خـانەقین دەركراوەكانی جەلەولاو سەعدیە پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوە هەیە

خـانەقین دەركراوەكانی جەلەولاو سەعدیە پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوە هەیە
قایمقامی خانەقین بۆ گوڵان:

لە گەڕەك و كۆڵانەكان زبڵوخاشاك هاووڵاتیانی بێزار كردووە
ڕێگاوبانەكان كۆن و بێسەروبەرن
پـڕۆژەی ئاوو ئـاوەڕۆ و كارەبـای پێویستە
لەو شوێنانەی كوردی تێدا دەكوژرێت هێزی پێشمەرگە جێگیر نەكراون

بە بەڵێن و ئیعلام هەموو شتێكمان بۆ كراوە، لەراستیدا هیچ پرۆژەیەكی گەورەمان بۆ نەكراوەو دەیان گرفتمان بێ چارەسەر ماوە

هاووڵاتیان چاوەڕوانی ئاوڕلێدانەوەی حكومەتی هەرێمن
لە گەڕەكی ئاوبارە چاومان بەچەند هاووڵاتییەك كەوت كە ئاماژەیان بەگرفتی سەرەكی شارەكەیان دەكرد بەتایبەت گرفتی ئاوو كارەبا؛ لەمبارەیەوە هاووڵاتی ئەحمەد عەباس تەمەن 70 ساڵ وتی: (گەرچی گەڕەكەكەی ئێمە تازەیە بەڵام كەموكوڕی خزمەتگوزاریمان زۆرە، لەوانە نەبوونی ئاو و كارەباو بێسەروبەری كۆڵان و شەقامەكان، ئەم شارە خاوەنی نییەو كەس گوێ لەخەڵكی ئەم شارە ناگرێت تا ئەو كارو پڕۆژانەی كە زۆر پێویستن بۆیان ئەنجام بدەن..)، ئەم هاووڵاتییە باسی لەو خەبات و قوربانیانە كرد كە خەڵكی ئەم شارە پێی ناسراون وتی : من 41 ساڵ لەسەر هەڵوێستی كوردایەتی ڕاگوازرامەوە بۆ شارەكانی تری ناوەڕاست و خوارووی عیراق، كەچی ئێستا لە خانەقین لە گەڕەكێك نیشتەجێم كە تێیدا كەموكوڕی خزمەتگوزاری گەورەی هەیە. لە گەڕەكی دارەكنارە خەلیل ئیبراهیم كە خەڵكی گرفتی سەرجەم خزمەتگوزارییەكانیان هەبوو وتی:(گەڕەكەكەمان لە هەموو خزمەتگوزارییەك فەرامۆشكراوەو پێویستی بە كارو پڕۆژەی خێرا هەیە، ئەمساڵ بارودۆخەكە بەمجۆرە بڕوات ئاوو كارەبامان نابێت و ژیان ڕادەوەستێت، بۆیە داواكارین زۆر بەخێرایی هەر لەم مانگەوە هەوڵبدەن ئاو و كارەبا كە دوو خزمەتگوزاری سەرەتایی و سەرەكین بۆ دانیشتوانی گەڕەكمان و سەرجەم هاووڵاتیانی شارەكەمان دابین بكرێت). لە گەڕەكی تۆلەفرۆشانیش حوسێن ئیسماعیل وتی:(پێویستمان بە پڕۆژەی ئاویخواردنەوەو ئاوەڕۆ هەیە، كە وایكردووە باری تەندروستیشمان خراپ بێت و مەترسی كەوتنەوەی دەیان نەخۆشی خراپی لێدەكرێت). هەر لەهەمان گەڕەك باوكی خەلیل وتی :( داواكارین حكومەت و لایەنی بەرپرس گەڕەك و كۆڵانەكانمان لە زبڵوخاشاك پاك بكەنەوە، چونكە مانەوەو فڕێنەدانی زبڵوخاشاكی ماڵان هۆكاری سەرەكی بۆنی ناخۆش و مێش و مەگەزو بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی مەترسیدارە، تەنانەت دیمەنی گەڕەكمان بە هۆی مانەوەی زبڵوخاشاك زۆر قێزەوەنە)، هەر لەمبارەیەوە هاووڵاتی جەبار ئەنوەر لە گەڕەكی ئاغاوخەلیفە وتی:( كێشەی سەرەكی لەم گەڕەكە فڕێنەدانی زبڵوخاشاك و كۆنكرێت نەكردنی كۆڵان و شەقامەكانە، هەروەها نەبوونی باخچەو پارك دیمەنی شارەكەمانی ناشرین كردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی زۆربەی دارو درەختەكانی ئەو شارە بەرەو نەمان و وشكبوون دەچن، لەلایەكی تر ئەو گەڕەكە مێژووەكەی زیاتر لە 2هەزار ساڵە و چەندین خانوو هەیە خەڵكەكە چۆڵی كردووە و دارودیوارەكانیان بەرەو داڕمان دەچن و كەسێك یا حكومەتی هەرێم و لایەنی پێوەنداری شوێنەوار نایەن ئەو خانوو و مێژوو كلتورە بپارێزن. هاووڵاتییەكی تر بە ناوی محەمەد حوسێن هەر لە گەڕەكی تۆلەفرۆش وتی:( ئەم گەڕەكە ئاویخواردنەوەی زۆر خراپە و كەمە و زبڵوخاشاكیش بەپێی پێویست كۆناكرێتەوەو ناگوازرێتەوە، بۆیە كۆڵان و ناو گەڕەكەكە زۆر پیسە، ئەمەش هۆكارێكە لە وەرزی هاوینان بۆ پەیدابوونی هەندێ زیندەوەری زیانبەخش و مەترسیدار وەكو مارو دووپشك. سەبارەت بەهەمان گرفت حەكیم رەسول لە گەڕەكی پۆلیسان(حی شورتە) وتی: داواكارین تەنیا پڕۆژەیەكی ئاویخواردنەوەمان بۆ جێبەجێ بكەن، هیچ كارو پڕۆژەیەكی ترمان ناوێت، دەنا دەبێت گەڕەكەكە بەجێبهێڵین .
لە گەڕەكی بارمیل هاووڵاتیەك بەناوی شەمسەدین كە خاوەنی گازینۆیەكی سەر لێواری ئاوی ئەڵوەندە بوو وتی:( چەند باس لە كەموكوڕی و گرفتەكانی خزمەتگوزاری ناو سەنتەری قەزاو سنووری خانەقین بكەین تەواو نابێت، من وەكو خاوەن گازینۆیەك لە بەردانەوەی ئاوی ئەڵوەند ئومێدم نەماوە، لەبەر ئەوەی چەند ڕۆژێك ئاوەكە بەردەدرێتەوە لەپاشان دەگیرێتەوە تا ئاوەكە وشك دەكات، هەر بەهۆی گیرانەوەی ئەو ئاوە خەڵكی شارەكە و گوندەكانی وەكو عەلیاوە و دەوروبەری زیانێكی كشتوكاڵی و دارایی زۆر دەكەن. هاوكات لە گەڕەكەكەمان وەكو دانیشتوانی بارمیل پێویستمان بە پڕۆژەی ئاویخواردنەوەو ئاوەڕۆو چاككردن و كۆنكرێت كردنی شەقام و كۆڵانەكان هەیە، سەرتاپای ئەو گەڕەكەش هەر كۆڵانێك پێی تێپەڕبیت لەبەر مانەوەی زبڵوخاشاك و بۆنی ناخۆش و هەبوونی مێش و مەگەز بێزار دەبیت، لەبەر ئەوەی سستەمی پاككردنەوەو فڕێدانی زبڵوخاشاكی شارەوانی شارۆچكەی خانەقین كۆنە و ئامێرو كرێكاری پاككردنەوەیان زۆر كەمە . ئەم هاووڵاتییە باسی لەگرفتێكی تریش كرد كە تایبەتە بەهاتنی دەركراوەكانی جەلەولاو سەعدیە لەمبارەیەوە وتی: (پێویستە حكومەتی هەرێم ئاوڕێك لە دەركراوو ئاوارەكانی ئەم سنوورە بداتەوە بە تایبەتی ئەوانەی جەلەولا و سەعدیە كە لەترسی تیرۆرستان و شۆڤێنیەكان ماڵ و موڵكی خۆیان بەجێ دەهێڵن، بۆیە دەڵێم پێویستە ئەولەویەتی كارو ئیشەكانی حكومەتی هەرێم لەم سنوورە جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور بێت. هەر سەبارەت بەگرنگی جێبەجێكردنی ئەم ماددەیە حوسام مەجید وتی : ( تاوەكو خەمی جیدی لە مادەی 140 نەخورێت و هەنگاوی پراكتیكی لەسەر میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەم ماددە دەستوورییە نەكرێت كێشەو كەموكوڕی خزمەتگوزارییەكانمان بەردەوام دەبێت، بەداخەوە دەسەڵاتی سیاسی كوردستان لە جێبەجێكردنی ئەم مافە نەتەوەییە كەمتەرخەم بووە، بۆیە داواكارین هێزی پێشمەرگە رەوانەی ئەو شوێنانە بكرێت كە كوردی تێدا دەكوژرێت و هەڕەشە لەكوردەكان دەكرێت ).

رەخنەو داواكاری هاووڵاتیان سەبارەت بە كەموكوڕی خزمەتگوزارییەكان و لەپاڵ ئەو كارو پڕۆژانەی كە خەڵكەكە بە ئەولەویەتی دەزانن بۆیان جێبەجێ بكرێت؛ ئاراستەی (محەمەد مەلا حەسەن) قایمقامی قەزای خانەقین مان كرد كە پوختەی وەڵامەكانی لێرەدا بڵاودەكەینەوە.

كوردەكانی سەعدیەو جەلەولاو دەوروبەری خانەقین كۆچ دەكەن
سەرەتا سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەكە قایمقامی قەزای خانەقین وتی: بارودۆخی ئاسایش و پێكەوە ژیانی نەتەوەو ئاین و ئاینزاكان و مەزهەبەكان لە ناو سەنتەری قەزای خانەقین كە ژمارەی دانیشتوانەكەی زیاتر لە 180هەزار كەسە زۆر باش و هێمنە و كەمترین كێشە ڕوودەدات، بەڵام لە دەوروبەری خانەقین بەتایبەتی لە (سەعدیەو جەلەولا) كوردەكان ژیانیان پارێزراو نییە و هەڕەشەو هێرشی تیرۆریستانیان لەسەر بەردەوامە، هەر بۆیە كوردەكانی ئەو شارۆچكانە لە ترسی سەروماڵیان بۆ خانەقین و كەلار و كفری و شوێنی تر كۆچ دەكەن، چونكە نەمانتوانیوە بیانپارێزین و هێزی پێشمەرگەش لە دەرەوەی ئەو شوێنانەن، لەكاتێكدا پێویستی دەكرد لە پێناو پاراستنی ئەو هاووڵاتیانە لەناو شارۆچكەكان جێگیربوونایە، تەنانەت من وەكو قایمقامی خانەقین خۆم بەیەكەم كەسی بەرپرس دەزانم كە نەمانتوانیوە كوردەكانی ئەو ناوچەو شارۆچكانە بپارێزین. هەروەها مادەی 140ی دەستوور مادەیەكی گرنگ بووە ئەگەر بەپێی كات و سات و شێوەی خۆی جێبەجێ بكرابووایە، خۆم هیچ باوەڕم بە جێبەجێكردنی ماددەكە نەماوە، چونكە ئەو عەقڵیەتەی لە بەغداو دەسەڵاتی حكومەتی عیراقی هەیە بەهەموو شێوەو جۆرێك كۆسپ و تەگەرە لەبەردەمی جێبەجێكردنی ئەو مادەیە درووست دەكەن تائێستا جگە لە قەرەبووكردنەوەی 10ملیۆن دینارەكە هیچ قۆناغێكی تری ئەو ماددەیە جێبەجێ نەكراوە .
بودجەیەكی تایبەتمان پێویستە
سەبارەت بە كەموكوڕی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و ئەولەویەتی ئەو كارو پڕۆژانەی بۆ سنوورەكە زۆر پێویستن قایمقامی قەزای خانەقین وتی: پێمخۆشە زۆر واقیعانە باسی كارو پڕۆژەكان بكەم، چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە بودجەی بۆ كارو پڕۆژەی جۆراوجۆر تەرخانكردووە، بەڵام ئەم شارە كاولكرابوو ئێستاكە سەرەڕای بوونی ئەو كەموكوڕییانە بەڵام خزمەتگوزاری بەرفرەوان و ئاوەدانییەكی باشی بەخۆوە بینیوە، گەرچی پێویستە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ هەستانەوەی شاری خانەقین و جێبەجێكردنی داواكاری و پێداویستی كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی شارو گەڕەكەكان بودجەیەكی تایبەت تەرخان بكرێت، ئەگەر حكومەتی هەرێم ئومێدی بەخانەقین هەیە و دەیەوێت هەموو ئەو سنوورە بۆ سەر كوردستان بگەڕێتەوە و ئینتمایی خەڵكەكە بەهێزو پتەو بكات، چونكە ئەو بڕو بودجەیەی لە پارێزگای دیالە بۆمان دێت لەگەڵ ئەو عەقڵیەتەی بەرامبەر بەئێمەی شاری خانەقین هەیانە ناتوانرێت كارو پڕۆژەی باش و سەركەوتوو بۆ خانەقین ئەنجام بدرێت. بۆیە ئەمە كاریگەری لەسەر ئێمە دروستكردووە و بەپێی پێویست بودجە بۆ ئێمە نانێرن، هەر بۆیە ناتوانین پرۆژەكان لەكاتی دیاریكراوی خۆی و بەپێی پێویستی خەڵك و گەڕەكەكان جێبەجێی بكەین .
ئاوی بیرەكان بەكەڵكی خواردنەوە نایەت
سەبارەت بە ریزبەندی ئەو پرۆژەو كارانەی كە لەماوەی ئەمساڵدا كە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێی بكات قایمقامی خانەقین وتی: پڕۆژەو كارەكان دوو بەشن، هەیە ستراتیژییەو هەشە پێداویستی ڕۆژانەیە، ئێستا بەو پێیە پڕۆژەی ئاویخواردنەوەی قەزای خانەقین لە ساڵی شەستەكان دروستكراوە، ئەمەش بووەتە هۆی كەموكوڕی و گرفتی یەكجار زۆر و كەوتنەوەی گرفتی كەمئاوی، تەنانەت ئاوی بیرەكانمان لەرووی تەندروستیشەوە باش نییە و بەكەڵكی خواردنەوە نایەت، بۆیە خانەقین پێویستی بەپڕۆژەیەكی ستراتیژی زۆر گەورە هەیە كە توانایەكی دارایی زۆری دەوێت، ئەم پڕۆژەیەشمان لەحكومەتی ناوەندی داوا كردووە، هەرچەندە لەو بڕوایەدا نیم جێبەجێی بكەن. لێرەدا داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین پڕۆژەیەكی ئاویخواردنەوە بەخێرایی بۆ خانەقین ئەنجام بدەن تاوەكو لەگرفتی بێئاوی رزگارمان بێت. چونكە لەهاویندا گرفتی گەورەی بێئاوی لە خانەقین روودەدات و لەلایەكی ترەوە ئاوی ئەڵوەندیش دووبارە وشكی كردووەو لەسەرچاوەكەیەوە گیراوەتەوە و زیانی گەورەی بەباخ و دارستانەكان گەیاندووە. ئێمە داوای پرۆژەیەكمان لەسەرۆكی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان و وەزیرە بەرپرسەكان و دەسەڵاتدارانی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كرد كە چارەسەركردنی ئاوی ئەڵوەند پێویستی بە دۆزینەوەی بەدیلێكە ئەویش بە راكێشانی پرۆژەیەكی ئاودێری لە ئاوی سیروانەوە، بەداخەوە داواكارییەكەمان بەپرۆژەیەكی بچووك و خراپ كۆتایی هات كە تەنیا كۆنكرێتی چەند كیلۆمەترێكی ئەو جۆكەیەیان كرد كە پێشتر بۆ خانەقین راكێشراوە، ئەمە چارەسەر نییە و پێویستە ئاوی سیروان بەجۆكەلەیەكی گەورە بۆ ناو خانەقین راكێشرێت، وەزیری كشتوكاڵ لەبەردەم سەرۆكی هەرێم وتی پرۆژەكەی ئاوی سیروان بۆ خانەقین تەواو بووە ئەمە لەكاتێكدا تەواو نەبووەو ئەو كێشەیە چارەسەر نەكراوەو ئەم پرۆژەیە پرۆژەكەی ئێمە نییە. لەلایەكی ترەوە سەبارەت بەئاوەڕۆی خانەقین كە بێسەروبەرەو شاری خانەقین هیچ پلانێكی ئاوەڕۆی تێدا نییە و بەتەواوەتی لەم رووەوە فەرامۆشكراوە، سروشتی شاری خانەقین وا هەڵكەوتووە كە هەرچی پرۆژەیەكی ئاوەڕۆی بچووك ئەنجام بدرێت پێویستە لەدواڕۆژدا دووبارە ئەو پرۆژەیە هەڵبوەشێتەوە، بۆیە پێویستمان بەپرۆژەیەكی ئاوەڕۆی گەورە هەیە كە تەنانەت چارەسەری ئاوەڕۆكە لەدەرەوەی شاریش بكات .
كابیسەی پاككردنەوەی شارمان پێویستە
سەبارەت بەگرفتی كۆكردنەوەو خۆرزگاركردن لە زبڵ و خاشاك قایمقامی خانەقین وتی: ئەو كێشەیە زیاتر بۆ 2 ئیدارەیی دەگەڕێتەوە كە ئیدارەكانمان بەگشتی 2 بەشە بەشێكی سەر بەهەرێمی كوردستانەو بەشەكەی تریشی سەر بەپارێزگای دیالەیە، كێشەی زبڵ و خاشاكیش كە ئەمڕۆ لەناو سەنتەری شارو هەموو گەڕەكەكان هەیە بەیەكێك لەكێشە سەرەكیەكانمان دادەنرێت كە پێویستی بەچارەسەركردنی بەپەلە هەیە، هۆكاری سەرەكی ئەو كێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ كەمی كرێكارو ئامێرو پێداویستی شارەوانی بۆ كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك، خۆ رزگاركردن لەزبڵ و خاشاكەكەش هەر وەكو كۆكردنەوەكە بەڕێگایەكی كۆن و ناتەندروست بەڕێوەدەچێت. خەڵكی خانەقین مافی خۆیانە گلەیی لە خراپی كۆكردنەوەو خۆ رزگاركردن لەزبڵ و خاشاك بكەن. شاری خانەقین كە دانیشتوانەكەی زیاتر 180 هەزار كەسە، لەسەر هەرێمی كوردستانەوە تەنیا 1 شۆفڵ و 1 قەلاب و 5 كابیسەمان بۆ پاككردنەوەی شارەكە هەیە، لەكاتێكدا پێویستیمان بە 25 كابیسە هەیە. باوەڕ دەكەیت لەم شارە گەورەیە 1 گرێدەرو عادیلەو سەلەی كارەبامان نییە، ئێمە تەنیا بەڕێكردنی كاری رۆژانەی تێدا دەكەین. پێشتر 35 ساڵ و ئێستاش 9 ساڵە واتا بەگشتی 44 ساڵە ئەم شارە پشتگوێخراوەو گرنگی پێ نادرێت.
وێستگەیەكی كارەبامان پێویستە
سەبارەت بەگرفتی كارەبا لەخانەقین كە بەیەكێك لەداواكاری و پێداویستی سەرەكی خەڵكەكە دادەنرێت چونكە بارودۆخی كارەبا لەم شارەدا زۆر خراپە ؛ قایمقامی خانەقین وتی: كارەبا لەخانەقین زۆر خراپە و رۆژانە تەنیا چەند كاتژمێرێك كارەبامان هەیەو 2 وێستگەی كارەبامان كە لەساڵانی شەستەكان دروستكراوە سوتاون و ئەو وێستگەیەی گواستنەوەی كە هەمانە زۆر كۆنەو لەهیچ شارێكی تر نەماوە، ئێمە گلەیمان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، لەكاتێكدا ئیدارەی كارەبای خانەقین لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەڕێوەدەچێت كەچی كارەبامان نادەنێ، ئەگەر كار بەمشێوەیەی ئێستا بڕوات ئەم هاوینە بێ كارەباو بێ ئاو دەبین، لە دوای سەردانەكەی وەزیری كارەبا بەڵێنمان پێدراوە بەشێك لەو گرفتانە ئەمساڵ چارەسەر بێت و بەشەكەی تریش لە زستانی داهاتوو چارەسەر بكرێت.
ڕێگاوبانەكانی خانەقین بێسەروبەرە
سەبارەت بە ڕێگا سەرەكیەكان و شەقام و كۆڵانەكان كە هاووڵاتیان رەخنەیەكی زۆریان لەمبارەیەوە هەبوو قایمقامی خانەقین وتی: هەموو ڕێگا سەرەكیەكانی خانەقین بێسەروبەرەو مەرجی هاتوچۆكردنی تێدا نەماوە، هەر كەسێك سەردانی خانەقین بكات ئەو بێسەروبەری و خراپی كۆڵان و شەقامەكان بەتایبەتی لەوەرزی زستاندا بەچاوی خۆی دەبینێت، هەربۆیە ئەركی وەزارەتی شارەوانییە هەڵمەتێكی قیرتاوكردنی ڕێگاوبان و كۆڵانەكانمان بۆ ئەنجام بدات.
دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی
سەبارەت بەدەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی قایمقامی خانەقین وتی : پێویستە لەو ڕۆتینەی كە حكومەتی هەرێم تێی كەوتووە خۆی لێ دەرباز بكات، چەندین جار بە حكومەتی هەرێمی كوردستانم وتووە پێویستە چەند لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی كەموكوڕی و كێشەكانی خانەقین دابمەزرێت و بەدواداچوونی بۆ بكرێت تا چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، من نازانم بۆچی لیژنەیەك بۆ ڕەوانەكردن و دابینكردنی بودجە لەم ناوچەیە دانامەزرێت تا ڕەچاوی ریزبەندی پرۆژەكان و بەدواداچوونی خێراو راستەوخۆیان بكات، لەكاتێكدا پڕۆژە هەیە چەندین ساڵە بڕیاری لەسەر دراوە بەڵام نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە یا دواكەوتووە.
پڕۆژەی گەورەمان بۆ نەكراوە
سەبارەت بەپڕۆژە خزمەتگوزارییە پێویست و سەرەكیەكان كە پێویستە حكومەتی هەرێم ریزبەندی بەپێشخستنی ئەو پرۆژانە بدات قایمقامی خانەقین وتی : لەكاتێكدا هەموو كەس و لایەنێك خۆی بەخاوەنی ئەم شارە دەزانێت كەچی بە بەڵێن و بڕیارو ئیعلام بێت هەموو شتێك بۆ ئەم شارە كراوە بەڵام لەراستیدا هیچ پرۆژەو كارێكی گەورەمان بۆ نەكراوەو دەیان گرفت و كێشەمان بێ چارەسەركردن ماوەتەوە، بەراشكاوانە دەڵێم هەموو پرۆژە خزمەتگوزاریەكانی خانەقین كەموكوڕی و گرفتی زۆری هەیە و پێویستیان بەچارەسەركردنی خێرا هەیە، جگە لەو گرفت و پێداویستیانەی پێشتر ئاماژەم پێدا ئێستا ئێمە پێویستیمان بە نۆژەنكردنەوەو دروستكردنی چەند قوتابخانەیەك هەیە، ئەمە جگە لەپەرەپێدان و خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیان لەبواری تەندروستی.
لەكاتێكدا سەرۆكی هەرێم یا سەرۆكی حكومەت كە سەردانی شارێك دەكات وەكو ئەوەی كە پێشتر هاتنە خانەقین و بەچاوی خۆیان بارودۆخەكەیان بینی و گوێیان لەداواكاری و ڕەخنەكان گرت و بڕیاریان دا هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان بدەن، بەڵام بەداخەوە ئەو وەزیرو بەرپرسانەی لەگەڵیاندا هاتن هیچ بەڵێن و كارێكیان تا ئێستا جێبەجێ نەكردووە، لێرەدا بۆ بیرهێنانەوە پێویستە جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوممەت و كاربەدەستانی تر هەوڵی جیدی بدەن بۆ چارەسەركردنی ئەو هەموو گرفت و كێشەیە. داواكارم ئاوڕێك لەخانەقین بدرێتەوە چونكە كاتێك هاووڵاتی بەراوردی ئاستی خزمەتگوزاری و پێشكەوتن بەشارەكانی تر دەكات ئیدارەی شارەكە بەكەمتەرخەم دەزانێت، ئالێرەدا هاووڵاتیان مافی خۆیانە گلەیی بكەن كە شارەكەیان 20 دەقیقە لەشارەكانی تری كوردستان دوورە لەوێ ئەو هەموو پرۆژەو كارە دەكرێت لێرەش هیچ ناكرێت.
دەنگ و رەنگ و هەڵوێستی ئەم شارە بۆ كوردستان بووەو شاری لەیلاقاسم و شۆرشی ئەیلوول و شۆڕشی نوێیە و بێناز كەوتووە، بۆیە پێویستە هەڵمەتێكی پڕۆژەو پێشخستنی كاری خزمەتگوزاری لەخانەقین بەڕێوەبچێت تاوەكو متمانەی خەڵكی خانەقین بەحكومەتی هەرێم بمێنێت.
Top