دەشتی هەولێر بەپێی پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە

دەشتی هەولێر بەپێی پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە
-قایمقامی دەشتی هەولێر: لە12%ی بودجەی پارێزگای هەولێر بۆ قەزاكەمانە، بەڵام وەزارەتەكان كەمتەرخەم بوون

-هاووڵاتیان: كەموكوڕی لە خزمەتگوزاریدا هەیەو بەپێی پێویستیش پڕۆژەكان جێبەجێ ناكرێن

-46 بینایە بۆ قوتابخانە بەكرێ گیراوە سووتاندنی زبڵ و خاشاك هاووڵاتیانی بێزار كردووە ژمارەیەكی زۆری زەوی و خانووی بێ تاپۆ هەیە



قەزای دەشتی هەولێر كە شارۆچكەی بنەسڵاوە ناوەندە ئیدارەكەیەتی و ناحیەكانی (كەسنەزان و دارەتوو قوشتەپە)و 10 كۆمەڵگاو نزیكەی 100 گوند لەخۆدەگرێت، ژمارەی دانیشتووانەكەی زیاتر لە 220 هەزار كەسەو ڕووبەرێكی فراوانی دەشتایی تێدایە، لەگەڵ بوونی ئەم ژمارە زۆرەی دانیشتووان تادێت داواكاری و ڕەخنەی هاووڵاتیان لەسەر نزمی ئاستی پێشكەشكردنی پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان ڕوو لە زیادبووندایە، بەتایبەتی لەقەزایەكدا كە لەبنەڕەتدا دوای پرۆسەی تەرحیل و ڕاگواستنی خەڵكی كەركوك و گوندنشینەكان بەشێوەیەكی بێ سەروبەر و بێ خزمەتگوزاری فراوان بووە، كاتێك وەك تیمی گوڵان سەردانی ئەم ناوچەیەمان كردوو لەناوەندی ئیدارەكەو لەهەردوو ناحیەی دارەتوو قوشتەپەدا چەند گەڕەكێكمان بەسەركردەوەو چەند هاووڵاتیەكمان دواند كە پێیان وابوو گەرچی لەم چەند ساڵەی رابردوودا لێرەو لەوێ چەند پڕۆژەیەك ئەنجام دراوە، بەڵام ئەو پڕۆژەو كارانە لەگەڵ داواكاری و خواستی هاووڵاتیاندا ناگونجێت، بگرە بوارەكانی پەروەردەو تەندروستی و خزمەتگوزارییە گشتیەكانی شارەوانی چەندین كەموكورتی تێدایە.

خراپی خزمەتگوزارییەكان
لەگەڕەكی گوڵان و بلۆكی 21و27 چەند هاووڵاتیەكمان دواند، هاووڵاتی كارزان كەریم سەبارەت بەخراپی كۆڵان و شەقامەكان و دواكەوتنی پڕۆژەكان وتی: لەبنەسڵاوە زۆربەی ئەو گەڕەكانەی نوێن شەقامەكانی قیرتاوو كۆنكرێت نین، لێرەو لەوێ چەند پڕۆژەیەكی قیرتاوكردنی شەقامەكان بەڕێوە دەچێت، بەڵام وەكو ئەم شەقامەی گەڕەكەكەمان كە بەڵێندەر بەئارەزووی خۆی كاری لەسەر دەكات جاری وا هەیە بەهەفتە نایەت مشووری بخوات. هەر سەبارەت بەدواكەوتنی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان بەختیار عەبدوڵڵا وتی ماوەی زیاتر لە مانگێكە ئاوی خواردنەوەمان تێكەڵ بەچڵكاوو پیسایی بووە، چونكە پڕۆژەكان زۆر بەخراپی بەڕێوەدەچن، لەناحیەی قوشتەپەش هاووڵاتی كامەران عوسمان سەرەڕای گلەییەكی زۆر لەبەر نەبوونی خزمەتگوزاری ئاماژەی بەدیاردەیەكی تریش كرد ئەویش بێسەروبەری كاری بەڵێندەرەكانە كاتێك زێرابێك دەكەن دواتر ناچن شەقامەكە قیرتاو بكەنەوە بەڵكو بە كۆنكرێتێكی لاواز شەقامەكە چاك دەكەنەوە، هاووڵاتی سوعاد قادریش هەمان بۆچوونی هەبوو بەوەی ماوەیەكی زۆرە ئاوی خاوێن تێكەڵ بە ئاوی چڵكاوو پیس بووەو زیانی بەتەندروستی منداڵەكانیشی گەیاندووە. لەلایەكی ترەوە لەوگەڕەكەی ناسراوە بە گەڕەكەكانەی ئێرانیەكان و كرێچییان و گوڵان، گرفتی خزمەتگوزاری شەقامەكانیان هەیە لەم بارەیەوە هاووڵاتی ئازاد عەزیز وتی(ئەم گەڕەكە نوێیانە كە هەندێكی قەرەبوون و خزمەتگوزاری ئاوو كارەبای بۆ ڕاكێشراوە بەڵام شەقام و كۆڵانەكانی بێسەروبەرەن و لەرۆژانی باراندا بەزەحمەت دەتوانین هاتوچۆی لێكەین)لەگەڕەكی نەورۆزیش هاووڵاتی زوبێدە مەعروف وتی دواكەوتنی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان بەیەكێك لەو گرفت و كێشە سەرەكییانە دادەنرێت كە هاووڵاتیانی بنەسڵاوە پێوەی گیرۆدەی بوون.
لەقەزای دەشتی هەولێر جگە لەكەموكوڕی پڕۆژەكانی شارەوانی هاوكات تاپۆ نەكردنی زەوی و خانووەكانیش بۆتە خەمێكی تری هاووڵاتیان.
هاووڵاتی عەلی محەمەد وتی(خەڵكی بەگشتی لەبنەسڵاوەو تەواوی قەزای دەشتی هەولێر ئاستی داهاتی نزمەو هەژارن لەتوانایاندا نییە خانوو دروست بكەن كەچی شارەوانی بڕیاری دەركردووە كە نابێت لەسەر زەوی 100 مەتری خانوو دروست بكرێت یا تاپۆنەكردنی ئەو هەموو زەوی و خانووەی لەسنوورەكەدا هەیە هاوڵاتیانی بێبەش كردووە لەسوود وەرگرتن لە پێشینەی خانووبەرە) هاووڵاتی ئەحمەد حەمیدیش باسی لەگرفتی دابەشبوونی زەوی كردوو وتی:پێویستە لەكاتی دابەشكردنی زەویدا ڕەچاوی دادپەروەری بكرێت و واسیتەو مەحسوبیەتی تێ نەكەوێت، لەلایەكی دیكەوە ئەمڕۆ لەبنەسڵاوە گرفتی كرێچێتی زۆرەو پێویستە زەوی تر دابەش بكرێت تاوەكو ئەم گرفتە چارەسەر بكرێت.
بوونی گرفتی زبڵ و خاشاك و نەبوونی ئاوەڕۆ حاڵەتێكی خراپی ناتەندروستی دروستكردووە، لەمبارەیەوە فەرمان جەواد لە قوشتەپە وتی(ماوەیەكی زۆرە پڕۆژەی ئاوەڕۆی قوشتەپە چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە بەڵام زۆر بەخاویی جێبەجێ دەكرێت، ئەمەش بۆتە هۆی تێكچوونی تۆڕی ئاوی خواردنەوەشمان و ئاوی خاوێن تێكەڵ بە زێرابی ماڵان بووە) لەناحیەی دارەتووش هاووڵاتی نوعمان عوسمان وتی: گەورەترین كێشەی دارەتوو نەبوونی ئاوەڕۆیە، داواكارین لەحكومەتی هەرێمی كوردستان مشورێكی ئاوەڕۆو خزمەتگوزارییە سەرەكیەكانی شارەوانیمان بۆ بخوات). سەبارەت بە زبڵ و خاشاك هێرش عەلی وتی داواكارین حكومەت مشورێكی پاكوخاوێنی شارەكەو فڕێدانی زبڵ و خاشاكمان بۆ بخوات، قوشتەپە بۆتە گوندێكی گەورەو بێ خزمەتگوزارییە.
هەر لەقوشتەپەش بەشێك لەهاووڵاتیان باسی گرفتی تاپۆنەكردنی خانووەكانیان كرد رەشاد ئەمین پێی وابوو ناكرێت دوای ئەو هەموو ساڵەی حوكمڕانی هێشتا هاووڵاتی لەخانووە بێ تاپۆكەیدا بژی. جگە لەگرفتەكانی نزمی ئاستی پڕۆژە خزمەتگوزاریەكانی شارەوانی، كەرتی پەروەردەش بێ گرفت نییە، قوتابی محەمەد نورەدین ئاماژەی بەوە كرد قوتابخانەكانی بنەسڵاوە سێ دەوامی تێدایە، هاوكات وتیشی نەبوونی شوێنی حەوانەوەو خوێندنەوە گەورەترین گرفتە بۆ گەنجەكان، تەنانەت ئەو كتێبخانەیەی لەبنەسڵاوە هەیە هۆڵەكەی بچووكەو زۆربەی جاریش داخراوە. گەرچی لەبنەسڵاوە بڕیاری دروستكردنی پاركێكی گەورە دراوەو چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە بەڵام شارەكە بێ سەوزایی و پاخچەیە تەنانەت باخچەی نەمران كە كەوتۆتە ناوسەنتەری قەزاكەوە فەرامۆشكراوە هاووڵاتی موحسین قادر لەبەردەم ئەو باخچەیەدا پێی وتی (باخچەی نەمران چەندین ساڵە فەرامۆش كراوەو بێ سەروبەرە، نازانم شارەوانی بۆ مشورێكی ناخوات، چەند یارییەكی بۆ منداڵان تێدا دابنێت.
هەر سەبارەت بەكەرتی پەروەردە قوتابی ئەحمەد رەسول وتی: (نەبوونی مامۆستاو نزمی ئاستی ئەدای پسپۆرایەتی مامۆستایان و قەرەباڵغی پۆلەكان گرفتی زۆربەی قوتابخانەكانی دەشتی هەولێرە، بەتایبەتی بۆ ئێمە كەوەكو قوتابی پۆلی شەشەمین و 40 قوتابی لەپۆلێكداین. ئەم زستانەش سۆپایەك لەپۆلەكەماندا دانەگیرساوە)، لەبواری كەرتی تەندروستیش گلەیی و رەخنەیەكی زۆر هەبوو بەتایبەتی لەبواری نەبوونی نەخۆشخانەی گەورەو نەبوونی دەرمان و خراپی پشكنین هەروەكو هاووڵاتی رەمەزان ئیسماعیل پێی وتین نەخۆشخانەكە دەرمانی نییەو دەبێت لەدەرەوە بیكڕن و گەر هاووڵاتیەك نەشتەرگەرییەكی بچووكیشی هەبێت لەم بنكە تەندروستیە بچوكانە ئەنجام نادرێت.
بۆ بەدواداچوون لەسەر گلەیی و داواكاریی خەڵكی سنووری ئیدارەی دەشتی هەولێر بەتایبەتی شارۆچكەی بنەسڵاوە، چەندین پرسیارمان ڕووبەڕووی حوسێن كەلاری قایمقامی قەزای دەشتی هەولێر كردەوە كە پوختەی وەڵامەكانی لێرەدا بڵاودەكەینەوە.
وەزارەتەكان روویان لەدەشتی هەولێر نەكردووە
قایمقامی قەزای دەشتی هەولێر بەهەمان شێوە ئەویش هاوڕابوو لەگەڵ داواكاری هاووڵاتیان بەوەی قەزاكەیان پێویستی بە پڕۆژەی خزمەتگوزاری هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا كارو پڕۆژە بەپێی ئیمكانات پێشكەش كراوە، بەپێی وتەی حوسێن كەلاری هەركەس بەپێی بەڕەی خۆی پێ ڕادەكێشێت لەمبارەیەوە وتی: هەر لە بڕیاری بوون بەقەزای دەشتی هەولێرەوە تا ئەمڕۆ بەپێی توانای بەردەست چەندین پڕۆژەو خزمەتگوزاری ئاوو ئاوەڕۆو شەقام پێشكەش هاووڵاتیان كراوە، ئەمە جگە لەدروستكردنی چەندین قوتابخانەو پڕۆژەی گشتی تر، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو ساڵێك لە12%ی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بۆ دەشتی هەولێر خەرج كراوە، واتا بەشی هەرە زۆری پڕۆژەو كارە خزمەتگوزارییەكان لە ڕێگای ئەو بودجەیەی پارێزگاوە بووە، بەپێچەوانەشەوە وەزارەتەكان كەمتەرخەم بوون و نەتوانراوە بەپێی پێویست سەرمایەگوزاریەكی باش بكەن و كارو پڕۆژەكانیان بەرەو دەشتی هەولێر ئاڕاستە بكەن. لەلایەكی ترەوە سنووری ئیدارەی ئێمە جگە لە ناحیەی قوشتەپە قەزاكەمان چووەتە ناو ماستەرپلانی شاری هەولێرەوە، واتا ئێمە لەساڵی رابردووەوە هەرچیمان كردووە لەچوارچێوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر بووە، ئەمەش واقیعێك دەهێنێتە پێشەوە كە لەرووی ژمارەوە ژمارەی یەكە كارگێڕییەكان پێویستە فراوان بكرێت.
كەموكوڕی لەجێبەجێكردنی پڕۆژەكان دا
سەبارەت بەكەموكوڕیی دواكەوتنی هەندێك پڕۆژەی شارەوانی كە هاووڵاتیان رەخنەو گلەییان هەبوو، قایمقامی دەشتی هەولێر وتی: لەبەر دوو هۆكار زۆرجار پڕۆژە هەیە رادەوەستێت، لەلایەك تاقیگەی بیناسازی هەولێر كە تەنیا یەك تاقیگەیەو بۆ هەموو هەولێرو دەوروبەری تەرخانكراوە كاتێك ئەو كەرەستانەی كە بەڵێندەر لە پڕۆژەكەیدا بەكاری دەهێنێت ماوەیەكی پێ دەچێت تاوەكو لەتاقیگە دەرئەنجامەكەی تەواو دەبێت، هەروەها زۆربەی جار پڕۆژەكان دەكەونە وەرزی زستانەوەو لەكاتی بارانبارین بەناچاری ناتوانرێت كار بكرێت، ئەوەی تایبەتیش بێت بەچاودێری جێبەجێكردنی پڕۆژەكان، ئێمە ناڵێین كەمتەرخەمی نەبووە لەهەموو شوێن و پڕۆژەیەك بەڕێژەی جیاواز كەموكوڕی هەبووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم ڕێژەی كەموكوڕییەكان لەپڕۆژەكانی دەشتی هەولێر نەگەیشتۆتە لە 5% .
پڕۆژە خزمەتگوزاریەكانی شارەوانی
گەر بمانەوێت هەموو داواكاری و پێداویستیەكانی هاووڵاتیان جێبەجێ بكەین پێویستمان بە دوو هێندە بودجە هەیە، بەهۆی فراوانبوونی خێراو ئەو زیادبوونەی ژمارەی دانیشتووان و ئەو بودجەیەی بۆ دەشتی هەولێر تەرخان دەكرێت كەمەو بەشی هەموو پێداویستیەكان ناكات، لەلایەكی ترەوە بۆ نموونە گەڕەكی گوڵان بارودۆخی باشترە لەگەڕەكێك كە تازە دروست بووبێت، لەدارەتووش رەنگە ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی لە گەڕەكی دارەتووی نوێ و لەگەڕەكی ژیان باشتر بێت، چونكە دووەمیان گەڕەكێكی نوێیە، ئێمە نەهاتووین لەسەر حسابی ئەم گەڕەكە گەڕەكێكی تر فەرامۆش بكەین بەڵام بەو تواناو ڕیزبەندییەی كە ڕەچاوی پێداویستیە سەرەكیەكان و كۆنی و تازەیی گەڕەكەكان كراوە، بەڵام جیاوازی و نادادپەروەری لە پێشكەشكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دوورە لە راستیەوە، لێرەدا داوا لەسەرجەم هاووڵاتیان دەكەم هەركەسێك گلەیی و رەخنەو بۆچوونێكی هەیە با ڕووبەڕوو سەردانی قایمقامیەت بكەن تا وەڵامیان دەدرێتەوە، جێبەجێكردنی پڕۆژەدا رەچاوی ڕیزبەندی و لایەنی زانستی و پێداویستی سەرەكی هاووڵاتیان دەكرێت بۆ نموونە ناكرێت لە كۆڵانێكدا شەقام دروست بكەین و ئاوەڕۆ و ئاوی خواردنەوەی باش نەبێت یا بۆی دانەنرابێت پێویستە پڕۆژەكان ڕیزبەندی لە جێبەجێكردنیدا هەبێت.
بێ سەروبەری پڕۆژەكانی وەبەرهێنان
لەسنووری قەزای دەشتی هەولێر ژمارەیەكی یەكجار زۆر پڕۆژەی نیشتەجێبوون لەقۆناغی جێبەجێكردندان، لەمبارەیەوە قایمقامی دەشتی هەولێر وتی: كاتی خۆی دەستەی وەبەرهێنان بەبێ بەرنامە ڕێگایان داوە كۆمەڵە كەسێك بەناوی وەبەرهێنەر ژمارەیەك كۆمەڵگای نیشتەجێبوون دروست بكەن بێ ئەوەی بگەڕێنەوە رای یەكە ئیدارییەكە وەربگرن، بێ ئەوەی بزانن چۆن و لەكوێ ئەو پرۆژانە ئەنجام بدرێت و تاچەند لەتوانادا هەیە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ رابكێشرێت، تەنیا كۆمەڵە كەسانێك راستەوخۆ بێ گەڕانەوە بۆ ڕای هیچ كەسێك، تاكلایەنانە بڕیاریان داوە، دەرئەنجامەكەشی جوانترین بەڵگەیە لەبری ئەوەی گرفتی نیشتەجێبوون لەلای هەژارو كەم دەرامەت و كرێچی چارەسەر بكەن، خانووەكان چەندین دەستی كردووەو نرخەكانی زۆر بەرز بوونەتەوە، تەنانەت بۆتە هۆكارێك بۆ دەوڵەمەندبوونی خێرای ئەو وەبەرهێنەرانەو ئەركێكی زیاتریشی خستۆتە سەر یەكەی ئیدارەی دەشتی هەولێر، ئێستاكە بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی هەولێر دامەزراوەو بڕیاریان داوە بێ وەرگرتنی ڕای ئێمە ڕووبەری زەوی تەرخان نەكرێت، بڕوا بكەن وەبەرهێنەر هەیە هێشتا بلۆكێكی بۆ خانووەكەی دانەناوە كەچی تەواوی یەكە نیشتەجێبوونەكەی فرۆشتووە. بێ سەروبەری ئەم یەكە نیشتەجێبوونانە لەوەدایە هیچ رەچاوێكی خزمەتگوزاریەكانی ئاوو كارەبا و قوتابخانەو تەندروستی لەم ناوچەیە نەكراوەو لەگەڵ تەواوبوونیشیدا پێویستمان بەفراوانكردنی یەكە خزمەتگوزاریەكان هەیە، ئەو هەموو پڕۆژەی نیشتەجێبوونە لەسنوورماندا هەیە كەچی قوتابخانەیەك لەلایەن ئەو وەبەرهێنەرانەوە دروست نەكراوە، ناچار لەناو كۆمەڵگایانە خانوومان بەكرێ گرتووە تا پرۆسەی خوێندن لەناوچەكەدا پەكی نەكەوێت.
كەمی بینایەی قوتابخانەكان و
گرفتی پرۆسەی خوێندن
سەبارەت بەكەموكوڕی بینایەو قەڕەباڵغی ناو پۆلەكان قایمقامی دەشتی هەولێر وتی: نەبوونی بینایە بۆ قوتابخانەكان بەیەكێك لە گرفتە سەرەكیەكانی قەزاكەمان دادەنرێت كە بەهۆی فراوانبوونی ژمارەی دانیشتووانەوە دوو و سێ دەوامی هەیەو ناو پۆلەكانیش قەرەباڵغیەكی زۆری تێدایە، ئێستاكە 46 بینایە بۆ قوتابخانە لەسنووری پەروەردەی دەشتی هەولێر بەكرێ گیراوە. قەرەباڵغی ناو پۆلەكان كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر دابەزینی ئاستی خوێندن هەیە، پێش مانگێك جەنابی وەزیری پەروەردە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر سەردانی قەزاكەمانیان كردوو 10 بینایەی قوتابخانەیان بۆ كردینەوە، بەڵام هەر بەمە كێشەكەمان چارەسەر نەبوو هەربۆیە وەزیری پەروەردە ئاگادار كراوەتەوە كە ناوچەكە پێویستی بە هەڵمەتێكی فراوان هەیە و بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستمانە وا دەردەخەن ژمارەی قوتابیان زۆر لەوە زیاتر دەبێت و لەم حاڵەتەش دا پێویستمان بە بینایەی قوتابخانەی تر هەیە. لەلایەكی ترەوە ئێمە توانیومانە نەوت و سوپا بەسەر قوتابخانەكاندا دابەش بكەین رەنگە لەهەندێك قوتابخانەی نوێ وەكو پێویست نەبووەو لەڕووی ژمارەی سوپاكانەوە كەموكوڕی هەبووە، بەڵام نەبۆتە گرفتێكی گەورەو لەلایەن پەروەردەشەوە ئەم گلەییەمان پێنەگەیشتووە.
دەشتی هەولێر پێویستی نەخۆشخانەیەك هەیە
سەبارەت بەگرفتی تەندروستی قایمقامی دەشتی هەولێر وتی: بۆ چارەسەركردنی كەموكوڕی بواری تەندروستی داوای نەخۆشخانەیەكی 50 قەرەوێڵەیمان كردووە و بڕیاربوو لەپلانی ئەمساڵدا ئەو نەخۆشخانە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە بەڵام تا ئێستا بڕیار نەدراوە، گەربێت و ئەم نەخۆشخانەیە دروست بكرێت بۆ شاری هەولێریش سوودی هەیەو قورسایی لەسەر نەخۆشخانەكان كەم دەبێتەوەو هاتوچۆو دووری ڕێگاوبانیش لەسەر هاووڵاتی كەم دەبێتەوە، مەسەلەی دەرمان زۆرجار بۆ نەبوونی رۆشنبیری تەندروستی دەگەڕێتەوە كە وا فێربووین زۆرترین دەرمان بۆ نەخۆش بنووسرێت، من ناڵێم مەسەلەكانی كوالێتی دەرمان و بوونی ئامێری پێشكەوتوو گرفت نییە بەڵكو ئەم كێشەیە گشتییەو لەبنكە تەندروستیەكان ئەو ئامێرو كەلوپەلە پێشكەوتووە تەندروستیە بوونی نییە.
دوو سایتی نێوان بنەسڵاوەو دارەتوو كەسنەزان
سەبارەت بەو ڕێگا خراپەی كە زۆربەی ناوەندی قەزاكە بەناحیەكانەوە دەبەستێتەوە قایمقامی دەشتی هەولێر وتی: بەو پێیەی داخڵی ماستەرپلان بووین و بەپێی ماستەرپلان دەتوانین ئیشوكارەكانی خۆمان جێبەجێ بكەین، هەربۆیە بەپێی ئەو ماستەرپلانە زۆر لەو كێشانەی ڕێگاوبانمان چارەسەر دەبێت، بەپێی ماستەرپلانی هەولێر دوو سایدێكمان دەبێت لەنێوان بنەسڵاوەو دارەتوو، تەنانەت دووسایتی نێوان كەسنەزان بنەسڵاوە لەسەر دوو سایتی 150 مەتری دەبێت و لەخوارەوەی كۆمەڵگای لاوانیش دوو سایتێكی 60 مەتریمان دەبێت و لەنێوان بنەسڵاوەو دارەتووش 60 مەتریەكی ترمان هەیەو لەداهاتوودا جێبەجێ دەكرێت.
سوتانی زبڵ و خاشاك
كاتێك بەناو ناوەندی قەزاكەو سەر ڕێگا سەرەكیەكانی نێوان بنەسڵاوەو دارەتوو تێپەڕ دەبیت، دیمەنی سووتانی زبڵ و خاشاك بۆتە دیاردەیەكی ڕۆژانەو تەنانەت لەناحیەی دارەتوو لە نزیك ماڵەكان زبڵ و خاشاكێكی زۆر فڕێدراوە، قایمقامی دەشتی هەولێر سەبارەت بەم گرفتە وتی: پێشتر پاككردنەوەی شاری هەولێر درابووە بەڵێندەرێك بەڵام دەركەوت كە ئەو بەڵێندەرە سەركەوتوو نەبوو، لەم دواییەدا سنووری هەر 6 شارەوانی بەو بەشانەی ئێمەوە كە داخڵی ماستەرپلان بوون، دراوەتە بەڵێندەرێك كە بڕیارە لە 1ی نیسانی ئەمساڵەوە دەستبەكاربێت. گرفتەكە لەوەدایە كە هێشتا نەمانتوانیوە بەشێوەیەكی زانستی لەو زبڵ و خاشاكە رزگارمان بێت، گەرچی وەزارەتی شارەوانی چەند گرێبەستێكی بۆ دامەزراندنی كارگەی ریسایكلین كردووە، بەڵام تا ئێستا ئەو كەسانەی كە تەرخانكراوە بۆ ئەم كارە هیچیان نەكردووە، هەرچەندە جێگاشمان تەرخانكردووە بۆ دامەزرانی كارگەی ریسایكلین. لەلایەكی ترەوە ژمارەی كرێكارو ئامێرەكانی شارەوانی گەر بەراورد بكرێت بەو هەموو ماڵ و خێزانانە زۆر كەمەو، بەشی پاككردنەوەی شارەكەش ناكات، هەر ئەمەشە وایكردووە نەتوانراوە لەگرفتی سووتاندنی زبڵ و خاشاكەكان دەربازمان بێت و لەنزیك ناحیەو كۆمەڵگاكان هەموو ئەو پاشماوەو زبڵ و خاشاكە فڕێبدرێت و تەنانەت نەشمانتوانیوە دووری بخەینەوە.
كێشەی تاپۆو زێدەڕۆیی
سەبارەت بەتاپۆنەكردنی خانووەكان و گرفتی زەویو زارو زێدەڕۆیی كە سەرجەم ئەو دیاردانە لەتەواوی قەزاكەدا بوونیان هەیە قایمقامی قەزای دەشتی هەولێر وتی: گرفتەكانی زەویو زارو زێدەڕۆیی و تاپۆنەكردنی خانوو دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی كەلەكاتی دەركردنی رێنماییەكدا تەنانەت ناگەڕێتەوە بۆ وەرگرتنی ڕای بەڕێوەبەرایەتیە پێوەندارەكەی خۆشی تاوەكو لەكێشەو گرفتەكان تێبگات و دواتر بڕیار بدات و بڕیاری سەرتاسەری لەزاخۆ تا كفری نەدات. سەبارەت بەتاپۆكردنی خانووەكانیش تا ئێستا بەشێوەیەكی بەرفراوان ئەم گرفتەمان لەخانوو ئەو ڕووبەرە زەوییانەش هەیە كە دابەشكراوە، هەربۆیە ژمارەیەكی زۆری زەوی دابەشكراوە و هەندێكی كراونەتە خانووش كەچی تاپۆیان نییە، رەنگە 20بۆ 30 هەزار زەوی بێ تاپۆ لەسنووری بنەسڵاوە هەبێت، تەنانەت خەڵكی جوتیار هەیە زەوی وەكو قەرەبووی زەوی خۆی پێدراوەو خانووی لەسەر كردووە تا ئێستا ئەوانیش تاپۆ نەكراون، نەبوونی تاپۆ زیانێكی زۆری بەو هاووڵاتیانە گەیاندووە كە زەوییان هەیەو نەیانتوانیوە لە پێشینەی خانووبەرە سوودمەند بن.
ئەمەو لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەزێدەڕۆیی لەسەر زەوی حكومی و كشتوكاڵی حوسێن كەلاری وتی: نەمانتوانیوە بەپێی پێویست یاسا بچەسپێنین هەربۆیە تا ئێستا دیاردەی زێدەڕۆیی و داگیركردنی زەوی كشتوكاڵی هەر ماوە، ئەمە گرفتێكە لەهەموو شوێنێك لەكوردستان رەنگی داوەتەوە كە زۆربەی جار كێشەی كۆمەڵایەتیشی لێكەوتۆتەوە، تەنانەت زۆربەی جار هەموو زۆنگەكان و بەرزایی و زەوی كشتوكاڵی و زەوی بەردەڵان و پارچەپارچە دەكرێن و دەفرۆشرێن كە زۆربەی جار كەسانێكی بەرپرس لەپشت ئەم دیاردەیەوەیەو كاتێك ئیجرائات لەگەڵ سەرپێچیكاران دەكرێت، حزبێكی تر دێت و دەیقۆزێتەوەو دەست لەكاروبارەكان وەردەدات، لەم ڕۆژانەدا مەفرەزەمان ناردووە سێ بیلدۆزەرمان دۆزیوەتەوە كەسەرقاڵی تەختكردن و ئامادەكردنی زەویی بوون تاوەكو زەوییە حكومیەكە پارچەپارچە بكرێت و بفرۆشرێت.
گرفتی ئاویخواردنەوەو ئاوەڕۆ
سەبارەت بەگرفتی ئاویخواردنەوەو نەبوونی ئاوەڕۆ قایمقامی قەزای دەشتی هەولێر وتی : لەبەرنامەدایە پڕۆژەیەكی تری ئاویخواردنەوە بۆ ناوچەكەمان دروست بكرێت تاوەكو رزگارمان بێت لەپشت بەستن بەئاوی ژێر زەوی كە لەساڵی 2002 تەنیا 14 بیری ئاویخواردنەوەمان هەبوو ئێستا زیاتر لە 50 بیرمان هەیە، هەربۆیە لەبواری ئاویخواردنەوە زۆر پێویستمان بەو پڕۆژەیە هەیە داواكاریشین لە وەزارەتی شارەوانی عەداد بۆ ئاوەكان دابنێت تاوەكو كۆنترۆڵی بەفیڕۆدانی ئاویخواردنەوە بكەین. لەلایەكی تریشەوە سەبارەت بە ئاوەڕۆ لە 2011 ەوە دەستمان كردووە بەدانانی پڕۆژەكانی ئاوەڕۆ و لەمساڵیشدا لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا پڕۆژەكانمان پێكەوە داناوە واتا پڕۆژەی ئاوو ئاوەڕۆ و دواتر قیرتاوكردنی شەقامەكە ئەنجام دەدەین. هەروەها پاركێكی گەورەش بەناوی پاركی هاوار لەسەر رووبەری نزیكەی 200 دۆنم لەژێر جێبەجێكردندایە كە دەكەوێتە دەروازەی بنەسڵاوەوەو لە ساڵی 2013 تەواو دەبێت. ئەمڕۆش لەیادی لەدایكبوونی بارزانی دا(14ی ئادار) لەسنووری دەشتی هەولێرو دەوروبەری هەولێر هەڵمەتی چاندنی 1ملیۆن درەخت بەڕێوەچوو .
پڕۆژەكانی ئاودێری فەرامۆشكراوە
سەبارەت بە نەبوونی پڕۆژەكانی ئاودێریش قایمقامی قەزای دەشتی هەولێر وتی: لەسنوورەكەماندا پڕۆژەی ئاودێریمان نییە و وەزارەتی كشتوكاڵ داوایكردووە پڕۆژەیەكی ئاودێری دروست بكەن لەو ناوچەیەی بەباشی دەزانین و پێویستە، هەروەها داوامانكردووە چەند بەربەستێكی بچووك بۆ گلدانەوەی ئاوی باران دروست بكەن بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەبووە.
لەكۆتاییدا قایمقامی دەشتی هەولێر وتی: هەرچەندە لەبواری بینایەی فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتیەكانمان كەموكورتی یەكجار زۆرمان هەیە، بەڵام كە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر هاتووە بەهیچ شێوەیەك بۆ بینایەمان تەرخان نەكردووە، وا بەپێویستمان زانیوە بۆ ڕاكێشان و جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی هاووڵاتیان تەرخانی بكەین.
Top