچەكانی (( ڕۆژهەڵاتی هەولێرو باشووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر بەئاراستەی ڕێگای كۆیەو كەسنەزان و بنەسڵاوەو دارەتوو و سێبەردان و هەولێری نوێ و ناوچەی شاوەیس و مەلائۆمەر))، لە هەر هەموو ئەم ناوچانەدا گرفتی دابەزینی ئاوی ژێر زەویی هەیە و ئاوەدانكردنەوەیەكی زۆر خێراش بە ئاڕاستەی ئەم ناوچانە هەیە و ئەو شوێنانەش دەبێتە شوێنێكی زۆر چڕی نیشتەجێبوون، هەر بۆ نموونە تەنیا لەكەرتی 8ی حەسارۆك كە هێشتا ئاوەدان نەكراوەتەوە 16 هەزار پارچە زەویی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت. هەر بۆیە بەتەواوبوونی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 4 ئەو كێشەیەمان چارەسەر دەبێت، ئەم پڕۆژەیەش دیزاینی ڕاگەیەنراوەو بۆتە تەندەرو ئەم ساڵ دەچێتە ناو بەرنامەو بواری جێبەجێكردنەوە.
پڕۆژەی ئاوەڕۆی ئاوی قورس
سەبارەت بە پڕۆژەی ئاوی قورس كە سەرەڕای ئەوەی ماستەرپلانەكەی ئامادەیە، بەڵام دواكەوتنی ئەم پڕۆژەیە گلەییەكی زۆری لەسەرە پارێزگاری هەولێر وتی: ئەمساڵ بەشی یەكەمی پڕۆژەی ئاوەڕۆی ئاوی قورسی هەولێر جێبەجێ دەكرێت، پڕۆژەكەش تەنیا دروستكردنی ئاوەڕۆی ئاوی قورس نییە، بەڵكو یەكەی چارەسەركردن و پاڵاوتنیشی لەگەڵدایە كەتێچوونی كۆتایی پڕۆژەكە نزیكەی ملیارێك دۆلار دەبێت، ئەم پڕۆژەیەش لەچوارچێوەی ئەو پڕۆژانەیە كە بۆ پەرلەمان ڕەوانەكراوە.
گرفتی دابەشكردنی كارەبا
بەو پێیەی هەولێر پایتەختەو بەشێوەیەكی زۆر فراوان و خێرا گەورە دەبێت، هەربۆیە گلەیی و ڕەخنەكان لەبواری دابەشكردنی كارەبا هەر ماوە، لەمبارەیەوە نەوزاد هادی وتی: بەكارهێنانی كارەبا بەشێوەیەكی پێوانەیی زیادیكردووە، دەرئەنجام پاڵەپەستۆ لەسەر تۆڕەكانی كارەباش زیادی كردووەو كێشەمان لەدابەشكردنی كارەبا و تۆڕی كارەبای گەڕەكەكان هەیە، هەربۆیە لە بودجەی 2011 پشكی شێر بۆ وەزارەتی كارەبا بووەو لە هەولێر بودجەیەكی باش بۆ ئەو وێستگانە دانراوە كە ئێستا ئیحالە كراوە، یەكێكیش لەو پڕۆژانەی كە دەمانەوێت بەخێرایی جێبەجێ بكرێت، بریتییە لە دانانی 12 وێستگەی مۆبایلی كارەبا كە كاریگەری باشی دەبێت بۆ چارەسەركردنی پاڵەپەستۆی سەر وێستگەو تۆڕەكانی دابەشكردنی كارەبا بەتایبەت لە وەرزی زستاندا، هاوكات لە بەرنامەو كارەكانی تری ڕاكێشانی كارەبا بۆ گوندو گەڕەكە نوێیەكان و نوێكردنەوەی تۆڕەكان و دانانی ئینارە بەردەوام دەبین.
گەڕەكە هەژارنشین و میللیەكان
سەبارەت بە گەڕەكە هەژارنشین و میللیەكان پارێزگاری هەولێر وتی: بۆ گەڕەكە هەژارنشین و میللیەكان چەندین پڕۆژە ئەنجامدراوە، ئەگەر سەیرێكی ناوچەی مامزاواو قەتەوی و بنەسڵاوەو دارەتوو و كەسنەزان و كەورگۆسك و كانی قرژاڵەو خەبات و گەڕەكی باداوە بكەین ؛ خزمەتگوزارییەكی زۆر لەبواری قیڕتاوكردن و ئاوو كارەباو كۆنكرێتكردن و قوتابخانەو یاریگا جێبەجێ كراوە و لە تۆڕەق و حەسارۆك و سێبەردان كە گوند بووینەو ئێستا هەر یەكەو نزیكەی 3000 ماڵی تێدایەو خزمەتگوزارییەكی باشیان بۆ ئەنجامدراوە، ئەمساڵیش بە بەردەوام جەخت لەسەر گەڕەكە میللیەكان دەكەینەوە، هاوكات لە قەزاو ناحیەكانیش جەختمان لەسەر پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان كردۆتەوە بۆ نموونە لەكۆی 34 گەڕەك لە قەزای سۆران زۆربەیان كۆڵان و شەقامەكانیان قیڕتاوكراوە و گەڕەكەكانی تری كە ماون پڕۆژەی قیرتاوكردنیان لەژێرجێبەجێكردندایە، لە ڕەواندزو چۆمان و قەسرێش كۆڵان و شەقامی ناو گەڕەكەكان كۆنكرێت دەكرێن، هەروەها لەناحیەی سیدەكانیش كارەبا بۆ هەموو گوندەكانی چووەو چەندین تونێلیش وەكو تونێلی ( سەڵاحەدین و ڕێگای كۆڕێ و قەندیل ) بۆی هەیە لە 2013 تەواو بێت. هەروەها لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكان جیاوازی نێوان گەڕەكەكانی ناو هەولێر ناكەین، بەڵام بەحوكمی ئەوەی گەڕەكە هەژارنشین و میللیەكان پێشتر فەرامۆشكراوەو لەخزمەتگوزارییەكان كەموكوڕی بەرچاویان هەبووە بۆیە زیاتر پێویستیان بەپڕۆژە هەیە.
خاوێنكردنەوەی شارو كارگەی ڕیسایكلین
سەبارەت بە خاوێنكردنەوەی شارو هۆكاری دواكەوتنی دانانی كارگەی ڕیسایكلین پارێزگاری هەولێر وتی: ماوەیەكە لە هەولێر لەڕووی خاوێنكردنەوە هەنگاوی باش نراوە و بەپێی بەرنامەیەك شارەكەمان بەسەر 6 شارەوانی دا دابەشكردووەو مەرجمان داناوە كە هیچ كۆمپانیاو بەڵێندەرێك مافی ئەوەی نەبێت 2 شارەوانی زیاتر وەرگرێت، ئەمەش وایكرد پاككردنەوەی شاری هەولێر و هەڵگرتنەوە و فڕێدانی زبڵوخاشاك بەسەر 4 كۆمپانیا دابەش بێت، ئومێدیشمان زیاترە كە تەواوی كەموكوڕییەكان چارەسەر بێت، بۆ ئەم مەبەستەش بەبەردەوام چاودێری و بەدواداچوونی كارەكان دەكەین و ڕێنمایی بەكۆمپانیاكان دەدەین، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ كێرڤی خاوێنكردنەوەی شاری هەولێر لە بەرزبوونەوەدایە. مەسەلەی دانانی 2 كارگەی ریسایكلین كە بڕیار بوو لەڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای هەولێر دانرێت، بەداخەوە ئەو كۆمپانیانەی لەمبوارەدا هاتوونەتە پێش لەكارەكانیاندا سەركەوتوو نەبوون و كارەكە بەرەوپێشەوە نەچووە، بۆیە پێویستە لەڕووی یاساییەوە ئەو گرێبەست و ڕێككەوتنانە هەڵبووەشێنرێتەوەو دووبارە بانگەواز بكرێتەوە تاوەكو كۆمپانیای بەتوانا كارەكە لەئەستۆ بگرێت.
پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون
پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون گلەیی و ڕەخنەیەكی زۆری لەسەرەو ئەو پڕۆژانە نەیانتوانیوە كێشەی نیشتەجێبوون چارەسەر بكەن، بڕیاریش وابوو پڕۆژەیەكی 8 هەزارخانوو بۆ كەمدەرامەتەكان دروست بكرێت، بەڵام ئەم پڕۆژەیەش دواكەوت؛ لەمبارەیەوە نەوزاد هادی وتی: پڕۆژەی دروستكردنی 8 هەزار خانوو هێشتا پڕۆسەی ئامادەكردنی ماوەو كاتێك تەواودەبێت ڕادەگەیەنرێت بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و كرێنشینەكان دەبێت، هەروەها لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەش لەنێوان بنەسڵاوەو دارەتوو نزیكەی 700 شوقەمان هەیەو لەقۆناغی جێبەجێكردندایە كە بەهەمانشێوە بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و كرێنشینەكانە. لەلایەكی دیكەوە لەسنووری پارێزگای هەولێر زیاد لە 100 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەشكرا بوون كە تا ئێستا سەنەدی نەدراوەو ئەو زەوییانە بە كارت ماونەتەوە، ئەم كارە ماوە و ئیشی زۆر پێویستە و زۆریش كاریش لەسەر ئەو سەنەدانەكراوە و ئێستا لەگەڵ لایەنی تری پەیوەندار لە هەوڵ و ئیش داین كە مامەلەی سەنەدو تاپۆی ئەو زەویانە تەواو بكەین، هەروەها لێرەدا خاوەنی ئەو زەوییانە دڵنیا دەكەمەوە كە سەرجەم كارتەكانی تایبەت بەو پارچە زەوییانەی كە تاپۆ نەكراون وەكو تاپۆ وایە.
كەرتی تەندروستی
سەبارەت بە كەرتی تەندروستی كە سەرەڕای ئەو هەنگاوانەی نراوە، بەڵام بەبەردەوام هاووڵاتیان گلەیی و ڕەخنەیان زۆرە؛ پارێزگاری هەولێر وتی: ئەگەر ژمارەی نەخۆشخانەكان بەراورد بكرێت بەپێی ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتووانی هەولێر ئەوا ژمارەی نەخۆشخانەكان كەمە، ئەو نەخۆشخانانەی كە پێشتر كراوە بۆ نموونە ئەوەی لەنەخۆشخانەكانی فریاكەوتنی ڕۆژهەڵات كە وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ ڕێكخراوی كۆیكای ژاپۆنی كردوویەتی و ئەوەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوا كە ئێمە وەكو پارێزگا لەسەر بودجەی پەرەپێدان لەگەڵ ئەمەریكییەكان دروستمان كردوو، هاوكات نەخۆشخانەیەكی لەدایكبوون و منداڵان لەسۆران لەسەر بودجەی پەرەپێدان دروستكراوە و لەسەر بودجەی ئەنجومەنی وەزیرانیش هەریەك لەنەخۆشخانەكانی (چۆمان - بارزان – مێرگەسۆر- پیرمان) دروستكراون، ئەوەی دەمێنێتەوە لەناو شاری هەولێرە كە كەموكوڕی لەبواری نەخۆشخانەكانمان هەیە، هەر بۆیە بڕیاردراوە نەخۆشخانەیەكی گشتی 200 قەرەوێڵەیی لەپشت نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوا دروست بكرێت و نەخۆشخانەی ئیمیرجنسی بە100 قەرەوێڵەیی فراوان دەكرێت، هەروەها نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی ئافرەتان و منداڵان لەباداوە لەبواری جێبەجێكردندایە، هەروەها نەخۆشخانەیەكی پسپۆریی چاوو كۆئەندامی مێشك و دەروونی بكرێتەوە، ئەمانەش هەمووی لەچوارچێوەی ئەو بەرنامانەیە كە ئەمساڵ كاری لەسەر دەكەین. چونكە لە هەقیقەتدا كۆمەڵێك نەخۆشخانەمان پێویستە تەنانەت لەقەزاكانیش و بڕیارە لەمەخمووریش لەسەر بودجەی وەزارەتی تەندروستی بەغدا نەخۆشخانەیەك دروست بكرێت. ئەمساڵ وەزارەتی تەندروستی بەپێچەوانەی ساڵی ڕابردوو بودجەی بۆ دروستكردنی نەخۆشخانە لە پارێزگای هەولێر تەرخانكردوو. لەلایەكی تریشەوە كەموكوڕی لەسەنتەرەكانی منداڵانی ئۆتیزم و نابینایان و كەمئەندامان بەگشتی هەیە، هەوڵ دەدەین لە ڕێگای ئەو بەرنامانەی كە وەزارەتەكان لەبەردەستیاندایە چارەسەری ئەو كەموكوڕیانەش بكرێت.
كەمی بینایەی قوتابخانەكان
سەبارەت بەكەرتی پەروەردەو گرفتی قەڵەباڵغی قوتابخانەكانیش نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر وتی : لەم چەند ساڵەی دواییدا چەندین قوتابخانە لەهەولێر دروستكرا، لەگەڵ ئەمەش دا كەموكوڕی لەمبوارەدا هەر ماوە، هەر بۆیە بەهاوكاری وەزارەتی پەروەردە لەهەوڵی ئەوەداین لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و زیادبوونی ژمارەی قوتابیەكان ئەو هەڵمەتە زیاتر فراوان بكەین. لەلایەكی ترەوە سەبارەت بەبواری وەرزشیش بڕیارە یاریگایەكی نێودەوڵەتی كە 40 هەزار كورسی لەخۆ دەگرێت و شوێنی بۆ دیاریكراوەو لەچوارچێوەی بەرنامە و پلانی حكومەتی عیراق جێبەجێ دەكرێت، هەروەها بڕیارە شارێكی یاریگا بەشێوەی وەبەرهێنان لە شاری هەولێر دروست بكرێت.
كۆیەو مەخمور
سەبارەت بە پڕۆژەكانی هەردوو قەزای كۆیە و مەخمور كە كۆیە ماوەی چەند ساڵێكە گەڕاوەتەوە سەر پارێزگای هەولێرو مەخموریش گەرچی لەسەر بودجەی پارێزگای موسڵە، بەڵام خەڵكەكەی لەچاوەڕوانی حكومەتی هەرێمن ؛ لەمبارەیەوە پارێزگاری هەولێر وتی : شاری كۆیەش بەگوێرەیی ژمارەی دانیشتوانەكەی لەبودجەی پەرەپێدان بەشی خۆیان وەردەگرن، لەم ماوەیەدا چەندین كارو پڕۆژە لەناو سەنتەرو سنووری كۆیە ئەنجامدراوە، تەنانەت لە تەرخانكردنی بودجە بۆ پڕۆژەكان لەگەڵ قایمقامیەت دادەنیشین و ئەولەویات بۆ ئەو پڕۆژانە دادەنێین كە بۆ خەڵكی زۆر پێویستن، بەشێكی تری پڕۆژەكانیش لەبودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتەكان جێبەجێ دەكرێت، ئالێرەدا هەوڵی ئەوەمان داوە بەشێكی زۆری ئەو پڕۆژانەی وەزارەتەكان بەهەماهەنگی لەگەڵ قایمقامەكان بێت و لە پارێزگاش دیاری بكرێت، دەبێت ئەو ڕاستیەش بووترێت كەچەندین پڕۆژە لەكۆیە ئەنجامدراوە بۆ نموونە یەكێك لەزانكۆ باشەكان بونیاتنراوەو پڕۆژەی ئاویان لەدوا قۆناغەكانیدایەو جووت سایتی (هەولێر – كۆیە) بەچەند قۆناغێك لە جێبەجێكردندایە و ڕێگاوبانەكان باشتر كراون و زۆربەی گوندەكانی تۆڕی كارەبایان بۆ چووەو بەنداوی سماقوڵی وا لە جێبەجێكردندایەو بەنداوی حەمامۆك جێبەجێكراوە، لەگەڵ ئەمەش دا من دەزانم هێشتا خواست و داواكاری خەڵكی زۆر لەوە زیاترەو ئەمەش مافی خۆیانە، هەربۆیە بەردەوام دەبم لەسەر ئیشكردن لەو ناوچەیەو هەوڵی چارەسەركردنی سەرجەم كەموكوڕیەكان دەدەین. هاوكات بۆ مەخمورو ناحیەكانیشی كارمان كردووەو لەبەرنامەماندایە كارو پڕۆژەی زیاتر لەو ناوچەیە جێبەجێ بكەین، ئەو پڕۆژانەی كە گرنگ بێت و چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە وەكو جووت سایتی نێوان (مەخمور- هەولێر)ە كە تا وێستگەی غازی هەولێر تەواو بووەو ئێستا تا چوار ڕیانی دیبەگە لەجێبەجێ كردندایە، ئەمەش بۆ خەڵكی مەخمور گرنگیەكی زۆری هەیە، چونكە هاتوچۆیەكی زۆری تەنكەرو لۆری بارهەڵگر لەسەر ئەم ڕێگایە هەیە، خۆشبەختانەش تۆڕی كارەبای هەرێم لەلایەن وەزارەتی كارەباوە بەمەخمور دەبەسترێتەوە، چونكە ئێستاكە كارەبایەكی زۆر كەمیان لە پارێزگای موسڵەوە بۆ دێت و بۆ ئەم مەبەستەش وێستگەیەكی گۆڕین لەناو مەخمور دروست دەكرێت، هەوڵیش دەدەین لە ڕێگای ئەو بودجەیەی كە بۆ مەخمور دادەنرێت ساڵانە پڕۆژەی خزمەتگوزاری زیاتر ئەنجام بدەین. گەورەترین پڕۆژە بۆ مەخمور كە جەنابی سەرۆكی هەرێم بڕیاری لەسەر داوە و زۆر پێویست و گرنگە پرۆژەی ئاودێرییەكەیە كە بودجەیەكی گەورەی دەوێت، بەئەنجامدانی ئەو پڕۆژە ئاودێرییە كە بڕیارە لەمەخمور ئەنجام بدرێت ئەوە ناوچەكە گەشە دەكات و ئاوەدان دەبێتەوە، چونكە لە ساڵانی ڕابردوو وشكە ساڵی زیانی گەورەی بەو ناوچەیە گەیاندووەو گرفتی ئاویخواردنەوەشیان هەیە، هەر بۆیەش ئەو سنوورو ناوچە بەرفرەوانە بەتایبەتی گوندەكان بەتەواوی ئاوەدان نەبووینەوە.
چەند پێوەرێك بۆ ئارامی پایتەخت
پەرەپێدان و بوژانەوەی پایتەخت پێویستی بەپاراستنی ئارامی و بەرگریكردن هەیە لەسەروو ماڵی هاووڵاتیان پارێزگاری هەولێر پێی وایە گەرچی هەندێك جار لێرەو لەوێ گرفت ڕوودەدات، بەڵام توانراوە لەمبارەیەوە سەركەوتووبن، ئەمەش بۆ ماندووبوونی دەزگا پێوەندارەكان و هاوكاری خەڵك دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە شەوانی پایتەختیش لای هەمووان ڕوون و ئاشكرایە كە چۆن هاووڵاتی و گەشتیاران تا دڕەنگانی شەو لەشوێنە گشتیەكان بە ئاسوودەیی و هێمێنی كات دەبەنەسەر، ئەمانە هەمووی پێوەرێكی باشن بۆ سەقامگیری و بەرزی توانای دەزگا پێوەندارەكان كە جێی متمانەی هاووڵاتیانەو هەماهەنگیەكی باشیان لەگەڵ خەڵكیدا هەیەو بەدەنگ داواكاری و پەیوەندییەكانیانەوە دەچن .
لەكۆتایی دا سەبارەت بەپەرەپێدانی قەڵات و دەوروبەری پارێزگاری هەولێر وتی: بۆ پەرەپێدانی قەڵات و دەوروبەری لەچوارچێوەی ئەو دیزاینەی دانراوە گەڕەكەكانی دەوروبەری وەكو گەڕەكێكی كلتووری كۆن دەمێننەوە و ئەمەش كاری زۆری دەوێت، چونكە كاری نۆژەنكردنەوەكە بەخشت و بەپێی مەرج و رێنماییە هونەرییەكان دەبێت، بۆ قەیسەری هەولێریش كار كراوە، هەرچەندە نۆژەنكردنەوەی دەوروبەری قەیسەری هەولێر كەمێك ڕاوەستاوە ئەمە زیاتر پێوەندی بەكاری تاقیگەیی و پشكنینی خشتەكانەوە هەیە، بۆ ناوەوەی قەیسەریش لەگەڵ تیمێكی ئەڵمانی گەیشتووینەتە ئەوەی بەماستەرپلانێك و بەشێوەیەكی ئەندازەیی نۆژەنبكرێتەوە، داوام لەئەنجومەنی وەزیرانیش كردووە ئەو خاوەن موڵكەكانەی گەڕەكە كۆنەكان كە ئامادە نین خانوو و موڵكەكانیان نۆژەنی بكەنەوە قەرەبوویان بدرێت و لەپاشان خانووەكان ئیستملاك بكرێت و لەو كاتەدا گرفتی كرێچی و خاوەن موڵكیش دەبێت چارەسەر بكەین، بڕیاریشە هەر لە پارێزگاوە تاوەكو وەزارەتی تەندروستی هەڵبگیرێت و بكرێتە ڕووبەری سەوزایی و باخچەو نافورەی جوان و سەردەمیانە و سەرجەم ئەو بینایانەی لەو ناوچەیە هەیە بەپارێزگاشەوە بینای نوێیان لەتەواوبووندایە و لەگەڵ تەواو بوونی بینایەكان پڕۆژەكە دەست پێ دەكات.
Top