لەخەلیفان ئاوەڕۆ تێكەڵ بەئاوی تاڤگەی گەلی عەلی بەگ بووە
April 9, 2012
راپۆرتەکان
-زۆربەی گوندەكان بێ خزمەتگوزارییە
خەلیفان ئەو شارۆچكە دێرینەی كوردستانە كە كاتێك بەرەو ناوچە گەشتوگوزاریەكان بەڕێدەكەویت و دەچیتە سنووری شاری سۆران دیمەنی جوانی شاخ و سەوزایی بەرچاوت دەكەوێت. خەلیفان لەساڵی 1967 بەفەرمی كراوەتە ناحیەو سەر بە قەزای سۆرانە و 62 گوند لە سنوورەكەی هەیە و ناوچەیەكی شاخاویی و گەشتیارییە و خەڵكەكەی بەكاری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری خەریكن، ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی 33 هەزار كەسە. تیمی (گۆڤاری گوڵان) ناحیەی خەلیفان و سنوورەكەی بەسەركردەوەو چەند هاووڵاتییەكی دواندو دواتر رەخنەو داواكارییەكانی هاووڵاتییانی ئاراستەی بەڕێوەبەری ناحیە كرد.
هاوڵاتیانی خەلیفان: لەخزمەتگوزاریەكانی شارەوانی فەرامۆشكراوین
بەڕێوەبەری ناحیە: پێویستمان بە بینایەی نوێی قوتابخانە هەیە
كۆڵان و شەقامەكان پێویستی بەقیرتاوكردن هەیە
سەرەتا لەناو سەنتەری خەلیفان هاووڵاتی عەزیز یوسف سەبارەت بەخزمەتگوزارییە گشتیەكان بەتایبەتی قیرتاوو كۆنكرێتكردنی شەقام و كۆڵانەكان وتی:( بەشێوەیەكی گشتی كۆڵان و شەقامەكانی سەنتەری ناحیەی خەلیفان وێرانە، خەڵكی چاوەڕێی حكومەتی نوێ دەكەن تاوەكو هەڵمەتێكی گشتی چاككردن و دروستكردنی شەقام و ڕێگاوبانەكانمان بۆ جێبەجێ بكات)، سەبارەت بەگرفتی كارەباش ئەم هاووڵاتییە وەكو زۆربەی ئەو هاووڵاتییانەی تر كە لەدووتوێی ئەم راپۆرتە دواندمان گلەیی ئەوەی هەبوو كە بەشێوەیەكی دادپەروەرانەو ڕێكوپێك نرخی كارەبا بۆ ماڵەكان نەهاتۆتەوە بۆ نموونە ماڵ هەیە بڕە پارەیەكی زۆركەمی بۆ هاتۆتەوەو ماڵیش هەیە نرخی كارەبای لەسەروو ملیۆنێك دینار بۆ هاتۆتەوە، ئەمەش وایكردووە هیچ كەسێك لەم شارۆچكەیە كرێی كارەبا نەدات ..
لەگەڕەكی عەلییاواش كە لەرووی خزمەتگوزارییەوە بێسەروبەرییەكی زۆری پێوەدیاربوو هاووڵاتی كەریم رەحیم وتی:(گەڕەكی عەلییاوا لەرووی خزمەتگوزارییەوە هیچی بۆ نەكراوە، هەربۆیە زۆر پێویستیمان بەسەرجەم خزمەتگوزاریەكان هەیە بەتایبەتی خزمەتگوزاریەكانی ئاوو ئاوەڕۆو پاككردنەوە لەزبڵ و خاشاك.). لەسەر ڕێگای سەرەكی سرێشمە هاووڵاتی محەمەد عوسمان وتی: (ئەم ڕێگا سەرەكیە چۆن دەبێت وا پشتگوێبخرێت و وێران بێت پێویستە لایەنە پەیوەندارەكانی شارەوانی مشورێكی بخۆن و هەڵمەتێكی قیرتاوكردنی شەقام و ڕێگا سەرەكیەكان دەست پێ بكەن). هەروەها هاوڵاتی نادر موسا سەبارەت بەگرفتی ئاویخواردنەوە وتی:( گرفتی ئاویخواردنەوەمان هەیە و تۆڕی ئاویخواردنەوەش زۆر كۆنەو تێكەڵ بە ئاوەڕۆ بووەو هەندێك جار بەچەند رۆژێك هەر ئاو نایەتەوەو بەترومپا نەبێت ناتوانین ئاو رابكێشین، بۆیە پێویستیمان بەپرۆژەی ئاویخواردنەوەو نوێكردنەوەی تۆڕە كۆنەكانی ئاویخواردنەوە هەیە، ئەمە جگە لەوەی شەقام و كۆڵان و ڕێگاوبانەكان پێویستی بەچاككردن هەیەو تەنانەت زۆر جار لەكاتی بارانبارین ڕێگای چوونە مزگەوتیشمان تێكچووەو بەكەڵكی هاتوچۆكردنی پیادەش نایەت). سەبارەت بەبواری پەروەردەش جەنگی ئەحمەد وتی: (خەلیفان گەورە بووەو ژمارەی قوتابیەكانی رووی لەزیادبوون كردووەو پۆلەكان قەڵەباڵغی قوتابیانی پێوە دیارە، داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین چەند قوتابخانەیەكی مۆدێرنمان بۆ دروست بكات، زۆر جاریش گرفتی میلاكاتی مامۆستاش دروست دەبێت). لەلایەكی ترەوە هاووڵاتی دلێر مەجیدیش باسی لەنەبوونی پارك و شوێنی حەوانەوەو یاریگا كرد لەمبارەیەوە وتی: (لەخەلیفان پارك و پاخچەی نییە تاوەكو گەنجەكان و هاوڵاتیان لەكاتی پشوو و حەوانەوە رووی تێبكەن تەنانەت لەشارۆچكەكەمان تەنیا یەك یاریگامان هەیەو سەنتەری رۆشنبیری خەلیفانیش گەرچی چالاكی هەیە، بەڵام بەپێی پێویست نییەو لەئاست خواست و ویستەكانی گەنجان نییە). هاووڵاتی ئەبابەكر ئەحمەدیش پێی راگەیاندین :(نەبوونی ئاوەڕۆ بەیەكێك لەگرفتە سەرەكیەكانی خەلیفان دادەنرێت تەنانەت ئاوەڕۆی خەلیفان تێكەڵ بە ئاوی ئەو رووبارە بووە كە تێكەڵ بەئاوی تاڤگەی گەلی عەلی بەگ و سەیرانگاكانی تری ناوچەكە بووە، ئەمەش بۆ بواری تەندروستی خراپەو مەترسی كەوتنەوەی نەخۆشی لێدەكرێت). بارودۆخی گوندەكانیش بەو شێوەیە باش نەبوو بەتایبەتی لەبواری خراپی ڕێگاوبان و كەمی خزمەتگوزاریەكان لەمبارەیەوە هاووڵاتی عەبدوڵڵا محەمەد وتی: (زۆربەی گوندەكان بێ خزمەتگوزارییەو پرۆژەی بۆ ئەنجام نەدراوە، لەمەش خراپتر زۆربەی گوندەكان گرفتی نەبوونی سەرچاوەی داهاتیان هەیە، چونكە ئێستاكە پیشەی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری كەمبۆتەوەو جوتیاران نەیانتوانیوە سوود لە قەرزی كشتوكاڵی وەربگرن و حكومەتیش پرۆژەی ئاودێری بۆ ئەنجام نەداون، ئەمە لەكاتێكدا پێشتر خەلیفان بە ڕواندنی سپیندارو میوەجات بەناوبانگ بوو ). لەیەكێك لەگوندەكانی خەلیفان كە دەكەوێتە سەرەڕێگای ئەو شارۆچكەیە هاووڵاتی خەتاب وسو، باسی لەو قوتابخانەیە كرد كە قوتابیەكان بەترسەوە دەچنە پۆلەكانی خوێندن و لەوەرزسی زستاندا دڵۆپە دەكات و بینایەكەی زۆر كۆنە، هەروەها خەڵكەكە بەسۆندەو بەتانكەر ئاویخواردنەوە دەهێنن، لەلایەكی ترەوە بوونی ئەو ژمارە خێزانەی كە ماڵەكانیان كەوتوونەتە ژێر ستوونەكانی تۆڕی پەستانی بەرزی كارەباوە یەكێكی ترە لەو كێشانە كە مەترسی بۆ سەر بواری تەندروستیان هەیە.
بەمەبەستی وەڵامدانەوەی هاووڵاتییان و گەیاندنی گلەیی و داواكاریەكانی خەڵكی خەلیفان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی خەلیفانمان كردو ئەم گلەیی و داواكاری و چەند پرسیارێكی ترمان ئاراستەی (ئەحمەد قادر) بەڕێوەبەری ناحیە كرد كە پوختەی وەڵامەكان دەخەینەڕوو.
شارۆچكەكە بەبێ ماستەرپلان فراوان دەبێت
سەبارەت بە بوونی ماستەرپلان كە یەكێكە لە بنەما پێویستییەكانی هەموو شارو شارۆچكەیەك بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان وتی: بەبێ بوونی ماستەرپلان مومكین نییە بتوانین نەك خەلیفان بگرە هیچ شارو شارۆچكەیەك بە شێوەیەكی ئەندازەیی و هاوچەرخ و سەركەوتوو فراوان بكەین، چونكە بەپێی ئەو ماستەرپلانە دەتوانرێت پڕۆژەكان سەركەوتوو بێت، جێی داخیشە تا ئێستا شارۆچكەی خەلیفان ماستەرپلانی بۆ دروست نەكراوە، لێرەدا داواكارین لایەنی پەیوەندار پرۆژەی بۆ شارۆچكەی خەلیفان ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی نەخشەڕێگامان لە بەرفرەوانبوون و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دیارو ڕوون بێت. هاوكات بوونی ماستەرپلانە كە ڕێگا لە زێدەڕۆیی دەگرێت و چەندین كێشەو گرفتی تریش وەكو كوژاندنەوەی زەوی چارەسەر دەكات، كە ئەم دوو گرفتەش لەهەموو ناحیەو قەزاو شارۆچكەكانی كوردستان بوونی هەیە.
خزمەتگوزاریەكانی شارەوانی كەموكوڕی هەیە
بوونی گرفتی خزمەتگوزاری و كەمی پرۆژەكانی شارەوانی كە داواكاری سەرەكی هاووڵاتییان بوو بەوەی زۆربەی كۆڵان و شەقامەكانی خەلیفان قیرتاوو كۆنكرێت نییە تەوەرەی سەرەكی گفتوگۆكانمان بوو لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان كە لەم رووەوە وتی: گەرچی ساڵانە توانراوە چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لەقیرتاوكردنی كۆڵان و شەقامەكان و راكێشانی تۆڕی ئاویخواردنەوە ئەنجام بدرێت، بەڵام هەر كەموكوڕی هەیەو پێویستمان بەپرۆژەو كاری زیاتر هەیە تاوەكو بتوانرێت شارەكە رازاوەترو جوانتر بكرێت، بۆنموونە دروستكردنی شەقامی دوو سایدی ناو سەنتەری خەلیفان كە ڕێگای هەملتۆنەو زۆر گرنگە گەرچی دواكەوت، بەڵام توانرا جێبەجێ بكرێت، هەروەها بۆ گوندەكانیش توانیومانە زۆربەی ئەو گوندانەی ڕێگایان نەبوو یا گرفتیان هەبوو لە چەند ساڵی ڕابردوو ڕێگاوبانیان بۆ درووستكراوە، سەبارەت بەدابینكردنی بودجەی ئەو پرۆژانەش بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان وتی: (زۆربەی كارو پڕۆژەكانی سەنتەرو گوندەكانی سنوورەكەش لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا جێبەجێ دەكرێت، هەر بۆیە پێویستە لەمەودوا وەزارەتەكانیش بودجەو پارەیەكی زیاتر تەرخان بكەن بۆ ئەنجامدانی پرۆژەكانیان، بەتایبەتی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار كە پێویستە بودجەیەكی تایبەت تەرخان بكات، هەروەها ئەو ڕێگا سەرەكییەی كە بۆ خەلیفان دێت و دەڕوات بەرەو سۆران پێویستە چاكبكرێت، لەلایەكی ترەوە ڕێگای سەرەكی و ستراتیژی دوو ساید كە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێكردندایە و بە چەند قۆناغێك ئەنجام دەدرێت و ڕێگاكە نایەتەوە ناو سەنتەری ناحییە، بەڵكو لە ڕێگای تۆنێلەوە و دەچێتەوە بنی هەریرو چیای كۆڕەك و ئەم ڕێگایەش زیاتر بەكار دێت بۆ مەبەستی بازرگانی و گەشتیاریی. هاوكات پڕۆژەی ئاومان بۆ جێبەجێكراوە كە لە بێخاڵەوە بۆ گوندی سرێشمە هاتووە و پڕۆژی ئاو لە دۆڵی مەلەكانەوە بۆ ناو سەنتەری شارۆچكەكە هاتووە و چەندین بیری ئیرتیوازیش بۆ چارەسەركردنی كەمئاوی و گرفتی نەبوونی ئاو لێدراون، بەڵام ئەو كارو پڕۆژانەش لە ئاستی خواست و داواكاری ئێمەو خەڵكەكە نییە، بۆیە لە هەر گەڕەك و شوێنێك كێشەو گرفتی ئاویخواردنەوە هەبێت بە تایبەتی لە تۆڕی دابەشكردنی ئاوەكەدا ئەوە كەشف و دەرخستەی بۆ كراوە، تا ئێستا كێشەو گرفتی كەمئاوی لە هەندێ گەڕەك و شوێن هەر ماوە، بۆیە پێویستمان بە پڕۆژەی تری ئاویخواردنەوەو ستراتیژی هەیە).
نەبوونی ئاوەڕۆ گرفتی تەندروستی لێكەوتۆتەوە
سەبارەت بە تێكەڵاوبوونی ئاوی ئاوەڕۆی شارۆچكەكە بە ئاوی ئەو ڕووبارەی كە بە خەلیفاندا دەڕوات و كاریگەری خراپیشی لەسەر كەرتی گەشتیاری و تەندروستی گەشتیاران هەیە بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان وتی: یەكێك لەو پڕۆژانەی كە زۆر پێویستە بۆمان جێبەجێ بكرێت ئەوەیە كە ئاوەڕۆی شارۆچكەكە نەچێتەوە سەر چەمەكەو سەر ئاوی تاڤگەی گەلی عەلی بەگ، چونكە ئێستاكە ئاوی ئاوەڕۆی خەلیفان دەچێتەوە سەر تاڤگەی گەلی عەلی بەگ، ئەمەش كاریگەری خراپی لەسەر ئاوی تاڤگەكەو گەشتیاران هەیە و بۆ ئەو پڕۆژەیەش كار كراوە ئومێد دەخوازین پەلە لە دروستكردنی ئاوەڕۆیەكی گونجاو بۆ ئەو مەبەستە بكرێت و لەگەڵ ئەو پڕۆژەیەش پێویستە فلتەرێك یا پاڵاوگەیەكی ئاو لەو شوێنە دابنرێت كە ئاوی ئاوەڕۆیەكە دەچێتەوە سەر چەمەكەو ئاوی تاڤگەی گەلی عەلی بەگ پیس دەكات.
بێ سەروبەری پرۆژەو بینایە لەسەیرانكای تاڤگەی گەلی عەلی بەك
سەبارەت بەو پڕۆژەو كارانەی لە تاڤگەی گەلی عەلی بەگ ئەنجام دەدرێت و هەست دەكرێت ئەو جۆرە پڕۆژەو بینایانە دیمەنەكە دەشێوێنێت بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان وتی: پێویست بوو وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار ماستەرپلانێكی بۆ شوێنە گەشتیارییەكان هەبووایە ئەوكات كارو پڕۆژەی ئەنجام بدایە، تاوەكو پڕۆژەكان سەركەوتن بەدەست بێنێت و پەشیمان بوونەوەی لە دواوە نەبێت، ئەوەی ئێستا لە ناو ئاوی تاڤگەی گەلی عەلی بەگ دەكرێت دیمەنە جوانەكەی و شوێنە گەشتیارییەكە دەشێوێنێت و شوێنی ئەو بینایەو پڕۆژانە گونجاو نین.
دواكەوتن و كەموكوڕی لە پرۆژەكان
سەبارەت بە دواكەوتنی هەندێ پڕۆژە و هەڵكەندنەوەی دوو سایدەكەی ناو سەنتەری شارۆچكەكە بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان وتی: دیارە زۆربەی ئەو جۆرە پڕۆژانە بە هۆی سەرماو سۆڵەوە دوادەكەون و پرۆژەش هەیە كێشەو گرفتی دیزاین و هونەری هەبووە، بۆنموونە هەندێ پڕۆژە هەبووە وەكو بینایە پێویستی بە دیواری پاڵپشت هەبووە كەچی لە كاتی دیزاین و دەرخستە دیاری نەكراوە و لەو كاتەدا تا كار لەسەر ئەو دیوارە پاڵپشتییە دەكەن پڕۆژەكە دوادەكەوێت، لێرەدا داواكارین لە هەموو وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەكان كە تەندەرو دەرخستە ئەنجام دەدەن ڕەچاوی سروشتی ناوچەكەو خەرجیەكانی بكەن .
گرفتی تاپۆكردنی خانووەكان
سەبارەت بە كێشەی تاپۆ نەكردنی خانووی هاووڵاتییان كە لە ساڵی 1980ەوە هەندێك خانوو هەیە تا ئێستا تاپۆ نەكراون و خەڵكەكەش لەم ڕووەوە گلەییان زۆرە بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان وتی: بە نووسراوی فەرمی داوامان لە لایەنی پەیوەنداركردووە كە ئەو خانووانەی تا ئێستا بەسەر خاوەنەكانیان تاپۆ نەكراون بەپێی یاساو ڕێنمایی دیاریكراو و گونجاو كاریان بۆ بكرێت، ئێستاش چاوەڕوانی ڕەزامەندی و وەڵامین، چونكە بەشی زۆری لە خانووەكانی ناو سەنتەری شارۆچكەكە تاپۆیان نییە و مافێكی ئەو خەڵكەیە كە خانووەكانیان بەسەر تاپۆ بكرێت.
كێشەی زێدەڕۆیی هەیە
سەبارەت بە كێشەی زەوی و زار و زێدەڕۆیی بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان وتی: لە ساڵانی ڕابردوو بەتایبەتی لە دوای ساڵی 1991 زێدەڕۆیی لە خەلیفان هەبووە و ئێستاكە ئێمە لە هەوڵی جیدی و بەردەوامین كە پێش لەو دیاردەو حاڵەتانە بگرینەوە و لەم لایەنەوە پێویستە هاووڵاتییان هاوكارمان بن، هەر لەم ڕووەوە كاتێك لە شوێنی خزمەتگوزاریە گشتیەكان زێدەڕۆیی دەكرێت پێش هەموو كەس و لایەنێك هاووڵاتییان خۆیان زیانیان بەردەكەوێت، چونكە پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان بە تایبەتی وەكو قوتابخانەو نەخۆشخانەو باخچەو پارك كە بۆ خزمەتی ئەوانە دوادەكەوێت و خەڵكەكە لێ بێبەش دەبن.
بینایەی قوتابخانەو میلاكاتی مامۆستا كەمە
سەبارەت بەكەرتی پەروەردەو باس لەوە دەكرێت هێشتا لە خەلیفان لەم لایەنەوە كێشەو گرفت هەیە بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان وتی: وەزارەتی پەروەردەو لایەنی پێوەندار پلان و هەوڵی خۆیان هەیە كە قوتابخانەی تازە دروست بكەن و دروستیشكراوە، بەڵام هێشتا پێویستمان بە بینایەی تری قوتابخانە هەیە بۆ ئەوەی دوو دەوامی و سێ دەوامی نەمێنێت یا بەلایەنی كەم ئەو كێشەیە كەمتر بكەینەوە و پێویستمان بە قوتابخانەی 18پۆلیش هەیە، لەرووی میلاكاتیشەوە بە تایبەتی لە وانە زانستییەكان پێویستیمان بە مامۆستا هەیە، ئێمە بە باشی دەزانین كە دەرچووانی شارۆچكەو سنوورەكە لە قوتابخانەكانمان دابمەزرێن لەبەر ئەوەی ئەو كەسانە دانیشتووی سنوورەكەن و دوای سێ چوار ساڵ داوای گواستنەوە ناكەن.
پزیشكی پسپۆرو شارەزا نییە
سەبارەت بەكەرتی تەندروستی بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان وتی: نەخۆشخانەكە تا ڕادەیەكی باش توانیویەتی كێشەو گرفتە تەندروستی و پزیشكەكانی خەڵكەكە چارەسەر بكات، بەڵام ئەو نەخۆشخانەیە كێشەی سەرەكی نەبوون و كەمی كادیری پزیشكییە و پێویستمان بە پزیشك هەیە بەتایبەتی پزیشكی پسپۆڕ و شارەزا و خۆم چاودێری نەخۆشخانەكە دەكەم و داودەرمانی باشە، بەڵام هەندێ جار یا حاڵاتی نەخۆشی هەیە وا دەكات هەندێ كەموكوڕی و گرفت دروست بێت و لەو كاتانەشدا نەخۆشەكە ڕەوانەی نەخۆشخانەكانی سۆران یا شارەكانی تر دەكرێت.
نرخی كارەباو گلەیی هاووڵاتییان
سەبارەت بە نرخی كارەباو هاتنەوەی بڕە پارەیەكی زۆر بۆ هاووڵاتییان كە گلەییەكی زۆری لێكەوتۆتەوە بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان وتی: تاوەكو ئێستا سستەمێكی ڕێكوپێك بۆ هەژماركردنی نرخی كارەبا لە هەرێمی كوردستان نییە بەتایبەتی لەڕووی پێوەرەوە زۆربەی زۆری ماڵەكان بە پێوەری كۆن كارەبایان پێدراوە، ئەم پێوەرەش زۆر ووردو تەواو نییە بەتایبەتی بە پێی ئەو گلەییانەی لە لایەن خەڵكەوە دەكرێت، لەلایەكی ترەوە لە خەلیفان ماڵ هەیە پێوەری نییە و هاووڵاتی هەیە زێدەڕۆیی كردووەو هاوكاری لایەنی پەیوەندار ناكات، لەگەڵ ئەمەش دا ئەو ماڵ و هاووڵاتییانەی هەست دەكەن پارەیەكی زۆریان لە نرخی كارەبا بۆ هاتۆتەوە دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای سۆران و بەشی فرۆشتنی كارەباو لایەنی بەرپرسی دیكە بكەن بۆ تەئكید و دڵنیایی لە خەرجی كارەباكانیان، هەروەها لە خەلیفان لە ڕووی كارەباوە كەموكوڕی و كێشەمان لە نەبوونی ئۆتۆمبێلی سەلەی كارەبا هەیە و لە كاتی هەر پچڕان و گرفتێك بەتایبەتی لە گڵۆپ و ستوونی ڕووناككەرەوەی سەنتەری ناحیەكە دەبێت داوا لە كارەبای سۆران بكەین كە ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری سەلەمان پێبدەن.
وەزارەتی كشتوكاڵ و هاوكاری جوتیارانی ناوچەكە
سەبارەت بە چۆنیەتی پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ لە ناوچەكەدا و هۆكاری وازهێنانی خەڵك لەكاری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان وتی: باشبوونی بژێوی خەڵكەكەو دامەزراندن بەتایبەتی بەو سیستەمە تازەی كە لە ساڵی رابردوو پیادەكرا وایكردووە خەڵك كەمتر خەریكی كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری بێت، لە لایەكی تر پێویستە حكومەت و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە برەودان بە پڕۆژەی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری زیاتر لەم ناوچانەدا پاڵپشتی و هاوكاری جوتیاران و خاوەن ئاژەڵەكان بكەن، هاوكات لە پێدان و ڕێنماییەكانی قەرزو پێشینەی كشتوكاڵی و قەرزی بچوك بۆ جوتیاران و ئەوانەی دەیانەوێت پڕۆژە بكەن ئاسانكاری زیاتریان بۆ دەستەبەر بكەن، ئێستا لە ڕێگای كەرتی تایبەتەوە ساردخانەیەك لە سنووری خەلیفان دروست دەكرێت كە هەر هەموو ناوچەكە سوودی لێوەردەگرن و هاوكاری و ئاسانكاری تەواوی بۆ ئەو جۆرە كارو پڕۆژانە دەكەین، هەروەها لە ڕێگای هۆبەی كشتوكاڵی و بەیتەرەی ناحیەكەمانەوە هاوكاری و پەینی كیمیاوی و چاودێری كاری كشتوكاڵیی و ئاژەڵداری پێشكەش بە جوتیاران و خاون باخ و رەزە و ئاژەڵدارەكان دەكرێت و ئومێد دەخوازین وەزارەتی كشتوكاڵ زیاتر هاوكاری ئەو هۆبانە و جوتیاران بكات بە تایبەتی لە پێشینەو قەرزی كشتوكاڵی.
گوندەكان و پرۆژە خزمەتگوزاریەكان
سەبارەت بە كارو پڕۆژەو گرنگیدان بە گوندەكانی سنوورەكە بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان وتی: لە سەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێرەوە بۆ زۆربەی گوندەكانی سنوورەكە بیری ئیرتوازی لێدراوە، بەڵام نەمانتوانیوە ئەو بیرانە ببەستینەوە و لە هەموو بوارەكانی تری خزمەتگوزاریش هەر لە قوتابخانەوە تا دەگاتە ڕێگاوبان و كەرتی كشتوكاڵی كار و پڕۆژە بەپێی ئەو بودجەی تەرخان دەكرێت بۆ گوندەكان ئەنجام دراوە، ئەو بودجەیەش وەكو باسم كرد زیاتر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگایە بۆیە كاتی ئەوە هاتووە وەزارەتەكانیش چەند پرۆژەیەكی نوێ بۆ گوندەكان ئەنجام بدەن.