ئاو و ئاوەڕۆ و شەقام و كۆڵانەكانی پیرەمەگروون پێویستی بەچارەسەركردنە

ئاو و ئاوەڕۆ و شەقام و كۆڵانەكانی پیرەمەگروون پێویستی بەچارەسەركردنە
-پرۆژەی ئاوو ئاوەڕۆی پێویستە
-یاریگاو پارك و پاخچەی تێدا نییە
-بۆ 5000 منداڵ یەك باخچەی یاریكردن نییە


شارۆچكەی پیرەمەگروون كە لەساڵی (1988) لە ئەنجامی ڕووخاندن و ڕاگواستنەوەی خەڵكی گوندەكانی دۆڵی جافایەتی و سورداش دروستكراوە، یەكێكە لەو ناحیە گەورانەی زیاتر لە (35) هەزار كەسی تێدا نیشتەجێیەو (45) گوند لە سنوورەكەیدایە، سنووری پیرەمەگروون جگە لەوەی ناوچەیەكی كشتوكاڵییە، هەروەها ناوچەیەكی شاخاوییە، دیمەنی جوان و شوێنی گەشتیاری و شوێنەواری هەیە. هاووڵاتیانی ئەم شارۆچكەیە لەبواری پرۆژە خزمەتگوزاریەكاندا داوای ئاوڕلێدانەوەی زیاتری حكومەتن، تیمی (گوڤاری گوڵان) سەردانی شارۆچكەی پیرەمەگروونی كردو لەنزیكەوە چەند هاووڵاتییەكمان دواند، ئەو هاووڵاتیانە ئاماژەیان بە خراپی ئاو و ئاوەڕۆ و شەقام و كۆڵانەكانیان كردو گلەییەكی زۆریان لە كارە خزمەتگوزاریەكان هەبوو، بەتایبەتی لە كۆكردنەوە و فڕێدانی زبڵوخاشاك. داواكاری و رەخنەكانی هاووڵاتیانمان ئاڕاستەی بەڕێوەبەری ناحیەكە كردوو بەڕاشكاوانە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە. لێرەدا لە دووتوێی ئەم راپۆرتەدا گلەیی هاووڵاتیان و وەڵامی بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون دەخەینەڕوو.
هاووڵاتیان لە گرفتی ئاوو ئاوەڕۆو شەقامەكان بێزاربوون
سەرەتا لەسەنتەری ناحیەی پیرەمەگروون ژمارەیەك لەهاووڵاتیان رەخنەو گلەییان لەكەمی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان كردوو ئاماژەیان بەهەردوو گرفتی ئاویخواردنەوەو بێسەروبەری كۆڵان و شەقامەكانیان دا بەتایبەتی لە كەرتی (6و7و8و گەڕەكی پێشەواو شەهیدان..)، لەمبارەیەوە هاووڵاتی ساڵح تەلانی وتی:( ماڵەكەمان 3 ساڵە ئاویخواردنەوەی بۆ نەهاتووەو بۆ دابینكردنی ئاو پشتمان بەبیری سوری بەستووە، ئەگەر ئەو بیرانەی ئاویخواردنەوە نەبێت كە زۆربەی هاووڵاتیان لەناو حەوشی ماڵەكانیاندا لێیانداوە دەبووایە خەڵكی ئەم ناحیەیە لەبەر بێئاوی چۆڵیان بكردایە)، هەر سەبارەت بەم گرفتە هاووڵاتی مەولود یاخیان وتی:(چەند ساڵێك لەمەوبەر پرۆژەی ئاویخواردنەوەمان بۆ ئەنجامدرا، بەڵام پرۆژەكە كەموكوڕی هەبوو هاوكات بەشێك لەماڵەكان ئاویان بۆ نەدەهات و هەر زوو بۆرییەكانیان شكا، لەسەر ئەم كەموكوڕی و شكست و بەفیڕۆدانی داهات و پارەیەدا هیچ بەڵێندەرو ئەندازیارێك سزا نەدران، ئێستا دووبارە دەستیان كردۆتەوە بەپرۆژەیەكی ئاویخواردنەوە، بەشكو ئەمجارە پێش هاتنی وەرزی هاوین چارەسەری یەكجارەكی ئاویخواردنەوەی پیرەمەگروون بكرێت..)
هاووڵاتی مەحمود عەلی ئاماژەی بەوەدا كە لەساڵی رابردووەوە ئاویخواردنەوە بۆ ماڵەكەیان نەهاتۆتەوەو بۆ دابینكردنی ئاویش پشتیان بەماڵی دراوسێیەكیان بەستووە. هاووڵاتی عوسمان عەزیز باسی لەو مەترسیانە كرد كەرەنگە رووبەڕووی هاووڵاتیان بێتەوە ئەویش بڵاوبوونەوەو تەشەنەكردنی نەخۆشیە چونكە زۆربەی ناحیەكەش ئاوەڕۆی نییەو ئەگەری تێكەڵبوونی ئاویخواردنەوەو ئاوەڕۆ زۆرە. سەبارەت بەخراپی رێگاوبانەكانیش لەگەڕەكی پێشەوا حاجی محەمەد وتی(زۆربەی كۆڵان و شەقامەكانمان قیرتاوو كۆنكرێت نەكراون لەوەرزی زستاندا بارودۆخمان زۆر خراپە، داواكارین لە حكومەتی هەرێم بۆ ئەمساڵ هەڵمەتێكی قیرتاوكردنی كۆڵان و شەقامەكانی سەنتەری ناحیەكەو ڕێگاوبانی گوندەكان ئەنجام بدەن). هاووڵاتی بەكر محەمەد باسی لەخراپی محاویلەكان كردو داوای كرد كە هەوڵی گۆڕینی ژمارەیەك لەمحاویلەكان بدرێت، چونكە ئەم محاویلانە كۆن بوون و بەبەردەوام تێك دەچن، هەروەها كرێكارەكانی كارەبا زۆر ماندوون و ئامێرو پێداویستی چاككردنەوەی كارەبایان نییە، هەر بۆیە پێویستە مشوری كرێكاری زیاتر بخورێت، هاووڵاتی سدیق مستەفاش لەگەڕەكی پێشەوا داوای دروستكردنی پارك و شوێنی پشوو حەوانەوەی هاووڵاتییان كرد بەڕادەیەك وای لێهاتووە لە رۆژانی جەژن و پشوودا شوێنێك نییە هاووڵاتیانی ناحیەكە سوودی لێوەربگرن. هەر لەهەمان گەڕەك هاووڵاتی ئەكرەم عەلی وتی(پێویستە لەم كابینەیەدا حكومەتی هەرێم زیاتر گرنگی بەو ناحیەو شارۆچكانە بدات كە ژمارەی دانیشتوانەكەی زۆرەو لەخزمەتگوزارییەكان پشتگوێخراون، ئەوەتا تا ئێستا لەبواری ئاویخواردنەوەو قیرتاوكردنی شەقام و ڕێگاوبانەكان بێسەروبەرییەكی زۆر بە پیرەمەگروونەوە دیارە، لەلایەكی تریشەوە پێویستە یەكە ئیدارییەكانیش لەكاتی ئەنجامدانی پرۆژەكان ڕەچاوی دادپەروەری لەنێوان هەموو كۆڵان و شەقامەكان بێ جیاوازی بكەن). سەبارەت بەكەرتی كشتوكاڵیش هاووڵاتییەك بەناوی ئیسماعیل حوسێن باسی لەكەموكوڕی كەرتی كشتوكاڵ كردو وتی( حكومەتی هەرێم لە كات و بەرواری خۆیدا تۆو دەرمان و پێداویستیە كشتوكاڵیەكانی تر دابین ناكات، ئەمساڵ وەزارەتی كشتوكاڵ دەرمانی بۆ ڕەزی مێوو میوەجاتەكانی تر دابین نەكردووە..) ئەم هاووڵاتییە پێی وایە فەرامۆشكردنی كەرتی كشتوكاڵ وایكردووە زۆر لەجوتیارەكان بەماڵەوە بەرەو ناحیەو قەزاو شارەكان كۆچ بكەن و گوندەكانمان دووبارە لەبەردەم ئەگەری چۆڵبووندان)لەبواری گەنجانیشدا هاووڵاتی بێستوون غەنی وتی(ناحیەكەمان یاریگاو پارك و پاخچەو شوێنی گەنجانی تێدا نییە، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند یاریگاو باخچەو شوێنی یاری بۆ منداڵان و گەنجان بكاتەوە ). لەگەڕەكی كۆسرەتیش هاووڵاتی ئاوات عومەر وتی(پێویستمان بەخاوێنكردنەوەی كۆڵان و شەقامەكان هەیە بەتایبەتی پێویستە شارەوانی خەمێك لە دوورخستنەوەی فڕێدانی ئەو زبڵ و خاشاكە بخوات كە لەسەر ئەم ڕێگا سەرەكییە فڕێدراوەو لەشار دوور نەخراوەتەوە). لەگەڕەكی 404ی شەهیدان برایم محەمەد باسی لەنەبوونی خزمەتگوزاری كردوو وتی (لەپرۆژەكانی ئاوەڕۆ زۆر بێسەروبەرین و پێویستە حكومەتی هەرێم پێش هەموو پرۆژەیەك خەمی چارەسەركردنی گرفتی ئاوەڕۆ بخوات، چونكە هەر قیرتاوو كۆنكرێت كردنێكی شەقام و شۆستەكان بێ ئەنجامدانی پرۆژەكانی ئاوو ئاوەڕۆ و راكێشانی كارەبا بێسوود دەبێت و دوای ماوەیەكی تر دووبارە هەمووی تێكدەدرێتەوە).

هەر لەگەڕەكی شەهیدان عوسمان عەزیز وتی: بەناچاری دەبێت ماوە ماوە ئەو هەموو زبڵوخاشاكەی كە لەگەڕەكەكەماندا كۆدەبێتەوە بیسووتێنین، چونكە بۆن و بەرامێكی زۆر بڵاودەبێتەوەو هەراسانی كردوین و گەڕەكەكەمانی زۆر پیس كردووە، بەتایبەتی ئێستا لەوەرزی گەرمادا مێشوو مەگەزێكی زۆری لێكەوتۆتەوەو ئەمەش مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لێدەكرێت.
رەخنەو داواكاری خەڵكی و ئەو پرۆژانەی كە پێویستە لەریزبەندی كارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دابنرێت؛ ئاڕاستەی(عەدنان كاكەڕەش) بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروونمان كردەوە.
گرفتی ئاویخواردنەوە
سەبارەت بەگرفتی ئاویخواردنەوەو چۆنیەتی چارەسەركردنی بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون وتی: زیاتر لە 20 ساڵە نەمانتوانیوە كێشەی ئاویخواردنەوەی سەنتەری پیرەمەگروون بەتەواوەتی چارەسەر بكەین، واتە گرفتی ئاویخواردنەوەی زیاتر لە 35 هەزار كەس بێ چارەسەر ماوەتەوە، پێش یەكگرتنەوەی كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژەیەكی ئاوی ستراتیژی بۆ ناحیەی پیرەمەگروون خرایە ژێر جێبەجێكردن و چەند قۆناغێكیشی بڕی، بەڵام لەبەر بوونی كەموكوڕی هونەری و كەم ئەزموونی و هەندێك كێشەی تر ئەوكات ئەو پڕۆژەیە سەركەوتوو نەبوو، لەماوەی رابردوو پرۆژەیەكی نوێی ئاویخواردنەوە دەستی پێكردووەو ئێستا قۆناغی باشی بڕیوە، بەتەواوبوونی ئەم پرۆژەیەو بەنۆژەنكردنەوەی تۆڕی دابەشكردنی ئاویخواردنەوەی گەڕەكەكان كێشەكە بە ڕێژەی 95% چارەسەر دەبێت. ئەو پرۆژەیەی كە ئێستا لەقۆناغی جێبەجێكردندایە بڕی 6 ملیار دیناری بۆ خەرج كراوە .

بێسەروبەری كۆڵان و شەقامەكان
سەبارەت بەكێشەی قیرتاونەكردن و كۆنكرێت نەكردنی شەقام و كۆڵانەكانی ناو سەنتەرو گەڕەكەكانی پیرەمەگروون عەدنان كاكە ڕەش وتی: یەكێك لەو گرفتە سەرەكییانەی كە زۆر زەق بۆتەوەو بووەتە هۆی بێزار بوونی هاووڵاتیان و گلەیی و رەخنەی زۆری لەسەرە بریتیە لە بێسەروبەری كۆڵان و شەقامەكانی ناحیەكە، ئێمە وەكو لایەنی بەرپرسی یەكەی ئیدارە پرۆژەی قیڕتاو و كۆنكرێتكردنی شەقام و شۆستەو ئاوەڕۆی ناحیەكە بەریزبەندی یەكەمی پرۆژەو پێویستیەكانی ناحیەكە دادەنێین، داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەكەین ڕەچاوی ئەم پێداویستییانە بكەن و بەزووترین كات بۆمانی جێبەجێ بكەن. بۆیە منیش لێرەدا پشتگیری لەداواكارییەكانی خەڵكی دەكەم كە مافی خۆیانە ئەو داواكاری و ڕەخنانە بگرن و پێویستیشە بۆیان جێبەجێ بكرێت .
ماستەرپلان و گرفتی كوژانەوەی زەوی كشتوكاڵی
لەتەوەرەیەكی تری تایبەت بە ماستەرپلان و گرنگی ئەم پرۆژەیە بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون وتی: نەخشەیەكی بنەڕەتی كە وەك ماستەرپلانەو لەشارەوانی پیرەمەگروون هەیە لە ئیشوكارەكان و لە فراوانبوونی سنووری شارەوانی كاری پێ دەكەن، بەڵام لەهەندێك كاتیشدا بەتایبەتی لە لایەنی ڕێگاوبان و شوێنی پرۆژەكان و فراوانبوونی شار گرفتی زۆرمان دێتە بەردەم بەتایبەتی لە كوژانەوەی زەوییە كشتوكاڵیەكان لەبەر ئەوەی خاوەن زەوی و جوتیارەكان ڕازی نابن بە كوژانەوەی زەوییەكانیان، هەروەها كێشەی تاپۆكردنی خانووەكان هەبوو خۆشبەختانە مامەڵە بۆ هەموو ئەو خانووە بێ تاپۆیانە كراوەو لەماوەیەكی نزیكدا خانووەكان بەسەر خاوەنەكانیدا تاپۆ دەكرێت، لەلایەنی زێدەڕۆیشەوە ناحیەكەمان بەهاوكاری هاووڵاتیان كەمترین زێدەڕۆیی هەیە بەراورد بەناحیەكانی دەوروبەرو قەزای دوكان .

كۆمپانیا كەمتەرخەمەكان
سەبارەت بەدابەزاندنی دەسەڵاتی دارایی و ئیداریی و توانای لێپێچینەوە لەو كۆمپانیا كەمتەرخەمانە كە پرۆژەیەك بەخراپی ئەنجام دەدەن؛ عەدنان كاكەڕەش وتی: لەدەسەڵاتماندا نییە هیچ كۆمپانیایەكی كەمتەرخەم لێپێچینەوەو سزای لەگەڵدا ئەنجام بدەین، تەنیا وەكو لایەنی ئیداریی دەتوانین داوا لەسەروو خۆمان بكەین كە لیژنەیەكی هەڵسەنگاندنی هونەری و ئەندازیاریی دامەزرێنن بۆ ئەو جۆرە پرۆژانەی كە لەكارو ئیشەكانیاندا رازی نەبین یا لەرووی هونەری و زانستیەوە كەموكوڕی هەبێت، ئێمەش زۆر لە وردەكاری زانستی و ئەندازیاریی پڕۆژەكان نازانین و شارەزایمان كەمە، چونكە ئەوانەی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكانن زیاتر دەرچووی یاسایین و ئەندازیار نین. لەرووی دەسەڵاتی ئیداریی و دارایی ئێمە دەسەڵاتەكانمان بەشێوەیەك نییە بتوانین پرۆژە بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە، ئێمە هیچ جۆرە بودجەیەكمان لەبەردەستدا نییە، من لەگەڵ دەسەڵاتی نا مەركەزیم، هەروەها پێویستە وەكو بودجەی پەرەپێدان بودجەی وەزارەتەكانیش بەپێی ژمارەی دانیشتووان بدرێتە قەزاو ناحیەكان نەك وەكو ئێستا بەپێچەوانەوە، هەر بۆیە زۆرجار لەكارو پرۆژەو بودجەدا بەشخوراو دەبین و لەپرۆژەو كارە خزمەتگوزارییەكان گرفت و كێشە دروست دەبێت، تەنانەت وەكو یەكەی ئیدارە لەدەستنیشانكردنی پرۆژەكان و ریزبەندی پێداویستیەكان دەسەڵاتمان نییە.

نەبوونی هەماهەنگی بۆ ریزبەندی پرۆژەكان
سەبارەت بەنەبوونی هەماهەنگی لەنێوان وەزارەت و لایەنە پێوەندارەكان لەكاتی ئەنجامدانی پرۆژەكاندا بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون وتی: وەزارەت و لایەنە پێوەندارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری و هەماهەنگیان لەنێواندا نییە بگرە كەمترین ئاگاداری یەكترن، هەر بۆ نموونە لەناو وەزارەتی شارەوانی كە چەند لایەنێكی خزمەتگوزاری دەگرێتەوە وەكو ئاوو ئاوەڕۆو دروستكردنی شەقام و قیرتاوكردن و كۆنكرێت كردن ئاگاداری یەكتر نین بەڕادەیەك شەقام و شۆستە دروست دەكەن دواتر دێن و بۆ پڕۆژەیەكی ئاوو ئاوەڕۆ، ئەو پرۆژەیەی پێشوو هەڵدەوەشێننەوەو تێكی دەدەنەوە، ئەمە زیانگەیاندنە بەداهاتی گشتی و بووەتە هۆی ناڕەزایەتی هاووڵاتیانیش، نموونەیەكی روونتر كە لەناحیەی سەنتەری پیرەمەگروون روویداوە شەقام و شۆستەی سەرەكی ناحیەكە دروستكراوە لەپاشان پڕۆژەی رووناككەرەوەمان لەلایەن وەزارەتی كارەباوە بۆ دەرچووە، بەمەش دەبێت دووبارە سەرجەم ئەو شەقام و شۆستەیە هەڵبكەنینەوە .

گرفتی زبڵ و خاشاك
سەبارەت بەپاككردنەوەو خۆ ڕزگاركردن لەزبڵوخاشاك كە بەیەكێك لەكێشە سەرەكیەكانی ناحیەكە دادەنرێت بەڕێوەبەری ناحیەكە وتی: بەسستەمێكی زۆر كۆن و تەقلیدیی و تەنیا 24 كرێكارو ئەو ئامێرە خراپانە ناتوانین هەموو كۆڵان و شوێنەكان پاك بكەینەوە، ئەمە بەگرفتێكی سەرەكی ناحیەكەمان دادەنرێت، خەڵكی مافی خۆیەتی رەخنە لەشارەوانی بكرێت چونكە كۆنەكردنەوەی زبڵوخاشاك و كەڵەكەبوونی هۆكارێكی ترسناكە بۆ پیسبوونی ژینگەو بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە پێویستمان بەسستمێكی نوێ هەیە كە جگە لەوەی پاككردنەوەی شار بدرێتە كۆمپانیای پێشكەوتووی تایبەت، هاوكات پێویستیمان بەكارگەیەكی ریسایكلینیش هەیە تاوەكو بەشێوەیەكی سەردەمیانە لەم كێشەیە رزگارمان بێت. لەلایەكی ترەوە لەبواری نەبوونی پارك و پاخچە لەناو گەڕەك و سەنتەری ناحیەكەدا كەموكوڕییەكی زۆرمان هەیە؛ هیچ شوێنێك نییە لەكاتی پشوو بۆنەكاندا خەڵكی رووی تێبكات. تەنیا یەك باخچەی یاری منداڵانیش نییە لەكاتێكدا 5000 منداڵی خۆشەویست لەناحیەكەماندا هەیە .

فەرامۆشكردنی گەشتوگوزار
سنووری پیرەمەگروون جگە لەوەی كشتوكاڵییە هاوكات سنوورێكی گەشتوگوزارییە كە چەندین شوێنەواری گرنگی تێدایە لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری ناحیە وتی: وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەماوەی ساڵانی رابردوودا هیچ پرۆژەیەكی گەشتوگوزاری بەتایبەتی لەچەمی ڕێزان كە بنەمای گەشتوگوزارییەكی بەهێزی هەیە ئەنجام نەداوەو هیچ بەرنامەو پلانێكیش نییە بەهەمان شێوە شوێنەوارەكانیشمان نەكراوەتە بنەمایەكی راكێشانی گەشتیارو سەرنجی خەڵك . بەپێویستی دەزانم لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا هەوڵبدرێت بودجەیەكی تایبەت بۆ گەشەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار لەناوچەكەدا دابین بكرێت .
پاڵاوتگەی نەوت لەپیرەمەگروون
سەبارەت بەبوونی پاڵاوتگەی نەوت لەناوچەكەو رۆڵی لەدابینكردنی هەلی كاردا، بەڕێوەبەری ناحیەكە وتی: پاڵاوتگەی نەوت كە لەگوندی قازان لەسنووری ناحیەكەماندایە، زۆر هەوڵمانداوەو قسەمان لەگەڵ لایەنی پێوەندار بەتایبەت وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كردووە كەپێویستە خەڵكی پیرەمەگروونیش لەم پاڵاوتگەیە دابمەزرێنرێت، ئەمە گەیشتە ئاستێك كە مشتومڕێكی زۆری لێكەوتەوە لەنێوان ئێمەو وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لەدوا ئەنجامدا پێیان راگەیاندین وتیان ئەگەر یەك كرێكار داوا بكەن لەم كارگەیە دابمەزرێت دەبێت پرس بەئێمە بكەن و نووسراو بۆ ئەنجومەن دەكەین، ئەمەش رۆتین و كاتێكی زۆری دەوێت، بەمەش كۆت و بەندێكی زۆریان لەبەردەم ئێمە داناو پێیان وتین بەهیچ جۆرێك ئێوە ناتوانن راستەوخۆ داوا لەو پاڵاوتگەیە بكەن تەنانەت بۆ دامەزراندنی یەك كرێكاریش، ئەم قسانەیان بە بەڕێوەبەری ناحیەی خدرانیش راگەیاند، ئەمە لەكاتێكدا خەڵكی ئەنبار لەم پاڵاوتگەیە دامەزراوەو كار دەكات، بەڵام خەڵكی قازان كە لەسەر زەوییەكانیان پاڵاوتگەكە دانراوە نابێت لەوێ دابمەزرێن و كار بكەن، تەنانەت بەرامبەر بەزەوییەكانیشیان كە ئەو پاڵاوتگەیەی لەسەری دامەزراوەو موڵكی باووباپیرانیانە قەرەبووویەكی ڕەمزییان پێدراوە، بەگشتی لەناحیەكەو سنوورەكە ناڕەزاییەكی زۆر هەیەو خەڵكی داواكاری و رەخنەكانیان رووبەڕووی ئێمە دەكەنەوە نەك رووبەڕووی وەزیرو وەزارەتەكان. لەلایەكی ترەوە لێرەدا بەپێویستی دەزانم باسی كێشەی زەویوزار بكەم كە وەزارەتە پێوەندارەكانی وەكو وەزارەتی كشتوكاڵ و دارایی و شارەوانی و گەشتوگوزار كە لەسەر زەوییەكانی خۆیان لێپێچینەوە ناكەن و بەوەڵام نایەن. چونكە ئەم زەوییانە چەندین ساڵە لەلایەن كۆمەڵێك كەسەوە دەستی بەسەردا گیراوەو بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاری دەهێنن، ئێمە لەرووی یاساییەوە ناتوانین لێپێچینەوە لەو كارە نایاساییانە بكەین، بەڵام لەرووی یاساییەوە لەوەزارەتەكان لیژنەی تایبەت هەیە دەكرێت لەوێوە بەرگری لە زەوییەكانی خۆیان بكەن و بەپێی یاسا ڕێگا چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە.

ئەمساڵ بەشێك لەگرفتەكان چارەسەر دەبێت
لەكۆتاییدا بەڕێوەبەری ناحیەكە وتی: ئەمساڵ 35 ملیار دینار لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی ناو سەنتەری ناحیە تەرخانكراوە، كە بەم بڕە پارەیەش دەتوانین بەشێك لەگرفتەكانمان چارەسەر بكەین، هەروەها وەزیری تەندروستی توانی مەڵبەندی تەندروستیەكانمان بۆ فراوان بكات و ژمارەیەكیش لە پزیشك و كارمەندی تەندروستی بۆ مەڵبەندەكان دابین كرد، هاوكات بینایەی قوتابخانەیەكی 12 پۆلی و 18 پۆلی لەژێر جێبەجێكردندایە بە تەواوبوونی ئەم قوتابخانانە كێشەی سێ دەوامی قوتابخانەكانی ناو سەنتەری ناحیەكەمان چارەسەر دەبێت.
Top