فراوانبوونی ئاسۆیی هەولێر، تاچەند رەچاوی تەلارسازی كراوە؟
May 3, 2012
راپۆرتەکان
-دكتۆرە شەونم ڕەشید ڕاگری كۆلێژی ئەندازیاری: هەماهەنگی لە نێوان زانكۆی سەڵاحەدین و وەزارەتەكان بەهێز نییە
-دكتۆر فەیسەڵ دەهام لەكۆلێژی ئەندازیاری: بۆ كارو پڕۆژەكان پێویستە پشت بە شارەزایان و پسپۆرانی ناوخۆ ببەسترێت
-دكتۆر عەلی عزەدین سەرۆكی بەشی تەلارسازی لە كۆلێژی ئەندازیاری: لەدروستكردنی باڵەخانەو سوپەرماركێتەكاندا خێراییەكی زۆری پێوە دیارە
هەولێر لەنێوان ساڵانی 2004- 2009 بەراورد بەشارەكانی تری عێراق تاڕادەیەك گۆڕانكاری لەژیان و گوزەرانی دانیشتوانی پارێزگاكەدا روویدا، ئەمەش دوای ئەوەی كارو پرۆژەكان گۆڕانكاریەكی نەوعیان بەخۆوە بینی، بەڵام ئێستاكە چەندین گرفت و ئاستەنگ هاتۆتە بەردەم جێبەجێكردنی پرۆژە گەورەكان، سەرۆكی شارەوانی هەولێریش هۆكارەكەی بۆ كەمی بودجەی بەردەست دەگەڕێنێتەوە . لەم رووەوە دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ شارێك كە بەخێراییەكی پێوانەیی لەرووی ئاسۆییەوە فراوان دەبێت، پێویستی بەبودجەیەكی باش هەیە. لەلایەكی ترەوە لێرەو لەوێ گرفتی ئەندازیاری شارستانی و تەلارسازی سەریهەڵداوە، بەڕادەیەك مامۆستایان و شارەزایانی ئەندازیاری زانكۆی سەڵاحەدین لەم راپۆرتەدا ئاماژە بە بوونی ئەو كەموكوڕیانە دەكەن و چەند پێشنیارێكیش بۆ چارەسەركردنی دەخەنەڕوو.
بودجەی پێویستمان لەبەردەستدا نییە
سەبارەت بەكارو پڕۆژەكانی شارەوانی لە هەولێر عەلی رەشید سەرۆكی شارەوانی هەولێر وتی: كارو پڕۆژە ستراتیژییەكانی شارەوانی بۆ خزمەتگوزاری هاووڵاتیانە، بۆ ئەم ساڵ پێنج پڕۆژەی گەورە بەبەهای 21 ملیار دینار چوونەتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، پڕۆژەكانیش بریتین لە( دوو پردی پەڕینەوە، بەرزە پردو ژێر پردی چواڕیانی مەخمور، پڕۆژەی تەواوكاری ڕێگای 120مەتری)، هاوكات لەلایەن پارێزگای هەولێریشەوە نزیكەی 100ملیار دینار بۆ كارو پڕۆژەكانی سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر و هەر 6 شارەوانییەكە تەرخانكراوە. هەروەها چەندین پڕۆژەی تری ستراتیژی و گەورەمان لە ژێر جێبەجێكردنە وەكو ( هەردوو بەرزە پردو ژێر پردی چوار ڕیانی رزگاریی و جیهان ) ئەو دوو پڕۆژەیەش دواكەوتووە بەهۆی گیروگرفتی ئاوو هەواو نەخشەسازی كە ئێمە وەكو سەرۆكایەتی شارەوانی لێی بەرپرسین، هۆكاری سێیەمیش سستی و كەمتەرخەمی كۆمپانیای جێبەجێكارە، هەروەها پڕۆژەی ڕێگای هەولێر- كەركوك كە ئەمەش دەكاتە ڕێگای هەولێر تا بازگە و لە پاشان تا دەگاتە قوشتەپە، پڕۆژەی شەقامی خزمەتگوزاری 100مەتری كە لە شەقامی كەركوك تا شەقامی كۆیە..)، لەبواری پرۆژەكانی ئاویش دا هەرچەندە لەبیرە كۆنەكان كێشەمان هەیە بەڵام چاوەڕوان ناكرێت گرفتی كەمئاوی رووبدات، بەڵام لەگەڵ فراوانبوونی هەولێر بودجەی پێویستمان بۆ ئەو گەورەبوونە خێرایەی شار لەبەردەستدا نییە، ئێمە بەرنامەو پلانەكانمان وا داڕێژتووە كە كامە گەڕەك زیاترین ڕێژەی دانیشتوان هەیە بۆ ئەو گەڕەكە خزمەتگوزارییەكان پێش دەخەین، بەڵام لە پلانی 2012 كە 21 ملیار دینار بۆمان تەرخانكراوە بۆ كارو پڕۆژەكان زۆر كەمە لە چاو ئەو كارو پڕۆژانەی كە پێویستمانە.
چارەسەری كێشەكان لەسەر بنەمای داواكاری خەڵك
سەبارەت بەوەی تا چەند داواكاری خەڵك لە ڕیزبەندی پڕۆژەكان لەبەر چاو دەگیرێت سەرۆكی شارەوانی هەولێر وتی: ئێمە لە ڕێگای هەر 6 شارەوانییەكانەوە لە نزیكەوە داواكاری و پێداویستییەكانی هاووڵاتیان وەردەگرین، كابینەی 7ی حكومەت كە تەنیا یەك ساڵ و 4مانگی لەبەر دەستدایە یەكێكە لەو كابینانەی كە گرنگی بە داخوازی و كێشەو كەموكوڕی هاووڵاتیان دەدات و لەسەر بنەمای داواكانی خەڵكەوە ئەولەویەت بە كارو پڕۆژەكان دەدات، ئێمە ئێستاكە لەم كابینەیەدا لە لایەن ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگادار كراینەوە و پەیامەكەشمان لەلایەن جەنابی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزارو پارێزگاری هەولێرەوە پێ گەیشتووە كە:(دەبێت شەو و ڕۆژ لە كاركردن دا بین تاوەكو لە ئاست و داواكارییەكانی هاووڵاتیانی شاری هەولێردا بین..) .
تێكەڵ و پێكەڵی لەتەرخانكردنی زەوی
سەبارەت بەمەسەلەی تەرخانكردنی زەوی بەتایبەت بۆ وەبەرهێنەران سەرۆكی شارەوانی هەولێر وتی: لە كۆتایی ساڵانی 2009 و 2010دا خەڵكێكی زۆر ڕوویان لە كارو پڕۆژەكانی وەبەرهێنان كرد، كە كاروبارەكانی شارەوانی لە ڕووی زەوی دابەشكردن تاڕادەیەك ئاڵۆزی تێدا درووست بوو، چونكە لیژنەیەك لە وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار هەبوو كە هەڵدەستا بەدابەشكردنی زەوی لە ڕێگای موساتەحەوە بەسەر وەبەرهێنەكان، لە ڕاستیدا ئەوەش لە كاتی خۆیدا گیروگرفتێكی بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر درووست كردبوو، بەڵام لە كابینەی تازەدا وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار فەرمانی كرد پێش نەخشەكان گشت پڕۆسەی كاركردن لە سەرۆكایەتی هەولێر ئەنجام بدرێت و وەزارەتیش وەكو چاودێرێك بێت بەسەر كارو پڕۆژەكانی سەرۆكایەتی شارەوانی یەوە، ئێستا گشت نەخشەكان لەڕێگای ئەنجومەنی شارەوانی دێتەوە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی، بەڵام ئەوەی لە ئەنجومەنی وەزیران بوو لیژنە نەبوو، بەڵكو بەپێی یاسا ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی هەبووە كە زەوی بەسەر هاووڵاتیان دابەش بكەن، ئەو دابەشكردنی زەویانە یەكێكە لەو كێشانەی ڕووبەڕووی ئێمە بۆتەوە كە كاریگەری لەسەر گەیاندنی كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان هەبووە.
گرفتی زبڵ و خاشاك
سەرۆكی شارەوانی هەولێر سەبارەت بە زبڵوخاشاك وتی: باگراوەندێكی ناخۆشمان لەڕووی خاوێنكردنەوەی شارەوە هەیە، وەكو كۆنتراكت پاككردنەوەی هەولێر بە كۆمپانیای جەنائین درا و ئەویش تێیدا سەركەوتوو نەبوو، لەپاشان بە كۆمپانیای سپێك تڕۆمی بەریتانی درا و دواتر نەیتوانی بە كارەكان هەڵبستێت، هەربۆیە بۆ پاككردنەوەی هەولێر گەیشتینە ئەوەیەی كە هەولێر بكەینە 6 زۆن بەپێی 6 شارەوانیەكەی كە هەیە، چونكە هەولێر شارێكی بەرفرەوان و گەورەیە و هەر زۆنێكی بە كۆمپانیایەكی لێهاتووی ناوخۆ بدەین، ئەو پڕۆسەیە چووە كاری جێبەجێكردن و لە ڕۆژی 17/4/2012 كاركردنی زۆنی شارەوانی 5دەستی بەكارەكانی كرد كە سنووری كاركردنەكەی لە شەقامی ئیسكانەوە تا شەقامی مەخمورە و دارەتووش لە ناو سنووری كاركردنەكەی دایە. ئێستاكە شاری هەولێر بەرەو پاك و خاوێنی دەچێت پێش 6مانگ لەمەوبەر ڕۆژانە تەنیا 400تا500تەن زبڵوخاشاك لە ناو هەولێر هەڵدەگیراو دەگوازرایەوە، بەڵام ئێستاكە ڕۆژانە لە زیاتر لە 2000تەن زبڵوخاشاك لە ناو گەڕەكەكان و سەنتەری شاری هەولێر دەگوزارێتەوە. پاككردنەوەی هەولێر مانگانە دووملیارو 800سەد ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە، بەڵام تا ئێستاكە لە ڕووی ڕیسایكلین بە شێوەیەكی زۆر سەرەتای زبڵوخاشاكەكە ژێرخاك دەخرێت.
هۆكاری دواكەوتن و جێبەجێ نەكردنی پرۆژەكان
سەبارەت بە هۆكاری ئەنجامنەدان و دواكەوتنی هەندێ پڕۆژەی ستراتیژی وەكو فراوانكردنی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ و ئاوەڕۆی ئاوی قورسی هەولێرو پشتێنەی سەوزو چەندین پڕۆژەی تر سەرۆكی شارەوانی هەولێر وتی: هۆكاری سەرەكی دواكەوتنی ئەو پڕۆژە ستراتیژی و گرنگانە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی بودجە، هەر بۆ نموونە پڕۆژەی ئاوەڕۆی ئاوی قورسی هەولێر زۆر پێویست و گرنگە و بودجەكەشی زۆرە بۆیە پێویست بوو حكومەت و لایەنی پێوەندار ئەو بودجەیە لە ڕێگای كەناڵێك وەكو قەرزی درێژخایەن لە وڵاتێك یا ڕێكخراوێك یا لە بانكی نێودەوڵەتی دابینی بكات ئینجا دەست بەكارەكانی بكرابووایە، بۆ دابینكردنی ئەو بودجانەش زۆر هەوڵدرا و ئەوانەی دەیانویست هاوكاری حكومەتی هەرێم بكەن دەیانویست كارو قەرزەكان لە ڕێگای حكومەتی عیراقی فیدڕاڵ بێت، ئەوانیش وەكو حكومەتی عیراق بۆ ئەو پڕۆژانە بەهیچ جۆرێك هاوكاری ئێمەیان نەكردووە .
پسپۆرانی كۆلێژی ئەندازیاری
نەیانتوانیوە هەماهەنگی ئێمە بكەن
سەبارەت بەوەی تا چەند پسپۆڕان و شارەزایانی ناوخۆ بەتایبەتی مامۆستاو پسپۆڕانی كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سەڵاحەدین لە كارو پڕۆژەو دیزاینەكان یارمەتیدەرن، سەرۆكی شارەوانی هەولێر وتی: لە حەقیقەتدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و مامۆستاو ستافەكانی ناو كۆلیژەكان لەبەر سەرقاڵی و كاری ڕۆژانەی خۆیان نەیانتوانیووە هەماهەنگی تەواوی ئێمە بكەن و بەهەمان شێوە ئێمەش لەبەر كارو ئەركی خۆمان نەمانتوانیووە گرنگی بەو بوارە بدەین، بەڵام لەو كارو پڕۆژانەی كە باسمانكردوو كە لەلایەن كۆمپانیا بیانییەكان جێبەجێ دەكرێت ئەوە مەرجمان لەسەریان دانابوو كە پسپۆڕێك لە زانكۆی سەڵاحەدین لەسەر ئەو پڕۆژانە بن، بەڵام گەشبین نیم لە ئاستی ئەو هەماهەنگیەی لە نێوان ئێمەو زانكۆی سەڵاحەدیندا هەیە .
لە كۆتایدا سەرۆكی شارەوانی وتی: دەبێت ئەوە بزانین لە كاتی ئاوەدانكردنەوەو گەشەكردنی شارو وڵاتدا هەندێ كێشەو كەموكوڕیش دێتە پێش دەبێت ئەو كێشانەش بە هێمنانەو بە یاسایی بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیان و شارەكە لەسەرخۆ چارسەر بكرێت، هاوكات داواكارم لە ئەنجومەنی وەزیران ئەو بودجەیەی لە وەزارەتی پلاندانان بۆ پڕۆژە ستراتیژییەكانی سەرۆكایەتی هەولێر تەرخانی دەكەن زیادی بكەن .
رۆڵی كۆلێژی ئەندازیاری
لەدیزاین و پرۆژەكان
سەبارەت بە پێوەندی نێوان شارەزایانی كۆلێژی ئەندازیاری و وەزارەت و دامودەزگا پێوەندارەكان لەهەولێر دكتۆرە شەونم ڕەشید ڕاگری كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سەڵاحەدین وتی: كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سەڵاحەدین، یەكێكە لەو دەزگا ئەكادیمیانەی هەرێمی كوردستان كە كۆمەڵگای كوردەواری بەشێوەیەكی گشتی و شاری هەولێری پایتەختی كوردستانی بەتایبەتی بەئەندازیاری شارەزاو بنیادنەر ئاشناكرد، ئەم كۆلێژە هەر لە هەفتاكانی سەدەی ڕابردووەوە دەزگایەكی ڕاوێژكاری ئەندازیاری هەیە كە ژمارەیەكی زۆری لە پسپۆڕایەتی جۆراوجۆری ئەندازیاری لە خۆگرتووە، هەر ئەو نووسینگەیە لە بوارەكانی بیناسازی و تەلارسازی و شارستانی و كارەبا و میكانیك و بەنداو سەرچاوەكانی ئاو و پڕۆگرامسازی و ڕووپێواندا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا كە لە لایەن حكومەتی هەرێم و وەزارەتەكان و لایەنی پێوەندار پەیوەندی پێوەكراوەو بەشداربووین لە كارو پڕۆژەدا لەوانە هەستاوە بە ئەنجامدانی زۆر كاری گرنگ بۆ نموونە وەكو ئەنجامدانی كاری پشكنینی خۆڵ و كارەكانی جیۆتەكنیك بۆ فڕۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی و ئەنجامدانی دیزاین بۆ زۆر لە بەنداو پردوو بەرزەپردو ژێرپردو باڵەخانەی جۆراوجۆر لە هەولێر و شارەكانی تری هەرێمی كوردستان، بەڵام ڕەخنەو گلەیشمان زۆرە لەبەر ئەوەی وەكو تەماشا دەكەین توانای نووسنگەی ڕاوێژكاریمان زۆرە و لە لایەن حكومەت و وەزارەتەكانەو بۆ دیزاین و چەندین پڕۆژەی گرنگ بەكارنەهێنراوە، تەنانەت دەتوانم بڵێم پرسیشمان لە زۆر كارو پڕۆژەدا پێ نەكراوە و هەماهەنگی لە نێوان شارەزایانی ئەندازیاری زانكۆی سەڵاحەدین و وەزارەتەكان بەهێز نییە و كەمترین ڕاوبۆچوونمان وەردەگیرێت، لە لایەكی تر كارو پڕۆژەكان بەدەرنین لە كەموكوڕی ئەندازیاری بە تایبەتی لە بواری شارستانی و تەلارسازییەوە، چونكە هەولێر خۆی خاوەن كلتورو مێژووەكی دێرینی شارستانی و بیناسازی جوانە كە بەجیدی كاری دەوێت .
چەند پێشنیارێك لەبواری دیزاین و پرۆژەكان
هەر سەبارەت بەرۆڵی نووسینگەی راوێژكاری دكتۆر فەیسەڵ دەهام پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سەڵاحەدین وتی: كۆلێژی ئەندازیاری بە هەموو بەشەكانییەوە ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە ئامادەكردنی كادیرو ئەندازیاری پسپۆڕایەتی جیاجیا، پێویست بوو پشت بەشارەزاو پسپۆرانی ناوخۆ ببەستن نەك لایەنە پێوەندارەكانی حكومەت بچن كۆمپانیای بیانی بۆ دیزاین و كارو پڕۆژەكان بە بودجەی خەیاڵی بهێننە كوردستان.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم لەمبارەوە چەند پێشنیارێك بخەمەڕوو:
1- ڕاوێژكردن لەگەڵ پسپۆڕانی تایبەت بە بواری ئەندازیاری ناوخۆ لەجیاتی هێنانی پسپۆڕانی بیانی.
2- بەشداریكردنی نووسینگەی ڕاوێژكاری زانكۆی سەڵاحەدین لە دانان و ئەنجامدانی ماستەرپلانی شارو شارۆچكەكان .
3- بایەخدان بە باڵەخانەی نیشتەجێبوونی ستوونی لە جیاتی ئاسۆیی.
4- بایەخدان بەدیزاینی تۆڕی ئاویخواردنەوەو ئاوەڕۆی باران و ئاوەڕۆی ئاوی قورس و وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی قورس و درووستكردنی باخچەو پارك و پانتایی سەوز و پشتێنەیی سەوز بەچواردەوری هەولێر.
5- گواستنەوەی هەموو كارگەكانی میكانیكی و بەرهەمهێنەر لەناو شار بۆ دەرەوەی شاری هەولێر .
6- دامەزراندنی كارگەی ڕیسایكلین بۆ دووبارە بەكارهێنانی زبڵوخاشاك .
7- ڕەچاوكردنی پاراستنی شێوەو مۆدیل و دیزاینی كۆن و شارستانیەتی بیناسازی شاری هەولێر.
8- پێویستە لە هەر كارێكی تەلارسازی و مەدەنی لە كاتی درووستكردنی گەڕەك و شوێنی نیشتەجێبوونەكاندا ڕەچاوی باری كۆمەڵایەتی و دەروونی خەڵكی شارەكە بكرێت.
كەموكوڕی لە پێشكەوتن و پرۆژەكان هەیە
سەبارەت بە تێڕوان و بۆچوونی پسپۆڕایەتی و ئەندازیاری شارستانی و تەلارسازی بۆ پێشكەوتن و گەشەكردنی شاری هەولێر دكتۆر عەلی عزەدین سەرۆكی بەشی تەلارسازی لە كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سەلاحەدین وتی: ئاوەدانكردنەوەی شاری هەولێر زۆر پێشكەوتووە و ئاست و هەنگاوی ئەندازیاری و زانستی باشی پێوە دیارە، بەڵام لە هەندێ شوێن و كاردا كارو ئیش و پڕۆژەو باڵەخانەكان بە پێی داواكاری و زەوقی سەرمایەدارەو خاوەن كارەكان ئەنجام دراوە و كەموكوڕی لە پێشكەوتن و پڕۆژەكان هەیە و لە پڕۆژەی باڵەخانەو بازاڕو مۆڵ و سوپەرماركێتەكان خێرایەكی زۆری لێ كراوە كە لە ئەنجامی ئەو پەلەكردنانەشدا كێشەو كەموكوڕی بەدی دەكرێت، هاوكات تا ئاستێكیش پارێزگاری لە كلتورو دیزاینی كۆنی بیناسازی و تەلارسازی شارەكە كراوە بە تایبەتی لەو باڵەخانەو كارو پڕۆژەو جوانكاریانەی لە دەوری قەڵاتی هەولێر ئەنجام دراون، سەرەڕای ئەوەش دەكرا هەندێ كارو پڕۆژە باشتر بوایە، لەلایەكی تر لە هەموو وڵاتانی دنیا شارەكانیان یا پایتەختەكەی گۆڕەپانێكی هەیە كە پێی دەناسرێت، بەڵام لەمبارەوە تا ئێستاكە هەولێر گۆڕەپانێكی ئاوای نییە كە پێی بناسرێتەوە، هەر چەندە ئەو گۆڕەپانەی كە لە شوێنی دەڵاڵخانەی كۆن درووستكراوە دەروازەیەكی باشە بۆ دەركەوتنی سیمای ڕاستەقینەی قەڵات، لەلایەكی تر وەكو بەشی تەلارسازی دەبێت هەموو شتێك دیراسە بكەین و بۆیە بە بیروبۆچوونی من لە ناو سەنتەری شار وەكو هەموو وڵاتانی پێشكەوتوو هەموو خاوەن موڵك و سەرمایەدارێك هەرچییەكی درووست دەكات هەقی خۆیەتی، بەڵام دەبێت مۆڵەتی شارەوانی هەبێت و لە پڕۆژەكەشی ڕەچاوی كلتورو سیماو شارستانیەت و بیناسازی شارەكەی بكات . پێویستە لایەنی پێوەندار لە پرۆژەكاندا مەرج و ڕێنمایی ئەندازەی و شارستانی و تەلارسازی بەپێی پسپۆڕایەتی لەسەر خاوەن كارەكان فەرز بكەن، پاراستنی كلتورو تەلارسازی كۆن دەبێتە دەروازەیەك لەبەر دەمی گەشتیارانی هەموو جیهان. لێرەدا داواكارم حكومەت و لایەنی پێوەندار زۆر بەتەنگی ناو سەنتەری شارو دەووروبەری قەڵاتی هەولێر بن بۆ پاراستنی ئەو شارستانییەتە كۆن و زیندووە و پارێزگاری لە دیزاین و شێوەی بیناسازی و شارستانیەتی بنیادنانی خاوونوبەرەو تەلارەكان بكەن كە هەموو ئەوانە ڕەمزی زیندوویەتی هەولێری پایتەختی كوردستانە.
لەلایەكی ترەوە ئێمە وەكو بەشی تەلارسازی بۆ دیزاین و ئەنجامدانی هیچ پڕۆژەیەك لە لایەن حكومەت و وەزارەتەكانەوە پرسمان پێ نەكراوە، ڕۆژێك لە ڕۆژان لە لایەن حكومەت و وەزارەتەكانەوە نووسراوێكمان بۆ نەهاتووە كە بڵێن لە فلانە كارو پڕۆژە نوێنەرێكی بەشی تەلارسازی با ئامادەبێت .
بوونی كتلەی گەورە لە بەردو چیمەنتۆ
سەبارەت بەبازاڕی نیشتمان سەرۆكی بەشی تەلارسازی وتی: بازاڕی نیشتمان دوو لایەنی هەیە لایەنێكی ئەوەیە كە بازاڕێكی گەورەیەو دەروازەی قەڵات بەباشی دەركەوتووە، بەڵام لە لایەكی تر ئەو جۆرە بازاڕو بینایە گەورانە پێویستە لە سەنتەری شار دوور بێت، تەنانەت تەواو نەكردنی پڕۆژەكە و مانەوەی ئەو تاوەرانە سیمای شارەكەی زۆر ناشرین و بێسەروبەر كردووە، جگە لەوەی تاوەرەكان مەترسی كەوتنیشیان لێ دەكرێت . هاوكات ئەو هەموو باڵەخانە بەرزو گەورانەو بوونی كتلەی گەورەی بەردو چیمەنتۆ شارو گەڕەكەكانی خنكاندووە و ڕێژەی باخچەو پانتایی سەوزایی لە ناو گەڕەكەكان و شاردا زۆر كەمە و هاووڵاتیان هەست بە دڵ تەنگی دەكەن، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو كەمترین كار لە بواری پانتایی سەوز لە ناو شاری هەولێر كراوە، ئەو بوارەش پێویستی بە بودجەی باش هەیە، دەبێت حكومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزارو پارێزگا خەمی جیدی لێ بخۆن بە تایبەتی پشتێنەی سەوزی دەووروبەری هەولێر.
چونكە ئێمە لە ماستەرپلانی شار بەشدار نەبووین كە پڕۆژەیەكی زانستی ئەندازیارییەو زۆریش گرنگە بۆ گەشەكردنی هەموو شارو شارۆچكەیەك و پرسیش بە ئێمە نەكراوە بۆیە هەر كەموكوڕی و كێشەو گرفتێك هەبێت یا لە ئایندە و دواڕۆژ ڕووبدات ئەوە ئێمە تێیدا گوناهبار نین . هەروەها دیزاینی كەمپی زانكۆی سەڵاحەدین كە بۆ خۆمانە ئێمە درووستمان نەكردووە و كۆمپانیای بیانی بە پارەی زۆر خەیاڵی درووستیان كردووە و دیزاینی تر وەكو ئاوەڕۆی ئاوی قورس هەولێر ئێمە لێی ئاگادارنین.
زۆربەی كۆڵانی گەڕەكەكان تەسكە
سەبارەت بەو كەموكوڕیانەی لە لایەنی ئەندازەی شارستانی و تەلارسازی لە هەولێر هەیە سەرۆكی بەشی تەلارسازی وتی: بەڵی كەموكوڕی لە لایەنی ئەندازەی شارستانی و تەلارسازی لە هەولێر هەیە و پێویستە دووبارە ڕێكخستنەوە لە بواری شارستانی تەلارسازی بۆ هەولێر بكرێتەوە، هەر بۆ نموونە زۆربەی كۆڵانی گەڕەكەكان تەسكە و خەڵك هەیە بناخەی خانووەكەی زۆر بەرز دەكات كە كاریگەری لەسەر خانووەكانی دەورووبەری خۆی درووست دەكات، بۆیە پێویستە دیزاینی گەڕەكەكان لە لایەن حكومەت و لایەنی پێوەندار دابنرێت و هەموو كەسیشی پێی پابەندبن نەك وەكو ئێستا كە هەر كەسە بە ئارەزووی خۆی خانوو و باڵەخانە درووست دەكات . لە لایەكی تر ئەو شارو گوندانەی لە هەولێر لە چەند ساڵ ڕابردوو كراون كەمترین مواسەفات و مەرجی ئەندازیاری شارستانی و تەلارسازی تێدایە، هەروەها بۆ پاراستنی مێژووی بیناسازی شارەكەو كلتوورەكەی پێویستە لیژنەیەكی پسۆڕو شارەزا لە بوارە جیاجیا هەبێت بۆ ئەوەی لە تێكدان و درووستكردنی هەر خانوو باڵەخانەیەك بە تایبەتی ئەوانەی كە كۆن و مێژوویەكی دیاریان هەیە كە ڕەسەنایەتی میللەت و شارەكەیە پرسیان پێ بكرێت .