زانكۆی كوردستان مەڵبەندێك بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفەو فیكرو كادیری لێهاتوو

زانكۆی كوردستان مەڵبەندێك بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفەو فیكرو كادیری لێهاتوو
لەدوای ڕاپەڕین بەپێی ئەو بارودۆخە تازەی بۆ هەرێمی كوردستان هاتەدی بەتایبەتی دوای هەڵبژاردن و دامەزراندنی حكومەت و پەرلەمان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانست و كوالیتی هەستكرا كەوا پێویستە زانكۆیەك لەتەك زانكۆكانی تری هەرێمی كوردستان هەبێت كە لەڕووی جۆرایەتی و كوالیتی بتوانێت داواكاری قۆناغی نوێ جێبەجێ بكات، لەبەر ئەو هۆكارانە لەلایەن ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت ئەو بیرۆكەیە گەڵالەبوو لە پاشان لە ساڵی 2006 زانكۆی كوردستان دامەزرا، بۆ ئەوەی بزانین سیاسەت و ئامانجی ئەو زانكۆیە چییە و لەسەر چ سستەم و پڕۆگرامێكی نێودەوڵەتی دەڕوات و تا ئێستا توانیویەتی ئاستی زانستی و كواڵیتی بەرز بكاتەوەو بۆتە پردێك لە نێوان كوردستان و وڵاتانی دەرەوە بەتایبەتی وڵاتانی پێشكەوتوو، لەم ڕاپۆرتەدا هەڵوەستەیەك لەسەر ئەم زانكۆ گرنگە دەكەین.

لەسەرتادا دكتۆر شێرزاد ئەحمەد نەجار سەرۆكی زانكۆی كوردستان لەبارەی ئەوەی بیرۆكەی ئەو زانكۆیە لەكوێ هاتووە و چۆن بڕیاری دامەزراندنی زانكۆی كوردستان دەرچوو وتی: لە هەقیقەتە بیرۆكەی زانكۆ لەوێوە هاتووە كە هەرێمی كوردستان پاش ڕاپەڕین لەبارودۆخێكی واقیعی حوكمڕانی خۆی كرد، هەڵبژاردن ئەنجامدراو لەپاشان حكومەت و پەرلەمان دامەزراو لەوكاتەدا یەك زانكۆمان هەبوو لەپاشان بووە سێ زانكۆ لە سلێمانی و دهۆكیش زانكۆ كرایەوە، بێگومان ئەو سێ زانكۆیە لە قۆناغیك لە قۆناغەكان توانیان ڕۆلی خۆیان ببینن، بەڵام لەڕووی جۆرایەتی و كوالیتیەوە هەستكرا كەوا پێویستە دامەزراوەیەك یا زانكۆیەك هەبێت كە لەڕووی جۆرایەتی و كوالیتی بتوانێت داواكاری قۆناغی نوێ پەیڕو جێبەجێ بكات، لەبەر ئەو هۆكارانە لەلایەن جەنابی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت ئەو كاتە ئەو بیرۆكەیە لەلای گەڵالەبوو كە پێویستە زانكۆیەكی جۆری دابمەزرێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەند كۆبوونەوەیەك ئەنجامدرا و ئەو كاتە من لە ئەنجومەنی وەزیران ڕاوێژكاری فێركردنی باڵابووم و لە هەمان كاتیش وەزارەتی فێركردنی باڵامان بەڕێوەدەبرد كە ئەو كاتە بەڕێز عەبدولعەزیز تەیب وەزیر بوو بە وەكالەت و دوا كۆبوونەوە كە لە مانگی نیسانی 2006 ئەنجامدرا و لەم دانیشتنەدا دوا بڕیاردرا بۆ دامەزراندنی زانكۆیەك بەناوی زانكۆی كوردستان لە هەولێر و فەرمانیشی پێ دەرچوو كە ژمارەی(3915)ە لە 4/نیسان/2006 و دەستەیەك بۆ دامەزراندنی ئەو زانكۆیە دەستنیشانكرا و لە مانگی 10ی 2006زانكۆی كوردستان دەستی بە وەرگرتنی قوتابیان كرد، لەسەرەتاوە نزیكەی 100قوتابیان وەرگرت و ئەو كات دوو بەش لە زانكۆكە هەبوو بەشی سیاسەت و سۆسیۆلۆجی.
سەبارەت بەوەی ئێستاكە زانكۆی كوردستان چەند بەشی هەیە سەرۆكی زانكۆی كوردستان وتی: ئێستاكە زانكۆكە لە بارودۆخێكی باشەو چوار بەشی سەرەكی هەیە كە ئەمانەن: یەكەم ( سامانە سرووشتییەكان كە ئەمەش بریتیە لە، بەشەكانی كانزاكان و پتڕۆل و سەرچاوە ئاوییەكان)، دووەم( زانستی كۆمپیوتەرو تەكنەلۆژیا)، سێیەم( سیاسەت و پەیوەندی نێودەوڵەتی)، چوارەم(كارو كارگێڕی)،. لەهەمان كاتدا بۆی هەیە زانكۆ چەند بەشی تریش بكاتەوە و فاكتەرێك هەیە وا دەكات كە ئێمە لە هەوڵداندابین بۆ كردنەوەی بەشی تر ئەویش ئەوەیە كە ئێستا ڕووبەرێكی بەرفرەوان لە زەوی بۆ زانكۆی كوردستان تەرخانكراوە بۆ ئەوەی بینایەكی مۆدێرن و گەورەی لەسەر درووست بكرێت.
لەتەوەرەیەكی تردا دكتۆر شێرزاد نەجار وتی: ئامانجی ئەو زانكۆیە زۆرە و یەكێك لەو ئامانجانەش ئەوەیە كە نەوەیەكی نوێ لەم زانكۆیە پەروەردە بكرێت كە توانای مرۆیی و لێهاتووی بەهێزیان هەبێت و باوەڕیان بەخۆیان بێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەبوێرییەوە بڕیار بدات، تاوەكو ئێمەش وەكو ئەو میللەتانەی دنیا كە پێشكەوتوون هەنگاو بە هەنگاو بۆی بڕۆین و گەشە بە وڵات و نیشتمانەكەمان بدەین، چونكە ئەگەر چاڵاكی زانستی بەردەوامان نەبێت دوادەكەوین و نەتەوەكەمان زەرەرمەند دەبێت و لە ئاست و پێگەی پێشكەوتنی جیهاندا دادەبڕێین. واتە كۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە پێشكەوتن و پەرەپێدان و بە بیرمەند و زانا و داهێنان هەیە، ئەمەش لە ئەساسی پێگەیەكی زانسی بەهێزەوە دێت و ئەمەش لە زانكۆوە دەبێت، واتە ئەو زانكۆیە ئامانجێكی زۆر زۆر گەورەی هەیە و ئامانجەكەش زۆر قورسە بەتایبەتی لە ڕووی نیشتمانی و نەتەوەیی و پێشكەوتنی كۆمەڵگا و مرۆڤەكان كە مرۆڤ لە قۆناغێكدا بۆ قۆناغێكی تر دەرباز بكەین.
سەبارەت بەوەی كەی وەكو سەرۆكی زانكۆ دەستنیشانكراوە و كارو بەرنامەی بۆ پێشخستنی زانكۆكە چییە؟ دكتۆر شێرزاد نەجاڕ وتی: من لە ساڵی 1997ەوە ڕاوێژكاری فێركردنی خوێندنی باڵابوومە و لە نووسینگەی جەنابی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كار دەكەم و لە تەشكیلی كابینەی حەوتەم كە جەنابی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتە بەڕێز دكتۆر سیروان بابانی دەستنیشانكرد بۆ وەزیری كشتوكاڵ و ئەویش سەرۆكی زانكۆی كوردستان بوو و لەئەنجامدا پۆستی سەرۆكی زانكۆكە بەتاڵ ماوە و لەو كاتەدا بە فەرمانێكی جەنابی نێچیرڤان بارزانی تەكلیفكرام بۆ ئەوەی ببم بە سەرۆكی زانكۆی كوردستان و لە15/نیسان/2012لە زانكۆی كوردستان دەستبەكاربوویمە، لەڕاستیشدا سیاسەت و ئامانجەكانی زانكۆكە زۆر دیارەو زۆریش باشە، بۆیە من شانازی دەكەم ئەگەر بتوانم ئەو سیاسەتە بەباشی بەڕێوەببەم و بتوانم ئامانجەكانی زانكۆكە بهێنمەدی. هاوكات بۆی هەیە لەمیانەی ئیشكردندا هەندێ گۆڕانكاری بێتە پێشەوە كە دەگونجێت لەگەڵ ڕەوڕەووەی پێشكەوتنی زانست لە جیهان، بەڵام بەگشتی هەوڵدەدەم هەمان سیاسەت كە وەكو دەستوورو نیزامێكی لێهاتووە لە زانكۆكە پیادەی بكەم. لەلایەكی تر ئێستاكە زانكۆی كوردستان860قوتابی لە هەر چوار بەشەكەی هەیە و چەندین قوتابی تریش هەیە كە نامەی ماستەر دەخوێنن و لە ساڵانی داهاتوودا ژمارەی قوتابیان زۆر لەمە زیاتر دەبێت، چونكە تواناو ئیمكانیاتی زانكۆكە بۆ پێگەیاندنی قوتابی زیاتر دەستەبەر دەكرێت و ساڵ لەدوای ساڵ ئەو زانكۆیە زیاتر پێش دەكەوێت و زیاتر هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی پردێكی بەهێزبێت لە نێوان كوردستان و وڵاتانی پێشكەوتوو و پێگەیاندنی كادیرو كەسانی بەتواناو بوێر لە كاركردن و بڕیاردان و داهێناندا بۆ خزمەتی كوردستان.
سەبارەت بە ژمارەی مامۆستایانی ئەكادیمی و چۆنیەتی دەستنیشانكردنیان سەرۆكی زانكۆی كوردستان وتی: ئێمە نزیكەی 40 مامۆستامان هەیە و لە95%ن مامۆستای بیانی و پسپۆڕو نێودەوڵەتین و باكگراوندی باشیان هەیە و لە كاتی پێویستیمان بە مامۆستا بێت لە ویپ سایدی خۆمان و لە بڵاوكراوەی هەندێ زانكۆی جیهانی ڕایدەگەیەنین و لە زۆر شوێن و زانكۆی گرنگی وەكو هارفارد و جۆن هۆب كنزی ئەمریكی مامۆستای باش و ئەكادیمی بۆ زانكۆكەمان داواكاری بۆ كاركردن پێشكەش دەكەن.
هەر لەمیانەی ڕاپۆرتەكەدا دكتۆر كلاوس نیومان یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی كوردستان بۆ توێژینەوە و سەرۆكی بەشی سامانە سروشتییەكان وتی: تەنیا چوار هەفتەیە لە زانكۆی كوردستان لە شاری هەولێر وەكو یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ توێژینەوە و سەرۆكی بەشی سامانە سروشتییەكان دەستبەكاربوویمە، من باكگراوندێكی باش و كاریگەرم لە توێژینەوی ئەكادیمی هەیە، لەلایەكی تر لە وڵاتی بەریتانیە(25)قوتابی لەژێردەست و سەرپەرشتیاری من نامەی دكتۆرایان بەدەستهێناوە، هەر لەبەر ئەو هۆكارانەش بوو لەلایەن زانكۆی كوردستان دەستنیشان و بانگێشكراوم كە بۆ ماوەی سێ ساڵ گرێبەستیان لەگەڵ واژوكردووم كە وانە لەم زانكۆیە لەبەشی سامانە سروشتییەكان بلێمەوە، هاوكات توێژینەوەو سیمیناراتیش پێشكەش دەكەم.
سەبارەت بە پلان و بەرنامەی بۆ پێشخستن و گەشەكردنی زانكۆی كوردستان و بەرزبوونەوەی ئاستی قوتابییەكان بە شێوەیەكی هاوچەرخ دكتۆر كلاوس نیومان وتی: بێگومان من بۆیە زانكۆی كوردستانم هەڵبژارد كە كاری تێدا بكەم، چونكە دیتم بواری ئەوە هەیە وڵاتەكە پێشبكەوێت و خەڵكەكەشی بەتایبەتی قوتابییەكان و نەوەی تازە ئارەزوویان هەیە زانست و هزرو ڕۆشنبیری وەربگرن و بەگشتی كوردستانم وادیت كە بەلایەنی پۆزەتیڤ وباش دا دەڕوات، هەر بۆیە پێمخۆشبوو كە من كەسێك بم لە بوارێكی گرنگ وەكو فێركردنی باڵا و توێژینەوەدا بەشداری لەپێشخستنی ئەو وڵاتە بكەم، هاوكات ئامانجی ئەو زانكۆیە ئەوەیە كە كەسانی لێهاتوو و سەركەوتوو درووست بكات كە لە ئاییندەدا یا لە دوای دەرچوونیان لە زانكۆدا لە دەمودەزگاكانی حكومەت خزمەت بە كۆمەڵگاكەیان بكەن و دژی ڕۆتین و گەندەڵی بوەستنەوە، هەر ئەمەش لەو قوتابیانە چاوەڕوان دەكرێت كە ئەمڕۆكە لە زانكۆی كوردستان لەسەر ئاستێكی نێودەوڵەتی دەخوێنن. لەلایەكی تر بەرنامەی زانكۆكەو ئێمە ئەوەیە كادیرو كەسایەتی شیاو بۆ بەڕێوەبردنی سستەمی دیموكراتی بەرهەم بێنین.
هەروەها لە تەوەرەیەكی تردا دكتۆر كلاوس نیومان وتی: پێش ئەوەی من بێمە ئێرە بۆچوونەكی ترم لەسەر هەرێمی كوردستان هەبوو، چونكە لە دەرەوە بەچاوێكی خراپ و مەترسیدار سەیری عیراق دەكرێت و هەرێمی كوردستانیش لە چوارچیوەی ئەو وڵاتەوە دەبینرێت، بەڵام كە هاتمە كوردستان ئەو بۆچوونەم بەتەواوی پێچەوانەبۆوە ودیتم كوردستان زۆر هیمنەو ئاسایشی تێدا بەرقەرارە، لەلایەكی تر پێشكەوتنێكی خێراو زۆر لە هەموو بوارەكانی ژیان لە كوردستان بە تایبەتی لە شاری هەولێر هەیە، هەر بۆ نموونە فڕۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی لە ئاستێكی زۆر بەرزە. هەموو ئەوانەش وایكرد ئێستاكە داوامكردووە خێزانەكەشم بێن لە هەولێر لەگەڵم بژین. هاوكات لە یەكەم وانە و دانیشتنم لەگەڵ قوتابیەكانی بەشەكە زۆر ئاسوودە بووم و هەستم بەوەكرد ئەو قوتابیانە تامەزرۆی فیربوون و كاركردنن و چاوەڕوانییەكی گەش لە قوتابییەكان دەكرێت، ئەو پڕۆگرام و سستەمەش كە لەم زانكۆیە پەیڕەودەكرێت نێودەوڵەتییە.
هەروەها لە تەوەرەیەكی تردا لەسەر بەشی سامانە سروشتییەكانی زانكۆی كوردستان دكتۆر كلاوس نیومان وتی: ئەو بەشەش لە سێ بەش پێكاتووە، بەشی پیتڕۆل و كانزاكان و سەرچاوە ئاوییەكان و ئێمە لەو بەشانەدا ئەو قوتابیانە وەردەگرین كە بەرزترین نمرەیان هەیە، هەروەها ئەو قوتابیانەی لە بەشی سامانە سرووشتییەكان دەخوێنن بە تواناو زیرەك و لێهاتوون، هاوكات ئێمە لەم زانكۆیە كەسانی زیرەك و جیدی وەردەگرین و ئەوانەی باش نەخوێنن و جیدی نەبن لەم زانكۆیە جێگایان نابێتەوە.
مامۆستا ئیان سمۆڵ وود سەرۆكی بەشی زمانی ئینگلیزی ویاریدەدەری بەڕێوەبردنی پێخستن و كوالیتی زانكۆی كوردستان وتی: لەسەرخواست و داوای خۆم هاتوومەتە زانكۆی كوردستان كە كاری من سەرپەرشتی و بەڕێوەبردن و پەروەردەكردن و فێركردنی قوتابیانە بە زمانی ئینگلیزی بۆ ئەوەی لە بەشەكانی تری ئەو زانكۆیە وەربگیرێن و توانای تیگەیشتن و فێربوونی زانستەكانیان هەبێت لەبەر ئەوەی وانەی هەموو بەشەكان تەنیا بەزمانی ئینگلیزیە لەسەر سستەم و شێوازی بەریتانیا،، هاوكات قوتابیان لەماوەی دوو ساڵی زمانی ئینگیزیدا پڕۆگرام و وانەی ترییش دەخوێنن.
لەتەوەرەیەكی تردا ئیان سمۆڵ وود وتی: من زانكۆی كوردستان بە زانكۆیەكی پێشكەوتوو ونێودەولەتی دەزانم و مەبەستی زانكۆكە ئامادەكردنی نەوەكانی ئەو وڵاتەیە بۆ پێشخستی نیشتمانەكەیان و مەبەستی دروستكردن و ئامادەكردنی چەند لاوێكی بەتواناو لێهاتووە و بوێرە بۆ بەڕێوەبردنی دامودەزگاكانی حكومەت و بۆ بەشداری بوونیان لە پڕۆسەی گەشەكردنی كارگێڕی و بازرگانی و ئابوری و زانستە سیاسیەكان و پەیوەندی نێودەوڵەتی . . . تا. هەروەها ئەو زانكۆیە بۆتە پردێكی بەهێز لە نێوان كوردستان چەندین زانكۆی نێودەوڵەتی لە جیهاندا.
هەروەها لەبارەی ئاستی قوتابیان لەم زانكۆیەدا سەرۆكی بەشی زمانی ئینگلیزی وتی: ئێمە كە قوتابی وەردەگرین دەبێت ئاستی زانینی زمانی ئینگلیزی بەپێی ستانداردی بەریتانی ڕێژەی نمرەكەی 3.5 بێت و لەپاش ئەوەی كە دوو ساڵەكەی دەخوێنێت دەبێت ئەو ڕێژەیی نمرەییەی بەرزبێتەوە بۆ5.5 و زیاتر، ئەگەر بەم شێوەیە نەبێت ئەوە ناتوانێت بچێتە قۆناغ و بەشەكانی تری زانكۆكە. بیرۆكە و دامەزراندنی زانكۆی كوردستان لەلایەن ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بیرۆكەیەكی زۆر باش و نیشتمانی و نەتەوەیی و گرنگە بۆ نەوەكانی كوردستان كە لە ڕێگای ئەو زانكۆیەوە دەتوانن ببنە كەسانی لێهاتوو و سەركەوتوو و قوتابیانی ئەو زانكۆیە شانسی زۆر بەهێزیان هەیە كە دەتوانن لە زانكۆیە پێشكەوتووەكانی دنیادا بخوێنن.
هەروەها دكتۆر مەحمەد یاسر حوسین سەرۆكی بەشی زانستی كۆمپیوتەر و تەكنەلۆجیا لە زانكۆی كوردستان وتی: ئێمە ئێستاكە لەدوای مانگێكی تر 18قوتابیمان لەبەشەكە تەواو دەبن و بڕوانامەی بەكالۆریۆس وەردەگرن و لە قۆناغی یەكەمی بەشەكە 15قوتابیمان هەیە، من 33ساڵ دووربوویمە لە نیشتمان، بەڵام پێش سێ ساڵ كە هاتمەوە كوردستان زۆر دڵخۆش و ئاسوودەبووم و دەبینم ئەو وڵاتە لە هەموو بوارەكانی ژیاندا پێشكەوتووە و داواكارم هەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت و بوونی ئەو زانكۆیەش هۆكارێكی بەهێزو دیارە بۆ ئامادەكردنی كادیرو كەسانی باوەڕ بەخۆبوو و بەتوانا كە بتوانن لەسەر قاچەكانی خۆیان بە هزرو بیرێكی نەتەوەی و نیشتمانی ڕاوەستن و خزمەت بە بوارەكانی ژیان بۆ كۆمەڵگاكەیان بكەن، بەڵام من گلەیەكم هەیە ئەویش ئەوەیە كە ئەو زانكۆیە بەخۆڕای و بەبێ بەرامبەر قوتابی وەردەگرێت و خەرجییەكی زۆر لە قوتابی و زانكۆكە خەرج دەكرێت، گەرچی هەندێك لە قوتابیان كە لەم زانكۆیە وەرگیراون پابەندی ڕێنمایەكانی خوێندن و پڕۆگرام و سستەمەكە نابن و بە جیدی ناخوێنن و نایانەوێت فێربن تەنیا دەیانەوێت ساڵ بەڕێ بكەن و بڕوانامەكە بەدەست بێنن، هەر بۆیە من لەم حاڵەتانە زۆر دڵتەنگ و زوویرم، بۆیە كە گرێبەستەكەشم لەگەڵ زانكۆ تەواو بێت گرێبەستەكەم تازە ناكەمەوە، زانكۆی كوردستانیش لە قۆناغی گەشەكردن و هەنگاوی باشە، بەڵام زۆر هەنگاوی ماوە بۆ ئەوەی زیاتر پێش بكەوێت و بگاتە ئەو ئاستەی كە هەندێ زانكۆ لە دنیا هەیانە و ئەو زانكۆیە لەڕووی بەڕێوەبردن و كارگێڕی هەنگاوی جیدی و باشی ناوە و لەڕووی پڕۆگرام و زانستیش زانكۆیەكی نموونەیە لە هەرێمی كوردستان، لەلایەكی تر هەیكەڵی زانكۆكە تا ئێستاش لەڕووی سستەمەوە زۆر دیار و ڕوون نییە، پێویستە لەمبارەشەوە كاری باشترو جیدی تر ئەنجام بدرێت، تاوەكو زانكۆكە زیاتر پێش بكەوێت و ئەو بینایەی زانكۆ هەیەتی توانای وەرگرتنی ڕێژەی پێویستی قوتابیانی نییە و دەبێت بینایەكی مۆدێرن و بەرفرەوانی بۆ بنیابنرێت تاوەكو ئامانجە سەرەكییەكەی خۆی بپێكێت.
دكتۆر ئەنوەر ئەناید سەرۆكی بەشی كارو كارگێڕی لە زانكۆی كوردستان وتی: من لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو بەشێك بوویمە لە پڕۆسەی كارو ئیشەكانی ئەو زانكۆیە و بەشداربوویمە لە دانانی بەرنامەكان بەتایبەتی بەرنامەیەكی ماستەرم داناوە بۆ بەڕێوەبەری كارگێڕی و ماوەی دوو ساڵە قوتابی وەردەگرین، بێگومان ئەو قوتابیانەی لەو بەشانەی كە لە زانكۆكە هەیە دەبێت وافێربكرێن و ڕابهێنرێن بەپێی توانا كە لە زانكۆ دەرچوون بتوانن بەشداربن لە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەو بەرەوپێشچوونی كوردستان، هەر لەسەرەتای وەرگرتنی قوتابیان ئەو فلتەرە دادەنین كە ئەوەی توانای پڕۆگرام و سستەمی زانكۆكەی نییە زاڵبین بەسەری بۆ ئەوەی لە قۆناغەكانی ئەكادیمی تووشی كێشەو گرفت نەبین، لەلایەكی تر هەموو هەوڵی ئێمە بۆ ئەوەیە كە ئاستی قوتابیان و زانكۆكە بەرز بكەینەوە بۆ ئاستی نێودەوڵەتی و ئەو قوتابیانەی لەلای ئێمە دەخوێنن ئامادەیەكی زۆر زیاتریان لە زانكۆكانی تری كوردستان هەیە كە لە دەرەوەی وڵات درێژە بەخوێندن بدەن، ئەمەش تەنیا لە ڕوانگەی زمان نییە، بەڵكو ئەو قوتابیانە لە شێوازی خوێندن و وانەوتنەوە و زانستەكەدا ئامادەیەكی زۆر باشیان بۆ درووست دەبێت و پڕۆگرام و سستەم و شێوازی پیادەكردنی خوێندن لە زانكۆی كوردستان سستەمی بەریتانیە بە تایبەتی لە كوالیتیدا و كوالیتی زانكۆش لە كوالیتی ستافی ئەكادیمییە و لەم ڕووەشەوە كێشەمان هەبووە لە وەرگرتنی مامۆستای ئەكادیمی كە ئەو ئاستەی ئێمە دەمانەوێت دەبێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بێت، زیاتریش بۆ دەستنیشانكردنی مامۆستای ئەكادیمی نێودەوڵەتی بڕی ئەو پارە دەبێتە كێشە كە دیاریكراوە، بۆیە داواكارین بڕی ئەو پارەی بۆ مامۆستای ئەكادیمی نێودەوڵەتی دادەنرێت زیاد بكرێت. لە كۆتاییدا پێمخۆشە ئەوەش بلێم بیرۆكەو ئامانجی درووستبوونی ئەو زانكۆیە بۆ ئەوەیە ئامانجە نەتەوەی و نیشتمانییەكانی كوردستان بەجێ بگەیەنێت و زانكۆكەش لە ئاستی نێودەوڵەتیش شوێنێكی باشی هەیە، بۆیە هەقی خۆیەتی ئەو ئامانجەشی هەبێت و هەوڵی بۆ بدات و دەبێت حكومەت و ئەوانەی لەسەرەوە كە زانكۆكە بەڕێوەدەبەن ئەو ئامانجە زۆر لەبەرچاو بگرن و نەهێلن زانكۆكە لەپێوەری نەتەوەیی دەربچێت و پێویستە ئەو بەرنامەو پڕۆگرامانەی لە وانەكان دەوترێتەوە پەیوەندیان بە كوردستانەوەش هەبێت.
هەروەها دكتۆر ئەڵیكس دانیلۆڤیسچ سەرۆكی بەشی زانستیە سیاسیەكان لە زانكۆی كوردستان وتی: ماوەی سێ ساڵە لەم زانكۆیەم و گرێبەستەكەشم كۆتایی پێ دێت، بەڵام لەبەر خۆشەویستیم بۆ قوتابیەكان و زانكۆكە و بەرقەراری هێمنی ئاسایش لە شارەكەدا پێمخۆشە لێرە بمێنمەوە و داواكاریشم گرێبەستەكەم لەلایەنی پێوەندار بۆ تازە بكەنەوە، لە بەشەكەی ئێمەدا 25 قوتابی بەكالۆریۆس و 35قوتابی ماستەر هەیە و هەر هەموویان قوتابی زۆر جیدین و زیرەك و تێگەیشتوون و چاوەڕوانی باش و كاریگەرم لە دواڕۆژی ئەو قوتابیانەیە لە پاش تەواوكردنی زانكۆدا بەتایبەتی لە ڕووی زانستی سیاسی و پەیوەندی نێودەوڵەتی دا، چونكە زۆربەیان بە بیرو هزری سیاسی گۆشدراون و هەرچی ڕاپۆرت و نووسین و لێكدانەوەیەكیان لێ داوا دەكەم بەلای بارودۆخی كوردستانی دەبەنەوە، ئەمەش ئەو هەست و سۆزەیان دەردەبڕێ كە لەلایان گەڵالەبووە لەسەر نەتەوەو نیشتمانەكەیان، هەرچەندە ئەو سۆزو هەستی قوتابیەكان لەلایەن هەندێ لە مامۆستاكانی بەشەكە خراپە، بەڵام من بە ئاسایی وەریدەگرم لەبەر ئەوەی قوتابییەكان كوردن و لە كوردستان دەژین خۆ لە هیندستان ناژین و مافی خۆیانە بەم شێوەیە بیر بكەنەوە، گەرچی ئێستا خەریكم كە فێریان بكەم چۆن بابەتێك یا ڕاپۆرتێك دەنووسن و ئامادەی بكەن و پێم وتونە لەسەرەتا باسی بارودۆخی گشتی دنیا و وڵاتان بكەن لەپاشان بابەتەكە بێنەوە سەر بارودۆخی كوردستان، هەر بۆ نموونە لەسەر بابەتی دیموكراتیدا پێویستە لەسەرەتادا باسی دیموكراتی بكەن و چەندین وڵات بە بابەتیانە باس بكەن ئینجا بێنە سەر ئەوەی كوردستان لەچ قۆناغێكە و چۆن دیموكراتی تێیدا بەرجەستە دەبێت و چی پێویستە بۆ ئەوەی لە كوردستان مومارەسە لەسەر دیموكراتیەت بكرێت و بەپێی ئەو جۆرە نووسینانە زیاتر لە دنیای سیاسی و زانستەكە نزیك دەبنەوە و دەگەنە ئەو ئاستەی كە چۆن بەراوردی بكەن لە نێوان دیموكراتییەت و سستەمەكانی تری حوكم و دەسەڵاتە جیاجیاكان و بەمەش ئەو قوتابیانە دەبنە كەسانی لێهاتوو و سەركردە.
هەروەها لە تەوەرەكی تردا وتی: ئاستی زانكۆ و سستەم و پڕۆگرامەكان زۆر پێشكەوتووە و نێودەوڵەتییە و ئەو مامۆستایانەی لەم بەشەی ئێمە وانە دەلێنەوە هەر هەموویان لەسەر ئاستی دنیادا پسپۆڕو شارەزاو خاوەن ئەزموونن و نێودەوڵەتین، بۆیە وای دەبینم كە لە دوای دەرچوونی قوتابییەكان لەزانكۆی كوردستان دەبن بە پیاوی شیاو و سەركەوتوو و لەبەڕێوەبردنی وڵات و شوێن پەنجەیان دیارو باش و كاریگەر دەبێت، بەڵام لەم زانكۆیە لەلایەن قوتابیانی كە لە بەشی ئەكسس دەخوێنن زۆر بە باشی لە بەشی زانستە سیاسیەكان ناگەن و بە گرانی دەزانن و لێی دوور دەكەونەوە واتە زۆر كەم لە قوتابیەكان دێنە بەشەكەی ئێمە و ئەم تێڕوانینەش بەدبەختیە، چونكە لە هەقیقەتدا ئەو بەشە زۆر گرنگ و پێویستە بۆ ئەو وڵاتە كە تازە هەنگاوی ناوە بەرەو سستەمێكی سەركەوتوو و بنەماكانی دیموكراتی تێدا هەیە و كوردستان ئێستاكە بەسەر چەند گۆڕانكاریەك دادەڕوات و لەو كاتەشدا زۆر پێویستە كەسانی شارەزاو بەتواناو لێهاتوو لە كوردستان و لە كوردەكان درووست بن یا فێرو ئامادەبكرێن لەسەر زانستە سیاسیەكان و پەیوەندیە نێودەوڵەتییەكان و شارەزای جیاجیایان لەسەر زانستە سیاسیەكان هەبێت. ئێمە لێرەین كە ئاگادارو شارەزای نێودەوڵەتین لەسەر بارودۆخی جیهان و سستەمەكانی دەسەڵات بۆیە دەمانەوێت قوتابیەكانمان قێر بكەین و شارەزای باشیان دەستكەوێت لەسەر ئەو گۆڕانكاریانەی لە دنیا ڕوودەدات و ئەو جۆرە دەسەڵاتانەی كە خزمەت بە مرۆڤایەتی دەكات و بابەت و مەسەڵە سیاسیەكانی ناو كوردستان و وڵاتەكەیان بزانن و لێرەدا بە پێویستی دەزانم بلێم كە ئێستاكە بۆ كورد. هاوكات بە پێویستی دەزانین كە قوتابیەكانمان فێربكەین چۆن تەماشای یاساو مادەكانی ناو دەستووری عیراق بكەن، چونكە لە ناو ئەو دەستوورەدا زۆر یاسا و مادە هەیە دژی یەكترن و پێویستی بە هەڵوەستە لەسەركردن و تێڕوانین و كاركرن و تێگەیشتن هەیە تاوەكو خەڵكەكە نەكەونە ناو هەڵەو سەرلێشواندنەوە. بەگشتی زانكۆی كوردستان بەپێی ئەو سستەم و پڕۆگرامەی هەیەتی كاری باش دەكات و نەوەی تازە لەسەر تێگیشتن و گۆڕانكاریەكانی سەردەم فێر دەكات و ڕادەهێنێت بۆ خزمەتی حكومەت و نەتەوەو نیشتمانەكەی و ئایندەیەكی گەش چاوەڕوانی ئەو نەوە تازەیە دەكات.
هەروەها داستان محەمەد سەرۆكی یەكێتی قوتابیانی زانكۆی كوردستان وتی: ڕێكخراوی قوتابیان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆیە و لە ساڵی 2008 دامەزراوە كە تایبەتە بە كاروباری قوتابیانی زانكۆی كوردستان و بەهەڵبژاردن لەلایەن قوتابیانی زانكۆكە سەرۆك و دەستەی كارگێڕی دەستنیشان دەكرێن و دوورە لە هەموو دەستێكی حزبی و سیاسی و حكومی و تەنیا لە پێناو بەرژەوەندی قوتابیان كار دەكات كە لەم زانكۆیە وەردەگیرێن و گرنگی بەلایەنی نەتەوەیی دەدەین، ساڵانە زیاتر لە 35 مەراسیم و بۆنەو چاڵاكی جۆراوجۆر ڕێك دەخەین، هەروەها ئێمە پردێكی پەیوەندین لە نێوان قوتابیان و كارگێڕی زانكۆی كوردستان، ئێمە وەكو ڕێكخراوەكە پەیوەندی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ سەرۆكی زانكۆیە.
هەروەها چەند قوتابیەكمان دواند یەكێك لەم قوتابیانە بە ناوی سوما جەبار لە قۆناغی یەكەمی بەشی سامانە سرووشتییەكان(بەشی نەوت) وتی: پڕۆگرامی خوێندن لە زانكۆكە بەگشتی و لە بەشی نەوت بەتایبەتی زۆر قورسە، بەڵام لە ئاستێكی بەرزی نێودەوڵەتیدایە و لە ئاستێكی زۆر بەرزە، سستەم و مامۆستاكانمان نێودەوڵەتین و شێوەی وانە وتنەوەكانیان زۆر ئەكادیمیەو وادەكەن بە ئاسانترین شێوە تێمان بگەیەنن و ئەو وانە و سستەمەی لێرەدا هەیە جیاوازە لەگەڵ هەموو زانكۆكانی تری هەرێمی كوردستان.
هەورەها قوتابی ئازاد ڕۆستم وتی: زانكۆی كوردستان لەلایەنی پڕۆگرام و سستەم و مامۆستاكانەوە هاوچەرخ و پێشكەوتوو و نێودەوڵەتییە و لایەنێكی گرنگتر لەم زانكۆیە كە مەرجی وەرگرتنیشە ئەویش فێربوونی زمانی ئینگلیزیە بەنووسین و بەقسەكردن و هەر لەم زانكۆیەدا فێری توێژینەوە و بوێری دەبین و دەتوانین ببین بە كەسانی شیاو لە كارو شوێنی شیاودا.
هەروەها قوتابی هاوسەر كەماڵ وتی: من ساڵی یەكەمە لەم زانكۆیە كە لە سلێمانی بۆ ئەو زانكۆیە هاتین لە لایەن زانكۆی كوردستانەوە ئاسانكاری زۆریان بۆ كردووین ئاستی ئەو وانەو پڕۆگرامەی لێرە دەخوێنین زۆر جیاوازو باشترە لە زانكۆیەكی وەكو زانكۆی سلێمانی، چونكە من پێشتر لە زانكۆی سلێمانی بوویمە. سیفەتێكی تری ئەو زانكۆیە ئامانجی نیشتمانی و نەتەوەیە، چونكە قوتابی هەر چوار پارچەی كوردستان وەردەگرێت.
هەروەها قوتابی كرمان كەماڵ وتی: ئەگەر هاتوو حكومەتی هەرێم چەند زانكۆیەكی تر هاوشێوەی ئەو زانكۆیە لە هەرێم دابمەزرێنێت لە ماوەی چەند ساڵێكی تردا ژمارەیەكی زۆر كادیرو فەرمانبەری لێهاتوو و شارەزاو پسپۆڕ دێنە میدانی كاركردن، چونكە پڕۆگرامەكانی زۆر پێشكەوتووە. هەروەها لە هیچ ڕووێكەوە لەنێوان قوتابی هەژارو كەمدەرامەت و دەوڵەمەند جیاوازی نییە، بەڵكو پێوەری ئەو زانكۆیە نمرەو زیرەكی و لێهاتووی و باوەڕ بەخۆبوونی كەسەكەیە.
Top