هێشتا پرۆژەی ئاوی كۆیە تەواو نەبووە

هێشتا پرۆژەی ئاوی كۆیە تەواو نەبووە
* پرۆژەی چاككردنی ڕێگای هەیبەت سوڵتان دواكەوتووە
* شوێنەوارەكانی كۆیە فەرامۆشكراون
* لەنەخۆشخانە پزیشكمان كەمە
* تا ئێستا لە قوتابخانەكانمان 3- 4 دەوامی هەیە



قەشڵەو قەیسەریی و خانەو شوێنەوارەكانی بەڵگەیەكە بۆ رەسەنایەتی شاری كۆیە، كۆیە لەساڵی 1918 بۆتە قەزاو ناحیەكانی (شۆڕش و سیكتان و ئاشتی و تەق تەق و سێ گردكان) و نزیكەی 200 گوند لەخۆدەگرێت، ژمارەی دانیشتوانەكەشی پتر لە 53 هەزار كەسە. كۆیە بە ناوچەیەكی كشتوكاڵی و گەشتیاری و بازرگانی دادەنرێت و خاوەنی سامانی سروشتی نەوتی خاویشە، ئەو قەزایە لە كاتی خۆی و پاش ڕاپەڕینیش بەپێی پێویست گرنگی پێنەدراوە و كەموكوڕی و كێشەی زۆری لە كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان هەیە، كە بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر لە خێزانەكانی ناو سەنتەری قەزاكەو گوندەكانی روویان لە كۆچكردن كردووە، ئەوەتا 10 ساڵە پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی كڵێسەی تەواو نەبووە، لەهەموو كۆیە یەك ئۆتۆمبێلی سەلەی كارەبا نییەو لەبەر كەمی بینایە چوار دەوامی هێشتا لەقوتابخانەكانی ماوە . وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان سەردانی قەزای كۆیەمان كردوو لە نزیكەوە لە گەڕەكەكانی (فیدڕاڵی و ئازادی و بایزئاغا و قەڵات و ناو بازاڕی سەرەكی شارۆچكەكە..) چەندین هاووڵاتیمان لەسەر كەموكوڕی و داواكارییەكانیان دواند.


چاپوك عومەر قایمقامی قەزای كۆیە بۆ(گوڵان): وەزارەتەكان لەدابینكردنی زەوی پەلەیانە نەك لەجێبەجێكردنی پرۆژەكان

ڕەخنەو داواكاری خەڵك لە قەزای كۆیە بەرامبەر بە كەمی كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان ڕووبەڕووی (چاپوك عومەر) قایمقامی قەزای كۆیەمان كردووە و ئەویش زۆر بە ڕاشكاوانە پەنجەی خستە سەر گرفت و كەموكوڕییەكان و چۆنیەتی چارەسەركردنیان.
لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی دەخەینەڕوو.
كێشەی كوژاندنەوەی زەوی
سەبارەت بە ماستەرپلان و گەورەبوونی سنووری شارەوانی ئەو گرفتانەی دێت پێشیان قایمقامی قەزای كۆیە وتی: كۆیە ماستەرپلانەكەی لە قۆناغی پەسندكردندایە، هەر چەندە ئەو ماستەرپلانە دواكەوتوو و ماوەیەكی زۆری برد و هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئێمە تێبینی و بەدواداچوونمان لەسەر ئەو كارو پڕۆژەیە هەبوو، هاوكات لەگەڵ ئەو بەرفرەوانبوونەی كە چەند ساڵە دەستی پێكردووە كێشەمان لەسەر كوژاندنەوەی زەوی دێتە پێش بە تایبەتی هەندێ لە خاوەن زەوییەكان قبوڵیان نییە زەویییەكانیان كوژاندنەوەی بۆ بكرێت، چونكە زۆربەی ئەو زەوییە كشتوكاڵیانە بۆتە موڵكی چەندین نەوەو كەس كە ئەوانیش لە نێوان خۆیان لەسەر دابەشكردنی زەوییەكان ڕێكنەكەوتوون، بۆیە لە كاتێك كە دەمانەوێت شوێنێك بۆ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری پێویست و گرنگ تەرخان بكەین ئەوان دەبنە ڕێگر لە ئەنجامدانی پڕۆژەكە، هەر بۆیە پڕۆژە هەیە ماوەیەك دواكەوتووە یا جێبەجێ نەكراوە. هەروەها لە ناو سەنتەری كۆیە زێدەڕۆییەكان ڕێگرێكی گەورەو سەرەكی بووە لە ئەنجام نەدانی هەندێ پڕۆژەی خزمەتگوزاری یا هەندێ پڕۆژە تێچووەكەی 5بەرامبەر زیادی كردووە، هەر زێدەڕۆیی وایكردووە بۆ نموونە شوێنی قوتابخانە لە هەندێ گەڕەك نەمێنێت، بەڵام دەتوانم بڵێم ئێستاكە بە هاوكاری هەموو لایەنە پێوەندارەكان و هاووڵاتیانیش توانراوە تا ئاستێكی باش ڕێگا لەو دیاردەیە بگرین. كێشەو گرفتێكی ترمان ئەوەیە هەندێ لە وەزارەتەكان لە كاتی دەرچوونی پڕۆژەدا كە داوای زەوی دەكەن زۆر پەلەیانە بەڵام دەبینین كە زەوییەكەیان بۆ دابین دەكەین تا 5ساڵ یا ماوەیەكی زۆر ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ نەكراوە، لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بكەم ئەو كارو پڕۆژانەی لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگایە خێراتر بەڕێوە دەچێت و زۆر بەدەگمەن دوادەكەوێت، كەچی پڕۆژەی وەزارەتەكان بە پێچەوانەوە زۆر لەسەرخۆیە، ئەو دواكەوتن و لەسەرخۆیەی كارو پڕۆژەكانی وەزارەتەكان بۆ خودی وەزارەتەكان ناگەڕێتەوە، بەڵكو بۆ ڕۆتینەكەی دەگەڕێتەوە و هەندێ كار و ئیش هەیە وەكو بەكرێدانی گەراجێك یا قەسابخانە یا هەر شوێنێكی تر بۆ نەبوونی دەسەڵات دەگەڕێتەوە، بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانین بۆ ئەو جۆرە كارانە ئەگەر لیژنە لەلای ئێمەش نەبێت، بەڵام لیژنەكە لە دەسەڵاتی پارێزگا بێت نەك وەزاەت، لەبەر ئەوەی پارێزگا كارەكانیان زۆر خێراترە. لەلایەكی ترەوە لە ناو سەنتەری قەزای كۆیە و ناحیەی تەق تەق و سنوورەكە زۆر خانوو هەیە بەسەر خاوەنەكانیان تاپۆ نەكراون و ئێستا ئێمە بۆ ئەو بوارە كارو ماندووبوونێكی زۆرمان ئەنجامداوەو ئەوانەی ناحیەی تەق تەق لە تەواو بوونە و كارو مامەڵەكانی ناو سەنتەری قەزاكەش كە ژمارەیەكی زۆرە دەستی پێكردووە.
پڕۆژەی ئاو كڵێسە لە95%ی تەواو بووە
سەبارەت بە گرفتی ئاویخواردنەوەو دواكەوتنی پڕۆژەی ئاویخواردنەوەی كڵێسە قایمقامی قەزای كۆیە وتی: پڕۆژەی ئاوی كلێسە دواكەوتووە، ماوەی زیاتر لە 7ساڵە لە ژێر جێبەجێكردنە و هۆكاری دواكەوتنەكەش بۆ كێشەی نێوان ئەو دوو كۆمپانیایە دەگەڕێتەوە كە ئەو كارەیان بۆ دەرچوو بوو، ئێستا پڕۆژەكە لە95%ی تەواوبووە و هەندێك وردەكاری ماوە و من ئاگاداری كۆمپانیاكەم كردۆتەوە كە دەبێت تا 30/4/2012ئەو وردەكاریانەش كۆتایی پێ بێت و پڕۆژەكە تەواو بكرێت، چونكە لە ناو سەنتەری شارەكە كێشە و گرفتی كەمئاوی هەیە بە هۆی تەواو بوونی ئەو پڕۆژە ستراتیژیە تا ماوەی چەندین ساڵ لەم گرفت و كێشەیە رزگارمان دەبێت. چونكە ئێستاكەش كێشەی زۆری نەبوون و كەمئاویمان هەیە تەنانەت جار هەبووە لە ماوەی 50تا60كاتژمێر تەنیا یەك كاتژمێر ئاومان داوە بە هاووڵاتیان، ئەمەش نەك پێداویستیان پڕ ناكاتەوە، بەڵكو بەشی تەنیا ئاوخواردنەوەشیانی نەكردووە بەتایبەتی لە وەرزی هاوین و گەرمادا، بۆ دابینكردنی ئاویخواردنەوە ئێستا تانكەرمان هەیە و لە ساڵانی ڕابردوو تانكەریشمان نەبوو تاوەكو لەم ڕێگایەوە هاوكاری خەڵكەكە بكەین. هەروەها لە سنوورەكە بەگشتی كێشەی ئاویخواردنەوە هەیە لەبەر ئەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی زۆر دابەزیووە.
دواكەوتنی پڕۆژەی ڕێگای هەیبەت سوڵتان
سەبارەت بە سستی و دواكەوتنی پڕۆژەی ڕێگای هەیبەت سوڵتان و چەندین پڕۆژەی تر قایمقامی قەزای كۆیە وتی: دواكەوتنی ئەو پڕۆژەیە بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە، یەكەمیان ئەوەیە كە هاووڵاتیان داوایانكرد بەم ڕێگایە ئاموشۆ بكەن و لە ئەنجامدا دەبوونە هۆی ئەوەی كە نەتوانرێت بە پێی پێویست كار لە ڕێگاكە بكرێت، دووەم ساڵی ڕابردوو دەتوانین بڵێین سستی لە بەڵێندەرەكە هەبوو، بەڵام ئێستاكە داواكاری و پاڵەپەستۆیەكی زۆرمان لەسەر بەڵێندەرەكە كردووە و بەڵێنیشمان وەرگرتووە كە پڕۆژەكە بەڕێكوپێكی لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا تەواو بكات، هەروەها بڕیاربوو تونێلێك لە هەیبەت سوڵتان و یاریگایەكی نێودەوڵەتی وەرزشی بەرفرەوان و چەندین پڕۆژەی تری پێویست و گرنگ لە كۆیە درووست بكرێت، بەڵام هیچ یەكێك لەو پڕۆژانە نەكەوتنە واری جێبەجێكردنەوە و لەمبارانەوە غەدرێكی زۆر و گەورەیان لە خەڵكی كۆیە كرد. سەبارەت بەگازینۆكانیش خاوەنی ئەو گازینۆیانە دەبێت ئەوە بزانن كاتێك ئەو ڕێگایە تەواو دەبێت و یەكەم سوودمەند ئەوانن كە زۆر بە باشی و بەخێرایەكی چاوەڕوان نەكراو دەگەشێنەوە، لە لایەكی تر ئەگەر هەر كەسێك یا خاوەن گازینۆكان داواكاری لە ئێمە بكەن ئەوە ئامادەین داواكاریەكانیان بە نووسراو بۆ سەرووی خۆمان بەرز بكەینەوە.
دابەزاندنی دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی پێویستە
سەبارەت بە دابەزاندنی دەسەڵاتی دارایی و كارگێری قایمقامی قەزای كۆیە وتی: ئێمە لە هەردوو لایەنەوە چ ئیداری چ دارایی هیچ دەسەڵاتیكمان نییە و دەسەڵاتیش بە بودجە دەكرێت، لە لایەكی تر هەیكەلی قایمقامییەت 70ساڵە چۆن بووە ئێستاش هەر وەكو خۆیەتی و ئێمە وەكو یەكەی ئیدارەی قەزا یەكەیەكی ژمێریاری زۆر بچوكمان هەیە كە تەنیا سێ تا چوار ملیۆن دینار هەیە كە دەتوانین كاری پێ بكەین كە ئەم بڕە پارەیەش بۆ خەرجی ناو یەكە ئیدارییەكەو بن دەست دانراوە نەك بۆ ڕاپەڕاندنی كارو پڕۆژە، هەر بۆیەش لە زۆر داواكاری و هاتنە پێشی كێشەو گرفتی بچوك وەكو شكانی بۆڕی ئاوی ماڵان یا پێداویستی مزگەوتێك یا هاوكاری كردنی هەژاران و كەمدەرامەتان ناتوانین بەپێی پێویست بە دەنگیانەوە بچین و دەتوانم بڵێم شەرمەزاری هاووڵاتیانی خۆشمان دەبین، هەموو دەسەڵاتی ئەو سنوورەی ئێمە ناگاتە دەسەڵاتەكانی شارەوانییەكی وڵاتانی پێشكەوتوو. نەبوونی ئەو دەسەڵاتانە بۆ ئێمە وا دەكات پارێزگا و وەزارەتەكان زۆر قەرەباڵغ بن و ئیش و كارەكانی ئێمەش بەسستی بەڕێوەبچێت.
كارمەندی بەشی چاككردنەوەی
كارەبامان كەمە
سەبارەت بە گرفتی كارەباو نەبوونی پێداویستی و كەمی كارمەندی كارەبا قایمقامی قەزای كۆیە وتی: لە مانگی 8 و 9ی 2011سەردانی وەزارەتی كارەبامان كرد لەوێشەوە لە لایەن وەزیری كارەباوە بڕە پارەیەكی باش بۆ تۆڕی كەرتی كارەبای ناو سەنتەری قەزای كۆیە تەرخانكرا، هەروەها بۆ چارەسەركردنی كەمی كارەباش وێستگەیەكی كارەبای مۆبایلیان بە بڕی نزیكەی دوو ملیار دینار بۆ داناوین و بڕیارە وێستگەیەكی گەورەی كارەباش لە كۆیە دابمەزرێت كە بڕی 18ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، پێش ئێستا لە ڕووی كارەباوە زۆر خراپ بووین و لە هەموو گوندەكاندا تەنیا 9گوند كارەبای هەبوو، ئێستاكە 79گوند كارەبای هەیە و زیاتر لە 40گوندیش كاریان بۆ دەكرێت و لە ئایندەیەكی نزیك دا ئەوانیش كارەبایان بۆ دەچێت، ئێمە كێشەی نەبوونی سەلەی كارەبامان هەیە ئەو ئامێرەش لە قۆناغی كڕیندایە، كێشەیەكی ترمان هەیە و زۆر زەقیشە ئەویش كەمی كارمەندو كرێكاری بەشی چاككردنی كارەبایە بە قەزاو ناحیەو هەموو سنوورەكە تەنیا 18كەس بوون و لەمانەش ئێستاكە 5كارمەندیان پەككەوتەن و تەنیا 13 كارمەند ماون.
تانكەرەكانی نەوت شەقامەكانیان تێكداوە
سەبارەت بە كێشەی هاتوچۆكردنی تانكەری نەوت بە ناو سەنتەری قەزاكەو داواكاری خەڵك لەو كۆمپانیای نەوتە قایمقامی قەزای كۆیە وتی: كۆیە شەقام و ڕێگاوبانەكانی لە ئەنجامی هاتوچۆی ئەو هەموو تانكەری نەوتانەی كە شەو و ڕۆژ بەبەردەوامی لە ناو كۆیە هاتوچۆ دەكەن بەكەڵك نەماون، داوامانكردووە لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و لایەنی پیوەنداری تر ئەو كۆمپانیای نەوتەی لە سنوورەكەمان كار دەكەن شەقام و ڕێگاوبانەكان چاك بكەنەوەو هەوڵبدەن ڕێگاوبانی تریش لە دەرەوەی شارەكە بۆ خۆیان دروست بكەن، هاووڵاتیانیش هەقی خۆیانە گلەیی لەو كۆمپانیاو تانكەری نەوتانە بكەن، چونكە تەنیا بوونەتە بارگرانی لەسەریان نەك هاوكارن و زۆر جار خەڵكەكە دەڵێن لەسەر دەریای نەوت و ئاوین كەچی خۆمان لێی بێبەشین.
63ملیار دینارمان بۆ چاككردنی شەقام و كۆڵانەكان پێویستە
سەبارەت بەوەی كە چەندین گەڕەك هەیە شەقام و كۆڵانەكانیان قیڕتاو و كۆنكریت نەكراوە و خەڵكەكەش گلەیی و بێزاریەكی زۆر دەردەبڕن قایمقامی قەزای كۆیە وتی: ژمارەیەك گەڕەك هەیە لەم وەرزی باران و زستانەدا كۆڵانەكانیان دەبێتە قوڕو لیتە و من لە كاتێك كە سەردانی ئەو شوێن و گەڕەكانە دەكەم دەستە جلێكی تر لەبەر دەكەم لەبەر ئەوەی پاش سەردانەكە هەموو جلەكانم دەبنە قوڕو پیس دەبن و خەڵكەكەش گلەییەكانیان هەقەو پێویستە بۆیان چارەسەر بكرێت و ئێستاكە بۆ ئەو كارو پڕۆژانە 63ملیار دینارمان دەوێت.
گرفتی كەرتی پەروەردە
سەبارەت بە كەرتی پەروەردە قایمقامی قەزای كۆیە وتی: بەهۆی كەمی بینایەی قوتابخانەو زیادبوونی ژمارەی قوتابیان وایكردووە كە لە هەندێ لە قوتابخانەكان دوو دەوامی و سێ دەوامی و لە هەندێ قوتابخانەش چوار دەوامی هەبێت، هەر ئەمساڵ لە ناو سەنتەری قەزاكەدا(6تا7)بینایەی قوتابخانە دروست دەكرێت، هاوكات لە ناحیەكانیش قوتابخانەی تر دروست دەكرێت بەڵام هێشتا پێویستمان بەپرۆژەی تر هەیە، هەروەها كێشەی میلاكاتی مامۆستاش لە ناو قەزاو ناحیەو سنوورەكە هەیە بە تایبەتی كەمی مامۆستای وانە زانستییەكان .
گلەییمان لەوەزارەتی تەندروستی هەیە
سەبارەت بەگرفتی كەرتی تەندروستی قایمقامی قەزای كۆیە وتی: تا گرفتی میلاكات بە تایبەتی لە لایەنی پزیشك و پزیشكی پسپۆڕو و كادیری تەندروستی چارەسەر نەكرێت ناتوانین بڵێین كەرتی تەندروستی پێشكەوتووە، ئێمە وەكو قەزای كۆیە لە بواری پزیشكی لە بینایەو ئامێردا باشین، بەڵام كارمەند و پزیشكی پسپۆڕ و پزیشكی ئافرەت و شارەزامان زۆر كەمە و پێویستیەكی هەنووكەیی و خێرایە بۆ قەزاكەمان بە گشتی لە نەخۆشخانەكان پزیشكمان كەمە، بۆیە لەم ڕووەوە زۆر گلەیمان لە وەزارەتی تەندروستی هەیە.
هۆڵێكی هاوچەرخی ڕۆشبیری
لە كۆیە دروست دەكرێت
لە كۆتایدا قایمقامی كۆیە وەكو مژدەیەك بۆ شارەكەی ڕایگەیاند : بودجەیەك تەرخانكرا بۆ دروستكردنی هۆڵێكی ڕۆشنبیری بەرفراوان و هاوچەرخ لەسەنتەری قەزای كۆیە، ئەم پڕۆژەیەش 800كەس دەتوانێ تێیدا دابنیشن و كۆببنەوە و هەموو پێداویستی و بەشێكی وەكو دەنگ و وەرگیڕان و لەخۆ دەگرێت و دوو ملیارو نیو دیناری بۆ تەرخانكراوە و ئێستاكە لە قۆناغی ئیحالەكردنی تەندەردایە و ئەمەش یەكێكە لە پڕۆژەكانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستان. هاوكات داواكاریم لە حكومەتی تازە ئەوەیە كە هەوڵبدەن بەردەوام بەرپرسی یەك ئیدارەی قەزا و ناحیەكان ببین و دانیشتن و كۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەنجام بدەن و دەسەڵاتی ئیداری و دارایی بۆ قایمقامیەتەكان بە باشی و بەتەواوی دابەزێنن و دەسەڵاتەكەش بە فیعلی بێت و بتوانم كاری پێ ئەنجام بدەم و ئەو داهاتانەی لە بەكرێدان دەست دەكەوێت لە قەزاو ناحیەكان لەسەر بودجەی ئەو شارۆچكانە حیساب نەكرێت، بۆ نموونە ئەگەر دوو ملیار دینار بۆ شارەوانی تەرخانكرا و داهاتی بەكرێدانی دوكان و گەراج و شوێنەكانی ناو قەزاكە 500ملیۆن دینار بووە ئەو بڕە پارەیە لە بودجەكە كەم نەكەنەوە هەر دوو ملیار دینارەكە بنێرن نەك یەك ملیارو نیو بنێرن.
هەروەها داواكارین لە كۆمپانیای كۆڕەك تلیكۆم كێشەی وەرنەگرتنی هێڵەكانیان بكەن لە ناحیەی سێگردكان و دۆڵی سماقوڵی، لەبەر ئەوەی شەبەكەی مۆبایلی كۆڕەك تلیكۆم لەم دوو شوێنە زۆر بە زەحمەت وەردەگیرێت و كار ناكات.
خراپی خزمەتگوزاری و داواكاری هاووڵاتیان
خەڵكی كۆیە بەشێك لەخراپی بواری خزمەتگوزاری بۆ ئەو دوو ئیدارەیە دەگەڕێننەوە، كە تا ئەم ساڵانەی دوایی نەدەزانرا ئیدارەی شارەكەیان لەلایەن هەولێرەوە یا سلێمانییەوە بەڕێوەدەچێت، لەمبارەیەوە سوارە عەلی لە گەڕەكی بایزئاغا وتی:(شارۆچكەی كۆیە لە ڕووی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانەوە تا ڕادەیەكی زۆر فەرامۆشكراوەو هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە چەند ساڵێك نەدەزانرا سەر بە هەولێرین یا سلێمانی، بەڵام خۆشبەختانە ئێستاكە وەكو جاران گەڕاینەوە سەر سنووری ئیدارەی خۆمان كە شاری هەولێرە)، لەلایەكی ترەوە دواكەوتنی پرۆژەی چاككردنی ڕێگای هەیبەت سوڵتان زیانێكی زۆری بەشارەكەو ئەو گازینۆیانە گەیاندووە كە دەكەونە سەیرانگای چنارۆك، هەر بۆیە ئەم هاوڵاتییە كە خاوەنی گازینۆكەیە داوای قەرەبووكردنەوەی 2 ساڵی راوەستانی كارەكەی دەكات. سەبارەت بەكەموكوڕیەكانی خزمەتگوزاریش هاووڵاتیی فارووق نەجیب لە گەڕەكی ئازادی وتی:( زۆربەی گەڕەكەكانی ناو سەنتەری قەزاكە بە تایبەتی گەڕەكی ئازادی و قەڵات و فیدڕاڵی و بایزئاغا لە ڕووی كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەگشتی كەموكوڕیان هەیە و كۆڵان و شەقامەكانیان زۆر خراپ و بێ سەروبەرە بە تایبەتی لە وەرزی زستان و بارانبارین)، سەبارەت بەهەمان كێشە هاوڵاتیەكی تر لەم گەڕەكە وتی: (شاری كۆیە شەقام و ڕێگاكانی هەر هەمووی خراپەو هی ساڵانی حەفتاكانە، بۆیە پێویستیان بە چاككردن و سەر لە نوێ دروستكردنەوە هەیە). سەبارەت بەگرفتی كەرتی پەروەردەش قوتابیەك بەناوی محەمەد رەفیق وتی:( تا ئێستا لە كۆیە قوتابخانەكان دوو دەوامی و سێ دەوامین و قوتابخانەشمان هەیە كە چوار دەوامی تێدایە). فوئاد بایزیش سەبارەت بەگرفتێكی تری كۆیە وتی: (گرفتی كەمئاوی لە شاری كۆیە هەیە، هەندێ كات لە ماوەی دوو ڕۆژدا تەنیا یەك كاتژمێر ئاو هەیە، بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتەش ماوەی 10ساڵ دەبێت پڕۆژەیەكی ئاو بە ناوی پڕۆژەی كڵێسە لەژێر جێبەجێكردنەو هەر تەواو نەبووە، بۆیە لە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە بێ ئومێدبووین یا پێویستە حكومەت و لایەنی بەرپرس لەم كارە بەدواداچوونی جیدی بكەن و ئەو كەسانەی هۆكاری ئەو دواكەوتنی پڕۆژەیەن لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت، هاوكات كێشەی كەمئاوی لە ناحیەی تەق تەق و سنووری قەزای كۆیە بەرچاوە و پێویستی بە كاری جیدی و خێرا هەیە).
هەروەها لە گەڕەكی فیدڕاڵی هەردوو هاوڵاتی حەنیفە عەبدولعەزیز و جوان قاسم وتیان:( ئەگەر سەیری بەر دەرگاو ماڵەكانمان بكەن بۆتان دەردەكەوێت كە لەبەر خراپی كۆڵان و ئەو قوڕولیتەیە چۆن دەژین منداڵەكانمان بۆ قوتابخانە تەنیا یەك دەستە جلوبەرگیان هەیە و ڕۆژانە پیس دەبن و دەبێت بۆیان بشۆین، لەلایەكی تر ئەو كەندەی لەبەر دەمی كۆڵانەكەمانە هەندێ جار پڕ ئاو دەبێت و لە ماوەی ڕابردوو دوو منداڵی تێكەوت، ئەگەر خێرۆمەند و خەڵك نەبووایە دەخنكان، بۆیە داواكارین حكومەت ئەو كەندە پڕبكاتەوە، هاوكات بۆڕی ئاوی سەرەكی لە هەندێ شوێن دەكەوێتە ژێر خانوو ناو ماڵان و زۆر پێویستە تۆڕی ئاو لەو شوێنانە بگوازرێتەوە. مام حوسێنیش لەهەمان گەڕەك باسی لەگرفتی كارەبا كردوو وتی:( گرفتی پچڕانی كارەبامان هەیە و لە كاتی هەر گرفتێكی كارەبادا دەبێت چەند ڕۆژێك نۆرە بگرین تا گرفتەكە چارەسەر دەكرێت. هەروەها لە ناو بازاڕی سەرەكی كۆیە چەند هاووڵاتییەكمان دوان یەكێك لەوانە بە ناوی نەبەز ئەحمەد وتی: (كۆیە شارێكی كۆنە و شوێنێكمان هەیە بەناوی كۆیەی كۆن كە لەلایەن حكومەت و وەزارەتی شارەوانی و لایەنی پێوەنداری تر وەكو شوێنەوار گرنگی پێنەدراوە و هەندێ لە خانوو و شوێنەكان بەرەو داڕمان دەچن، لە لایەكی تر ئەگەر سەیری ئەو بازاڕ و دوكانانە بكەیت هەر هەموو كۆنەو ستوون و دینگەكانی بەڵگەی ئەوەن و پێویستە ئەو دوكان و بازاڕانەش لەسەر سستەم و شێوازو دیزاینی خۆیان نۆژەن بكرێنەوە). هەروەها سامان مەجید كە لاوێكی تەمەن 20ساڵان دەبوو وتی: شاری كۆیە لە لایەنی پارك و باخچەو شوێنی گشتی هیچی بۆ نەكراوە، هەروەها داواكارین لە كۆمپانیای كۆڕەك تلیكۆم تۆڕی مۆبایلەكەیان لە سنوورەكەمان بە تایبەتی لە ناحیەی سێگردكان و هەندێك لە شوێن و گوندەكان باش و بەهێز بكەن. لەكۆتایی ئەم چاوپێكەوتنانە هاووڵاتیان لەكۆیە چەندین بواری تری سەبارەت بە گرفتی كوژانەوەی زەوی و تاپۆكردنی خانوو خراپی و قەرەباڵغی ڕێگاوبانەكان و نەبوونی پاركی ئۆتۆمبێل و باخچەو شوێنی یارییان وروژاند .
Top